په‌یكه‌ری خوداوه‌ند عه‌شتار

كۆمه‌ڵگه‌ی دایك وەک ڕۆڵی ژن لەنێو مێژوودا


Loading

په‌یكه‌ری خوداوه‌ند عه‌شتار

مێژووی مرۆڤایەتی بە کۆمەڵگەی دایک سەرەتا دەگرێ، ژن سەروەر و فەڕمانڕەوا و خواوەند بوو ژیاندۆست و ژینگەدۆست بوو، ژن سەرچاوەی ژیانە و چاوگی زانینە، پیاوی لە بەهەشتی نەزانی ڕزگار کرد، بۆیە ژن خاوەن بوونێکی ڕەسەن و خۆییە. ئافرێنەری وشە و زمانە. ئەم خۆیەتی و ڕەسەنییەی ژن دەبێتە بنەما و سەرچاوە بۆ پیاو، ئەمەش بە قۆناغی نیۆلیتیک (واتا چاخی بەردینی نوێ) سەرەتا دەگرێ و بناغەی کولتوری تەواوی مرۆڤایەتی پێکدێنێ. ئەمە قۆناغێکی بەر لە مێژووە کە گرنگی و پێشەنگایەتی ژن دەردەخات. کۆمەڵگەی دایک کە کۆمەڵگەیەکی سروشتییە، بۆ قۆناغی نیۆلیتیک باشتر ماناکەی دەگەیەنێت وەک لە دایکسالاری هەم لە ڕووی فاکتی مێژووییەوە هەم لە ڕووی ئامانجیشەوە.

 

”ھێزی دەست پێکردنی شۆڕشی کشتوکاڵی نیۆلیتیک ژنە و ھێزیش لە تواناکاری زاوزێ وەردەگرێت، بۆیە تەواوی خواوەندەکان لە ڕووخساری ژندان. لە یەکەمین قۆناغی سۆمەرییەکان، میسریەکان و ھیندیەکانیش ناوی خواوەندی لە ژنان دەنرا. لایەنی پیاوێتی خواوەندی زۆر دوای ئەوە دەردەکەوێت. تەواوی ئەو پەیکەرانەی لە سەردەمی نیۆلیتیکەوە ماونەتەوە لە شێوەی ژن دروستکراون” (ئۆجەلان ٢٠١٢).

 

ئەم قۆناغە، قۆناغێکی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە کە لەلایەن ژنەوە پێشەنگی دەکرا، هێزی ژن لە پێگەیاندنی دانەوێڵە، هاڕین، ماڵیکردنی ئاژەڵ و شوێنی حەوانەوە، لە چنین و تەونکردن، داهێنانی گڵکاری، منداڵبوون و بەخێوکردنیدا دەردەکەوێ. کۆمەڵگای نیۆلیتیک بەتەواوی مۆرکی ژن و کاریگەری ژنی تێدا بەرجەستە دەبێت، بەڕادەیەک کاریگەری و ئەرکی پیاو کاڵ و نابەرجەستە، هێزێکی سەرەکییان نەبووە و بێکاریگەری بوون لەم جۆرە قۆناغ و کۆمەڵگایەدا. هەموو ئەمانە ئارگومێنتی ئەوەمان پێدەدەن هەر لە کۆنەوە ژن بووە بە خواوەندە دایکی ئەم پێشکەوتنانە. هەروەها هۆکاری کاریگەری ژن بۆ ئەو هێز و هەوڵدانانە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی ژن لە سروشت و مامەڵەکردن لەتەکیدا کە لەم سەردەمەدا بەدەستی هێنابوو. هەربۆیە لە تەواوی ئەو پەیکەر و ئامرازانەی ماونەتەوە شوێن پەنچەی ژن و کاریگەرییەکانی بەڕوونی دیارە. ئەمەش بەو واتایە دێت کە شۆرشی گوند مۆرکی ژنی پێوەیە و ژن پێشەنگایەتی کردووە.

 

ئازادییەکی تەواو لەو سەردەمەدا بەدیدەکرێ، تیرەکان فراوان و بەربڵاوبوون، لێرەدا منداڵ تەنیا دایک دەناسێ، لەبەرئەوەی نەدەزانرا ژن لە کامە پیاو دووگیان بووە، بەڵام دەزانرا منداڵ لە کامە ژنە. ئەمەش هێزێکی پشت ئەستوور بە ژنان فەراهەم دەکات. چونکە لەوێدا مێردایەتی پیاو هیچ ڕۆڵ و هێزێکی زاڵی بەسەر سروشتی ژنەوە نییە. لە دەرئەنجامی هەڵکۆڵینە شوێنەوارناسییەکانی ئەمڕۆدا دەرکەوتووە، کە ئەم کولتورە لە تەواوی میزۆپۆتامیای سەروو، زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، تۆرۆس … هتد هەبووە.

 

تایبەتمەندییە جەستەییەکانی پیاو وای لێدەکات لە شوێنە دوورەکان بەدوای نێچیردا بگەرێ ئەوەی پیاو وەک نێچیر بەدەستی دێنێت هی هەمووانن، بەهەمان شێوە منداڵەکان موڵکی سەرجەم کۆمەڵگاکەیە، موڵکی هیچ یەکێک لە ژنان و پیاوان نییە. هەروەک چۆن ئۆجەلان لە کتێبی ژنۆلۆژیدا پێی وایە، شۆڕشی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە چواردەورەی ژن شێوە دەگرێت، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تایبەتمەندێتیەکانی کۆمەڵگەی دایک زاڵە. باوەڕبوون بەھێزی دایک بەرھەمی ئەم سەردەمەیە. پیاو تا دواڕادە بێکاریگەر و گشتییە. ھەرچی “ژنە، دایکە” خاوەنی رۆڵی یەکلاکەرەوەیە و جەوھەرە. بەڵام کولتوری نێچیرێتی و ڕاوکردن هەنگاو بە هەنگاو پیاوی کرد بە باڵادەست و زاڵبوون بەسەر ژندا، هەروەها قۆناغی شوانکارەیی و گاسنکاری بۆ کێڵگەکان زیادی کرد، لەم قۆناغی زیادکردنی بەرهەم و بەرهەمهێنانەدا جێگای ژن بەرتەسک کرایەوە، ئەمەش لە هەر سەردەمێک بە شێواز و جۆری سەردەمەکە درێژە دەکێشێ تاکو دەگاتە ڕۆژگاری ئەمرۆمان. جیاوازی کۆمەڵگەی دایک ئەوەیە کە ئابووری و بەرهەمهێنان بە پێی پێویستی بێت، بەڵام ئابووری پیاوسالاری لەسەر بنەمای زیادکردن و زۆرکردنی بەرهەمە بۆیە لێرەدا پیاو دەیەوێت بەسەر سروشت و ژندا زاڵ بێت. هەر لەبەرئەوەیە کۆمەڵگەی دایک زۆر ڕیالیستی ترە.

 

خوداوەندێکی سەردەمی کۆمەڵگەی دایک

زاراوەی کۆمەڵگەی دایک- ماتریارکی Matriarchy لە وشەی لاتینی ماتەر (mater, matris) بە واتای ”دایک” و وشەی گریکی ئارکین (arkhein) بە واتای ”حکومکردن” دێ، بەسەر یەکەوە واتای ”حکومکردنی دایک یان ژن” دێت. هەروەها زاراوەی گریکی (gynaikokratie) بە واتای ”دەسەڵاتی ژنان، یان فەرمانڕەوایی ژنان” دێت. بەڵام هەروەک خانمە نووسەر فێمینیست و پرۆفیسۆر لە بواری کۆمەڵگەی دایک، بەڕەگەز ئەڵمانی (هایدێ گۆتنەر ئابێندرۆس Heide Göttner-Abendroth) پێی وایە کە زاراوەی کۆمەڵگەی دایک- ماتریارکی شێوێندراوە و بەرانبەر پیاوسالاری-پاتریارکی بە واتای ”فەرمانڕەوایی یان حکومی پیاوان” دانراوە. هایدێ گۆتنەر ئابێندرۆس پێی وایە کۆمەڵگەی دایک تۆڵەسەندنەوە و دژە پیاوسالاری نییە، هەروەها حوکمڕانی ژنان نییە بەسەر پیاواندا، هەروەک چۆن بە هەڵە والێکدەدرێتەوە. کۆمەڵگەی دایک کۆمەڵگەیەکی دایک_سەنتەرە لەسەر بنەمای بەها دایکایەتییەکان وەک چاودێریکردن، بەهەندوەرگرتن، بەخێوکردن و دایکێتی بونیادنراوە. ئەم بەهایانە بۆ هەموو کەسێکن، بۆ دایکان و بۆ ئەوانەی دایکیش نین؛ بۆ ژنان و پیاوانیش وەکیەکن.

 

کەوایە کۆمەڵگەی دایک ڕەهەندێکی تازە بە سەرجەم کایەکان دەدات، داوای شوناسێکی نوێ دەکات، کە ژن خۆی ئەم شوناسە بۆ خۆی دیاری بکات، بۆئەوەی لەسەر بنەمای ڕەگەز و جێندەر توێژینەوە بکەین. هەروەها بۆ ئازادبوونە لە فەرمانی پیاو، کۆت و بەندی کولتور، داب و نەریت، هەروەک چۆن داواکاری ئازادبوون بەرز دەکاتەوە بۆ ئەزموونکردنی تاکێتی ژن. ئەم ویستە ئازادە هەوڵی یاخیبوون دەدات بەرانبەر بە سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری، لە ڕێگەی گۆڕینی سیستەمی سیاسی، پەروەردەیی و ئابووری، هەریەک لە مانەش دەبێت بە ڕێگەی خەباتێکی میانڕەو پەیڕەوبکرێ، چونکە ئەو نایەکسانییەی لە نێوان ژنان و پیاواندا هەیە بە نایەکسانی جێدەریشەوە لە بێسیستەمی پیاوسالاریدا و سەرمایەداریدا خۆی دیاردەهێنێ، هەروەک چۆن سەرەتا کێشە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژی لە کۆمەڵگە پیاوسالارییەکاندا سەریهەڵداوە، ئەمە بە تێپەڕبوونی کات بوو بە بنەما و باوەڕ بۆ پیاوی بەهێز. لەبەرئەوە فشار و توندوتیژی دەروونی و هۆشەکی هیچی کەمتر نییە لە توندتیژی جەستەیی. کەوایە ژنان لە سیستەمی پیاوسالاریدا تەنیا جەستەیان ڕووبەرووی زەبر و مەترسی توندوتیژییەکانی پیاوانە نابێتەوە، بەڵکو مەترسییە گەورەکە بۆ سەر هۆش و دەروونیانە. ئەم بێدادی و نایەکسانییە بەرهەمی پیاوسالارییە. چونکە لەو سیستەمەدا پیاو نایەوێ دەسبەرداری بەرژەوەندی و دەسەڵاتەکانی ببێت هەر بۆیە ژن وەک پاشکۆ و لاواز دەبینرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەبێت لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتدانانی پیاواندا کار بکات، کاریگەری ئەمەش بەڕوون و ئاشکرایی لە زۆربەی بوارەکاندا بەرچاوە و دەبینرێت.

 

لە سیستەمی پیاوسالاریدا پیاو سەروەرە و دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە، لێرەدا پیاو وەک ڕەگەزێکی باڵادەست و جیاواز خۆی دەناسێنێ، دەبێت ئەو سەنتەریی بوونە بۆ پیاو تێکبشکێندرێت، نابێت ببێتە نمونەیەک بۆ ژنان، بەڵکو دەبێت ژنان لە نامۆیی بەو سیستەمە و شوێنکەوتەی پیاوان دەربچن و ڕزگاریان بێت. ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ بەهای ژن و ڕۆڵی ژن لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی و قۆناغی نیۆلیتیک و کۆمەڵگە دایکیەکانی ئێستا ئەم ئامانجە بەدی دێت.

 

لێرەدا دەمەوێ باسی چەند نموونەیەکی کۆمەڵگەی دایک بکەم، چونکە کۆمەڵگەی دایک ئەفسانە نییە وەک هەندێک پێیان وایە. ژنانی کۆمەڵگەی دایک لە مالیزیا ئه‌فسانه‌ نین، به‌ڵکو ڕاستین به‌شێوه‌کی سروشتی و سه‌ره‌تایی له‌نێو دار و دره‌ختی جه‌نگه‌ڵه‌کانی سورمبو ده‌ژین خاوه‌ن زه‌وی و به‌رهه‌می خۆیانن زه‌ویه‌کانیان هی کچه‌کانیانه‌، ئه‌وان ناوی مێرده‌کانیان هه‌ڵناگرن و خۆیان خاوه‌ن بڕیاری ژیانی خۆیانن.

 

هەروەها لە ئیندەنوسیا خێڵێک هەیە بەناوی (مینان کابوو Minangkabau) هەرچەندە موسوڵمانن، بەڵام دایک-سەنتەری وەک حکومڕانی و دەسەڵاتی ژنان پێناسە ناکەن، بەڵکو وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دەیبینن، کە تێیدا سەرجەم ئەندامەکان یەکسانن و هاوکاری یەکتری دەکەن.

 

یەکێکی تر لە نموونەکان کولتوری (کابیل-Kabyle) کە ژن تێیدا ناوەند و سەنتەرە ئەمەش لە باکوری ئەفریقا، جەزائیر، مەغریب و تونس هەیە، ئەم خەڵکانە بەشێوەیەکی سروشتی و سەرەتایی دەژین. لەو کولتورەدا ژن وەک دایکی خێڵەکە دەبینرێ، هەروەها لە ماڵدا سەنتەرە و بەرپرسیارە. هەندێک سرووت و ئەفسانەیان هەیە یەکێ لەوانە دروستکردنی گۆزە و قاپە بە گڵ بەشێوەیەکی سیمبوولی کە گوزارشت لە ژیان بەبەرداکردنی زەوی دەکەن.

 

نموونەیەکی دیکە کۆمەڵگەی لاهوو (Lahu) لە چین لەم نموونەیەدا یەکێتی جێندەری بوونی هەیە پێیان وایە هەردوو ڕەگەزەکە بوونە بە یەک و یەکن. لەبەرئەوە باوەڕیان بەو وتەیە هەیە کە چۆپستیک [ئەو دوو دارەی چینییەکان لەبری کەوچک نانی پێدەخۆن] تەنیا بەیەکەوە دەتوانی ئیشی پێ بکەی و نانی پێ بخۆی.

 

هەروەها کۆمەڵگەی مۆسۆ (Mosuo) لە چین بە شانشینی ژنان ناودەبرێت، گروپێکی کەمینەن، ئاینەکەیان بودییە و زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە. چینییەکان پێیان وایە کە کۆمەڵگەی مۆسۆ دوایەمین کۆمەڵگەی دایکە! خەڵکی مۆسۆ باوەڕیان بە هاوسەرگیری نییە، بەڵکو باوەڕیان بە خۆشەویستی ئازاد هەیە، چونکە پێیان وایە گەر دووکەس هیچی دیکە یەکتریان خۆشنەویست ئەوا پێویستە بە ئاشتییانە لەیەکتری دووربکەونەوە، کەواتە مەبەست لە هاوسەرگیری چییە؟ گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ چییە کە خۆتی پێ ببەستییەوە. خەڵکانی مۆسۆ لەگەڵ باوکیاندا ناژین، بەڵکو لەلایەن دایکیان و خێزانی دایکیانەوە بەخێودەکرێن و گەورەدەکرێن. ئەمەش بە کولتوری ئازادی خۆشەویستی ناسراوە.

 

فریدا – سەر بە خێڵێکی خاوه‌ن کولتوری دایک-سەنتەری

یەکێکی تر لە کۆمەڵگە دایکیەکان کۆمەڵگەی چوتی چانە (Juchitan) لە مەکسیک، فریدا کالۆ سەر بەم خێل و گۆمەڵگایەیە (فریدا کالۆ خانمە نیگارکێشێکی مەکسیکییە، لە زۆربەی تابلۆکانی پۆرترێتی خۆی کێشاوە، کە ئازار و کێشەکانی ژن نیشان دەدات. ئەو بە تابلۆ لە ژیانی خۆی دواوە و واقعی ژیانی خۆی لەنێو تابلۆکانیدا کێشاوە، باس لە خەم و ئازارارەکانی دەکات وەک مرۆڤێک ئینجا وەک ژنێک). هەرچەندە لەو کۆمەڵگەیە پیاوان لە ڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتدارن، بەڵام کولتورەکە دایک_سەنتەرە، واتا دایک لە ماڵ و خێزاندا دایک دەسەڵاتدارە، ئابوورییەکەشی لەسەر بنەمای ئابووری ژنانە واتا بە پێی پیویستی بۆ ژیان ڕێکخراوە. لەوێدا خاوەندارییەتی ماڵ هی ژنانە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە سەرجەم شاریش سەر بە ژنانە و هی ئەوانە.

 

ئەوەی بەدی دەکرێ لە هەریەک لە کۆمەڵگە دایکیەکاندا، ئەوەی جێگەی سەرنج و ڕەخنەیە ئەوەیە، کە بەگشتی کۆمەڵگەی داخراون، بەو مانایەی کە تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانی تر نەبوون، دوورەپەرێزن، هەروەها گرنگی بە پەروەردەی خوێندن نادەن و خۆیان دوور لە شارستانیەتن، ئەمەش لە ئاستی پەروەردەیی دابڕانیان پێوە دیارە. گەر ئەمە بەو شێوەیە بێت کەوایە کۆمەڵگای شارستانی مۆرکی پیاوسالاری پێوەدیارە. کەواتە دەشێ بگوترێ شارستانیەتی یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پیاوسالاری. چونکە پەیوەندی لە نێوان شارستانیەتی و کۆیلەیەتیدا هەیە. شارستانیەتی هەر لە سەردەمی سۆمەرەوە بۆ ئەکەد، لە بابلیۆنەوە بۆ ئاشور، لە گریکەوە بۆ ڕۆم، لە کۆتاییدا لە ئەوروپاوە بۆ ئەمریکا، کۆیلەیەتی لەسەر سێ ئاست بناغەی ڕێژراوە. یەکەم، لە ڕوویی ئیدیۆلۆژییەوە کە لە ئەفسانە و میتۆلۆژییەکاندا پیاوان وەک خواوەند و بەهێز وێناکراون، ژنانیش وەک لاواز و فریودەر وێناکراون، دووەم، بەکارهێنانی هێز، سێیەم دەستبەسەرداگرتنی ئابووری. پیاوان لەسەر ئەم سێ ئاستە شارستانیەتییان دامەزراندووە و ژنانیان وەدەرناوە. بۆیە مێژووی پێنج هەزارەی شارستانیەتی لە بنەڕەتدا مێژووی بە کۆیلەکردنی ژنانە (ئۆجەلان، ٢٠١٢).

 

لە کۆتاییدا، دەکرێت کۆمەڵگەی دایک وەک گەڕانەوەی باڵانس و وەک سیستەم پەیڕەوبکرێ، وەک سەرچاوە و مێژووییەکی ڕاستەقینە هەمیشە بۆی بگەڕێینەوە، لێوەی فێربین و سوودی لێوەرگرین. چونکە جیهانی ئێستا پێویستی بە دەستنیشانکردنی ڕۆڵی ئازادانەی ژنە لە کۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی بە ئامانجی یەکسانی، هاڕمۆنی و هاوسەنگی ژیان بگەین، ئەمە بۆ ژیانێکی باشترە نەک زاڵبوون و چەوساندنەوە، هەروەک چۆن پێویستە لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری خوێندنەوە و ڕەخنەمان بۆ بێکاریگەری و بەرتەسککردنەوەی ڕۆڵ و ئەرکەکانی ژن هەبێت، هەروەها بابەت و دیاردەکانی ژیانی هاوچەرخ پێویستی بە خوێندنەوە و هەڵوێستە لەسەرکردن هەیە، بەهەمان شێوە دەکرێ لەو سەردەمەدا خوێندنەوە و پەیڕەوی نوێمان بۆ کۆمەڵگەی دایکی هەبێت.

 

سەرچاوەکان
ئۆجەلان، عەبدوڵڵا (٢٠١٢) ژنۆلۆژی، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.

 

Rigoglioso, Marguerite Breaking the Taboo on ‘Matriarchy’ First World Congress Explores Women-Centered Societies. [online] Available from http://www.universitadelledonne.it/english/matriarchy.htm

Heide Goettner-Abendroth (2009) Matriarchy. [online] Germany Available from http://www.hagia.de/en/matriarchy.html

Gupta, Akanksha Matriarchy: A Shallow Hypocrisy. [online] Available from http://indiaopines.com/matriarchy-south-biggest-hypocrisy/

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.