مه‌زهه‌ری خالقی

مەزهەری خاڵقی وەک کلاسیکێک


Loading

 هونەر بەگشتی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی (هەرێمی کوردستان)دا ڕۆڵێکی ناکارای هەیە و بەدەگمەن توانیویەتی کارایی کولتووری و ڕەخنەیی وەربگرێ. ئاخر لەنێو کولتووری کوردیدا هونەر بەهەند وەرنەگیراوە و نەکراوە بە کێشەیەکی هزری. هونەر وەک سەربەخۆ وەرنەگیراوە، بەڵکو کراوە بە ئامراز و بۆ مەبەستی ئیدیۆلۆژی و بەرژەوەندی کەسەکی بەگەڕخراوە. هونەرمەندی کورد بەشێوەیەکی گشتی وەک کەسێکی سۆسیۆکولتووری خۆ بەستوو بە نەریت و بۆ ڕەزامەندی ئاپۆرە (جەماوەر)، یان بۆ ڕەزامەندی حیزبێک، ئیدیۆلۆژییەک ئیش دەکات، تاکوو بەڕێی ئەمەوە پایەگایەکی کۆمەڵایەتی یان مەبەستێکی کەسەکی خۆی بەدی بهێنێ. لە کاتێکدا، هونەر خۆمەبەست و سەربەخۆیە. بۆیە ئەم هونەرە نەیتوانیوە لێڕوانەر بۆ لێهزرینی ئێستێتیکی ببزوێنێ و جیهانبینییەک لەلای چێ بکات.

بەشێوەیەکی گشتی هونەرمەندی کورد پتر خەریکی لاساییکردنەوەیە، ئەمە بە ئاشکرا لە گۆرانی و موزیکی کوردی هەنووکەدا پەرچێنراوە. ئەمە بەتایبەتی لەنێو هونەرمەندە گەنجەکاندا دەبینرێ کە لاسایی هونەرمەندانی عەرەب، فارس، تورک و ئەوروپییەکان دەکەنەوە. هونەرمەندی کورد ئەوان وەک مۆدێل وەردەگرێ و سووک و ئاسان لاسایییان دەکاتەوە، بۆیە ئەم هونەرمەندانە شتەکان نابینن، دەرکیان ناکەن، لەتەکیاندا ناژین، تاکوو لە ئەنجامی ئەمەوە شتێکی تایبەتمەند بهێننە ئاراوە. هونەر لاساییکردنەوەی هونەرمەندانی دیکە نییە، بەڵکو ئەفراندنێکی خۆیی و ئازادە. هەروەها ئیشی هونەری دەبێ ڕەسەن بێ، ئافراندنی تێدا بێ، سەربەخۆ بێ، هزری لە پشت بێت. هونەرمەند دەبێ ئازاد بێ، کراوە بێ، سەربەخۆ بێ، موعاناتدار بێ، هۆشێکی ڕەخنەیی هەبێ، لە خۆ دەربڕیندا ئازا و بوێر بێ. ئەگەر هونەرمەندێک هزر (ئیدێ) و تێگەیشتنی هەبێ، ئەوا دەتوانێ بئافرێنێ.

هونەری کوردی بەگشتی کییچ (kitsch)ی بەرهەمهێناوە، بۆیە زۆربەی لێڕوانەری کوردی چێژ لە کییچ وەردەگرێ و کەمترین چێژی پاکژێنراو، ناسک، ساغ و کارتێداکراوەی هونەری هەیە. وەرگر یان لێڕوانەری کوردی بەگشتی چێژەکەی ساغ نییە، گەندەڵە و زبرە. مرۆڤی کورد بەزۆری مرۆڤێکی زبرە، لەبەرئەوەی زۆر بڵێیە، زۆر خۆرە، هەوسئاسایە، زیادەڕەوی هەم لە ڕەفتار، کردار و هەم لە گۆتندا دەکات. چێژی کوردی خۆیی نییە، بەڵکو لەسەر مۆدە ئیش دەکات، بۆ نموونە دەمێک مۆدەی زەکەریایە، هەمووان گوێ لەم دەگرن، دەمێک مۆدەی هەڵکەوت زاهیر و گروپەکەیەتی، لۆکە و ئەوانی دی، دەمێک مۆدەی هەڵوێست، شیروان عەبدوڵڵا و ڕادیۆ تەکسییە، هەمووان گوێ لەم دەگرن! لەم جۆرە چێژەدا پێوەرەکە لە دەرەوە دیاری دەکرێ، لەبەرئەوەی هەمووان گوێ لەم هونەرمەندە دەگرن، کەواتە منیش گوێی لێدەگرم، بۆیە پێوەرەکە خۆیی نییە و چێژەکەش خۆیی و ڕەسەن نییە، بەڵکو سۆزمەندانەیە، هەوەسئاسایە، پەرش و شێواوە. ئەم شێواوی، بێچێژی، گەندەڵی و ناساغی چێژی کوردی لە خۆپۆشین، لە ڕازاندنەوەی ماڵ، لە خانووسازی بە بلۆک و چیمەنتۆ، تێکدانی ژینگە و سروشت، لە بازاڕ، خواردن، خواردنەوە، زمان و نووسینیشدا پەرچێنراوە و بەئاشکرا خۆی دیاردەهێنێ.

بەڵام لێرەدا گەرەکە ئاماژە بە کەمینەیەکی وەرگر و لێڕوانەری کورد بدەین کە چێژ وەردەگرێ و تاڕادەیەک چێژێکی خۆیی هەیە بەدووی مۆدە ناکەوێت. بەڵام کێشە کرۆکییەکەی ئەم کەمینەیە ئەوەیە کە ڕاهێنانی چێژ، پەروەردەی چێژ و ئێستێتیکیان نییە تاکو لەم ڕێگەیەوە بتوانن بڕیار بەسەر ئیشی هونەریدا بدەن و لێرەوە دانوستاندنی هونەری بێتەوە ئاراوە. ئێستا پرسیارێک خۆی زیت دەکاتەوە، داخۆ پەروەردەی چێژ یان ڕاهێنانی چێژ شیاوە؟ بەڕێی ئێستێتیکی دەیڤید هیومەوە دەمەوێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. هیوم لە گۆتارەکەیدا ”لەبارەی دەستووری چێژ” دەپرسێ: داخۆ دەستوورێک بۆ چێژ هەیە؟ هیوم لەم گۆتارەیدا دەیەوێ دەستوورێک بۆ چێژ دابنێ و کێشەی فرەیی، هەمەلایەنی و بگۆڕی چێژ چارەسەر بکات. ئاخر ”هەست بۆ جوانی یان چێژ” سەرەتا بە قەد ژمارەی کەسان ئەم هەستە هەیە بۆیە ناجەختە. لە ڕوانگەی هیوم ئەگەر دەستوورێک بۆ چێژ دابنرێ، ئەوا ئەم کێشەیە شیاوی چارەسەرکردن دەبێت.

هیوم دەبێژێ تەنیا فاکتەرە دەرەکییەکانی شێواندن دەبن بە ئاستەنگ لە بەردەم دانانی دەستووری چێژدا. بۆئەوەی ”هەست بۆ جوانی/چێژ” بکرێ بە بڕیارێکی ئێستێتیکییانەی گشتی و لەلایەن هەمووانەوە وەک جوان قبووڵ بکرێ، ئەوا گەرەکە چێوەیەکی نەشێوێنراوی وەرگرتن بهێنرێتەگۆڕێ. ئەم تێڕوانینەی هیوم دەبێ بە پاڵهێز بۆ وەرگرتنی سەرەنجامی دامەزراوەیی: ئاخر بۆ هیوم تەنیا مۆزەخانەکان و پێشانگە هونەرییەکان ئەو شوێنە گونجاوەن کە ئەزموونی نەشێوێنراوی جوانی و چێژی تێدا بکەین، نەک جیهانی ڕۆژانەیی ژیان کە پڕە لە شێواوی و جەنجاڵی.

 

هیوم لەپاڵ بیرۆکەی شوێن (مۆزەخانە)، کاتیش زۆر بە گرنگ دەزانێ. ئاخر تەنیا ئەو ئیشە هونەرییەی کە خۆی لەنێو ”هۆشسامی بەردەوامدا” یان خۆی لە مانەوەی درێژخایەن و بڵاوبوونەوەی فراواندا دەسەپێنێ، دەرفەت و دەلیڤەی ئەوەی هەیە کە لەلایەن هەمووانەوە وەک جوان قبووڵ بکرێ. واتا کلاسیکێک گەرەکە، کە ئەم کلاسیکە دەتوانرێ وەک پێوەر (کانوون یان دەستوور) بەکاربهێنرێ.

 

لە ڕوانگەی منەوە، مەزهەری خاڵقی دەتوانرێ بۆ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی چێژی کوردی بەگەڕبخرێ، چونکە لەنێو هونەری کوردیدا خاڵقی بووە بە کلاسیک. مەبەست لە کلاسیک کۆن یان دێرین نییە، بەڵکو مەبەست لە ئیشێکی هونەرییە، یان هونەرێکە کە لەلایەن هەمووانەوە وەک جوان و چێژمەند قبووڵکراوە، هونەرێکی نەمرە، کاتی نییە، بەڵکو لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی دەگوێزرێتەوە و کاریگەرییەکەی بڕ دەکات. لەبەرئەوەی ئیشە هونەرییەکانی خاڵقی نەمرن، کات و سەردەمە جیاوازەکان، سنوورەکان دەبڕن، بۆیە بووە بە کلاسیک. مەزهەری خاڵقی نەبووە بە مۆدە تاکوو کاتی بێت و بەسەربچێت، خاڵقی ئەگەرچی لە ئەمڕۆدا گۆرانی ناڵێت، بەڵام هەر لە لوتکەدا ماوەتەوە و هەندێ لە گۆرانییەکانی لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو تۆمارکراون و گۆتراون بەڵام تاکوو ئەمڕۆ کاریگەرییەکەیان بڕ دەکات و سەروەری خۆیان نەدۆڕاندووە. ئیشەکانی خاڵقی لەلایەن هەمووانەوە وەک جوان ئیترافی پێکراوە و دانیپێدانراوە کە هونەرێکی ڕەسەنە، باڵایە، خۆییە.

 

ئیشەکانی مەزهەری خاڵقی کییچ نین، چونکە ئیشەکانی خۆیی و ڕەسەنن، ئەفراندنیان تێدایە، ئیشەکانی ئەو بەئاسانی ناتوانرێ بەرهەمبهێنرێنەوە و لاسایی بکرێنەوە. ئیشەکانی کۆن نابن، هەر جارێک گوێی لێدەگری بۆت تازەیە و چێژی لێوەردەگری. ئیشەکانی ئاسان خۆبەدەستەوە نادەن. هارمۆنییەکی جوان لە نێوان بابەتی گۆرانییەکە، هۆنراوە و تێکستەکەی، لەگەڵ موزیک و دەنگەکەیدا هەیە. هەڵە لە کەرەسەکەیدا نییە، بۆ نموونە خاڵقی لە گۆرانییەکانیدا هەستی ڕواڵەتی دەرنابڕێت، بەڵکو هەستێکی ناخەکی قووڵ و خۆیی دەردەبڕێت.

گوێگرتن لە مەزهەری خاڵقی دەبێ لەنێو دۆغی ساغدا بێ، لەبەرئەوەی هونەرێکی باڵایە، کلاسیکێکە بۆیە ئەو داواکاری بۆ شوێنێک، فەزایەک بەرز دەکاتەوە کە دابڕاو بێ لە جیهانی ڕۆژانەی شێواو، جەنجاڵ و پڕ لە ژاوەژاو، کەواتە بۆ گوێگرتن لە مەزهەری خاڵقی دەبێ بەوریاییەوە کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرین، ئاخر ناتوانین لە هەموو شوێنێک گوێ لە مەزهەری خاڵقی بگرین. وەک هیوم دەبێژێ ”دەبێ بە وریاییەوە کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرین و ئەندێشەمان بەرەو بارودۆخێکی گونجاو بەرین” (گێتمان_زیفەرت، ٢٠٠٩: ٧٣). ئاخر تەنیا شوێنێک کە بەتەواوی لە جیهانی ژیانی ڕۆژانە جیاکرابێتەوە، دەرفەت بۆ وەرگرتنێکی پڕسەرنج، کامیل و نەشێوێنراو دەڕەخسێنێ.

ئێستا ئەم پرسیارە دێتەگۆڕێ: داخۆ چۆن دەتوانرێ هونەری مەزهەری خاڵقی وەک کلاسیکێک بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی چێژ بەکاربهێنرێ؟ ئەمە پلانی دامەزراوەیی و کولتووری گەرەکە خۆبەستوو بە هیومەوە دەتوانین کەسانی پسپۆڕ پێبگەیەنین و پاشان کەسی (پێگەیەنراو/پسپۆڕ) گەرەکە لە دامەزراوەکاندا بۆ نموونە لە کۆلێژی هونەر و بەشی موزیک فێرخوازن ڕاهێنانی چێژیان پێبکرێ (بە مەرجێک پێشتر فێرکارەکانیان پێگەیەنرابن) و چێژە سەرەتایییەکانیان بەڕێی ئیشە کلاسیکییەکانی وەک مەزهەری خاڵقی و کامکارانەوە پەروەردە بکرێ، تاکوو بە چێژی ناسک، ساغ و نەشێوێنراو، واتا توانستی بڕیاردانی دروست بەسەر ئیشی هونەریدا دەگەن. لێرەوە ئیشەکانی مەزهەری خاڵقی دەشێ ببن بە کانوون، دەستوور و ستاندارد بۆ چێژ.

 

 

بۆ ئەم گۆتارە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە؛

 

 

گێتمان_زیفەرت، ئانێماری (٢٠٠٩) ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیک. لە ئەڵمانییەوە کاوە جەلال. سلێمانی، چاپخانەی بینایی، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.

 

جەلال، کاوە (٢٠٠٩) هونەرمەند و کولتوور، سلێمانی، چاپخانەی ڕەنج، مەڵبەندی کوردۆلۆجی.

Samad, Nabaz (2014) What problem is Hume trying to solve in his ”Of the standard of taste”? Does he succeed in solving it? unpublished assignment for Aesthetic Values course in my MA at the University of Manchester.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین

https://www.youtube.com/watch?v=EhYjCC9xDws&t=117s