سێ کورتیلە چیرۆک
شۆڕش شڵماشی
مرۆڤی کاغەزی
ڕامان، لە نێوەڕاستی شارێکی کاغەزییدا، بە سەرسووڕماوییەوە لە درەخت و شەقام و باڵەخانەی لە کاغەز دروستکراوی دەڕوانی. لەو شارەدا، ژیان و خواردن و خەو، مرۆڤەکانیش کاغەزی بوون.
ڕامان، کە لە خۆی ڕوانی، سەراپای ببووە کاغەزێکی تەنک، بە لەشولاری کاغەزییەوە، هەنگاوێکی هەڵێنا، هەر دە پەنجەی قاچەکانی دڕان! خۆی داچەماندەوە تا پەنجە دڕاوەکانی، وێکبخاتەوە، فریانەکەوت پشتی دڕا. هەر کە ڕاستبۆوە، تەوێڵی دڕا، گوێیەکانی، ڕومەتەکانی، دەستەکانی، سەراپای جەستەی شەقار شەقار دەبوو و دەدڕا؛ کە زمان و لووت و دەم و کەللەسەری دڕا، ڕامان…
07/10/2011
دیوار
لەگەڵ یەکەم زیقەی ساوایدا، گۆی مەمکی دایکی بووە یەکەم دیوار؛ زانا، کە بوو بە لاو، دابو نەریت و تابۆ بۆی بوونە دیوارێکی بەرز. لەگەڵ گەورەبوون و هەناسەکانی دیوار، دیوار تاوکو دیوارەکان بوونە زیندانێکی بەدیوارگیراو. زانا، دیوار دوای دیواری دەڕووخاند و دووبارە دیوارێکی تر دەبۆوە بە دیوار و دیوارێکی تر لە بەردەم زانا هەڵدەچنرا.
هاوڕێیەکی پێی گوتبوو “زانا، دیوار پەنجەرەی هەیە…“ بـەڵام زانا، دانەسەکابوو وەک زیندانییەکی بە مەرگ مەحکومکراو، تا ئەودیوی مەرگ هەوڵیدابوو دیوارەکان بڕووخێنێ و هیچ دیوارێک نەهیڵێ. دووبارە دیوارەکان بەرزتر دەبوونەوە، تا کۆتایی مەرگ هەر دیوار بوون.
20.06.2014
م… ن
ئەو ساتەی، کوڕەکەم لە دەنگی مندا پێکەنی، سیس و چرچ و تێکقوپاو و ڕەنگ زەرد، لە قولینچکی چاوەکانمەوە خوێن هەڵدەقووڵا و دەروونم دەبووە مەنجەنیق. ئەو کاتەی ژنەکەم، کراسێکی ڕەشی بە بەری بووکەڵەکەدا کرد، بە نیاز بووم بە بەرگێکی پۆشتەوە بچمە دەرێ. ئەو ڕۆژەی کە دەمویست بۆ چرکەمیزێ هەڵترووشکێم، باوکم لە کۆمی منەوە پیسایی کرد.
05.10.2011
ترس
کۆچەر، لە قووڵایـیی ڕۆمانێکدا چاوەکانی مەلەی دەکرد، لە ناکاو ختوورەیەک بە پاژنە پێیدا هات، بە هورووژمی خوروو، تەڵاشە گۆشتێکی لێ بۆوە. کۆچەر، لە ناو ڕۆمانەکەوە، گوتی “تەماشای ئەم مشکانە چۆن بە پاژنە پێمەوە ڕۆنووساون، ئەها ئەها پەنجەکانیشیان خواردم!“.
لەگەڵ خرمەخرمی ئێسکەکانی، هەر پێنج پەنجەی قژکرد تا مشکەکان فڕێ بدا، حەپەسا، مشک نەبوو، کۆچەر هەر خۆی بوو، دەمی نابووە لاشەی خۆی و خۆی دەخوارد.
٠٧/٠٧/ ٢٠١٢
منیش هەم
باوکم، لینگە پێـڵاوەکەی تێ گرتم وگوتی: ماکەر، بوویە سی ساڵ، هەر بە پێوە هەڵدەمیزی. شەرم بکە، داڕزێ، ئێمە ڕۆژ تا ئێوارێ لەو هاوینە گەرمەدا، تا کاتی بانگ دەم بە قوتەوەین، تۆش وەک گا دەلەوەڕێی پاتاڵ…
گوتم: باوکە، من ئەوەم کە هەم…
باوکم، تفی تێکردم
دایکم، گوتی: ڕۆڵە گیان، خەمی ناو قەبرەکەتمە، باری ناو قەبرت… پێ نییە!
گوتم: دایە، تۆم هەی تۆ…
مامم، هاواری لێکردم، دێڵەقۆڕ بۆ کوێ؟
گوتم: مامە دێڵەقۆڕ نیم، هوشیار… ی برازاتم…
مامم، بە چاوداچەقاوییەوە لێی ڕوانیم وگوتی: دێڵەقۆڕ ئەو پرچە چییە لە پشتملتەوە گرێت داوە ها؟!
گوتم: مامە…
مامم تێپەڕی بوو.
دراوسێکەمان، گوتی: دەک داڕزێی بە خۆشی دەڵێ پیاو، هەمیشە سەری بەرداوەتەوە و کاری بە کاری کەس نییە.
گوتم: ژیان ئاوا جوانە، مرۆڤ بۆ خۆی بژی.
دراوسێکەمان، چەمۆڵەیەکی لێنام وگوتی: دافەتێی پیاو…
لەسەر نانخواردن براکەم چەقۆی خستە سەر ملم وگوتی: کافر هەر ئێستا سەرت دەبڕم، تۆ لە زەوی خوا دەخۆی و دەڕی و جیهادیش ناکەی؟!.
گوتم: کاکە وا مەڵێ، هەموومان ئینسانین.
براکەم، بە چاوی پڕخوێنەوە گوتی: تۆ موڕتەدی موڕتەد…
دایکم، گوتی: دە لێی گەڕێن گوناحە بێئازارە…
باوکم، گوتی: سەگی وا هەر بۆ تۆپین باشە…
براکەم، نەڕاندی، لاکەون چەقۆکەم خوێنی دەوێ…
بە خێرایی خۆم بە ژوورەکەدا کرد، پێشتر ژوورەکەم پڕ کردبوو لە پەت پەتەکان، پڕبوون لە دەنگ ..
دەنگەکان هاتنە ڕۆحمەوە ڕڕڕڕۆۆۆۆۆۆح ح ح ح ح م م م م.
٠٣/ ٠٧/ ٢٠١٥
تەواو
تابلۆکان: فرانسیس بەیکن؛ نیگارکێشی ئیرلەندی ١٩٠٩ – ١٩٩٢
https://en.wikipedia.org/wiki/Francis_Bacon_(artist)