حەسەن زیرەک لە ناوەڕاستی سیەکانی تەمەنیدا - شاری سنە

ڕەخنەکەی مامۆستا شارۆخی لە مامۆستا حەسەن زیرەک


Loading

ڕەخنەکەی مامۆستا شارۆخی لە مامۆستا حەسەن زیرەک

ئیسماعیل حەمەئەمین

چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان بەتایبەت، کۆمەڵگەکانی ژێر قەیرانی گەورە بەگشتی، بۆ نوسەر و هونەرمەندانیان، هەمان چاوەڕوانییە لە سیاسیەکانیان. ئەوان چۆن داوا دەکەن لە سیاسیەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و خیانەت نەکەن لە ئامانجە باڵاکانی کۆمەڵگە، ئاوەهاش لە زەمەنی قەیران و جەنگ و ماڵوێرانیدا هەمان چاوەڕوانیان هەیە لە نوسەر و هونەرمەند و زانا و مەلا و قەشە و حاخامەکانیان. لە سەرێکەوە، ئەرکی ئەم توێژە گرانتر دەکات و لەسەرێکیشەوە ناهەقی لێدەکات. سیاسیەکان چ لە شاخ بن یان شار، خاوەنی دەسەڵاتن، خاوەنی خەڵکان و جەماوەرن، خاوەنی چەقۆ و خەنجەرن، خاوەنی پیاوکوژ و سەرمایەداری سەر بە خۆیانن. نوسەران و هونەرمەندان تاکە کەسێکن، وەک هەموو یەکێک نە پشتیان هەیە و نە پەنا، تەنها خۆیان هونەرەکەیان، خۆیان و  نوسینەکانیان و خۆیان و شیعرەکانیان، خۆیان و ئایدیاکانیان.

حەسەن زیرەک لە ناوەڕاستی سیەکانی تەمەنیدا – شاری سنە

کۆمەڵگە لەم بارەدا جیاوازی ناکات لەنێوان ئەم دوو توێژەدا `سیاسی و هونەرمەند`  چاوەڕوانیەکانی خۆی بە تۆپزی دەخاتە سەر شانی ئەم توێژە هونەرمەند و نوسەرە و زۆرجاریش بە نەعلەتی دەکات. بۆ نموونە؛ نوسەران و هونەرمەندانی سەدەی هەژدە و نۆزەدە و تاوەکو کۆتایی جەنگی جیهانی دووهەم و بابڵێن تاوەکو سەدەی بیست و یەک لە ئەوروپادا، لە ژێر ئەم فشاردا دەیانناڵاند. لەسەدەی هەژدەدا وەک نموونەیەک، فەیلەسوفێک و بیرمەندێکی وەک  `ژان ژاک ڕۆسۆ` دوای ئەم هەموو خزمەتەی کردی بە کۆمەڵگەی فەڕەنسی و سویسری و کۆی فەلسەفەی ڕۆشنگەری، کاتێک لە سویسرا لە هۆتێلێک دەبێت، قەشەیەکی نەخوێندەوار خەڵکی لە ڕوسۆ هاندەدات بە ناوی `کافربوون`ەوە و بە زەحمەت ڕزگاری دەبێت لە دەستیان. ڕوسۆ دوای ئەو ڕووداوە بە دڵشکاوی دەمرێت، پێش مردنی و لەژێر کاریگەری ئەو دڵشکانەدا  دوا کتێبی ` خەون و خەیاڵەکانی پیاسەکەرێکی تەنها` دەنوسێت لەوێدا دەگاتە ئەو قەناعەتەی؛ هیچ نەکەیت باشە و تەنها ژیان لەگەڵ ڕووەک و گوڵ و باخچەدا بەسەربەریت باشترە وەک کارکردن بۆ کۆمەڵگە. لە ڕووداوێکی تردا `ڕۆپسپێر`ی گەنج، کە دوایی دەبێتە سەرکردەیەکی دیاری شۆڕشی فەڕەنسی و ڕۆژانە سێ سەد سەری دژ بە شۆڕشی فەڕەنسی  بە مەڵاغان ` گیلۆتین`  دەپەڕێنێت، ئەو زەمەنە وەک پارێزەرێکی گەنج سەری پڕ بوو لە ئایدیاکانی ڕوسۆ و کتێبە ڕۆشنگەرەکانی. ڕۆپسپێر سەردانی ڕوسۆی پیر و دڵشکاو دەکات، دەیەوێت باسی شۆڕشی داهاتووی فەڕەنسی  لەگەڵدا بکات، بەڵام ڕوسۆ تەنها باسی گوڵ و گژوگیای بۆدەکات و فەرامۆشی دەکات… ئاوەها ڕوسۆ بە دڵشکاوی مرد، چونکە پێیاندەگووت؛ سێ منداڵی خۆی داوەتە هەتیوخانە و باسی پەروردەشمان بۆ دەکات! ئەوەشی ئەوەی دەگووت هاوڕێ نزیکەکەی بوو کە لە وەسێتیەکەیدا نوسیبووی“ گەر مردم با قەبرەکەم لە تەنیشت `ڤۆلتێر` وە بێت“ بەڵام تامردنی نەیزانی هەر ڤۆلتێری فەیلەسوفی هاوڕێی بوو کە ئەو پڕوپانگەندانەی لەژێرەوە بۆ دەکرد!

بەدیوێکی تردا، ئەوانەی بڕوایان بەم قسانەی ڤۆلتێر و ناحەزانی ڕوسۆ دەکرد،گوێیان بە هەژاریی و نەداری و فشاری ژیانی ڕوسۆ نەدەکرد، تەنانەت کەس دەستی یارمەتی بۆ درێژ نەکرد، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەشیان لە ڕوسۆ دەکرد کە بەو شێوەیە بێت کە لە کتێبەکاندا بانگەشەی بۆدەکات. ئەوانە ئەوەیان لە بیردەچۆوە مەرج نییە دکتۆرەکان بەو شێوە تەندروستە بژین کە ئامۆژگاری نەخۆشەکانیان دەکەن.

نموونەیەکی تر؛ چەند ساڵێک لەمەوبەر بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی  بۆ سەرۆک  `مەسعود بارزانی`،  ئەوسا کۆمەڵێک ئەدیب و نوسەر و هونەرمەند لیستێکی درێژیان ئیمزا کرد، لیستەکە زیاتر نوسەران و هونەرمەندانی شاری هەولێری لەخۆگرتبوو.  نوسەرێک کە لە ئەوروپا دادەنیشت خێرا ئەوانەی کە ئەم ئیمزایەیان کردووە بە  `مەسینە هەڵگر`  پێناسەکرد. هەروەها نوسەرێکی دیکەش کە لەدەڤەری سلێمانی دەژیا هەمان ڕای بڵاوکردەوە. ئەمانە بیریان چوو کە لەسەدا هەشتای ئەو نوسەر و هونەرمەندانە کە ئیمزایان کردووە یان بیروڕای خۆیانە، یان لە ژێر فشارێکدا کردویانە ، ئەوانیتر نوسەری حزبەکەی خۆیان بوون،  دەنا، نوسەری تێدایە هەرگیز نە چەپ بووە نە ڕاست و نە یەکێتی و نەپارتی و بە تەبیەت هەر خەریکی هونەرەکەی خۆی بووە، و بانگەشەی زلیشی نەبووە و خوا دەزانێت لە ژێر چ فشارێکی ماڵی و جەستەیی و وەزیفیدا بووە.  لێرەوە دەکرا ڕەخنە لەم ئیمیزایە بگیرێت لە ڕووی سیاسی و دیموکراسیەوە، بەڵام تەخوینکردنیان و ناولێنیان وەک `مەسینەهەڵگر` غەدر  و فاشیەتێکی کوێر بوو.

 نوسەرێکی وەک من بە نموونە، کە بیست و پێنج ساڵە لە ئەوروپا دادەنیشم و کە دێمەوە بۆ کوردستان وەک هەموو هاوڵاتیەکی  ئەوروپی خاوەنی قەوارەیەکی یاسایی  پارێزراوم، چونکە سەفارەتم هەیە بمپارێزێت و ئاگای لێم بێت، لە هەر دەستدرێژییەکی دەسەڵاتی لۆکالی بۆ سەرم  دێتە سەر خەت. هەربۆیە هونەر نییە کە من دەنگم دلێرتر بێت وەک لە نوسەرێکی ناو وڵات،  کە لەژێر ڕەحمەتی لێپسراواندا دەژین و هەموو کاتێک   ئاسایش یان پاراستن دەتوانن  زیندانی بکەن و کەسیش لێی نەپرسێتەوە. لێرەوە من مافی ئەوەم نییە بە نوسەرانی ناو وڵات بڵێم (مەسینە هەڵگر) تەنها لە بارێکدا دەتوانم،  کە ئەو نوسەرە خۆی بەدەستی خۆی بەرەو پیری گەندەڵی بچێت، خۆی ببێتە تەپڵەکی بەڵغەمی لێپسراوان و ببێتە ڕاپۆڕتلێدەر و گەندەڵ. دەنا کەسێک لە ترسی ئەوەی گەر ئیمزایەک نەکات لەسەر بەیاننامەیەک نانبڕوای دەکەن بۆ ئەبەد، و منداڵی برسی دەکەن، ئەوە گلەیی لەسەر نییە.

لێرەوە  ڕەخنەکەی مامۆستا عەزیز شارۆخی ڕەخنەیەکی بەجێیە؛ نەدەبوایە مامۆستا حەسەن زیرەک گۆرانی بەسەر شای گۆڕ بەگۆڕ دا هەڵدایە، بەڵام ئەو فشارانە چی بوون لەسەر مامۆستا زیرەک؟ ئەوانەی کاتی خۆی گۆرانیان بەسەر  شاهەنشا هەڵندایە لە بەندیخانە خوێناویەکەی (ئیڤین) دایاندەڕزاند، `داریوش`ی هونەرمەندی فارس زیندانی کرا و ئەوەندە ئەشکەنجەدرا  تا گەیشتە حوکمی ئیعدام، دوایی بۆی تێکەوتن و ناچار گۆرانیەکی بەسەر شاهەنشای گۆڕبەگۆڕدا هەڵدا.  ئیدی دەبێت  حەسەن زیرەکی هەژاری کورد بۆ کوێ بچێت، کە کوردە،  کوردیش   خوێنی لای فارس و تورک و عەرەب، حەڵاڵ کراوە؟

 من ڕەخنەم لە هاوڕێ نوسەرەکانم هەیە، بەڵام سەیری بارۆدۆخیان دەکەم، ئەوسا حوکم دەدەم. لەگەڵ هەندێکیاندا ناتەبام چونکە سەرەڕای ئەوەی مووچەی زیاد لەتوانای خۆیان  و وەزیفەکەیان وەردەگرن، کەیسی دەستبردن بۆ کچی منداڵ و گەندەڵیان هەیە لە داداگاکان و بە حوکمی مەکتەب سیاسیەکان وەستێنراوە. یاخود هەندێک نوسەر و هونەرمەند هاتوونەتەوە لە ئەوروپا یەکسەر دەچنە `لیژنەی  موشتەریات` ی دەزگا و وەزارەتەکان و پۆستی ئیداری گەورەیان وەرگرتووە، بەڕاست و چەپ بودجەی ئەم میللەتە هەژارە بەناوی ئیفاد و ڤیستڤاڵ و دیدار و….هتد خەرجدەکەن، بەڵێ ئەوانە ناهەقی دەکەن لە میللەتی خۆیان. بێگومان  ئەوانیش مافیان هەیە لە کوردستاندا وەک هەموو کوردێک، بەڵام خۆزگە بە قەد پێویستی خۆیان بێت، بەقەد قەبارە و بڕوانامە و بەرهەمی خۆیان بێت، بە قەد خەباتی خۆیان بێت. لەم کوردستانە بێ سەروبەرەدا  بێژەر یان میدیاکاری نەخوێندەوار یان هونەرمەند هەیە خاوەنی سەدەها هەزار دۆلارە، کە یەکێکی وەکو من بەو هەموو کارە و بڕوانامە، تاسەری مانگ مووچەکەم بڕ بکات بۆ بژێوی مانگانەم سوپاسگوزارم. خۆ ئەگەر دوای سەری ساڵ فەرمانگەی باج داوای پارەی دیکەم لێ نەکات، ئەوا بەختەوەرم.   بێگومان هەموو ئەوانەی لە ئەوروپا کاردەکەن بە ئەوروپی غەیرە ئەوروپییەوە ئەوە حاڵیانە، ئیدی بۆ من وەک ئەوان نەبم و بۆ وەک ئەوان نەژیم. 

 دەبێت ئاوەها سەیری مامۆستا زیرەک بکەین؛ کە هەڵەی کردووە، بەڵام لە ژێر چ فشار و زۆرێک و تیرۆرێکدا بووە؟ لە ژێر چ نەبوونی و نەدارییەکی سەختدا بووە؟ لە ژێر چ بارودۆخێکی دەروونیدا بووە کە مرۆڤ زۆرجار لە ژێر باودۆخی دەروونی یان هەڵخەڵەتاندا دەبێت و ناحەزان کاری هەڵەی پێدەکەن.

لەدواجاردا ئەم هەڵەیەی زیرەک ئەوەمان پێدەڵێت؛ کە زیرەک چەندە گەورە بووە. بەڵێ گەورە بووە، چونکە فشارەکانی سەری گەورە بوون. سەرەڕای تاڵایی ئەم هەڵەیەش، ئەو تا مردنی خەباتی کردووە بۆ موزیکی کوردی و بنەغایەکی وەهای داناوە کە نەوە لە دوای نەوە لەبەرەکەی دەخۆن و کاری لەسەر دەکەن. لێرەوە دەڵێم؛ مامۆستا شارۆخی گەورە ڕاستدەکات و بەڵام ناهەقیش دەکات کە باس لەو فشارانە ناکات لەو زەمەنەدا لەسەر زیرەک لە ئارادا بوون.      

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌