دەنگی پۆرترێتەکە

هۆزار ئه‌حمه‌د – چیرۆك

Lucian Freud Naked Man Back View Met Museum1
483

ھیچ وێنەیەک لە ئەو نەدەچوو، تەنانەت جوانترین خەیاڵەکان، پیاوێک ھەبوو دەیگووت؛ خەیاڵ ڕاستگۆترینە، لێ ھەر کەسێک بەر خەیاڵم بکەوێت دەزانێت درۆزنم، خۆ ئەوە دێرۆکی مرۆیە، سەیری بکەن و بخوێننەوە، کامە پێشبینی وەڕاست گەڕاوە، کێ پێشبینی ئەوە دەکا، ھەردەم خەیاڵ و خەونی ئەوانیتر لێرە و لەوێش نین؟ گەر خەونی ئەوانیتر نەبێت ئێمە چین؟ ئەو مەبەستەی کە بۆی لە دایک بووین، باشترین بژاردەیە، جیھان بەو شێوەی کە ھەیە، ڕەنگە باشترین بێت، خەیاڵی منیش بۆ خودی خۆم ڕەنگە باشترین بێت، وەلێ بۆ ئێوە نەفرەتی بێت و لە درۆزنێک زیاتر نەبم، خەونی من لەو نیشتیمانە کەس نابێتە ماخۆی، بێجگە لەو ھێلە لاوازەی چارەنووس کە ژینگە باری ھێناوە.

بوونم لە پشت سۆمای ئەو ڕەشێنەیە، شایستەی مەتەڵ نییە، ژیانی من ھێشتا بە ژان دەسوتێت، شوومی بێدەنگیەکەی خەریکە دڵم و تەواوی بوونم وێڵ دەکا. کێ سۆراخی گەوادێکی بەدبەختی وەک من دەکا، کە ھۆگری پیرێکی کەنەفتی جەنجاڵی نێو شار بێت!

 

                                    *      *      *

دەوروبەری ماڵەکەم بە تەواوی ئاوەڵە و وێرانەیە، بە ڕێکەوت چۆڵە، ئێ…خۆ ھەولێر زیاتر بەرەو باکور ئاوەدانیەکەی ھەڵدەکشێت، بێدەنگی باشوور بۆ مەرامی بیابان و خواستەکانی باکوور، ڕۆژ دوای ڕۆژ گەڵاکان کەمتر لە دایک دەبن و زووتر وشک دەبن و باران کەمتر دەبێت بە موسافیر. خۆ دەشێت سەرجەم پۆترێتەکانم، سروشی بێدەنگی ئەو وشک و برنگە بن، تەنیا ھاژە ھاژی ئۆتومبێلەکانی جادەکەی ئەوبەر نەبێت دەچێتەوە شاری نەوت، نازانم کام جاشەکەر دڵنیایی بوونی ژیانی خەڵکانی لەم نیشتیمانە جاڕدا، قەدەر بێت لەم ڕۆژانە سەدا نەفرەتیەکانی شار ببنە ڕێبواری بیستنم.

لەگەڵ بیرەوەریەکانم دەسازێم و سوێری ئارەقەی پشتی چەندان بارە دەکەوێتەوە نێوزارم، منیش تاھێزم ھەیە خویز دەخێوێنمە سەر پۆترێتەکە و بە دەستەکانم دەیپلیشێنمەوە توڕی ھەڵدەدەم لە پەنجەرەکە، ھەمیشە داڵغەم لای ماکەی پیرە پیاوێکی ڕووتی بێدەنگە، تێناگەم کەی بوو ئەو پیرە پیاوە ھاتە نێوم؟!  ئەوەی ئارەزوومە    نیگاركێشی  بكه‌م؛  پیرە پیاوێکی پشت کۆم بوو، تاڵ تاڵ مووی ھەر دوو لاشانی دەبینرا، لەگەڵ ڕەنگی ئۆکاریای جەستەی تێکەڵەی پرتەقاڵی و زەرد و سپی، دەکەوتە ژێر زەبری ڤڵچە زەیتیەکەم، تەواوی له‌شێكی  وشک و بێدەنگ  بوو. لێ بێ ویستم پەنجەکانم وورد وورد قوون و پشتی  نیگاركێش بكات. ئەو ساتانەی ڕقی خۆم پێ ناخورێتەوە سەرجەم ڕەنگەکانی تێکەڵ دەکەم و توڕەی ھەڵدەدەمە سەر ڕووی خامه‌كه‌…تەنانەت وێنەیەکی ئەبستراکتیش دەرناچێت، فیگورێکی پیر لە سیمای وێنەکە دەردەکەوێت بە ڕەنگێکی خۆڵەمێشی، من دەباتەوە سنووری تەکنیک، ئاخر چی شتێک لە چارەنوس گاڵتەجاڕتر ھەیە!

دەمەوێت دەنگێک  نیگاركێشی بکەم ھەر دەنگێک تەنیا لە پۆترێتەکەوە بێت، ئەو دەنگە گڕە بێتەوە گوێکانم، لێ ناتوانم ڕۆیشتم بۆ کەندەڵان و چۆمی ڕووتەڵ ئەوەی ھزرم تێی فکری ھێنانی بەردێکی زل بوو، بەردێک بارتەقای قورسایی بەدەنم، لە کازیوەوە تاوەکو زەردەی ئێوارە مژویڵی ھەڵزنانی ئەو بەردە بووم، بەرەو دامێنی ماڵە پەرپوتەکەم، دە قەراغی مێزەکەم دانا.

 دەستمکرد بە کێشانی تابلۆیەکی نوێ، وێنەی پیرە پیاوەکەم کێشایەوە، لە ژێردەستەکانی وێنەی ھەمان بەردی سەرمێزەکەم کێشا، نیەتی خۆم بۆ وێنەکە خستە ژێر ویستی پیرە پیاوەکە، تاوەکو یاری و جوڵە بە بەردە زلەکە بکات و بیجوڵێنێت.

                                 *        *        *

Lucian Freud Naked Man Back View Met
Museum1

کۆششی پێنج ساڵی پەیمانگام، لە ھونەرە جوانەکان، نەیتوانی ژیانێکی ڕۆتینیم بۆ وەسەر یەک نێت، ھەموو تابلۆ کێشراوەکانم لە قوژبنی ماڵە پەرپوتەکەم بێ ناز و دارایی کەوتوون، تا بنمیچ  تواناکانم خۆی ھەڵشاخاندبوو. لە ڕۆژانی دواتر خۆم دابویە قەدەری چارەم، لە پێناو فرۆشتنی تابلۆکانم و لەگەڵیدا سەروبنی کاتەکانم ڕابواردن و خواردنەوەی بێتام بوو، لەگەڵ شەمچە و سیگارەکانم.

ڕۆژ تا ئێوارە خەریکم موشتەری بۆ پۆترێتەکانم پەیدا بکەم، چ جۆرە پۆترێتێک؟ ئاخر کێ پیرە پیاوێکی لار بووی ڕووتەڵ لە ژوورەکەی ھەڵدەواسێت؟ یا لەگەڵ ھەوێنی یادەوەریەکانی تێکدەکاتەوە؟….ئێوارە بارانێکی سیما ئەرخەوانی، بەر لە ساتی زەردەپەڕ خەڵکی زوو ڕاپێچی ماڵەوە کرد، خۆشم تێنەدەگەیشتم بۆ من ھەردەم پۆترێتەکانم پیرە پیاوی ڕووتە؟!…بەر لە تاریکبوون، چووم بۆ باڕێک بوتڵێک ڤۆدگام ھەڵقورتاند بەدەم ڕێگاوە، (ئەمە خووی ھەموو پاشماوەیەکی ڕۆژانی کارکردنم بوو)، ڕێکردنم لە شەقام وەک خوێڕیەک لە زاری خەڵکی پیادەڕۆ و نیشتەجێ، وەک وێڵی ھەوەس وێنا دەکرام. داد و بێداد ئاسمان ڕازی منی لە قوڵپی خەڵکی نەدەدرکاند، تەنانەت لە دڵی خۆشمدا، لەڕازی خۆم بێ خەبەرکەوتبووم، ئێوارەيــەكی شــێدار بــە پەنامـدا تێپــەڕی و گڵۆپی شەقامەكان هەڵبوون. تاريكی بە بێدەنگی لە سەر خشتە سوفاڵەكانەوە ڕژا.

چەندین پەڵە ھەور لە ئاسمان سەریان شۆڕ کردەوە، گوێی خۆیان دابووە، بەر ڕێژنەی باران، لەھەمان شوێنێ فرۆشتنی پۆترێتەکەم، تارماییەکی ڕەشپۆش لە سووچی شەقامەکە، شێوەی قەلافەی پیرێکی کەنەفت، بە دوو چاوی لار و ماندوو دەتگووت لە چاوەنۆڕی مندا بۆتە خانەخوێی شەقام و بە دوایی بیرەوەریەکدا دەگەڕێت، گێژ و مات بە دیاریەوە وه‌ستام و دەستی گرتم.  وەکو منداڵێک یا کوێرێک کە لە تاسانی ژیان پەنا بۆ ھەر دەستێک ببەن، ڕۆیشتم لەگەڵیدا تا دوو کاژێر بە نێو تاریکیدا ڕێمانکرد،  لە دەرگایەکەوە بۆ داڵانێکی تاریک و دووبارە بەرەو دەرگایەکی تر. جوڵەی تارماییەکە لەو ژوورە تاریک و تنۆکە بەرامبەر بێ ھۆشیەکەم، لە یاریەکی چارەنوسساز دەچوو.

لەگەڵ داگیرساندنی ڕووناکیەکە  لەشێکی ڕووت و ڕووخسارێکی بێ مەیلی ترس ڕاکشا لەسەر سک و قاچەکانی لێکخستەوە. تێی ئاڵام و تێکەڵ بووین، پشتە کۆمەکەیم مژی، گڵۆپەکانی کوژاندەوە، ئارەزووەکانمان داگیرساند، ڕامتەکاند و نەفرەتم لە ڕابوردووم کرد، یەکەم تێکگیربوونی سروشتی ھۆڕمۆنەکانم، بەھەوای ئازادی ھەڵفڕین. سەد تف لە ھێلە ڕاستە باوەکان، سەد تف لە دادوه‌ری ڕاستی، سەد تف لە نھێنیە حیزەکان…

لەم ڕۆژانە، لۆژیکەکان گایراون، کێ دەزانێ ئەوانەی لە عانی تڕۆپکی گان و ئۆرگازمدان چ شتێک پیرۆز و لۆژیکە لەو ساتە؟! چێژی ئەو بونەوەرە کێ بوو؟ شەیتان بوو؟ حۆری بوو؟ تارمایی بوو؟ ئافرەت بوو؟ پیاو  چوزانێ؟ لەو شەوە پیرە پیاوێکی کەنەفت و پشت کۆمم گاوە! سەختە بڵێم لەو شەوە یەکەم نۆتەی ئەشقم لە کۆمی پیرە پیاوێکەوە ژەنرا، دەستەکانی دەمژیم و دەنگە گڕەکەی لە ھەر دیوێکی پێناسەی ئەشقدا، ئاوازێکە مەئشوق ڕێک پڕ بە گوێچکەکانی ھۆڕمۆنی خۆم و قوونی پیرە پیاوەکە دەیژەند، بەیانی خانووە پەرپووتەکەم، وەک ھەر ڕۆژگارێکی تر تیشکی لاربویەوەی خۆر لە ڕووخسارمیدا،  لەگەڵ تابلۆکان خەبەرم بویەوە.

 

                                 *       *        *

گوێکانم بە پۆترێتەکەوە نا، چاوەکانم داخست، دەنگی جیڕە جیڕ دەھات، ئەو چ لێکچوونێکە، ئادەی بەھێزتر، نا بەھێزتر، ئەوە خەونەکەم بوو…دەنگی تابلۆکە دەنگە گڕەکە، ئای لەو ئارەزووە شێتانەیە، ئەوە ئۆرگازم بوو، چاوەکانم دەکەمەوە، نازانم چەند ساڵە چێژ دەبینم، دوور لە چێژی بێدەنگی، سەیری خۆم دەکەم و جلەکانم ڕزیون، پێستم شەقار شەقار بووە، لەشکرێک مێش تڵی خۆشبەختی دەدەن. دەنگێكی گڕ دێتە بەرگوێم، کە کۆمەڵێک قەڵە ڕەش لە مەڕاسیمی دابەشکردنی لاشەم دەخوێنن دووانیان مژیوڵی خواردنی دەستەکانمن و یەکیان جێی شەرممی دەزاری دایە و ئەوانیتریش ناوسکم دەکۆرن، بەگشتی ده‌نووکیان بۆ ھەموو شوێنێکم دادەپچڕاند، بەردی سەر مێزەکە سەرمی پلیشاندوەتەوەو پێچکەکانی مێزەکە شکاون، ڕوواڵەتێکی ھێندە گاڵتەجاڕانە بوو، کە پتر لە بوکەڵەیەکی دەستکردی ھەپڕوون بە ھەپڕوون دەچووم تا مەیتی مردوویەک.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. – ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاندانی گه‌نجان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌- ده‌نگه‌ نوێیه‌كان

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!