دیکتاتۆرە زیندووەکان

Loading

سەرجەم دیکتاتۆرەکان کار لەسەر گەوجاندن و دەستەمۆکردنی خەڵک دەکەن، دواجار کە دەبنە گاڵتەجار و کردەوە وەحشیگەرییەکانیان دەگاتە ترۆپکی ستەمکاریی، ئیتر دەڵێن با خەڵک هاوار بکەن، هەڵپەڕن با سەما بکەن با توڕبن…قەزافیش وهەروەی دەگووت، بینۆشێش هەر وەی دەگوت، بەشدەر و ئەسەد و حوسنی موبارەک هەروا دەیانڕوانییە خەڵکی ناڕازی و توڕەیی کۆمەڵگە. تێکڕا دەیانەوێت بڵێن ئێمە بێباکین بەرامبەر توڕەیی و رەخنە و ناڕەزاییەکانی خەڵک، بێئاگان لەوەی دروستکردنی ئەم تابوتە دەیان ساڵی دەوێت تا دەبێتە دۆزەخیترین تابوت و تا دوایەمین مێخی ئەو تابوتە؛ قێزەوەنی خۆیان دادەکوتن.

کاتێک توڕه‌یی هاوڵاتیان ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی توندبوونەوەو گه‌مژه‌یی سه‌رۆک و حیزبەکانیش ده‌گاته‌ لوتکه، کاتێک گاڵتەجاریی دەگاتە دوا ترۆپکی گەمژەیی. کاتێک سەرۆکەکان گاڵتە بەخۆیان و کۆمەڵگە و نەهامەتییەکان دەکەن، کاتێک پیاوکوژەکان خۆیان دەکەن بە پاڵەوان و مافیکانیش دوایەمین مێخی دڕندەیی خۆیان لەم جەستە هەلاهەلایەدا دەدەن….ئیتر دیکتاتۆرەکان تا دوایەمین گاڵتەجاریی، تا دوایەمین کوشتن، دوایەمین تاڵانکاریی، تا دوایەمین ستەمکاریی بەردەوام دەبن..

“زۆرجار توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بزوتنەوە تۆتالیتارییەکان سودیان لەبزوتنەوە دیموکراسییەکان وەرگرتووەو لەپێناو لەناوبردنی خودی دیموکراسیەتدا، زیادەڕۆیشیان کردوە.” ھانا ئارێنت
بێگومان چەند گرنگە قسەکردن و لێکۆڵینەوە لەبارەی دیکتاتۆرە شکستخواردوو و کوژراوەکانی ناو مێژوو و ئێستامان، دەیان ھێندە جێی بایەخ و وردبوونەوەیە شیکردنەوەو توێژینەوەو رەخنە لەدیکتاتۆرە زیندوو و نوێکانی ئەم ساتەوەختە. ھاوکات سەرجەم ئەو پێکھاتە لەبەریەکھەڵوەشاو و پارچەپارچەبووەی کە دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکان بەجێیدێڵن پێکڕا لەسیتمێکی تۆکمەی حیزبی و دەسەڵاتی رەھای دیکتاتۆرە نوێکاندا بە زیادەوە پەیڕەو دەکرێت و پتر وەک نھێنی و سیستمێگی حەشارگەیی دەمێنێتەوە.

بالدین؛ پڕۆژه‌ی (هونه‌ر و زمان) Balidin Ahmed; Art and Languauge
بالدین؛ پڕۆژه‌ی (هونه‌ر و زمان)
Balidin Ahmed; Art and Languauge

کۆمەڵێک تایبەتمەندی گشتی و حاشاھەڵنەگر ھەن کە پێکڕا سەرجەم دیکتاتۆرەکان لەکۆمەڵێک ھێڵ و ستراتیژی ھاوبەش و کوشندەدا کۆدەکاتەوە، کە بریتین لەسەرکوتکردنی رێکخراو و کوێرانە، کوشتن و لەناوبردن و ونکردن و کۆمەڵکوژیی و پێکڕا پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی ئینسان بە ناشرینترن شێوە، بەرپاکردنی سیستمی دیکتاتۆریەتی گەندەڵی حیزبی یان حکومی یان خێڵەکی و مەزھەبی، سەرکوتکردن و لەناوبردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەریی و نوسین و بڵاوکردنەوە. دیکتاتۆرەکان بەرلەوەی خەڵک کۆتوبەند بکەن قفڵ دەدەن لەدەم و نوسینی رۆژنامەنوسان و نوسەران. ھاوکات سەرلەبەری دەزگا رۆشنبیریی و دەزگاکانی پەخش و بڵاوکردنەوە داگیردەکەن و دەیانکەن بە پاشکۆ و چڵکاوخۆری حیزب.

ھاوکات سەرجەم ئەو دیکتاتۆرانەی کە تائەوڕۆکە مێژوو تۆماریکردوون و بەوانەشەوە کە تا ئێستاکە لەژیاندان و سەروەت و سامانی نیشتیمان تاڵاندەکەن، پێکڕا خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیان خاوەنی کۆمەڵێک ئەخلاقیاتی وەحشیگەر و ناشارستانی و نائەخلاقین، وەک دەزگای ئیستیخباراتی و پاراستن و سەرکوتکردن کە خۆیان یان کوڕەکانیان دەبن بە سەرۆک و داڕیژەری پلانی گرتن و سزادان و کوشتن و ونکردن، داگیرکردنی یانە و دەزگا ھونەریی و وەرزشی و شارستانییەکان لەلایەن کوڕەکانی دیکتاتۆر و پیاوکوژە ھەرە نزیکەکانی حیزب، زوربەی ھەرە زۆری وەچەی دیکتاتۆرەکان وەک عودەی و قوسەی کوڕانی سەدام حسێن، سەیفولئیسلامی موعەمەر قەزافی و کورەکەی موبارەک و کوڕانی دیکتاتۆرە زیندووەکانیش بەرپرسی یەکەی دەزگا ئیستیخباراتی و سەرکوتکارەکان بوون، خوێنڕێژ و بکوژو داگیرکەر و تاڵانچی یەکەمی نیشتیمان بوون، ھاوکات زوربەیان لاقەکارو دەستدرێژیکەری وەحشیگەریی سێکسی و رفاندنی ئافرەت و کوشتنی ئەو نەیارو کەسایەتیانەی کە رۆژێک لەرۆژان ورتەیان لێوەھاتووە.

ھەمەڕەنگی و ھەمەجۆری دیکتاتۆرەکان دەرخەری کۆمەڵێک حەقیقەتی حاشاھەڵنەگرن کە لەپشت ھەر دیکتاتۆرێکەوە سیستمێکی جیاوازو بێئەندازە کوشندەو ئاڵۆز ئامادەیە… درۆیەکی گەورەیە گەر پێمانوابێت دیکتاتۆرەکان دەقاودەق لەیەکدەچن و دەچنەوە سەر یەک رەچەڵەکی راستەقینەی ستەم و زەبروزەنگ و سەر بەھەمان سەرچاوەو رژێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکانی پێشوون، رەنگە لەھەندێک کردەوە و ستەم و ئاستی بینراودا لەیەکبچن، بەڵام دیوە شاراوەو حەشاردراوەکانی ئەو رژێمانە بە کۆمەڵێک جیاوازی و داھێنانی کوشندەو نوێوە دەناسرێنەوە. بەڵام دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە کوشندە و وەحشیگەراکان لەکۆمەڵێک ستراتیژی گرنگدا لەیەکدەچن، بەڵام ئەو دەسەڵاتانە پێکڕا داھێنەر و مۆدێرنن…رەنگە ئەم دوو چەمکە بە ڕای زۆرێک لەخوێنەران، دوو چەمکی ھێجگار دوور بن لەئاکارو کردەوە وەحشیگەرو کوشندەکانی دیکتاتۆرەکان.

مێژوو پێماندەڵێت دیکتاتۆرەکان داھێنەری گەورەی مەرگدۆستی و کوشندەیین، چۆن داھێنەری چەندین شێوازی مۆدێرن و دەگمەنن بۆ کوشتنی ئینسان و کوشتنی بە کۆمەڵ، ھاوکات داھێنەرێکی مەترسیداریشن لەبەڕێوەبردن و دروستکردنی دەزگا و دامەزراوەی تایبەت بۆ ئەشکەنجەدان و سزادان و ونکردن و کوشتن و سوتان و توانەوەی مرۆڤ، داھێنانە وەحشیگەرییەکانی ھێتلەر؛ ھۆلۆکۆست بوو بۆ کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکەکان، تاقیکردنەوەی گازە کیمیایی و بایلۆژییەکان و توانەوەی ئینسان، بەھێزکردنی دەزگای ھەوڵگیریی و زانیاریی و دەزگای ئامادەباش. ستالین داھێنەرو ئەندازیاری راستەقینەی سیستمی تۆتالیتاریی بوو، واتە رژێمێکی بەھێز بۆ کۆنترۆڵکردن و جڵەوکردنی سەرلەبەری کۆمەڵگەو دازگاو پێکھاتەو سەرچاوە ئابوری و سیاسی و شارستانییەکان…ئەم رژێمە بێجگەلەوەی خاوەنی دەسەڵاتێکی ھەژمونگەرو داپڵۆسێنەر بوو، ھاوکات بەرھەمھێنەرەوەی پێبەندی و پەیوەستبوونێکی کوێرانەی حیزبی و سەرکردە پەرستی و حیزبسالاریی بوون. سەدام حسێن و رژێمەکەی داھێنەری کۆمەڵکوژیی ئەنفال و کیماباران و گۆڕونکردنی قوربانییەکان و داھێنەری مەترسیدارترین سیستمی ئیستیخباراتی و پاراستنی حیزبی بوون. مۆسۆلۆنی ئەندازیاری یەکەمی فاشیزم و نەتەوەپەرستی کوێرانە بوو، بنینۆشێ خولقێنەری بەندیخانە و ئەشکەنجەخانەی پەنهان و حەشاردراو داهێنەری لاقەکردنی منداڵان و خەساندنی مرۆڤ لە رووی روحی و دەرونی و ژیارییەوە. قەزافی داھێنەری دیکتاتۆریەتی میللی و فڕنی سوتاندنی مرۆڤ وەک دۆزەخێکی زەمینی….وە ھەروەھا.

دیکتاتۆرە زیندووەکانیش کۆمەڵە ستەمکارێکی راستەقینەو داھێنەرن، بەشار ئەسەد داھێنەری بەندیخانە ونەکان و مافیای شەبیحە و سەربڕینی ئینسان و نیشتیمانی بازرگانیکردن بە سۆزانیەکان، ئەحمەدی نەژاد داھێنەری ئیمپراتۆریەتی مەرگ و زەبروزەنگی ئاینی شارستانی و دیکتاتۆریەتی مەزھەبی و مەحفکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن و لەسێدارەدانی ئاشکرا، بێگومان مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و ھەردوو بنەماڵەکە وەک دوو دیکتاتۆری بچوک؛ داھێنەری سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین و دەزگای زانیاری و پاراستن و ھێزی دژە خەڵکن بۆ کوشتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و ونکردن و رفاندنی خەڵک و رۆژنامەنوسان و نوسەران، داھێنەری دیکتاتۆریەتی گەندەڵی و پاوانکردن و داگیرکردنی سەرجەم سەرچاوە ئابوری و شارستانی و رۆشنبیرییەکان، داھێنەری دزینی نەوت و سامانە سروشتییەکانن…لەکۆتاییدا ئەم دوو بنەماڵەیە بونەتە داهێنەرێکی سەرسەختی دیکتاتۆرییەتی بنەماڵەگەرایی و خێڵسالاریی و دیکتاتۆریەتی گەندەڵی.
دیکتاتۆرەکان تائەوشێنە دیکتاتۆرن کە دەستکراوەو ئازادن بۆ کوشتن و ونکردن و جینۆساید و پێشێلکردنی سەرلەبەری مافە مرۆیی و جەستەیی و دەرونی و روحی و کولتوری و شارستانییەکانی ھاوڵاتیان، دیکتاتۆرەکان تەنھا لەو زەمەنە تاریکانەدا دەتوانن ببنە حاکمی رەھاو جەلادی راستەقینە کە لەبەردەم کۆمەڵگەیەکی خامۆش و بێدەنگکراودان، بەڵام دیکتاتۆرەکان بەبێ زەبری رژێمێکی کوشندەی سەربازی و ئیستیخباراتی و ھێزی داپڵۆسێنەر و حیزبسالار و بنەماڵەیی یان خێڵەکی یان مەزھەبی توانای کۆنترۆڵکردن و تێکشکانی کۆمەڵگە و گروپ و تاکەکانیان نییە.

پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی مەرگ

پاش مەرگی دیکتاتۆرەکان زۆرێک لەو دۆکۆمێنت و وێنە ڤیدۆیی و بەڵگانە ئاشکرا دەبن کە پێمان دەڵێن نیشتیمانی ژێر رکێفی دیکتاتۆرەکان چ سەرزەمێکی ترسناک و کوشندە بوون، چ مەنجەنیقێکی گەورە بووە بۆ ئازادیخوازان و ئینسانەکان، چ بێ حورمەتییەک بە شکۆو مافەکانی مرۆڤ کراوەو بێدەنگییەکی کوشندە سەری ئەو دۆزەخەی ناوەتەوە، بەڵێ دنیای دیکتاتۆرەکان دۆزەخە، دۆزەخێکی گەورە بۆ ئازادی رادەربڕین و ئازادی نوسین و بڵاوکردنەوە و ئازادی رۆژنامەگەری، دۆزەخێکی سیاسی بۆ کوشتن و سوتاندنی نەیارو جیاوازخوازو ئۆپۆزسیۆنەکان.

دیکتاتۆرەکان بەبێ دەزگایەکی زەبەلاح و کوشندەی وەک دەزگای ھەواڵگیریی و پاراستن و زانیاری ناتوانن تەمەنی دڕندەیی خۆیان درێژبکەنەوە، ئەو دەزگایانە سەرباری ئەوەی دەزگاگەلێکی مافیایی و بەکرێگیراو و رێکخراون، بەڵام راستەوخۆ پەیوەندیان بە سەرۆک و سەرۆکایەتی حیزبەوە ھەیە. مێژووی دیکتاتۆرەکان پێماندەڵێن ئەو دەزگایانە وەک تۆڕێکی کوشندەی مافیایی و پاراستن و زانیاری و ھەواڵگیریی چ دەزگاگەلێکی وەحشیگەرو دڕندەبوون بۆ لەناوبردن و کوشتن و رفاندن و ئەشکەنجەدان و سوتاندن و ونکردنی ئینسانەکان و تەسفیەکردنی گروپە نەیارو جیاوازەکان.
دیکتاتۆرەکان بەبێ ھێزێکی تایبەتی سەربازیی کوشندە مەحاڵە توانیبێتیان درێژە بەکارە وەحشیگەرییەکانیان بدەن، بۆنمونە ستالین و سیستمە تۆتالیتارو دیکتاتۆریەتەکەی خاوەنی ھێزێکی سەربازیی و چەکداریی بەھێز بوون، مۆسۆلۆنی و ھێتلەرو سەدام حسین و موبارەک و قەزافی و بەشار ئەسەدو ..تاد سەرباری ئەوەی خاونی ھێزێکی سەربازی کوشندەو دڕندە بوون ھێزگەلێکی دەوڵمەندو پڕ چەک و ئامادەباشبوون.

ناجی العلی ؛ توژەڵە سەیری دۆرو دەمەکان دەکات !
ناجی العلی ؛ توژەڵە سەیری دۆرو دەمەکان دەکات !

ئیمپراتۆریەتی مەرگ کە دوا بەرھەم و داھێنانی دیکتاتۆرەکانە درێژکراوەی سیستمێکی زەبەلاحی ستەمکاریی و زەبروزەنگ و کۆنترۆڵکردن و خەفەکردنی کۆمەڵگەیە، کە پێکرا ئەم سیستمە کوشندەیەکی راستەقینەو زیندووی ئیرادەی ئینسان و ئیرادی گشتی و سایکۆلۆژیەتی خەڵک و ئینسانەکانە، ھاوکات رژێمێکی جاڵجاڵۆکەییە وەک کڵێشەسازێکی نەخشەگیرو ئەندازەگیری ئیستیخباراتی و ھێزی تۆقاندن و خەساندنی کۆمەڵگە لەڕێی زەبر و ستەمی نائەخلاقی و ئابوری و سیاسی و رۆشنبیریی و شارستانییەوە کە پێکڕا پەلدەھاوێژن بۆ دروستکردنی چەندەھا جۆری دیکتاتۆریەت کە بریتین لە: دیکتاتۆریەتی سەربازی، دیکتاتۆریەتی مەزھەبی و ئاینی، دیکتاتۆریەتی شارستانی، دیکتاتۆریەتی گەندەڵی، دیکتاتۆریەتی فاشیستی، دیکتاتۆریەتی تۆلیتاریی، دیکتاتۆریەتی دیموکراسی، دیکتاتۆریەتی تیرۆر و..تاد.

زەبروزەنگ وەک فەنتازیایەکی کوشندە

زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی بینراو و یان زەبروزەنگێکی دیاریکراو نییە، کە تاکەیەک مەھامی سیاسی یان حیزبی لەپشتەوە بێت، نەخێر زەبروزەنگ بەرلەوەی ھەوڵێکی ناشارستانی بێت بۆ سفرکردنەوەی بەرامبەر، فەنتازیایەکی کوشندەشە بۆ شەرعیەتدان بە ترس، لێدان، رفاندن، کوشتن و سڕینەوەی ئەوی جیاواز.

لەڕاستیدا ئەو ماشێنە فەرھەنگییە تەنھا کار لەسەر رامکردنی مرۆڤەکان ناکات لەچوارچێوەیەکی فەرھەنگی بچوکدا، بەڵکە رووبەرەکانی کارکردنی خۆی فراوانتر دەکات و سەرلەبەری ناوەندو دامەزراوە حکومی و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتییەکان داگیردەکات و مۆنۆپۆلی دەکات، ھاوکات ئەو داگیرکارییە فەرھەنگییە تەنھا رامکردن و گوێڕایەڵکردن و کوشتنی خەون و جیاوازییەکان ناگرێتەوە، بەڵکە زەبرێکی کوشندەیە لەشوناسی راستەقینەی ئەو ناوەندو دەزگا زیندووانەی کۆمەڵگە و زەبروزەنگێکی حیزبی و ئابوری و وەحشیگەرییە کە دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە ستەمکارو فاشییەکان شانازی پێوەدەکەن.
لەبەرئەوەی زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی نادیارو شاراوە نییە، بەڵکە کردەیەکی ئاشکراو بینراوە چ لەسەر ئاستی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان یاسایی، فەرھەنگی، ملیتاری، مەزھەبی یان ترادسیۆنی. کەواتە تەنھا بەرھەم و دەرەنجامەکانی زەبروزەنگ نابنە دەرخەری ئەو حەقیقەتەی کە لەپەنھانەوە داڕێژەر و نەخشەسازی زەبروزەنگ و توندوتیژیین.
چۆن زەبروزەنگی سیاسی و حکومی و حیزبی پێکڕا بەرھەمھێنەری و ھێز و جەبەڕوتیی سڕینەوەی بەرامبەرو خولقاندنی ترس و کۆنترۆڵکردن و زەلیلکردنی کۆمەڵگە و تاکەکانن، ھەر لەبەندکردن و لەسێدارەدان و رفاندن و ونکردن و جینۆساید و کوشتن و جەنگەکانەوە تادەگاتە کوشتنی ئازادی و چەواشەکاریی و کۆنترۆڵکردنی ئینسانەکان لەسایەی سیستمە دیکتاتۆری ھەمەجی و گشتگیرو ستەمکارو مەزھەبگەراو تایفییەکان کە پێکڕا زەبروزەنگ تا ئاستی فەنتازیاو مەرگھێن قوڵدەبێتەوە. ئاوەھاش زەبروزەنگی ئابوری و تاڵانکردنی نیشتیمان و ناعەدالەتی و گەندەڵی پێکڕا ھەژمونگەری کردەگەلێکی نائینسانی و وەحشیگەریین تائاستی مافیاگەریی و بێدەنگکردنی کۆمەڵگەو ترساندن و تۆقاندنی میدیای سەربەخۆو رایگشتی. ھاوکات زەبروزەگ لەئاستێکی خەیاڵپێکراوەوە دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی بێئەندازە فەنتازی و سیحرامێزو نھێنیامێز، وەک زەبروزەنگی سایکۆلۆژی، زەبروزەنگی رۆشنبیریی و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و ژیاریی و ژیانی وەک داگیرکردن و وێرانکردنی سەرچاوە ئابوری و خزمەتگوزارییەکان و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمان بەبەرچاوی خەڵکەوە، وەک داگیرکردن و ناشیرنکرنی ھەرچی دامەزراوە رۆشنبیریی و فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی و ژیارییەکانە لەلایەن حیزب و دەستەگەرە مافیاگەرو ناشارستانییەکانەوە.

دیکتاتۆریەتی تیرۆر

دیکتاتۆرو دەسەڵاتە ناعادیل و گەندەڵ و ستەمکارەکانیش سەرباری ئەوەی دەسەڵاتگەلێکی داگیرکارو وێرانکارن لەرووی ئابوری، فەرھەنگی و رۆشنبیرییەوە دەسەڵاتگەلێکی تێرۆریستیشن بۆ کوشتنی حەقیقەت، ئازادی، رۆشنبیری، روانین و دنیابینی مۆدێرن بە ناشرینترین شێوە. ھاوکات ھێزگەلێکی مەرگدۆستن بۆ کاولکردنی شارستانیەت و فەرھەنگ و تاڵانکردنی کۆمەڵگە و تێرۆکردنی خەونی گۆڕان و داھێنان و جیاوازییەکان.
ئەوانەی پێیانوایە سازکردنی بێدەنگخانەیەکی گەورە کۆمەڵە ھەوڵێکی گەورەن بۆ بنبڕکردن و لەناوبردنی دەنگە ناڕەزاو ئۆپۆزسیۆن و دنیابینییە جیاوازەکان، بێگومان بێئاگان لەوەی کە پراکتیزەکردنی کردەی وەحشیگەری و نائینسانیەت ھەوڵگەلێکی کوشندە و کاریگەرن بۆ تەقاندنەوەی باڵەخانەکانی بێدەنگی و بێئەندازە شاردنەوەی ھەر دیاردەیەکی لەو جۆرە بە شاراوەیی سەرئەنجام گەورەبون و زەقکردنەوەیەتی لەسەر ئاستی جیھان و پەیوەندییە شارستانی و سیاسی و نێودەوڵەتییەکان.
ھاوکات چۆن تێرۆرو زەبری کاولکاری ھێزگەلێکن بۆ داڕوخانی ئابوری و فەرھەنگی و شارستانی و سیاسی بە مەترسیدارترین و وەحشیگەریترین کردەو کاریگەری، بەھەمانشێوە دیاردەی سەرکوتکردن و داپڵۆسین و لەسێدارەدان و پڕکردنی زیندانەکان و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پراکتیزەکردنی وەحشیگەریی و کوشتنی رایگشتی پێکڕا ھێزگەلێکی کوشندەترن لەتێرۆر، ئەوەی تێرۆر ناتوانێت لەناوی بەرێت، بێگومان عەقڵیەت و کردەی دیکتاتۆریەت و ستەمکاری و وەحشیگەری بەئاسانی دەتوانن کاولی بکەن.

پیادەکردنی ئەم فەرھەنگە وەحشیگەری و دیکتاتۆرییە لەھەر سەرزەمینێکی ژیاریدا تەنھا شەرعیەتدان نییە بە سیستمێکی دیکتاتۆری یان مەزھەبی یان تۆتالیتاری، بەڵکە خولقاندنی ئیمراتۆرییەتێکی وەھمی و فەنتازییە لەسەرزەمێنێکی تەواو واقیعی و بەرجەستەدا.

ترسناکترین ئاستی ستەمکاری و چەوسانەوە لەو ساتەوەختانەوە دەستپێدەکات کە ستەمکاری و توندوتیژی و زیندانیکردن و کارە ناشارستانی و نائینسانییەکان لەسیستمێکی نوێکاری و مۆدێرندا ئەنجام دەدرین، بە ئەندازەیەک کاتێک کوشتنی ئینسان لەجەنگەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ لەسێدارەدان و ونکردن و زیندانیکردن، کاتێک بێدەنگکردنی ئینسان لەسیستمێکی ھەژاری سیاسییەوە باز ھەڵدەداتە نێو دۆخێکی ترسناکی یاسایی و حکومی وکولتوری و مەزھەبییەوە، ئەوکاتانە ئیتر قسەکردن لەسەر سەرکوتکردن لەڕێی تێزگەلێکی ھەژاری کلاسیکییەوە بێجگە لەریزکردنی کۆمەڵێک حیکایەت ھیچی دیکە نین.

ئیمپراتۆریەتی مەرگ تەنھا پێکھاتەیەکی سیاسی و حکومی نییە، بەڵکە سیستمێکی ئەفسانەیی گەورەیە کە پێکھێنەری شوناسێکی نابەرجەستەیە لەدیکتاتۆریەتێکی ئاینی و میلیتاری و فاشیستی و وەحشیگەریی مۆدێرن. بۆ سەلماندنی ئەم تێزە نوێیە پێویستە قوڵ بڕوانینە ئەو سیستمە پراکتیکییەی کە تەنھا وەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ و توندوتیژی و نائینسانییەت حسابی بۆ دەکرێت. بۆنمونە بێگومان پراکتیزەکردنی کوشتن و مەرگ تەنھا بریتی نیین لەکردەگەلێکی ئاسایی بۆ کوشتنی ئینسان و بەڵکە کوشتن شوناسێکی فەنتازی و ئەفسانەیی و پەنھان وەردەگرێت، وەک کوشتنی نھێنی و حەشارگەی ونکردنی ئینسان، لەسێدارەدان و کوشتنی خۆپیشاندەران بەبەرچاوی دنیاوە، لێدان و داپڵوسین تا مەرگ، ئەشکەنجەدان، پڕکردنی زیندانەکان، کوشتنی جەستەیی و روحی و دەروونی و  فەرھەنگی.

کوشندەکانی دنیای ھاوچەرخ سەربازی راستەقینە نیین، بەڵکە کۆمەڵێک بکوژی وەھمیین لەسەرزەمینێکی تەواو واقیعیدا، کۆمەڵێک مافیای راستەقینەن بۆ سازکردنی رووبەرێکی گەورەی تاڵانخۆری و ئەخلاقخۆری و حیکایەتخۆری و سەروەریخۆری و کۆمەڵگەخۆری، رۆشنبیرخۆری و ھونەرخۆری و فەرھەنگخۆری.
ھانا ئارێنت دەڵێت: “ئەرکی پۆلیسی تۆتالیتار ئاشکراکردنی تاوان نیە، بەڵکو دەبێت ھەر کاتێک حکومەت بڕیاریدا توێژێک لە دانیشتوان دەستگیر بکات، ئامادەبێت خزمەت بکات.”

دروستکردنی لێشاوێک لە چڵکاوخۆری حیزب و کۆیلەو رۆبات و موچەخۆری حیزب تێکڕا بەرپاکردنی سیستمێکی پۆلیسی حیزبییە، دروستکردنی حەشاماتێکە لە بێدەنگی و چەکوشی ئامادە، تێکڕا دروستکردنی جۆرە بونەورێکی دڕندە و ئاڕاستەکراو.