ماڵی كوردی

ماڵی کوردی


Loading

نه‌به‌ز سه‌مه‌د

مرۆڤ بوونەوەرێکی نیشتەجێیە، بۆیە هەوڵی دروستکردنی ماڵ دەدات. دەیەوێت زەوی بۆ ماڵ وەربگۆڕێت. واتا بیکات بە شوێنێکی ئاشنا، ئاخر مرۆڤ لەسەر بنەمای ماڵ و دەرەوە، ماڵ و بێگانە یان ئاشنا و نائاشنا جیهان دەئافرێنێت، ڕاڤە دەکات و دابەشی دەکات. مرۆڤ لەگەڵ هاتنە جیهانییەوە ئاشنای ماڵ دەبێت، لەنێو خێزانێکدا، لە ماڵێکدا گەورە دەبێت. ماڵ جیهانی ئاشنای مرۆڤە، تێیدا هەست بە ئاسایش و پارێزراوی دەکات، مرۆڤ لە ڕێگەی دروستکردنی ماڵەوە دەیەوێت نیشتەجێ بێت و بژیت. مرۆڤ ماڵ وەک جیهانێکی تایبەت-بە-خۆ دروست دەکات، تاکو ژیانێکی خۆمەند دوور لە ئەوانی دی بێگانە بژیت، لە لایەن ئەوانی دیکەوە نەبینرێت و نەبیسترێت، واتا دیار نەبێت. ماڵ جیهانی نادیارێتی مرۆڤە. مرۆڤ لە ماڵدا سنووری خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکە جودا دەکاتەوە، پەرژین، دیوار و پەردە چێ دەکات بۆ ئەوەی دیار نەبێت، نهێنییەکانی بپارێزێت، مرۆڤ لە ماڵدا دەیەوێ تەنیا بێت، خۆی بێت، ئەو تەنیاییە بۆ مرۆڤی داهێنەر ئاتاجە. بەڵام مرۆڤ کاتێک دێتە دەرەوە لە ماڵ دەیەوێ لەلایەن ئەوانی دیکەوە ببینرێت، ببیسترێت و دیار بێت.

ماڵ شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی مرۆڤەکان، لە ڕێگەی ماڵەوە هاوبەشێتی و ئاشنایەتی دروست دەبێت. لە ئەنجامی ئەمەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا مرۆڤ چەندین یادەوەری لەگەڵ ماڵەکەیدا بۆ دروست دەبێت، ئاخر مرۆڤ لەنێو کات و شوێندا دەژی، بۆیە مرۆڤ پەیوەندی، یادەوەری و پەیوەستی بەو شوێن و سەردەمەوە هەیە کە تێیدا دەژی. ماڵێک کە تێیدا لەدایک دەبیت و گەورە دەبیت، دەبێت بە بەشێک لە شوناس و کێیەتی تۆ، مێژووی تۆ، بۆیە چەندین یادەوەریت لەگەڵ ئەو ماڵەدا دەبێت، جا یادەوەرییەکان خۆش، ناخۆش، یان تراژیدی بن.

مرۆڤ بەرهەمی شوێن و کولتوورێکی دیاریکراوە کە تێیدا لەدایک دەبێت، بەڕێی پرۆسەی بەکولتوورکردن و بەکۆمەڵایەیتیکردنەوە بەم جیهانەی ئاشنا دەبێت و پێی ڕادێت، بۆیە تێیدا هەست بە ئاسایش، سەلامەتی و باوەڕبەخۆبوون دەکات، چونکە شوێنەکە دەناسێت و لەبارەیەوە دەزانێت. هەست دەکات سەر بەم جیهانەیە. بۆیە کاتێک مرۆڤ هەڵدەکەنرێ، ئاوارە دەبێت، ئەوا نامۆ دەبێ و هەست بە ئارامی و ئاسایش ناکات تاکو ئاشنا نەبێت بە شوێنەکە و وەکو ماڵ لێی نەڕوانێت، واتا تاکو بۆی نەبێت بە ماڵ.

 

ماڵ لە زمانی کوردیدا

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی وشەی ماڵ لە زمانی کوردیدا، لە ڕووی ئیتیمۆلۆژییەوە د. عەبدوڵڵا ئیبراهیم زادە لە فەرهەنگی ڕامان (ئیتیمۆلۆژیای زمانی کوردی) دەبێژێ: ماڵ بە واتای شوێنی پێکگەیشتن، جڤین، ژووان دێت. لە بنەڕەتدا وشەی ماڵ بە واتای شوێنی پێکگەیشتن و شوێنی بڕیاردانی هاوسەرگیری و هاوژینی لە بەردەم جڤات دێت، بۆیە لەگەڵ وشەی ‘مارە’ و مارەکردن هاوڕیشەن. لە بنەڕەتدا وشەی مارەکردن بەواتای ماڵکردن دێت، کە دوو هاوسەر بڕیاری پێکەوەژیان دەدەن. وشەی مارە و مارەکردن وشەی ڕەسەنی کوردین و هیچ پەیوەندییان بە زمانی عەرەبییەوە نییە، بەڵکو دوای هاتنی ئیسلام ئەم وشانە بەرگێکی ئاینیان بە بەرداکراوە. هەروەها وشەکانی ماڵبات، بنەماڵە، خزم، خوێش، خێزان هەموویان لە زمانی کوردیدا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. جەمال نەبەز لە کتێبی ”وشەنامەکی ئیتیمۆلۆژیای زمانی کوردی”دا دەبێژێ: ماڵبات بە واتای ماڵی باوان (باوکان، باڤکانە)، ماڵی باوک دێت، بات لە باڤکەوە هاتووە. وشەی ماڵ، لە بنەڕەتدا مار (mar)ە، کە تاکو ئەمڕۆش لە هەولێر، کۆیە و دەوروبەری بەکاردەهێنرێت، مار لە هەمیار و هەمارەوە هاتووە کە واتای شوێنی لێدانان دەگەیەنن، شوێنی کۆکردنەوەی هەم (هەموو) دەگەیەنن، ئەم وشەیە هەروەها لە زمانی کوردی بووە بە عەمار، عەنبار شوێنی کۆکردنەوە، کۆگە، هەروەها وشەی هەوار لەم ڕەگەوەیە بە واتای کۆکردنەوەی هەموو دێت. کەواتە ماڵ شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی هەموو مرۆڤانی ماڵباتێک یان خێزانێک.

هەروەها لە زمانی کوردیدا ماڵ بۆ نیشتیمان و وڵات، هاوکات بۆ داراییش بەکاردێت، وەک دەگۆترێ ماڵ و موڵک، یان ماڵداریکردن، واتا کۆکردنەوە و ئیشکردن. یان دەگۆترێ ”ماڵت ئاوا بێ” واتا ماڵت ئاوەدان بێت، بێگومان مەبەست لە ئاوەدانی بوونی مرۆڤە، چونکە ئاوەدانی بۆ مرۆڤ بەکاردێت، واتا مرۆڤ لە شوێنێک بێت ئەوا ئەو شوێنە ئاوەدانە.

 

ماڵ و خانوو

لە زمانی کوردیدا وشەی خانوو لەگەڵ وشەی ماڵ جودایە، ئاخر خانوو تەنیا لایەنە ئەستوویی و تەلارسازییەکی دەگرێتەوە، خانوو شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوونی مرۆڤە، بەڵام ماڵ لەوە پترە تەنیا کەرەستەکانی بیناسازی و دیوار و بنمیچ بێت. ماڵ پەیوەندییە نێو مرۆڤییەکانیش لەخۆ دەگرێت، واتا مرۆڤ خانوو بۆ ماڵ دەگۆڕێت، سەرجەم زیندە چالاکییەکانی مرۆڤ خانوو بۆ ماڵ دەگۆڕن. بۆیە لە زمانی کوردیدا کاتێک هەواڵی ئەندامانی خێزانێک دەپرسرێت دەگۆترێ ”ماڵەوە چۆنن؟”، ”سڵاوم بۆ ماڵەوەتان هەیە” هەرچەندە ئەمە بەشێکی پەیوەندی بە پیاوسالاریی کوردییەوە هەیە کە ژن وەک بوونەوەری ماڵنشین دادەنێت و وەک کەرەستەکانی دیکەی ناو ماڵ ژمێرەی بۆ دەکات.

لە ئێستادا، بەهۆی شەپۆلی خانووسازی بە بلۆک و چیمەنتۆوە، ماڵی کوردی بەزۆری ماڵێکی سارد، زبر، ڕەق، بۆر و بێڕەنگە. بلۆک، کۆنکرێت، و چیمەنتۆ بەتەواوی تەلارسازییەکەیان داگیرکردووە، هەم لە دەرەوە هەم لە ناوەوە بەشێوەیەک بونیادنراوە کە چاو، هۆش و دەروونی ڕوانەر دەشێوێنێت. ئەمەش گوزارشتە لە هۆشی کۆنکرێتی، بێچێژی و دەروونی شێواوی مرۆڤی کورد. ئاخر تەلارسازی پیشاندانەوەی هۆشمەندێتی (مێنتاڵێتی) کۆمەڵگەیە بەشێوەیەکی فیزیکی. لە تەلارسازیدا دوو پرنسیپی گرنگ هەن، کارایی (فەنکشن-ئەرک، ئیش) و جوانی. واتا لە لایەکەوە لە دروستکردنی تەلارێکدا ئەوە گرنگە کە ئەرک و کارایی هەر بەشێک بەهەند وەربگیرێت و لە لایەکی دیکەشەوە جوانی و ڕووی ئێستێتیکی ڕەچاو بکرێت. بەداخەوە لە خانووسازیی بلۆک و کۆنکرێتی هەنووکەدا هیچ یەکێک لەو پرنسیپانە ژمێرەیان بۆ ناکرێت.

جاران زۆرینەی ماڵی کوردی حەوشەی گەورەی هەبوو و باخچەی هەبوو، باخچەی پڕ لە گوڵ: گوڵەباخ، گوڵە جۆری، نازناز و ڕەیحانە، چیمەن، مێو … هتد خەڵک ئەمەیان بیرچۆتەوە، بۆنی ڕەیحانە و جوانی و ناسکی نازناز، بەڵام ئێستا ژووری زۆر و بێحەوشە و بێباخچە هەن. هەبوونی باخچە جگەلە جوانییەکەی، کە شوێنێکە مرۆڤ تێیدا لەتەک گوڵوگوڵزار، چیمەن و سەوزاییدا هەست بەئارامی و خۆشی دەکات، هاوکات ئایدیا و بیرۆکە بە مرۆڤ دەدات، باخچە شوێنێکی باشە بۆ خوێندنەوە، بۆ دانیشتن و کۆبوونەوە، بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، جاران کە میوان دەهات بەتایبەتی ئەسرانی هاوینان لە باخچەی ماڵەکان دادەنیشتن، بەدەم خواردنی میوەی هاوینە و چای خواردنەوە گفتوگۆش دەکرا، بەڵام ئێستا میوان هەر لە ژوورەوە لەبەر سپلێت بەدیار تەلەفزیۆنەوە دادەنیشێت، یان سەری لەسەر مۆبایلەکەیەتی و مژوولی فەیسبووکە، بۆیە کەمترین گفتوگۆ و قسە دەکرێت، ئاخر ناپەرژێن! جاران خەڵک هاوینان بەزۆری لە حەوشە یان لەسەر بانی ماڵەکان دەنووستن، شەوان لەسەر جێگە لەسەر پشت ڕوو لە ئاسمانی فراوان بەر لە خەوتن ئەستێرەیان دەژمارد و لە جوانی ئاسمان ڕادەمان، بەڵام ئێستا نە حەوشە ماوە و نە سەربان بەکەڵک خەو دێت، چونکە بلۆک و چیمەنتۆ بەڕۆژ داخ دەبن و شەو گەرما دەدەنەوە، ئێستا لەبری سەیرکردنی ئاسمان تەلەفزیۆن ژیانی داگیرکردوون، لەبری ژماردنی ئەستێرە لایکی فەیسبووک دەژمێرن.

ڕووکردنە خانووسازی بلۆک و چیمەنتۆ و بچووکردنەوەی حەوشە بۆ گەراج و نەمانی باخچە لەنێو خانوو و ماڵەکاندا، ئاماژەیە بە تێکچوونی پەیوەندی مرۆڤی کورد لەگەڵ سروشت، دوورکەوتنەوەی مرۆڤی کوردە لە سروشت. چونکە خانوو و ماڵی کوردی لە گوندەکان و لە کۆندا لە شارەکانیش گونجاو بوو لەگەڵ سروشت هەم لە ڕووی کەرەسەکانی بیناسازییەوە، هەم لە ڕووی نەخشەی خانووەکەوە، هەبوونی حەوشە و باخچە، چیمەن و گوڵوگوڵزار و درەخت. بەڵام خانووی کۆنکرێت لەگەڵ سروشت و ژینگە ناگونجێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیەن[1] کۆنکرێت بۆ پیسکردن و تێکدانی ژینگە لە پلاستیک خراپترە.

یەکێک لە کێشەکانی خانووسازی هەنووکەی هەرێمی کوردستان ڕووناکییە، لە دروستکردنی خانووەکاندا ڕەچاوی ڕووناکی، بەتایبەتی ڕووناکی سروشتی و تیشکی خۆر نەکراوە، بۆیە هەندێک لە خانووەکان ژوورەکانیان بەتایبەتی ژووری پشتەوە بە ڕۆژیش تاریکن و بێبەشن لە ڕووناکی سروشتیی تیشکی خۆر، بۆیە هەم بۆ ڕووناککردنەوە و هەم بۆ گەرمکردنیشی لە زستاندا پشت بە وزەی کارەبا و سووتەمەنی دەبەسترێت.

گەشەسەندنی خانووسازی بلۆک و چیمەنتۆ بەتایبەتی لە دوای ٢٠٠٣ پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەهۆی کۆچکردنی خەڵکێکی زۆر لە گوند و دێیەکانەوە بۆ شارەکان و کردنیان بە مووچەوەرگر و بەکارهێنەر، لەبری ئەوەی داهێنەر و بەرهەمهێنەر بن.

 

ماڵ و سێکس

سێکس پێویستی بە شوێن و کات هەیە، ماڵ شێوە بە ژیانی سێکسی ئێمە دەدات، چونکە ئێمە زۆرینەمان لە ماڵەوە، لەنێو چوار دیوار و بنمیچی ژوورەکاندا دوور لە چاوی ئەوانی دی، واتا لە نادیارێتیدا بەنهێنی سێکس دەکەین. بەڵام تەلارساز و بەناکان کەمتر بیریان لەمە کردۆتەوە کە لەکاتی سێکسکردندا مرۆڤ پێویستی بە شوێنێکی گونجاو هەیە. چونکە لە سێکسکردندا مرۆڤ لەو پەڕی ڕووتێتی خۆیدایە و پێویستی بە تەنیایی و خۆمەندییەکی تەواو هەیە. بەڵام ئەمە لە زۆرینەی خێزانی کوردیدا و لە زۆرینەی ماڵی کوردیدا فەراهەم نییە، بەتایبەتی لە سەردەمانی کۆندا، چونکە جاران خێزانە گەورەکان هەمووان پێکەوە لە ماڵێکدا دەژیان و لە ژوورێکدا دەنووستن، دایک و باوکی کوردی شوێنی تایبەتی بۆ سێکسکردن نەبووە، بۆیە زۆرینەی کات شەوان درەنگ هەر لەو ژوورەی کە هەمووان تێیدا نووستوون کاتێک منداڵەکان خەویان لێکەوتووە سێکسیان کردووە. بۆیە لێرەوە لە ئاگایی زۆرینەی کورددا ئەوە چەسپیوە کە سێکس دەبێت لە شەودا بکرێت. لە کاتێکدا سێکس دەتوانرێ لە هەر کاتێکدا بکرێت. دایکان و باوکان بۆئەوەی منداڵەکانیان بێدارنەبنەوە -زۆر جار منداڵەکان ئاگاشیان لێی بووە، بینویانە کە سێکس دەکەن- زۆر بەخێرایی سێکسەکەیان کردووە، تەنانەت بەتەواوی ڕووتنەبوونەتەوە و جەستەی یەکدییان نەبینیووە؛ پیاوەکە خێرا ئۆرگازم بووە بەبێ ئەوەی ئۆرگازم و چێژی ژنەکەی هیچ بەلاوە گرنگ بێت.

 

ماڵ و توالێت

لەنێو خانووسازی کوردیدا هیچ گرنگی بە توالێت نادرێت، توالێت دەبێ دوور، دابڕاو دروست بکرێت. لە ڕووی گەرمی و ساردیشەوە هیچ گرنگییەکی پێنەدراوە، تاکو تەواو دەبیت هاوین لێی هەڵدەقرچێی و زستان لێی هەڵدەلەرزی. توالێت وەک شوێنێکی پیس، لاوەکی و پەراوێزخراو دەبینرێت، لە کاتێکدا توالێت شوێنێکی زۆر گرنگە بۆ خۆخاڵیکردنەوە، بۆ حەسانەوە. توالێتی کوردی ئاماژە بە مێنتاڵێتی کوردی دەدات، لە ماڵدا توالێتەکان وەک هەموو شوێنەکانی دیکەی ناو ماڵ لەلایەن ژنانەوە خاوێن دەکرێنەوە، واتا پیاوان پیسییەکانی خۆیان لەوێدا بۆ ژنان جێدەهێڵن.

 

 

ژن لەنێو ماڵی کوردیدا

لە خێزانی کوردیدا، هەموو قورساییەکانی ناو ماڵ لەسەر شانی ژنانن، لە ڕاستیدا لە ڕووی پڕاکتیکییەوە ژنان ماڵ بەڕێوەدەبەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان وەک خاوەن ماڵ سەیرناکرێن، بەڵکو پیاوان خاوەن ماڵن و ئەوان سەرۆکی خێزان و ماڵن. پیاوان لەنێو ماڵدا تەنیا داواکارییان هەیە، دەبێت خزمەت بکرێن، دەبێت پێداویستییەکانیان لە ڕووی سێکس، خواردن، خەو، … هتد دابین بکرێت. ژنان لە دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە بەرپرسیارن. پیاوان لە ماڵدا تەنیا، دەخەون و دەخۆن، بەشداری ئەرکەکان و ئیشەکانی ماڵ نابن، چونکە پێیان وایە ئیشەکانی ماڵ ئەرکی ژنە. ژن لەنێو ماڵدا چەندین ئیش دەکات: بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵ، پاککردنەوە و ماڵداریکردن، چێشتلێنان؛ بەڵام هیچیانی وەک ئیش بۆ ژمێرە ناکرێت.

ماڵی کوردی بەگشتی ماڵێکی بێخۆشەویستییە، پڕە لە توندوتیژی، پڕە لە سوکایەتی بە تاکەکانی، خێزان و ماڵی کوردی بەرانبەر بە تاکەکانی، بەتایبەتی ژنان زۆر ستەمکارە. ژنان زۆرینەی کات دەبێت لە ماڵەوە بن، کاتێک دەچنە دەرەوە دەبێت زوو بگەڕێنەوە، دەبێت لەگەڵ مەلابانگدان، لەگەڵ خۆرئاوابوون لە ماڵ بن. ستەمکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، سیاسییەکانی کورد، لە ماڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن، ماڵی کوردی شوێنێک نییە تاکەکان و مرۆڤەکان تێیدا ئازادبن. ماڵی کوردی بەتایبەتی بۆ ژنان پتر لە زیندان یان کامپی ئیشپێکردن دەچێت. ژنان لە ماڵدا ڕووبەڕووی توندوتیژی فیزیکی، دەروونی، زمانەوانی، سێکسی دەبنەوە. زۆرینەی کچان و ژنانی کورد یەکەم جار لەنێو خانوو و ماڵ و خێزانەکانی خۆیانەوە ڕووبەڕووی هەراسانکردن، دەستدرێژی دەبنەوە، بۆ نموونە خەتەنەکردن، هەراسانکردن لەلایەن مام، خاڵ، ئامۆزا، پورزا، و خزمەکان. بۆیە ماڵی کوردی بۆ تاکەکانی بەتایبەتی ژنان تژی لە یادەوەریی ناخۆشە.

 زۆرینەی کورد بێماڵە، چونکە تاکو هەنووکەش لەنێو خانوودا دەژین و نەیان توانیوە بیگۆڕن بۆ ماڵ، ئاخر خانوویان نەکردووە بە شوێنێک بۆ تێدا ژیان، ماڵ شوێنی تێدا ژیانە. مەبەست لە ژیانکردن تەنیا خواردن و خەو نییە. لەنێو ماڵدا پەیوەندییە نێو مرۆڤییەکان لە دۆخێکی ساغ و تەندروستدان، بەڵام پەیوەندی نێو-مرۆڤی کورد لە دۆخی داڕزاندایە. هاوسەران لەنێو ماڵدا وەک هاوژیان، هاوژین دەژین، بەڵام لە خانووی کوردیدا وەک ژن و مێرد، وەک خزمەتکار و خەزمەتکراو، وەک سەروەر و کۆیلە دەژین.

 

ماڵ و نیشتیمان

لە زمانی کوردیدا ماڵ بە واتای نیشتیمانیش بەکاردێ، بۆیە زۆر جار وشەی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردیمان گوێ لێ دەبێت، ماڵی کوردی وەک نیشتیمان یەکگرتوو نییە، نیشتیمان و ماڵێکی داگیرکراو و دابەشکراوە، ماڵ و نیشتیمانێکی بێسنوورە، سەربەخۆ نییە.

بەگشتی خێزانی کوردی لێکدابڕاو، شپرزە و شێواوە، خێزانێکی یەکگرتوو نییە، لێک هەڵوەشاوەتەوە، داڕزاوە. چۆن خێزانی کوردی پەرتەوازەیە، بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و حیزبە سیاسییەکان پەرتەوازەیی، لێکدابڕاوی، لێکترازان هەیە. کۆمەڵگەی کوردی یەکەیەکی یەکگرتوو نییە، هەروەها حیزبە سیاسییە کوردییەکان دابەشبوونە بەسەر جەمسەری وڵاتاندا و لەناو خۆیاندا ناکۆک و پەرتەوازەن.

ماڵی کوردی، خێزانی کوردی پتر ستەم لە تاکەکانی خۆی دەکات، خزمەکان زیاتر پێت دەوێرن، دەتکەن بە ئامانج، زیاتر لە بێگانەیەک هێرشت دەکەنە سەر، باست دەکەن، کێشەت بۆ دروست دەکەن. لە ماڵی کوردیدا، لەنێو خێزانی کوردیدا پتر ڕێز لە میوان، لە بێگانە دەگیرێت، خزمەت دەکرێت، تاکو تاکەکانی خێزانەکە و ماڵەکە خۆی. خێزانی کوردی تاکەکانی خۆی و منداڵەکانی دەکات بە قوربانی بێگانەکان، ئەمە لەسەر ئاستی خێزان، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و وەک گشت کورد پتر بێگانەویستە، واتا پتر خزمەتی بێگانە دەکات، ڕێزی لێ دەگرێت، بە قسەی دەکات، هۆشسامە پێی، خۆی بەرانبەری بچووکتر دەبینێ. لە کاتێکدا بەرانبەر هاوکوردانی، خۆی زۆر زل دەبینێت، فیزدارە، خۆبەزلزانە، بەڵام بەرانبەر بێگانە (ئەرەب، تورک، فارس، ئینگلیز، ئەمریکی، ئەوروپی) خۆدانەوێنە، خۆبەبچووکزانە.

 

 

سه‌رچاوه‌:

 

[1] https://www.theguardian.com/cities/series/guardian-concrete-week

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.