ژوورکاری ڕەنگی کوردی
کات: نۆڤەمبەری ٢٠٠٩
شوێنی نمایش: مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ لە سلێمانی
ژوورکارەکە Workshop لەم بەڕێزانە پێکهاتبوون؛ میشایل فیەر پرۆفیسۆری ئەڵمانی لە زانکۆی هونەر لە بەرلین، بە هاوکاری شیروان خان وشێرکۆ عەباس کاریان تیدا کردووە.
میشایل فیەر ڕێکخەرو سەرپەرشت بە هاوکاری شیروان خان وەک جێگری ڕێکخەر، وە شێرکۆ عەباس وەک ڕێکخەری ئیداری پێکەوە کاریان تێدا کردووە بەڕێوبەرایەتی هونەری شێوەکاری سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری پاڵپشتی دارایی ژوورکارەکەی کردووە.
وێنەی کارەکان لە ئەرشیفی ڕێبین مەجیدەوە وەرگیراوە
هەندێک لە وێنەکانی تر وەک وێنەی لێکۆڵینەوەی هونەرمەندان وتێکستەکانیان لەو لینکەوە وەرگیراوە کە بۆ ۆرک شۆپەکە، میشایل فیەر Michael Fehr دروستی کردووە
http://kunsthalle-berlin.org/Kurdistan/welcome.html
زانیاری کارکردن لە سەر ۆرک شۆپەکە، ژوورکارەکە، هەر لە هەمان لینک و لە (شێرکۆ عەباس)ەوە وەرگیراوە
ژوورکاری ڕەنگ، ۆرکشۆپی ڕەنگ، یاخود ڕەنگی کوردی لە ٩ بۆ ١٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٩ لە سلێمانی بە بەشداری پازدە هونەرمەند، جیاواز لە ئاست و تەمەن و شێوازی کارکردنیادا ئەنجامدرا. بابەتی کارکردن لەم ژوورکارەدا `ڕەنگ` بوو، ڕەنگ لە کولتوری کوردیدا. هەڵبەت پاش گفتوگۆ وسمینار، لێکۆڵینەوە و گەشت لەسەر بابەتەکە بە گشتی، ئەنجامی ژوورکارەکە و کاری هونەرمەندانی بەشداربوو لە مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ لە سلێمانی پیشاندرا.
کورد کێیە؟ بەشداری هونەری ڕەسەنی کورد بە کولتوری جیهانەوە چییە؟ ئەم پرسیارانە بابەتی سەرەکی ژووری کارە هونەریەکە بوون، کە ئامانجی ئەوەبوو پشتیوانی تاکی کورد بکات بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای ناسنامەی خۆیدا، تاوەکو ئەو شوێنەی دەگاتە خودناسین، دوور لەوەی کە دژایەتی و نەتەوەپەرستی پاڵنەری بێت. هەربۆیە ۆرک شۆپەکە، ژوورکارەکە، بەشێوەیەک ڕێکخرا کە بتوانێت لە هەموو لایەنێکەوە شتێکی تایبەت، دەگمەن، ئەرێنی وە پێکهاتەیەکی دروستکەر لە کولتوری کوردیدا بدۆزێنەوە یاخود بیناسێتەوە کە ونبووە و وێران کراوە، یاخود بە هۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانەوە و هەروەها بە هۆی گەشەی خیرا و بەدیجیتاڵکردنی شارەکانەوە تێپەڕیوە.
بیرۆکەی ژووری کارەکە، ۆرکشۆپەکە، ئەوەبوو کە بەدوای ڕەنگی کوردیدا بگەڕێی لە مێژوو ولە ئێستادا وە بەتایبەتی لەو ڕەگەزانەی کە تایبەتە بە کولتوری کوردی لە کۆنەوە تا ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆژانە هەیە. هەربۆیە هەنگاوی یەکەمی ۆرکشۆپەکە سەرەتا بەگەشتێک دەستپێکرد بۆ مۆزەخانەی ڕستن وچنینی کوردی لە هەولێر کە هەموو هونەرمەندانی بەشداربوو لە گەڵ سەرپەرشت و ڕێکخەرانی پرۆژەکە پێکەوە ئامادەی بوون. لەوێ بەشداربوان بەسەرپەرشتی “لۆلان سیپان“ بەرێوەبەری مۆزەخانەکە، توانیان زانیاری زۆر کۆبکەنەوە لەسەر ڕەنگ لە فەرش وقوماشی کوردیدا. هەر لەوکاتەداو لەگەڵ وەرگرتنی زانیاریەکاندا بەشداربوان چەند ئەزموونێکیان لەگەڵ ڕەنگدا ئەنجامدا .
هەنگاوی دووەم، کۆکردنەوەی `خۆڵ` بوو لە شوێنی جیاواز لە دەرەوەی شاردا، کە هەر هەمان ڕۆژدا و لە کاتی گەڕانەوە لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی ئەنجامدرا. ئەمانە هەمووی بە ئومێدی ئەوەی کە کەتەلۆگێک بۆ ڕەنگی کوردی دروستبکرێت. پاش ئەمانە ئەو ئەزمونە تاکە کەسی وتوانا هونەریانەی کە بەشداربوان هەیانبوو هەرکەس لە لای خۆیەوە لە ڕێگەی گەڕان و کارکردنی خۆیەوە گەشەی پیدابوو دەربارەی ڕەنگ بەدیاریکراوەی و لە کۆنتێکستی سلێماندا، لە مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ لە سلێمانی ئەنجامی کارەکان و گەرانی کاری پازدە هونەرمەند پێکەوە نیشاندرا. شایەنی باسە ئەوکاتە مۆزەخانە هێشتا هەر کاری تێدا دەکرا، واتە بینایەکی تەواو نەبوو بوو.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ۆرکشۆپەکە شێرکۆ عەباس وەک یەکێک لە ڕیکخەرانی پرۆژەکە بۆ `گەلەری سفر` هونەر دەدوێت
( دەنگەکەی شێرکۆ لێرەدا دادەنێێن)
هونەرمەندانی بەشداربوو:
ئازەر عوسمان
پشتێنی کوردی
کارکردنم لەسەر پشتێنە کە بە پێێ ناوچەکان و شێوە و ئارەزووی ڕەنگی شوێنەکانە، وەک نموونەی( شارەزوور، پشدەر،هەولێر، قەرەداغ، هتد). هەر ناوچەیەیەک ڕەنگ و جۆری زەخرەفە و بابەتیان جیاوازە، کە ئەمەش کاریگەری ناوچە و شوێنەکە دروستی دەکات. واتە هەر ناوچەیەک سروشت و ڕەنگی خۆی کاریگەری لەسەر جل وبەرگ وپشتێن جێدەهێڵێت.
ئاریان ئەبو بەکر
بێ ناونیشان
کارەکە حەوت چوارگەشەبوون کە ھەندێکیان بە قوماش داپۆشراون وە لەسەری نوسین هەیە. ھەریەکەیان ڕەنگێکی جیاوازی وەرگرتووە. ئەم حەوت مکعەبە میتافۆرێک بوو بۆ حەوت ڕۆژەکەی ھەفتە.
بەهار کامگار
لەگەڵ ڕەنگی کوردی
یادگار ئەبوبەکر
سێ ڕەنگی کوردی
کۆکردنەوەی ڕەنگ، بە تایبەتی ڕەنگی سور و ڕەش و زەرد، کە لە چیرۆک وگێڕانەوە و پەند و نازناوە کوردیەکاندا بەکار هاتووە. کارکردنم لەسەر ئەو بەشەیە کە چۆن مانا دراوە بەم ڕەنگانە، چی بۆچونێک هەبووە بۆیان و چۆنیش بەکارهاتووە.
نەرمین مستەفا
ڕەنگی پارتە سیاسیەکان لە کوردستان ١٩٩٢- ٢٠٠٩
تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بە پێوانەی یەکسان، بە پێی ڕەنگی لیستی پارتە بەشداربوەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، لە ماوەی سێ هەڵبژاردندا. بێگومان هەر جارە و بە پێی هاتنە ناوەوە و بەشداری لیستێکی نوێ بە ڕەنگێکی نوێ لە هەڵبژاردندا بە زیادکردنی ئەو ڕەنگە نوێیە تێکەڵەیەک بە قەبارە و تۆنی جیاواز دروستدەبێت.
ڕێبین مەجید
ڕەنگ لە گۆرانی کوردیدا
کاری من لەسەر کۆکردنەوەی بەشێکی ئەو گۆرانیانەیە کە تێکستەکانیان ڕەنگی تێدا بەکارهاتووە. مەبەستم لە دۆزینەوەی وێناکردنی کوردە لە گووتنی گۆرانی لە بەکارهێنانی ڕەنگەکاندا. بە تایبەتی گۆرانیم هەڵبژارد کە وەک یەکێک لە بە هێزترین کایەکان لە کولتوری کوردیدا تۆمارکراوە.
لەم دەنگەی خوارە وە دەتوانن گوێبیستی کارەکەی ڕێبین بن.
ڕۆستەم عەزیز
ڕەنگەکانی ڕۆژنامە لە سلێمانیدا
ئەم ئیشە بریتیە لە دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژنامانەی کە لە شاری سلێمانی دەردەچن بە حیزبی و ئەهیلیەوە. لە ناو ئەمانەدا، ڕۆژنامە حیزبیەکان ئەو ڕەنگە دەکرێت کە گوزارشت لە بیروڕای خاوەن حیزبەکە دەکات. پەڕەی ئەو ڕۆژنامانەی کە ڕەنگ ناکرێت، ڕۆژنامە ئەهلییەکانە کە وەک خۆیان دەهێڵرێنەوە.
ڕۆژگار مەحمود
کۆنترۆڵکردنی ڕەنگ
ڕەنگ لە ناو پەروەردەدا
پەیوەندی لە نێوان ڕەنگ و پڕۆسەی خوێندن دا، ئەو ڕەنگانە کامانەن کە پرۆسەی خوێندن لە خوێندنگە ناوەندی ودواناوەندی یەکاندا پەسەندی دەکەن؟ تا چەند کاریگەری وەرگرتن و فێربوون پەیوەندی بە هەڵبژاردن و دیاریکردنی ڕەنگەوە هەیە؟
ڕۆشنا ڕەسول
پەیکەرەکانی سلێمانی قسە دەکەن
دروستکردنەوەی هەندێک لە پەیکەرە دانراوەکانی ناو شاری سلێمانی
وەرگرتنی هەندێک لەو پەیکەرانە لەگەڵ قەبارە و فۆڕم وئەو مادەیەی کە لە دروستکردندا بەکارهاتووە، ئەو شوێنەی کە لە ناوشاردا پەیکەرەکەی لێ دانراوە وە ئاماژەکردن بۆ ناوی ئەو هونەرمەندانەی کە پەیکەرەکانیان دروستکردووە.
هەنگاوی جێبەجێکردنی کارەکە
وێنەگرتنی پەیکەرەکان و وەرگرتنی زانیاری دەربارەیان
دروستکرنی ئارمێچەرو قاعیدە
دروستکردنەوەی پەیکەرەکان بە بچوکی بە بەقوڕ (ماکێت)
وێنەگرتنی پەیکەرەکان لە کۆتایدا
نوسینی زانیاریەکان دەربارەی هەریەکێک لە پەیکەرەکان
ئەوەی تێبینیمکرد لە کاتی کۆکردنەوە و کارکردن لەم ئیشەدا، ئەوە بوو کە زۆرێک لە پەیکەرەکان لەلایەن پیاوەوە دروستکراون. پەیکەرەکان زیاتر بۆ کەسایەتییە دیارەکان بوون. ئەو مادانەی کە لەدروستکردنیاندا بەکارهاتووە جیاوازن. چەنین پەیکەر لە ٢٠٠٩ دا دانراون. شایانی باسە زانیاری زۆر دەربارەی پەیکەرەکان نییە؛ ناوی پەیکەر، ساڵی دانان وشوێنی دانانی، ناوی هونەرمەندەکەی دروستیکردووە لەگەڵ مادەی بەکارهاتوو لە پەیکەرەکەدا ئەمانە زانیاریەکان بوون.
سەعید ئیسماعیل
ڕەنگەکانی شار
بیرۆکەی ئەم کارە لەسەر ڕەنگی خانوەکانی سلێمانیە
باس لەو گۆڕانگاریە یە کە بەسەر ڕەنگی خانوەکاندا هاتووە
لێرەدا من دەیگەڕینمەوە بۆ زەمەن، کە چۆن ئەو کەرەستانەی کە بەکارهاتوون ببوونە ڕەنگی خانوەکان بێ ئەوەی ڕەنگی دەستکردیان تیدا بێت، تاوەکو ساڵانی دوای ٢٠٠٠ کە ڕەنگ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەو کەرەستانەوە. بە هۆی کەرەستەکانیشەوە ڕەنگی جوراوجۆر دێتە ناو خانوەکانەوە. دواتر ڕەنگی جوراوجۆر بەکاردێت بۆ داپۆشینی دیوارەکان، لابردنی ڕەنگی کەرەستەکە.
ساکار سڵێمان
شین: چاوی پیس
بیرۆکەی ئیشەکەم لەسەر ڕەنگی شینە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا. وەک هێمایەک بەکاردێت لە چەند تۆنێکی جیاوازدا کە چەند زۆربن بە هەمویان یەک مانایان هەیە ئەویش تایبەتە بە چاو پیسی.
شەمێران محەمەد فەتاح
لە بازاڕ: جلی کوردی بۆ پیاوان و ژنان
بە وێنە گرتن سوودم لە دوکانی قوماشی ژنان و پیاوان لە ناو بازاڕی کوردیدا وەرگرتووە. لەم کارکردنەوە بۆم ڕوونبۆوە کە جیاوازی یەکی زۆر هەیە لە هەڵبژاردنی ڕەنگ لە نێوان ژنان و پیاواندا. زۆرترین ڕەنگ لە قوماشی ژناندا دەبینرێت، بە پێچەوانەوە چەند ڕەنگێکی نزیک لەیەک، بە شێوەی لەیەکچوو دیاریکراو لە قوماشی پیاواندا دەبینرێت.
شەبەنگ ڕەحمان
بێ ناونیشان
کۆکردنەوەی کۆمەلێک ڕەنگ لە ڕێگەی بەردەوە، کە هەریەکەیان بۆ مەبەستێک بەکاردەهێنرێن. لە کولتوری کوردیدا ڕەنگی جیاوازیان هەیە وەک بەردی هێنانی بەخت، بەردی ڕزق، بەردی زەردووی و نەخۆشی زۆری تریش.
شیروان فاتیح
ئیستاتیکی ڕەنگی بیناکانی سلێمانی
زانا ڕەسول
پیاوە شینەکە
سوری جەرگی ( محەمەد ناکام)
ڕەنگی شین لە خەیاڵی کەسێکدا دابەشدەبێت بەسەر ڕەنگەکانی تردا؛ شین بۆ سور، شین بۆ پرتەقاڵی، شین بۆ زەرد، شین بۆ ڕەش، شین بۆ مۆر
ئەم ڕەنگانە لەناو یەک ڕەنگ دا کە ڕەنگی (شین)ە پێناسەیان بۆ دەکرێت.
تەواو
تێبینی: `کولتور مەگەزین` لەم بابەتەدا لە بەرامبەر دەستەواژەی (ۆرک شۆپ – Workshop) دەستەواژەی (ژوورکار) بەکاردێنن، کە لەڕووی کۆنسێپت و بەکاربردن و ماناوە نێزیکە لەو شوێنەی کارێکی تایبەتی لێ دەکرێت، بێگومان کوردی وەک هەموو زمانێکی زیندوو و پڕ فۆنەتیک و مانا و موزیک دەبێت چەمک و دەستەواژە جێگرەکانی خۆی هەبێت لەبەرامبەر دەستەواژە لاتینی و جیهانیەکاندا، بێگومان بە دانانی وشە ئەسڵیەکە لە کەوانەیەکەدا وەک خۆی.