كێ شاجوانە؟

Loading

ئایا بەڕاستی كەسێك لە كەسێكی تر جوانترە؟ ئایا جوانی تەنها بوونێكی جەستەییە یاخود ڕۆحی؟ ئێمە دەتوانین لە سەر ستەیجێك جوانەكان لەیەك جیا بكەینەوە؟ ئایا كۆمەڵگەی ئێمە كێشەی دۆزینەوەی كچە جوانەكانی هەیە یان پیاوە ناشرینەكانی دەسەڵات؟

ئێمە لە كۆمەڵگەیەكداین كە كارخانەیەكە بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانەكان. ئێمە لە شوێنێكدا ژیان دەكەین، هیچی لە شوێنەكانی دنیا ناچێت، دەمانەوێت مێینە بەلەباریكەكانمان بێنینە سەر ستەیج و بەوانی تر بڵێین ئێمەش لەناو دنیای سەرمایەداری و مۆدێرنەداین.


لە ئێستادا، ئێمە كێشەمان دۆزینەوەی مێیینە جوانەكان نییە، بەڵكو كێشەمان لە ناشرینە نێرینەكاندا هەیە كە مەملەكەتێكیان لەگەڵ خۆیاندا ناشرین كردووە. ئێمە كێشەمان نیە كێ لەسەر  سه‌تیج جوانە یان ناشرین، بەڵكو كێشەمان ئەوەیە كە تۆ بە نیشاندانی كچە بەلەباریكەكان دەتەوێت ناشرینیەكانی خۆت بشاریتەوە. 

ئێمە مێینەی ناشرینمان نییە تا ئێوە جوانەكان هەڵاوێرن، بەڵكو ئێمە سیستەمێكی ناشرین و سەركردەی ناشرین و حزبی ناشرین و شاشەی ناشرینمان هەیە.


بەڕاست جوانەكان ئەوانەن لەسەر شاشەن، یان ئەوانەن لە سەنگەرن، ئەوانەن لەسەر ستەیجن یان ئەو مامۆستا و كارمەندە ژنانەن لە بێ مووچەیی لەسەر شەقامەكان خۆپیشاندان دەكەن؟


ئەو كچانە جوانن كە بە ئازادی دەفڕن، نەك لەناو قەفەزی شاشەكان و زیندانی ستەیجەكان قەتیس كراون، ئەو مێینانە جوانن كە بێئەوەی ئەوی تر بڵێ جوانن خۆیان جوانن، نەك ئەو مێیانەی دونیایەك پارەی ئەم مەملەكەتەی تێدا خەرجدەكرێت و لەسەر شانۆ نمایشی پێدەكەن تا بە خەڵكی بسەلمێنن جوانن.


جوانی ناسەلمێندرێت، ئەوەی جوان بێت خۆی جوانە، چەند داماون ئەو كچانانەی چاوەڕێی ئەوەن لیژنەكان بیانكەن بەجوان.


ئێمە كێشەی دۆزینەوەی كچە جوانەكانمان نییە، بەڵكو كێشەی پیاوە ناشرینەكانمان هەیە، پیاوە نێرە ژن كوژەكان، عەشائیرەكان و ئەو پیاوە دینیانەی بە ڕیزە ژنی جوان لە خۆیان مارە دەكەن و لەماڵەكانیاندا زیندانیان دەكەن. ئێمە كێشەی پیاوە ناشرینەكانی حوكمڕانیمان هەیە كە پێویست بەخۆماندوكردن ناكات و دیاریكردنیان زۆر ئاسانە.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.