دابان عه‌تار

هونەرمەندێکی شارباز


Loading

چیرۆکێکی (هۆزار ئەحمەد)م بەناوی  (دەنگی پۆترێتەکە) خوێندەوە، دەمەوێ لێرەدا خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ دەقەکە بکەم. ئەوەی لەو چیرۆکەدا زۆر خەختی لەسەر دەکرێت و وێنەکەی زەق دەکرێتەوە وێنەی پیرەپیاوێکی نالەبارە، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: بۆچی نوسەر ئەو وێنەیەی ئاوا زەقکردووەتەوە؟ ئایا ئەوە بەمەبەستەوە کراوە، یان بەڕێکەوت بووە؟

دەنگی پۆرترێتەکە

ئەگەر بەووردی لە چیرۆکەکە وردبینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەوە بەمەبەستەوە کراوە. نوسەر ویستوویەتی یارییەکی هونەری سازبدا و هەندێک مەبەست لە پشتی یاریەکەدا بشارێتەوە. لەم چیرۆکەدا هونەرمەندێکمان هەیە، هونەرمەندێکی توڕە و بێزار و ماندوو هەروەکو دەنوسێت؛

(ھزرم تێی فکری ھێنانی بەردێکی زل بوو، بەردێک بارتەقای قورسایی بەدەنم، لە کازیوەوە تاوەکو زەردەی ئێوارە مژویڵی ھەڵزنانی ئەو بەردە بووم، بەرەو دامێنی ماڵە پەرپوتەکەم، دە قەراغی مێزەکەم دانا…)

 

لێرەدا نوسەر ویستوویەتی کاراکتەرەکەی بە سیزیف بچووێنێت، کە بەردەوام خەریکی سەرخستنی بەردێکە، ئەوەی زیاتر لەوە دڵنیامان دەکاتەوە جوگرافیای هەولێرە، کە زەویەکی پان و بێ بەرزونزمییە، بەڵام نووسەر دەنووسێ(مژویڵی ھەڵزنانی ئەو بەردە بووم، بەرەو دامێنی ماڵە پەرپوتەکەم) …لێرەدا کاراکتەر سنووری جوگرافیا وندەکات و بۆ گوزارشتکردن لە وەڕەسی و ماندوویەتیەکەی خۆی لێ دەبێت بە سیزیف و هەوڵی کێشانی تابلۆیەکەشی سەرخستنی بەردێک بە قەبارەی خۆی! بۆچی بەردێک بە قەبارەی خۆی؟ بۆچی هەڵزنان؟ ئەو وشانە پێمان دەڵێن کاراکتەر لە سیزیفی باشتر شک نەبردووە تا بەخۆی بچووێنێت. دەنووسێت؛

(کۆششی پێنج ساڵی پەیمانگام، لە ھونەرە جوانەکان، نەیتوانی ژیانێکی ڕۆتینیم بۆ وەسەر یەک نێت، ھەموو تابلۆ کێشراوەکانم لە قوژبنی ماڵە پەرپوتەکەم بێ ناز و دارایی کەوتوون، تا بنمیچ تواناکانم خۆی ھەڵشاخاندبوو)

هونەرمەندێک، کە بەردەوام خەریکە موشتەری بۆ تابلۆکانی پەیدابکات، بەڵام هەوڵەکانی

بێئەنجام دەمێننەوە، نووسەر خۆی هۆکاری ئەو بێئەنجامییە بە خوێنەر دەڵێت:

(چ جۆرە پۆترێتێک؟ ئاخر کێ پیرە پیاوێکی لار بووی ڕووتەڵ لە ژوورەکەی ھەڵدەواسێت؟) لێرەدا پرسیارێک قوتدەبێتەوە: بۆچی کاراکتەرەکەمان بەردەوام نیگاری (پیرەپیاوێکی لاربووەوەی ڕووتەڵ) دەکێشێتەوە؟ ئەگەر بە وردی لە چیرۆکەکە وردبینەوە تێدەگەین کاراکتەر لەژێر کاریگەری وێنەی شار پۆرترێتی پیرەمێرد دەکێشێت، واتە نوسەر ویستوویەتی شار بە پیرەمێردێکی ڕووتی پشت کۆمی بێدەنگ بچووێنێت. جێی خۆیەتی ئێستا خوێنەران بپرسن: چۆن؟ یان بپرسن: ئەو شارە کوێیە، کە نوسەر ویستوویەتی ئاوا وێنای بکات؟

ژینگەی ڕوودانی رووداوەکان هەولێرە، لێکچوونێکیش هەیە لە نیوان وەسفی هەولێر و ئەو پیرەپیاوە، هەموومان دەزانین هەولێر بە هەولێری (پیرەقەرات) ناسراوە، ئەگەر یەکێک بیەوێ نیگاری قەڵات بکێشێت ناچارە سەرەتا گردێکی کووڕ بکێشێت هەروەک پیرەپیاوێکی کووڕ، واتە لەبەرئەوەی تەنیا ناوی یەک شار لەم چیرۆکەدا هاتووە، ژیرانە نییە ئەگەر پیرەپیاوەکەش بە شاربچووێنین بە شاری دیکە جگە لە هەولێری بچووێنین، واتە مەبەستی نووسەر دەبێ لەو سنوورە تێنەپەڕێت. ئێستا پێویستە بەڵگەی زیاتر بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانمان بێنینەوە. نووسەر لە زمانی کاراکتەرەوە دەنوسێت؛

(دەوروبەری ماڵەکەم بە تەواوی ئاوەڵە و وێرانەیە، بە ڕێکەوت چۆڵە، ئێ…خۆ ھەولێر زیاتر بەرەو باکور ئاوەدانیەکەی ھەڵدەکشێت، بێدەنگی باشوور بۆ مەرامی بیابان و خواستەکانی باکوور، ڕۆژ دوای ڕۆژ گەڵاکان کەمتر لە دایک دەبن و زووتر وشک دەبن و باران کەمتر دەبێت بە موسافیر. خۆ دەشێت سەرجەم پۆترێتەکانم، سروشی بێدەنگی ئەو وشک و برنگە بن) سەرنج لە دێرەکانی کۆتایی بدەن؛(خۆ دەشێت سەرجەم پۆترێتەکانم، سروشی بێدەنگی ئەو وشک و برنگە بن،)کام شار؟ لە سەرەتای ئەو پەڕەگرافە ناوی(هەولێر) دەهێنێت.

واتە نووسەرە خۆی گریمانەی ئەوە جێدەهێلێت کە دەشێ هەموو پۆرترێتەکانی سروشتی بێدەنگی ئەو وشک و برنگە کە(شارەکەیە)بن.واتە تابلۆکانیرەنگیان لە شارەوە وەرگرتوە، کەواتە ئەو پیرە هەمان شارە پیرەکەیە!

لە جێیەکی دیدا دەنووسێت؛

(ھەمیشە داڵغەم لای ماکەی پیرە پیاوێکی ڕووتی بێدەنگە، تێناگەم کەی بوو ئەو پیرە پیاوە ھاتە نێوم؟!ئەوەی ئارەزوومەنیگاركێشیبكه‌م؛پیرە پیاوێکی پشت کۆم بوو، تاڵ تاڵ مووی ھەر دوو لاشانی دەبینرا، لەگەڵ ڕەنگی ئۆکاریای جەستەی تێکەڵەی پرتەقاڵی و زەرد و سپی، دەکەوتە ژێر زەبری ڤڵچە زەیتیەکەم، تەواوی له‌شێكیوشک و بێدەنگبوو. لێ بێ ویستم پەنجەکانم وورد وورد قوون و پشتینیگاركێش بكات. ئەو ساتانەی ڕقی خۆم پێ ناخورێتەوە سەرجەم ڕەنگەکانی تێکەڵ دەکەم و توڕەی ھەڵدەدەمە سەر ڕووی خامه‌كه‌…تەنانەت وێنەیەکی ئەبستراکتیش دەرناچێت، فیگورێکی پیر لە سیمای وێنەکە دەردەکەوێت بە ڕەنگێکی خۆڵەمێشی، من دەباتەوە سنووری تەکنیک، ئاخر چی شتێک لە چارەنوس گاڵتەجاڕتر ھەیە!)

با هەڵوەستە لەسەر دوو شوێنی ئەو پەڕە گرافە بکەین:

یه‌كه‌م؛  نووسیویەتی؛ (ھەمیشە داڵغەم لای ماکەی پیرە پیاوێکی ڕووتی بێدەنگە، تێناگەم کەی بوو ئەو پیرە پیاوە ھاتە نێوم؟!ئەوەی ئارەزوومەنیگاركێشیبكه‌م؛پیرە پیاوێکی پشت کۆم بوو، تاڵ تاڵ مووی ھەر دوو لاشانی دەبینرا، لەگەڵ ڕەنگی ئۆکاریای جەستەی تێکەڵەی پرتەقاڵی و زەرد و سپی، دەکەوتە ژێر زەبری ڤڵچە زەیتیەکەم، تەواوی له‌شێكیوشک و بێدەنگبوو. لێ بێ ویستم پەنجەکانم وورد وورد قوون و پشتینیگاركێش بكات. ئەو ساتانەی ڕقی خۆم پێ ناخورێتەوە سەرجەم ڕەنگەکانی تێکەڵ دەکەم و توڕەی ھەڵدەدەمە سەر ڕووی خامه‌كه)

بۆچی(لەگەڵ ڕەنگی ئۆکاریای جەستەی تێکەڵەی پرتەقاڵی و زەرد و سپی) ئایا ئەو ڕەنگانە گوزارشت لە شتێک ناکەن؟ با چەند دێرێکی دیکە لێرەدا دانێمەوە؛

(ئێوارەيــەكی شــێدار بــە پەنامـدا تێپــەڕی و گڵۆپی شەقامەكان هەڵبوون…)

هەر چەند دێرێک پێشتر جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاتەکە ئێوارەبووە (بەر لە تاریکبوون، چووم بۆ باڕێک بوتڵێک ڤۆدگام ھەڵقورتاند بەدەم ڕێگاوە). ئایا ئێوارە پێش خۆرئاوابوون ئاسمان چ ڕەنگێک دەنووێنێت؟ ئەو بەراووردە بۆ خوێنەران جێدەهێلم، ئەویش دوای خوێندنەوەی چیرۆکەکە…

دەنووسێت؛ (تەنانەت وێنەیەکی ئەبستراکتیش دەرناچێت، فیگورێکی پیر لە سیمای وێنەکە دەردەکەوێت بە ڕەنگێکی خۆڵەمێشی، من دەباتەوە سنووری تەکنیک، ئاخر چی شتێک لە چارەنوس گاڵتەجاڕتر ھەیە!)…لێرەدا چارەنووس بە گاڵتەجاڕی دەچووێنێت، لە پێشتریش باسی لەوە کردووە(خەونی من لەو نیشتیمانە کەس نابێتە ماخۆی، بێجگە لەو ھێلە لاوازەی چارەنووس کە ژینگە باری ھێناوە…) 

واتە دەیەوێ بڵێ نیشتیمان هیچ نییە جگە لە حوکمێکی ناچاری چارەنووس کە ژینگە باری هێناوە، دواتر چارەنووس بە گاڵتەجاڕانە وەسف دەکات، کەواتە لێرە تڕۆپکی تووڕەیی لەبەرانبەر نیشتیمان دەردەکەوێت، تووڕەییەک، کە دەتوانێ وا لەمرۆ بکات ئیدی بەدوای پرسیارێکی دیکەوە بێت بۆ(نیشتیمان) هەروەکو پێشتر شێرکۆ بێکەس لە قەسیدەی(ئیستا کچێک نیشتیمانمە) نیشتیمانی لە مانا وەستاوەکەی خۆی ترازاند.

ئەگەر ئەدەبیات خەیاڵی وێناکردنەوەی، یان خوڵقاندنەوەی واقیع بێت بەپێی خەیاڵێکی نەخشەبۆدانراو لەلایەن نووسەرەوە، لەم چیرۆکەدا بوونیادنانەوەی شار بەشیوەیەکی جیاوازتر لە بوونە فیزیکیە باوەکەی هەوڵێکی جوانە بۆ بونیادنانەوەی دووبارەی چەند چەمکێکی فەلسەفی بەوشێوازەی نوسەر دەیەوێت، ئەو ترازاندنی مانایەی چەمکی (نیشتیمان و شار)بەبڕوای من لووتکەی مەبەستی کاری ئەدەبییە، بەو مانایەی(بوونیادنانی پانتایی و کات بۆ بەرهەمهێنانی وێنە و رووداو بە پێی ویستی نوسەر).

لێرەدا بە ئیشی خۆمی نازانم باس لە هاوڕایی یان دژیی ئەو ترازاندنەی نوسەر بکەم، چونکە لەلای من ئەوەندەی فۆڕم وسەرکەوتوویی دەلالەتەکانی دەق لە بونیادنانی دەق گرنگە ناوەڕۆک گرنگ نییە، من ناوەڕۆک و مەبەست بەو (بارە) دەچووێنم، کە لە فۆڕم و نەخشەی دەق باردەکرێت، هەرکەس و ئازادە لەو پانتاییە بیری خۆی باربکات، بە مەرجێ لە ژێرفۆڕمێکی تۆکمەی ئەدەبی داڕێژرابێت، هەرحاڵ با لە چیرۆکەکە دوور نەکەومەوە.

فرانسیس به‌یكه‌ن؛ پیاوێكی دانیشتوو- ١٩٦١
Presented by J. Sainsbury
Ltd 1961

لەم چیرۆکەدا دوای ئەوەی شار لە وێنەی پیرەپیاوێکی بێدەنگ ڕەنگ دەکرێت و کاراکتەر هەموو تابلۆکانی لەو شێوەیە دەکێشێتەوە ئیوارەیەک تووڕەییە ناخودئاگایەکەی لەو پیرەپیاوە دەگۆڕێت بۆ شەهوەت و لەو پیرەی خاڵی دەکاتەوە، واتە نیگارکێش شەهوەتی لە پۆرترێتی پیرەپیاوەکە بەتاڵ دەکاتەوە. نوسەر بە شێوەیەک ئەو پیرەپیاوەی لە پۆرترێتەکەوە هیناوەتە دەرەوە، کە خوێنەر هەست بکات بەر هەقیقەتێک کەوتووە، لە کاتێکدا بەر خەیاڵی تابلۆی نێو سەری کەوتووە، ئەمەش پتەوی دەقەکە دەردەخات. لێ بەبڕوای من کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو لە کۆتایی چیرۆکەکەدا ڕوودەدات، کە پێموایە. ئەگەر چەند ڕستەیەکی دەستکاری بکردبایە دەکرا دژی سەرتاپای نەخشەی چیرۆکەکەی وێک نەیەتەوە و لۆجیکە گشتیەکەی بگەیاندبایە بنبەست، با هەندێک بەرچاوڕوونی لە سەرتاپای دەقەکە بهێنینەوە بۆ پاڵپشتی کردنی ئەو قسەیەمان، سەرنج لەو پەڕەگرافانەی خوارەوە بدەن:

–  (ژیانی من ھێشتا بە ژان دەسوتێت، شوومی بێدەنگیەکەی خەریکە دڵم و تەواوی بوونم وێڵ دەکا .کێ سۆراخی گەوادێکی بەدبەختی وەک من دەکا، کە ھۆگری پیرێکی کەنەفتی جەنجاڵی نێو شار بێت!)

–  (دەوروبەری ماڵەکەم بە تەواوی ئاوەڵە و وێرانەیە،)

–  (نازانم کام جاشەکەر دڵنیایی بوونی ژیانی خەڵکانی لەم نیشتیمانە جاڕدا، قەدەر بێت لەم ڕۆژانە سەدا نەفرەتیەکانی شار ببنە ڕێبواری بیستنم.)

– (ئەو ساتانەی ڕقی خۆم پێ ناخورێتەوە سەرجەم ڕەنگەکانی تێکەڵ دەکەم و توڕەی ھەڵدەدەمە سەر ڕووی خامه‌كه…)

– (کۆششی پێنج ساڵی پەیمانگام، لە ھونەرە جوانەکان، نەیتوانی ژیانێکی ڕۆتینیم بۆ وەسەر یەک نێت، ھەموو تابلۆ کێشراوەکانم لە قوژبنی ماڵە پەرپوتەکەم بێ ناز و دارایی کەوتوون، تا بنمیچتواناکانم خۆی ھەڵشاخاندبوو.)

– (ڕێکردنم لە شەقام وەک خوێڕیەک لە زاری خەڵکی پیادەڕۆ و نیشتەجێ، وەک وێڵی ھەوەس وێنا دەکرام. داد و بێداد ئاسمان ڕازی منی لە قوڵپی خەڵکی نەدەدرکاند، تەنانەت لە دڵی خۆشمدا، لەڕازی خۆم بێ خەبەرکەوتبووم)

بەپێی ئەو پەرەگرافانە بێت کاراکتەر خۆی بە (گەوادێک)  دەچووێنێت، کە ژیانی بەژان دەسووتێت، ئەمە بەشێویەک تووڕەی دەکات؛ (ڕقی خۆم پێ ناخورێتەوە سەرجەم ڕەنگەکانی تێکەڵ دەکەم و توڕەی ھەڵدەدەمە سەر ڕووی خامه‌كه‌)…بەم ئاوهایە کاراکتەر دەبێ تابلۆیەکەی کە گوزارشتە لە شارەکەی لە ئەنجامی توڕەییەوە بەرهەم هاتبێت، بۆیە ئەگەر بیەوێت بە جووتبوونیش تۆڵە لە شارەکەی بکاتەوە دەبێت لاقەی پیرەپیاوەکە بکات و جۆرێک لە دەستدرێژی بە گانکردنەکەوە دیاربێت. بەڵام کاتێک دیمەنەکە دەخوێنینەوە نووسەر وێنەیەکی جوانیناسانەی خولقاندووە، کە تەنانەت لە چەند دێرێکداگەیشتوەتە ئەوەی وشەی ئیشق بەکاربهێنێت، کە بەبڕوای من ئەو تووڕەیییەی کاراکتەری وا لێکردووە شیوەی شار وەک پیرەپیاوێکی ناحەز بخوڵقێنێت و تووڕەیی خۆی تییدا خاڵی بکاتەوە، لە رووی دەروونناسیەوە ژیرانە نایەتە پێش چاو ئەو کاراکتەرە په‌یوەندی ئەڤیندارانە لەگەڵ تووڕەییەکەی خۆی ببەستێت! لە ڕووی کاراکتەرسازیشەوە لە سەرەتاوە تا ئەو دێڕانەی باسی سێکسکردنەکە دەکەن وێنەی کاراکتەر بەشێوەیەکی جوان نەخشێنراوە، بەڵام لەو چەند دێرە کاراکتەر خۆی ڕادەستی دژییەکی سەیر دەکات لەگەڵ خۆی! سەرنج لەو دێرانە بدەن:

 

 – (تێی ئاڵام و تێکەڵ بووین، پشتە کۆمەکەیم مژی، گڵۆپەکانی کوژاندەوە، ئارەزووەکانمان داگیرساند،)

– (یەکەم تێکگیربوونی سروشتی ھۆڕمۆنەکانم، بەھەوای ئازادی ھەڵفڕین) 

– (سه‌ختە بڵێم لەو شەوە یەکەم نۆتەی ئەشقم لە کۆمی پیرە پیاوێکەوە ژەنرا، دەستەکانی دەمژیم و دەنگە گڕەکەی لە ھەر دیوێکی پێناسەی ئەشقدا، ئاوازێکە مەئشوق ڕێک پڕ بە گوێچکەکانی ھۆڕمۆنی خۆم و قوونی پیرە پیاوەکە دەیژەند)

لێرەدا بەبڕوای من کردەی سێکسەکە کێشەی نەدەبوو ئەگەر وەک تۆڵەکردنەوە بەهۆی پاڵنەری ڕقەکەیەوە لەشێوەی دەستدرێژی ئەنجام بدرابایە، بەڵام لێرەدا نوسەر ئەو کردەیەی بەشێوەیەک لە زمانی کاراکتەرە تووڕەکەوە گێڕاوەتەوە، کە نزیکە لە پیرۆزیی و پێوەندی بەستن لەگەڵ ڕقە خودیەکەی! لەسەرەتاوە نوسەر دەیەوێت ترازانێک لە تێگەیشتنە باوەکەی نیشتیماندا بکات، بەڵام دواتر کاراکتەر لە لووتکەی تووڕەیی و بێزاریەکەی دا تێکەڵی باوکی پیرۆزی دەبێتەوە و ناتوانێت لێی لابدات!

ئەگەر لە ئەفسانەی پشتی (گرێی ئۆدیب) ململانێی منداڵ و باوک ببینرێت لەبەر داگیرکردنی دایک، ئەوا لەو چیرۆکەدا، سەرەتا شار تووڕەییەک دروست دەکات وەک وێنەی باوکێکی پیرۆز لەلایەن کاراکتەرەوە بە پیری و قێزەونی لەشێوەی پۆرترێتێکی ڕووتدا دەنەخشێنرێت، بەڵام دواتر کاراکتەر لەجێی ئەوەی تۆڵە لە پۆرترێتی ڕقەکەی بکاتەوە، بەو دێرە؛ (شەوە یەکەم نۆتەی ئەشقم لە کۆمی پیرە پیاوێکەوە ژەنرا…) و دێرەکانی دواتر تێکەڵی ڕقەکەی دەبێتەوە و نووسەر ئاگای لەوە نامێنێتە تەنانەت چەند دێرێک پێشتر نوسیویەتی؛ (ڕامتەکاند و نەفرەتم لە ڕابوردووم کرد)ئەگەر دێرەکانی دیکەش بەو شێوازە بنووسرابوونایە ئەوکات دەبوو وەک لاقەکردنی چەمکی نیشتیمان لەئەنجامی تووڕەیی کاراکتەرەوە مانایەک و شیکاریەکی جوداوازتری بۆ ئەو چەمکە بخستبایە بەر دەست، بەڵام دواتر ئەو دێرە گونجاوەلە نێو قەفەزی کۆمەڵێک دێری دژدا نەفەسی لێ دەبڕێ! پێشنیاز دەکەم نووسەر ئەو چەند دێرەی ئەو پەڕەگرافە چەندجارێک بخوێنێتەوە، بەڵکو ویستی گۆڕینیانی هەبێت، بۆیە وادەڵێم، چونکە جیرۆکەکە زۆر تۆکمە داڕێژراوە و دەکرێ بە دەستکاری کردنی ئەو دێرانە تۆکمەتر بکرێت.

ئۆدیبی كوێربوو له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا -١٧٨٤
The Blind Oedipus Commending his children to the Gods, 1784. Bénigne Gagneraux, Nationalmuseum, Stockholm

مادام نوسەر دەیەوێت بەو گاینەی پیرەپیاوی نێو تابلۆکەی (نەفرەتم لە ڕابوردووم  کرد) نەفرەت لە رابردووی بکات و نەفرەت لەو پیناسەسواوانە بکات، کەپێشستر بۆ نییشتیمان هەبوون بەو بەوپێیەی(بێجگە لەو ھێلە لاوازەی چارەنووس کە ژینگە باری ھێناوە)

دواتر چارەنووسیش بە گاڵتەجاڕانە پێناسەدەکات(ئاخر چی شتێک لە چارەنوس گاڵتەجاڕتر ھەیە!) تاوەکو بڵێت نیشتیمان و وابەستەبوون پێی جگە لە هێلێکی لاوازی چارەنووس کە ژینگە باری هێناوە هیچی دی نییە، ئەو هێلەش گاڵتەجاڕانەیە و دەکرێ شیکاری دیکە هەڵبگرێت. دوای ئەوەش بە نەفرەت کردن لە ڕابردوو و ڕاتەکاندنی رابردوو لاقەبکات، بەم ئاوهایەش لە وێنە پیرۆزەکەی نیشتیمان لابدات و لاقەی بکات، بەڵام بەداخەوەنووسەر تا کۆتایی لەسەر لۆژیکەکەی خۆی نامێنێتەوە و لێی لادەدات. ئەو لۆژیکەی هەرچیرۆکنوسێک پێیویستیەتی خوێنەرانی بۆ بڕواپێهێنان پێی بجووڵێنێت، لۆژیکی گشتی هەر دەقێکی گێڕانەوە…

چەند وردە سەرنجێکی دیکەم لەسەر چیرۆکەکە ماوە، کە بەکورتی هەندێکیان دەنوسم، لە چەند شوێنێک دەنگی نووسەر زۆر بەزەقی دێتە نێو چیرۆکەکەوە و داوەری دەکات و هاواردەکات، کە بەڕوای من ئەو دیرانەی تێدانەبووایە باشتر دەبوو، یەک نمونە دێنمەوە لە شوێنێک دەنووسێت؛ (سەد تف لە ھێڵە ڕاستە باوەکان، سەد تف لە دادوه‌ری ڕاستی، سەد تف لە نھێنیە حیزەکان…)

لەچەند شوێنێکیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ زماندا کەوتووەتە نێو هەڵەوە،تەنیا یەک دێر لێرەدا دەنووسم کە کاریگەری لەسەر مانا داناوە، دەنووسێت( چێژی ئەو بونەوەرە کێ بوو؟) بەبڕوام لێرەدا وشەی(چێژی) زیادەیە و زیانی بە ڕستەکە گەیاندووە، چێژ کردەیە بەڵام ئەو بە کەس(ناو)ی چوواندووە کە نووسیویەتی(کێبوو) ئایا دەبێ بنووسین (چێژ کێیە)؟ دەبوو ئەو دێرە ئاوا بنووسرێت(ئەو بوونەوەرە کێ بوو؟)

چیرۆکەکە بە وێنەیەکی هونەری و جوان کۆتایی پێ دێت، کە بەڕوای من کۆمەڵێک هێمای تێدا بەکارهاتووە، تەنیا دێرەکان دەنووسمەوە و لێکدانەوەکان بۆ خوێنەری دیکە جێدەهێلم. نووسیویەتی:

(پێستم شەقار شەقار بووە، لەشکرێک مێش تڵی خۆشبەختی دەدەن. دەنگێكی گڕ دێتە بەرگوێم، کە کۆمەڵێک قەڵە ڕەش لە مەڕاسیمی دابەشکردنی لاشەم دەخوێنن دووانیان مژیوڵی خواردنی دەستەکانمن و یەکیان جێی شەرممی دەزاری دایە و ئەوانیتریش ناوسکم دەکۆرن، بەگشتی ده‌نووکیان بۆ ھەموو شوێنێکم دادەپچڕاند..)

 

 

ته‌واو

 

چیرۆكی

دەنگی پۆرترێتەکە

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.