سلڤادۆر دالی؛ زه‌ڕافه‌ی سووتاو ١٩٣٧ Slvador Dali, The Burning Giraffe 1937

Loading

ئەو شەوە لەگەڵ کەس نەبووم، جگە لە خۆم. پێش سەدان شەو  لەگەڵ دەیان پەنابەری تردا هاتمە ئەم مەملەکەتی ئینگلیزە .پێش هەزاران شەو لەگەڵ کەس نەبووم، جگە لە دایکم. لە هیچ شوێنێکیش نا، جگە لە کۆشی ئەو.

بە هاڕاوی هاتم، شار وەکو ئەوەی هەرگیز لە شێوه‌ی منی لە خۆ نەگرتبێت، دەیڕوانییە ئەو دوکەڵە چڕەی، لە سییەکانمەوە هەوایان پیسدەکرد. لەناو جلێکی وەکو جلی پاش جەنگە گەورەکان غەمیگیندا بووم،مینا جوگەلەیەکی باریکی خوێن ڕێمده‌کرد.  ئەم (لەگەڵ خۆبوون)ە نامۆ نییە بە من، من لەوێش لە وڵاتی دایەم، جگە لەو و لە خۆم، لەگەڵ کەسی تر نەدەبووم.

سلڤادۆر دالی؛ زه‌ڕافه‌ی سووتاو ١٩٣٧
Slvador Dali, The Burning Giraffe 1937

قۆڵێکی چاکەتەکم،هەر تەکەی دەهات، چونکە قۆڵی تێدا نەبوو، ئاخر لە وڵاتی دایەم، لە جەنگێگدا کە ناوی(شەڕی براکوژی) بوو، بەجێمهێشت بوو. بتڵی بیرە، فنجانی قاوە، گڵۆپەکان، تەنانەت مشکەکانی ئەو شارەش، سڵیان لێم دەکردەوە. پیاوێکی جل شڕ،  یەک قۆڵی کورد،  لەناو ئەم خاکەدا،  کە ئەستێرەکانیشی وەکو سوورەیایەکی تۆخ دەدرەشێنەوە،  دەبێت چ تابلۆیەکی نابووت بێت.  بۆ ئەوەی لە نامۆیی من تێبگەیت، بیر لەمە بکەرەوە: دەچیتە  پێشانگایەک، تابلۆکان هەموو وێنەی گوڵ و درەخت، چەم و ڕووبار بن، بەڵام لەناویاندا تابلۆی (زەڕافەی سووتاو) ی سلڤادۆر دالی، یا تابلۆی (چوون بۆ مەلە)ی پیکاسۆ هەبێت.  من ئاوا نائاسایی بووم.  لەسەر سەکۆی گوڕەپانێکی ئاوەدان کەمێک دانیشتم. لە مرۆڤ نا،  لەو پارچە ئاسنەم دەکرد، لە خۆڵی دادەکوتن،  تا گوریسی مانگایەکی پێوە توند بکەن. ئەم شارە زۆر جوانە، مرۆڤ لەم شارەدا ئەستەمە بێتاقەت بێت.  بەڵام ئەستەم نییە بۆشاییەکانی ناو ناخی بیکوژن!

 

گەر بێتاقەت بوویت، بڕۆ  باڕ، کافێ، پارک، کۆڵانەکان،  ئۆتێل و مۆڵەکان، بێتاقەتیەکەت دەڕەوێتەوە،بەڵام هیچ کام لە بۆشاییە وجودیەکانت پڕ نابنەوە.  ڕاستە، تۆ لەوێ کەسیشت نەبێت خودات هەیە،بەڵام خودا جێی خودا خۆی دەگرێتەوە،نەک جێی ژن..بۆشاییەکان زۆر لاوازیان کرد بووم، هەمیشە خاو و سارد بووم.هەندێک جار بە لادا دەکەوتم.  ڕاستە بۆشاییەکانی من ناوەکین، بەڵام وای بۆ دەچـم،هارترین دەریاش بەم هەموو بۆشاییەوە،ناتوانێت من نوقمبکات. لەوسەری گۆڕەپانەکەوە، کچێکی لەشولار ڕێک بەرەو ڕووی من دەهات.

ئەو شەوەی وڵاتی دایەم،لادێکەی دایەم، بەجێهێشت،چاوەکانم سوور بوو بوونەوە. لە کۆشی دایەمدا بووم، هەردووک پێکەوە چوو بووینە ناو یەکەوە…(زەمەن-شوێن)ی ئەو من بووم (شوێن)ی من کۆشی ئەو، (زەمەن)یشم ژماردنی ئەو ووردیلە ڕۆندکانە بوو، لە چاوەکانمانەوە دەهاتنە خوار.  باش بیرم نییە بەم ڕۆژژمێرە باوەی خۆمان کەی بوو،  بەڵام دڵنیام هەزاران شەو بەر لە ئێستا بوو. لێ، بەپێی ڕۆژمێری من،  هەر ئێوارەی ئەمشەو بوو. سەرلەئێوارەی جێهێشتنی لانکەی دایە، لەسەر سفرەکە دانیشت بووین، نیوکاژێر جارێک تەقەی کەوچکێک دەهات، کاتێک بەر قاپێک دەکەوت. لەپڕ کەوچکەکەی دەستی، کە دەیبرد بۆ دەمی، کەوتە خوارەوە، بەپەلە ڕایکردە لای چراکە، گڕەکەی زیاد کرد. چراکە هێسی کرد.کەمێک کۆکی و ئاو بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە…

-ئای کوڕی شیرینم،ئەم چرایە چەند من هەراسان دەکات.

-هیچ نییە دایە. هیچ نییە.

لەوە تێنەگەیشتم، چی پێوەندییەک لەنێوان بەربوونەوەی کەوچکەکە و چراکەدا هەبوو؟!  بە لەچکە ڕەشەکەی کەمێک پێڵوەکانی سڕی.  هێندە بەهێواشی کەوچکەکەی بۆ لێوەکانی دەبرد،دەتگوت کەسێکی لێیە، وێنەی دەست و کەوچکەکەی دەکێشێت. من کەم کەم کەوچکم لە بەرنجەکە دەدا،لە فریشتەی مەرگم دەکرد،کاتێک مرۆڤەکان وەکو برنجەکە،هێدی هێدی دەبات.

-هەستە کوڕم،  تا بچینە سەر گۆڕی باوکی ڕەحمەتیت.

چل چرکەی خایاند،تا ئەو قسەیەی درکاند. کەوچکەکەم زۆر بەهێواشی دانا، زۆر بەهێواشی قەمسەڵەکەم لەبەرکرد، خاو بوو بوومەوە،تا نزیکی بوورانەوە.  بە دەستە لەرزۆکەکانی چراکەی هەڵگرت و عەباکەی دا بە خۆیدا و پێڵاوەکانی بۆ من دانا.

-دایە باشیت؟

بەخاویی گووتی: بۆ کوڕم؟

-زۆر لاواز دیاریت، بۆ ئاوا بە خاوی دەجوڵێیتەوە و هێواش قسە دەکەیت؟

-ماندووم…

زۆر سەیرە، ئەدی بۆ خۆشم هەر وام؟  خۆ منیش بەخاوی قسە دەکەم، گیانم خاو بوو بووەوە،ناوچەوانم سڕ و ناخم سارد،تەنانەت هەناسەشم بەکاوەخۆ هەڵدەمژی.  دەستەکانم،قاچـمم سارد بوو بوونەوە.  دەمویست بڕشێمەوە،  بکەوم،حەزم دەکرد لەوێدا بنووم، بەڵام ئەو وەکو ئەو نووستنەی ئێوە نا،  بەڵکو نووستنێک بەبێ خەون و بەبێ بەئاگاهاتنەوە.   من دەمێکە ئەو بڕیارەمداوە،  وەلێ هەستم دەکرد دەبێت پەشیمان ببمەوە.    بەڵام دەی ئەوە پەشیمانیش بوومەوە، ئایا پەشیمانی من، ڕێ لەو تفانە دەگرێت ، ئەم خۆڵە لێمی دەکات؟ ئایا پەشیمانی من، بۆ چرکەیەکیش دەتوانێت مرۆڤەکانی سەر ئەم خۆڵە پەشیمان بکاتەوە، لە کوشتنی یەکتر؟ من لە شەڕی براکوژیدا،   گولەهاوەنێک قۆڵێکی فڕاندم،  گولەهاوێژەکە کەریمی ئامۆزام بوو. گەر بە ڕۆیشتنی من، کەریم بۆ یەک چرکەیش هەست بەوە بکات، ئەو کارەی هەڵە بووە، من پەشیمان دەبمەوە!  من لە داخی جەنگ ئەو بڕیارەم نەدا،بەڵکو ئەو شتەی بۆی دەجەنگاین ئەم بڕیارەی بە من دا،ئەو شتە (هیچ شتێك) بوو،ئێمە بۆ (هیچ شتێك) دەجەنگاین. لە ڕێگادا بووین، بەرەو گڵکۆکەی باوەم.لە پڕ دایەم بەکزییەکەوە گووتی:

-هەر دەڕۆیت؟

-پاش ئەوەی بە هەموو بوونمەوە لە ئامێزت دەگرم، بەڵێ.

-برۆ کوڕەکەم بڕۆ،بەڵام بە مەرجێک.

-بڵێ دایە.

-ئاوڕ نەدەیتەوە،  چونکە دەترسم  ئاوڕبدەیتەوە،  ئەمجارە چاوەکانت بەرن!.

-باشە دایە.

چووینە سەر گۆڕی باوە،  چراکەمان لەسەر زەویەکە دانا،  بەسەر کێلەکەدا چاوەکانمان تێر ڕشایەوە. گۆڕستانەکە،تەنها هی ئەو مرۆڤانە بوون جەنگ کوشتبوونی. چراکەم هەڵگرت و  دەستمکردە خوێندنەوەی کێلەکان.

ئەحمەد تۆفیق-بەرووار-بۆ نیشتمان.

کەریم سدیق-بەرووار-لەپێناو خۆڵ.

فاتیمە حەمە ڕەشید-بەرووار-لەسەر سەنگەرێک گولەیەکم لیدرا،تا منداڵەکانم،بژین.

نەناسراوێک-بەرووار-تەرمێک لە شەڕێ براکوژییەوە.

زۆریتر…

چیرۆكنوس؛ میران جه‌نگاوه‌ر

هێندە لە برین بێزار بووم،  هەتا هێزم هەبوو چراکەم بەرەو ئاسمان فڕێدا، چونکە بریندار کردنی تاریکیشم لا بەد بوو.  چراکە کەوتە سەر زەویەکە،  شوشەکەی شکا،کوژایەوە.بە تاریکی بەرەو ماڵ غلۆر بووینەوە.

ئەو شەوە دەبوو،کاتژمێر چواری بەیانی، ئۆتۆمۆبیلێك بێت بە شوێنمدا.  ئەو کاتەی گەڕاینەوە،کاتژمێر حەوتی شەو بوو. سەرم خستە سەر جێگە،خەوتم.کاتژمێر سێی بەیانی،هەڵیساندم.

-کوڕم هەر سەعاتێکت ماوە.هەڵسە پارویە بخۆ و خۆت کۆ بکەرەوە.

-دایە توخوا کۆشتم بەرێ.

سەرم خستە کۆشیەوە،  دەستی بەسەرمدا دەهێنا،  هەستم بە شێیەک دەکرد، بەر پرچم دەکەوت، هەستم بە پەنجەکانی دەکرد،   دەئاڵانە تاڵەکانی پرچمەوە.  لە دڵی خۆمدا گووتم؛   خودایه‌ من چۆن ئەم ژنە جێبهێڵم،  بەبێ ئەم ژنە ژیانم دەبێت بە درزێکی تر…من بینیومە کاتێک قوڕ بۆ دروستکردنی خانوو دەشێلن، وو‌ردە کای پیادا دەکەن، تا درز نەبات.  یاخود چیمەنتۆ پاش ئەوەی دەبێت بە سەبه‌،  دەبێت چەند ڕۆژێک ئاوی پێدا بکەیت، تاوه‌كو درز نەبات.  کە لە کۆشیدا بووم،  هەستمدەکرد منیش خانوویەکی گڵم،  خودا ژنی وەکو کا کردووە بەسەرمدا،   تا قڵیش نەبم. لە کۆشیدا کەمێک خەو بردمییەوە.  خەونێکێکم بینی؛ کەڵەئاسکێک تەنها خۆی لە قەد چیایەک دەژیا، لە پڕ لە ترۆپکەوە بازیدایە خوارەوە، هەر لە ئاسماندا بوو بە دەڵەمەیەک لە خوێن. لەپڕ بەهۆی دید و هوڕی سەیارەکەکە ڕاچڵەکیم. لە کۆشی دایکم ڕاپەڕیم.  بەپەلە بیجامەیەک و کڵاوێک،جوتێ دەستکێش و قەمسەڵەیەکم، تێهاویشت.  دایکم لە مەتبەخەکەوە هات، دوو کولێرەی بەدەستەوە بوو،دایە دەستم،بە ئاوازێکی زۆر بەسۆزەوە گووتی:

-توخودا ئاوڕ مەدەرەوە.

من باش دەمزانی درۆ دەکات، دڵنیام نەک چوونم بۆ کیشوەرێکی تر،  بەڵکو چوونم بۆ لادێیەکی تری  دۆڕانێکی گەورە بوو بۆی.   ئەو ژنە ئەو شەوە منی دۆڕاند، هەرگیز یەکترمان نەبینیەوە، هەرگیز یەکدیمان لە باوەش نەکردەوە.

 

دڵنیابوومەوە لەوەی، کچەکە بەرەو ڕووی من دێت، خەندەیەک لەسەر لێوی بوو،کە بۆ من زۆر مەترسیدار بوو، دەڵێن؛ پووش تا وشکتر بێت زووتر گڕ دەگرێت. من ژن لەناو سەرمدایە، بەڵام (ژنێك) نا. ئەوەی لەناو سەرمدایە تەنها هێڵکارییە،  لێوی گۆشتن نییە،  سووراوی نەکردووە، با پرچی پەرش ناکات. تەنها دەزانم ژنە، بەڵام کەسایەتییەک نییە،بەڵکو خودی (ژن) خۆیەتی. هەزاران شەوە هەواڵی دایکم نازانم،  گوێم لە دەنگی نەبووە.  ئەم دووریەم لەو، هێندەی تر بۆشاییەکانی فراوانتر کرد بووەوە .  کچەکە زۆر نزیکبووه‌وه‌  لێم. زۆر دەترسام، دەمزانی ئەمشەو دەنکە شقارتەیەک دەکەوێتە خەرمانی وشکی ڕۆحمەوە. جگەرەیەکم بەکاوەخۆ داگیرساند. بە پێکەنینەوە هاتە بەردەمم.

-Hey dear sorry that is all I have.

دە پاوەنییەکی بۆم درێژ کرد. کزۆڵی و لاوازیم،   وێنەی دەرۆزەکەرێکی لای ئەو کێشا بوو. لەپڕ هەستامە پێ،  جگەرەکەم فڕێ دا،سەیری ناو چاوەکانیم دەکرد،دوو دەرگا بوون، لێوەی مرۆڤ دەچووە شوێنێکی تر, شوێنێک من دەستم پێی نەگەیشتووە،تەنانەت پەییم پێی نەبردووە.  کاتێک منی ئاوا بینی،   خەندەکەی کاڵ بووەوە.   لەپڕ باوەشم پێیدا کرد،لوwتم نا بە پرچییەوە زۆر بەتوندی بۆنیم کرد. دەڵێن؛ کاتێک مرۆڤ دەمرێت، ڕۆحەکەی لە دەروازەی مەلەکوتەوە دەچێتەوە بۆ لای خوداکەی.  باوەشی ژنیش دەروازەیەکە بۆ دنیایەکی تر،  کە جارێ کەس نەیدۆزیەوەتەوە،من چوومە ئەو دنیایەوە…تامی میوەجاتێکم کرد،تامەکەی بۆ من تازە بوو، هەوایەکی جیاوازم لەو دنیایەدا هەلمژی.  هێڵکارییەکەی ناو سەرم،هێدی هێدی لە (ژن)ەوە دەبوو بە(ژنێک)،  شێوەی ئەم کچەی باوەشمی وەردەگرت.

کچەکە خۆی ڕادەوەشاند، دەیوویست بە هەر جۆرێک بووە لێم دەرباز بێت.  خەڵکی هەموو سەیری ئێمەیان دەکرد.  دەستم کردە گریان،   نەمدەویست لە باوەشم دەرچێت، بەدەم گریانێکی قۆڵەوە،کەمێک ئامێزم شل کردەوە،  تاوه‌كو ڕوخساری ببینم،  سەیرێکی ناوچاوی یەکترمان کرد،  لێوم بۆ لێوی برد،توند ماچم کرد.  لێوی هەردووکمان، بەو ڕۆندکانەی لە چاوەکانمەوە دەهاتنە خوارەوە،تەڕ بوو. چاوم نوقاند بوو، بۆشاییەکان هێدی هێدی پڕ دەبوونەوە…

خۆی ڕاپسکاند،لە باوەشم دەرچوو،بە جانتاکەی دەستی،هەموو سەر و ملی کوتیمەوە،تفێکی لێم کرد،  جێمیهێشت، کزۆڵ کزۆڵ،  لێیم دەڕوانی کاتێک بە ڕاکردن لە گۆڕەپانەکە دەچووە دەرەوە. بەیانی لە ڕۆژنامەدا نووسرا بوو؛ دەرۆزەکەرێک لە گۆڕەپانی فڵان دەسترێژی کردە سەر جوانوویەک…

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین