لەم ماوەیەدا، ڕۆژنامە و گۆڤارە کولتوورییەکانی سوێد ڕانانی کتێبێکیان، کە بە سێ بەرگ لە ئەڵمانیا و بە زمانی ئەڵمانی لەسەر ژیان و بێوگرافیای فرانس کافکا ١٨٨٣ – ١٩٢٤ دەرچووە، بە تێر و تەسەلی کردووە. لەم کتێبەدا، جیا لە هەموو ئەو کتێبانەی تاکوو ئێستا لەسەر کافکا دەچوون؛ بە وردی باسی هەموو شتێک دەکات: ئەو خواردنانەی حەزی لێیبووە، ژیانی سێکسی و پێوەندییەکانی بە دونیای ئافرەت و کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەم نووسەرە ئەڵمانییە، رەینەر شتاخ Reiner Stach ژیانێکی تری بە کافکا بەخشیوە، کە زۆر نێزیکە لەم ژیانەی ئێمەوە؛ ئەم نووسەرە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە، کە دونیا ئەدەبییەکەی کافکا، ئەو گەردوونەی ئەو خوڵقاندوویەتی، بەشێوەیەکی ترسێنەر نزیکە لەم دونیایەی ئێمەوە. ئەم سێ بەرگە پێکەوە دوو هەزار لاپەرە دەبێت، بەرگی یەکەم (ساڵەکانی بڕیار) لە ساڵی ٢٠٠٢، بەرگی دووهەم (ساڵانی دوای ددان پیانان) لە ساڵی ٢٠٠٨ و بەرگی سێیەمیش (ساڵە بەراییەکان) لە ساڵی ٢٠١٤دا لە دەزگای فیشەرS Fischer Verlag دەرچووە و هەر خێرایش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و وەرگێڕانیشی بۆ هەندێک زمانی تر، بۆ نموونە سوێدی، بەڕێوەیە.
یەهودییەت جێگای سەرنجی کافکا بووە، بە تایبەتیش یەهودییە ڕۆژهەڵاتییەکان، کە ئەو لە پراگ و لە کاتی هەندێک نەمایشی شانۆییدا دەیانبینێت، دواتر لە کاتی جەنگدا ئەم یەهودیانە، وەک کۆمەڵێک پەناهەندەی هەژار دەبینێتەوە. هاوکات ئەو شەپۆلە دژە یەهودییەیش، کە لە کۆمەڵە مانیڤێستێکدا، لەبەر دەم دەرگای ماڵی خانەوادەکەیدا، چەند جارێک ڕوودەدات، کارێکی زۆری تێدەکات. لەوانەیە یەکێک لە تێکستەکانی دوا ساتەکانی ژیانی سەبارەت بە جوسفینای گۆرانیبێژ و هەروەها (کڵاوە نەرمەکەی گەل)، وەک جۆرە چیرۆکێکی هێماگەلی سەبارەت بە یەهودییەکان بخوێندرێتەوە. لهوێدا ئاماژە بە خۆی، وەک گۆرانیبێژە بێدەنگەکە دەکات: نەخۆشی سیل هێندە کاری تێکردبوو، کە نەیدەتوانی چیتر گۆ بکات. جوسفینا-یش هێندە دوورنییە لە ناوێکی وەک (یوسف)ەوە، کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانی پرۆسێس، ئەمە جگە لەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە شەست ساڵ سیزەری نەمسا ناوی فرانس یوسف-بووە، هاوکات (یوسف) و فرانس نێزیک بوون لە یەکترییەوە، بەم شێوەیەیش (یوسف) ئاماژەیەک بووە بۆ (فرانس کافکا).
کافکا لە زۆر رووەوە خۆی دەکات بە ئەدەب: وشەی (کاڤکە) بە چێکۆسلاڤسکی مانای قەلەڕەشۆکە دەگەیەنێت، ئەم باڵندەیەیش بە شێوەیەکی زۆر لە تێکستەکانی کافکادا باڵەفڕێیانە. یەکێک لە دەقە زۆر ئەندێشەئامێزەکانیشی باسی ڕاوچییەک دەکات بە ناوی (گراسێوس)، کە نە زیندووە و هەروەها نە بە تەواویش مردووە. ئەم چیرۆکە لە ناوچەیەکی ئیتالیادا، بە ناوی ریڤا-وە، ڕوودەدات، کە کافکا چەندین جار سەردانی کردووە، وشەی گراسێۆ gracchio یش بە ئیتاڵی قەلەڕەشۆکەیە و چەندان نموونەی تر.