جەلالی میرزا کەریم - هێڵکاری

جه‌لالی میرزا كه‌ریم؛ وەڵام لە نامەی چاوەڕوانی

Loading

سەباح ڕەنجدەر – هێڵکاریەکی قەرەنی جەمیل

خوێنەری ئازیز؛ ئەم شیعرەم لە دەفتەرێکی ڕەشنووسی: (جەلالی میرزا کەریم) وەرگرتووە، کە (سەرخێڵ سیروان نەورۆڵی) خوشکەزای پێی داوم. پێدەچێ شیعرەکە دواداڕشتن نەبێت، چونکە لە زۆر شوێندا دێڕ و کۆپلەی ڕەش کردووەتەوە و دووبارە بە جۆرێکی تر نووسیویەتییەوە و دەستکاری کردووە. دەفتەرەکە زیاتر (دە) شیعری ڕەشنووسی تێدایە و لەنێوان ١٩٧٠ تا ١٩٧٤ نووسراون. تەنیا توانیم ئەمە بھێنمەوە سەر یەک. ئەوانی تر دەدەم بە شارەزایەک ھاوکاریم بکات و بیانھێنێتەوە سەر یەک. دوای دڵنیابوون لە پاکنووسکردنیان بڵاویان دەکەینەوە.

سەباح ڕەنجدەر

هەولێر – ٧/٧/٢٠٢٢

 

 

وەڵام لە نامەی چاوەڕوانی

جه‌لالی میرزا كه‌ریم

 

((مناڵێکی لە خەم ڕەخسیو…

بە خوێنی نۆ ساڵی ئازارمان گۆشکراو

بە (بارزان)، بە (کوردە)، بە (شۆڕش) ناونراو

بەڵام ھێشتا باوکنەدیو

پرسیار… لە گەروودا تەزیو

وەڵام… لە چاوی ناو دەرگای خەویا گریو))

-کام ڕێ؟ کام کاروانی ئازارمان تۆی ھێنا

کام ھەواڵی؟ پرسەی مەرگی پێشمەرگەکانمان تۆی ھێنا

ڕێگا! ھاتیت! چیت بۆ ھانین؟

پەڵە! ھاتیت! چیت بۆ چانین؟

((گوڵاڵەی دەنگ…

لە شەپۆلی دووکەڵا چاوی ھەڵھێنا

سێبەری ڕەنگ…

بە شانەی گڕ پرچی ئاسۆی دائەھێنا

زمانی زەنگ…

ھەنگاوی وشەی سنگی کاروانی ڕێی ھەڵئەھێنا))

-گڕی سەنگەر منی ھێنا

ھەناسەی کیشوەری باوەڕ منی ھێنا

جەلالی میرزا کەریم – هێڵکاری

من ھەواڵی بنکەکانم

بۆ ھێناون

من وێنەی شەھیدەکانم

بۆ ھێناون

ھەموو ئاڵان… ھەموو ناون.

((ماڵ… بۆ ڕێگا، گوڵ ناگرێ

پەنجەرەی سنگ، شیعر ناڵێ

باڵای خەمی باوەگوڕگوڕ

بۆ (ئەرپە) ناوێ گڕ ناگرێ))

-دایە! بۆ دەنگ ھەڵنابڕی

بۆچی بۆ ئەرپە ناگری

((گریان ھەورێکی نەزۆکە…

ئەرپە بۆ دایک چیرۆکە

ھەنگاو… بۆ ڕێی مەرگ… دڵدارە

تەنیا گۆرانی بۆ مێژووی شیعروتن… پەلامارە))

-کوڕم ئێمە ھەموو ڕۆژێ

دەیان ئەرپە لەناو دڵمان ئەنێژرێ

کوڕم! ئەرپە

لەم شارەدا بۆتە چرپە

((فرمێسکی شار…

ڕێچکە ئەگرێ.

لقی ھاوار…

گوڵاڵەی برووسکە ئەگرێ

باڵی ھەور…

بەرەو دۆزەخی گڕ ئەفڕێ

نەڕەی تەور…

چرپەی سنگ دارستانی چڕ ھەڵئەدڕێ

شەقام… ڕێ بە ڕێبوار ئەگرێ

ڕێبوار… یەخەی دیوار ئەگرێ))

-بۆ فرمێسکی لقی باڵای نەڕەی شەقام

زامەکانی نۆساڵەی خەم ناشواتەوە؟

بۆ ڕێچکەگوڵاڵەی بەرەو چرپەی ڕێبوار

بۆ ڕێی باخی چەخماخەدار ناباتەوە؟

((شار نازانێ… شۆڕەسوارێ…

بۆ… گڕ لە چاوی ئەبارێ

دایک نازانێ بۆچی کوڕ

لە (ئەرپە) ناوێ ئەپرسێ…

پرسیار لە وەڵام ئەترسێ…

وەڵام لە نەڕەی خۆی ھەڵدێ))

– ئه‌بێ دیوار

وێنە و دروشمی خوێنی پیا ھەڵواسرێ

 ئه‌بێ ڕێبوار

ئاگری تێ بەردرابێ

ئەبێ دەنگ… وشەی گۆرانیی خۆی بنووسێ

گۆرانی… لە نۆتە و ئاوازێ پرسێ

کەی ئەوترێم؟

ئەبێ گوللە وێڵی تفەنگی خۆی ببێ

تفەنگ… بە سەنگەری بڵێ:

کەی ئەتەقێم؟

ئەبێ شیعر… بنەڕێنێ

کەی ئەنووسرێم؟

ئەبێ شۆڕش… ھەموو دنیا بجووڵێنێ

بگرمێنێ

بڵێ: بۆچی ھەڵناگیرسێم؟

((شار تینووە…

تینووی چۆڕێ خوێنی پەڵەی شۆڕشی سەرھەڵگرتووە

سەرھەڵگرتووی ڕێی درێژی

بست بست زامی ئاگرڕێژی

………. بەرەو کێوە

دەنگ سووتووە

گۆڕ سرکەییی بارانێکە نەھاتووە

گوللە بۆنی گوڵ ھەڵئەمژێ

بزە چزەی ھەنگ ئەکوژێ

………. خوێن تەنیا سووراوی لێوە))

-ئەم شەقام و کۆڵانانە جێ ناھێڵم…

ئەمێنمەوە

………. گوایە وێڵم

بەڵام… سووتووی ھاوارێکم، ناتوێمەوە

وێڵم بە دوای دەرگای کۆشکی پێکەنینا

نەء، شیعرێکی ئاگرینا.

((تەرمی ھەڵوێستێک ھاتەوە

تینوو، ئاگر لە چاوی گریاناویا ئەخواتەوە

(بەری ئاسمان ھەور و تەمە

عالەم دڵی پڕ لە غەمە

بۆ شەھیدانی وەتەن…)*

-مەگرین، ھەیە داستانی مەرگی گیڤارا

بکات بە گیانی ھەناسەی زامی شارا

سۆراخی سوار… ژان ئەچێنێ

بزە لە بەردەم پەیکەری گریانێکا… ئەگریێنێ

مەی… فرمێسکە… تیلەی چاو ئەبزڕکێنێ

چاو… زنای ئازار ھەڵئەسێنێ.

پرسە… بۆ شەھید ڕێک مەخەن

چەند قوربان بدەن ھەر کەمە

ئامانج زینە… ڕێگا مەمە.

 

 

*ئەم کۆپلەیە وەرگیراوە.

 

فەرموون لەگەڵ پێگەی تایبەتی شاعیر جەلالی میرزا کەریم

 

سه‌ره‌تا

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌