کارەکتەرەکان
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
باوک
دایک
بەرپرسی ئیشپێکردنی سینەما
میوانێک
خانمێکی بە تەمەن
ژنی کرێکاری یەکەم
ژنی کرێکاری دوووەم
ژنی کرێکاری سێیەم
دۆن نۆلاسکۆ
خزمی یەکەم
خزمی دووەم
مانوێل، برای کچە فیلم گێڕەرەوەکە
کەسێک
سەرپەرشتیارێک
گه‌شتیارێك
کچە فیلم گێڕەرەوەکە ڕۆڵی تێکڕای کارەکتەرەکان دەبینێت.
(لەسەر شاشەیەک ئاسمانێکی پڕ لە هەور پێشان دەدرێت. هەورەکان تێکەڵی یەکتر دەبن و پانتاییەکی خۆڵەمێشی تۆخ دروست دەکات. کچە فیلم گێڕەرەوەکە دەردەکەوێت، سەیری ئاسمان دەکات و دێتە پێشەوەی تەختەی شانۆ. دەنگی بارانێکی بەخوڕ دێت.)
تاریکی
ڕووناکی
کچە فیلم گێڕەرەوەکە:
هه‌میشه پاره له ماڵی ئێمه بە زەحمەت پەیدا بووە و بە ئاسانی ڕۆیشتووە، له‌به‌رئه‌وه هەر جارێک فیلمێک بهاتایه بۆ گوندی کانه‌که و به‌لای باوکمه‌وه باش بووایه -ئه‌ویش ته‌نها له ڕێگای ناوی کوڕه ئه‌کته‌ر یاخود خانمه ئه‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌یه‌وه- فلس به فلس پاره‌مان کۆده‌کرده‌وه تا به‌شی بلیتی چوونه ژووره‌وه بکات، دوای ئه‌وه منیان ده‌نارد بۆ بینینی فیلمه‌که.
هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ده‌بوو فیلمه‌که بۆ ته‌واوی خێزانه‌که بگێڕمه‌وه، که له ژووری دانیشتنه‌که کۆده‌بوونه‌وه و چاوه‌ڕوانی منیان ده‌کرد.
زۆر خۆش بوو، که دوای بینینی فیلمه‌که ده‌هاتمه‌وه ماڵه‌وه، باوک و براکانمم ده‌بینی هه‌موویان به په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانمن، قژیان شانه‌کردووه و خۆیان گۆڕیوه، به ڕیز دانیشتوون، هه‌روه‌ک له سینه‌ما بن.
باوکم له‌سه‌ر تاکه قه‌نه‌فه یه‌کتاکییه‌که‌ی ماڵه‌که‌مان داده‌نیشت و به‌تانییه‌کی ده‌دا به‌سه‌ر قاچیدا، ئه‌وه‌یش ڕیزی یه‌که‌م بوو. له په‌نای قه‌نه‌فەکەدا و له‌سه‌ر زه‌وییه‌که، شوشه‌ی شه‌رابه سووره‌که‌ی و ئه‌و تاکه په‌رداخه‌ی هه‌مان بوو، ڕه‌نگی ده‌دایه‌وه. ڕیزی دانیشتنه‌که‌یش له سه‌کۆیه‌کی دارینه‌ی سافنه‌کراو پێکهاتبوو، که براکانم به ڕیز له بچووکه‌وه بۆ گه‌وره له‌سه‌ری داده‌نیشتن. کاتێکیش ورده ورده هاوڕێکانیان ده‌هاتن و له په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌یریان ده‌کرد، ئیدی ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه بوو به بالکۆن.
کاتێک له سینه‌ماکه‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه و ده‌گه‌یشتمه ماڵه‌وه، به په‌له پیاڵه‌یه‌ک چام ده‌خوارده‌وه، که بۆ ئه‌وه دانرابوو من بیخۆمه‌وه.
(پیاڵەیەک چا دەخواتەوە)
پاشان نمایشه‌که ده‌ستی پێده‌کرد. من ڕووبه‌ڕوویان ده‌وه‌ستام و پشتیشم له دیواره به گه‌چ سپیکراوه‌که بوو، سپی هه‌روه‌ک په‌رده‌ی سینه‌ما، دوای ئه‌وه ده‌ستم به گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌که ده‌کرد (له نوکه‌وه تا کۆتایی)، وه‌ک باوکم هه‌میشه ده‌یوت. هه‌وڵیشم ده‌دا هیچ ورده‌کارییه‌کم بیرنه‌چێت، نه له ڕووداو، نه له گفتوگۆ، یاخود که‌سایه‌تییه جۆراوجۆره‌کان.
ده‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ زیاد بکه‌م، که ئه‌وان منیان بۆ بینینی فیلم نه‌ده‌نارد، له‌به‌رئه‌وه‌ی من تاکه مێینه‌ی ماڵه‌که‌م و ئه‌وانیش ــ باوکم و براکانم ــ جه‌نتڵمانن. نه‌خێر، به‌ڕاستی نه‌خێر. من بۆم هه‌بوو بچم و فیلم ببینم، چونکه من له گێڕانه‌وه‌ی فیلم‌دا، باشترین که‌سی نێو خێزانه‌که‌مان بووم. به‌ڵێ من لێزانترین فیلم گێڕه‌ره‌وه‌ی خێزانه‌که‌مان بووم. هێنده‌ی نه‌برد بووم به کارامه‌ترین فیلم گێڕه‌ره‌وه له هه‌موو گه‌ڕه‌که‌که‌ماندا و به تێپه‌ڕبوونی کات، وه‌کوو لێزانترین فیلم گێڕه‌ره‌وه له هه‌موو گونده‌که‌دا ناسرام و هه‌موو جۆره‌کانی فیلمم ده‌گێڕایەوە: فیلمی کاوبۆی، فیلمی ترسناک، فیلمی جه‌نگ، فیلمی خه‌یاڵی زانستی، فیلمی خۆشه‌ویستی. بێگومان فیلمی مه‌کسیکیش، که باوکم له هه‌موویان زیاتر حه‌زی به‌م فیلمانه ده‌کرد، به‌وپێیه‌ی خۆی له به‌شی باشووری شیلی-ەوە هاتبوو.
هه‌ر له فیلمێکی مه‌کسیکیشدا بوو، فیلمێکی پڕ له گۆرانی و فرمێسک، که ئه‌م نازناوه‌م وه‌ک فیلم گێڕه‌ره‌وه‌ی خێزانه‌که به‌ده‌ست هێنا. (بە دەنگێکی بەرز)
کچە فیلم گێڕەرەوەوکە.
بێگومان ده‌بوو ئه‌م نازناوه به‌ده‌ست بهێنم.
وچانێکی کورت
ئێمه له خێزانه‌که‌ماندا پێنج خوشک و برا بووین. چوار کوڕ و من. ئێمه‌یش به قه‌باره و ته‌مه‌نمان په‌یژه‌یه‌کی ته‌واومان دروست ده‌کرد و من بچوکترینیان بووم. ده‌توانن بیهێننه به‌رچاوتان، ده‌بێت چۆن بێت ته‌نها له‌گه‌ڵ کوڕدا گه‌وره ببیت؟ هه‌رگیز یاریم به بووکه‌ڵه نه‌کردووه. له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا وه‌ستای هه‌ڵماتێن و هه‌لووکێن بووم. هه‌روه‌ها له کوشتنی مارمێلکه‌یشدا، له هه‌موو ناوچه‌کەدا، که‌س نه‌بوو وه‌ک من بێت. ئاوا نیشانه‌م له مارمێلکه‌یه‌ک ده‌گرته‌وه، ته‌ق، ئیتر کوژرابوو.
به درێژایی ڕۆژ به پێی په‌تی ده‌گه‌ڕام. به‌دزییه‌وه جگه‌ره‌م ده‌کێشا، کاسکێتێکم له‌سه‌ر ده‌کرد و ته‌نانه‌ت خۆم فێری ئه‌وه‌یش کردبوو به‌پێوه میز بکه‌م.
ئیدی منیش به ته‌واوی وه‌ک براکانم، له‌هه‌ر کوێی بیابانه‌که‌دا بووایه، وام ده‌کرد. کاتێکیش پێشبڕکێمان ده‌کرد، که کێ میز زیاتر هه‌ڵده‌دات، جاری وا هه‌بوو ئه‌وه ڕووی ده‌دا من به یه‌ک پێ درێژتر، له‌وانم ده‌برده‌وه.
کاتێک تەمەنم بوو بە حه‌وت ساڵ، چوومه قوتابخانه. جگه له‌وه‌ی ناچاربووم ته‌نوره له‌به‌ر بکه‌م، زۆر بۆم زه‌حمه‌ت بوو خۆم ڕابهێنم وه‌ک کچان میز بکه‌م. ئەمە بۆ من قورس‌تر بوو له‌وه‌ی فێری خوێندنه‌وه ببم.
باوکم خۆی نەیدەتوانی بچێت بۆ سینەما، ئەو بە هۆی ڕووداوێکی کانی خەڵوزەوە له که‌مه‌ری به‌ره‌وخوار ئیفلیج ببوو. ئیدی له‌دوای ئه‌وه‌وه کاری نه‌ده‌کرد. مووچه‌ی خانه‌نشینییه‌که‌یشی پاره‌یه‌کی ئه‌وه‌نده که‌م بوو، به شه‌ڕه‌شه‌ق به‌شی خواردنی ده‌کرد.
ئه‌ی دایکم؟
وچانێکی کورت
به‌ڵێ، دوای ڕووداوه‌که‌ی باوکم، دایکم باوکمی به‌جێهێشت. ئه‌و زۆر به کتوپڕی باوکم و هەر پێنج منداڵەکەی بەجێهێشت. له‌به‌رئه‌وه باوکم لێی یاساغ کردبووین له‌باره‌یه‌وه قسه بکه‌ین، له‌باره‌ی ئه‌و بێ ئه‌ده‌به‌وه، وه‌ک باوکم به سووکایه‌تیپێکردنه‌وه وای پێ ده‌گوت.
باوک
نامه‌وێت گوێم له باسی ئه‌و (سۆزانی)یه بێت.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
باوکم وای ده‌گوت، کاتێک هەر بەڕێکەوت یه‌کێک به هه‌ڵه ناوی بهێنایه. دوای ئه‌وه ڕۆده‌چووه بێده‌نگییه‌که‌وه، که چه‌ند سه‌عاتێکی ده‌خایاند.
له‌کاتێکدا هێشتا دایکم له‌گه‌ڵماندا ده‌ژیا -پێش ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌که بقه‌ومێت- خێزانێکی ته‌واوبووین و باوکم ئیشی ده‌کرد (هێنده‌یش زۆری نه‌ده‌خوارده‌وه) و دایکیشم به ماچێک پێشوازی له باوکم ده‌کرد، کاتێک له کار ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه، بیرمه ڕاهاتبووین له پشووه‌کاندا هه‌ر حه‌وتمان بچین بۆ سینه‌ما.
ئه‌وه‌نده حه‌زم له‌و نه‌ریتە بچووکه بوو، که خۆمان بۆ چوون بۆ سینه‌ما ئاماده ده‌کرد.
جوانترین جلمان له‌به‌ر ده‌کرد. دایکم قژی براکانمی به ئاوی لیمۆ داده‌هێنا و خه‌تێکی ڕێك، وه‌ك ڕاسته‌ی تێده‌کرد. جگه له (مارسێلینۆ)، کە بچووکترین برام بوو، چونکە قژی وەک کلکی ئه‌سپ پڕ و ئەستوور بوو، چه‌ند دایانبهێنایه، هه‌ر وه‌ک کتێبێکی کراوه وا بوو. قژی منیش وه‌ک کلکی ئه‌سپ وابوو. بۆیه، دایکم به چه‌ند به‌نێکی ڕه‌ش ئه‌وه‌نده تووند ده‌یبه‌ستا، وا هه‌ستم ده‌کرد چاوم له قه‌پێلکه‌کانیان ده‌رده‌په‌ڕنه ده‌ره‌وه.
هه‌میشه به ناوه‌ڕاستی ڕێگاکه‌دا، ڕێک ڕووبه‌ڕووی خۆرنشینه‌که ده‌ڕۆیشتین، خه‌ڵکی بیابانه‌که وا ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌مانبینین، سڵاویان له باوکم ده‌کرد، که قۆڵی کردبووه ملی دایکم و ده‌ڕۆیشت.
“ئێواره‌ت باش سێنیۆر کاستیلۆ”.
“ئێواره‌ت باش سێنیۆر”.
“ئێوارەت باش”.
تێبینیم ده‌کرد ئه‌وان سڵاویان له باوکم ده‌کرد، به‌ڵام سه‌یری دایکمیان ده‌کرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی دایکم هه‌م گه‌نج بوو هه‌م جوانیش بوو، کاتێکیش به ڕێگادا ده‌ڕۆیشت، وه‌ک خانمه ئه‌کته‌ره‌کانی فیلمه‌کان، سمتی به‌ملاو به‌ولادا باده‌دا.
کە ده‌گه‌یشتینه سه‌ر گۆشه‌ی سینه‌ماکه و گوێمان له ده‌نگی مۆسیقاکه ده‌بوو، له بڵندگۆ کۆنه‌کانه‌وه شه‌پۆلی ده‌دا، دڵمان ده‌که‌وته سه‌ما.
تاریکی
(مۆسیقا، دەنگی قەڕەباڵغی خەڵکەکە لەگەڵ دیمەنی فیلمێکی سینەمایدا، کە لەسەر شاشەکە پیشان دەدرێت، ده‌پچڕێت. کچە فیلم گێڕەرەوەکە، لە ناو فیلمەکەدا دەردەکەوێت، دێتە پێشەوە و بەدەم قسەکردنەکەیەوە، فیلمەکەیش دەکوژێتەوە)
من حه‌زم له‌وه بوو کاتێک هۆڵه‌که نیوه تاریک ده‌بوو، به‌لای منه‌وه هه‌ر له ئه‌شکه‌وتێکی نه‌دۆزراوه، پڕ له ڕاز و نهێنیی ده‌کرد. کاتێک به‌ناو په‌رده قه‌دیفه قورسه‌که‌دا ده‌ڕۆیشتم، وه‌ک ئه‌وه وابوو واقیعی زبر و ئاڵۆز له پشتمه‌وه به‌جێ بهێڵم و بڕۆمه ناو جیهانێکی سه‌یر و ئه‌فسوونگه‌راوه.
ئێمه هه‌میشه له پێشی پێشه‌وه داده‌نیشتین، وه‌ک ئه‌وه‌ی به په‌رده سپییه زەبەلاحەکەوە نووسابین، که له چاوی مندا هه‌روه‌ک نوێژگه‌ی کڵێسا پیرۆز بوو. لووتکه‌ی ئه‌و ساته ئه‌فسوونگه‌رایه‌ش کاتێک بوو، که گڵۆپه‌کان ده‌کوژانه‌وه، په‌رده‌کان لاده‌دران، مۆسیقاکە بێده‌نگ ده‌بوو و په‌رده‌ی سینه‌ماکه پڕ ده‌بوو له ژیان و جوڵه.
له‌وکاته‌دا ده‌تگوت له هه‌وادا ده‌فڕم.
لوتکه‌ی ئه‌و هێزی ڕاکێشانه سه‌یره بوو، که جیهانی فیلم له‌سه‌ر من هه‌ی بوو. له‌سه‌ر من و له‌سه‌ر دایکیشم. من ئێستا له‌وه تێگه‌شتووم. جیاوازی نێوان من و دایکم له‌گه‌ڵ باوک و براکانمدا ئه‌وه‌بوو، ئه‌وان زۆر حه‌زیان به‌وه بوو بچن بۆ سینه‌ما، له‌کاتێکدا ئێمه شێت و شه‌یدای بووین.
وچانێکی کورت
براکانم له گه‌وره‌وه بۆ بچووک، ناویان: ماریانۆ، میرتۆ، مانوێل و مارسێلینۆیه. خۆشم ناوم ماریا مارگارێتایه. له‌وانه‌یه ئێوه تێگه‌شتبن له‌وه‌ی که باوکم شه‌یدای ئه‌و ناوانه‌یه به پیتی “م” ده‌ست پێ ده‌که‌ن، جگه له‌وه‌ی خۆی ناوی مێداردۆیه، دایکی ناوی مارتینا و باوکیشی ناوی ماگنۆیه.
ئێستا وای بۆ ده‌چم، ته‌نیا هۆکاری هاوسه‌رگیرییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ دایکم، ئه‌وه‌یه که ناوی ماریا ماگنۆلیایه. چونکه هیچ شتێکی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا نه‌بوو، له کەمترین شتیشدا لەیەک نەدەچوون. زۆر به‌ساده‌یی ئه‌وان وه‌ک شه‌و و رۆژ وابوون. سه‌رباری ئەمانەیش باوکم بیست و پێنج ساڵیش له دایکم گه‌وره‌تر بوو.
ئێستا له‌و باوه‌ڕه‌دام، که ئه‌و مارلین مۆنرۆی زۆر به‌رز ده‌نرخاند، له‌به‌ر ئه‌و دوو (میم)ه‌ی ناوه‌که‌ی بوو. باوکم هه‌میشه ئاواته‌خواز بوو کچێکی هه‌بێت ناوی مارلین مۆنرۆی لێبنێت.
دایک
مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشه‌ی مندا. من ڕقم له‌و ئافره‌ته کاڵه ره‌نگ زەردەیە، که ته‌نانه‌ت له فیلمه‌کانیدا هیچ شتێکی باش ناکات.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، دایکم خۆی کاتێک ده‌ڕۆیشت، لاسایی ئه‌وی ده‌کرده‌وه. هه‌روه‌ها پێش ئه‌وه‌ی به‌جێمان بهێڵێت، که بیستی مارلین مۆنرۆ مردووه، به‌درێژایی شه‌و بۆی گریا.
شه‌ڕی گه‌وره ئه‌وکاته ده‌ستی پێ‌کرد، که من له‌دایک بووم. ده‌وترێت باوکم له خۆشیانا گه‌شابوه‌وه کاتێک زانیبووی سه‌رئه‌نجام کچیان بووه. ئێستا به‌ڕاستی ئه‌و مارلینێکی له ماڵه‌که‌دا هه‌یه. به‌ڵام دایکم ڕازی نه‌ببوو و هه‌ڕه‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌شی کردبوو.
دایک
بابزانیت، ئەگەر ئە‌م کچە ناوبنێیت مارلین مۆنرۆ، ئەوە من ماڵەکەت بۆ چۆڵ دەکەم و هەرگیز جارێکی تر ناگەڕێمەوە.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
سه‌رئه‌نجام باوکم ڕازی بوو به دوو (میم)و ناونرام ماریا مارگارێتا، به‌ڕاستی بڵێم ناوێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆم، هه‌رگیز ئاره‌زووم لێی نه‌بووه. کە ئەو ناوەم بەرگوێ دەکەوێت، هەستی ملکەچبوون و خۆبەدەستەوەدان دامدەگرێت، وەک چۆن بەسەر دایکێکی گوێڕایەڵدا دێت.
ده‌مویست له ژیاندا ببمه شتێکی تر.
نه‌مده‌زانی چییه، به‌ڵام شتێکی تر.
منیش ئاوا له دایکم ده‌چووم. ئه‌و هه‌رگیز ڕازی نه‌بوو. هه‌میشه شێوه‌ی قژداهێنانه‌که‌ی ده‌گۆڕی، شێوه‌ی نوێی ده‌دۆزییه‌وه بۆ ماکیاژکردن، یاخود وه‌ستان له‌به‌رانبه‌ر ئاوێنه‌دا و مه‌شقکردن له‌سه‌ر قیافه‌گرتن و له هه‌مان کاتدا خۆنواندنی جیاواز، وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێک چه‌ند باره بکاته‌وه، که من.
دایک
بۆچی به گوڵه‌ئه‌ستێره ڕازی بم، له کاتێکدا که‌سێکی وه‌ک من له توانایدایه ببێته ئه‌ستێره‌یه‌ک؟
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
ئیدی وه‌ک شێتێک له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌که‌دا ده‌که‌وته پۆز لێدان.
منیش کاتێک بووم به فیلم گێڕه‌ره‌وه، ناوێکم بۆ خۆم دانا، که باشتر له‌گه‌ڵ پیشه هونه‌رییه‌که‌مدا بگونجێت. به‌ڵام ئێستا جارێکی دیکه چیرۆکه‌که‌م به‌ره‌و پێش ده‌به‌م.
ئارامتان بێت، ئه‌وه هه‌مووی دواتر دێت.
بێدەنگی
ناوه‌ڕاستی مانگ بوو، ئێمه‌یش ئه‌وه‌نده‌مان هه‌بوو، که به ئاسته‌م به‌شی نان و شووشه شه‌رابه‌کانی باوکم بکات.
باوک
ده‌بێت چاوه‌ڕێ بکه‌ین تا مووچه‌ی خانه‌نشینییه‌که دێت.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
پاشان ده‌رکه‌وت هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی موچه‌ی خانه‌نشینییه‌که گه‌یشت، فیلمێکی هاکه‌زایی نه‌بوو، به‌ڵکوو فیلمی (بێن هور) بوو، وه‌ک له سینه‌ماکه هه‌ڵواسرا. ئه‌و فیلمه‌ی هه‌موو گوندی کانه‌که، بە بێئارامییەوە چاوه‌ڕوانی بوون.
براکانم وه‌ک شێت وابوون.
هه‌موو دەیانویست بڕۆن و سه‌یری فیلمه‌که بکه‌ن. هیچ نه‌بێت ماریۆ له‌جیاتیم بڕوات، براکانم هه‌وڵیاندا، چونکه تا ئێستا ئه‌و هه‌ره باشترینیان بووه له فیلم گێڕانه‌وه‌دا. به‌ڵام باوکم، که پیاوێکی دادپه‌روه‌ر بوو، ئه‌وه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه.
باوک
سه‌ره‌ی ماریا مارگارێتایه، بچێت، ئه‌وجا ده‌بێت ماریا مارگارێتا بچێت. پێویست به قسه‌ی زیاتر ناکات.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
فیلمه‌که سێ کاتژمێری خایاند. من له (سارا گارسیا)، که دره‌وشاوه‌ترین ئه‌ستێره‌ی سینه‌مای مه‌کسیکی بوو و له‌سه‌ر گریان ڕاهاتبوو، زیاتر گریام.
هه‌رگیز ئاوا وه‌ک ئه‌م فیلمه، حه‌زم به هیچ فیلمێک نه‌کردبوو. دواتر زانیشم فیلمه‌که، بێ له‌وه‌ی زۆر درێژ بوو، گرانترین فیلم بوو تا ئه‌و کاته تۆمارکرابێت. هه‌روه‌ها یانزه خه‌ڵاتی ئۆسکاریشی بردبوه‌وه.
به دوو چاوی سووری پڕ له گریانه‌وه گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه. هه‌موویان به په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانم بوون. به بێده‌نگی پیاڵه‌یه‌ک چام خوارده‌وه و پاشان به‌رانبه‌ریان وه‌ستام و ده‌ستم به گێڕانه‌وه کرد، بێئه‌وه‌ی هه‌ست به که‌مترین له‌رزینی ئه‌ژنۆکانم بکه‌م.
ئه‌وکاته‌ی فیلمه‌که‌م ده‌گێڕایه‌وه ــ له‌گه‌ڵ ئاماژه‌گه‌ل، جوڵه و له‌ره‌ی ده‌نگی زۆرداــ وه‌ک ئه‌وه‌ی من له ناوه‌ڕاستدا له‌ت بووبم بۆ دوو که‌س، ده‌گۆڕام بۆ ئه‌کته‌ره جیاوازه‌کان. ئه‌و ئێواره‌یه من (بێن هور)ی گه‌نج بووم. (مێسالا)ی به‌دکاری فیلمه‌که بووم. ئه‌و دوو ئافره‌ته (گول)ه‌ش بووم، که مه‌سیح شیفایان ده‌دات.
هه‌روه‌ها خودی مه‌سیحیش بووم.
من فیلمه‌که‌م نه‌ده‌گێڕایه‌وه، به‌ڵکوو نمایشم ده‌کرده‌وه. یاخود زیاد له‌وه‌یش: من له‌نێو فیلمه‌که ده‌ژیام. باوک و براکانم دانیشتبوون و گوێیان لێگرتبووم و به‌ده‌می کراوه‌وه سه‌یریان ده‌کردم.
باوک
ئە‌م کچه هونه‌رمه‌ندێکی ڕاسته‌قینه‌یه.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
باوکم وای وت، کاتێک من به‌وپه‌ڕی شه‌که‌تییه‌وه گێڕانه‌وه‌که‌م ته‌واو کرد.
باوک و براکانم ته‌واو حه‌په‌سابوون.
چاویشیان سوور و پڕ گریان بوو.
وچانێکی کورت
ئاوا بووم به فیلیم گێڕه‌ره‌وه‌ی فه‌رمیی خێزانه‌که‌مان.
له‌و ڕۆژه به‌دواوه یاریی هه‌ڵماتێنم نه‌کرد و له‌گه‌ڵ براکانیشمدا نه‌ده‌چووم بۆ کانه چۆڵکراوه‌کان تا مارمێلکه بکوژین. ئه‌و ڕۆژانه‌ی نه‌ده‌چووم بۆ سینه‌ما ــ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاره به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست نه‌بوو، یاخود به‌هۆکاری ئه‌وه‌ی باوکم ناوی ئه‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی نه‌ده‌زانی ــ له ماڵه‌وه ده‌مامه‌وه و مه‌شقم له‌سه‌ر ده‌نگی جیا جیا ده‌کرد و له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌که‌دا، قیافه‌م ده‌گرت.
من ده‌مویست هه‌رجارێک باشتر فیلمه‌کان بگێڕمه‌وه.
له سینه‌ما دیقه‌تی زیاتری ورده‌کارییه‌کانم ده‌دا، که زۆربه‌ی خه‌ڵکی دیقه‌تیان نه‌ده‌دا. ورده‌کاری بچووک، که دواتر له ترش و خوێ کردنی گێڕانه‌وه‌کانمدا به‌کارم ده‌هێنان: ئه‌و شێوازی ته‌حه‌دایه‌ی عه‌شیقه ڕه‌نگ کاڵه‌که‌ی کوڕه مافیاکه، کاتێک لێوه‌کانی ڕه‌نگ ده‌کرد. ئه‌و گرژبوونانه‌ی ده‌موچاوی پیاوه ده‌مانچه به‌ده‌سته‌که، چه‌ند ساتێک پێش ئه‌وه‌ی چه‌که‌که‌ی ده‌ربهێنێت، (که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر جێگای تێبینیکردن نه‌بوون). شێوازی جگه‌ره داگیرساندنی سه‌ربازه‌کان، له‌ناو خه‌نده‌قه‌کاندا، تا دوژمنه‌کانیان گڕی شقارته‌کانیان نه‌بینن.
پاش ماوه‌یه‌ک ئیدی ڕازی نه‌بووم له‌وه‌ی هه‌ر ده‌نگی جیا جیا و جوڵه‌ی ده‌موچاو به‌کاربهێنم، به‌ڵکوو ده‌ستم به به‌کارهێنانی ڕه‌گه‌زی ده‌ره‌کی، ته‌واو هه‌روه‌کو شانۆ کرد. یه‌که‌م پێویستیم، ده‌مانچه ته‌خته‌کانی براکانم بوو، یه‌کێک له شه‌پقه فڕێدراوه‌کانی باوکم، هه‌روه‌ها چه‌ترێک، که دایکم له‌گه‌ڵ خۆیدا له باشووری شیلییه‌وه هێنابووی.
(هەموو ئە‌م شتانە لە سندووقێکی چادا، لە سووچێکی پێشەوەی شانۆکەدا دانراوە و کچە فیلم گێڕەرەوەوکە یەکەیەکە دەریان دەهێنێت و تاقییان دەکاتەوە.)
به‌زوویی ده‌ستم کرد به درووست‌کردنی پێویستییه‌کانی خۆم.
من له قوتابخانه، له وانه‌ی ماڵداری و ئیشی ده‌ستدا زیره‌ک بووم و ئه‌و وانانه‌م به‌کارده‌هێنا تا چارشێو و مێزه‌ر، وه‌کو فیلمه عه‌ره‌بییه‌کان، دروست بکه‌م، باوه‌شێنیش وه‌ک له فیلمه ئیسپانییه‌کاندا هه‌یه و شه‌بقه‌ی زۆر زه‌به‌لاحیش وه‌ک فیلمه مه‌کسیکییه‌کان. شمشێری چینیشم دروست کرد، خوده‌ی جه‌نگ، تیری هندییه سووره‌کان و ماسکی جۆراوجۆر و جیاوازیش. یه‌که‌م ماسکیش دروستم کرد، بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی زۆرۆ بوو. به‌ڵام له هه‌موویان خۆشتر، مه‌شقکردن بوو له‌سه‌ر شه‌پقه، گۆچان و ئه‌و سمێڵه کورته‌ی درووستم کردن تا لاسایی چارلی چاپلن بکه‌مه‌وه، هاوڕێ ڕۆحییه‌که‌م.
(سمێڵێکی بچووک لە گیرفانی دەردەهێنێت و لاسایی چارلی چاپلن دەکاتەوە.)
پێویستییه‌کانیشم له جێگایه‌کی به‌رده‌ست، له‌به‌رده‌م دیواره سپییه‌که‌دا، له سندووقێکی چادا هه‌ڵده‌گرت.
یه‌کێک له کێشه‌کانی سینه‌مای گوندی کانه‌که ئه‌وه‌بوو، زۆرجار شریتی فیلمه‌که ده‌پچڕا. کاتێکیش ئه‌وه ڕووی ده‌دا، له هۆڵه‌که‌دا ده‌بوو به هه‌را. جه‌ماوه‌ره‌که فیکه‌یان لێده‌دا و قاچه‌کانیان به زه‌ویدا ده‌کێشا، به‌شێوه‌یه‌ک که گرمه‌ی ده‌هات و هاوکات تووڕه‌بوونیش له به‌رپرسی ئیشپێکردنی مه‌کینه‌ی فیلم لێدانه‌که. به‌رپرسی مه‌کینه‌ی ئیشپێکردنی فیلم لێدانه‌که‌یش، که به‌وه ناسرابوو، که‌سێکی تووڕه و تۆسنه، گوناهه‌که‌ی ده‌خسته ملی پرۆژێکته‌ره کۆنه‌که.
له په‌نجه‌ره‌ی ژووری پرۆژێکته‌ره‌که‌وه ده‌ینه‌ڕاند
بەرپرسی ئیشپێکردن
گه‌مژەینە، بڕۆن و لای کۆنۆی نه‌گریس سکاڵا بکه‌ن.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
کۆنۆ ئیسپانی بوو، سینه‌ماکه‌ی به‌ڕێوه ده‌برد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش کۆنۆ خاوه‌نی دووکانێکی پۆشاک و سه‌رپه‌رشتیاری قه‌سابخانه‌ی گونده‌که‌یش بوو.
به‌ڵام له کۆتاییدا به گشتی هه‌میشه ئێمه زه‌ره‌رمه‌ند بووین، سه‌رئه‌نجام کاتێک فیلمه‌که چاک ده‌کرایه‌وه، چه‌ندان دیمه‌ن په‌ڕێنرابوون. هه‌روه‌ها ڕووشی ده‌دا، که به‌رپرسه شه‌له‌که‌ی مه‌کینه‌که، وه‌ک وای پێده‌وترا، ئه‌گه‌ر چه‌ند په‌رداخێکی زیاتری بخواردایه‌ته‌وه، ئه‌وا سه‌ره‌وبن شریتی فیلمه‌که‌ی له یه‌کتر ده‌دایه‌وه، هه‌ربۆیه ئێمه له ناوه‌ڕاستی فیلمه‌که‌دا، کۆتاییه‌که‌یمان ده‌بینی.
یاخود سه‌ره‌تاکه‌ی له کۆتاییدا.
یاخود ناوه‌ڕاسته‌که‌ی له سه‌ره‌تادا.
ئه‌و جارانه فیلمه‌که تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌بوو و که‌س هیچ له فیلمه‌که تێنه‌ده‌گه‌یشت.
مۆسیقا
به‌ڵام شتێک بۆ من ببووایه‌ته کێشه، کێشه‌ی جدیی، ئه‌و فیلمانه بوون، خیانه‌تی هاوسه‌رگیری تیا ده‌قه‌وما. له‌و دۆخانه‌دا هه‌رچی توانای ئه‌ندێشه‌کردنم هه‌بوو کۆم ده‌کرده‌وه و وام له ڕووداوه‌که ده‌کرد، باوکم بریندار نه‌کات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێک به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌دا تێپه‌ڕیوه، که دایکم هه‌ڵات، به‌ڵام وه‌ک باوکم کاتێک سه‌رخۆش بوو وتی، هێشتا برینه‌که‌ی هه‌ر کراوه‌یه. جگه له‌وه‌ی ئێمه دایکمان به ناوی خۆیه‌وه ناونه‌ده‌هێنا، ئه‌وه‌ی پێمان ده‌کرا، ده‌مانکرد تا هیچ شتێک نه‌ڵێین یاخود باس نه‌که‌ین، که وا بکات باوکمان بیر له دایکمان بکاته‌وه. ئه‌و جارانه‌یش که وا ڕووی بدایه، ئه‌وا باوکم ده‌رگای ژووری نووستنه‌که‌ی له‌سه‌ر خۆی داده‌خست و به بێده‌نگی و به کوڵ بۆ خۆی ده‌گریا.
وه‌ک ئه‌و ڕۆژه‌ی من فیلمێکی ئیسپانیم بینی و ده‌بوو دانسێکی فلامینکۆ بکه‌م، هیچ شتێکی باشتر به خه‌یاڵمدا نه‌هات، جگه له‌وه‌ی جلێکی دایکم له‌به‌ربکه‌م، که دوای خۆی به‌جێی هێشتبوو. جلێک به خاڵی سوور و په‌ڕپه‌ڕه‌وه، که دایکم زۆر حه‌زی لێده‌کرد و ڕێی تێده‌چێت له‌به‌رئه‌وه نه‌یبردبێت، باوکم لێی شاردبێته‌وه.
باوکم هه‌میشه لێی ده‌شارده‌وه، تا له‌به‌ری نه‌کات.
جله‌که، که بۆ ڕۆڵێکی سەماکەری فلامینکۆ عه‌یبی نه‌بوو، به‌یارمه‌تی چه‌ند ده‌رزییه‌کی ده‌مبووس، بۆم گونجا. من هێشتا یانزه ساڵم پر نه‌کردبوه‌وه، به‌ڵام ته‌واو هه‌روه‌ک زۆربه‌ی کچانی بیابانه‌که، له‌شولارێکی نائاسایی گه‌شه‌کردووم له‌چاو ته‌مه‌نه‌که‌مدا هه‌بوو.
(کچە فیلم گێڕەرەوەکە سەمایەکی فلامینکۆ دەکات)
کاتێک باوکم منی له جله‌که‌ی دایکمدا بینی، ڕه‌نگی په‌ڕی، په‌رداخه شه‌رابه‌که‌ی کێشا به دیواره‌که‌دا (ئه‌وه دوا په‌رداخ بوو مابوومان)، به‌سه‌رمدا قیژاندی.
باوک
ئەو جلە نەعلەتیانە داکەنە…
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
نمایشه‌که وه‌ستێنرا و باوکم سێ ڕۆژی ته‌واو خۆی له ژووری نووستنه‌که توند کرد و شه‌رابی له کترییه‌کی فه‌خفوریدا خوارده‌وه.
ته‌نانه‌ت ڕێگاشی نه‌داین به‌رزی بکه‌ینه‌وه و بیخه‌ینه سه‌ر سیسه‌مه‌که‌ی.
هه‌میشه ڕاهاتبووین هه‌موو ئێواره‌یه‌ک، پێش ئه‌وه‌ی باوکم بخه‌ینه سه‌ر سیسه‌مه‌که‌ی، قاچی درێژ بکه‌ین (که وه‌ک سه‌مونه‌ی ژه‌نگاوی جیکه‌جیکی ده‌هات)، تا به‌یانیی دواتر، پێکه‌وه بیان نوشتێنینه‌وه و باوکم بخه‌ینه‌وه سه‌ر تاکه قه‌نه‌فه‌که‌ی خۆی.
تاریکی
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی کاتدا، خه‌ڵکی له گونده‌که، له‌باره‌ی منه‌وه ده‌ستیان به قسه و باس کردبوو،
ئا ئه‌وه‌یه فیلمه‌کان ده‌گێڕێته‌وه.
ئەوە کچە فیلم گێڕەرەوەکەیە.
ئەرێ ئێوە کچە فیلم گێڕەرەوەکەتان دیووە.
جاروبار خۆم گوێم لێ ده‌بوو، کاتێک له ته‌نیشت دووکانه پڕ کاڵا جۆراوجۆره‌که له‌سه‌ره‌ی ناندا ده‌وه‌ستام. یاخود کاتێک به شه‌قامه‌که‌ی بازاڕدا ده‌ڕۆیشتم، که له قوتابخانه ده‌گه‌ڕامه‌وه. به‌ڵام به ڕاستی ناوبانگم له‌و ئێواره‌یه‌وه بڵاوبوه‌وه، که له سینه‌ما هاتمه‌وه و چاوم به خه‌ڵکێکی زیاتر له ڕۆژانی ئاسایی که‌وت، له ژووری دانیشتنه‌که‌دا بوون.
سه‌ره‌ڕای هاوڕێی براکانم، که ئێستا له په‌نجه‌ره‌که‌وه نه‌ده‌وه‌ستان و سه‌یربکه‌ن، به‌ڵکوو هاتبوونه ژووره‌وه و له‌سه‌ر زه‌وییه‌که داده‌نیشتن، باوکم دوو هاوڕێی کاری کۆنی خۆی داوه‌ت کردبوو. ئه‌وانیش هه‌ردووکییان ژن و منداڵه‌کانییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو.
له‌کاتێکدا من پیاڵه چاکه‌م ده‌خوارده‌وه و خۆم ئاماده ده‌کرد له‌به‌رده‌م دیواره سپییه گه‌چه‌که‌دا بوه‌ستم و بۆ ئاماده‌بووان، ده‌ست به گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌که بکه‌م، باوکم بێ‌وچان بۆ میوانه‌کانی دووپات ده‌کرده‌وه
(پیاڵەیەک چا تێدەکات و بە هێواشی و بە چێژەوە دەیخواتەوە)
باوک
ئه‌گه‌رچی فیلمه‌که ڕه‌ش و سپی بووه و وێنه‌ی ئاسایی بووه، به‌ڵام ده‌بینن ئه‌م کچه به ڕه‌نگاوڕه‌نگ و سکۆپ ده‌یگێڕێته‌وه‌و هەر ئێستا خۆتان ده‌یبینن.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
ئه‌وه زۆر خۆش بوو، که فیلم بۆ جه‌ماوه‌رێکی ئاوا زۆر بگێڕیته‌وه. به‌ڕاستی وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی سینه‌ما هه‌ستم به‌خۆم ده‌کرد. ئه‌و جاره باشترین نمایشی خۆم کرد. فیلمێکی میوزیکی/کۆمیدیم بینی بوو، (ماریسول)ی کچه ژیکه‌له‌ی ئیسپانی، ڕۆڵی تیا ده‌بینی. میوانه‌کان ته‌واو سه‌رسام بوون. ته‌نها له‌به‌ر گێڕانه‌وه و ڕۆڵ بینینه‌که‌م نه‌بوو، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌و گۆرانیانه‌یش که ده‌مچڕین.
گۆرانی
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
دوای نمایشه‌که، چەپڵەڕێزانەکە له گوێم‌دا وه‌ک مۆسیقایه‌کی دڵگیر ده‌زرنگانه‌وه.
له‌و ڕۆژه به‌دواوه له هه‌موو شوێنێک باسی به‌هره‌که‌م ده‌کرا و بۆ هه‌رجارێکی تر هاوڕێی زیاتری باوکم ده‌هات، تاگوێم لێ بگرن و سه‌یرم بکه‌ن.
ئێواره‌یه‌ک، یه‌کێک له میوانه‌کان له‌کاتی ڕۆیشتندا، سه‌رپێیی شتێکی گوت، که ئێمه هه‌ر بیرمان لێ نه‌کردبوه‌وه
میوانێک
ئێوە ده‌بووایه له به‌رانبه‌ریدا پاره‌تان وه‌ربگرتایه. نمایشه‌که‌ی تۆ له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه هونه‌رییه. هاوڕێیان، هونه‌ریش مرۆڤ پاره‌ی پێ ده‌دات.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
دوای ئه‌وه‌ی باوکم له‌گه‌ڵ براکانمدا چه‌ند کاتژمێرێک گفتوگۆی کرد، (که‌س هیچ پرسیاری لە من نه‌کرد)، باوکم گه‌یشته چاره‌سه‌رێکی گونجاو.
باوک
ئێمه پاره وه‌رناگرین، به‌ڵکوو داوای کۆمه‌کی دڵخوازانه ده‌که‌ین. ئه‌وه باشتره.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شتێک ناچاربووین ژووری دانیشتنه‌که ڕێک و پێک بکه‌ین.
هه‌ر ڕۆژی دوایی ده‌ستمان پێ‌کرد. براکانم قه‌نه‌فه‌یه‌ک و کورسییه‌کی کۆنیان زۆر باش چاک کرده‌وه. پاشان چه‌ند ته‌نه‌که‌یه‌کی ڕۆنیان سه‌ره‌وبن دانا، سندووقێکی بیره و هه‌ر شتێکی تریش، که باش بێت بۆ دانیشتن له‌سه‌ری.
کاره‌که باش بۆمان به‌ڕێوه‌چوو.
(هۆڵه‌که) پڕ بوو له منداڵ و گه‌وره، ژن و پیاو. له‌ناو ئه‌وانیشدا ئه‌و که‌سانه هه‌بوون پێشتر ده‌چوون و له سینه‌ما سه‌یری فیلمه‌که‌یان ده‌کرد، تا دواتر بێن بۆ ماڵمان و گوێ له گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌که بگرن. کاتێک ده‌ڕۆیشتن، ده‌یانوت ئه‌و فیلمه‌ی من گێڕاومه‌ته‌وه، باشتر بووه له‌وه‌ی ئه‌وان له سینه‌ما بینیوویانه.
له شه‌وێکدا بۆ گێڕانه‌وه‌ی فیلم، ژووری دانیشتنه‌که به چه‌شنی ساڵۆن گۆڕا.
ژووره‌که‌مان کرد به دوو به‌شه‌وه، ته‌واو وه‌ک ئه‌وه‌ی له سینه‌ما هه‌یه. دوای دواوه، له ته‌نیشت تاکه قه‌نه‌فه‌که‌ی باوکم و کورسی براکانمه‌وه، سندووق و هه‌ر شتێکمان دانا، که بتوانرێ خه‌ڵک له‌سه‌ری دابنیشێت. ئه‌م به‌شه‌یش بوو به جێی دانیشتنی ڕیزی دواوه‌ی ته‌ماشاکاران، به‌شی پێشیشه‌وه بوو به ڕیزی پێشه‌وه‌ی ته‌ماشاکاران و هه‌موو له‌وێ بوون، زیاتر منداڵان، که ناچاربوون له‌سه‌ر زه‌وییه‌که دابنیشن. په‌نجه‌ره‌که‌یش، که پێشتر وه‌ک بالکۆن وابوو، داخرا.
ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو، که هیچ که‌سێک نه‌توانێت سه‌یر بکات و گوێ بگرێت، بێ ئه‌وه‌ی کۆمه‌که‌که‌ی به‌خشیبێت، به‌ڵکوو له‌به‌رئه‌وه بوو به‌شێک له منداڵانی گه‌ڕه‌که‌کانی تر ــ ئه‌وانه‌ی براکانم هه‌رده‌م شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌کردن و به‌ردیان تێ ده‌گرتن ــ فێر بووبوون له‌وکاته‌ی من فیلمه‌کانم پێشکه‌ش ده‌کرد، په‌یدا ببن و زبڵی جۆراوجۆر له په‌نجه‌ره‌که‌وه فڕێ بده‌ن: بنێشت، تۆپه‌ڵه تف، میزه‌ڵانی پڕ له ئاو، گووی وشکه‌وه‌بوو.
جارێکییان ئه‌وانه مشکێکی زیندوویان فڕێدایه ژووره‌وه.
وچانێکی کورت
باوکم کۆمه‌که‌کانی وه‌رده‌گرت. به ته‌نیشت ده‌رگاکه‌وه له‌سه‌ر کورسییه چه‌رخه‌داره‌که‌ی داده‌نیشت و پاکه‌تێکی پێڵاو له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی بوو. کۆمه‌که‌کان هه‌رگیز له پێنج پیزۆ بۆ گه‌وره و یه‌ک پیزۆ بۆ منداڵان زیاتر نه‌بوون. نرخی بلیتێک له سینه‌ما په‌نجا پیزۆ بوو.
برا گه‌وره‌که‌م ڕۆڵی ده‌رگاوانی ده‌بینی و براکانی تریشم شوێنی دانیشتنیان نیشانی میوانه‌کان ده‌دا.
چه‌ند زیاتر خه‌ڵک بهاتنایه گوێم لێ بگرن و سه‌یرم بکه‌ن، ئه‌وه‌نده زیاتر کاره‌که باش ده‌ڕۆیشت و چەپڵەی زیاتریشم بۆ لێدەدرا. ئای چه‌ند چێژم له چه‌پڵه‌ی جه‌ماوه‌ره‌که ده‌بینی، له دوای نمایشه‌که.
(دەنگی چەپڵەی بینەران)
(کچە فیلم گێڕەرەوەکە دەچێتە دەرەوە، خێرا دێتەوە ژوورەوە وچەند جارێک بەدەم چەپڵەی بینەرانەوە دەنووشتێتەوە و سوپاسی بینەرەکانی دەکات)
له‌و باره‌دا منیش به شێوازی ئه‌کته‌ری شانۆ سوپاسم ده‌کردن، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م شته‌یشم ته‌نها له سینه‌ما بینی بوو. کاتێک چه‌پڵه‌کان ده‌ستیان پێ ده‌کرد، من ڕامده‌کرده ژووره‌که‌ی ته‌نیشت، بۆ ساتێک چاوه‌ڕێ ده‌بووم، هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵم هه‌ڵده‌کێشا و یه‌کسه‌ر دوای ئه‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه و به‌ده‌م چه‌ماندنه‌وه‌وه سوپاسم ده‌کردن، که خۆم چێژم لێ ده‌بینی.
جاری وا هه‌بوو، خه‌ڵکی ئه‌وه‌نده زۆر چه‌پڵه‌یان لێده‌دا، که ده‌بوو سێ جار بێمه ده‌ره‌وه و سوپاسیان بکه‌م.
(دەنگی چەپڵەی بینەران)
دوای ئه‌و نمایشانه، ده‌نگی چه‌پڵه‌کان له گوێم‌دا ده‌زرنگانه‌وه، که زه‌حمه‌ت بوو بۆم بنووم. له‌جیاتی ئه‌وه، به بێدارییەوە ڕاده‌کشام و بیرم له دایکم ده‌کرده‌وه و له‌ژێر چه‌رچه‌فه‌که‌وه به‌بێ ده‌نگی بۆ خۆم ده‌گریام. کاتێک دایکم به‌جێی هێشتین، برایه‌کم تووشی لاڵه‌په‌تێیی بوو، بۆ خۆشم قژم پڕ بوو له ئه‌سپێ. ژنه‌کانی دراوسێمان وتیان کاتێک خه‌فه‌تت هه‌بێت، ئه‌وه ڕووده‌دات. منیش به‌هۆی دایکمه‌وه غه‌مبار بووم و له خۆشه‌ویستی ئه‌ویشدا، هه‌موو ئه‌سپێکانم ده‌خوارد.
ئه‌وه‌نده ئه‌وم خۆشده‌ویست.
ئه‌وه‌نده تاسه‌یم ده‌کرد.
بیرم کرده‌وه، ده‌بێت ئه‌و چه‌ند هه‌ست به شانازی بکات، ئه‌گه‌ر ببینێت چۆن خه‌ڵکی گوێم لێ ده‌گرن و چه‌پڵه‌م بۆ لێ ده‌ده‌ن.
بڵێی خه‌ڵکیش دوای سه‌ما نمونه‌ییه‌که‌ی، چه‌پڵه‌ی ئاوا زۆری بۆ لێبده‌ن؟ بڵێی ئه‌ویش ناوه ئاساییه‌که‌ی خۆی گۆڕیبێت بۆ ناوێکی هونه‌رییانه؟ بڵێی هێشتا ملپێچه ئاوریشمییه‌که‌ی به‌کاربهێنێت؟ له‌ژێر چه‌رچه‌فه‌که‌وه گریانه‌که‌مم ده‌گرت و ده‌مبینی چۆن نیوه ڕووت له‌سه‌ر شانۆیه‌ک، له‌ژێر ڕه‌نگی ئاڵ و واڵای پرۆژێکتۆردا، که داده‌گیرسێن و ده‌کوژێنه‌وه، سه‌ما ده‌کات. ماوه‌یه‌کی که‌م له‌وه‌وبه‌ر له‌سه‌ره‌ی ناندا گوێم لێ بوو چه‌ند ژنێک وه‌ستابوون و باسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد، که دایکم بۆئه‌وه ملی ڕێگای گرته‌به‌ر، تا ببێت به سه‌ماکه‌ر له شانۆی نمایشیدا.
دایکم ته‌مه‌نی بیست و شه‌ش ساڵ بوو، کاتێک به‌جێی هێشتین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێنج منداڵی له پێنج ساڵدا ببوو (یه‌که‌میانی کاتێک بووه، که ته‌مه‌نی چوارده ساڵ بووه) له‌ش و لارێکی هێنده جوانی هه‌بوو، به‌خیلی پێ ده‌برا. ئه‌وه‌م به ڕوونی له یاده، من چه‌ندان جار بینیبووم، له‌و کاتانه‌ی ته‌نها من و ئه‌و له‌ماڵ ده‌بووین، ته‌نها به‌جلی ژێره‌وه و له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌که‌دا سه‌مای ده‌کرد.
(لاسایی دایکی دەکاتەوە، کاتێک سەما دەکات)
به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی سیمای ته‌واو ته‌ڵخ بێت و له‌لام بکوژێته‌وه، هه‌روه‌ک سیمای خانمه ئه‌کته‌رێک، که ماوه‌یه‌کی درێژ بێت هیچ فیلمێکی نه‌کردبێت. دوای ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێکی زۆر فیلمم بینی، سه‌رنجمدا منیش فیلم و واقیع تێکه‌ڵ ده‌که‌م. قورس بوو بۆ من ئه‌وه‌م به‌بیردا بێته‌وه، به‌وه‌ی ئایا به خۆم له‌و شته‌دا ژیاوم، یاخود ته‌نها له سینه‌ما له فیلم‌دا بینیومه، یاخود خه‌ونم پێوه بینیوه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه ڕووی ده‌دا که من خه‌ونه‌کانی خۆم و دیمه‌نی جیاجیای فیلمه‌کانم تێکه‌ڵ ده‌کرد.
هه‌مان شتیش له‌گه‌ڵ جوانترین بیره‌وه‌رییه‌کانم سه‌باره‌ت به دایکم، ڕووی ده‌دا. وێنه‌ی بیره‌وه‌ریی ئه‌و ساته خۆشانه‌ی پێکه‌وه هه‌مانبوون، به ڕێگاوه بوون له یاده‌وه‌ریی مندا بسڕێنه‌وه، به دڵنیاییه‌وه هه‌روه‌ک دیمه‌نه‌کانی فیلمێکی کۆن.
فیلمێکی ڕه‌ش و سپی.
فیلمێکی بێده‌نگ.
گێڕانه‌وه‌ی فیلمێک، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌یه خه‌ونێک بگێڕیته‌وه.
گێڕانه‌وه‌ی ژیانێکیش، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌یه خه‌ونێک یاخود فیلمێک بگێڕیته‌وه.
(دیمەنی فیلمێک لەسەر شاشەکە پێشان دەدرێت، کچە فیلم گێڕەرەوەکە تێکەڵاوی فیلمەکە دەبێت، دەنگی فیلمەکە نامێنێت و کچە فیلم گێڕەرەوەکە لە ناو فیلمەکەوە دەکەوێتە قسەکردن.)
تا ده‌هات ده‌نگۆی توانا ئه‌ندێشه‌ییه‌که‌م زیاتر بڵاو ده‌بوه‌وه. ته‌نانه‌ت وای لێهات خه‌ڵکی ڕایانده‌سپاردم تا فیلمیان بۆ بگێڕمه‌وه. به پله‌ی یه‌که‌م فه‌رمانبه‌ر و بازرگانه‌کان، که له گونده‌که‌دا پاره‌دارتر بوون. دوای ئه‌وه ده‌ستکه‌وتی نمایشه‌کانم وای کرد، بتوانین هه‌ندێک خۆشگوزه‌رانی به خۆمان ببه‌خشین، وه‌ک کڕینی خواردنه‌وه بۆ نیوه‌ڕوان، یاخود هه‌موو ڕۆژێک بچم بۆ سینه‌ما ــ ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی پاره‌کان بۆ بوتڵه شه‌رابه‌کانی باوکم ده‌ڕۆیشت، که به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو هه‌م له ڕووی چه‌ندایه‌تی، هه‌م چۆنایه‌تیشه‌وه زیادی کردبوو ــ که‌سێک، بیرم نییه کێ بوو، بیرۆکه‌یه‌کی بۆ هات، که ئێمه کارت چاپ بکه‌ین.
به که‌ناری ئاڵتونی و پیتی خواری زه‌خره‌فه‌یی:
|
(کارتەکەی بەسەر بینەراندا دابەش دەکات)
دوای ئه‌وه به‌دبه‌ختیم ده‌ستی پێ‌کرد.
(دەنگی ڕێژنەی باران دێت)
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
یه‌که‌م که‌س (دۆنا مێرسێدیس مۆرالیس) بوو ڕووی تێ‌کردم، به‌رگدرووی ئافره‌تان بوو، که له مه‌یدانه‌که ده‌ژیا و یه‌کێک بوو له میهره‌بانترینی ئه‌و ژنانه‌ی بینیومن. سینیۆرا مارسێدیس داوای لێکردم (خانمه فرۆشیاری گوڵه وه‌نه‌وشه)ی بۆ بگێڕمه‌وه، که یه‌ک هه‌فته له‌وه‌و پێش له سینه‌ماکه پیشان درا بوو. ئه‌و خانمه نه‌یتوانیبوو بچێت و سه‌یری بکات.
دوای نانی نیوه‌ڕۆ چووم بۆ لای سینیۆرا مارسێدیس. باوکم فه‌رمانیدا به میرتۆی برام، تا یارمه‌تیم بدات له هه‌ڵگرتنی سندووقی چایه‌که‌دا، که له‌ناویدا که‌لوپه‌له ئیسپانییه‌کانم هه‌ڵگرتبوو. سینیۆرا مارسێدیس نمایشه‌که‌می به دڵ بوو، زۆر میهرەبانیش بوو له‌گه‌ڵمدا. جگه‌له‌وه‌ی بلووزێکی (تافی) وه‌نه‌وشه‌یی په‌ڕپه‌ڕه‌ی دامێ، زیاد له‌وه‌یش پاره‌ی دامێ، که له دوو ئێواره‌ی ئاسایی‌دا ده‌ستمان ده‌که‌وت.
له‌و ڕۆژه به‌دواوه، زۆرجار ڕووی ده‌دا خه‌ڵکی داوام لێبکه‌ن، بچم و له ماڵه‌کانیان فیلمیان بۆ بگێڕمه‌وه.
ئه‌م بانگهێشتانه‌یش زیاتر بۆ پیره نه‌خۆشه‌کان بوون، که نه‌یانده‌توانی بچن بۆ سینه‌ما. گرفته‌که ته‌نها ئه‌وه بوو، به‌شێک له‌وانه داوایان لێده‌کردم فیلمێکییان بۆ بگێڕمه‌وه، که زۆر له‌وه‌وبه‌ر پیشان درابوو، یاخود فیلمێک که من هه‌ر نه‌مبینیبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌و فیلمانه‌ی ده‌مێک بوو پیشان درابوون، هیچ کێشه‌م نه‌بوو. له‌و به‌شه‌وه ده‌ستم پێ ده‌کرد، که بیرم مابوو، باقییه‌که‌یشیم له خه‌زێنه‌که‌ی خۆمه‌وه بۆ زیاد ده‌کرد. ئاوا به‌م شێوه‌یه خۆم له گرفته‌که ڕزگار ده‌کرد، بێ هیچ زه‌حمه‌تییه‌ک. تاقه جارێک زاتم کرد فیلمێک بگێڕمه‌وه، که هه‌ر نه‌مبینیبوو. ئه‌ویش ئه‌و جاره بوو، دۆنا فیلیبێرتا، خاوه‌نی دووکانی چوکلێت و نوقوڵه تاقانه‌که‌ی گونده‌که، داوای لێکردم بچم بۆ ماڵیان.
ئه‌و خانمه به‌ته‌مه‌نه، که به‌لای هه‌ندێکه‌وه نه‌ختێك شێتۆکه‌یه، گیانی ده‌دا و ده‌یویست من نمایشێکی سینه‌مای بۆ بگێڕمه‌وه (ئه‌و وتی نمایشی سینه‌ما)، که (لیبێرتا لامارکوێ) ڕۆڵی تیا ده‌بینی. فیلمه‌که ناوی (ماچی سیحراوی) بوو و کاتێکیش دۆنا فیلیبێرتا ئه‌وه‌ی گوت، وەک گوناهێکی کردبێت، چاوی هه‌ڵبڕی و ڕوونی کرده‌وه، که ئه‌و فیلمه وای لێده‌کات بیر له عه‌شقێکی فه‌رامۆشنه‌کراو بکاته‌وه.
خانمە بە تەمەنەکە
ئه‌و دیمه‌نه‌ی من زیاتر له بیرمە، ئه‌وه‌یه، کاتێک لامارکوێ له گۆمێکی شینی ڕووندا مه‌له ده‌کات.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
(ئه‌و وتی ده‌ریاچه‌یه‌کی شین ئه‌گه‌رچی له‌وکاته‌دا ته‌نها فیلمی ڕه‌ش و سپی هه‌بوون)، پاشان گۆرانییه‌کی خۆشی گوت، که ناوی (هه‌روه‌ک باڵنده) بوو.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە بە نەبرەی خانمە بە تەمەنەکە هەوڵ دەدات گۆرانی (هەروەک باڵندە) بڵێت
خانمە بە تەمەنەکە
ئازیزم، تۆ ئه‌و فیلمه‌ت بینیوه؟
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
من درۆم کرد و گوتم بینیوومه، به‌ڵام به ته‌واوی نایه‌ته‌وه یادم. من ئه‌وسا، زۆر بچووک بووم. ئه‌گه‌ر ئه‌و بیه‌وێت ته‌نها تۆزێک یاده‌وه‌ریم بجوڵێنێت… دۆنا فیلیبێرتا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ و باش باسی فیلمه‌که و جل و به‌رگ و دیمه‌نه‌کانی کرد، جگه له‌وه‌یش هه‌موو گۆرانی (هه‌روه‌ک باڵنده)ی به ته‌واوی وت. منیش گورج توانیم چیرۆکێک پێکه‌وه بنێم و دواتر بۆی بگێڕمه‌وه، هه‌تا ئه‌و خه‌وی لێکه‌وت.
دۆنا فیلیبێرتا، که گه‌یشتبووه نه‌وه‌د و دوو ساڵ و سێ جاریش بێوه‌ژن که‌وتبوو، دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه‌ی من له ماڵی ئه‌ودا بووم، مرد. دوای ناشتنه‌که‌ی، خزمه‌کانی هه‌ندێک گاڵته‌یان له‌باره‌ی پووره فیلییه‌وه گێڕایه‌وه و پێیان ده‌گوت:
خزمی یەکەم
ئه‌و فیلمه‌ی کچە فیلم گێڕەرەوەکە گێڕابوویەوە، په‌یوه‌ندی به‌و فیلمه‌وه نه‌بووه، که ئه‌م جارێک بینیویه‌تی.
خزمی دووەم
به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌و شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی کچە فیلم گێڕەرەوەکەی به‌رز نرخاندبوو، ته‌نانه‌ت زیاتر له فیلمه‌که‌یش.
خزمی یەکەم
به خۆشییه‌وه گوتبووی: (لاسایی دەنگی خانمە بە تەمەنەکە دەکاتەوە)
ئه‌و فیلمه‌ی من بینیبووم، ته‌نها سه‌عات و چاره‌کێکی ده‌خایاند، به‌ڵام ئه‌و فیلمه‌ی ئه‌و کچه گێڕایه‌وه، نزیکه‌ی دوو سه‌عاتی خایاند.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
خزمه‌کانی گوتیان، کاتێک مردووه، بزه‌یه‌ک له‌سه‌ر لێوی بووه.
هەمان گۆرانی (هەروەک باڵندە) دووبارە دەکرێتەوە
بێدەنگی
ئه‌و جارانه‌ی ده‌چووم بۆ ماڵی خه‌ڵکی و فیلمم ده‌گێڕایه‌وه، له‌کاتی سه‌رخه‌وشکاندنی نیوه‌ڕۆدا ده‌مکرد، چونکه پێش نیوه‌ڕوان ده‌چووم بۆ قوتابخانه و ئێوارانیش ده‌چووم بۆ سینه‌ما. به فه‌رمانی باوکم، براکانم له هه‌ڵگرتنی سندووقه چایه‌که‌دا یارمه‌تییان ده‌دام، به‌ڵام ئه‌وه له‌ناو گازه‌نده و ته‌قینه‌وه‌ی تووڕه‌ییدا ڕووی ده‌دا. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵم ده‌هاتن بۆ ماڵی ئه‌و که‌سه‌ی داوای کردبووم، به‌جێیان ده‌هێشتم و ون ده‌بوون تا بچن یاری بکه‌ن. ئه‌وان په‌یمانییان ده‌دامێ، دوای یه‌ک کاتژمێر به‌دوامدا بێنەوە و بمبه‌نه‌وه، هه‌رده‌م نزیکه‌ی یه‌ک کاتژمێرم پێ ده‌چوو، تا فیلمێک بگێڕمه‌وه. به‌ڵام که کاتی ئه‌وه ده‌هات بمبه‌نه‌وه، هه‌میشه ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵ بوون به یارییه‌کانیانه‌وه، ناچار ده‌بووم خۆم کاره‌که جێبه‌جێ بکه‌م. ئه‌و ڕۆژه هه‌وراوییه‌ش وابوو، که چووم بۆ ماڵی سووخۆره‌که‌ی گوندی کانه‌که، تا فیلمێکی کاوبۆی بگێڕمه‌وه.
(لەسەر شاشەیەک ئاسمانێکی پڕ لە هەور پشان دەدرێت، هه‌وره‌کان به‌یه‌کدا ده‌چن و پانتاییەکی خۆڵەمێشی تۆخ دروست ده‌که‌ن و گوێمان لە دەنگی بارانێکی بەخوڕ دەبێت.)
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
گونده‌که‌ی ئێمه، یه‌کێک له هه‌ژارترین گوندی هه‌رێمه‌که بوو. خه‌ڵکی له‌و ناوچه بیابانییه‌دا هیچ شتێک نه‌بوو تا له ئێواره درێژه‌کاندا، بیکه‌ن.
ته‌نها شتێک هه‌مان بوو، سینه‌ماکه بوو.
به‌ڵام مووچه‌ی خەڵکەکە هەرگیز به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد تا بچن بۆ سینه‌ما. زۆربه‌یان به سلفه ده‌ژیان و بۆ ئه‌وه‌ی تا سه‌ره موچه‌ی داهاتوو پاره‌یان ده‌ست بکه‌وێت ، زۆرێک ده‌چوون بۆ لای سووخۆره‌که، کۆبۆنه‌کانیان بە بارمته دادەنا.
سووخۆره‌که ناوی دۆن نۆلاسکۆ بوو.
له پێنجشه‌مواندا، که ڕۆژی مووچه بوو له گوندی کانه‌که‌دا، ژنی کرێکاره‌کان له ڕیزدا له ده‌ره‌وه‌ی ماڵی دۆن نۆلاسکۆ ده‌پاڕانه‌وه و تکایان ده‌کرد.
ژنی کرێکاری یەکەم
دۆن نۆلاسکۆ، ڕێگه‌م بده ئێستا نیوه‌ی بده‌م، باقییه‌که‌یشی هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ده‌م، وا باش نییه؟
ژنی کرێکاری دووەم
ده‌بێ شیر بۆ کچه بچوکه‌که‌م بکڕم.
ژنی کرێکاری یەکەم
تکایە، ڕێگەم بدە ئێستا نیوەی بدەم
دۆن نۆلاسکۆ
نه‌خێر، بە هیچ شێوەیەک شتی وا نابێت.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
سووخۆره‌که له ماڵێکی تاریک و بێده‌نگ، له کۆتایی شه‌قامه‌که‌دا و له که‌ناری خۆرئاوای گونده‌که، ده‌ژیا. ئه‌و ڕۆژه‌ی من چووم بۆ لای بۆ ماڵه‌وه، تا فیلمێکی بۆ بگێڕمه‌وه، ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌ک بوو.
دنیایش هه‌ور و هه‌ڵا بوو.
وه‌ک هه‌میشه له‌کاتی خه‌وی نیوه‌ڕواندا شه‌قامه‌که چۆڵ بوو. به‌ڵام له‌وانه‌یه ئه‌و ڕۆژه زۆر زیاتر له ڕۆژانی ئاسایی چۆڵتر بووبێت، له‌به‌ر ئه‌و فوتبۆڵێنه‌ی له‌وسه‌ری دیکه‌ی دێکه ده‌کرا و یاری کۆتایی هه‌رێمه‌که بوو. فوتبۆڵیش خۆشییه‌کی تر بوو که خه‌ڵکه‌که‌ی له مردن، له وه‌ڕسی بیابانه‌که ڕزگار ده‌کرد.
کاتێک من و مانوێلیی برام (که باوکم ناچاری کردبوو له یاریگاکه‌وه بێت و یارمه‌تیم بدات)
باوک
مانوێل، دەبێت لەگەڵ خوشکەکەت بڕۆیت و شتەکانی بۆ هەڵبگریت و یارمەتی بدەیت.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
گه‌یشتینه به‌رده‌م ماڵه‌که، سووخۆره‌که ده‌رگای لێ کردینه‌وه، چاوی تێبڕیم و لێی پرسیم ئه‌م سندووقه‌م بۆ چییه. کاتێک بۆم ڕوون کرده‌وه، به کورتی وتی:
دۆن نۆلاسکۆ
به‌بێ ئه‌و که‌لوپه‌لانه.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
مانوێل زۆر خۆشحاڵ بوو و گورج به‌خۆی و سندووقه‌که‌وه به‌ڕاکردن به‌رەو ماڵ گه‌ڕایه‌وه و هه‌ر له‌وێشه‌وه به‌ره‌و یاریگاکه ڕۆیشت. سه‌ره‌تا له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم، که دۆن نۆلاسکۆ ده‌یه‌وێت ئازادبێت له‌وه‌ی خۆی چۆن بیر له کاره‌کته‌ره‌کان ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم ئه‌وه زۆر باشه. دواتر بۆم ده‌رکه‌وت، که نیازی خراپە. به‌ڵام ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیەم له دڵی خۆم ده‌رکرد. وای بۆچووم، که له‌وانه‌یه هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه بێت، که من فیلمێکی ئێجگار زۆرم بینیوه.
سووخۆره‌که به‌ته‌نیا ده‌ژیا. په‌رده‌کان به‌شێوه‌یه‌ک دادرابوونه‌وه، که خانووه‌که له تاریکیدا نوقووم بووبوو.
ڕه‌فه‌کان پڕ بوون له که‌لوپه‌ل، که له‌بری پاره وه‌کوو بارمته له‌وێ دانرابوون: ڕادیۆ، کامێرا، تاقمی فه‌خفوری، که‌شمیری خوری ئه‌سڵی، خۆم وام به خه‌یاڵی خۆمدا ده‌هێنا، که سه‌دان کاتژمێر و ئه‌نگوستیله‌ی ئاڵتوون له‌ناو ئه‌و سندووقانه‌دان. له سوچی دۆڵابێکدا به‌سته‌یه‌ک کۆپۆن هه‌بوو، به لاستیک به‌سترابوون.
له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که دانیشت. منیش به‌رانبه‌ری وه‌ستام و ده‌ستم به گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌که کرد. ئه‌و داوای لێکردم فیلمێکی (جۆن واین) بگێڕمه‌وه، که ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌بوو له سینه‌ما پیشان درابوو. بۆ یه‌که‌مجار له ژیانمدا هه‌ستم کرد چۆن قاچم ده‌له‌رزێت. بۆ یه‌که‌مجار وشه‌ی سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌که‌مم نه‌دۆزییه‌وه. نه‌فره‌تم له خۆم کرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێگه‌م بە براکه‌م دا بڕوات. ده‌ترسام. دۆن نۆلاسکۆ نموونه‌ی به‌دکاری بوو له گونده‌که‌دا.
هه‌ر پاش که‌مێک به مه‌به‌ستی ڕوونکردنه‌وه، به ڕه‌قییه‌وه قسه‌که‌ی پێ بڕیم.
دۆن نۆلاسکۆ
گوێیەکم نه‌ختێك گرانه، که‌مێک نزیک بەرەوە. باشتره ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ژنۆم دابنیشیت و فیلمه‌که‌م بۆ بگێڕیتەوە.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
ده‌نگی ئه‌وه‌نده قایم بوو، نه‌موێرا ڕه‌تی بکه‌مه‌وه.
کاتێک جێگای خۆمم له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ ڕەق و تەقەکانی کرده‌وه، له گێڕانه‌وه‌که‌م به‌رده‌وام بووم. ئه‌و به شێوه‌یه‌کی سه‌یر ته‌ماشای ده‌کردم. له‌و ساته‌دا تێگه‌یشتم که ئه‌و هیچ گوێ نادات به فیلمه‌که. به‌ڵام تازه دره‌نگ بوو. له هه‌مان ساتدا، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کردم، که کردی. ئه‌وه‌نده ده‌ترسام وا هه‌ستم ده‌کرد ئه‌ژنۆم شکاوه، نه‌شمده‌وێرا هیچ به‌رپه‌رچێکی بده‌مه‌وه. ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کردم، که ده‌یویست، به‌تایبه‌ت له که‌مه‌رم به‌ره‌و خوار.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی من پێشتر که‌مێک یاریم له‌گه‌ڵ هاوڕێی براکانمدا کردبوو، له‌و کاته‌ی هێشتا له‌گه‌ڵیاندا ده‌چووم بۆ کانه چۆڵکراوه‌کان، به‌ڵام ئه‌وه له یاری منداڵان زیاتر نه‌بوو. ئێستا وه‌ک ئه‌وه وابوو، شتێک له‌ناو مندا دڕا بێت.
له ڕێگای ماڵه‌وه، وا ده‌ڕۆیشتم وه‌ک ئه‌وه‌ی له له‌شی خۆمدا نه‌بم.
زه‌وییه‌که له‌ژێر قاچمدا ده‌جوڵایه‌وه و یه‌ک به‌دوای یه‌کیش، ئه‌و پارە وردانه‌م به‌رده‌دایه‌وه، که سووخۆره‌که، پێش ئه‌وه‌ی له‌وێ بڕۆم، به زۆر کردییه ناو ده‌ستمه‌وه.
(کچە فیلم گێڕەرەوەکە یەکە یەکە پارە وردەکانی لە دەست دەکەوێتە خوارەوە)
شه‌رمه‌زارییه‌کی ترسناک دایگرتبووم. هه‌ستم کرد ئه‌وه‌نده گڵاوم، تەنانەت ئەو هەوایەیشم بە خۆم ڕەوا نەدەبینی، کە پڕ بە سییەکانم هەڵمدەمژی.
کاتێک له‌سه‌ر سوچه‌که به‌ره‌و کۆڵانه‌که‌مان پێچم کرده‌وه، باوکمم بینی له به‌رده‌رگا دانیشتووه، هه‌وڵمدا چه‌ندێک بتوانم خۆم قنج بکه‌مه‌وه. من نه‌مده‌ویست باوکم ناچار بێت، له‌وه‌ی پێشتر چه‌شتبووی، زیاتر ئازار بچێژێت. نه‌گبه‌ته خه‌وی لێ که‌وتبوو و سه‌ری به‌ر بووبووه‌وه سه‌ر سنگی. براکانم ئه‌ویان به ته‌نیا له‌گه‌ڵ بوتڵه شه‌رابه‌که‌یدا به‌جێ هێشتبوو. ساتێک وه‌ستام و سه‌یرێکیم کرد، که له کورسییه‌که‌یدا نوشتابوه‌وه له که‌مه‌ر به‌ره‌و خواره‌وه‌ی بێکه‌ڵک بوو. ڕێك له‌و کاته‌دا له شتێك گه‌یشتم، که پێشتر بۆم ڕوون نه‌کرابووه‌وه، ئه‌ویش له ڕاستیدا هۆی به‌جێهێشتنی دایکم بوو بۆی. هاتەوە یادیشم، ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌و ڕۆیشت، ڕۆژێکی هه‌وروهه‌ڵا بوو.
تاریکی
(دەنگی ڕێژنەی باران دێت)
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
ئێواره‌که‌ی وه‌ک هه‌میشه چووم بۆ سینه‌ما. که گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه، فیلمه‌که‌م به په‌له گێڕایه‌وه، به‌بێ جۆش و خرۆشێکی زۆر. وتم سه‌رم ژان ده‌کات. بۆ خۆشبەختی نزیکه‌ی هه‌موو بینه‌ره‌کانم ته‌نها منداڵ بوون و به‌گشتیش که‌س سکاڵای نه‌کرد. پاشان داوام له برا گه‌وره‌که‌م کرد، له‌گه‌ڵم بێت بۆ حه‌وشه. له‌سه‌ر شه‌لمانێکی ئاسنین دانیشتین و ئه‌وه‌ی ڕووی دابوو، بۆم گێڕایه‌وه.
کاره‌که هێنده تاساندبوومی، هه‌موویم گێڕایه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بگریم. هه‌ستم بە ئارامییه‌کی زۆر سه‌یر کرد، که وای لێکردم هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی له هه‌وادا بفڕ‌م. ئه‌و به‌بێ ده‌نگی گوێی لێ گرتبووم.
براکه‌م یه‌ک وشه‌ی نه‌وت.
به ئاسته‌م چاوی ده‌تروکاند.
پاشان هه‌ستم کرد به ڕاستی گوناهبارم. بیرم کرده‌وه، وابزانم نه‌ده‌بووایه ئه‌وه‌م بۆ بگێڕایه‌ته‌وه.
(پیشاندانی فیلمێکی کۆمێدی ڕەش و سپی کۆن لەسەر شاشە سپییەکە)
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
دوای دوو هه‌فته له به‌یانییه‌کی پێنچشه‌ممه‌دا، ئه‌و ڕۆژه‌ی مووچه‌ی تیا ده‌درا، سووخۆره‌که به کوژراوی له ژووری پاسه‌وانییه‌که‌یدا دۆزرایه‌وه. له‌سه‌ر زه‌وییه ته‌خته رۆناوییه‌که ڕاکشابوو و کۆبۆنه‌کانیش په‌رش و بڵاو له‌سه‌ر لاشه‌که‌ی فڕێدرابوون. ئه‌و به کلکه خاکه‌نازێک کوژرابوو.
ئه‌و که‌سانه‌ی کۆبۆنه‌کانییان لای دۆن نۆلاسکۆ وه‌کوو بارمته دانابوو، گومانلێکراوی سه‌ره‌کی بوون. پۆلیسه‌کان یه‌ک به‌دوای یه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا کرد، له‌پێشدا ئه‌و ژنانه‌ی شه‌وان به دزییه‌وه ده‌چوون بۆ لای سووخۆره‌که تا پاره‌ی کۆبۆنی مێره‌ده‌کانیان بگێڕنه‌وه، ئه‌وه‌یش شتێک بوو هه‌موو خه‌ڵکی گونده‌که پێیان ده‌زانی.
به‌ڵام ئه‌وانه هه‌موویان بێ تاوان ده‌رچوون.
بێدەنگی
کات له‌سه‌رخۆ و بە هێمنییەوە تێده‌په‌ڕی، وه‌ک بۆی ده‌چووم، له‌هه‌موو بیابانه‌کاندا هه‌ر وایه. به‌م نزیکانه سیانزه ساڵ پڕ ده‌که‌مه‌وه، ته‌نووره‌یه‌کی کورت کورتم له‌به‌ردا بوو و به‌رده‌وام بووم له گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌کانم.
زیاتر و زیاتر بینه‌رم راده‌کێشا.
چه‌ند مانگێک دواتر باوکم مرد.
ئێواره‌یه‌ک له ماڵه‌وه، له‌سه‌ر قه‌نه‌فه یه‌ک نه‌فه‌رییه‌که‌ی خۆی، به دانیشتنه‌وه گیانی ده‌رچوو، له‌وکاته‌ی من فیلمێکی مه‌کسیکیم ده‌گێڕایه‌وه. له‌و باوه‌ڕه‌یش دام ئه‌وه له‌و ساته‌دا ڕوویدا بێت، من گۆرانی (ئێلا)م گوت، که جوانترین کۆپله‌ی (خۆسییه ئالفریدۆ خیمێنس)ه.
نه‌مده‌زانی ئه‌و گۆرانییه وای لێده‌کات، بیر له خیانه‌ته‌که‌ی دایکم بکاته‌وه.
گۆرانی
ماندووبووم له پاڕانه‌وه
ماندووبووم له تکاکردن
چۆن ئه‌و نایه‌وێت گوێ بگرێت
من له خه‌ما ده‌مرم
له لێوه‌کانیشییه‌وه ئه‌وه دێت:
ئیدی من تۆم خۆش ناوێت
باوکم له‌سه‌ر قه‌نه‌فه یه‌ک نه‌فه‌رییه‌که‌ی دانیشتبوو، به‌تانییه‌که‌یش به قاچه بێ که‌ڵکه‌کانیدا درابوو. چاوه‌کانی کراوه‌بوون و کووپه شه‌رابه‌که‌یشی تووند گرتبوو. ئێمه سه‌رنجمان نه‌دابوو ئه‌و له پێش ته‌واوبوونی گێڕانه‌وه‌که‌وه مردبوو، وه‌ک هه‌رجاری تریش چه‌پڵه‌ی لێ نه‌دابوو.
په‌رستیاری گونده‌که وتی سه‌کته‌ی دڵ بووه.
هه‌مان ساڵ وازم له قوتابخانه هێنا –دوای ئه‌وه‌ی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییم ته‌واوکرد- هه‌موو به‌رپرسیارێتی ماڵه‌وه‌م هه‌ڵگرت. بێجگه له جێگاڕاخستن و قاپشۆردن، خۆم فێری چێشتلێنان و جلشۆرین کرد.
ئێوارانیش له گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌کانم به‌رده‌وام بووم.
هه‌رزوو پێش ئه‌وه‌ی چوارده ساڵ ته‌واو بکه‌م –له‌وکاته‌دا ته‌مه‌نم هه‌ر وه‌ک ته‌مه‌نی دایکم ده‌بوو، کاتێک یه‌که‌م منداڵی ببوو- ببووم به دۆستی سه‌رپه‌رشتیاره‌که. له‌و ماوه‌یه‌ی نێوان مردنی باوکم و ساڵڕۆژی چوارده ساڵیم تێپه‌ڕی، هه‌روه‌ک ته‌زبیح یه‌ک ڕیز ڕووداو ڕوویاندا، هه‌لومه‌رجه‌که ناچاریان کردم بچمه باوه‌شی گرینگۆوه.
(لەسەر شاشەیەک ئاسمانێکی پڕ لە هەور پیشان دەدرێت، هه‌وره‌کان به‌یه‌کدا ده‌چن و پانتاییەکی خۆڵەمێشی تۆخ دروست ده‌که‌ن و گوێمان لە دەنگی بارانێکی بەخوڕ دەبێت.)
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
یه‌که‌م ناخۆشی که دوای مردنی باوکم ڕوویدا، په‌یوه‌ندی به مارسێلینۆی برا بچووکمه‌وه بوو. ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ کاتێک له کۆڵان یاریی چاوشارکێی ده‌کرد، به ڕێکه‌وت که‌وته ژێر تایه‌ی سه‌یاره‌ی خۆڵه‌که‌وه. ده‌ستبه‌جێ مرد.
ماوه‌یه‌ک دوای ئه‌وه، میرتۆی برام، که هه‌رگیز پێشتر په‌یوه‌ندی نه‌بووبوو، هۆگری بێوه‌ژنێکی گه‌نج بوو، که به‌سه‌ردان هاتبوو بۆ گوندی کانه‌که، بێوه‌ژنێکی ڕه‌ش، به پله‌یه‌ک وای لێکرد عه‌قڵ له‌ده‌ست بدات، که بێئه‌وه‌ی دوودڵ بێت، دوای که‌وت بۆ شارێکی تر. چوار سه‌د میل له باشوور.
ئه‌و ڕۆیشت بێ ئه‌وه‌ی به که‌س بڵێت.
میرتۆ شانزه ساڵ بوو، بێوه‌ژنه‌که‌یش بیست و هه‌شت ساڵ.
ماوه‌یه‌کی که‌م دوای ئه‌وه، له‌لایه‌ن یانه‌یه‌کی پرۆفیشناڵی فوتبۆڵه‌وه، سه‌ردانی گونده‌که کرا، که به به‌شه‌کانی باکووری وڵات‌دا سه‌فه‌ری کردبوو، هه‌روه‌ها ده‌بوو یارییه‌کی دۆستانه به‌رانبه‌ر یه‌کێک له تیپی فوتبۆڵێنه‌کانی گونده‌که بکات. کاتێک یاریکردنی مانوێلی برامیان بینی، ئه‌وه‌نده به لێسه‌ندن و شێواز و فرتوفێڵی یاریکرنەکەی سەرسام بوون، که له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردیان بۆ پایته‌خت تا له تیپێکی پله نزمدا، مه‌شقی پێبکه‌ن.
مانوێل
من لەگەڵ ئەو یانەی فوتبۆڵێنە دەڕۆم. ماڵئاوا.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
لانی که‌م مانوێل خودا حافیزیی لێ‌کردین.
به‌ڵام له هه‌موویان به‌سوێتر–وه‌ک مردنه‌که‌ی مارسێلینۆ- ئه‌وه بوو که له ماریانۆی برا گه‌وره‌م ڕوویدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ کۆمپانیاک ده‌ستی به ئیش‌کردن کرد و مووچه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی وه‌رگرت، تامی باده‌شی کرد. له ئیشه‌وه ڕێک ده‌چوو بۆ باڕه‌که، له‌وێ داده‌نیشت و له‌گه‌ڵ هاوڕێکانیدا ده‌یخوارده‌وه. ئێواره‌یه‌ک، کاتێک زۆر زۆر سه‌رخۆش ده‌بێت، لای مێزی باڕه‌که داده‌نیشێت، به‌رز، ئه‌وه‌نده به‌رز که هه‌مووان گوێیان لێی ده‌بێت، باسی ئه‌وه ده‌کات، که ئه‌وه ئه‌و بووه سووخۆره‌که‌ی کووشتووه. دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه، چه‌ند پۆلیسێک له شاری که‌نار ده‌ریاکه‌وه هاتن و گرتیان.
ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی بۆ نه‌کردن، که دۆن نۆلاسکۆی له تۆڵه‌ی ئه‌و شته ناخۆشه‌دا کوشتووه، که به‌رانبه‌ر من کردبووی. ئه‌و ته‌نها وتبووی به ئه‌نقه‌ست کوشتوویه‌تی تا دزی لێ بکات، به‌ڵام له گیرفانی ئه‌و بێ قیمه‌ته سووخۆره‌دا، ته‌نها تۆزێک پارەی ورده هه‌بووه.
(کچە فیلم گێڕەرەوەکە هەندێک پارەی وردە لە گیرفانی دەردەهێنێت و هێواش هێواش لە قولەمستی دەکەوێتە خوارەوە)
سه‌رباری هه‌موو ناخۆشییه‌ک، له‌م دۆخه‌دا یه‌که‌مین ئامێری ته‌له‌فیزیۆن گه‌یشته گوندی کانه‌که، ئامێرێک به‌هه‌موو پێشبینییه‌ک مانای کۆتایی سینه‌مایه. ده‌ستگیرکردنی ماریانۆس و گه‌یشتنی ته‌له‌فیزیۆنه‌که، نزیکه‌ی به‌یه‌که‌وه ڕوویاندا و وه‌ک ئه‌وه بوو بڕیار له ئاینده‌م بده‌ن.
(دەنگی هەورە تریشقەیەکی بەهێز دێت)
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
که براکه‌م دیار نه‌ما، منیش ئیدی شوێنێکم نه‌ما لێی بژیم، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هاتنی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌یش بۆ گونده‌که، مه‌ترسیم هه‌بوو کاره‌که‌یشم له‌ده‌ست بچێت.
بێدەنگی
ئه‌و ڕۆژه‌ی یه‌که‌م ئامێری ته‌له‌فیزیۆن گه‌یشته گونده‌که، هه‌را و زه‌نا بوو.
خاوه‌نی قاوه‌خانه‌که، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ویستبوویان گوێی لێ‌بگرن، باسی ئه‌وه‌ی کرد بوو، که به‌ره‌و خوار بۆ به‌نده‌ره‌که ده‌چێت و (ڕادیۆیه‌ک به پیره‌مێردێکه‌وه له ناویدا)، ده‌هێنێت. هه‌روه‌ها ئارێلێکی مسیشی به به‌رزی شه‌ش مه‌تر به درووستکردن دابوو. له‌به‌رئه‌وه نیوه‌ی گونده‌که وه‌ستابوون و چاوه‌ڕێیان ده‌کرد، که هه‌مان ئێواره له پاسه‌که به‌خۆی و کارتۆنێکی زه‌به‌لاحه‌وه، وه‌ک تاکه که‌لوپه‌لی سه‌فه‌ر، دابه‌زی.
هه‌موو ئه‌مانه‌م دواتر بیست. چونکه من له‌و ساته‌دا سه‌یری فیلمێکی کاوبۆی (گاری کۆپه‌ر)م ده‌کرد. کاتێک گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، که‌س له ژووری دانیشتنه‌که دانه‌نیشتبوو چاوه‌ڕوانم بێت. پیاڵه‌یه‌ک چام بۆ خۆم لێنا و له‌وکاته‌ی ده‌مخوارده‌وه، هه‌وڵم دا جگه له‌و فیلمه‌ی تازه بینیومه، بیر له هیچ شتێکی تر نه‌که‌مه‌وه.
دوای ئه‌وه له به‌رده‌رگا وه‌ستام.
که‌سێک به‌ڕاکردن تێپه‌ڕی و له‌وبه‌ری جاده‌که‌وه هاواری کرد.
کەسێک
هه‌موان لای دۆن پریمیتیڤۆن تا سه‌یری ئامێری ته‌له‌فزیۆنه نوێکه بکه‌ن.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
ده‌رگای ده‌ره‌وه‌م له‌دوای خۆمه‌وه داخست و ڕۆیشتم تا ببینم ئه‌م هه‌موو هه‌را و زه‌نایه سه‌باره‌ت به چییه.
دۆن پریمیتیڤۆ له‌ناو قاوه‌خانه‌که وه‌ستابوو، که‌ته‌لۆگی ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌ی به ده‌سته‌وه بوو، هه‌وڵی ده‌دا به یارمه‌تی کاره‌باچیی گونده‌که، زله‌حۆرته‌که بخه‌نه ئیش. ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ی له‌سه‌ر یه‌کێک له ڕه‌فه‌کانی پشت مێزه‌که‌یه‌وه، له‌نێوان قووتووی نووقڵ و ڕه‌فه‌ی جگه‌ره‌کان، دانابوو. له‌وێ له هه‌ر کاتێکی‌تر زیاتر خه‌ڵکی لێ‌بوو. ته‌نانه‌ت پۆلیسه‌کانیش، که بۆ یه‌که‌م گه‌ڕانی پاسه‌وانیی ئێوارانیان له ده‌ره‌وه بوون، وه‌ستابوون تا هه‌واڵه تازه‌که ببینن.
بێدەنگی
ئه‌و ڕۆژه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌که هات بۆ گونده‌که، یه‌ک هه‌فته تێپه‌ڕی بوو به‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنی براکه‌م له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه. به‌یانییه‌کی دووشه‌ممه، کاتێک من بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه بزانم بۆچی که‌س له‌لایه‌ن کۆمپانیاکه‌وه ده‌رنه‌که‌وتووه تا داوام لێ بکات خانووه‌که به‌جێ بهێڵم، له په‌نجه‌ره‌که‌وه چاوم به سه‌رپه‌رشتیاره ده‌موچاو سووره هه‌ڵئاوساوه‌که که‌وت.
ئه‌گه‌رچی به گشتی هه‌موو ڕۆژێک له بیابانی ئه‌تاکاما خۆر به‌تین بوو، که‌چی ئه‌و ڕۆژه یه‌کێ له ڕۆژه که‌مه هه‌وراوییه‌کانی ساڵ بوو. من ئه‌و کاته ته‌واو دڵنیاببووم، که شته زۆر ناخۆشه‌کانم له‌و ڕۆژه هه‌وراویانه‌دا لێ ڕووده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر بگونجێت، که “جاڵجاڵۆکه‌کان داوه‌کانیان له کاتی هه‌ور و هه‌ڵادا ده‌چنن”، وه‌ک باوکم باسی ده‌کرد، که نه‌نکی ڕاهاتبوو وای ده‌گوت، ئه‌وا ده‌بێت نه‌گبه‌تی منیش، یه‌کێک بێت له چالاکترین جۆری جاڵجاڵۆکه.
کاتێک گرینگۆ له په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌یری ناوه‌وه‌ی کرد و به ئیسپانییه پێکه‌نین هێنه‌ره‌که‌ی بانگی کردم، من عه‌زییه‌که‌ی دایکمم له‌به‌ردا بوو، عه‌زییه خاڵخاڵ سوور و په‌ڕپه‌ڕه‌ییه‌که، که باوکم ڕقی لێی بوو، ئێستا ته‌واو بۆم ده‌شێت.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
فەرموو وەرنە ژووره‌وه. تکایە!
هاته ژووره‌وه و چاوی تێ بڕیم، به هه‌مان نیگای ئه‌و جاره‌ی گۆڕستانه‌که‌وه. هه‌مان نیگای دره‌وشاوه، که من ئه‌و جاره لای سووخۆره‌که بینیم، ئه‌و ده‌مه‌ی من، منی که‌ری گه‌مژه، ڕازیبووم له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی دابنیشم و فیلمی بۆ بگێڕمه‌وه. به‌ڵام سه‌رپه‌رشتیاره‌که له سووخۆره ڕه‌زیله پیره‌که باشتر ده‌هاته به‌رچاو. هه‌روه‌ها دوو چاوی شینیشی هه‌بوو. خه‌ڵکی ده‌یانگوت ئه‌و له‌وه میهره‌بانتره، که گرینگۆ بێت.
شه‌پقه‌یه‌کی په‌نه‌مایی گەورەی له‌سه‌ردا بوو.
پایپی ده‌کێشا.
به ئیسپانییه‌ک قسه‌ی ده‌کرد، مه‌سخه‌ره بوو.
سه‌رپه‌رشتیاره‌که
زانیاری ئه‌وه‌ت هه‌یه، که دەبێت خانووه‌که به‌جێ بهێڵیت؟
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
به‌ڵێ.
سه‌رپه‌رشتیاره‌که
ئه‌ی شوێنێکت هه‌یه بۆی بچیت؟
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
نه‌خێر.
سه‌رپه‌رشتیاره‌که
ئه‌ی ده‌تەوێت بمێنیتەوە؟
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
به‌ڵێ.
سه‌رپه‌رشتیاره‌که
جگه له فیلم گێڕانه‌وه، هیچی تر ده‌زانیت؟
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
نه‌خێر.
ئه‌و ده‌مه له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه لێی ڕوانیم. وه‌ک شاره‌زایه‌ک. وه‌ک یه‌کێک سه‌یری ئه‌سپێکی پێشبڕکێ بکات. دوای ئه‌وه به‌ده‌م بیرکردنه‌وه‌وه که‌وته مژلێدانی پایپه‌که‌ی و له‌پێش دیواره سپیکراوه‌که ده‌هات و ده‌چوو، له‌و شوێنه‌ی من هه‌میشه ده‌وه‌ستام و فیلمه‌کانمم لێده‌گێڕایه‌وه. منیش له‌ناو بێده‌نگیدا لێم ده‌ڕوانی. کاتێک له‌ناکاو وه‌ستا و ده‌ستی به چه‌ناگه‌یدا هێنا و جارێکی‌تر نیگای تێبڕیمه‌وه، له‌ناکاو بیرم که‌وته‌وه -له شێوازی ده‌ستپێداهێنانی چه‌ناگه‌یه‌وه- که جارێک لێره له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ دایکمدا بینیومه. ئه‌ویش له‌وکاته‌دا، که هێشتا باوکم له ئیش ببوو.
بێدەنگی
سه‌رپه‌رشتیاره‌که
هاوڕێ، بزانین چ کارێک هه‌یه تا بتوانین بۆ تۆی په‌یدا بکه‌ین.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
هه‌موو ئه‌مه‌یش به‌وه کۆتایی هات، من ڕۆژانه وه‌ک به‌سته‌به‌ند و پێچه‌ره‌وه له دووکانه‌که کارم کرد و به شه‌وانیش له باوه‌شی سه‌رپه‌رشتیاره‌که‌دا ده‌نووستم. ئه‌گه‌رچی ئێمه له لادێ نه‌ده‌ژیاین، بەڵام ئه‌وه‌یش لێره ئاسایی نه‌بوو، به‌وه‌ی من چوارده ساڵ بووم و گرینگۆیش په‌نجا و یه‌ک ساڵ بوو.
تاریکی
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
ته‌له‌فزیۆن وه‌ک په‌تایه‌کی نادیار و بێ ئامان به گونده‌که‌دا بڵاو بووه‌وه. له‌وه‌یش ده‌چوو، هیچ چاره‌سه‌رێکی دیاریکراوی نه‌بێت.
دوای ئه‌وه‌ی دۆن پریمیتیڤۆ ته‌له‌فزیۆنێکی بۆ قاوه‌خانه‌که‌ی دانا، یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش هه‌مان شتیان کرد. پاشان سه‌ندیکای کرێکارانیش. دوای ئه‌وه دانه‌یه‌ک بۆ دووکانی شیرینییه‌که‌ی دۆنا فیلیبێرتاسی کۆچ کردوو. پاشان دوای ئه‌وه خه‌ڵکی خۆیان ده‌خسته ژێر قه‌رزه‌وه، تا بتوانن ئامێرێک بۆ خۆیان بکڕن. به‌رله‌وه‌ی ساڵێک تێپه‌ڕێت، هه‌ر یه‌که‌ی دانه‌یه‌کی له ماڵه‌وه هه‌بوو. کرێکاره‌کان ته‌له‌فزیۆنی ١٤ ئینج و له هه‌مان کاتدا فه‌رمانبه‌ر و سه‌رکاره‌کان دانه‌یه‌کی ٢٣ ئینجیان هه‌بوو. سه‌ربانی خانووی گونده‌که، گۆڕا بۆ دارستانێک له ئارێل و مرۆڤ بۆ هه‌ر کوێ بڕۆیشتایه، گوێی له وشه‌ی نوێ ده‌بوو: ئۆدیۆ، سیگنال، مێنی، که‌ناڵ…
بۆ یه‌که‌م جار هه‌موو ڕیزه‌کانی سینه‌ما چۆڵ بوون. به‌هه‌مان شێوه خه‌ڵکی وازیان له‌وه هێنا، به‌ره‌و خوار بڕۆن و له بازاڕه‌که دابنیشن. جاده‌کان له هه‌رکاتێکی تر چۆڵتر بوون، به تایبه‌ت له‌و کاته‌ی ڕۆژدا، که زنجیره‌ی (ماڵی خوێنمژه‌کان) نیشان ده‌درا.
جاروبار ڕووی ده‌دا، خانمێکی پیری نه‌خۆش –که‌سێک که ته‌له‌فزیۆنی نه‌بوو- داوای لێده‌کردم بچم بۆ ماڵه‌وه و فیلمێکی کۆنی بۆ بگێڕمه‌وه. جارێک داوه‌ت کرام تا له سه‌ندیکای کرێکاران گۆرانی بڵێم، که بۆ پڕکردنه‌وه‌ی شه‌وه ئاهه‌نگێکی هونه‌ری، من ئاخنرابوومه ناوی.
له‌و ساتانه‌دا جارێکی‌تر هه‌ستم به کامه‌رانی کرد، ئه‌گه‌رچی چه‌پڵه‌کان هیچ وه‌ک ئه‌وسا به‌هێز نه‌بوون.
بێدەنگی
دایکم له گونده‌که‌ی خۆی له به‌شی باشووری وڵات، خۆی کوشت. خۆی به دار هه‌نجیرێکدا هه‌ڵواسی بوو. ده‌وترا ئه‌و خۆی به یه‌کێک لە ملپێچەکانی هه‌ڵواسیوه، یه‌کێک له‌وانه‌ی من زۆرم خۆشده‌ویست.
من دوای دوو مانگ ئه‌وه‌م زانی.
له‌و ماوه‌یه‌دا ژه‌نه‌راڵ پینوچێت کۆدێتای کرد. له‌گه‌ڵ کۆدێتاکه‌دا، زۆر شت دیار نه‌مان. خه‌ڵکی دیار نه‌ما. شه‌مه‌نده‌فه‌ر دیار نه‌ما. متمانه‌یش دیار نه‌ما.
سه‌رپه‌رشتیاره‌که‌یش ون بوو.
له جێگای ئه‌و ئه‌فسه‌رێک دانرا. من جارێکی تر ته‌نیا بوومه‌وه. سه‌رپه‌رشتیاره‌که دیار نه‌ما، بێ ئه‌وه‌ی ماڵئاواییش بکات. هه‌ندێک ده‌یانوت گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ مه‌مله‌که‌تی خۆی (هه‌ندێک له‌ژێر لێوه‌وه شتێکیان له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه ده‌وت، که ئه‌و گولله‌باران کراوه). به تێپه‌ڕینی کات، هه‌ستم به سۆز کردبوو له به‌رانبه‌ریدا. ئه‌گه‌رچی جاروبار سه‌رخۆش ده‌بوو و لێیده‌دام، به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه‌نده به‌د نه‌بوو.
ته‌نانه‌ت ته‌له‌فزیۆنێکیشی پێدام.
ئه‌و له قوڵایی خۆیدا، که‌سێکی سۆزدار و گۆشه‌گیر بوو. ئه‌و ئازاری ده‌چه‌شت، که نه‌زۆک بوو. که‌م و زۆر به شێوه‌یه‌ک له باوکم ده‌چوو، له که‌مه‌ر به‌ره‌و خواری بێتوانابوو.
تاریکی
ماوه‌یه‌ک دوای ئه‌وه، کانه‌که داخرا. هه‌مووان ڕۆیشتن.
من مامه‌وه. به ته‌نیا مامه‌وه. هیچ شوێنێکم نه‌بوو بۆی بچم و هیچ که‌سێکیشم نه‌بوو تا له‌گه‌ڵیدا بڕۆم.
پێموایه من ته‌نها ئافره‌تم، که به ته‌نیا له گوندێکی جنۆکاندا ده‌ژی. خۆم به ڕێبه‌ریکردنی گەشتیاران به‌خێوده‌که‌م. نامیلکه له‌باره‌ی باروتی ڕه‌شه‌وه، وێنه، ژماره‌ی کۆنی گۆڤارەکان، بوکه‌ڵه‌ی په‌ڕۆ، سه‌یاره‌ی یاری له ته‌نه‌که دروستکراو -شتگه‌لێک که من له میانه‌ی پیاسه‌کانمدا له‌ناو خانووه چۆڵکراوه‌کاندا ده‌یاندۆزمه‌وه-، ده‌فرۆشم.
هه‌ندێک له‌وانه‌ی دێن بۆ ئێره، تا سه‌یری ئه‌وه بکه‌ن که له کانی باروته ڕه‌شه‌که ماوه‌ته‌وه، به سه‌رسامییه‌وه ده‌پرسن
گەشتیارێک
چۆن ئێوە توانیوتانە له کونێکی له‌بیرکراوی وه‌کوو ئه‌مه‌دا بژین.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
له چاویاندا ئه‌م هه‌رێمه هه‌روه‌ک دۆزه‌خ سه‌رنجڕاکێش بوو.
منیش به شانازییه‌وه وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه، که ئێره هه‌ر وه‌ک به‌هه‌شت وابووه بۆ ئێمه. باسی ده‌که‌م چۆن ئێمه ژیاوین. هیچ که‌س به برسێتی نه‌ده‌مایه‌وه. هه‌مووان یارمه‌تی یه‌کترییان ده‌دا. ده‌مانتوانی بنووین و ده‌رگاکانیش کلیل نه‌ده‌ین، بێئه‌وه‌ی هه‌ست به ترس بکه‌ین. خه‌ڵکه‌که به گومانه‌وه گوێیان ده‌گرت. هه‌ندێکیان نیگایه‌کی پڕ به‌زه‌ییان تێده‌گرتم. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌یشیان تیا بوو، که ده‌یانگوت
گەشتیار
ڕاستی تۆ که‌سێکی نۆستالژیت. ڕۆمانتیکیت. میلۆدرامیت.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
زۆر که‌س پێیان وایه من شێتم.
به‌ڵام ئه‌وه هیچ گرنگ نییه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و ڕۆژانه‌ی هه‌ستم بکردایه ئیلهامم بۆ هاتووه، ئه‌وانم بۆ ماڵه‌وه، بۆ خانووه‌که‌ی خۆم داوه‌ت ده‌کرد -یاخود ئه‌وه‌ی که له خانووه‌که ماوه‌ته‌وه- ئه‌و خانووه‌ی که به درێژایی ژیانم تیایدا ژیاوم. ئیدی لێره باسی چیرۆکی ئه‌و کچه‌یان بۆ ده‌که‌م، که فیلمی ده‌گێڕایه‌وه. ئه‌وان به سه‌رسامییه‌وه گوێم لێ ده‌گرن. به تایبه‌تی لاوه‌کان، له‌و جیهانه ته‌کنیکییه‌ی تیایدا ده‌ژین، مه‌حاڵه باوه‌ڕ به شتێکی وه‌ک کچه فیلم گێڕه‌ره‌وه‌که، بکه‌ن.
تاریکی
ئه‌گه‌رچی ئێوه پێشتر کۆتایی چیرۆکه‌که ده‌زانن، به‌ڵام شتێک هه‌یه له‌باره‌ی دایکمه‌وه، که باسم نه‌کردووه. کاتێک باسی ده‌که‌م، زۆر غه‌مبار ده‌بم.
به‌ڵام بیرده‌که‌مه‌وه ئه‌مڕۆ باسی بکه‌م.
ڕۆژێکی زستان ئه‌وکاته‌ی دۆستی سه‌رپه‌رشتیاره‌که بووم، سێرکێک هات بۆ گونده‌که. سێرکێکی ساده به چادرێکه‌وه، که به پینه‌وپه‌ڕۆ چاک کرابووه‌وه. له‌ناو یارییه‌کاندا خانمه سه‌ماکه‌رێک هه‌بوو. که‌سێک هات و باسی ئه‌وه‌ی بۆ کردم، که خانمه سه‌ماکه‌ره‌که دایکمه. نه‌مویست بچم بۆ ئه‌وێ. له‌به‌ر لوتبه‌رزی یاخود ڕق نه‌بوو، به‌ڵکوو له‌به‌ر هاوده‌ردی بوو. من هه‌ستم به هاوده‌ردی ده‌کرد له‌گه‌ڵ دایکمدا، له‌گه‌ڵ خه‌ونه تێکشکاوه‌کانیدا (به‌دڵنیاییه‌وه هه‌روه‌ک ئه‌وانه‌ی خۆم)، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و ژیانه غه‌مگینه‌ی له‌وانه‌یه له‌و سێرکه ناخۆشه‌دا هه‌یبووبێت. ئه‌و ده‌بێت له‌و ده‌مه‌دا سیوشه‌ش ساڵ بووبێت. خۆم هه‌ژده ساڵ بووم، وه‌ک پێچه‌ره‌وه له کۆگاکه کارم ده‌کرد و دۆستی پیاوێک بووم، که نزیکه‌ی چل ساڵ له‌خۆم گه‌وره‌تر بوو. پیاوێک که هه‌رگیز نامخوازێت. پیاوێک، به‌پێی قسه‌ی خه‌ڵکی، دۆستی دایکم بووه.
من و دایکم وه‌ک دوو خه‌ونی تێکشکێنراو وابووین.
هه‌ربۆیه بڕیارمدا له ماڵه‌وه بمێنمه‌وه و نه‌چم بۆ ئه‌وێ و سه‌یری بکه‌م. به‌رگه‌ی ئه‌وه‌م نه‌ده‌گرت. دواتر زانیم من کارێکی باشم کردووه، ئه‌وه‌یش ته‌نها له‌به‌ر که‌می بینه‌ره‌که‌ی نه‌بوو، به‌ڵکوو جگه له‌وه نمایشه‌که‌یشی لاواز بووه.
خه‌ڵکه‌که له به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌یاندا چه‌پڵه‌یان لێدابوو.
بێدەنگی
دواتر گوێم له ده‌نگی پاژنه‌ی پێیه‌ک بوو له‌سه‌ر شۆسته‌که‌ی ده‌ره‌وه نزیک ده‌بوه‌وه، که له‌به‌رده‌م ده‌رگاکه‌ماندا وه‌ستا. هه‌موو گیانم ده‌ستی به له‌رزین کرد. پاش که‌مێک له ده‌رگا درا. بۆ ساتێکیش دوودڵ نه‌بووم، کێ له ده‌رگا ده‌دات. ئه‌وه شێوه له ده‌رگادانی دایکم بوو. به‌لای ده‌رگاکه‌دا چه‌مامه‌وه و پێم به جه‌رگی خۆمدا نا تا ئاره‌زووی کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه نه‌که‌م. له‌و دیو ده‌رگاکه‌وه، گوێم له ده‌نگی هه‌ناسه‌کانی دایکم بوو. له‌نێوان هه‌نسکه‌کانیدا وتی:
دایک
دڵه‌که‌م، بیکه‌ره‌وه، منم، من.
کچە فیلم گێڕەرەوەکە
منیش ده‌گریام. هه‌ردووکمان له دوو سه‌رنشینی که‌شتییه‌کی شکێنراو ده‌چووین، که توند خۆمان به هه‌مان ته‌خته‌وه هه‌ڵواسی بێت. خانووه‌که، جاده‌که و گونده‌که‌یش له‌ناکاو ون بوون. ته‌نها شتێک هه‌بوو، ئه‌وه‌بوو له‌ویادا هه‌ر که‌سه‌مان له دیوێکی ده‌رگاکه وه‌ستابوو.
ئه‌و و من هه‌ر یه‌که و له لایه‌کی جیهان بووین.
دوای که‌مێک کۆڵیدا با‌نگم بکات و منیش گوێم لێ بوو چۆن ده‌نگی پاژنه‌ی پێی دوور مرد. له هه‌مان کاتدا وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌شێک له من بیه‌وێت به دوایدا ڕابکات، ده‌ستم توند ده‌سکی ده‌رگاکه‌ی گرتبوو. دوای ئه‌وه سێ ڕۆژی ته‌واو بێ ژیربوونه‌وه، گریام.
کاتێکیش دوای ئه‌وه، که بیستم مردووه، یه‌ک فرمێسکم بۆ نه‌ڕشت. وه‌ک ئه‌وه وابوو من پێشتر ئه‌و فیلمه‌م بینیبێت.
بێدەنگی
له ئێواره‌دا، کاتێک گەشتیارەکان له ئۆتۆمبیله‌کانیان داده‌نیشن و به‌ره‌و ماڵ و شاره‌کانی خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، جارێکی‌تر ده‌بمه‌وه به‌و شته‌ی به‌ڕاستی هه‌م، تارماییه‌ک له گوندێکی چۆڵکراودا.
له باکگراوندی ئه‌و په‌رده سپییه گه‌وره‌یه‌دا، که ئێستا زه‌رده‌په‌ڕه به ورشه‌که‌یه، باوکم ده‌بینم له تاکه قه‌نه‌فه چه‌رخه‌داره‌که‌یدا، دوور هه‌ڵدێت، براکانم ده‌بینم یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ون ده‌بن، دایکم ده‌بینم به‌خۆی و شاڵەکەی ملییەوە، که له بادا ده‌شه‌کێته‌وه، دیار نامێنێت. ئه‌وان ده‌بینم دیارنامێنن، به‌هه‌مان شێوه که خه‌ڵکه‌که لێره له گونده‌که دیارنه‌مان، ئه‌و دیارنه‌ماوانه وه‌ک تراویلکه‌یه‌ک له ئاسۆدا ده‌بینم، له‌کاتێکدا مۆسیقاکە ورده ورده که‌م ده‌کات و ئه‌و وشه دیاریکراو و چاره‌نووسسازه، که هیچ که‌سێک له جیهاندا نایه‌وێت بیخوێنێته‌وه، به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه ده‌رده‌که‌وێت.
تاریکی
(دەنگی ڕێژنەی باران دێت)
تێبینی و سەرچاوە: ئە‌م ڕۆمانە لە نووسینی (هێرنان ریڤێرا لێتێلیێر)ەو عەتا محەمەد–ی چیرۆک‌نووس لە سوێدییەوە کردویەتی بە کوردی و لە دەزگای ئەندێشە، لە بەرگی کتێبێک‌دا بڵاو کراوەتەوە.