تابلۆی؛ ڕێبوار سه‌عید

ماسکەکانی حەرەمسەرای هاوچەرخ


Loading

پێشەکی

حەرەمسەرا لەو وێنە شاراوەیەوە سەرچاوەی وەرگرتووە کە ژن لە ناو چوار دیوار قایم بکرێت و ببێتە ئامرازێکی تێرکردنی ئاڵۆشی پیاو. ئەمڕۆ، چۆن ماسکەکانی حەرەمسەرا سەپێندراون؟

با لە وێنە‌ شاراوەکانی نێو کۆمه‌ڵی نەریتی و ئیسلامییه‌وه‌ دەست پێ بکەین کە زۆرن، له‌وانه‌ش زۆرتر، ئه‌و وێنانه‌ن که ته‌رز و چڵ و پۆی تریان لێ ده‌بێته‌وه‌.‌ ئەم بابەتە وەستانە له‌سه‌ر ئەو وێنه‌ زه‌قانەی په‌یوه‌ندیی و هاوپەیوەندییان لە نێوان یەکیتردا هەیە و له‌ نێو خۆیاندا سیسته‌مێک پێکده‌هێنن‌ و حوکمیان بەسەردا دەدرێت. ‌

ئەگەر دەنگی ژن لە ئایندا قەدەغە کراوە، بۆ مسۆگەرکردنی (هیچ دەرنەبڕینە)، بەوە بێ دەنگیی نیوەی کۆمەڵ بەدەست دەهینن و نیوەکەی تریشی (پیاو) بە سەرکوتکردن و باڵا دەستیی یاساکانی ئاین ملکەچ دەکەن.ڤیرجینی لارووس (Virginie Larousse) لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئەنترۆپۆلۆگ میشێل کەزنەڤ (Michel Cazenave) ،لە گۆڤاری جیهانی ئاینەکان( Le Monde des religions)، باس لەوە دەکات، چۆن “….. بە درێژایی مێژوو ژن هەمیشە پیاوی ترسان دووە، چونکە ژن هۆشمەندییی ئاینیی دەگوازێتەوە. بێدەنگیی ئەویش، وا دەکات کە پیاو، لەو زۆنە ئالۆزە نزیکتر بکاتەوە، هاوکات، ئەوە دەبێتە زۆنێکی بوون و نەبوونی ژن”. وێنەی ژنیش بەهەمان شێوە مامەڵە کراوە. وێنە لە شوێن دابڕاو نییە. شوێن لە هەموو جیهاندا گەورەترین تاقیگەی نیشتەجێبوون و هەڕەشەکردنیشە. بە داگیرکردنی شوێنێک، هەرچی نەشتەرگەرییە تێیدا ئەنجام دەدرێت و هەموو جۆرە تاقیکردنەوەیەکی بەسەرا دەکرێت. هەرچۆن پانتایی ناوماڵ، کاتێک دەست بە ڕێکخستنەوەی دەکەین و دیکۆرەکەی ناوەوەی دەگۆڕین، ئەوە هەمان وێنەیە سەبارەت بە پانتایی شوێن، ساتێ داگیر دەکرێت و دەچێتە ژێر دەسەڵاتێکی تر.

بە پەلاماردان و داگیرکردنی شوێنێک، یەکەم هەنگاو دەست دەکرێت بەو نەشتەرگەریە و یاسای داگیرکەر بەسەر دانیشتواندا دەسەپێندرێت، کە جەغت لە شەرعییەتیی زەبر و هێز دەکات، نموونەکەی لە داعشدا بەرجەستەیە، کە خۆی بە خەلیفەی نوێی میراتگر و تاقە نوێنەری ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ئیلاهیی لەسەر زەوی نیشنیار دەکات.

لەو پانتایی تاقیگەیە، وێنەی شوێن بەهەمان شێوە نامێنێت، دەگۆڕێت و دیسان دادەهێنرێتەوە. لە بەشەکانی خوارەوە، پەنجە دەخەینە سەر گروپی جەلادە نوێکان، ئەوانەی شمشێرە کۆنەکانیان هێشتا خوێنی سەردەمێکی تری بەسەرەوە نەسڕدراوەتەوە و بە ئامرازی هاوپەیوەندیی نوێ، خزمەتی خەلافەتێکی دەستکرد دەکەن. بازاڕی (نخاسە) و حەرەمسەرای هاوچەرخ، بۆ ژنی غەیەرە موسڵمان و بگرە موسڵمانیش خۆڵڕێژ کراوە، سەکۆی شانۆگەریی تراژێدیاش بۆ دیل و یاخیبوو و بێگانەکان هەڵخراوە. چۆن لە دڕندەیی ئەوانە تێبگەین؟

سەرەتا، بە گشتیی باسی وێنەی شاراوەی ژن دەکەین، وێنەی ژنیش لە ژێر دەسەڵاتی داعش. پاشان، باسی ڕووی کلتوور و شارستانی، یان مەدەنی لە پێکهاتەی شار دەکەین و بە هزر گرێی دەدەین و چۆن ئەوە دەستکاریی وێنەکانی کردووە. دواجار، باسی پانتایی شوێن دەکەین، کە لە نێوان قەدەغە و مۆڵەت پێدان، کاریگەری تیرۆر لە شێواندنی جوانیی بەرپا دەبێت. لە پوختەدا، دوا سەرنجم لەسەر سەرجەمی بۆچوونەکان و ئەگەری دەرچوونێک، نەک چارەسەرێک، دەخمە ڕوو.

 

تابلۆی؛ ڕێبوار سه‌عید

بەشی دووهەم

شار چ بیرۆکەیەکە؟

ئایا شار بیرۆکەیەکی کولتوری و شارستانیە؟ بۆ وڵامدانەوە، کات و شوێن و ناسنامە سێ کوچکەی دامەزراندنی پانتایی شوێنێکە، کە دەرەوە و ناوەوە بە یەکەوە گرێدەدات. پانتاییەکە کە ئەگەری گۆڕان و ڕیفۆرمی هه‌یه‌، بەو واتایەی، بەهاکانیشی دەگۆڕێن. ئەو شار و شارۆچکانەی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی داعش، لە پانتایی کراوەوە بۆ پانتاییەکی داخراو گۆڕاون؛ ڕەهەندی شارە کۆنەکانی ناو مێژووی سەدان ساڵیان وەرگرتووە، کە پێش ئێستا لە دامەزراندا بوون. لەگەڵ جیاوازیی پێشکەوتن لەو شارە دێرینانەدا، کە بۆ ئەو سەردەمەی خۆیان زۆر ماییەی سەرەنجدان بوون، وەک (ئەتینا و بابل و تیبە) لە کاتێکدا، شاری (داعشی) تۆویی گەشەکردن و پەرەپێدانی پێ نییە. بۆ ئەوەی شار شار بێت، پێویستی بە کەمترین بەرهەمهێنان و داهاتە، تاکو کاروباری پێ بەڕێوەببرێت، ئیشی تێدا مسۆگەر بکرێت، دەزگاکانی بە بەردەوامیی کار بکەن. داعش بە ئاسانی ناتوانێت نەوت بفرۆشێت، کە دەیفرۆشێت بە کەمترین نرخە، ئەوەش وێنەیەکی لاوازیی دەسەڵاتە و ئیشی دەوڵەتێکی پێ راناپەڕێندرێت، وەک ناوی خۆیان ناوە (الدولة الاسلامیة). بگرە ڕاستی بنەمای دەوڵەتیشیان پێ نییە، درز لە هەموو قوژبنێکی کارەکانیاندایە، با هەمیشە سەرقاڵ دیار بن و بە کوشتن و بڕین وێنەی خۆیان بسەپێنن. ئەوە لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی وەرگرتووە، کە دەبێ شتێک هەر بکەن، با کوشتنی کەسێک بێت. هەڵبەت بۆ خۆیانی دەسەلمێنن، کە لەدونیادا سەرقاڵی دروستکردنن، ئیدی ئەوەبا بەڕوخان و تێکدان و بە پاکسازییش بێت. یەکێک لە پێکانی ئامانجی تیرۆر، ئەو دۆخی سەرقاڵیی بوونەیە کە هەناردەی دەرەوەی بازنەی خۆیانی دەکەن.

 

ئەگەر تیوری دەستتێکەڵبوون و پیلانی نێونەتەوەیی لە دروستبوونی داعش بە دوور ڕا بگرین، ئەوە ڕاستیی داعش لە سڕینەوەی وێنەی شارستانییەتی شوێن ئاشکرادەبێت. بۆ ئەوەی لەو سڕینەوەیە (مێژوویەک) لە (نامێژوو)دا دروست بکات. شوێنێک لە ناشوێن. نەبوونی پانتایی شار، دەکاتە نەبوونی ناسنامە و مێژوو. هەر بۆیە پەنا بۆ ناونانی (الدولة الاسلامیة) دەبات. بۆ ئەوەی ئەو مێژووە بۆ خۆی دروست بکات، بە بەهانەی سڕێنەوەی وێنەی بتەکان، پەیکەرە دێڕینەکان تێکدەشکێنێت و لە بندا دەیانسڕێتەوە، بۆئەوەی لە جێی ئەوانە، مێژوویەکی نوێ بۆخۆی دروستبکات.

 

گرنگە بەکەم سەیری ئەوکردارەی داعش نەکرێت و بە چاوی ئەقڵانییەت لێکبدرێتەوە. ئەو کردەوەی تێكشکانی پەیکەر و ڕوخانی شوێنە دێرینانە، تەنها کردارێکی هەمەجی نییە، بەڵکو ڕێکردنەوەیە بۆ مێژوویی نوێی خۆیان، ئەگەر بەتەواویی سەقامگیر ببن، ئەو مەرجی سەقامگیربوونەش بە هەبوونی سامان و داهات و چەسپاندنی دەسەڵات ئەنجام دەدرێت، کە لە ئێستادا لەبەر دەستییان نییە. هەلومەرجی ئێستاشیان دەریدەخات کە لە پرۆسەی شەڕی بەردەوامدا، ئەوە نایەتە دی. سەرکردەکانی ئەو گروپە، نەک ئەنجامدەری کارەکانیان، زۆرزانن و بە ئاگان چییان دەوێت. ئەو سەرکردانەن کە گەنجان داوا دەکەن و ڕایاندەهێنن و دەیانخەنە کار (چونکە ئەوانە مشەخۆر و مووچە خۆڕیشن و لەسەر مەرجی (سی ڤی) ژیاننامەی کەسەکە، دەبێتە ئەندامی داعش. واتە دەبێتە پێکهاتەی ئەو دەوڵەتە ڤیرتوەلە)سەرجەمی ئەو گەنجانەش لە دۆخێک هەڵهاتوون و خێزانیی ڕۆحییان لە باوەش داعش دۆزیوەتەوە. لە پێناو سۆزی خێزانییش ئامادەن خۆکوژییش بکەن.

 

لێرەوە شار پێکهاتەیەکە لە بیرۆکەی کولتوریی و شارستانیی و هزر. لە ڕاستیشدا، داعش لەوە تێگەیشتووە، بۆیە هەوڵی دامەزراندنی شارستانییەتێکی نوێ دەدات لەسەر شوێنەواری پێشووی ئەو شوێنانەی داگیریان دەکات. ئەوە، مێژوییەکی دمەزراندنە لە (هیچ). ئینجا هەنگاوی نوێ دەنێن بۆ دابینکردنی کولتورێکی سەر بە خۆیان و نائەقڵانیەتێکی دۆزەخیی تێدا بەرپا بێت، کە پشت بە فیکرێکی داپلۆسێنەر و تۆقێنەر دەبەستێت. جەستە تێیدا ئامرازێکە بۆ خۆ سەلماندن و هەڕەشەکردن.

 

جەستە وەک پانتییەکی خودسەلماندن لە شوێن

کاتێک جەستە دەبێتە مەڵبەندی جیهان، کە تاک بەرەوڕووی خۆی دەبێتەوە. لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئارتێ، لە بارەی فەلسەفە، هەردوو فەیلەسووف رافایل ئەنتۆڤا Raphael enthoven وخاتوو ماریۆن ریشێMarion Richez وەها جەستە لێک دەدەنەوە:

لە ڕوانگەی دیکارتەوە(Descartes) لە (تێڕامانی میتافیزیکیی)وتویەتی ”تا ئێستا هەرچییەکم وەرگرتووە و فێری بوومە، لە ساییەی هەستەکانە، یاخود بە نێوەندی ئەوان بووە. دەبێ بشزانین، کە هەستەکان هەندێک جار ماییەی فریودانن. لێرەوە، هەرچ شتێک بۆ جارێک فریویداین، دەبێ گومانمان لێی هەبێت.”. ماریۆن ریشێ لەسەر ئەو بۆچوونە دەڵێت “….. بەڵام ئەو گومانەی دیکارت، ناکاتە ئەوەی کە جەستە هەڵخەڵەتێنەرە، چونکو دیکارت باس لە هەندێکجار دەکات و بۆ مەودای دوور و ناڕوون. کە مەوداکە نزیک بێت، یاخود دەرفەتی دەست لێدانی شتەکەمان هەبێت، جەستە فریومان نادات. بێجگە لەوەی، ئەوە هەستەکان نین کە فریومان دەدەن، بەڵکو متمانە کردن پێیان و پەنابردن بۆ حوکمی ئەوان، فریومان دەدات”.

 

کەسەکە خۆی بە مەڵبەندی جیهان دەبینێت. ئەو بینینە، بە نێوەندی هەستەکانە (بینین، بیستن، تامکردن، بۆنکردن، دەستلێدان)، ئەوەش کەسەکە بەرەو هەڵەیەکی کوشندە دەبات- بڕوا بەوە دەکات، کە ڕاستە خۆی لە مەڵبەندی جیهانە. ئەو حوکمەش هەڵەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، هەردوو فەیلەسووف، پەنا بۆ چەند نمونەیەکی وێنە دەبەن، کە لێرەدا بە ووردی باسیاندەکەم، بۆ ئەوەی میکانیزمی فیکری گروپی داعش لێک بدەینەوە، چۆن بیر دەکەنەوە؟

 

ماریۆن ریشێ سەرەتا باسی بۆچوونی میرلۆپۆنتی دەکات (Merleau-Ponty) کە لە کتێبی چاو و هەزر (L’Œil et l’Esprit) وتویەتی ”لە ناوەڕاستی حەوزی مەلەکردن، کە لە ژێر ئاوەکەوە کاشییەکانم بینییوە، لەودیو ئاوەکەوە بینیوومن، ئەوە تیشکدانەوەی ئاوەکە نییە، هاوکات کاشیەکانبەڕاستیی خۆیانیش نین، بەڵکو بە نێوەندی ئاوەوە بینومن.”.

 

ئینجا هەردوو فەیلەسووف دێنە سەر وێنەیەکی ئیزابێل کارۆ (Isabelle Caro) کە بە ناونیشانی ”ئەنۆرکسی”، واتە (بێ ئیشتهایی) لە بنەڕەتیشدا وشەکە بۆ ئەو کەسانە بەکارهاتووە کە چ بە هەوەسی خۆیان، چ بێ ویستی خۆیان، وەها لاواز دەبن،کە ئیسکەکانیان لە ژێر پێست دەبیندرێن. ئیزابێل کارۆ جەستەی خۆی لە وێنەکەدا نمایش دەکات. ماریۆن ریشێ ئەو جۆرە وێنەیەی جەستە، بە قین لە جەستە لێکیدەداتەوە. لە وێنەیەکدا جەستەی کچێک، کە (ئیزابێل کارۆیە)نمایشی جەستەی کردووە،دەبینین، چاوی لە ڕێژەی ئاسایی زۆر گەورتر کردۆتەوە. وەک هێمایەکە بۆ ئەقڵ و هۆشبردن بەو لەشە نەساغە، ڕقێکیشە لە جەستەی خۆی. لێرەدا جەستە خۆی بۆ (هیچ) کەمکردۆتەوە. کەسەکە ئیشی بۆ ئەو جەستەیە کردووە تا بەو ئاستە گەیشتوە.

 

لە وێنەی جەنگاوەرێکی ئەفریقی کە کۆمەڵێ ئامراز لە ژێر پێستی پشتی توند کراون. ئەم وێنەیە لەوەی (ئینۆرکسی) جودایە. ئەوەی یەکەم کردارێکی تاکە، کە قین لە جەستە هاندرە بەو جۆرەی لێبێت، نیشانەی ئازار و برسێتی بەسەرەوە دەر بکەوێت. وێنەی دووهەم، کە بە کێلۆیید (chéloïdes) ناسراوە، لێرەدا ئەوە کردارێکی تاک نییە، کە کەسەکە دژی خوی ئەنجامی دابێت؛ ئەوەی یەکەم، لەبەر ئەوەی هەست بە تەنگانەیەکی خود دەکات بەرامبەر بە کۆمەڵێک کە یاساکانی جوانکاریی سەپاندۆیانەتە سەری؛ ئەوەی دووهەم، وێنەی جەنگاوەرە، کرداری سەرجەمیی هۆزێک کورتدەکاتەوە. جەستە لێرەدا دەبێتە شوێنەوار و نوسینی مێژووی خۆی وەک جەنگاوەرێکی شکۆدار لەسەری دەرکەوتووە، کردارێکی بەربەریانە نییە، ئەوەندەی لە چاوی کەسانی هۆزەکەی نەبەزانەیە. دەکرێ بڵێین، دیاردەیەکی کولتورییە و جێی ڕەزامەندی خێڵەکەیەتی، ئەوەش پێچەوانەی قین هەڵگرتنە لە جەستە.

 

ماریۆن ریشێ دەڵێت؛ ئەوەی یەکەم (کچە ئەنۆرکسییەکە) دۆخێکی سەلبییە، جەستە بە ڕاشکاویی نمایشی لاوازیی خۆی دەکات؛ ئەوەی دووهەم (پیاوە جەنگاوەرەکە) تەواو ئیجابییە. جەستە دەبێتە پانتاییەکی نووسینی پڕ کۆد، کە خوێندنەوەی بۆ کەسانی شارستانییەتێکی ڕۆژئاوایی ئاڵۆزە، چونکو ئەو کۆمەڵەییەی یاسای جەنگاوەرەکە تێیدا بەرپایە، ئەوان کۆدەکانیان بەدەستە و دەیزانن، ئەوانەی سەیریدەکەن، لەوانەیە تووشیی داچەڵەکان ببن، ئەوانن کە کۆدی نووسینی ئەو جەستەییەیان بۆ ناخوێندرێتەوە. هەمان جەستەی جەنگاوەریش، جیاوازی لەگەڵ وێنەیەکی ئەڕنۆڵد شوارزنێگەر (Arnold Schwarzenegger) هەیە، کە لە بەرگی گۆڤارێکیدا، وەک ئامرازێکی جوانکاریی و هێز، نمایشی جەستەی دەکات. وێنەی جەنگاوەرەکە لە پشتەوە گیراوە، سووکە دانوانێکی سەریشی، تاڕادەیەک بۆتە نیشانەیەکی شەرم. لە کاتێکدا، ئەوەی شوارزنێگەر لە پێشەوە گیراوە، وەک هێمایەکی نارسیسیی بۆ”من” کە هەم و نیشانەیەکی خۆ دەرخستنی هێز و توانا سینگی دەرپەڕاندووە. ئەو جۆرە لێکدانەوەییەی جەستەیە، لەلای ڕۆژئاواییەکان، هەروەها لەلای چینیەکان، هەمان شت نییە. ڕۆژئاوا بایەخ بە دەرەوەی جەستە دەدات، لە سەردەمی دێرینەوە کە پەیکەری (ئەپۆلۆن) ساز کراوە، هەتا ئەم سەردەمە کە وێنەی شوارزنێگەر بەو شێوەیە گیراوە، بایەخ بە دەرەوەی جەستە دراوە، بە ڕووکەش. لە کاتێکدا لە چین، زۆر چاک دەکرێ، کە جەستەی کەسێکی قەڵەو ببێتە نموونەی پەیکەرێکی بەرچاو. ئەمە بۆچوونی کلتووری جیاوازە لەنمایشکردنی جەستە.

 

هەمان ئەو کردارە، وەک (خاڵ کوتان) كه‌ لای گوندەکانی گەرمیانی خۆمانە، کە لە نێوان ئەواندا بە جوانکاریی دایدەنێن، کەچی لەشار بە شتێکی نامەدەنیی تەماشا دەکرێت، دژ بە بۆچوونی ئێمە، سەبارەت بە بۆچوونمان لە کلتووریی شارستانییەت. یاخود هەمان خاڵ کوتان، لەلای بەربەرەکانی مەغریب، کە سەرجەمیان نیشانەن و خوێندنەوەی تایبەتیی خۆیانیان بۆ هەیە، بەڵام ئێمە کلیلی خوێندنەوەیانمان نییە، مەگەر خۆیان ئاشکرای بکەن.

 

هەر بە پێی ماریۆن ڕیشێ، لەش هەرگیز مادەیەکی خام نییە، بەڵکو هەمیشە کاری لەسەر دەکرێت، ئایا بە خاڵ کوتان بێت، بە سمین بێت، بە (بودی بڵدینگ- ماسوولکەسازی) بێت، بە برسیکردنی و بگرە بە کوشتنیشی بێت. کە جەستە بەو شێوەیە خۆی نمایش دەکات، دەڵێ (هەم). هەر بۆیە لە سەمادا هەمیشە هەوڵدان هەیە، بۆ داگیرکردنەوەی پانتایی جەستە لە ناوەوە، ئیش لەدەرەوە دەکرێت بۆئەوەی بگەی بەناوەوە. لە دۆخێکدا سەماکەر کە لە دەرەوە نمایشی جەستەی دەکات، بۆ مەبەستی گەیشتنە بە ناوەوەی، ئەوەش دۆخێکی پڕبوونە و فێربوونی خودە. هەردوو فەیلەسوف دینە سەر چەند نموونەیەکی بەرچاو و ئاماژەی پێ دەکەن.

 

لە ڕوانگەی شاعیر پۆل ڤالێری(Paul valery)یەوە ”لە رۆیشتندا شوێنێک هەیە بەرەو ئەوێ دەڕۆین، لەسەمادا بەسەر خۆمان دەسوڕێینەوە.”. (نیتچە)شNietzscheوتویەتی ”لە سەفەردا، لە جێیەکەوە بۆ جێیەک دەچین، بەڵام لە وێڵیدا لە هیچ کوێ بۆ هیچ کوێ.”. ماریۆن ریشێ جیاوازی نێوان وێڵی و سوڕانەوەی لەش لە سەمادا وا لێک دەداتەوە، کە جەستەی سەماکەر هەوڵە بە گەیشتن بە پڕبوون (تەکامل)، واتە ئیشی لەسەر کراوە بۆ ئەوەی بێ هەڵە بگاتە ئەو پلەیە. ئەوە دەربڕینی جەستەیە بەو شێوەیە.

 

نیتچە، هەروەها گوتوویەتی ”بڕوام بە خوایەکە کە بزانێت سەما بکات.”، ئەودیوی ئەو قسەیە، واتە گەیشتبێتە، یان بگاتە تکامل. نیتچە پەیوەندیەک لەگەڵ پلاتۆنیزم و مەسیحییەت دروست دەکات کاتێ وتویەتی: ”هەموو ئەو نەریتی پلاتۆنیزم و مەسیحییەتە وایان کردوە قێزمان لە جەستە ببێتەوە.”. بێ گومان بیرۆکەی ئەسڵیی لەوەوە هاتووە کە، جەستە مایەی هەموو هەڵەکانمانە، کەواتە با جەستە لەکۆڵ خۆمان بکەینەوە (بیکوژین).

 

لێرەوە ئەو بەراوردانەی پێشوو، لە نێو وێنەی جیاوازی جەستە: جەستەی بەخێوکراو، جەستەی پەروەردەکراو، جەستەی مەشقپێکراو، جەستەی ئازاردراو؛ بۆ ئەوەیە بڵێین کە، بیری داعشیەکان لەسەر ئەو لایەنە بینا کراوە، کە مەشقکردن بەو جەستەیە وەک ئامرازێکی زیادەی ناخوێن، ماییەی بەدکاریی، جەستەی هەڵگراو لە فەرمانی ئیلاهیی لە سەردەمی ئادەم و حەواوە تاکو ئەمڕۆ؛ تەنها بەلە ”لەکۆڵکردنەوەی جەستە” ئەنجام دەدرێت. ئەوەش بۆ گەیشتنە بە رۆحێکی خاوێن، جۆرێکە لە خۆ خاوێنکردنەوە لە هەموو گوناهیی بەشەرییەت. لە پوختەی ئەو بۆچوونەوە، وێنەی گروپی داعش لە جێیەکدا تێکەڵ بە وێنەی مەسیحێک دەبێت کە لە بری هەموو گوناهی مرۆڤ قوربانیی بە جەستەی خۆی دا. ئەو بیرۆکەیە هیچ جیاوازی نییە لەو بۆچوونە شاراوەییەی ئیسلام، کە جەستە ماییەی شەڕ و خراپەیە، ”نجاسە”یە، دەبێ خاوێن بکرێتەوە، بەتایبەتی جەستەی ژن، ئەگەر بە کوشتنیشی بێت. کرداریی دامەزراندنی بازاری فڕۆشتنی لەشی ژن، قێزە لە جەستەی ژن، پێشی سەرسامن. خواستی موڵکیەتی ژن، لەو ڕوانگەیەوە هاتووە. ویل دیورانت لە چیرۆکی شارستانییەت دا دەڵێت، ئەو پیاوانەی لە ژیانی هاوسەرگیرییاندا بەختەوەر نەبوونە، دژی ژنان شتیان داهێناوە. لەوانەشە ژنان خۆیشیان بن کە کۆمەڵێک شتیان بڵاو کردۆتەوە. بەو وتەییەی دیورانت، ئەو جۆرە بیرۆکانەی لە شوێنێکی بەرتەسکدا بڵاوبوونەتەوە، دواتر پانتاییەکی بەرفراوانی لە ناو فیکری ئاینی و نەریتییدا گرتۆتەوە و باوەڕیان پێ هێناوە (وەک مەسەلەی ناخاوێنی ژن لە کاتی سووڕی مانگانە) کە بە پێی دیورانت ژنان بۆ ئەوەی لە ئەرکی پیاوان ڕزگاریان بێت و لەشیان پشوو بدات و لە نەخۆشییش بە دووربن، ئەوەیان داهێناوە، دواییش ناچار خۆیان ملکەچی ئەو بیرۆکەیە بوون و بە تێپەڕبوونی سەردەمەکان ژنان خۆیشیان بڕوایان بەوە کردووە.

 

بیرۆکەی (نیتچە)ش هەر لەسەر ئەوە بەندە، کە جەستە شوێنی ئەزموونە هەرە هەستیارەکانمانە، ئەو تاڵە داوەیە کە دەمانگەیەنێتە زانین. خودی جەستە بۆ ئەو شوێنێکە بۆ بیرکردنەوە و جێی بیرکردنەوەشە، بەڵام هەروەها جێی هەڵە کردنیشە. بۆیە لەلای ئەو، دەبێ پشت بکەینە جەستەی پیس و گڵاو، هەرچی مادەیە.

 

پرسیاریی سەرەکیی هەردوو فەیلەسوف لەوەیە، جەستە لە کاتی جوڵە وەک جەستەی سەماکەر، بودی بڵدینگ، تۆپ مۆدێل… هەمان جەستەیە کە لە سەر شەقامە و نان دەخوات و قسە دەکات و دەخەوێت؟ وڵام بە نەخێرە. چونکه‌ کاتێ جەستە بە کردارێکی گرنگ هەڵدەستێت، لێرەدا بوونی هەیە، شادمانە بەو بوونە. ئەوە هەمان لێکدانەوەیە بۆ جەستەی جەنگاوەر کە خۆی لە گۆڕەپانی شەڕدا دەبینێتەوە. سەلماندنی بوونێکە بەرامبەر بە ئەگەری لەناوچوونی. بوونی جەستەی ئاژەڵ لە خودی خۆیدا هەیە، مرۆڤ هۆشی بە جەستەی وای لێ دەکات ئیشی بۆ بکات (ئیتر هەرچییەک بێت فۆرمی ئەو ئیشکردنە).

 

سەرجەمی ئەو بۆچوونانە، هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە جەستەی جەنگاوەر، کە بە هەموو فۆرمی سەربازیی و هەمەجیی، جەستەدەخرێتە کار، ئیشی پێ دەکات و کاری بۆدەکات. نەبوونی پانتایی جێبەجێکردنی ئەو تەوژمە، بەرەو کردارێکی نیگەتیڤ دەیبات بۆ دەرەوەی خۆی. ئەو کە ناتوانێت ببێتە خاوەن فیکرێکی سەربەخۆ و ناتوانێت بیشیکاتە پانتایی بیرکردنەوەی، لە ڕێگای نمایشی جەستەی شەڕکەر لە جەنگی بێهودە، پەنا بۆ کردارێک دەبات کە تەنها لەوەدا جەستەیەکی سەربەخۆ دەسەلمێنێت. ئەوەش لە پانتایی شوێنێکدا ئەنجام دەدرێت. داهێنانی حەرەمسەرایەکی نوێش، فۆرمێکە، تێیدا ژنانی بە دیل گیراو، لە سەرێکەوە بە جەستەیان ئەو پانتاییە بۆشەیان بۆ پڕ دەکەنەوە، لەسەرێکیشەوە خۆیان بە دەستدرێژیی بۆ سەر ئەو ژنانە، لە ڕێگای جەستەیانەوە دەڵێن ئێمە هەین. چۆن مامەڵەی ئەو پانتایی حەرەمسەرایە کراوە؟

 

ماویه‌تی بۆ به‌شی سێهه‌م.

 

هه‌دندێك له‌سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م به‌شه‌:

 

CHOLLET Mona, Beauté fatale. Les nouveaux visages d’une aliénation féminine, Éd. Zones, Paris, 2012.

-Frontisi-Ducroux Françoise, Ouvrages de dames. Ariane, Hélène, Pénélope…, Éd. De Seuil, Paris, 2009.

HUSTON Nancy,Reflets dans un œil d’homme, Éd. Actes Sud, Paris, 2012.

– Lévi-Strauss Claude, Anthropologie structurale, Éd. Plon. Paris, 1958,

-MERLEAU-PONTYMaurice, L’œil et l’Esprit, Collection Folio essais (n° 13), Éd. Gallimard, Paris, 1985.

– SIGMUND FREUD, Malaise dans la civilisation. TRADUIT DE L’ALLEMAND PAR CH. ET J. ODIER. PRESSES UNIVERSITAIRES DE France. Le présent ouvrage est la traduction française de : DAS UNBEHAGEN IN DER KULTUR. Par Sigmund FREUD. Vienne, 1929. Dépôt légal. – 1re édition : 1er trimestre 1971. 11e éd. Presses Universitaires de France. 1989.

– Théry Irène, La distinction de sexe. Une nouvelle approche de l’égalité,Éd. Odile Jacob. Paris, 2007.

– TODOROVTzvetan, Symbolisme et interprétation, Éd.Seuil, Paris. 1978.

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.