Salvador Dali

پیاوگه‌راییه‌كان (نێرینه‌ییه‌كان) چین‌؟


Loading

سیمۆن دوبۆڤوار (1908-1986) لە ڕستەیەکی بەناوبانیگدا دەڵێت: “کەس بە ژنی لەدایکنەبووە بەڵکو بەژنکراوە” (ديبوڤوار، لا: 295). دەکرێت بەھەمانشێوەش بگوترێت کە؛ ھیچ پیاوێک بەنێرینەیی لە دایکنەبووە بەڵکو بە نێرینەکراوە. واتە؛ ئەگەر ڕەگەزی مرۆڤ ھۆکاری بایۆلۆجی دیاریکەریبێت، ئەوا جێندەری مرۆڤ کولتورکرد و مێژووکردە (J. Beynon: 2). کە پێكدێت له‌ھەموو ئەو ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوانەی کە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا، وەک قاڵبێکی جێندەری شێوه‌ی پێدەرێت بۆ ھەردوو ڕەگەزەکە.

بەمشێوەیە نێرینەیی (پیاوێتی) وشەیەکە بەکاردەبرێت بۆ کۆکردنەوە و دەربڕینی ھەموو ئەو سیفەت و فەزیڵەتە مرۆيیانه‌ی کە نێر تەنھا بەخۆی ڕەوای دەبینێت و پێیوایە، کە تەنھا خۆی شیاو وھەڵگرێتی، له‌نمونەى ئةو سيفةتانه‌ش: ئازایەتی، ھۆشمەندی، خۆڕاگری، پەیماننەشکێنی، جەنگاوەرێتی … ھتد. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ لەخۆڕا نییە لە زمانی کوردیدا گوزارشتگه‌لێكى ھاوشێوەی: “وەعدی پیاو”، “قسەی پیاو” به‌كاردێت و، یاخود ناونانی کاری چاکە بە “پیاوەتی”، ئه‌مه‌ لە کاتێکدایه‌ كه ‌کاری چاکە ڕەگەز ناناسێت و ژنیش دەتوانێت ئەنجامدەری بێت. هه‌ندێك جاريش ناوی “پیاو” بەکار دەھێنرێت وەک ئاوڵناوێک بۆ وەسفکردنی ئەو نێرانەی کە کۆمەڵگه‌ بە مرۆڤگەلێکی باش لە قەڵەمیاندەدات، لە نمونەی ئەوەی: “فڵان کەس پیاوە” و ئەمەش بە ھەمان شێوەش لەزمانی فارسیشدا بەرچاو دەکەوێت کە ئەوان وشەی “مەرد” کە بە مانای پیاو دێت بەکاردەھێنن وەک ئاوڵناوێک بۆ وەسفکردنی ئازایەتی و فەزیڵەتی ئینسان.

پیاوگه‌رایی (Masculinity) ھاوکات لەتەک ھەموو ئەو سیفەت و فەزیڵەتانەی دەدرێنە پاڵی، ڕاستەوخۆ پێچەوانەکەی خۆشی دینێتە بوون، کە ئەویش (مێینەیی-Femininity) یاخود (ژنێتییە). لەم پەیوەندیە ناھاوسەنگەشدا بە دڵنیاییەوە ئەو لایەنەی کە پەسەند دەکرێت بریتییە لەجەمسەری یەکەم. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە چۆن پیاوگه‌رایی وەک ئایدۆلۆژیایەک سوودی لەزمان وەرگرتووە بۆ پەروەردەکردنی ڕەگەزی نێر و گەلێک وێنای نادروست، ھەم لە سەر خودی خۆیان وەک نێر و ئەویدی بەرامبەریان وەک مێ پێ به‌خشیوون، وەک ئەوەی ئەوان ئەقڵانی بن و ئەویدی ساويلكه‌، یان ئەوان بەھێزبن و ئەویدی لاواز و ترسنۆک! ئەو پارێزەر و ئەویدی پارێزراو و ئەو ڕابەر و سەروەری خێزان و ئەویدی تةنها ئه‌ندامى خيَزان و شوێنکەوتوو. دیارە لێره‌دا مەبەستی ئێمە ئەوە نییە کە بڵێین ھیچ جیاوازییەکی جەستەیی (ئەناتۆمی) بوونی نییە لەنێوان نێر و مێدا، بەڵکو ئامانجمان ئەوەیە کە دەریبخەین ئەو جیاوازیە بەمەبەست زۆر زیاتر قەبەکراوە لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی و کراوەتە پاساو بۆ ڕەوایەتیدان بەدەیان مامەڵەی نایەکسان و ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و بەژێر دەستەھێشتنەوەی ژنان و نواندنی توندوتیژی بةرامبةريان لة‌ فۆرمی جیاوازدا.

لە دونیای پێش مۆدێرنەدا، بەحوکمی ھۆکارگەلێکی جۆراوجۆر ئەو قاڵبە ڕەفتاریی و ڕێکخستنە جێندەرییە بەجێگیری مایەوە، بەڵام دونیای نوێ ڕووبەڕووی گەلێک کێشەو به‌ره‌نگاریبوونه‌وه‌ی گەورەی کردووەتەوە. دونیای نوێ خاوەن گەلێک سیما و تایبەتمەندی خۆیەتی، کە لە دونیاکانی پێشخۆی جیایدەکاتەوە، بەڵام من لێرەدا بە کورتی تەنھا ئاماژە بە سێ لە ھەرە گرنگترین خەسڵەتەکانی دەدەم و ھەوڵدەدەم لەو ڕێگەیەوە شیکاری بۆ جێکەوتەکانیان بەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤ وبیرکردنەوەکانی بکەم. ئەو سیمایانەش بریتین لە: ” بیرۆکراتیزەکردن” و “بەئەقڵانیکردن” و به‌ “میکانیزەکردن”.

ماکس ڤێبەر (Max Weber, April 1864 – June 1920) کۆمەڵناسی ئه‌ڵمانی پێوایە؛   پرۆسەی بیرۆکراتیزەکردن کاریگەری لەسەر باڵابەندی (ھەرەم) و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەبێت، بەوەی ئەو توێژە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە بەھۆی ئیمتیازاتی بۆماوەیی و کاستی کۆمەڵایەتیی تایبەتەوە لە دونیای نەریتیدا پێگەیان دیار و جێگیر بوون، ناتوانن لە مۆدێرنەدا (لانیکەم بە فۆرمە کۆنەکەی) به‌رده‌وامییان ھەبێت، چونکە دونیای نوێ ھەلی کار لەسەر بنەمای توانایی و بەھرە دابەشدەکات، نەک پەیوەستی خێڵی و خوێنی. بهو‌ مانايه‌ى، مۆدێرنە دەستکاری سروشتی کاری کردووە و، تيَيدا بیرۆکراتیەتەت و كارگێڕی گەشەیەکی بێ وێنەیان کردووە، کە بەردەوام کار لەسەر ستانداردایزەکردن و ناکەسیکردنی (impersonate) زیاتری کار دەکات. واتە لە دونیای نوێدا ھێندەی ئۆفیس و ڕێکار حوکمی مرۆڤ دەکات ھێندە، مرۆڤ خودی خۆی حوکمیان ناکات. ھەر ئەمەش وایکردووە لە ئیستادا زۆرینەی ھەرە زۆری کارەکان ڕەگەز نەناسن، بەڵکو تەنھا کارمەندی بەھرەمەندی بە توانای دەوێت، ھەر بۆیە دەبینین لەم سەردەمەدا زیاتر کار دەبەخشرێت بەوانەی کە مەشقپێکراون و خاوەن بڕوانامە و توانای تایبەتین نەوەک ئەوەی ئەو کەسە کوڕی ئەم یاخود ئەو بنەماڵەی خانەدانبێت (ھەڵبەت لە دۆخێکی نمونەییدا).

ئەم ھۆکارەش وای لە (ماكس ڤێبەر) کردبوو کە پێیوابێت؛ بیرۆکراتیزەکردن ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و پڕۆسه‌ی یه‌كسانبوونی کۆمەڵایەتيدا. (ڤيێبه‌ر، لا: 104-108) بەڵام ئەوەی ماکس ڤێبەر تیشکی خستبووە سەر بەتەنھا ئاستە گشتی و کۆمەڵایەتیەکەی ئەم پرۆسەیە بووە، لەکاتێکدا ئەم پرۆسەیە و کاریگەرییەکەی ئەوە تێدەپەڕێنێت، تائەو ئەندازەیەی کە دەستکاری نەزمی جێندەری و باڵابەندی خێزانیش دەکات، بەوەی؛ لە دونیای نوێدا کاری ئۆفیس و بەڕێوەبردن نەک تەنھا گوێ بە باکگراوندی خێزانی بەڵکو بە ڕەگەزی کەسەکەش نادات، بەڵکو خەمی لەپێشینەی ئەو تەنھا و تەنھا بریتییە لە توانای ئەو کەسە لە ڕایکردن و جێبەجێکردنی کارەکەی. ھەر ئەمەشە ھۆکاری ئەوەی کە لەگەڵ ھاتنی دونیای نوێدا ژنان ڕۆژ بەڕۆژ کاری زیاتر دەگرنە دەست.

بەھەمانشێوە پرۆسەی بە “ئه‌قڵانیکردن”، ڕۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە سەندنەوەی زۆرێک لەو پێبه‌خشینانه‌ی کە کۆمەڵگه‌ی نەریتی (پێش – مۆدێرنە) بە پیاوی به‌خشیبوو، تەنھا لەبەرئەوەی نێرە. هه‌روه‌ها كاریگه‌ی هه‌بووه‌ لە ھەڵوەشاندنەوەی گەلێک حوکمی پێشوەخت و نائەقڵانی کە بەسەر ژناندا سەپێندرابوو. به ‌واتای (پرۆسەی بەئەقڵانیکردن) زەبرێکی کوشندەی دا لەپایە ئایدیۆلۆژیەکانی (نێرسالاری)، بێگومان بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی ھەرە زۆری بانگەشەکانی لە بارەی باڵایەتی و توانایی ڕەگەزی نێر (نائەقڵانی) بوون. دیاره‌ كه‌ ئەقڵانیەتی دونیای نوێ ڕێگەی نەدا به‌رده‌وامییان ھەبێت و بکرێن بە پاساو بۆ درێژەدان بەو سیستەمە نێرسالارییە. بەوەی بەردەوام کار لەسەر بەئەقڵانیکردنی زیاتری پەیوەندیی و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و ژنانیش لە جوڵانەوەکانیاندا سوودیان لە چەمک و ئامراز و پێوەرە ئەقڵانییەکانی دونیای نوێ وەردەگرتووه‌ بۆ زیاتر چەسپاندنی مافەکانی خۆیان و ھەڵتەکاندنی زیاتری پاشماوەی نەریت و یاسا کۆنەکان. له‌م ڕاستایه‌دا بزوتنه‌وه‌ی فێمینیستی له‌ خۆرئاوادا ڕۆڵیكی گه‌وره‌ی بینیوه‌ له‌ ده‌ستكاریكردنی هۆشیاری گشتی له‌ڕێگای خه‌باتی فیكری و مه‌یدانیه‌وه‌.

له ‌دواخاڵدا كه‌ ڤێبه‌ر ئاماژه‌ی پێده‌دا، كرده‌ی میکانیزەکردنه‌، به‌ مانای (میكانزه‌كردن) کاریگەریيەکی گەورەی ھەبووه‌ و ھەیەتی لە ھێنانەکایەی دونیایەکی نوێدا، بەتایبەت لەکایەی کاردا، بەوەی میکانیزەکردنی ھەرچی زیاتری کار، کە گرنگترین چالاکی مرۆڤە، کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەلایەکەوە بۆ (ناپێویستکردنی توانا جەستەیەکانی پیاو) لە کارکردندا، و لەلایەکی تریشەوە بۆ خستنەبەردەستی ئامێری بەھێز و ئاسانی کارپێکردنیان لەلایەن مرۆڤەوە، دیاره‌ ھەر ئەمەش ھۆکارێک بوو بۆ کردنەوەی دەرفەتی کاری ئەوتۆ بۆ ئافرەتان کە پێشتر مه‌حاڵ بووه‌.

 

نێرگه‌رايی لەقەیراندا

ھەروەک لە ناونیشانی بابەتەکەوە دیارە کە نێرگه‌رایی (پیاوێتی ماسكولینێتی) بە کۆ ھاتووە نەک بە تاک، به‌مانای یەک فۆرمی نێرگه‌رایی بوونی نییە، بەڵکو ھەر قۆناغێکی مێژوویی فۆرمی جیاوازی نێرنه‌یی بەرھەمدەھێنێت. بەڵام ئەوەی لەئێستادا جێگه‌ی سەرنجە ئەوەیە کە فۆرمە نەریتییەکانی نێرینه‌یی لە دونیای نوێدا لە قەیراندان و لە ململانێیەکی سەختدان لە پێناوی مانەوەدا. ئەو وێنا و ئەفسانانەی کە لە دونیای (پێش مۆدێرندا) پیاو ھەوڵی بەرجەستەکردنی دەدا و مانایان بە بوون و ژیانی ئەو دەدا لەکۆمەڵگای پیشەسازی و تەکنەلۆژی نوێدا چیتر ئاسان نییه‌ له‌و فۆرمه‌دا به‌رده‌وام بن. پێگەی پیاوان لە کۆمەڵگه‌ی ھاوچەرخدا لە گەلێک ڕووەوە بنکلۆڵ کراوە، لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ھەوڵدەدەم بە کورتی گرنگترین ڕۆڵە پیاوگه‌راییه‌ نەریتییەکان ئاماژە پێبدەم و سەرنجی خوێنەریش ڕابکێشم بۆ ئەو ئاسته‌نگییانه‌ی کە لەئێستادا ڕووبەڕوویان بووەتەوە. ھەڵبەت ئەو سێ خاڵەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا (بیرۆکراتیزەکردن، بەئەقڵانیکردن و میکانیزەکردن) ڕۆڵی ھەرە دیاریان ھەیە لە دروستکردنی ئەم قەیرانەدا:

  • پیاو و ڕۆڵی نان پەیداکردن: پێشتر لە خێزاندا باوک تەنھا سەرچاوەی نان پەیداکردن بوو، ھەر ئەمەش پێگە و ڕێزێکی تایبەتی بۆ دروستدەکرد، بە جۆرێک ھەر جۆرە غیابێکی ئەو بە قەیرانێکی ڕاسته‌قینه‌ لەقەڵەمدەدرا، لانیکەم لەسەر ئاستی بژێوی خێزانەکەدا. بەڵام لە ئێستادا کچانیش ھاوشێوەی کوڕان دەخرێنە بەرخوێندن و پەروەردە و ھەرئەوەش شانسی ئەوەیان بۆ دروستدەکات كه ‌ببن ‌بەخاوەن کاری خۆیان. وەک ئەوەی ئێستا دەبینین، بەتایبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ڕێژەیەکی زۆری ژنان خاوەن کارن (کە زۆرێکیان دایکن) و ڕاستەوخۆ دەستیان بەسەرچاوەی دارایی دەگات، ھەر ئەمەش پێگەی پیاو (باوک)ی وەک تاقە سەرچاوەی قووتی خێزان لەقکردووە و بگرە لە گەلێک حاڵەتدا ناپێویستیشیکردووە.

  • پیاو و ڕۆڵی پارێزگاریکردن لە خێزان: لە دونياى پێش مۆدێرنه‌دا کە تێیدا دەزگای دەوڵەت لاوازبوو، پیاوان ڕۆڵێکی گرنگيان دەبینى لە پاراستنی خێزانەکانیان لەبەرانبەر ھەر مەترسییەک و دابینکردنی جۆرێک لە دڵنیایی و ئاسایش بۆیان. بەڵام لە ئێستادا دەوڵەتی مۆدێرن ودەزگا بەھێزەکانی، بەتایبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەشێکی گەورەی ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە. لە ئێستادا خێزان پێویستی بە پیاوی کوتەک بەدەست نییە لە کەلوێردا (دةرگاى حه‌وشه‌)، بەڵکو دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەتوانن باشترین ئێشکگر و پارێزەری ژن و منداڵ بن، ھەر ئەم ھۆکارەش جارێکی دیکە ئەم ڕۆڵە نێرینەیەی پیاوی تا ڕادەیەکی زۆر ناپێویستکردووە.

  • ڕۆڵی ھێزی ماسولکە و بازوو: ھێزی جەستەیی پیاوان ڕۆڵی گەورەی ھەبووە بۆ کارکردنی لە دونیای پێش قۆناغی پیشەسازی و لە گەلێک قۆناغی پیشەسازیشدا بەتایبەت لە دەستپێک و لەپیشەسازی قورسدا، بەڵام ئەم ھێزەش ڕۆژ بە ڕۆژ ناپێویستتر دەبێت. لە ئێستادا ئامێرەکان کە دەیان جار ھێزیان لە بازووی پیاوان زیاترە، بەتەنھا دوگمەیەک یاخود دەسکێکی بچووک دەجوڵێندرێن جێگەی دەست و بازووی پیاوانیان گرتووەتەوە. بگرە ھەر ئەمەش ھۆکارێک بووە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ ژنانیش لە پیشەسازیيە قورسەکاندا لە نمونەی پیشەسازی ئۆتۆمبێل و کەشتی دروستکردندا.

  • پیاو و ڕۆڵی بەخشینی منداڵ: پێشتر ژنان بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن منداڵ بە ناچاری دەبوایە لەڕێگەی پیاوێکەوە دووگیان ببن، بەڵام زانست ئەم ڕۆڵەشی لە پیاوان وەرگرتوەتەوە و لە ئێستادا لە زۆرێک لە وڵاتان گەلێک دەزگای بەخشینی سپێرم (بانکی سپێرم) دروستبوون، کە دەتوانن تۆوی ئافرەت لەگەڵ پیاوە بەخشەرەکە بپیتێنن، بەبێئەوەی ناسنامەی کەسی بەخشەر ئاشکرابکرێت و ژنان ببن بە دایک بەبێئەوەی ناچاربن لەڕێگەی پیاوێکەوە بێت كه‌ ئه‌و به‌ناچارى ده‌بێت له‌ جۆرێك له‌په‌يوه‌نديدابێت له‌گه‌ڵیدا، وه‌ك هاوسه‌ر ياخود دۆست، كه ‌ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت بيانكات به ‌پاشكۆ.

  • پیاو و ڕۆڵی جەنگاوەر: جەنگە نەریتییەکان بە شێوەیەکی ڕەھا پیاوان ئەنجامدەری بوون، بەحوکمی ئەوەی ئەو جەنگانە بەکۆمەڵێ ئامڕازی سەرەتایی لە نمونەی شمشێر و ڕم و زرێ و ھاوشێوەکانیان ئەنجامدەدران، کە پێویستییەکی زۆری بە جەستەیەکی بەھێز ھەبوو. سەرباری ئەوەش، دونیای نەریتی لەسەر ئەو بڕوایەدابوو کە تەنھا پیاوان دەتوانن ببن بە جەنگاوەر، چونكه‌ ئەوان (به ‌سروشت) بوێر و ئازا و دڵڕەقن، بە پێچەوانەی ژنەوە کە نەوێر ترسنۆک و سۆزدارن. ھەربۆیە جەنگ بووبووە دەرفەتێکی زۆر لەبار بۆ پیاوان بۆئەوەی خەونە نێرینەيیەکانی خۆیانی تێدا بەرجەستە بکەن، ئەفسانەکانی خۆیانی تێدا بسازێنن. بەڵام داھێنانە زانستیەکان لە بواری ئامرازەکانی جەنگ و کوشتن ھەر لە بارووتەوە بیگرە تا فڕۆکە و موشەک، ڕۆڵی ھێزی جەستەیی جەنگاوەری تەواو پاشەکشێپێکردووە، بەجۆرێک لە ئێستادا جەنگەکان تا ئەندازەیەکی زۆر جێندەر ناناسن، بەڵکو پێکھاتووە لە کۆمەڵێک ئامڕازی کوشتن و مەشقپێکردن، کە ھەردوو ڕەگەزەکە دەتوانن ببن بە بەکارھێنەری، نەک ئەوەی جەنگ مەیدانێک بێت تایبەت بێت بە پیاو و ئەویش لەو ڕێگەیەوە ڕۆحی نێرینەیی جەنگاوەری خۆی تێدا نمایشبکات.

ئەو ڕۆڵانە و چەندینی تریش دونیای نوێ لە پیاوی سەندووەتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە لەبیركردنه‌وه‌ی پیاوان سڕابێتەوە، بەڵکو تاوه‌كو ئێستاش ئەو (ڕۆڵە نەریتییە نێرینەییانە) سەرچاوەی سەرەکی پێدانی مانا و نەزمە بەژیانی پیاوی مۆدێرن. زۆرجار ھەر ئەمەشە دەبێتە ھۆی دروستبوونی گەلێک کێشە لە ژیانیدا بەوەی ئەو چاوی لەسەر ڕۆڵێکی گەورەترە لەوەی کە دۆخی نوێ و شێوازی نوێی ژیان دەرفەتی دەدات.

هێربرت ماركوز Herbert Marcuse 18981979) )   لە کتێبی (مرۆڤی تاک ڕەھەند)دا ئاماژە بە خاڵێک دەدات کە دەتوانێت وێنەکەمان زیاتر بۆ ڕوون بکاتەوە، ئەو دەڵێت:

“ئاشکرایە کە، وەرچەرخان و گۆڕانی دونیای ماتڕیاڵی، وەرچەرخانی ئەقڵیەتی ڕەمز و وێنە و ئایدیاکانیشی پێویستدەکات”. (Marcuse: 69)

بە ڕوونی دیارە کە ژینگە ماتڕیالیه‌كه‌ گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا ھاتووە و ھەر ئەوەش کاریگەری قوڵی بەسەر فۆرمی ژیانی مرۆڤەوە جێھێشتووە و ئەمەش گۆڕانکاری ئەقڵیەت و ڕەمزی پێویستدەکات. ھەلومەرجی ماتڕیاڵی و ئه‌قڵیه‌تی دونیای نوێ دەرفەتی بەرجەستەبوونی گه‌لێک خەون و ئەفسانەی نێرینەیی نادات. دەبێت پیاوان درک بەو ڕاستیە بکەن، کە لێرە بە دواوە ئەوان تاقە ڕابەری بێ ڕکابەری خێزانەکەیان نین، تەنیا ئەوان سەرۆک و ژه‌نڕاڵی پلە باڵا نین! ئەوە بە تەنھا پیاوان نین کە دەبن بە بەڕێوەبەری کۆمپانیا و لێپرسراوی بەش، بەڵکو دونیای نوێ ئەم دەرفەتانەشی بۆ ژنان کردوەتەوە و لەگەلێک ڕووەوە سەرکەوتوتربوون لە پیاوان. بەکورتی، دەبێت پیاو دەستبەرداری وەھمی باڵایەتی خۆی و نەوێتی ژن بھێنێت و ئەو ڕاستییە قبوڵبکات؛ کە دونیای نوێ بڕوانامە و بەھرە و توانایی دەکاتە پێوەر بۆ بەخشینی دەرفەتی کار و پێگە نەک شتێکی دیکە.

(ئەنتۆنی کلێر) (Anthony Calre-1942-2007) لە کتێبی (لەسەر پیاوان: نێرینەیی لە قەیراندا) ده‌ڵێت: به‌ڵام پياوى فاللوسى (فالوس وه‌ك ڕه‌مزى كێر و ده‌سه‌ڵاتدارى و زاڵێتی) پياوى ده‌سه‌ڵاتدار و خۆسه‌پێن و باڵاده‌ست پياوێك نه‌ك ته‌نها كۆنترۆڵی به‌سه‌ر ژيانى خۆیه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌ستیشیگرتووه‌ به‌سه‌ر ژیانی ژنانیشه‌وه‌-له‌ مردندايه‌ و له‌ ئێستاشدا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پیاوێكی نوێ، قه‌قنه‌س ئاسا له‌جێگه‌دا دێته‌بوون ياخود پياو خۆى تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ده‌بێت به‌زیاده ‌… ( Calre: 9)

 

نێرینەیی ھەژمونکەر

ڕ. و. کۆنێڵ R. W. Connell-Masculinities 1995)) لە کتێبی (پیاوگه‌رایی)دا كه‌ له ‌ساڵی (١٩٩٥) بڵاوبۆته‌وه‌، بە سوودوەرگرتن لە چەمکێکی بیریاری ئیتاڵی (ئەنتۆنیۆ گرامشی) كه‌ (ھەژموون)ی گرامشیه‌، سەرنج ڕادەکێشێت بۆ پەیوەندی نێوان پیاوگه‌راییه‌ جیاوازاەکان ، بەوەی؛ لەھەر قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا فۆرمێکی نێرینەیی یاخود پیاوێتی ھەژمووندەکات و لەو ڕێگەیەوە ڕه‌واخوازيیه‌كی نێرسالاری دەپارێزریت. (. Connell : 77)

بەواتایەکی تر، ڕستێک سیفاتی مرۆیی دەدەنە پاڵ فۆرمێکی دیاریکراو لەنێرینەیی و پێگەیەکی باڵای پێدەبەخشرێت و پیاوان ئامۆژگاری و ستایشدەکرێن بۆ بەرجەستەکردنی ئەو سیفەتانە، لە بەرامبەریشدا زۆربەی ھەرە زۆری شێوازە پیاوگه‌راییه‌كانی تر بێبایەخ و نەوی دەکرێن. ھۆکاری ئەم نەویکردنەش بەزۆری دەگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی، کە گوایه‌ ئەو سیفەتانەی ئەو پیاوانە ھەڵگرین و ئەو فۆرمە ژیانەی کە ئەوان پەیڕەوکەرین دوورە لە جەوھەری نێرینەیی پیاوەوە و، شورەییە بۆ پیاوێک گەر لە جەوھەری خۆی ھەڵگەڕێتەوە و ھەندێ سیفات لەخۆی بگرێت کە تایبەتن بە ژنان کە ئەوەش لە جەوھەرى مێینەیى ژنەوە سەرچاوە دەگرێت.

وه‌ك ئاماژەمان پێدا، پابەندنەبوون بە فۆرمە باڵادەستەکەی پیاوگه‌راییه‌وه‌ سزای کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەھێنێت. نمونەیەک بۆ ئه‌مه‌: عەلی وەردی (1913-1995) لە کتێبی ( توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ سروشتی کۆمەڵگه‌ی ئێراقی) باس لە نەریتی خێڵە عەرەبە بیاباننشینەکان دەکات، بەوەی ئەو (شێوازە نێرینەییه‌ی) کە لە نێویاندا ھەژموونی کردبوو لەو سەردەمەدا بریتی بوو لەنێرینەیی جەنگاوەر وتاڵانچی، تیایدا زیاتر ستایشی نانێکیان دەکرد کە بەرھەمی شمشێر و ڕووبەڕوونەوە بێت، نەوەک کارکردن. بگرە پیشەگەری و کارکردن وەک ترسنۆکی لە قەڵەمدەدرا و ئەو فۆرمە لە نێرینەیی بێبایەخ و سوک دەکرا لە بەرانبەر فۆرمە باڵادەستەکەی تری نێرینەییدا کە دزین و ڕاوڕووت بوو.

عەلی وەردی دەڵێت: (کوڕی پیشەگەر) واتە کەسێک باوکی پیشەی ھەبووبێت، یەکێک بووە لەھەرە ناشرینترین جنێوەکان لە ناو خێڵەکاندا. دەگێڕێنەوە جارێکیان ئافرەتێک تەنھا لەبەرئەوەی کەسێک وای بەمێردەکەی گوتووە لێیجیابووتەوە! بەڵام کۆچی ئەو خێڵانە بۆ لادێکان دۆخەکەی گۆڕی و بواری ڕاوڕووت کەمبوویەوە، ھەر بۆیە پیاوانی ناچار بە کارکردن کرد، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم، چونکە وەک ئاشکرایە گۆڕانکاری ئه‌قڵیه‌تیان ماوەیەکی زیاتری دەوێت بە بەراوورد بە گوِڕانکاری ماتڕیاڵی. ھەر بۆیە تا ئێستاش دەبینین ژنانی عەرەبی لادێ نشین زۆر زیاتر لەپیاوان ئیشدەکەن، چونکە پیاوەکانیان ئیشیان بۆیان نەنگییەكه‌ بەنێرێنەییان.

 

تێکچرژانی ڕۆڵە جێندەرییەکان و کاڵبوونەوەى قاڵبە کۆمەڵایەتییەکان

ئەوەی ئێستا تێبینیدەکرێت ئەوەیە، کە لەبەرامبەر گەمارۆی دۆخە کۆمەڵایەتی و ئابووريیە نوێیەکەدا، ڕۆڵە نەریتییە جێندەرییەکان بەردەوام لە پاشەکشێدان. دۆخی نوێ، شێوازی نێرینەیی نوێ دەئافرێنێت. نێری ھاوچەرخ بە دوای فۆرمی نوێی نێرینەییدا دەگەڕێت بۆئەوەی بەرجەستەی بکات و بیانکات بەشێوازی زاڵ، کەچی دەکرێت ڕۆژگارێک ئەو فۆرمە لە ھەڵسوکەوت بە مێینەیی لە قەڵمدرابێت. ئه‌مه‌ له‌ نمونەی ئەو گرنگییە زۆرەی کە پیاوی ھاوچەرخ بە جوانکاری و فاشن لەشولاری خۆی دەدات، به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. دیاره‌ ئەمەش ئەو بانگەشەیە پشتڕاستدەکاتەوە، بەوەی (نێرینەیی نەگۆڕ) و جێگیربو بوونی نییە، به‌مانای لەجەوھەری نێرەوە ھەڵنەقوڵاوە بەڵکو (کولتورکرده‌) و (مێژووکردە).   بەڵگەش بۆ ئەمەش گۆڕانی بەردەوامیەتی لە بەرامبەر زەمەندا.

دونیای ھاوچەرخ لەبری پیاوی جەنگاوەر، پیاوی بەکاربەری پێویستە، لەباتی نێری سەرکەش و یاخی، نێری تەکنیککار و بیرۆکراتی چاکەت و پەنتۆڵ لەبەری دەوێت. گەلێک لە پیاوان لەو بڕوایەدان کە دۆخی نوێ بەشێوەیەکی سیستماتیک شەڕی نێرینەیی و نێرباڵایی دەکات و لە پیاوه‌تیان دەخات. دونیای هاوچه‌رخ دەرفەتێکی نەھێشتوەتەوە بۆ بەرجەستەکردنی (خەونە نێرینەییەکان) چونکە زۆرینەی ھەرە زۆریانی لە چەند مەترێکی چوارگۆشەدا، کە جێی کارەکەیانە لە چوارچێوە داوە. پیاوی ئێستا بژاردەیەکی نییە جگە لە دەست وپەنجە نەرمکردن لەتەک ئەم ڕاستيیه‌ نوێیەدا، ھەڵبەتە ئەمەش بێ قوربانی نابێت و نەبووە.

(ئەنتۆنی کلێر) لە هه‌مان کتێبی پيَشوودا، سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ توندوتیژی و توڕەیی پیاوان بەرانبەر ئەم باره‌نوێیە و گەلێک نمونە دەھێنێتەوە، کە لە ھەمووشی دیارتر (خودکوژییە) کە بەپێی ئەو ئامارانەی ئەو پشتی پێبەستووە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و باشوور و ئەفریقیادا ڕێژەی خودکوژی پیاوان دوو تا پێنج ھێندەی ژنانە، ئەمەش بەدیدی ئەو جگە لەوەی دەرئەنجامی ئەوەیە، کە پیاوان دۆخە نوێیەکەیان پێ قبوڵناکرێت. ھۆیەکی تریشی ئەوەیە، کە ئەوان ئامادەنین ددان بەلاوازی خۆیاندا بنێن و داوای ھاوکاری بکەن، چونکە پێیانوایە دەرکەوتن بەلاوازی و داواکردنی ھاوکاری لەنێریینەییاندەخات کە ئەوان ئەوە بەگەورەترین سوکایەتی لە قەڵەمدەدەن.

کلێر دەڵێت: کێشەی (خودکوژی) ئەوەیە کە لەیەک کاتدا جاڕدانی ئەوەیە کە ژیان ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و لەھەمانکاتشدا باڵاترین ئاستی کۆنتڕۆڵە بەسەر ژیاندا. ئەو کەسەی کە بڕیاردەدات کە مەرگ پەسەندترە لە ژیان پێدەچێت داوای ئامۆژگاری و ھاوکاری کردبێت پێشئەوەی بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات. بەڵام، زۆرێک لە خودکوژە نێرەکان ھەرگیز بە ئاشکرا داوای ھاوکارییان نەکردووە. (Clare .84)

لێرەدا بۆماندەردەکەوێت، کە چۆن پیاوان ھەندێکجار (مەرگی فیزیکییان) پێ پەسەندترە لە (مەرگی ڕەمزی)، کە ئەویش بریتییە لە لەدەستدانی شوناسە نێرینەییەکەیان، ھەربۆیە ئامادەن خودکوژی بکەن بەڵام داوای ھاوکاری نەکەن لە ترسی ئەوەی نەک بە مێینەیی دەربکەون!

(مێینەبوون) یاخود (نێرینەیی داھێنراو) و پۆلێنی کولتور و کۆمەڵن بۆ لە قاڵبدان و ڕامکردنی مرۆڤ، چون ئەو سیفاتانە مرۆیین پێشئەوەی جێندەری بن! دەکرێت مرۆڤ خاوەنی ھەموویان بێت لە یه‌ک کاتدا.

دەکرێت (کچە شەڕڤانێک) دڵدارێکی بەسۆز و لە ھەمانکاتیشدا جەنگاوەرێکی دڵڕەق بێت. مرۆڤ پێشئەوەی نێر بێت یان مێ یاخود بە نێرینەیی بکرێت یان بەمێینەیی، ئەو مرۆڤە و مرۆڤیش پیکھاتەیەکی ئاڵۆز و فرە دیووە وھەڵگری ھەردوو دیوەکەیە. ھەر پرۆسەیەک گەر بەھەر ئاڕاستەیەکیاندا بیبات بەسەر کوتکاری لایەکیان کۆتاییدێت. واتە چۆن لە پڕۆسەی بە کۆمەڵایەتیبوونی کوڕاندا کار لەسەر لەنێوبردنی دیوە مێینەکەی کەسایەتی دەکرێت، بەھەمانشێوەش لە پڕۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونی کچانیشدا کار لەسەر کوشتنی دیووە نێرینەییەکەی دەکرێت. ھەر لەم قۆناغەشەوە جیاکاری و دابەشکاری لە ڕۆڵی جێندەری و سیفاتی ئینسانی دەستپێدەکات. دیاره‌ لە ئێستادا درک بەم دیووە خەفەکارەی ئایدۆلۆژیای نێرینەیی کراوە، گەلێک دەزگا و ڕاوێژکاری دەروونی کار لەسەر دیووە سەرکوتراوە مێینەییەکەی پیاوان دەکەن و ھەوڵدەدەن ھاوکاری پیاوان بکەن، بۆئەوەی شەرم نەکەن لەوەی سۆزدار دەربکەون و دەریشیببڕن، داوای ھاوکاری بکەن لەکاتی سەختی و پێویستیدا.

لێرەوە ڕووندەبێتەوە کە (ئایدۆلۆژیای نێرسالاری) و نێرینەیی لەگەڵ ئەوەی ھەندێک پێبه‌خشین دەبەخشێت بە نێر لە بەرانبەر مێینه‌دا، بەڵام بەرپرسیارێتییەکی قورس دەخاتە سەرشانیان و دەیانخاتە بەردەم کۆمەڵێک نمونەی باڵا و ستانداردی نێرینەیی ئەوتۆ کە پێگەیشتنیان مەحاڵە و ناچاریاندەکات بەردەوام لە ھەوڵدابن بۆ ئەو مەبەستە. لە ئاستی دەروونیش خودی خۆی دەکات بەپۆلیسێک بۆ چەپاندنی ھەر ھەستێک کە ئەو کولتورە بەمێینەیی لە قەڵەمیبدات. نێرسالاری تەنھا بریتی نییە لە سەرکوتکردنی ژنان بەڵکو پیاوانیش تێیدا سەرکوتکراون، بەتایبەت بە بێڕێزیکردن بە ئەو فۆڕمە نێرینەییانەی کە لەگەڵ نێرینەیی باڵادەستدا نایەنەوە. بە گوزارەیەکی تر، پیاوان بەتەنھا جەلاد نین بەڵکو خۆشیان قوربانین، ھەر لەبەر ئەم خاڵەش لەھەر پڕۆژەیەکدا کە ئامانج لێی ئازادی ژنان بێت، دەبێت جێگەیەک بۆ ڕزگاری پیاوانیش تێیدا بکرێتەوە. پێویستە کار بۆ دیموکراتیزەکردنی زیاتری کولتور بکرێت، کولتورێک شێوازی جیاوازی ژیان تێیدا جێگەی بێتەوە.

 

نێرینەیی لە ئیستای کۆمەڵگای کوردیدا

لە کۆمەڵگای کوردیدا تا ئێستا نێرینەیی نەبووەتە بابەتی بیرکرنەوە و گفتوگۆ: ھەم لە ئاستی نوسین و بە دڵنیاییشەوە لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا، بەشێکی ھۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی؛ نێرینەیی ھێندە ڕیشەی داکوتاوە بەوەی وەک دیاردەیەکە ئاسایی و سروشتی دەردەکەوێت، بەشەکەی تریشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بیرکردنەوەی کوردی ھێشتا گەلێک سادەیە و توانای بینین و خوێندنەوەی ئەبستراکتی زۆر لاوازە.

لێرە و لەوێ ھەندێک نوسینی کورت یاخود وەڕگێڕان بەرچاودەکەون، ھەندێکجار لە ناوئاخنی بابەتی تردا نوسەران ئاماژەیەکی سەرپێی پێدەکەن. پیاوناسی Man Studies  پێویستی بە ھەوڵ و کاری زیاتر ھەیە، من لێرەدا و زۆر بەکورتی ھەندێک سەرنجی خۆم لەسەر دۆخی نێرینەیی لای پیاوی کورد دەخەمە ڕوو؛

پیاوگه‌رایی کوردی تا ئێستا نێرینەییەکی نەریتی ولادێیە، ھەر چەندە گەورەبوونی شارەکان و دەرکەوتنی ھەندێک نەریتی سەرەتایی شارنشینی و تا ئەندازەیەک گۆڕانی سروشتی کار و دامەزراندنی بەرچاوی ژنان لەدامودەزگاکاندا، ھەندێک دۆخی سەرەتایی خوڵقاندووە بۆ ھەندێک گۆڕانکاری سەرەتایی. بەڵام ھێشتا نەبووەتە مەترسییەک بۆ پێگەی نێرینەیی پیاو لە خێزان. سەرباری ئەوەی ژنانی خاوەن کار لە ئێستادا ھاوبەشی دەکەن لە داھاتی خێزاندا و، پیاوان ھەندێک ھاوبەشیدەکەن لەکاری ماڵەوەدا، بەڵام پەیوەندیەکانی دەسەڵات لە ناو خێزاندا گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردانەھاتووە.

ئەوەی ھەیە لەئێستادا ژنانی خاوەن کار، چاو لەدەستی پیاوان نین وەک جاران، بەھۆی کارەکەیان و داھاتەکەیان پیاوانیان ناچار بەھەندێک سازشکردووە، ژمارەیەک ژن توانیویانە ببن بەخاوەن ئۆتۆمبێیلی خۆیان، ئەگەر ھاتوو ئەم ڕەوتە بەردەوام ببێت و دەزگاکانی دەوڵەت سەرکەوتووبن لەوەی دۆخێکی ئەمین بۆ ژنی سەربەخۆ فەراھەمبکەن و ترس ودڵەڕاوکێکانی بڕەوێننەوە، پیشبینیدەکرێت ببن بە خاوەن خانه‌ و خانووی خۆیان لە دوو دەیەی داھاتوودا. ئەمانە سەره‌تایەکی گرنگن به‌ڵام، ئێمه‌ تا ئێستا خاوه‌ن بازاڕێكى نه‌ريتى و كلاسيكی و نێرينه‌ين، كه‌ ژینگه‌یه‌ك تێدا زاڵه‌ له‌گه‌لێك ڕووه‌وه‌ (نادۆسته‌ unfriendly) به ‌ژنان، ئه‌م بازاڕه‌ ته‌كنه‌لۆژیا و زانست ده‌ستكارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌ڕێكخستیندا نه‌كردوه‌، به‌ڵام به‌دڵنییایه‌وه‌ مۆدێرنایزه‌كردنی كاریگه‌ری قووڵی ده‌بێت بۆ سه‌ر پێكهاته‌ جێنده‌رییه‌كەی. دەبێت ئەوە بووترێت کە: سەرباری گرنگی ڕۆڵی دامەزراندن لە پێدانی ژمارەیەکی زۆر دەرفەتی کار بە ژنان، بەڵام ڕێگریش هه‌بووە لەوەی بیر لە جۆری تری کار بکەنەوە و ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ ھاتنە ناو بازاڕ: کە پێشبینیدەکرێت ڕووبەڕووبوونەوەی ھەرە سەخت بکەوێتە کایەی بازاڕەوە. بازاڕ شوێنێکە کە پیاوان تەنھا بە شیاوی خۆیانی دەزانن و بەدڵنیاییەوە زۆر بە توندی بەرگری لێدەکەن.

لە کۆمەڵگای کوردیدا بازاڕ و زۆرینەی ڕەھای کایە گشتییەکانی تر بە دەستی پیاوانەوەیە و زەوتیانکردوون. ھە ربۆیە: پێویستە ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانانەی کە چاوەڕواندەکرێت ڕووبدەن بە وریاییەوە مامەڵەیانبکرێت، چونکە پیاوان بە ئاسانی و بەبێ توندوتیژی و لێکەوتنەوەی قوربانی دەستبەرداری پێگەی باڵای نێرینەیی خۆیان نابن، لە ھەردوو مەودای تایبەت و گشتیدا

دەبێت ئەوە بزانین کە دونیای نوێی (مۆدێرن) توانایەکی بێوێنەی ھەیە لە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نەریتی کۆن و سەپاندنی نەریتی نوێدا، توانایەک کە بەرگریکردن لێی ئەستەمە، ھەر بۆیە دەکرێت بگوترێت؛ کۆمەڵگەی سەرکەوتوو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لەجیاتی کاردانەوەی سۆزداری و نائەقڵانی بەرانبەر گۆڕانکاریەکان، ھەوڵی تێگەیشتنیان ده‌دات و بیر لەو ڕیگایانە دەکاتەوە کە یارمەتیدەرن بۆئەوەی سەرکەوتوانە بتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدابکات، بە کەمترین باج و قوربانی لە قۆناغێکەوە بگوێزیتەوه‌ بۆ قۆناغێكی تری باڵا.

 

سه‌ر‌چاوه‌كان

  1. de Beauvoir. (1982) The Second Sex. Penguin Books.

  2. Beynon. (2002) Masculinities and Culture. Open University Press.

  3. Weber. The bureaucratic Machine, edited by Charles Lemert, (1999) in Social Theory. Westview Press.

  4. Marcuse. (—) One-Dimensional Man. (p. 69) —

  5. Clare. (2001) On Men Masculnities in Crisis. Arrow Books.

  6. W. Connell. (1996) Masculinities. (p.77)

  7. عه‌لى وه‌ردی؛ توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ سروشتی کۆمەڵگه‌ی ئێراقی.. (2015) وه‌رگێڕانى: فه‌يصه‌ل خه‌ليل. چاپخانه‌ى ڕۆژهه‌ڵات.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین