تابلۆی ڕێبوار سه‌عید

Loading

ئاكۆ قادر حه‌مه‌

پێشەکی:

ئەم لێکۆڵینەوەیه‌ ھەوڵئەدات پەیوەندی نێوان گوتارێکی ئەدەبی و گوتاری کوردایەتی بزانێت، ھەروەھا جیاوازیەکانی گوتاری کوردایەتی ئەندێشەو پراکتیک بزانێت، تا بتوانین پراکتیکی کوردایەتی لە دوای ڕاپەڕینه‌وه‌ لەڕێگەی ئەزمونی شیعری قوبادی جەلیزادەوە بناسین، بۆیە پرسیاری نوسینەکە ئەوەیە: ئایا جیاوازی نێوان کوردایەتی ئەندێشە و پراکتیک چییە؟ لێک جیابونەوە و دژیەکی نێوانیان چییە؟ ھەڵوێستیان پەرچەکرداری ئەدەبی لە بەرامبەر ئەم دژیەکی و لێک جیابونەوە چی بووە؟ گوتاری ژن سەنتەری قوبادی جەلیزادە چییە؟ ئایا گوتارەکە توانای ئەوەی تێدایە ببێتە گوتارێکی جێگرەوە (ئەڵتەرناتیڤ) بۆ واقعی کوردایەتی پراکتیک کراو؟ ئایا ھیچ دونیابینییەکی گەورەتر و مرۆیی تر دەخاتەڕوو؟ ئایا بینینی ئەم گوتارە بۆ ژن ھیچ دۆزینەوەیەکی بەھایی نوێی بۆ ژن و کۆمەڵگا لە خۆ گرتووە؟

 

 

 

چەمکی گوتار:

پێش دەستپێکردن گرنگە ئاماژە بە چەمکی گوتار بدەین، گوتار لە ئاستی زمانەوانیدا بریتیە لە ڕێکخستنێکی سیستەماتیکانەی دێڕەکان، وەک چۆن دێڕەکان ڕێکسختنێکی سیستەماتیکانەی وشەکانن، بەمشێوەیە گوتار لە ناو گەلێک کایەدا کاردەکات، لەوانە داستان، چیرۆک، ڕۆمان، شیعر، ڕاگەیاندن، و زانستەکان و ھتد، ھەرچۆن کە نوسین دەگرێتەوە ئاوا قسەی زارەکیش دەگرێتەوە([1])، واتە لە ئاستی زامانەوانیدا گوتار کۆی ئەوەیە لەڕێگای وشەکان و دێڕەکان و ماناکانیانەوە ھەموو پێکەوە دێن، بەڵام چەمکی گوتار مانای زیاتر و گەورەتر لە ئاستی زمانەوانی ھەیە، گوتار لای “ئەمیل بنفنست” یانی زمان بە قەدەر ئەوەی بکرێت ڕاڤە بکرێت بە ئاماژەدان بە قسەکەر، بە بابەتە ناو زەمەنی و شوێنیەکەی، وە بە ھەر گۆڕاوێکی تری لەو شێوەیە کە بکرێت بەشداربێت لە سیاقی گووتراوەکەدا، لێکۆڵینەوە لە گوتار ڕاناوە کەسیەکانی وەک من و تۆ و بارودۆخی شوێنیەکانی وەک ئێرە و ئەوێ و بارودۆخە زەمەنیەکانی وەک ئێستە و ئەمڕۆ و ھتد لەخۆدەگرێت کە ناکرێت بێ ئەوانە کردەی گووتراو مانایەکی دیاریکراو بداتە دەستەوە، بۆیە چەمکی گوتار ئاماژەیە بۆ مانایەکی زمانەوانی درێژتر یان قوڵتر لە دێڕێکی بەتەنھا، بۆیە ڵێکۆڵینەوە لە گوتار کار لە سەرو ئاستی تەنھا زمانەوانیەوە دەکات([2])، گوتار ئاماژەیە بۆ ئەو ڕووداوانەی لە ڕووی کاتەوە بەستراون بە کردەی گووتنەوە، چەمکی گوتار لای “بنفنست” پەیوەندیدارە بە پێگە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی گووتنەوە، واتە بە پێگەی قسەکەر و بیسەر و ئەو چوارچێوەی بونیادیەی کە کردەی قەسەکردنی تێدا ڕوودەدات([3])، واتە دەکرێت لێکدانەوەی ڕه‌خنەیی بۆ گووتار بکرێت لەڕێگەی بەستنەوەی بە سیاقە کۆمەڵایەتی و سیاسیە فراوانەکەی بێ فەرامۆشکردنی شیکردنەوەی زمانەوانی بۆ دەق و گوتار([4])، کاتێک کۆمەڵناس چەمکی گوتار بە کاردەھێنێت، بە شێوەیەکی گشتی لە سەر دوو ئاست مامەڵە دەکات، یەکەم ئاماژەیە بۆ دیاردەی سۆسیۆ-زمان، کە بە شیکردنەوەی گوتار ناودەبرێت، دووەم ئاماژەیە بۆ شیکردنەوەی دیاردەیەک کە زیاتر ھاوپەیوەستە بەو میتۆدەی میشێل فۆکۆ کاری پێ کردوە لە ناو لێکۆڵینەوە و شیکاری مێژوویدا، ئەویش پێی دەگوترێت ئارکیۆلۆجی، کە لە کارەکانیدا دەربارەی شێتی و دەربارەی ڕەفتاری سێکسی و دەربارەی نەخۆش و نەخۆشخانە([5]) کاری تێدا کردووە، ھەر ھەمووشی بە ھاوپەیوەندی لە گەڵ گوتاری زاڵی ناو شارستانیەتی ڕۆژئاوا کە گوتاری عەقڵ، و ڕاستیە، کاری لەسەر کردووە، لە کۆتایشدا پەیوەندی نێوان مەعریفە و دەسەڵاتی ئاشکرا کرد، چەمکی ئارکیۆلۆجی لای فۆکۆ گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا ھات لە بوارێکەوە کە لێکۆڵینەوە بوو لە پاشماوە کۆنەکانی مرۆڤی کۆن گوێزرایەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە فکر.

ئەوەی ئێمە لەم نوسینەدا ھەوڵی بۆ ئەدەین لێکدانەوەی گوتارێکی ئەدەبیە لە ڕێگەی خوێندنەوەی چوارچێوەیەکی گشتی مێژوییەوە، ھەروەھا ھەڵکۆڵینی ناواخنی گوتارێکی شیعری بە بەستنەوەی بە چوارچێوە شوێن – کاتیەکەیەوە، لەم لێکۆڵینەوەیه‌دا دوو گوتار کاری لە سەر دەکرێت، گوتاری یەکەم کە کوردایەتیە بەوەدا تایبەتمەندە لە گووتاری دووەم کە گووتارێکە لە ناو بونیادێکی کولتوری سیاسی فراواندا، لەو ڕووانگەیەوە کە کوردایەتی وەک چۆن بونیادە ئاواش ھۆشیارییە، وەک چۆن خۆی لە ناو دەزگای سیاسی و کۆمەڵایەتی فراواندا دەبینێتەوە، ئاواش گوتارێکە لە زماندا دەرکەوتوە، لە یەک کاتدا گووتە و کردارە، دوو گوتار یان دوو ئاست لە خۆنمایشکردن لە ناو کوردایەتیدا دەردەکەوێت یەکەم گوتاری کوردایەتی ئەندێشە، ئەوەیە لە سەرەتایی سەدەی بیستەوە وەک ڕۆشنبیری گشتی کوردی بڵاودەبێتەوە، وەک کۆھۆشیاری، دووهەم ئەو واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتیەیە کە خۆی دەبەستێتەوە بەو گوتارەوە، واتە ئەو بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە و دەزگاکانیانە کە خۆیان بە ھەڵگری ئەو گوتارە دەزانن و وەک ھەڵگری ئەو کۆھۆشیاریە خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام ئەوانیش خاوەنی جیاوازی خۆیانن بەشێوەیەک لەیەکەم سەرنجەوە وەک نمایشی گوتارێکی تر دەردەکەون، ئەم گوتارەی تر ناو دەنێین کوردایەتی پراکتیک، واتە ئەو گوتارە شاردارەوە و پەنھانەی سیستەمە سیاسی و کارگێڕیەکەی کورد لە دوای ڕاپەڕین، بەڵام گوتارە ئەدەبیەکە کە ناوی دەنێین“گوتاری جەستەی ژن سەنتەری پیاوانە لای قوبادی جەلیزادە”، کە دواتر بیانوە زانستیەکانی ئەو ناونانە دەخەینەڕوو، گوتارێکە یەکەمجار لە ناو دەقدایە، لێکۆڵینەوەکە بە دوای ئەوەدا دەچێت پەیوەندی نێوان ئەو دوو گوتارە بدۆزێتەوە، ئایا ئەو گوتارە ئەدەبیە کە خۆی بە سەربەخۆ لەگوتاری ناو بونیاد پیشان دەدات گوتارێکی سەربەخۆ و دژە بە گوتاری بونیادە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەیان ھاوسەنگە بە بونیاد؟ ھەروەھا پرسیارێکی سەرەکی تر ئەوەیە ڕیشەی ئەم گوتارە ئەدەبیە سەر بە کام لە گوتاری کوردایەتیە، ئەندێشە یان پراکتیک، لەگەڵ کامیاندا ھاوسەنگ و لەگەڵ کامیاندا دژە؟

 

تابلۆی ڕێبوار سه‌عید

ڕاپەڕین، جیابونەوەی ئەندێشە و پراکتیکی کوردایەتی:

ساتەکانی دوای ڕاپەڕین، ساتەکانی تاقیکردنەوەی گوتاری کوردایەتی بوو لە واقیعدا، ساتە یەکەمینەکانی پراکتیکبوون و ھاتنە واقعی ئەندێشە بوو، چونکە مێژووی ناسیۆنالیستی کوردی مێژووی خەون بووە بە ڕزگارییەوە، ھەلی بەواقعیکردنی ئازادی و ڕزگاری لە بەردەستدا نەبووە، بۆیە ھەمیشە ناسیۆنالێک بووە ئەوەندە لە ئەندێشەوە نزیک بووە ئەوەندە لە واقعەوە نزیک نەبووە، ھەلی تاقیکردنەوەی ئەندێشەی تێز و جیھانبینیە کۆیەکەی نەبووە، نەیتوانیوە بینینی خۆی بۆ خۆی بخاتە بەردەم تاقیکردنەوەوە، بەڵام ڕۆژەکانی دوای ڕاپەڕین لەو ساتە تاکانانەی مێژووی کورد بوو، تێیدا ئەندێشەکراو دەھاتە سەرشەقامەکان و ھەمووان دەیانتوانی بیبینن، ئەو ساتانە سەرەتاکانی بەدیھاتنی (یۆتۆبیا) بوو، گوتاری کوردایەتی ئەندێشەی ڕۆشنبیری کوردی و ئەندێشەی کورد بوو بۆ خۆی، بەڵام بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ھەوڵبوو بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی ئەو ئەندێشەیە، واتە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ئامرازی ئەندێشە و گوتاری کوردایەتی بوو، ھەر ئەو بوو لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا یۆتۆبیایان لە ڕۆژەکانی یەکەمی ڕاپەریندا کرد بە واقع، ڕاپەڕین وەک ساتەکانی یەکەمی نزیکبوونەوەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی بوو لەوەی بتوانێت ئەندێشەکراوەکەی بکاتە واقع، بۆ یەکەمجار بوو کۆمەڵگای کوردی بە تەواوی دوور لە بەعس بتوانێت لەگەڵ ئامرازی کوردایەتیدا تێکەڵ ببێت، (تا ئاستێک)، و کۆمەڵگای کوردی بچێتە ناو کردەی خەونی خۆیەوە، پێکەوە لەگەڵ بزوتنەوەی کوردایەتی کە چیتر لە شاخەکان نەبوون بەڵکو لە شارەکاندا بوون، بووبوون بە یەک و سەرقاڵی ئەوە بوون پێکەوە ساتەکانی یەکەمی ڕزگاری بژین.

بەڵام ئەو ساتە یەکەمینانەی واقعی بوونی یۆتوبیا و بەدیھاتنی ئەندێشە زۆر دوور نەبوو لە ساتەکانی یەکەمی کەوتنی یۆتۆبیا و ئەندێشە، کەوتنی پیرۆز و بێ ھیوا بوون لە ئومێدەکان، گوتاری کوردایەتی کە ئەندێشەکراوی کوردبوون بوو، کۆمەڵێک پێشمەرجی ڕەفتار و ڕەوشتی دیاریکردبوو ھەر ھەمووی لە ساتەکانی یەکەمی ھاتنە واقعی کوردایەتیدا شکستیان ھێنا و نەتوانرا بھێنرێنە ھەبوونەوە، بەڵکو “ڕەوشتی” ئەندێشەکراوی کوردایەتی دووبارە نامۆبوویەوە بە واقع، ھەموو ئەو ڕەفتارانەی دەکەوتنە ناو قەدەغەکراوەکانی ئەندێشەی کوردایەتیەوە، بوونەوە بە ڕەفتاری زاڵ و باوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی و ئەوە دەزگایانەی بەدەستی ھێنابوون، ئیتر ئەندێشە لە پراکتیک نامۆبووە. دەروون شتێکی دەویست و ڕەفتار شتێکی تری دەکرد، ڕۆشنبیری کوردی لە ئەحمەدی خانیەوە تا حاجی قادر، لە فایەق بێکەسەوە تا شێرکۆ بێکەس، شتێکی ئەندێشە کردبوو ڕەفتاری کۆی ناو ئەو کۆمەڵگا ئینتماکراوەکە بۆ ئەو ڕۆشنبیریە شتێکی تری ئەنجامدەدات! ئەو ڕۆشنبیریە شتێکی قەدەغە کردبوو بەڵام ئەو کۆمەڵگا کولتورییەی ئەوان، ئەو ئامرازە ئەندێشەکراوەی ئەو کولتورە، واتە سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکەی ھەموو ئەو ڕەفتارە ڕەتکراوانەی کرد بە ڕەفتاری سەرەکی خۆی، ھەروەھا کۆمەڵێک ڕەفتاری تر بوونە ڕەفتاری باو و سەرەکی دەزگاکانی کوردایەتی پراکتیکكراو، ھەرگیز ئەندێشە بیری لێ نەکردبوەوە ھەرگیز پێشبینی نەکردبوون، بۆیە ڕوشنبیری کوردی و ئەندێشکراوی کوردی نامۆ بووەوە بە واقع، نزیک لە حاڵی پێش ڕاپەڕینی ئەو ڕۆشنبیرییە بەرامبەر سیستەمی پێشووی عێراقی، بۆیە کوردایەتی بووە شتێکی نامۆ بەو سیستەمەی خۆی بە کوڕی دەزانی. بەڵام پەرچەکرداری نوخبەی ڕوشنبیری کوردی وەک زۆرێک لە ھاوڵاتی ئاسایی کوردستانی ناو عێراق جیاواز و ھەمەجۆر بوو، بەڵام ئەم دووفاقی و لەتبوونی کوردایەتی و ئامرازەکەی ئاوڕی لێ نەدرایەوە و بەڕوونی ئاماژە بۆ جیاوازی نێوان (ئەندێشکراو و پراکتیک) نەکرا و نەبووە جێی باسی نوخبە ڕوشنبیرەکەی کورد. گەرچی پرۆژەی جۆراو جۆر و گوتاری دژ ھاتنە بوونەوە، بەشێک لەوانە پرۆژەی جدی فکری بوون و ڕۆشنبیری جدییان لە پشتەوە بووە کە تائێستا بەردەوامن و لە شوێنی تردا قسەی لە سەر دەکەین، بەڵام بەشێک لەوەی لەناو (کایەی ئەدەبی) کوردی جوڵا بریتی بوو لە بێزاری و نەفرەت لە خود، خودی کۆ، ھەروەھا پێشکەشکردنی ڕەمزی ئەڵتەرناتیڤ بۆ گوتاری پێشوویان بۆ ڕەمزەکانی، لە بەشی ھەره‌ گەورەی ئەو پەرچەکردارانەدا ھەست لە سەرووی پێشکەشکردنی گوتاری عەقڵیەوە دەبینین، لەلای خەڵکی ئاسایش یەکێک لە سەرەکیترین پەرچەکردارەکان کۆچ بوو بۆڕۆژئاوا.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە بەئاگاھاتنەوەیەکی کولتوری مەزن لە خه‌وشه‌كانی گوتاری کوردایەتی و پراکتیکی کوردایەتی ھاتبێتە ئاراوە، ئەگەر وابوایە، کۆچکردن بۆ ڕۆژئاوا ڕووی نەدەدا، بە پێچەوانەوە بەشی ھەرە زۆری کۆمەڵگا بە ئێستاشەوە گوتاری زەخرەفەکراوی کوردایەتی سیستەمەکە، واتە پراکتیکی کوردایەتی کە حزبەکان و حکومەتەکانی ھەرێم و دەزگاکانیانە، کە پەیوەندیەکی بە گوتاری کوردایەتی و ئەندێشەی گشتی کوردەوە نەماوە، لە لایان وەک دوو دیوی یەک دراو ھەر قبوڵکراو بوو، وەک پاش و پێشییەک کەس، وەک دوو پەرەگرافییەک چیرۆک تەماشادەکران و دەکرێن. تاوه‌كو ئەم ساتەش سەرتاپای کۆمەڵگای کوردی یەک دەنگ نییە لە سەر ئەوەی، ئەوەی لەناو ئەم سیستەمەدا دەگوزەرێت پەیوەندیەکی بە گوتاری کوردایەتیەوە نەماوە. سیستەمەکە گوتارێکی تری کردووە بە گوتاری کاری خۆی، (ئەوەی بە ڕوونی تا ئێستا ئاماژەی بۆ نەکراوە). واتە سیستەمی سیاسی کوردستانی باشوور لە دوای ڕاپەڕینەوە لە جێگه‌ی کوردایەتی وەک ھۆشیاری گشتی نەتەوەکە بە شاراوەیی و بە “نھێنی” گوتارێکی تری کردوە بە گوتاری خۆی، چونکە ئەوەی لەو دەکەوێتەوە وەک ڕەفتار و ڕەوشت ناکرێت ئەو ئەندێشەی کوردایەتیە قبوڵی بکات، یاخود ناکرێت لەو بکەوێتەوە، یان شتێکی ترە. ئەویش ئەوەیە، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی جگە لە کوردایەتی ھەرە لە سەرەتاوە شتێکی گەورەتر، پاڵنەر و بزوێنەرێکی مەزنتری لە پشتەوە وەستا بێت، یاخود شتێکی ترە، ئەویش ئەوەیە خه‌وشه‌كان لە گوتارەکە خۆیدایە کە لە یەک کاتدا ئەوەندە بەرگری باش و پێویستی بۆ ئەوە لا نەبووە کە کوردایەتی پراکتیک کرا چی دەبێت. واتە خه‌وشه‌كه‌ لە گوتارەکەدایە کە بایی ئەوەندە عەقڵی نەبووە بەشی پراکتیک بکات، تەنھا بابەتێک بووە بتوانرێت ئەندێشەی بکەین و بۆ جێبەجێکردن دەست نادات. لە ئێستادا من خۆم بەدوور دەگرم لەخۆگرتنی یەکێک لەم سێ وەڵامە بۆ پرسی جیابوونەوەی ئەندێشە و پراکتیکی کوردایەتی لەیەکتر.

ئەو گوتارەی کوردایەتی پراکتیک لە دوای ١٩٩١ کاری پێکردووە گوتاری سەرکوتکردن و تاڵانی نەبووە بەتەنھا، ھیچ دەسەڵاتێک لەم (سەردەم)ەدا وەک “میشێل فۆکۆ” ئاماژەی بۆ دەکات ناتوانێ بە تەنھا ئامراز و گوتاری سەرکوتکردن بەکار بهێنێت، ئەگەر وا بکات کەس ملکەچی نابێت، بەڵکو بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و خەڵکی دانی پێدابنێن تەنھا ھێزی (نا) بەکارناھێنێت لە بەرامبەریاندا، بەڵکو شت دادەھێنێت و بەرھەمی دەھێنێت، چێژ دروست دەکات، مەعریفە دروست دەکات، و گوتار بەرھەمدەھێنێت، تا بە ناو سەرجەم جەستەی کۆمەڵایەتیدا بڵاو دەبێتەوە([6])، بۆیە لەو گۆشەنیگایەی فۆکۆوە دەتوانین بڵێین ئەوەی کوردایەتی پراکتیک (سیستەمی سیاسی کوردی باشوور) کاری لەسەر کردووە، تەنھا سەرکوتکردن نەبووە، تەنھا کردەی تاڵانی و دامەزراندنی سیستەمێکی تاڵانی نەبووە بە دوور لە جەستەی کۆمەڵگا و بە دوور لە بەرھەمھێنانی گوتارێک کە بتوانێت ئەم سیستەمە لە ناو جەستەی کۆمەڵگادا بڵاوبکاتەوە و ڕەوایی پێ بدات، لە ڕێگەی کردنی ئەم گوتاری تاڵانیە بە گوتاری گشتی، ئەم گوتارە کە سەری لە ناو جەستە پەروەری و خۆپەرستیدایە، کە بیرۆکەی سەرەکی تێیدا چێژە، چێژی جەستە و خزمەتکردنی جەستە، بینینی پێداویستیەکانی جەستە وەک ئامانج، کوردایەتی پراکتیک ئەگەر ئەمە نەکات بە گوتاری بەشی ھەرە زۆری کۆمەڵگا ناتوانێت بەردەوام بێت، ناتوانێت سەقامگیری بۆ سیستەمەکەی بەرھەمبێنێت، بۆیە بە وردی کاری بۆ ئەمە کردوە، کردەی بەردەوامی بەخشینەوەی ئیمتیاز و خانەنشینی و بەشداری پێکردنی ژماریەکی زۆری ھاوڵاتی کوردستان لە سیستەمی تاڵانیەکەدا ئەمە ئامانجی بووە. بەشێوەیەک ھەر کەسێکیان گرووپێک ھەوڵیدابێت وەک ھاوڵاتی ناڕازیی و وەک ڕوشنبیرانیش ببنە لەمپەر لە بەردەم سیستەمی تاڵانیەکە و گوتاری جەستەپەرستی و چێژ سەنتەری سیتەمەکەدا، ھەوڵدراوە لەڕێگەی بەشداری پێکردنیانەوە لە سیستەمی تاڵانیەکە مەترسییەکەی بڕەوێنرێتەوە، ھەر گوتارێکی ڕۆشنبیری کە جەستە و چێژی جەستە، مەسرەفگەرایی و بە موڵک کردنی جەستە و بەشتکردنی کردبێتە گوتاری سەرەکی خۆی، ئەوا گوتارێکە لە خزمەت گوتاری تاڵانی ناو سیستەمی کوردایەتی پراکتیکدایە، و برەودانە بەو گوتارە.

زۆر شت ھەیە لە سەر ئەوەی بگووترێت دەربارەی ئەوەی کوردایەتی چییە، وە ئەو ئەندێشەیه‌ چییە، ھەروەھا ئەو کۆمەڵە ڕەفتار و ڕەوشتانەی وەک بەرئەنجام و ھەروەھا وەک پێشمەرجیش لە یەک کاتدا دەبێت لێی بکەونەوە چین، بەڵام ئەوە ھەڵدەگریین بۆ شوێنێکی تر، بۆیە لە ئێستادا باس لە یەک گوتاری دژ بۆ گوتاری پراکتیک کراوی کوردایەتی یان ھەر بۆ ئەندێشەکە دەکەیین، لەوە ورد دەبینەوە کە ئایا ئەو گوتارە نوێیە گوتارێکی جیاوازە لەوەی کە خۆی بە دژی دادەنێت ئایا سەرکەوتو دەبێت وەک گوتاری دژ یان شکست دەھێنێت لە دروستکردنی گوتاری دژ بە گوتاری کوردایەتی (ئەندێشە یان پراکتیک).

 

گوتاری شیعری جەستەی ژن سەنتەری پیاوانە، یان ژنویستن لە بەرامبەر گوتاری کوردایەتی شیعردا:

تابلۆی ڕێبوار سه‌عید

دوای ڕاپەڕین، بە دیاریکراوی دوای جەولە یەک بەدوایەکەکانی شەڕی ناوخۆی ھەموو حزبەکان، ھەروەھا دوای دەرکەوتنی سیستەمی تاڵانی، ساڵانی دەرکەوتنی شکستخواردووی ئەو گوتارە سەرەکیە بوو کە شیعری کوردی، سەدەی بیست پێیەوە سەرقاڵ بوو، ساڵانی کەوتن و لادان و نائومێدی بوو لە ئامانجەکانی ئەو ئەندێشە بە واقعی بووەدا، بۆیە چەند ساڵێکی کەم و نائومێدی گشتی پاش شکستی گوتاری ناسیۆنالیستی دوای ڕاپەڕین چووە ناو ئەدەبەوە، لەناویاندا چووە ناو بەھێزترین کایەی ئەدەبی کوردییەوە کە سەدەیەکە ھەر شیعر پێشڕەوی بووە، زیاد لە دەقێکی ئەدەبی جیاواز سەریانھەڵدا، لەناویاندا زۆرینەی ئەو دەقانە، وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ گوتاری ڕۆشنگەری کورتخایەنی ناو ئەدەبی کوردی دەیەکانی سەرەتایی سەدەی بیست و گوتاری نیشتیمانپەروەری سەرتاپای سەدەکە و و گوتاری مانەوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیست دەرکەوتن، مانا و بەھا و وێنە و شتی تریان کرد بە گوتاری شیعری خۆیان، ھەندێک لەو ئەزموونە شعریانە ھیچ نەگووتن، ھەندێکی تر وێنە دروستکردن، ھەندێکی تر شێوە و شکڵ شکاندن، ھەندێکی تر عەشق، ھەندێکی تر ژن، ھەندێکی تر سروشت پەرستن، ھەندێکی تر ھەموو ئەمانەیان پێکەوە کرد بە گوتاری شعری خۆیان، ئەزمونی تر … جەستەی ژن سەنتەری پیاوانە و ژنویستنیان کرد بە ئەَلتەرناتیڤ یان وەک دژە گوتار نمایشیان کرد.

لەناو ئەو ئەزموونە شیعریانەدا، دەمەوێت ئاوڕێک لە ھەندێک بینینی ناو ئەزموونی شیعری “قوبادی جەلیزادە” بدەمەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە دوای بینینی شکستەکانی گوتاری کوردایەتیەوە دروست بووبوون. قوبادی جەلیزادە لە شیعرەکانیدا زیاد لە گوتارێک پیشاندەدات، ئەوەی کۆی ئەزمونی ئەم شاعیرە بخوێنێتەوە و پێیوابێت دەتوانێت بە دۆزینەوەی یەک گوتاری یەکگرتوەوە بێتە دەرەوە سەرکەوتو نابێت، پێی وابێت دەتوانێت یەک ڕووانینی یەکگرتوو لە کۆی شیعرەکانیدا بەدەست دەخات ھەڵە دەکات، ئەو زیاد لە وێنەیەک، زیاد لە ڕوانینێک بۆ ئەزموونی خۆی دادەنێت. ئەو بەڕاستی دەتوانین بڵێین لەپاڵ گوتاری زاڵیدا (کە پاشتر ئاماژەی بۆ دەکەیین)، ھەستی خۆی نوسیوەتەوە و باکی بەوە نییە ڕایەکی ھەستی – ئەقڵی یەکگرتوو و کۆنکرێت بدات بەدەستەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا گوتاری زاڵ لە ناو کۆی ئەزموونەکەیدا نەبێت، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو ئەڵتەرناتیڤی سەرەکی خۆی پێشکەش ناکات، ھەروەک چۆن ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە نەتوانین لە پشت سەرجەمیان لە پشت گوتاری زاڵیدا دونیابینی گشتی ئەو بدۆزینەوە، بە ھەڵاوێردنی ئەو شیعرانەی ھیچ ناڵێن. بەشی ھەرە زۆری ئەوەی ئێمە لە سەری دەوستین ھی ئەو ساڵانەیە کە ئیتر پراکتیک و ئەندێشەی کوردایەتی کەوتونەتە بەر ڕەتکردنەوەوە، چ ڕەتکردنەوەی پەرچەکردانەی دەروونی کە ھەست لە پشتیەوە وەستابێت، پاڵنەرەکەی سروشتی مرۆیی پەرسەندویی ناو مێژووی مرۆییە کە ناتوانێت شتی ناماقوڵ و زۆرداری و ستەم و نادادی ئاشکرا قبول بکات، یان ڕەتکردنەوەی عەقڵیە و پاڵنەرەکەی بوونی ھۆشیاریە بە سیستەم و ژیانی چاک و خراپ، ئەم ھۆشیاریەی ڕووی خۆی کردۆتە لێکدانەوەی دیاردەکانی ناو ئەو سیستەمە و تێیدا سیستەمی سیاسی خراپ و ڕووەو ھەڵدێری تێدا دەبینێت.

 

بەڵام ئەوەی لای قوباد دروست دەبێت چییە؟ لە یەکەم خوێندنەوەوە دەبینین گوتاری زاڵ یان گوتاری ئەلتەرناتیڤی “قوبادی جەلی زادە” ژنە، ژن ئەلتەرناتیڤی ئەوە بۆ سیاسەت، بۆ نیشتیمان، دژە گوتاری ئەوە بۆ خێڵ، بۆ جەنگ، “تاسەر ئێسقان ژن”، و”تۆ لە من شەھیدتر و من لە تۆ شەھیدتر… تۆ عێشقی نیشتیمان دەتکوژێ … من عیشقی ژن”.

ھەروەھا:

شەڕێکی زۆرمان کرد بۆ نیشتیمان

دەبا شۆڕشێکیش بۆ ئازادکردنی جەستە بگێڕین.

یان:

با خەبات کەین تا مومارەسەی خۆشەویستی

لە کەنارەکانی نوێژکردن نزیک بکەینەوە.

یاخود:

من و نیشتیمانە زەلیلەکەم لەیەک دەچین

ئەو ھەر ڕۆژە پیاوێک داگیری دەکات و منیش ھەر ڕۆژە ژنێک!

ئەو شمشێری یاخی بوونی ھەڵکێشاوە … منیش شمشێری تەسلیم بوون!

یاخود:

ژن نەیھێشت لە لیژنەی ئیغتیالاتی حزبێکی خەباتگێڕا قارەمانێکی جەربەزەبم!

ژن، نەیھێشت مامەڕیشەیەکی تربم و لە گۆڕەپانی شارێکدا کۆتەڵێک بۆ ئازایەتیم دابتاشم.

یاخود:

شەڕ سیپەلاکی پەپولەکانی پڕکرد لە بخوری مردن

کەچی ھەمیشە من، ڕۆحم پڕ پڕە لە عەتری بن باڵی ژنێک.

یان:

-با- فەیلەسوفێکی ئیباحیە، مەمکی ھەموو باخچەیەک دەگوشێ و

لێوی ھەموو گوڵێ ماچ دەکات و  بە نێو لینگی ھەموو درەختێکا ڕەت دەبێ.

یاخود:

خۆر پێی ئەستەمە ئاوا بێت … ئاخر ژنێک خۆی ڕووت دەکاتەوە([7])!!

ھەروەھا لە دیوانی “خۆر لە ناو پەرداخێکی شکاودا” ئەم جیھانبینیە دووبارە دەبێتەوە، لە شیعری شاعیردا وشەگەلی ژن، ڕووت، ژنێک بەڕووتی، مەمک، ماچ، داوێن پیسکردن، لێو، بە مەمک گەرمیان بکەرەوە، مەمک و دەم، مەمک دایکی لێوە، ستیانێک بە تەنافەوە سوێم دەبێتەوە بۆ مەمک، گوشینی مەمک، گۆ، ناوکی کچەکانی …، بن باڵی ژنەکانی …، لێوم لەسەر ناوکی ژنێک، سنگی ژنێک، مەمکدان، لە وەسفی سروشتیشدا: کڵۆیەک مەمک، پشکۆی مەمکی ژنێک، باران دەمی خستە ناو دەمی بەفر –با- مەمکەکانی گوشی، ناوگەڵی بەفر تەڕە تەڕ، دەربارەی بازگەش دەڵێ: پێش ئەوەی بگاتە شار پێشمەرگەیەک فریشتەی بەفری پشکنی مەمکبەندی پڕلە گوڵ دەرپێی پڕ لەڕیشۆڵە([8])، تەنھا لەم دیوانەدا سەدەھا جاری دووبارە بووی ئەو وشانە ھەن، کە ئاماژە بۆ دونیابینی و ڕوانینی شاعیر دەکەن بۆ ژیان و کۆمەڵگا و سروشت و ڕەگەزەکانیان.

 

ئەوەی سەنتەرییە لە دیدی شاعیردا ژنە، بەڵام ژن وەک جەستە، ھەروەھا بینینی ژیانە وەک جەستەی ژن، بینینی سروشت، بەفر و باران و دەریا و ھتد، وەک جەستەی ژن، وە پێدانی یەک دیدی دیاریکراو بە ژن، نەخشاندنی یەک بینین بۆ ژن، کە ئەویش بینینێکی پیاوانەیە، شاعیر نەبووە بە قسەکەری ژن و خەم و ھیوا و دونیا بینێ و ئازارەکانی، بەڵکو ھەروەک پیاوێک ژن دەبێنێت، جەستەی ژن دەبینێت و گۆرانی بۆ جەستەی ژن دەڵێت. گۆرانی بۆ ئەندامە جیاوازەکانی ژن دەچڕێت، ھەروەھا سروشت وەک جەستەی ژن وێنا دەکات، ئەم بینینە بۆ ژن بینینی پیاوێکە، ژن تەنھا وەک جەستە دەناسێت، ئەو ساتانەی ژن دەبینێت کەڕووتە، کە لەگەڵ پیاوێکدایە بەڕووتی.

بێگومان شاعیر قەسیدەی تری ھەیە دەربڕی دونیابینی ئاسایی تر دەکەن، لەو گوتارانەی تردا ھەڵوێستی نەتەوەیی و ھەڵوێستی ڕەخنەگرانە ئاراستەی دواکەوتویی دیاردەی تایبەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینی دەکەن، بەڵام گوتاری سەنتەری ئەو گوتاری پیاوێکە بۆ ژن و جەستەی ژن و دەربڕی ئیرۆتیکێکی خاڵیە لە ھەر مانایەک بۆ عەشق بگەڕێت، گوتارەکانی تری شاعیر گوتاری لاوەکی ناو ئەزموونی شاعیرن، لە سەرجەم کتێبەکانیدا ھەن بەڵام لە پەنایەکدان و گوتاری سەرەکی کە شاعیری پێ دەناسرێتەوە گوتاری جەستەی ژن سەنتەریە لە نیگای پیاوێکەوە، شاعیر جەستەی ژن و ڕاموسان و تێکەڵ بوون بەو جیھانە وەک چێژ و بەختیاری و ڕزگاری و تەنانەت چارەسەری کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیەکانیش دەخاتەڕوو.

لەڕاستیدا بەھرەمەندییەکی گەورەی ناوێت بۆ ئەوەی خێرا گوتاری سەرەکی و ڕوانینی سەرەکی ناو شیعری ئەم شاعیرە بدۆزینەوە، گوتاری ئەڵتەرناتیڤی ئەم، کە گوتارێکە سەری لە ناو سەری ئەم شاعیرە خۆیدایەتی و دەیەوێت بچێتە ناو سەری کۆوە، دژە گوتارە خودیەکەی ئەم شاعیرە لەناو فەزای شکستەکانی دوای ڕاپەڕیندا ئاسانە لێی تێبگەیین، ژن لێرەدا وەک ئەلتەرناتیڤی سیاسەتێک دەردەکەوێت بێڕەحم و بێ بەھا،یان وردتر سیاسەتێکی ناڕەوشتی، ژن ئەڵتەرناتیڤی جەنگە زۆر و شکستخواردوەکانی کوردە، گوتاری ژنویستن ئەڵتەرناتیڤی مانەوەی گوڕو ھێزی یاساکانی خێڵە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا. پێدەچێت لە ئەندێشەی شاعیردا گوتاری ژنویستن وەک ھەنگاوی یەکەمی ڕەتکردنەوەی بەھاکانی سیستەمی سیاسی دوای ڕاپەڕین بێت، وەک چۆن دەشێت ھەنگاوی یەکەمی شکاندنی ئەو قەفەسانە بێت کە ھێشتاکە ئەندێشەی خێڵ پاسەوانێکی چالاکیەتی، ئەم شاعیرە ھەڵدەستێت بە شکاندنی زنجیرە ئاسنینە زمانیەکان لەڕێگەی فڕێدان و ناوبردنی ھەندێک لە ئەندامەکانی جەستەی ئافرەتەوە، بە شێوەیەک بە ئاسانی ئەگەر یەکێک حەوسەڵەی ئەوەی ھەبێت دەتوانێت سەدەھا جاری دووبارەبووەوەی ئەو ناو و وشانە بژمێرێت، کە کەم شیعری ھەیە چەند جار بەر بەو وشانە نەکەوتبن.

بەڕای زۆرینەی توێژەرەکان و نوسەران و خوێنەرانی (قوبادی جەلیزاد)ە، ئەوەیە کە ئەم شاعیرە گوتاری (ئیرۆتیکی) کردوە بە گوتاری سەرەکی خۆی، لای من ڕاستر ئەوەیە ئەم گوتارە بیرۆکەی سەرەکی تێیدا جەستەی ژن سەنتەرییە لە نیگای پیاوەوە، کە لە ڕاستیدا فەلسەفەی سەرەکی ئەو گوتارە ئەوە نییە کە پایەی ژن بەرزبکاتەوە لە ناو گوتارە شیعریەکەیدا ئەوەندەی کرۆکی فەلەسەفەکەی بریتییە لە ھەڵچوونێکی جەستەیی کە ھەموو شتێک وەک ژن و وەک جەستەی ژن دەبینێت، سروشت و کۆمەڵگا و مرۆڤەکان، پیشاندەری ساتە ئیرۆتیکیەکانن، بەڵام لە ڕوانگەی پیاوێکەوە، لێرەدا ژن مەبەست نییە، بەڵکو دیدی پیاوانە مەبەستە، مەبەست ژن نییە، گەشتنە ژن خۆی مەبەستە، ئەم دیدە ڕەتکەرەوەی ھەرە جۆرە تێڕوانینێکی عەقڵیە بۆ ئاڵۆزیەکانی ژیان و سروشت و کۆمەڵگا و تەسلیمکردنی دونیابینی و بیرکردنەوەیە بە یەک تێڕوانین ئەویش تێڕوانینی پیاوە لە حاڵەتی ھەڵچوونی “جەستەییدا”، واتە پشتکردنە تێڕوانینی مرۆڤانەی ئەقڵیە کە بە چاوی نە ژن و نە پیاوەوە تەماشای دەوروبەر بکات، واتە لە جێگای ئەو گوتارە مرۆڤانە فرە ڕەھەندەدا گوتارێکی تاک ڕەھەندی پیاوانە جێگای گرتۆتەوە، کە جیھان خۆی بووە بە جەستەی ژنێک، بووە بە جەستە نەک مانا گەورەکانی ژنێتی، کە لە دواتردا ئاماژەی پێ ئەدەیین کە چەندە ئەم گوتارە ڕووکەشە، لە کاتێکدا ھەر قسە کردنێک و مانا ھەڵھێنجانێک لە ژن چۆن دەکرێت سەر بکێشێت بۆ دەرکردنی مانا قوڵەکانی ژنێتی و دایکایەتی و یار و زۆر شتی تر کە ئەم گوتارە شیعرە نایناسێت و نایزانێت.

 

ژن لە نێوان مێینەیەتی و ژنێتیدا:

تابلۆی ڕێبوار سه‌عید

ژن وەک مێ نییە، یان تەنھا مێ نییە، مێ تەنھا بوونێکی سروشتی و فیسیۆلۆجی ھەیە، بەڵام ژن بوونێکی مێژوویی ھەیە، بە درێژایی مێژوو پیاو ھەوڵیداوە تا بکرێت تەنھا بوونێکی سروشتی بداتە ژن، بەڵام ژن لەناو مێژوودایە وەک پیاو، ئەوەی لای قوباد دەکەوێتەوە پێدانی ھەمان بوونی سروشتی و فیسۆلۆجیە بە ژن و کردنێتی بە مێ، لێسەندنەوەی ئیرادەی ژنە وەک ژن، لە جەوھەر خستنیەتی، وە کردنیەتی بە مێ.

لە کاتێکدا پیاو خۆی لە ناو مێژوودایە و زمانی ھەیە و چالاکە و سیاسەت دەکات، کۆمەڵگه‌ بەڕێوە دەبات و ململانێ دەکات و ڕەنگڕێژی بۆ شتەکانی دەوروبەری دەکات، چونکە ئەگەر پیاو و ژن، ھەردووکیان وەک دوو بونەوەری فسیۆلۆجیش تەماشابکرێن ھەردووک یەکسانن، کەسیان لە پێش ئەویتریانەوە نییە، نە نێر لە پێشی مێ-وە دێت و نە بە پێچەوانەوە، بەڵام ھەمیشە پیاو ھەوڵیداوە خۆی لە نێر دابڕێت و وەک پیاو تەماشا بکرێت، وەک بونەوەرێک لە ناو مێژوودا. بەڵام بۆ ژن وا ناڕوانێت؟ باشترین بەڵگە دێڕەکەی ئەفڵاتۆنە “مێ مێیە بە ھۆی بوونی کەموکورتی لە تایبەتمەندییەکانیدا”. ھەروەھا بەڵگەی مێژوویی دوورودرێژیش لە چیرۆکی سەرکوتی شارستانی ھەزارەھا ساڵی ژنەوە دێت بە دەست پیاوەوە و کە بیروباوەڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئایینەکان و فەلسەفەکان ڕێگەیان بۆ خۆشکردوە، سەرجەمی ئەو بیروباوەڕانەش پیاو دایھێناون.

لە ناو کولتوری پەڕگیری بیروباوەڕی ئیسلامیدا ترسێکی گەورە ھەیە لە ژن، ژن ھەمیشە ئەبێت بەرکەنار بێت، دەبێت دوور بخرێتەوە، دەبێت نیقابی بەسەردا بدرێت، سامانێکی تایبەتی خاوەنەکەیەتی تەماعی ئەویتری لە سەرە، دەبێت بشاردرێتەوە لە ئەوانی تر، دەبێت چاوی ئەوی تری لەسەر نەبێت، ھەر خاوەن ژنێک ھەر خاوەن سامانێک ھەر خاوەن شمەکێک دەبێت شمەکەکەی بشارێتەوە وەک چۆن خاوەن پارەیەک پارەکەی لە شوێنێکی ئەمیندا دەپارێزێت، ژنیش دەبێت بشاردرێتەوە، ئەم دیدە ئیسلامییە تەماشاکردنی ژنە وەک شمەک، وا تەماشای ژن ناکات وەک ئەوەی خاوەن ئیرادە بێت، وەک ئەوەی خۆی بتوانێت ویستی ھەبێت و ئەگەر پێویستی کرد خۆی بپارێزێت بەڵکو ئەویتری پیاو دەبێت بیپارێزێت، ھەروەھا گومانی لە ژن ھەیە بڕوای وانیە ژن مێ نەبێت، مێ ناتوانێت پەیمان مۆربکات، ناتوانێت بەوەفا بێت، بۆیە بە زۆر وەفا و پەیمانی بەسەردا دەدرێت، کاتێک پیاو و ژنێک دەچنە پەیوەندییەوە، دەبنە عاشق دەبنە ھاوسەر، ئیدی دەچنە ناو پەیمانێکی ڕەوشتیەوە، دەچنە ناو پەیمانێکەوە سەرێکی متمانەیە سەرێکی وەفاو پەیمانێکی ئەخلاقییە، بەڵام لە کولتوری ڕەگداکوتیوی ئیسلامیدا بەتایبەت ئیسلامی عەرەبی، کە بە توندی لە ناو کورددا بڵاوبۆتەوە کاتێک پیاوێک ژنێک دەخوازێت ناچێتە ناو ئەو پەیمانە ئەخلاقیەوە، چونکە تەنھا دوو کەسی شارستانی دەتوانن بچنە ناو پەیمانەوە، دوو کەس ئیدی پێویست ناکات کەسیان ئەویتر سەرکوتبکات و بیشارێتەوە و دووری بخاتەوە لە چاوی ھەموو ئەوانی تر، بەڵام لە کولتوری ئیسلامی عەرەبیدا ژن ئەگەر چوبێتیشە ئەو پەیمانەوە متمانەی نییە، ھەر دەبێت بشاردرێتەوە، متمانە نە بە پیاوەکانی تر ھەیە لە دەوروبەردا کە تەماع نەکەنە ئەو شمەکە، ئەو بوونەوەرە بە شمەک بووە، کە لە ئیرادە خراوە، نە متمانە ھەیە بە ژنەکە خۆی کە کراوە بە مێ و وا تەماشادەکرێت وەک ئەوەی خۆی نەتوانێت متمانە بپارێزێت بەڵکو دەبێت بشاردرێتەوە، سامانێکە، شمەکێکی بە بەھایە تەماعی زۆری لەسەرە و دەبێت ھەمیشە ئاگاداری و چاودێری لێ بکرێت.

بەڵام لە کولتوری پیاوسالاری و لە ئەدەبی ئیرۆتیکیشدا ئامرازەکە بە پێچەوانەوەی شاردنەوەی ژن و داپۆشینیەتی، بەڵام ھەمان ئامانجی ھەیە، ئامانجەکە ھەر بە شمەککردنی ژن و لە ئیرادەخستن و لە ژنخستنیەتی، بەڵام بە شاردنەوەی نا بەڵکو بەڕووتکردنەوەی، بە بەخشینی یەک شوناس و یەک وەزیفەی بایۆلۆجی بە ژن بۆ پیاوێک لەناو مێژوودا.

زمانی ئەم ئەزموونە شیعریەش زمانی پیاوێکە وێنایەکی پیاوانە بۆ ژن دەکات، ھەر بۆیە ژن بەڕووتی وەک ئەوەی لە سروشتایە ھەیە دەیبینێت، یەک کات ھەیە بۆ بینینی ژن ئەو کاتەی ژن ڕووتە، ئەو کاتەی ئیدی لەوە کەوتوە لە کۆمەڵگادا چالاک بێت، لەوە کەوتوە مامۆستا بێت، سەربازبێت، جوتیار بێت، شاعیر بێت، سیاسی بێت، بە تەنھا بە شەقامێکدا پیاسە بکات و ترسی ئەوەی نەبێت پیاوێک ئەوەی لێ دروست بکات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی لێ بکات کە لەپڕ بە خەیاڵیدا دێت.

 

فیمینیزم و ئیرۆتیک و پۆرنۆگرافی:

تێکەڵبوونێکی سەیر لەخەیاڵدانی ڕۆشنبیری و کولتوری کوردی ھەیە سەبارەت بەم وشانە، ھۆی یەکەمی ئەو ناڕوونی و ئاڵۆزانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە خاوەن و داھێنەر و گفتوگۆکەری ئەو وشەو چەمک و زاراوانە نین، بەڵام ئیدی دەبێت بە ناچاری مامەڵەیان لە گەڵدا بکەین، بەڵام ھۆی دووهەم ئەوەیە کە ئەو زاراوانە پەیوەندی نزیکیان بە یەکترەوە ھەیە، فیمینیزم و ئیرۆتیک و پۆرنۆگرافی سێ چەمکن بۆ دیاردەیەکی ھەم نزیک و ھەم جیاواز لەیەک، ھەر سێ وشەکە لە ژن و لە پێگەی ژن و لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاویان لە کردەی پەیوەندی جەستەیی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە دەدوێن.

بەو پێیەی کە فیمینیزم بزوتنەوە و ئایدیای ڕاستکردنەوەی بەھا و باری ژنی ھەڵگرتووە چەند دەیەیەکە یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی دەرگیری بووە جیا لە بابەتی یەکسانی ژن و پیاو لە کار و ئەرک و ماف و خێزان و دەزگاکاندا، جیا لە بەره‌نگاربوونەوەی ستەم و توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر ئافرەت، بریتییە لە ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ستەمی پیاو بەرامبەر ژن لە واقعەوە بۆ ناو زمان و بۆ ناو نمایش، بۆ ناو ئەدەب و بۆ ناو پیشەسازی بەرھەمھێنانی فیلم و ڕیکلام و ھتد.

بەشێکی ھەرە زۆری فیمینیستەکان وا تەماشای فیلم و نمایش و دەقە پۆرنۆگرافیەکان دەکەن وەک ئەوەی ھاندان و درێژە پێدەری توندوتیژی بێت بەرامبەر ژنان، بەڵکو ھەندێکیان دەڵێن پۆرنۆگرافی تیۆرە و لاقەکردن پراکتیکەکەیەتی، پۆرنۆگرافی ھیچ نییە جگە لە ھەوڵ بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژن و لە کەرامەتدانی ژن و توندوتیژی کردنە بەرامبەری، و داوای ئەوە دەکەن کە یاسای تایبەت دابرێژرێت ڕێگری لەو کارانە بکات، ھەر چەندە لە گەلێک وڵاتی پێشکەوتودا یاسای تایبەت بەو بوارە دەرچوە کە سنوورێک بۆ بەکارھێنان و شکاندنی بەھای ژن دابنێت، سنوورێک بۆ بەکاڵاکردنی و نمایشکردنی سێکس دابنێت، بەڵام ئەمە ڕووبەڕو دەبێتەوە لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکییدا، یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە زۆر ھەستیارن بەرامبەر ھەر شتێک ڕێگری لە دەربڕینی بیروڕا بکات و قەید و بەند بۆ نوسین و بۆ ھونەر و بۆ نمایش دابینێت کە کارە پۆرنۆگرافەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان تێکەڵدەبن لەگەڵ نوسین و نمایشدا، کێشەی دووهەم ئەوەیە ھەندێک لەو ژنانە ئەمە وەک بەکارھێنان و توندتیژی بەرامبەریان نابینن بەڵکو وەک کارێکی ئاسایی و وەک بازرگانی تەماشای دەکەن.

ئەوەی پەیوەندی بە ئیرۆتیکیشەوە ھەبێت دیسان ڕای جیاوازی لەسەرە لەلای فیمینیستەکان، ھەندێک وای دەبینین کە جیاوازی گەورە ھەیە لە نێوان ئیرۆتیک و پۆرنۆگرافیدا، جیاوازی نێوان ئیرۆتیک و پۆرنوگراف وەک جیاوازی نێوان خۆشەویستی و لاقەکردن، ڕێز و سەرکوتکردن، چێژ و ئازار دەبینن، بەڵام ڕای پێچەوانەی فیمیسنیستە ئەنتی پۆرنۆگرافەکان ئەوەیە کە چ ئیرۆتیک و چ پۆرنۆگراف بریتین لە ئایدیای سیستەمی پاتریارکیەت و دەربڕی دەسەڵاتخوازی پیاوە بە سەر ژنانەوە.

ئەوەی پەیوەندی بە فیمینیزمی کوردیەوە ھەبێت وەک دیارە ھیچ بەشدارییەکی فکری ئەوانمان نە لە بارەی ئەم پرسەوە نە لە بارەی ئەدەبی لەم بابەتەوە نەبیستووە، بەڵکو زۆر بە پێچەوانەوە بەشی ھەرە زۆری ڕەخنەگرەکان و لە ناویاندا نوسەر و ڕۆشنبیرە ژنەکان شیعری قوبادی جەلیزادە وەک لایەنگری سەرسەختی ژنان دەبینین، وەک پیاھەڵدان و وەک شیعری شاعیرێک کە گۆرانی بە خاتری ئەوان دەڵێت، بێ گوێدانە ئەوەی لە پشتی ئەو نیگا سەرسامەوە بە ژن چ سیستەمێکی پیاوانە وەستاوە کە ژن وەک کەرەستە و وەک کاڵا دەبینێت، ژن وەک مێ دەبینێت کە تەنھا وەزیفە و ئەرکێکی بایەلۆجی لەسەرە بۆ پیاو.

ژنە فیمینیستێک دەڵێت: یەکێک بۆم ڕوونبکاتەوە چۆن دەبێت یەکێک لە یەک کاتدا فیمینیست بێت و لایەنگر و بەرگریکاریش بێت لە پۆرنۆگرافی([9])؟ دەتوانین ھەمان پرسیار دابرێژینەوە چۆن دەبێت کەسێک ھەبێت لە یەک کاتدا بەرگریکار بیت لە مافی ژن و دژ بە توندوتیژی بێت بەرامبەر ژنان و لە ھەمان کاتدا سەرسامبێت بە دەقێکی ئیرۆتیکی كه‌ ژن تەنھا وەک جەستە دەبینێت؟

 

ئایا گوتاری شیعری قوبادی جەلیزادە دەکرێت ببێتە گوتارێکی ئەڵتەرناتیڤ؟

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا دوای زانینی خەسڵەت و قووڵایەکانی ئەم گوتارە کە خۆی وەک گوتارێکی ئەلتەرناتیڤی گوتاری باوی ڕۆشنبیری دەردەخات، دەکرێت ببێتە ئەلتەرناتیڤی گوتاری زاڵی ناو سیستەمی ڕۆشنبیری سیاسی کوردی، کە حزب و خێل و ترادیسۆنی ئایینی پاسەوان و پارێزەرین؟ ئایا گوتارێکی وا دەکرێت ببێتە دژە گوتاری ڕۆشنبیری سیاسی کوردی و گوتاری سیستەمە سیاسیەکەی؟ کە تۆمەتبارە بە خۆویستن و دوورکەوتنەوەی لە گوتاری کوردایەتی ئەندێشەکراوەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەبێت لەوە بڕوانین ئایا گوتاری ئەلتەرناتیڤی ئەم شاعیرە چ تێپەڕاندنێکی ھزری و ئەخلاقی جودا پێشنیاردەکات؟

ژن یان ژنویستن لە ڕوانینی ئەم شاعیرەدا ھیچ مانایەکی گەورە، ھیچ دووبارە بەرھەمھێنانەوەیەکی بەھایی بۆ پێگەی ژن یان بۆ ئەشق تێدا بەدی ناکرێت، سەرنجی شاعیر بۆ ژن، بەرزکردنەوەی پێگەی ژن بۆ شتێکی ویستراو، یان بوون بە سەرەکیترین و تاقانەترین ویستراو، بەرزبوونەوەی بۆ ئاستی ھەموو شتێک، ھەموو شتێک ھەر بۆ بەدیھێنانی ئەو و لە پێناو بەدیھێنانی ئەودا، بە ئاسانی دەتوانین بیدۆزینەوە کە چ گوتارێکی خۆویستانەیە، ژن لای ئەو بانگ نەکراوە بۆ ئازادبوون، بۆ یەکسانبوون، بۆ ڕۆڵبینینی ئازادانەی لەناو کۆمەڵگادا، بەڵکو بانگدەکرێت بۆیەک تاکە ڕۆڵبینین لەگەڵ ئەوی پیاودا، و بۆ پیاو، بۆ ڕازاندنەوەی جیھانێکی خراپ بووە. ھەروەک چۆن ھەوڵی ئەوە نادرێت تەوزیفی ناسکی و جوانی و عەشق کە بێ ژن نابێت، تا بکرێتە بە دیلی فەزای دوای ڕاپەڕین کە بریتییە لە ڕەقی و ڕق و ناشرینی، چونکە ژن لێرەدا، لەناو ئەزموونی شاعیردا بانگکراوە یارمەتی ئەوەمان بدات تا خۆمان نغرۆ بکەین تێییدا، تا بیکەین بە ھەموو جیھان و ژیانمان، تا لەڕێگەیەوە لە چەپەڵەکانی سیاسەت و کۆمەڵگا ڕزگارمان بکات، ژن ڕۆڵێکی سلبی وەک مادەی بێھوشکەری پێ دراوە، حاڵەتی شاعیر لێرەدا پێچەوانەی حاڵەتی سۆفیەکانە کە ئەوان بۆ ڕاکردن لە جیھانی خراپ، پشت دەکەنە ئارەزووەکانیان، بەڵام لێرە بۆ ڕاکردن لە جیھانی خراپ باوەش دەکرێت بە ئارەزوودا، بە ژندا.

گوتارێکی شیعری لەم شێوەیە کە بەگژ کۆمەڵێک گوتاری تردا دەچێتەوە کە بنەماکانی تێگەشتن لە ژن و لە پیگەی ژن و بنەماکانی پەیوەندی ژن و پیاو و بنەماکانی ھەڵسوکەوتی ژن لەناو ھۆشیاری کۆمەڵایەتیدا دیاریدەکەن، ئەم جیھانبینە بە ئاسانی ناتوانێت جێگەی خۆی بکاتەوە، بەڵام بەھەرحاڵ ئەم گوتارە دەکەوێتە نێو ململانێی دەسەڵات لە گەڵیاندا، ململانێ ئەوەی ببێتە گوتارێک کە بچێتە ھۆشیاری گشتیەوە لەڕێگەی ھۆشیاری خوێنەر و وەرگرەکانیەوە، ئەم گوتارە شیعریە وەک ھەر گوتارێکی تری شیعری یان ناشیعری ئەمە دوا ئامانجیەتی، ئەوەی ببێتە بەشێک لە جیھانبینی، دواتر کردە بەرھەم بهێنێت. ئەم بە ھاوسەنگ بینینەی ئەم گوتارە لەگەڵ گوتاری کوردایەتی پراکتیکدا دژ ناوەستێتەوە لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەیڵین گوایە ئەم گوتارە لە بەرامبەر گوتاری تردایە کە پێگەی ژن و تێڕوانینی گشتی کولتوری کوردی بۆ ژن دیاریدەکەن، لەوانە ئایین، ھەروەھا تێگەشتنی تایبەتی کۆمەڵگای کوردی بۆ ژن کە تێکەڵە بە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆنی کورد، بەڵکو ئەو گوتارانە لە بەرامبەر گوتاری جەستەی ژن سەنتەری لە نیگای پیاوەوە لەگەڵ گوتاری پراکتیکی کوردایەتیدا (کە گوتارێکە لەڕێگای ڕەفتارەکانیەوە زیاتر دەیناسن نەک لەڕێگەی دەقەوە)، دەرکەوتوە ئەم گوتاری کوردایەتی پراکتیکە لە سەر بردن و زۆرکردنی سامان و زیاتر کردنی ھەبووەکان و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر و زیاترە، یەک پرنسپی ھەیە ئەویش چێژە، چێژی جەستەیی فەلەسەفەی تاکانەی کوردایەتی پراکتیکە کە ھاوسەنگ و ھاوئاھەنگە لەگەڵ گوتاری شیعری جەستەی ژن سەنتەری لە نیگای پیاوەوە، چونکە ئەویش لە سەر فەلەسەفەی چێژ بونیاد نراوە، بەڵام گوتاری پراکتیکی کوردایەتی گوتارێکە سیستەمە ناوەکیەکەی لەسەر خۆشاردنەوە و خۆئاشکرانەکردن دروست بووە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەدایە تا بکرێت خۆی ببەستێت بە گوتاری کوردایەتی ئەندێشەوە کە ھۆشیاری گشتی کوردی دروست دەکات کە پێچەوانەییەکن، گوتاری کوردایەتی ئەندێشە (بێ ئەوەی تیوریزەی بکات) مەیلێکی گشتی، ئەخلاقێکی ناوەکی ھەیە ھەموو کەسێک دەبەستێت بە گشتەوە، بەرژەوەندی گشت ئەخاتە سەرووی بەرژەوەندی تاکەوە، بۆیە تاک ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندی و بەختیاری گشتدا بمرێت، بەڵام گوتاری کوردایەتی پراکتیک بە پێچەوانەوەیە، گشت ون ئەبێت و ئەوەی ئەمێنێتەوە تەنھا تاکە، تاک ھەرگیز لە پێناوی گشتدا نامرێت، بەڵکو ئاساییە گشت لە پێناو خۆیدا لە ناوبدات، بۆیە کوردایەتی پراکتیک (واتە سیستەمی سیاسی کوردی) خۆشحاڵ نابێت بە بەستنەوەی بە گوتارێکی شیعری لەم شێوەیە کە چیەتی ئەو دەربخات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەر گوتارێکی ڕۆشنبیری وا بکات سیستەمەکەی ئەو پایەدارتر و سەقامگیرتر بکات بە پەنھانی خۆشحاڵی دەکات.

یەکێک لەو ھۆیانەی وایکردوە کە ئەم گوتارە لە شیعری قوبادی جەلیزادەدا ئەوەندە پیاھەڵدان و پەسن بکرێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شیعری ئەم شاعیرە لەگەڵ گوتاری باوی سەردەمەکەیدا یەکدەگرێتەوە، شیعری ئەم شاعیرە لەگەڵ فەلسەفەی ژیانی مرۆڤی کوردی دوای سەرھەڵدانی بەرخۆری و چێژپەرستی گشتی کۆمەڵگا ھاوئاھەنگە، فەلسەفەی چێژپەرستی فەلسەفەیەکە سیستەمە سیاسیەکەی کوردایەتی بڵاوی کردۆتەوە و درێژەی پێ دەدات، ھێز و گوڕی کوردایەتی پراکتیک واتە حزبەکانی ھەرێم و دامودەزگا سیاسیەکانی لەم نەرجسیەت و خۆپەرستی و جەستە پەرستیەدایە، ئەمە جگە لە ھۆکارێکی تایبەت بە کایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردیش ئەویش نەبوونی بیرکردنەوە و ڕەخنەی ئەدەبیە، کە وا دەکات ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی دەقە ئەدەبیەکان نەناسرێن و گفتوگۆ نەکرێن، لەناو زۆرینەی ئەو نوسەرانەی دەربارەی قوبادی جەلیزادە نوسیویانە جگە لە پەسن شتێکی دیکەیان دەربارە نەگووتوە، ئەمە جگە لەوەی شتێکی ڕیشەییان دەربارەی گوتاری ئەم شاعیرە نەگووتوە و چیەتی گوتارەکە نەناسێنراوە، ئەمەش بۆ ئەو دوو ھۆکارەی سەرەوە دەگەڕێتەوە.

 

بۆچی جەستە سەنتەری و چێژ پەرستی ترسناکە؟

بێگومان بنەمای یەکەمی بوونی مرۆڤ جەستەیە، مرۆڤ لەڕێگەی جەستەیەوە بوونی لە ژیاندا ھەیە و بە جیھانەوە بەستراوە، بۆیە لە ئەرستۆ وە بۆ سبینوزا دان بەمەدا نراوە وەک بنەمایی یەکەمی بوون تەماشاکراوە، مرۆڤ تا ڕێز لە جەستەی نەگرێت ناکرێت بەرەو خاڵێکی تر ھەنگاو بنێت، تا ھەوڵی پاراستنی جەستەی خود نەبێتە بنەما لای، ناتوانێت ڕێز لە بوون و جەستەی ئەوانی تر بنێت، بەڵام وەستان لەم خاڵەدا ترسناکە، ئایین و فەلسەفە و فەلسەفەی ئاخلاق کاری گەورەیان کردوە لە پێناوی ئەوەی کە چۆن مرۆڤ باڵانسێک لە نێوان خود و لە نێوان دەرەوەی خود دابنێت، ئایینەکان بە گشتی ھانی ئەوەیان داوە مرۆڤ بە تەنھا خۆی وەک سەنتەر نەبینێت، بەشێکی زۆری ڕێنماییە ئایینیەکان لەسەر لاوازکردن و برسیکردنی خود و تەنانەت ڕسواکردنی وەستاوە، لەوانە زۆرینەی ڕەوتە سۆفیگەریەکان، ئەمەش لە پێناوی ئەوەدا بووە مرۆڤ لەوە بخرێت بەتەنھا بونەوەرێک بێت نیگای سەرەکی لە سەر خود بێت، ھەروەھا شارستانیەتیش لەسەر کوشتنی بەشە خۆپەرست و نەگونجاوەکەی خود بونیاد دەنرێت، فرۆید ئەمەی بە جوانی شیکردۆتەوە، فەلەسەفەی ئەخلاق جەختێکی زۆر لە سەر ئەوە دەکاتەوە چۆن مروڤ خۆی لەناو گشت و لە پەیوەند بە ئەوەی ترەوە ببینێت، بنەمای دواھەمین تیۆرەکانی ئەخلاقیش بۆ نموونە یۆرگن ھابرماسی فەیلەسوفی ئەڵمانی، لە سەر ئەوە بونیاد نراوە چۆن مرۆڤ ئەو بەھایانەی ڕەفتارەکانی دروست دەکەن لەڕێگای گفتوگۆی ئازادنەی عەقڵیەوە لەگەڵ ئەوانی تردا دابڕێژێت، واتە خود لە ڕێگەی پەیوەندی دروست کردن بە ئەویترەوە دێتە ناو بوونی کۆمەڵایەتیەوە.

 

 

ژن و ژنێتی لە گوتاری شیعری قوبادی جەلیزادەدا:

تابلۆی ڕێبوار سه‌عید

ئەوەی ئەم گوتارەی شاعیر کاری لەسەر دەکات و دەیخاتەڕوو و “دەیدۆزێتەوە” لە ئافرەتدا ھیچ شتێک نییە کە چاوێکی ئاسایی نەیبینێت و نەتوانێت خەیاڵی بکات، ئەوەی ئەو وەک گوتارێکی نوێ دەیخاتە ڕوو ھیچ دۆزینەوەیەکی نوێ نییە لە ماناکانی ژندا و بکرێت تەوزیف بکرێت نە لە خەیاڵ و نە لە ھزر و نە لە واقعدا، پێدەچێت تەنھا جیاوازییەک ئەوەبێت ئەمجارە چاوی گوتاری ڕۆشنبیری پیاوی کورد ڕووی لە ژنە “بە تەنھا” پاش ئەوەی بینیمان لە زەمەنی کوردایەتی و لە ئەدەبی کوردایەتیدا ڕوو لە نیشتیمان و شۆڕش بووە، و ژن و یار وەک نیشتیمان و لەناو ئەودا تەماشاکراوە، بەڵام کورتکردنەوەی وەزیفەی مرۆڤ بۆ ئەوە واتە بۆ خواستنی جەستەی ژن بە تەنھا، بچوکردنەوەی تواناکانی مرۆڤە بۆ یەکێک لە کارەکان و خەڵەتاندنیەتی وەک ئەوەی ھەموو کارێک بێت.

ھەروەھا ئەم گوتارە ڕۆشنبیریە شیعریەی شاعیر ھیچ لەوە ناگۆڕێت کە پێگەی ژن لە خوار پێگەی پیاوەوەیە و بە چاوی پیاوێکەوە تەماشای ژن دەکرێت، سەنتەربوونی ژنیش لەم گوتارەدا سەنتەربونیەتی لە چاوی ویستنی پیاوانەدا، ئەم گوتارە شیعریە لە ژندا ھەر ئەوە دەبینێت کە پیاوێکی ئاسایی کۆمەڵگایەکی پاتریارکی دەیبینێت، ژن کورتدەکرێتەوە بۆ جەستە، و ھەر ئەو وەزیفە سێکسیە دەداتە ژن کە پیاوێک لە سیستەمی پیاوسالاریدا لە ژنی دەخوازێت، بەڵکە لەوە زیاتر ژیان و سروشت تام و بۆ و وێنەی ژن دەگرن وەک ژن خۆیان دەنوێنن، ژن و سروشت وێنەی خۆیان وندەکەن و پیاو وێنەیان پێ دەبەخشێت. بۆیە دەکرێت ئەم گوتارە بە گوتارێکی پیاوانە ناوببەین. بەو پێیەش کە گوتاری کوردایەتی ئەندێشە لە ئاماژە و مەدلولاتەکانیدا و گوتاری کوردایەتی پراکتیکیش لە دەزگا و ڕەفتارەکانیدا گوتارێکی پیاوانەیە، ئەم گوتارە شیعریەی شاعیر ھیچ لە بەرامبەر ئەو گوتارە پاتریارکیەی کوردایەتیدا بونیاد نەناوە و بەڵکو دەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانەوەی و درێژکردنەوەی تەمەنی.

وەک ئاماژەمان بۆ کرد ئەم گوتاری ژن ویستن و ژن سەنتەریەی لای شاعیر ھیچ تایبەتمەندی و خەسڵەتێک و جوداییەکی ژن و ژنێتی نەدۆزیوەتەوە، بەمەش ناتوانێت ھیچ وەزیفەیەکی ژن جگە لە وەزیفەی جەستەیی بۆ ئەوی پیاو بداتە دەستەوە، ئەم گوتارە نەیتوانیوە ھیچ تایبەتمەندییەکی بونگەرایانە و مێژووییانەی ژن بدۆزێتەوە تا بکرێت بخرێتە کار بۆ لادانی واقعێک کە لێی ھەڵدێت، ئەمەی کە لە زۆر شوێنی تر لە ئەدەبیاتی جیھانی و فکری جیھانی کاری لەسەر کراوە.

لە ئەدەبیاتی ڕەخنەیی جیھانیدا، لە ئەدەب و کۆمەڵناس و دەروونناسیدا کاری زۆر کراوە لە سەر ئەوەی چ تایبەتمەندییەک لە ژندا وەک بوونەوەرێکی مرۆیی “تایبەت” ھەیە؟ ژن چ جوداییەکی ھەیە کە دەکرێت کۆمەڵگا و سیستەمەکانی و دەزگاکانی سودی لێ ببینن، “ئەریک فرۆم” لە کتێبی مرۆڤ لە نێوان ناوەڕۆک و ڕووکەشدا، جیاوازیەک لە نێوان تەوزیفکردنی ژن و دایکایەتیدا دادەنێت لە نێوان دوو سیستەمدا، لای فرۆم، خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکانی خۆشەویستیەکی بێ مەرجە، دایک منداڵەکانی خۆش ناوێت لەبەر ئەوەی بە پێی ئامۆژگارییەکانی ئەو ڕەفتار دەکەن یان لە ئەو دەچن، بەڵکو لەبەر خۆیان خۆشیدەوێن، دایک لە خۆشەویستنی منداڵەکانی ناکەوێت ئەگەر بکەونە ھەڵەوە، خۆشەویستی دایک واتە سۆز و بەخشندەیی، بەڵام باوک جودایە، خۆشەویستی باوک مەرجدارە، لە سەر ئەوە وەستاوە منداڵەکان چی دەکەن، باوک خۆشەویستی زیاتری خۆی دەداتە ئەوانەی لە خۆی دەچن و ڕێنماییەکانی جێبەجێ دەکەن، لای فرۆم خۆشەویستی دایک خۆشەوستییەکە لە جۆری خۆشەویستی کەینونەیی، خۆشەویستیەکی ناخۆپەرستانەی ئیجابی لێ بوردەیە، بەڵام خۆشەویستی باوک بەتەنھا خۆشەویستیەکی دەسەڵاتگەرانە و بەرجەستەی دادگەری دەکات چونکە مرۆڤ بە پێی ڕەفتارەکانی پێوانە دەکات، فرۆم پێیوایە ھەردوو بەشەکەی دایک و باوک لە سروشتی مرۆییماندا بونیان ھەیە، گرنگ ئەوەیە ھەر کەسێیان کۆمەڵگاکان بتوانن ھەردوو بەشەکە بەیەکەوە بسازێنن واتە لایەنی دایک و باوک، لایەنی نێر و مێ، لایەنی بەخشندەیی و لایەنی دادگەری، لایەنی ویژدان و عەقڵ، فیترەت و ژیری، بە شێوەیەک لایەک زاڵ نەبێت بەسەر ئەویتردا، لای فرۆم کۆمەڵگای سەرمایەداری کە فەلسەفەکەی چێژپەرستی و گەشتنە بە زۆرترین سامان و دەسکەوت کۆمەڵگایەکی باوکانەی توندوتیژە و لایەنی دایک لە ناو سەرمایەداریدا ونبووە([10]).

بەمشێوەیە دەکرێت وەزیفەی تر لە بوونی ژن وەک ژن و وەک دایکدا بدۆزرێتەوە کە بکرێت بخرێتە خزمەت ڕەتکردنەوەی واقعێکی ستەمکاردا لە پێناو دامەزراندنی واقعێکی زیاتر مرۆییدا، ئەمەی فرۆم پێئەچێت ئەو ڕاستیەشی لەبەرچاو گرتبێت کە بەشی ھەرە زۆری مێژووی مرۆیی کە مێژویەکی ستەمکارانەیە ئەو تاقە یەک بەشە لە سروشتی مرۆیی نەخشاندویەتی، ئەو میتۆدەی فرۆم کاری لەسەر کردووە دەروونناسی کۆمەڵایەتییە، ئەو توانیویەتی لە تەماشاکردنی ژن و دایکەوە وەک تاک، و ھەم وەک شوناسی بە کۆمەڵیان سەر بکێشێت بۆ ئەندێشەکردنی کۆمەڵگایەکی تازە کە بریتیبێت لە ھارمۆنیای ھەردوو بەشەکەی ناو بوونی مرۆیی، بێ زاڵبوونی لایەک بەسەر ئەویتردا، دوای ھێنانەوەی لایەنی دایک، واتە لایەنی خۆشەویستی بێ مەرج و بەخشندەیی بۆ ناو سیستەمێکی نادادگەر و دەسەڵاتخواز.

بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە تەماشاکردنی شاعیرەوە بێت بۆ ژن ھیچ وێناکردنێکی ئەوتۆ نادۆزینەوە بەڵگە بێت بۆ ھیچ دۆزینەوە و ئەندێشەکردنی ھیچ وەزیفەکی شاراوەی ژن و ژنێتی، بۆیە لە پاڵ ھۆکارەکانی تردا دەتوانین بڵێین ئەم گوتارە گوتارێک نییە بکرێت ببێتە دژە گوتاری حزب یان خێڵ یان کوردایەتی دوای ڕاپەڕین، بەڵکو گوتارێکە لەناو ئەو گوتارانەدا، شتێک نییە دژیان بێت بەڵکو شتێکی ھاوسەنگ و ھاوپەیمانە بۆ ئەو گوتارانە، ڕوانینێک نییە ئەوان لێی بترسن و وەک جێگرەوەی خۆیان بیبینن، بەڵکو وەک بەشێک لە خۆیان و وەک تەواوکەری خۆیان لێی دەڕوانن، ژن لەو مومارەسەیەدا و کورتکردنەوەی بۆ ئەو مومارەسەیە، شتێک نییە نە خێڵ و نە ئایین کە چوار ژنە و فرەژنی ڕێگە پێداوە ڕەتی بکاتەوە، کە سەبایا و جاریەی ڕێگەپێداوە ڕەتبکاتەوە، ھەروەھا نە حزب و نە سیستەمی سیاسی کوردی دوای ڕاپەڕین ئەم گوتارە ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو ئەوان ھەر لە سەرەتاوە بە پێی ئەم گوتارەی شاعیر کە گوایە وەک دونیابینی ڕەخنەیی خۆی دەیکات بە گژیاندا دەجوڵێنەوە، ئەم سیستەمە سیاسیە کوردیە ئەو سیاسیانە دروستیان کردوە و بەردەوام لەو جۆرە سیاسیە دروست دەکاتەوە کە ئەو پێشنیارەی شاعیر ھەرگیز ڕەت ناکەنەوە کە ژیان و کۆمەڵگا پڕ و نغرۆ بکرێت لەو جۆرە لە “خۆشەویستی”، بەڵکو ئەوان ھەر لە سەرەتاوە ئەو گوتارە ئینجیلی ئەوانە، ئەوان خۆیان پارێزەری سیستەمێکن کە لەسەر ئەوە وەستاوە ژنویستن و پارە وھێز و ھتد … نەک نزیک بکرێتەوە لە ئاستی “نوێژ”، بەڵکو خراوەتە ئاستی پەرستن لەناو سیستەمەکەدا، ژن و پارە و و ھێز و پێگە و ھتد … لای گوتاری کوردایەتی پراکتیکكراو، لای سیستەمە سیاسیەکەی کوردستان، شوێنی مرۆڤ و ئازادی و دادپەروەری ناو ئایدۆلۆژیا گەردوونی و مرۆییەکانی تری گرتۆتەوە، ھەر چۆن کوردایەتی پراکتیک بەبێ دەنگی کوردایەتی ئەندێشەی کوشتوە، کۆمەڵگای کوردستانی ناو عێراق ناوبەناو ھەواڵی ئەوە دەدرێَت بە گوێیدا کە دەیسەلمێنێت ڕەفتاری زۆرینەی سیاسیە گەورە و بچوکەکانی کوردستان دوای ڕاپەڕین چۆنە و لەم ڕووەوەوە چۆن “نائازادانە” ھەڵسوکەوتیان نەکردوە. گوتاری باوەشکردنەوە بە چێژدا، گوتارێکە دەکرێت ھەمان ڕەخنەی ھۆرکھایمەر و ئەدرنۆ لە کتێبی “جدل التنویر” کە لە “مارکیز دی ساد”یان گرتوە ئاراستە بکرێت، کە پێیان وابوو خۆیڕزگارکردوە لە ھەر وابەستەبوونێک([11])، لە ھەر شتێک جڵەوی بکات، ئەم گوتاری چێژ پەرستنە ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی کوردستانی پێوە گیرۆدە بووە، کە لەناو چێژ و ئارەزووەکاندا بووە بە بونەوەرێک کوردایەتی ئەندێشە خۆی ناتوانێت ئەم بوونەوەرە بناسێتەوە، ناتوانێت ئەم بونەوەرەی کە سڵ لە ھیچ ڕەفتار و ڕەوشتێک ناکاتەوە بناسێتەوە، ئەم “غۆلە” ھێڵی سووری ئەخلاقی ناو کوردایەتی ئەندێشە و ئەخلاقی مرۆیی گەردوونی نەماوە پێشێلی نەکات و لوتی پێ نەسڕێت، پرسیاری کراوە ئەوەیە ئەم بوونەوەرەی ناوی سیستەمی سیاسی کوردستانە و حزبەکانی و حکومەتەکانی ھەرێم و دەزگاکانیانە پاڵنەرەکانی ڕەفتار و ڕەوشت و ئەخلاقیان لە کێ وەردەگرن؟ کێ ڕەوشت و ئەخلاقیان بۆ دیاریدەکات؟ کوردایەتی ئەندێشە ناتوانێت ئەمە بە ئاسانی بزانێت، بۆیە لە شوێنێکی تر دەبێت بۆی بگەڕێین، شتێکی تر.. ھزرێکی تر… ئەندێشە و دونیابینیەکی تر یاساکانی ڕەفتار و ڕەوشتی سیستەمی سیاسی کوردستانمان پیشاندەدات کە کوردایەتی و پێشمەرجەکانی وەک “یان کوردستان یان نەمان” و “کەڵ ژیان و کەم ژیان” نییە، ئەم دوو پێشمەرجە لانی کەم دەکرا ڕەفتار و ئەخلاقی تر بە سیستەمەکە بدەن و نەیاندا، کەواتە چ پێشمەرج، و چ ئایدۆلۆژیا، یان چ گوتارێک، یان چ سروشتێک، لە پشت ھەڵسوکەوتی حزبەکان و حکومەتەکانی ھەرێم و دەزگاکانیانەوە وەستاوە؟ ھەوڵدەدەم وەڵامی خاکیانەی خۆم بۆ ئەم پرسیارانە لە بەشەکانی تری ئەم زنجیرە نوسینەدا بخەمەڕوو.

ئەوەی پەیوەندی بە جەنگیشەوە ھەبێت ئەم جۆرە لە گوتاری ژن و ژنویستنە شیاوی ئەوەی نییە ببێتە دژە گوتار، جەنگ پێویستی بە ھۆشیارییەکی مەزنتر ھەیە کە ھەم خۆشەویستنی ژن و ھەم منداڵ و ھەم پیاو و ھەم سروشت و ھەم ژیان لە خۆ بگرێت، خۆشویستنیان بێ ئەوەی سودی ڕاستەوخۆ وکردینیان بە ئامراز بۆ خۆمان لە پشتیەوە وەستابێت، ئەڵتەرناتیفی جەنگ، گوتاری ژن سەنتەری پیاوانە و ژنویستن نییە، بەڵکو مۆڕاڵ و ئەخلاقی ئاشتی پێویستە کە خۆشویستنی عەقڵ وکۆمەڵی مرۆیی و کۆی ژیان جەوھەری بێت.

ئەم گوتارە ئاسان دەبێتە گوتارێکی خۆپەرستانە و، خودیانەو، تاکانە، گەر ھەر ھەموشمان ھەڵگری بین و بیکەینە ڕۆشنبیری خۆمان نابێتە گوتارێک بۆ ھەموومان بەیەکەوە، بەڵکو دەبێتە گوتاری ھەموومان بە دابڕاوی لەیەکتر و ھەریەکە لای خۆیەوە، ئەمەش بریتییە لە فەوزای خودە تاکانە و دابڕاو لە یەکەکانمان، گوتاری ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیاسەتی دوور لە ئەخلاقی دوای ڕاپەڕین، ئەوەیە کە گوتارێک بێت توانایی ئەوەی ھەبێت ئەخلاق بۆ فەزای گشتی، بۆ سیاسەت بگەڕێنێتەوە، یان ڕاستر بۆی بھێنێت. گوتارێک ھەمومان لە ژێریەک پەیمانی ئەخلاقی مەزن بەیەکەوە ببەستێتەوە.

ڕەخنەی یەکەم لە سیاسەتی دوای ڕاپەڕین بگیرێت ئەوەیە، خۆپەرستانەیە، سیستەمەکەی وەک زەوی تاڵانی تەماشای کۆمەڵگا دەکات، وەک دەستکەوتی ھێز و جەنگ لە کۆمەڵگا دەڕوانێت، دووربوونی سیاسەت لەڕەوشت لەم سیستەمەدا واتە دووربونیەتی لە مەیلی گشتی، واتە دووربونیەتی لەوەی کە پاڵنەری کار و ڕەفتاری سیاسی مەیلی خۆپەرستانە نەبێت بۆ تێرکردنی جەستە و دەروونی ناوابەستە و بێ جڵەو، بەڵکو مەیل و خەمی گشتی بێت بۆ بەدەستھێنانی بەختیاری و پاشان خۆشگوزەرانی گشتی، ئەخلاقی سیاسی بەرز واتە مەیلی سیاسی بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان بەڵام لەناو گشتێکی بەختیار و خۆشگوزەراندا، نەک بەدیھێنانی خودێکی خۆشگوزەران بە دابڕاوی لە چاکەی گشت و بە ێ باک بوون لە گشت، بۆیە گوتارێکی شیعری لەمشێوەیە ھەرگیز ناکرێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمێکی سیاسی ناڕەوشتی، بەڵکو لە ناو ئەو سیستەمەدا بە ئاسان جێی دەبێتەوە، شۆڕشێک نییە لە دژی ئەو سیستەمە بەڵکو ڕەفتارێکە لە ناو ئەو سیستەمەدا، و ڕەفتاری سەرەکی سیستەمەکەیە.

لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بە شتێک بکەم لە خاڵی سەرەتادا ئاماژەیەکی سەرەتاییم بۆ کردووە، ئەویش ئەوەیە شاعیر زیاد لەڕوانینێک لە ئەزمونی شیعری خۆیدا جێکردۆتەوە، من لێرەدا قسەم تەنھا لەیەک بابەتیان گوتاری زاڵ و سەرەکی کردوە لەناو ئەزمونی شیعری ئەم شاعیرەدا، ئەو ڕەخنە و سەرنجانەی من کە ڕووبەڕووی ئەو گوتارە سەرەکیەی ناو ئەم ئەزمونە شیعریە کراوەتەوە، ناکرێت ببێتە پێوەر بۆ سەرجەم ئەزمونی شیعری ئەم شاعیرە، لە بەردەم شیعری “شەھید بەتەنھا پیاسە دەکات”([12])، کە بووە بە ناونیشانی ئەو کۆمەڵە شیعرەیەی من بۆ ئەم بەشە نوسینە پشتم پێ بەستوە، شیعرێکی تایبەتە و دەکرێت قسەی جیاوازی لە بارەوە بکرێت، ھەروەھا ژمارەیەکی تری شیعری ناو ئەو کتێبە شیعریە کە ٦٧٠ لاپەڕەیە کۆکراوەی چەند ئەزمونێکە “قەڵەمێکی ڕدێن سپی ١٩٨٨”، و”تەمتومان ١٩٩٠ “، “ھەمیشە ڕوو لە خودا ھەمیشە مەست ٢٠٠١” و”شەھید بەتەنیا پیاسەدەکات ٢٠٠٥”ە. لەناو ئەو ئەزموونە جیاوازانەدا کە لەم کتێبە شیعریەدا کۆکراونەتەوە و بریتین لە نزیکەی ئەزموونی دوو دەیە لە کاری شاعیر، بێگومان ڕوانینی جیاواز و گوتاری جیای شیعری جێی بۆتەوە، کە قسەی جیاواز و ڕەخنە و سەرنجی جیاوازیان پێویستە لە بارەوەبکرێت، وەک چۆن پێویستیان بە نوسەری ترە لە سەری ڕابوەستێت.

ھەروەھا دەمەوێت ئاماژە بە ئەوە بدەم شاعیر لە کۆی بەرھەمەکانی تریشدا ھەمان گوتاری ئاماژە بۆ کراو لەپاڵ گوتاری جیاواز و دژ بەو گوتارە پێشکەش دەکات، قەسیدەی لە چەشنی (مزگەوت ماڵی خوایە) و لە چەشنی (ژنە ئەڤیندارەکانی قەندیل) لە دیوانی (خۆر لە ناو پەرداخی شکاودا)([13])، و قەسیدەی دیکەشی ھەن، جیھانبینی جیاوازی تر پیشاندەدەن کە گفتوگۆی تر ھەڵدەگرن و ئەم نوسینە دەربارەی ئەو قەسیدانە نییە، بەڵکو ئەم نوسینە تەنھا ڕووی لەو گوتارە سەنتەریەیە لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا کە ژنویستی و جەستەی ژن سەنتەری لە نیگای پیاوەوە دەردەخەن، وەک گوتارێکی چارەھەڵگر و وەک گوتارێکی دژ و ئەڵتەرناتیڤ بۆ واقع خراونەتەڕوو، جەستەی ژن تێیدا وەک شۆڕشێک لە بەرامبەر واقعێکیڕەتکراوە خراوەتەڕوو:

ژنێک بەڕووتی، چووە ناو کەرکوکی گڕەوە،

کورد و عەرەب و کلدۆ ئاشور و تورکمان، بوون بە برا.

ژنێک بەڕووتی، چووە ناو ھۆڵی پەرلەمانەوە

بێ ئەوەی کەس بگەڕێتەوە بۆ حزب

سەد دەر سەد بەڕووتی

دەنگیان دا بەڕووتی.

ژنێک بەڕووتی، چووە باوەشی ترۆرستێکەوە

ترۆرست، نارنجۆکەکانی فڕێ دا، دەستی پڕکردن لە مەمک.

ئەم گوتارە سەنتەریە لە ئەدەبی قوبادی جەلیزادەدا، سادەکردنەوە و بەڕووکەشکردنی کێشە ئاڵۆزەکانە، ئەگینا نە کێشەی نەتەوەکانی کەرکوک و نە پەرلەمان و نە تیرۆریستەکان مەحروم بوونیان نییە بە بینینی جەستەی ڕووتی ژنێک، بەڵکە بۆ نموونە بۆ تیرۆرستەکانی ئێستا (داعش) دوانەی سەبایا و غەنیمە و فرەیی ژن و ئیمان و جیھاد لەیەکتر دانابڕێن، ھەرگیز بینینی جەستەی ژن لەوەی نەخستون تیرۆرست بن، بۆیە ئەم گوتاری جەستەی ژن سەنتەریەی شاعیر نەک ئەڵتەرناتیڤ نییە بۆ واقعی ئیشکالیەت ئامێز، بەڵکو خۆی کێشەساز و بەرھەمھێنەرەوی کێشە و بەڕووکەشکردنیانە.

 

کۆتایی:

ئەم نوسینە وەک کارێکی سۆسیۆلۆجی ئەدەبی نەک ڕەخنەکاری ئەدەبی کاری تێدا کراوە، ھەوڵدراوە ناوەڕۆکی گوتارێکی سەرەکی شیعری قوبادی جەلیزادە لەڕێگەی پەیوەندی بە واقع و گوتاری کوردایەتی ئەندێشە و پراکتیکەوە بزانێت، ھەروەھا ئەوە بزانرێت ئایا ئەم گوتارە سەرکەوتو دەبێت لەوەی کە دەیەوێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤی گوتاری پێشووی کوردایەتی و پراکتیکەکەی کە سیستەمە سیاسیەکەیەتی، لەڕێگەی دروستکردنی ئایدیایەکی جێگیرەوەدا، ئایا دژەیان ھاوسەنگە بەو گوتارە؟

گوتاری جەستەی ژن سەنتەری پیاوانە بەو پێیەی گوتارێکە لە سەر تەماشاکردنی سروشت وەک ئافرەت و تەماشاکردنی ئافرەت تەنھا وەک جەستە و لە کۆتایشدا پشتکردنە ھەموو شتێک لە پێناو ئەم دونیابینیەدا، ھەروەھا پێشنیازکردنی ئەم دیدەیە وەک چارەسەر، ئەم گوتارە واقعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆپەرستانەو چێژ پەرستانە دووبارە وەک گوتارێکی ڕۆشنبیری بەرھەمدەھێنێتەوە، لە کاتێکدا خۆی وەک ئەلتەرناتیڤیان دەخاتەڕوو، لێکۆڵینەوەکە وەک ئاماژەی بۆ کراوە لە سەر ئەو گوتارە سەنتەریەی شاعیر بووە، بۆیە تەنھا سەرنجم لە سەر ئەوە بووە، بۆیە ئەگەر ھەستێکی جوانیناسی ئەدەبی لە خۆمدا وەک خوێنەر شک ببەم ئەوا دەڵێم: شیعری قوباد سادە و جوان و ناسک وپر ئاوازە، بەڵام گوتاری ژن سەنتەری پیاوانە گوتارێکی نائەڵتەرناتیڤە بۆ ئەو واقیعەی کە ڕۆشنبیری تازەی کوردی و شاعیر خۆشی دەیانەوێت ڕەتی بکەنەوە، بەڵام ئەو گوتارە سەرکەوتو و گونجاو نییە وەک دژە گوتار، بەڵکو گوتارێکی خەڵەتێنەر و کوشندەیە، گوتاری ڕۆشنبیری ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیستەمێکی سیاسی خۆپەرستانە دەبێت ڕەخنەی قووڵ و جدی پێ بێت، ھەروەھا دەبێت ھێزی ئەوەی ھەبێت دووبارە بەھاکان بەرھەم بھێنێتەوە، ھێزی ئەوەی ھەبێت ئەخلاقێکی مەزنتر لە بەرامبەر ئەخلاقی نزمدا پێشنیاز بکات، بەڵکو بیسەپێنێت، بەڵکو دەبێت ئەوەندە شۆرشگێڕانە و ڕیشەیی بێت مرۆڤ لەوە بخات کە تەنھا پێداویستی جەستەیی ھەیە و وێڵی دوای بەدەسھێنانی بێت، جیھان ھەمووی وەک نمایشی ئەو پێداویستیە ببینێت، بەڵکو دەبێت ئەوە وەک بەشێکی ئاسایی و سەرەتایی جیھان ببینێت، ئەوەی ڕیشەیی و جیاوازە ئەوەیە چاوێکی قووڵتر و فرە ڕەھەندبینتر لە خۆیدا بدۆزێتەوە، کە جیھان وەک پێداویستییەک بۆ خۆی نەبێنێت بەڵکو وەک سەرزەمینی ھارمۆنی نێوان من و ئەو، سەرزەمینی ھارمۆنیایەکی ڕۆمانتیکیانە و ئەخلاقی ھەمومان بێت، کە لەیەک کاتدا من لێپرسراوم بەرامبەر خۆم و بەرامبەر ئەویش، بەمەش مرۆڤ لە بونەروەرێکی خۆپەرست و خۆویستەوە بووە بە بونەروەرێک خۆی وەک چەقی گەردوون و ژیان نابینێت.

ھەروەھا ئەم گوتاری شیعریە ئەگەر گوتارێکیش بێت پایەکانی لە سەر ژن و وێنەی ژن وەستابێت لانی کەم دەبێت توانای ئەوەی ھەبێت تەوزیفی ماناکانی ژن و ژنبوون بکات بۆ سیستەمێکی سیاسی و ئەخلاقی نەرمتر و جوانتر و مرۆییانەتر، بەڵام ئەم گوتارە شیعریەی (قوبادی جەلیزاده‌) گوتارێکی ھاوسەنگە بە گوتاری سیستەمە سیاسیەکەی کورد (کوردایەتی پراکتیک) لە دوای ڕاپەڕینەوە.

ته‌واو

 

په‌راوێزه‌كان

[1]-International encyclopedia of the social sciences / William A. Darity, Jr., editor in chief.—

2nd , 1989, p 387

[2]– دليل أكسفورد، اللجزء الأول، تحرير: تد هوندرتش، ت: نجيب الحصادي، المكتب الوطني للبحث واللتطوير، ص 320-321

[3]– طونى بينيت و لوران غروسبيرغ و ميغان موريس، مفاتيح اصطلاحية جديدة “معجم مصطلحات الثاقافة و المجتمع”، ت: سعيد الغانمي، بيروت، مركز دراسات الوحدة العربية، 2010، ص 323

[4] – جون سكوت، ت، محمد عثمان، علم الإجتماع المفاهيم الأساسية، بيروت: الشبكة العربية للأبحاث والنشر، 2009، الطبعة الأولى، ص ص 187-192

[5]-Steve Bruce and Steven Yearley, The Sage Dictionary of Sociology, London, SAGE Publications, 2006, p 74

[6] ميشيل فوكو، نظام الخطاب، ت: محمد سبيلا، دار التنوير، ص 63

[7]– قوبادى جەلى زادە، شەهيد بەتەنيا پياسة دەكات، هەوليَر: دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، ٢٠٠٧.

[8]– ڕۆستەم ئاغالە – قوبادى جەلى زادە، خۆر لەناو پەرداخیکی شکاودا، شعرو هێڵ، هەولێر، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧.

[9]-Feminism and Pornography:http://caae.phil.cmu.edu/Cavalier/Forum/pornography/background/CMC_article.html

[10] – إريك فروم، الإنسانبين الجوهر والمظهر، ت: سعد زهران و لطفي فطيم، الكويت، عالم المعرفة، 1989، ص 137-138

[11]– ماكس هوركهايمر وثيودور ف.أدرنو، جدل التنوير”شذرات فلسفية”، ت: جورج كتورة، بيروت: دار الكتاب الجديد، 2006، لَ 101-139

[12]– قوبادى جەلى زادە، شەهيد بەتەنيا پياسة دەكات، هەوليَر: دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، ٢٠٠٧.

[13]– ڕۆستەم ئاغالە – قوبادى جەلى زادە، خۆر لەناو پەرداخیکی شکاودا- شعرو هێڵ، هەولێر، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧.

 

سەرچاوەکان:

  1. International encyclopedia of the social sciences / William A. Darity, Jr., editor in chief.—2nd , 1989, p 387

  2. دليل أكسفورد، اللجزء الأول، تحرير: تد هوندرتش، ت: نجيب الحصادي، المكتب الوطني للبحث واللتطوير، ص 320-321

  3. طونى بينيت و لوران غروسبيرغ و ميغان موريس، مفاتيح اصطلاحية جديدة “معجم مصطلحات الثاقافة و المجتمع”، ت: سعيد الغانمي، بيروت، مركز دراسات الوحدة العربية، 2010، ص 323

  4. جون سكوت، ت، محمد عثمان، علم الإجتماع المفاهيم الأساسية، بيروت: الشبكة العربية للأبحاث والنشر، 2009، الطبعة الأولى، ص ص 187-192

  5. Steve Bruce and Steven Yearley, The Sage Dictionary of Sociology, London, SAGE Publications, 2006, p 74

  6. ميشيل فوكو، نظام الخطاب، ت: محمد سبيلا، دار التنوير، ص 63

  7. قوبادى جەلى زادە، شەهيد بەتەنيا پياسة دەكات، هەوليَر: دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، ٢٠٠٧.

  8. ڕۆستەم ئاغالە – قوبادى جەلى زادە، خۆر لەناو پەرداخیکی شکاودا- شعرو هێڵ، هەولێر، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧.

  9. ماكس هوركهايمر وثيودور ف.أدرنو، جدل التنوير”شذرات فلسفية”، ت: جورج كتورة، بيروت: دار الكتاب الجديد، 2006، ص 101-139

  10. إريك فروم، الإنسانبين الجوهر والمظهر، ت: سعد زهران و لطفي فطيم، الكويت، عالم المعرفة، 1989، ص 137-138

  11. Feminism and Pornography:

http://caae.phil.cmu.edu/Cavalier/Forum/pornography/background/CMC_article.html

 

 

  1. International encyclopedia of the social sciences / William A. Darity, Jr., editor in chief.—2nd , 1989, p 387

  2. دليل أكسفورد، اللجزء الأول، تحرير: تد هوندرتش، ت: نجيب الحصادي، المكتب الوطني للبحث واللتطوير، ص 320-321

  3. طونى بينيت و لوران غروسبيرغ و ميغان موريس، مفاتيح اصطلاحية جديدة “معجم مصطلحات الثاقافة و المجتمع”، ت: سعيد الغانمي، بيروت، مركز دراسات الوحدة العربية، 2010، ص 323

  4. جون سكوت، ت، محمد عثمان، علم الإجتماع المفاهيم الأساسية، بيروت: الشبكة العربية للأبحاث والنشر، 2009، الطبعة الأولى، ص ص 187-192

  5. Steve Bruce and Steven Yearley, The Sage Dictionary of Sociology, London, SAGE Publications, 2006, p 74

  6. ميشيل فوكو، نظام الخطاب، ت: محمد سبيلا، دار التنوير، ص 63

  7. قوبادى جەلى زادە، شەهيد بەتەنيا پياسة دەكات، هەوليَر: دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، ٢٠٠٧.

  8. ڕۆستەم ئاغالە – قوبادى جەلى زادە، خۆر لەناو پەرداخیکی شکاودا- شعرو هێڵ، هەولێر، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧.

  9. ماكس هوركهايمر وثيودور ف.أدرنو، جدل التنوير”شذرات فلسفية”، ت: جورج كتورة، بيروت: دار الكتاب الجديد، 2006، ص 101-139

  10. إريك فروم، الإنسانبين الجوهر والمظهر، ت: سعد زهران و لطفي فطيم، الكويت، عالم المعرفة، 1989، ص 137-138

  11. Feminism and Pornography:

http://caae.phil.cmu.edu/Cavalier/Forum/pornography/background/CMC_article.html

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.