سباح ڕەنجدەر - هایدگەر - هۆلدەرلین

شاعیری شاعیران، بە دەنگهاتنەوەی (بوون)


نەخشەیەکی ئۆنتۆلۆژیانەی قەسیدەی: (مردووان گۆرانی زه‌ویی دووه‌میان دەڵێن)ی سەباح ڕەنجدەر

Loading

شاعیری شاعیران، بە دەنگهاتنەوەی (بوون)؛ نەخشەیەکی ئۆنتۆلۆژیانەی قەسیدەی: (مردووان گۆرانی زه‌ویی دووه‌میان دەڵێن)ی سەباح ڕەنجدەر

مردووان گۆرانی زه‌ویی دووه‌میان دەڵێن

ئیسماعیل حەمەئەمین

١

دەستەواژەکەی `مارتین هایدگەر` لەمەڕ `هۆڵدەرلین` بەوەی؛ هۆڵدەرلین `شاعیری شاعیرەکانە` هەروەها هایدگەر دەنووسێت؛ “ لەبەرئەوەی هۆڵدەرلین قەدەری شیعریی هەڵگرتووە، جەوهەری شیعر و چییەتی شیعری خۆی شیعراندووە“[1] لێرەوە دەتوانم ئەم دەستەواژەیە قەرزبکەم و بڵێم؛ `سەباح ڕەنجدەر `شاعیری شاعیرەکانە`.

بۆ تێگەیشتن و سەلماندنی ئەم تێزە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ میتۆدی هایدیگەر لە شرۆڤەی شیعریدا، شیعر وەک زمان، شیعر وەک `ماڵی بوون`، شیعر وەک `دواندنی خواکان`، شیعر وەک ` بەدەنگهاتنەوەی بوون`، وەک `بەرەو جیهان چوون`، هەروەها `لەنێو -جیهاندا – بوون`، یان وەک `هاینریخ هاینە`ی شاعیری ئەڵمانی دەڵێت؛ `درزی ئەم جیهانە بەنێو دڵی شاعیردا تێدەپەڕێت`[2]

بۆ سەلماندنی ئەم گریمانە ئۆنتۆلۆژییە  کە دەڵێم؛ `شاعیری شاعیرەکان`، دەبێت لەو میتۆدە ئۆنتۆلۆژییەوە دەستپێبکەین کە هایدگەر تێگەیشتنی ئۆنتۆلۆژیانەی خۆی لەسەر شیعر پراکتیزە کردووە. شیعر وەک `ڕووداو – Ereignis`  هەروەها شیعر وەک  تێپەڕندانی `دواخوایە – Der letzte Gott `.

ڕوودانیش بە سادەیی قسەی لەسەر بکەین، هیچیتر نییە جگە لە بەدەنگهاتنی `دەنگدانەوەی بوون`  و `چییەتی بوون`ە  کاتێک ڕۆشنایی هەقیقەت دەدۆزێتەوە و لە شاراوەییەوە بەرەو ڕاستەقینەیی، لە خۆی دەگرێت. بەمجۆرە شیعر زمانی خواکانە، خواکانیش پێویستیان بە مرۆڤە بۆئەوەی دانیانپێدابنێت و قسەیان لەگەڵدا بکات.  ئاوەها، لای هایدیگەر`لێرەبوون – دازاین-  Dasein ئاماژەیە بۆ مرۆڤ…  لەم خاڵەوە، دازاین چیتر پێویستی بە خواکان نییە، ئەوان تەنها هەبوون و بوونیان هەیە لە کایەکی ڕەمزیدا. ئەوە دازاینە، یان بابڵێین؛ لێرەبوونە، کە لە ڕوودانی خۆیدا، خواکان دەدۆزێتەوە و دەیاندوێنێت. ئەوە داهێنەری شیعرییە کە `دواخوا` تێپەڕدەکات. خۆ ئەگەر شیعر خواوەندەکان نەدوێنێت، ئەوا خواوەندەکان لە بێدەنگی خۆیاندا دەپووکێنەوە. ئیدی لەگەڵ دواندنی شیعریی  داهێنەرانەی شاعیر لەگەڵ خواکاندا، شاعیر، بەگوزارشی هایدیگەر  `ناو لە خواکان دەنێت` و دواخوا تێپەڕدەکات. ئەو دازاینەی کە دەتوانێت دواخودا تێپەڕبکات، بێگومان شاعیری شاعیرەکانە. بەمجۆرە  شاعیری شاعیرەکان لە زەمەنی مۆدێرندا دەبێتە ئەو پەیامبەرەی  بەلای دواهەمین خوادا تێدەپەڕێت و بانگەشەی مردنی دەکات، وەک هۆڵدەرلین دەڵێت: `ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنها ئەوەیە کە شاعیرەکان دەیخوڵقێنن`[3]

٢

بێگومان هەموو شاعیرێک شاعیری شاعیرەکان نییە و  بەدەنگ بوونەوە ناچێت. هەموو شاعیرێک شیعری لەنێو کایەی بوونگەراییدا (بوونخوازی) ناسووڕێتەوە، هەموو شاعیرێک زمان وەک ئامانج و ماڵی بوون و نەخشە و کڵێشەی بوون  نابینێت.

لێرەوە تەنها مرۆڤە ڕەسەنەکانن کە `دەنگدانەوەی بوون` دەیانهەژێنێت  و  ناڕەسەنەکانن وەک مرۆ -پیاو`man ` بە `ڕۆژانە ژیاندا` تێدەپەڕن و لەنێو هەبووەکانی ڕۆژانە ژیاندا، بێ بیرکردنەوە لە `بوون`،   ژیان بەسەردەبەن. هەمان هاوکێشەش ڕاستە بۆ شاعیرە ئاساییەکان، ئەوانەی تەنها شاعیری دەربڕینی هەبووەکانن و لە میتافیزیکای شیعریدا دەژین. بە مانای  ژیان لە کەنار زمانێکی میتافیزیکی و ئایدیالیستیدا بەسەردەبەن کە دابەشبووە بەسەر؛ خود و بابەت، یان بڵێین؛`سوبێکت و ئۆبێکت`. زمان لەم بارەدا  تەنها دەربڕینە لە هەبووەکان و لە جیاتی ئەوان دەدوێت، نەک شوێنای ئەوان لە جیهاندا دیاری بکات. لەم خاڵەوە، لە تێڕامان لە پرۆژەی شیعریی ڕەنجدەرەوە، قسە لەباره‌ی ئەم   تێزەمان  دەکەین بەوەی؛ زمانی شیعری کوردی  تەنها لە کایە میتافیزیکیەکەیدا سووڕاوەتەوە، گوزارشە لە دڵدار، لە نیشتمان، لە سروشت، لە ئایدۆلۆژیا و ئاینپەروەری…تاد،. بەڵام دوورە لە مانا بوونگەراییەکانی و `چییەتی بوونی`یەوە… بەمانای میتافیزیکیانە ئایدیایەکی پێشینەیی هەیە بۆ هەبووەکان، بەڵام دوور لە  بوونی هەبووەکان لەنێو جیهاندا، دوور لە کایەی بوون، بیردەکاتەوە. هەروەها، دوورە لە پرسە گەورەکانی بوون و لە جیهاندا بوون.  بەمەش، زمان تەنها لە کایەی ئۆنتیکدا سووڕاوەتەوە، بەمانای لە کایەی هەبووەکان، نەک کایەی ئۆنتۆلۆژی، بابڵێین؛ بوونگەرایی و بوونخوازی[4]. شیعری کوردی لە هەندێک باری تایبەتدا نەبێت، تاوەکو دەگاتە پڕۆژەی (سەباح ڕەنجدەر) وەک شاعیرێکی تاقانەی ئەم تێڕامانە، لە کایەی هەبوودا سووڕاوەتەوە نەک کایەی بوون.

لە مێژوویی شیعری کوردیدا، شاعیرانی لەمجۆرە زۆرن کە تەنها لەگەڵ هەبوودا دەستەملانن، لەگەڵ هەبووندان و بوونیان لەیادکردووە. ئەمانە بەدرێژایی ژیانیان بە هاواربوون بۆ جەماوەرخوازی و  بۆ `ئەویتر` نووسیوویانە، بۆ چرکەساتێکیش لەگەڵ `بوونی خۆیاندا` ئاشتنەبوونەتەوە. ئەمانە `بەدەنگ بوونەوە` نەچوون و لە کەنار هەبووەکاندا ژیاون؛ وەک مرۆیەک ژیاون، نەک وەک ڕەسەنێک لەنێو ماڵی بووندا ببنە پارێزەری بوون. ئەمانە تەنها  لەنێو زەمەنێتی،  یان دەتوانینی بڵێین `کاتێتی – Zeitlichkeit`  ژیاون، بەڵام نەبوونەتە `مێژوو `ی شیعریی  و `مێژووگەرایی –  Geschichtlichkeit ` و بوونی خۆیان و لەنێو جیهاندا بوون و پڕۆژەی بوونی خۆیان  هه‌ست پێ نەکردووە. ئەم شاعیرانە دەکرێت لە کاتیگۆرییە سیاسیەکەدا ببنە `شاعیری نەتەوە` بەڵام هەرگیز شاعیری  ڕەسەنی خۆیان نەبوون.  

ئەم شاعیرانە نەیانتوانیوە لە میتافیزیک بێنە دەرێ بۆ کایە گەورە ئۆنتۆلۆژییەکە؛ هەربۆیە شاعیری گەورەی میللەت لەنێو کولتوری میتافیزیکدا، ئەو شاعیرەیە کە هاوار بۆ هەبووەکان، بۆ جەماوەر دەکات. هاوار بۆ کۆکردنەوەی کۆگەلی کۆمەڵایەتی دەکات، هیلاکە بە دوای کۆکردنەوەی جەماوەری فراوان. لێرەوە دەگەینە ئەو ڕایەی؛ بەشێکی گەورەی ئەدەبی ئێمە بە ڕۆماننووس و چیرۆکنووسە جەماوەرخوازەکانەوە تەنها لەدەوری هەبوودا سووڕاونەتەوە و ڕەدوویی سەلیقەی جەماوەرین و بۆ جەماوەری بەرفراوان و خوێنەری بەرفراوان دەنووسن، نەک پڕۆژەیەکی وجودیانە `بوونخوازیانە` بن. نەک  جیهانبینیەک و کۆنسێپتێکی مانای `پرسیاری بوون` بن، لە کاتیگۆرە گەورەکەیدا.

پرسە  گەورەکانی مێژووگەرایی لە ئاست پۆپۆلیزمدا، لە ئاست هەبووی جەماوەردا تانوپۆکراوە، نەک وەک پرسێکی بوونخوازی لەناو مێژوویەکی پڕ کارەسات و شەڕی شووناسدا. شووناس تەنها مانا هەبووگەراییەکەی هەیە، بەڵام دوورە لە مانا ئۆنتۆلۆژییەکەی. هەربۆیە، دەقەکان لەفۆرمدا جیاوازن بەڵام لەجەوهەردا یەکن و بەدەوری هەبووەکاندا دەسووڕێنەوە نەک بوون. بەمانای، ئەمانە ڕیزپەڕی زمانیان نەکردووە بۆ هاوکێشە ئۆرگینالەکە کە `پرسی بوون`ە.  

لێرەوە زمان وەک ماڵی بوون لە گەڕانیدا بەدووی مانای بوونی خۆیدا، وەک پارێزەری بوونی خۆی بەرجەستە دەبێت. بەڵام  ئەوانە شاعیرن لە دەرەوەی زمانی شیعریدا شیعر بەرهەمدەهێنن، و خۆیان کۆپی دەکەنەوە. بەڵام  ئەوەی لەنێو ماڵی بووندایە و لە هاوکێشە ئەنتۆلۆژییەکەدا کاردەکات و بەدەوری بووندا دەسووڕێتەوە؛ شاعیری شاعیرەکانە. هایدیگەر ڕای وایە؛ بوون خۆی بۆ ناڕەسەن و بودەڵەکان دەرناخات،  ئەوانەشەی کە `ڕەسەنن` لەنێو زماندا، لەنێو بووندا، بەرەو جیهان دەچن و لێرەبوونی خۆیان دەدۆزنەوە.

٣

میتۆدی ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕایەڵکردنی چەمکە فەلسەفیەکان و ماتماتیکە فەلسەفییە ئۆنتۆلۆژییەکانە بۆ نێو ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. لێرەدا من دەگەڕێمەوە بۆ میتۆد و کۆنسێپتی بوونگەرایی  هایدیگەر و لەم قەسیدەیە ڕادەمێنم.

بۆ ئەم ڕامانە چەندەها چەمک دەبنە هاوەڵی ئەم  شرۆڤەیە. هەربۆیە وەک بینیتان من چەندەها چەمک بەکاردێنم لەوانە؛ بوونگەرایی – بوونخوازی (ئۆنتۆلۆژی)، هەبوویەتی (ئۆنتیک)، هەبوو (زایندە)،  بوون (زاین)، لێرەبوون  (دازاین)… هەروەها چەمکەکانی وەک؛ ڕووداو، بیرکردنەوە، ماڵی بوون، ڕەسەن و ناڕەسەن، و دواخودا و مرۆ، یان پیاو (مان) و چییەتی شیعریی – Wesen der Dichtung زۆریتر… هەموو ئەمانە، لەم نەخشە ئەنتۆلۆژییەدا ئەو توڵانەن کە دەتوانین لە قەسیدەکەی (سەباح ڕەنجدەر) نێزیکبینەوە و تانۆپۆی بیرکرنەوەی شیعریی، پێ ئەرگومێنتسازی بکەین.

دیارە پێشئەوەی لەم قەسیدەیە و پرۆژەی شیعریی `سەباح ڕەنجدەر` بدوێم، هەوڵدەدەم بە زمانێکی ڕوون و تا ڕادەیەک خاکییانە، پڕۆژەی فەیلەسووفی ئەڵمانی مارتین هایدیگەر (١٨٨٩ – ١٩٧٦) لە خوێنەری ئەم لێکۆڵینەوەیە نێزیک بکەمەوە. بەو سیفەتەی لەم کارەدا ئێمە لە گۆشەنیگایی بوونگەراییەوە لە چەند  کۆپلە و دێڕێکی شیعریی ئەم قەسیدە گرنگە دەڕوانین. بە دیوێکی تردا، ئێمە چەمکە فەلسەفیەکان ڕووندەکەینەوە بۆئەوەی لە شرۆڤەی کاری ئەدەبیدا، میتۆدگەرایانە کاربکەین. هیوادارم لەم هەوڵدانە بچووکەمەوە، توێژەرانی فەلسەفە و هزرخوازان ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لە ڕێگەی تێزە هزریی و چەمکە فەلسەفیەکان، شرۆڤە بکەن. شیعری کوردیی و چیرۆک و ڕۆمانی کوردیی، پڕن لە بابەت و ڕایەڵخوازی ئایدیا کە تەنها هزر و فەلسەفە توانای دۆزینەوە و ڕۆشنکردنەوەیان هەیە. هیوادارم  ئەم لێکۆڵینەوەیە یەکەمین هەنگاوی میتۆدگەرایانەی ئەم ڕێبازە بێت.  

٤

کتێبە فەلسەفییە بەناوبانگەکەی مارتین هایدگەر (بوون و زەمەن – Sein und Zeit )  کە لە ساڵی ١٩٢٧ بڵاوبۆوە، وەرچەرخانێکی مەزن بوو لە مێژووی ڕۆحیی فەلسەفەی ڕۆژئاواییدا. کتێبێک کە تەواوی میتافیزیکا دەخاتە ژێر پرسیارەوە،  هەر لە پلاتۆنەوە  بیگرە تاوەکو کانت و هێگڵ، تاوەکو دەگاتە مارکس. هایدیگەر پێیوایە؛ کە میتافیزیکا `هەبوو – زایندە – Seiende ` و `بوون – زاین – Sein `ی تێکەڵکردووە و خاڵی جیاکاری بۆ دیارینەکراوە. بەمانای تا دەگاتە چرکەساتی پڕۆژەکەی هایدیگەر، فەلسەفەی خۆرئاوا، وەک میتافیزیک،  لەگەڵ `هەبوو`دا دەست و پەنجەی نەرمکردووە و پرسیاری `بوون `ی لە بیرکردووە. بەڵام جارێ بابزانین `بوون`  و `هەبوو` و `جیهان` و `ڕوودان` و `فڕێدان بۆ نێو جیهان` و `لە نێو جیهاندا بوون` دا  چیین؟

هەبوو بە ئەڵمانی `زایندە –     Seiende` یە؛  ئەوەی کە هەیە لە دار و بەرد و درەخت و هەموو شتێک کە لەبەردەستماندایە؛ کتێب، درەخت، چەکوش، پشیلە…تاد،. هەموو ئەمانە شتن و بونه‌وه‌رن و هەبوون، بەمانای لێرەداهەبوون، بەمانای هەبوونێتیان هەبووە.  چەمکی `لێرەداهەبوو` یاخود `هەبوونێتی`  بە ئەڵمانی و لاتینی پێیدەڵێن؛  ئێکسیستێنتس   Existenz  و ئەز بەم هەژارییەی خۆمەوە، بە  `هەبوونێتی` وەریدەگێڕم.

کەواتە شتەکان هەن و منیش لەناو هەبووەکاندا هەبوویەکم، بەڵام ئەوەی من جیادەکاتەوە لە هەبووەکانی دیکە زمانە، کە بە ئەڵمانی پێیدەڵێن؛ `  شپراخە – Sprache `  بێگومان زمان نەک وەک زمانی ناودەممان کە ئۆرگانیکە، بەڵکو وەک ئەو تۆڕە ئاڵۆزەی  وێنە و گفتوگۆ و لێکدانەوە و دواندن لەگەڵ خۆمان و ئەوانیتردا. بێگومان کەڕوڵاڵەکانیش بە هۆی زمانەوە بیردەکەنەوە، بەڵام ناتوانن زمان وەک ئۆرگان بەکاربهێنن و گۆی پێ بکەن. کەواتە مرۆڤ مەحکومە بە بوونی لەنێو زماندا و ماڵی بوون، زمانە. بەکورتی؛ ئەوەی هەبووی مرۆڤ جیادەکاتەوە لە هەبووەکانی دیکە ئەوەیە لە ڕێگەی زمانەوە بیردەکاتەوە، لەناو زماندایە، زمان هۆکاری بوونی خۆیەتی لەگەڵ چواردەوربەردا. ئەوەی مرۆڤ جیادەکاتەوە ئەوەیە؛  هەبوویەکە لە ئاستی تێگەیشتنی ئۆنتۆلۆژیدا خۆی دەبینێتەوە، بە مانای مرۆڤ بیر لە شوێنای خۆی، بیر لە `جیهان` دەکاتەوە.

ئاوەها چەمکی `جیهان – ڤێلت – Welt  `چەمکێکی دیکەی نەخشە ئەنتۆلۆژیەکەی هایدیگەرە.  ئەویش مانای ئەو دونیایەیە کە ئێمە تێیدا دەژین، بەڵام  ئێمە تێیدا فڕێدراوین. لێرەوە، فڕێدان `گێڤۆرڤنهایت – Geworfenheit  چەمکێکی دیکەی ئەم نەخشە هایدگەرییەیە. بە واتای، ئێمە بەدەستی خۆمان نەبووە لە چ خێزان و ناوچە و وڵات و کیشوەر و کولتور و زمانێکدا لەدایکبووین، خۆمان هەڵماننەبژاردووە، بە واتای، ئێمە فڕێدراوینەتە ناو هەبووەکانی چوار دەوروبەر کە `جیهان`ە. بە واتای؛ `جیهان` ئەو نێوەندە کۆمەڵایەتی و جوگرافی و کولتورییە و ژینگەییە کە تێدا فڕێدراوین؛ هایدگەر ئەمە ناودەنێت `فڕێدان بۆ نێو جیهان`.

چەمکی `فڕێدان – Geworfenheit ` و هەستکردن بە فڕێدان  بۆ نێو جیهان، هەستمان بە `بوون` لەلا ده‌ورووژێنێت.ئەویش بوونی خۆمە لەناو جیهان، بەوەی چ مانایەکی هەیە و چی من لە هەبووەکانی دیکە جیادەکاتەوە. لێرەوە مرۆڤ هەوڵدەدات شوێنای خۆی لە جیهاندا دیاری بکات و مرۆڤ دەیەوێت لێرەبوونی خۆی، دازاینی خۆی، لە جیهاندا دیاری بکات. بەمەش، هەبووی مرۆڤ کاتێک بیر لە بوون دەکاتەوە، لە کایەی هەبووە و باڵا دەبێت (ترانسێندێنتێس – Transzendenz)   دەبێتە خاوەنی  `لێرەبوون – دازاین – Dasein`.   ئیدی فڕێدان بۆ  نێو جیهان و نیگەرانی خۆی لە جیهاندا دەیبات بەرەو كرده‌ی  تێگەیشتن Verstehen     و بیرکردنەوە…

هاوتەریبی ئەم كرده‌یە، دازاینی مرۆڤ  وابەستەیە بە زەمەن – کات ` تسایت –Zeit` . کات وەک یەکەیەکی بچووکی کۆی زەمەن و کاتیش  وەک  تێپەڕبوونی جووڵەی کاژێر و ڕۆژ و ساڵەکان. بە مانای؛ کات بەوردی  پاشان زەمەن بەگشتی تێدەپەڕێت، بوون بانگمدەکات بۆ دیاریکردنی شوێنای خۆم و پڕۆژەی خۆم لە جیهاندا.

ئاوەها دەچینە نێو چەمکی `زەمەن – کات –  تسایت- Zeit ` کە جووڵێنەری پرسیاری بوونی منە لەناو هەبووەکانی دیکەی ئەم جیهانەدا. بێگومان تاکە سەرنجی گرنگ بۆ خوێنەری ئازیزمان ئەوەیە کە هایدیگەر لەسەرەتای پرۆژەکەیەوەیەوە لە کتێبی `بوون و کات` دا و لە لاپەڕەی سەرەتاوە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئەم کتێبە باسی زەمەن ناکات بە وردەکارییەکانیەوە بەڵکو باسی `زەمەن  -کات` دەکات لە چوارچێوەی تێگەیشتن و مانای بوون دا[5].

  هه‌ستپێکردنی ئەوەی کە زەمەن تێدەپەڕێت و کاتمان لەم جیهانەدا دیاریکراوە، `نیگەرانی` سەرهەڵدەدات. نیگەرانی بە ئەڵمانی پێیدەڵێن؛` ئەنگست -Angst`  و لێرەدا جیاوازە  لە `ترس` کە بە ئەڵمانی پێیدەڵێن `فروخشت – Frucht` کە سەرچاوەکەی دیاریکراوە، وەک ترس لە ئاژەڵی دڕەندە و شوێنی بەرز و ئاو و دووپشک زۆریتر.  بەڵام  (نیگەرانی – Angst) لەخودی خۆیدا ڕۆحی و دەروونییە و سەرچاوەکەی ڕوون و ئاشکرا نییە؛ وەک نیگەرانیمان لە دواڕۆژ، نیگەرانیمان لە پیربوون، نەخۆشی، کارەسات و چیمان لێ بەسەردێت…تاد،. لێرەوە نیگەرانی لای هایدیگەر چەمکێکی گرنگە بۆ هەستکردن بە `فڕێدان بۆ نێو جیهان`.

 هەموو ئەم بەریەکەوتنە لەگەڵ `زەمەن -کات`  پرسی بوون و دەنگی بوون دەخاتە بەر گوێ  لێرەوە، پرسی بوون لای هەبوویەکی وەک هەموو هەبوویەکی تر، کە مرۆڤە، جوادایە لە هەبووەکانی دیکە کە بە ژیان و جیهاندا تێدەپەڕن؛ مرۆڤ مادامەکی بە دووی `مانای بوون`دا  دەگەڕێت کەواتە لە کایە ئۆنتیکیەکەی `هەبوونێتێکەی` دەترازێت  دەچێتە کایە بوونگەرایییە `ئۆنتۆلۆژیی` گەورەکەوە و  هەست بە تێپەڕبوونی زەمەن دەکات. مرۆڤ نیگەرانە لەم دونیایەدا و دەیەوێت خاوەنی کڵێشەیەکی خۆی، یان چاکتر وایە بڵێم؛ پڕۆژەیەکی خۆی بێت. لێرەوە دازاین و `لێرەبوون – Dasein ` ئەو هەبووەیە کە بەدووی مانای بووندا دەگەڕێت.

 

`بوون – زاین –Sein` کە چەمکێکی سێنتراڵییە لای هایدگەر: بەوەی  `بوون – زاین`  ئەو ئاسۆگەی تێگەیشتنەیە کە مرۆڤ وەک هەبوویەک جودادەکاتەوە لە هەبووەکانی خۆی. مرۆڤ لە ڕێگەی زمانەوە، لە ڕێگەی `دواندنەوە`، گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆی و دەرەوەی خۆی دەکات و دەیەوێت شوێنای خۆی لە بووندا، لە زایندا،  بدۆزێتەوە. لە سیستمی بوونگەرایی هایدیگەرییدا؛ بوونی هەبووی مرۆڤ بە لێرەبوون، دازاین  Dasein پێناسەکراوە. بەمەش هایدیگەر دەیەوێت وشەی `مرۆڤ` کە وشەیەکی میتافیزیکیە، لە فەرهەنگە ئەنتۆلۆژییەکەیدا دەربکات و تەواو چەمکی `دازاین` بەکاردەهێنێت. ئێمەش لەم نووسینەدا لە جیاتی مرۆڤ،  `دازاین` و هەندێکجار وەرگێڕانە کوردییەکەی `لێرەبوون` بەکاردێنن، کە هەردووکیان یەکێکن… بەمجۆرە؛ مرۆڤ وەک هەبوویەک لە پرسیارکردنی بووندا، لە كرده‌ی بیرکردنەوەی لەنێو زماندا، دەبێتە؛ دازاین.

دازاین مەحکومە بە ئازادی: کۆی ئەم كرده‌یەی باسمان کرد، دازاین نێزیکدەکاتەوە لە `ئازادی` و دازاین لەم گەشتەیدا مەحکومە بە ئازادی. لێرەوە دازاین کۆی زمان کە ماڵی بوونە، دەکاتە ئەو قاوغەیەی، تێدا، بوونی خۆی  دەپارێزێت. دازاین لە پەیوەندی بە بوونەوە مەحکومە بە پرسی ئازادی. دازاین مەحکومە بە ئازادی و ناتوانێت لێی ڕابکات، هەربۆیە پرسی بوونگەرایی هەر لەسەرەتاوە پرسی ئازادییە.

لەم خاڵەدا دەوەستم و هەستدەکەم  ئەوەندە بۆ خوێنەری شرۆڤە شیعرییەکە پێویستە، بۆئەوەی، لە بەشەکانی دیکەدا بتوانێت بگەڕێتەوە ئەم بۆ ئەم بەشە. هەوڵمداوە جارێکیتر پێداگۆگیانە، پەروەردەکارانە، چەمکەکان لەبەشەکانی داهاتووشدا بەپێی پێویست لە خوێنەر نێزیکبکەمەوە. دیارە ئەوەی دەیەوێت بەدەر لەم شرۆڤە شیعرییە زیاتر لە فەلسەفەی هایدیگەر و بەتایبەت پڕۆژەی `بوون و زەمەن` قووڵ بێتەوە، یان زانیاری زیاتر بەدەست بێنێت، دەتوانێت بچێتە کەناڵی یوتووبی بەندەوە  ` Ismail Amin Hamalaw`، لەوێ زیاتر لە هەشت وانەدا لەژێر ناوی (وانە هایدیگەرییەکان) بە زمانێکی  ڕوون شرۆڤەکراوە، و هەڵمداوە چەمک و پڕۆژەی هایدگەر لە (بوون و زەمەن) دا  ڕوونبکەمەوە. 

 

https://www.youtube.com/@ikaros2009abl

  

٥

ئەوەی گرنگە لێرەدا و بۆ تێگەیشتن تەنها لە `چەند کۆپلەیەکی شیعریی` ئەم قەسیدەیە، ئەوەیە، کە لە شرۆڤەی  دازاینی شیعریی  نێزیکبینەوە؛ کاتێک لەگەڵ بووندا بەریەکەوتنی دەبێت.

دیارە نابێت ئێمە ئەوە لەبیربکەین کە ئێمە مەحکومین بە دازاین وەک چۆن دەکەوینە جیهانەوە، ئاوەهاش دەکەوینە زەمەنەوە، ئاوەهاش دەکەوینە نێو دازاینەوە و مرۆڤ مەحکومە بە دازاین… دازاین وەک گووتمان؛ خودی مرۆڤە کە خۆی لە هەبووەکانی دیکە جودا دەکاتەوە. دازاین تەنها مەحکوم نییە بە فڕێدان و فڕێدراویی، بەڵکو لەهەمانکاتیشدا   `پڕۆژەیە – Entwurf` یان کڵێشە و دیزاین و نەخشەیەکە بۆ جێگەکردنەوەی خۆی لە نێو جیهاندا. لێرەدا هایدیگەر ئەمە بە واقیع و فاکت و ڕاستەقینەیی Faktizität   پێناسە دەکات، کە ناتوانین لەم واقیعە ڕابکەین؛ چونکە دازاین دەیەوێت بژیت و بە نێو ژیاندا تێپەڕێت، ئەمەش دونیای ڕیاڵە و هەقیقەتە و فاکتێکە کە دازاین ناتوانێت لێی ڕابکات. بەمەش، دازاین، یان دەدۆڕێت، یان نەخشە و پڕۆژەکە دەباتەوە.[6]

بەپێی ئەم هاوکێشەیەی سەرەوە؛ دازاین خۆی لەنێو `پڕۆژەیەکی فڕێدراو`دا دەدۆزێتەوە، یاخود بە جۆرێکی تر قسەبکەم کەوتۆتە نێو پڕۆژەیەک لە ژیاندا، چونکە لەگەڵ هەستکردن بە تێپەڕبوونی زەمەن (بۆ نموونە تەمەن) `ئەگەرەکان`ی  بەردەم دازاین کەم دەبنەوە. هەموو شانسەکان پابەندن بە  `ئەگەرەکان – Möglichkeit`  ئەمانەش وابەستن بە `زەمەن` و تێپەڕبوونی `کات`. لێرەوە دازاین لەم نیگەرانییەوە، پڕۆژە و کڵێشەیەکە بۆ ژیان و دەبێتە پێویستی مانەوەی لە جیهاندا.  کەواتە چۆن دەکەوینە نێو جیهانەوە، چۆن دەکەوینە نێو دازاینەوە، ئاوەهاش دەکەوینە نێو فڕێدانی پڕۆژەیەکەوە بۆ نێو ژیانمان…

کەواتە با لەم دێڕە شیعرییەی قەسیدەکە دەستپێبکەین بۆئەوەی لە گۆشەنیگای دازاینی شیعریی تێبگەین بەرامبەر جیهان ؛

یەکەم بوونه‌وه‌ر مێروولەیە بۆنی پەڵە دەکات

خۆی توند ده‌گرێ و باراناو له‌ شاری لا ده‌دا

 

شاعیر لە کەوتنیدا بۆ نێو جیهان، لە ڕامانی شیعرییەوە بە دووی مانای جیهاندا دەگەڕێت. بۆ ئەم گەڕانە، بۆ ئەم سەرسامییە بەجیهان، بۆ ئەم نێزیکبوونەوە لە کەوتنە نێو جیهانەوە؛ بە بونه‌وه‌ر، بە مانای  بە `هەبوو`  دەستپێدەکات؛ هەبوو لەم قەسیدەیەدا  `مێروولەیە`،  مێروولە وەک هەبوویەک لەنێو جیهاندا، یاخود لەنێو گەردوون، لەنێو `کۆسمۆس` دایە. مێروولە چیتر لەم هاوکێشەیەدا تەنها هەبوویەکی ڕووت نییە، بەڵکو پرسیارێکە لە بۆنکردنی پەڵە، لە بۆنکردنی باران، لە بۆنکردنی تێکچوونی جیهان و ڕایەڵێکە لەگەڵ کۆی ماناکانی کەوتنە نێو جیهان و `بەرەو مردن چوون`و  دووبارە هەستانەوە بە پڕۆژە و ژیانەوەی خۆیەوە؛ ئاوەها مێرولە؛  

خۆی توند دەگرێ و باراناو لە شاری لادەدا

 

مێروولە بە دیوێکی تردا وانەیەکی کوردبوونمان پێدەبەخشێت، حیکمەتێکی قووڵی مانا گەورەکانی (کورد – بوون)ە  کە وابەستەیە بە مانەوە لە شار و جێگیریی و بەرگریکردنی شار و لانە و ماڵ و ماڵنیشتمان…

لە بەشێکی تری ئەم لێکۆڵینەوەیەدا دێینەوە سەر چەمکی `جێگیریی` و `ماڵنیشتمان`.

 

 

٦

دازینی شیعری `سەباح ڕەنجدەر`  دیاردەناسیانەیە، بەڵام تەنها چاودێریی هەبووەکان ناکات لە جیهاندا، بەڵکو لە `خەمی جیهان` دایە.

دازاینی شیعریی لەم بارەدا، لە نیگەرانی خۆیدا، پڕۆژی شیعریی خۆی بەرەو پرسیاری بوون ڕایەڵدەکات. بەمانای بوون لەنێو جیهاندا، یاخود ` لەنێو – جیهاندا – بوون` ئەم نیگەرانییە شیعرییە گەورەیەیە کە لە پڕۆژەی شیعریی (ڕەنجدەر)دا؛ خەمی جیهانی لەخۆگرتووە. دیارە چەمکی `خەم – Sorge ` لای هایدگەر ئامادەیە، کە مانای خەم نییە بە مانا سایکۆلۆژییەکەی، بەڵکو مانای `مشورخواردن` دەگەیەنێت. هایدیگەر لە فەلسەفەکەیدا پەلاماری ئەو فرەڕەهەند و هەمە مانایی وشە قووڵەکانی زمانی ئەڵمانی دەدا، لێرەوە `خەمی جیهان` مانای   `گرنگیپێدان`  و `خەمخۆریی` دێت بە جیهان… بەڵام ئەم كرده‌ی  خەمخۆریییە  لە جەوهەردا  پرسی ئازادییە، مادامەکی لەپرسی بووندا دازاین  نیگەرانە بە بوونی لە نێو جیهاندا. هەربۆیە خەمخواردن لە پڕۆژەی بوون، لە بوون لەنێو جیهاندا، بەشێکە لەم هاوکێشە بوونگەراییە کە بەرەو ئازادی پەلدەهاوێت. مارتین هایدیگەر لە کتێبی `بوون و زەمەن` دا دەڵێت؛ “ بۆچی نیگەرانی نیگەرانتر دەبێت و خۆی ئاشکرا دەکات لەبەرامبەر ئەوەی نیگەرانە لێیی؛ ئەویش (لە – جیهاندا – بوون)ە “[7]

 لەم خەمی جیهانەوە، لەم پڕۆژەیەی بوونەدا `ئازادی – Freiheit ` ڕۆڵێکی سێنتراڵی دەبینێت. ئەوانەی ڕەسەنن، تەنها وەک `پیاو و مرۆ` بە جیهاندا، بە سادەیی و ناڕەسەنی تێناپەڕن، ڕەسەنانە بەرامبەر جیهان دەبنەوە، ئەوانە لە خەمی جیهادان، لە چاودێریکردنی جیهاندان، ئەمانە؛ مەحکومن بە پرسی ئازادی… هەربۆیە لای هایدیگەر کۆی ئیشکالیەتی وجودی، کێشەبەندییەکی ئازادییە، خەمی ئازادییە لە جیهاندا. لێرەوە بناغەی بوونگەرایی، بناغەی ئازادیی و پرسی ئازادییە. نەخشەی ئۆنتۆلۆژی دازین خۆی لەخۆیدا گەشتی دازاینە بەرەو ئازادی. هایدیگەر لە لاپەڕە ١٨٨ دا دەڵێت“نیگەرانی، دازاین دەباتە بەردەم  ئازاد – بوون…“

 لەم  تۆڕچنینە شیعرییەی (ڕەنجدەر)دا، دازاینی شیعری ڕەسانانە چاودێری جیهان دەکات، بەجۆرێک ئازادی لای دازاینی شیعریی خۆجیاکردنەوە نییە لە هەبووەکانی تر، بەڵکو چوونە نێو جیهانی هەبووەکانی ئەم جیهانەیە؛ مێروولەیەک بۆنی پەڵە دەکات، دەزانێت باران دەبارێت و ئەگەری تێکچوونی شارەکەی لەبەردەمدایە.

لەم پێچە گرنگەوە، گەر دازاینی مرۆڤ لە بەرامبەر تێپەڕبوونی زەمەندا  بیر لە `ئەگەرەکان – Möglichkeiten` بکاتەوە، ئەوا لەم قەسیدەیەدا  دازاینی شیعریی ڕەنجدەر فێنۆمینۆلۆژیانە چاودێری مێروولەیەک دەکات، مێروولەیەک لەبەرامبەر جیهان، مێروولەیەک لەبەرامبەر کەشوهەوای ئەم تەنە خڕۆک و ئەستێرەیەی لەسەری دەژین، مێروولەیەک لەبەرامبەر کۆسمۆس `گەردوون`… مێروولەیەک بە هەستەکانی دەزانێت پەڵەدەدات و ئەگەری لەناوچوونی شارەکەی  لەبەردەمدایە. دەزانێت باراناو شارەکەی تێکدەدات و کار بۆئەوە دەکات باراناو لە شاری لابدات. لەمبارەیەوە  (ڕەنجدەر) بە خۆی دەڵێت؛ “من کوڕی گوندم، چاودێریکردنی سروشت خولیای ڕۆژانەمە، جا مێروولە کە دەزانێت پەڵە دەدات،  کونی شارەکەی  بە قووڕ و گڵە سوورە توند دەکات…“

  ئاوەها شیعر و شاعیر چیتر لە خولگەی نەریتە میتافیزیکیە شیعرییەکانی شیعری کوردیدا  ناخولێنەوە. شاعیری میتافیزکی ئەوانەن قسەکەری شتەکانن، لە جیاتی چاودێری دیاردەناسیانە، دەبنە کوێخا و ئاغای  هەبووەکان و دەیانکەنە کۆیلەی تەوژمە سۆزداریی و ڕۆمانتیکیەکانیان. شیعری میتافیزیکی کوردی قاچێکی لە پاڕانەوە و دروستکردنی سوبێکتی زەلیلییە؛ لە پاڕانەوەدایە لەبەرامبەر یار، پاڕانەوە لە خودا، پاڕانەوە لە دونیا و هیچ ئاسۆگەیەکی دەرچوونی نییە. ئەوانە `زمان` دەکەنە دەربڕین لە هەبووەکان و بەلای پرسیاری بوون و هەبووەکاندا تێ ناپەڕن. بەڵام شیعری ڕەنجدەر لە هەشتاکانەوە، لەم هاوکێشە میتافیزکییە شیعریی و ئایدۆلۆژیی و جەماوەرخوازییە دابڕاوە؛ پڕۆژەی شیعری ڕەنجدەر، پڕۆژەی بوونە، پڕۆژەی ئازادییە بە مانا قووڵەکەی و  نەخشەیەکی بوونگەرایە. پڕۆژەی ڕەنجدەر بوونگەرایە، ئەمەش ڕەنجدەر لە کۆگەل و نێرگەلی شیعریی بە هاوار جودا دەکاتەوە، کە زۆریان دونیا شیعرییەکانیان لەیەک دەچێت، بێئەوەی بەخۆیان بزانن قاچیان لەنێو قاڵب و کڵێشە ئاینییەکاندایە…

٧

زمانی شیعری ڕەنجدەر `ڕوودان`ە بەمانا هایدگەرییەکەی و  `چوونە بەرەو جیهان`.

زمانی پڕۆژەی شیعریی ڕەنجدەر `هەبووەکان` دەکاتە بەشێک لە زمان، نەک زمان تەنها دەربڕینی ئەوان بێت، بەڵکو هەبووەکانی دەوروبەری دازاینی شیعری، دەبنە بەشێک لە خەمی جیهان و پڕۆژەیەکی ئازادی دەخەنە بەردەمی دازاینی شیعریی. لێرەوە ڕەنجدەر خۆی فڕێداوەتە نێو جیهان، هەربۆیە هەبووەکان و ئەزموونەکانیان، بەشێکە لەو پڕۆژە فڕێدراوە شیعرییە گەورەیەی، کە خۆی لە دوو بەرگی شیعریی گەورەدا دەبینێتەوە. بەجۆرێک، کۆی ئەم کارە شیعرییانە، دازاینی شاعیرە کە  پرسی ئازادی لە خۆیدا تێدا فۆرمولە کردووە.

 ئیدی ئەوە مێروولەیە شار لە لافاو دەپارێزێت، ئەوە مێروولەیە  `شار – ماڵ – ماڵنیشتمان` جێ ناهێڵێت و خۆی لە کونێکدا بشارێتەوە، دوای باران شارێکی تر بە قووڵایی زەوی هەڵکەنێت. نەخێر، کاتێک بۆنی پەڵە دەکات خۆی لە شاری خۆیدا دەدۆزێتەوە، بەرگری لێدەکات و جێگیریی خۆی دەپارێزێت. ئاوەها ئەم چاودێریکردنە لە ژیانی مێروولە نەخشەیەکی گەورەی بوونە، کە شاعیر لە دوو دێڕدا گوزارشی لێ دەکات. زمان لە دوو دێڕدا دەبێتە قاوغی ماڵی بوون، بەرەو جیهان چوون یەکسان دەبێتەوە بەرەو شیعر چوون…

لەم دوو دێڕە شیعرییەدا زمان تەواو ماڵی بوونە، نەک تەنها دەربڕین بێت لە هەبووەکان، بەڵکو هەبووەکان بەشێکن لە زمان و لەنەخشەی بووندا ئامادەگیان هەیە. لێرەوە شاعیرە میتافیزیکیەکانی شیعریی کوردی لەلایەک و شاعیرە تەنها بوونگەراییەکەشمان لەلایەکی تر… شاعیر چەندە تەنها و تاقانە و دابڕاوە لە مێگەلی ئەدەبی بە هاوار، سەد ئەوەندە لە ڕوانیندا بۆ جیهان بۆتە شاعیری تاقانەی بوونخواز. ئەوەندەش بۆتە شاعیرێکی خاوەن زمانێکی جیاواز لە مێگەلی شیعری، بەمەش بازهەڵدەداتە نێو کایەی ` شاعیری شاعیرەکان`ە وە.

٨

خوماریی و باڵایی كرده‌یەکی هێمنی شیعرین، کە دازاین  لەگەڵ هەبوو، پەیوەست و ترازاو دەکات.

`هەبوو ` وەک هایدگەر دەڵێت؛ “بوون  لە هەبووەوە لێی بڕوانین بوون نییە “[8] بەڵام لە هەمانکاتیشدا لە ڕێگەی `خوماریی – ترازانی بەختەوەریی  –Entrückung   لە هەبووەوە دەچێت بەرەو بوون، بابڵێن؛ بەرەو زاین. لەم خاڵەوە وەک فرانسیسکۆ لێنز دەڵێت؛  “خوماریی و بەختەوەری پەیوەندییەکە، ڕایەڵێکە بۆ هەبوو، بەرەو بوون“[9]  

با دووبارە بگەڕێینەوە بۆ قەسیدەکە و لەم پەرەگرافە شیعرییە ڕابمێنین؛

 

 

باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات

لەناو لەپی دوو هێلکەی چلخاڵی دانا

باڵی سووك لێكدا و چل جار له‌ هێلکەکانى خشاند

خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ

 

خوماریی، ئەو بەختەوەرییە کە لە هەبووەکانەوە ماناکانی بوون دەدۆزینەوە، باڵادەبین و گوێمان لە دەنگدانەوەی بوونە. لەو چرکەساتەدا، بوون خۆیمان بۆ دەردەخات. لەو چرکەساتە ترازاوەدا ئاوڕ لەبوون دەدەینەوە؛ وەک چۆن چاوەڕێی باڵندەی چلئاوازین بەنێو ڕووناکی چلپەڕدا بێت و لەبەردەم ڕوانینی دازاینی شیعریی لەنگەر بگرێت و پرسی ژیان و مردن، لەدایکبوون و لەبارچوون، ترووکاندن و پیسبوون بورووژێنێت؛ بەمانای پرسی بەرەو `بوون بەرەو مردن` بە گوزارشی هایدگەر، بهارووژێنێت…

ئەم شەبەنگە لە تیشک، لە ئاواز، لە هێوریی و ئارامیی باڵندەیەک، لە چاوەڕوانییەکانی خۆر بۆ ترووکاندنی هێلکەکان و دووبارە ژیانەوە لەم کۆپلەیەدا زمان دەهێنێتە ئاستێکی باڵا کە توانای دواندنی خواکانی هەیە. توانای ناولێنانی گەردوون و دووبارە ناولێنانی هەبووەکانی لەخۆگرتووە بێ بەکارهێنانی فاریزە و خاڵ، کە خاڵبەندی لە شیعری (ڕەنجدەر)دا ونە؛ بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی زمان وەک ئاو بەنێو مانا بوونخوازییەکانی خۆیدا ڕەوتبکات و بڕژێتەوە نێو تێڕامانەوە. ئاوەها لەم زمانە شیعرییە بێ بەند و کۆتی خاڵبەندییەدا  چیتر `هەبوو` تەنها هەبوو نییە، بەڵکو ترانسێندێنتە `باڵاییە`  و ترازانە بەرەو پرسیاری بوون و لە جیهاندا بوون.

بەدیوێکی تردا هەموو بوونێک هەبوو نییە؛ هەبوو ئۆنتیکیە، شتەکانن، بەڵام بوون، بوونگەرایییە، ئۆنتۆلۆژییە، چونکە لەکایەی باڵاتردا مامەڵە دەکات کە باڵاییە (باڵایی – ترانسێندێنتس – Transzendenz ) بە مانای کاتێک دازاین تەنها لە کایەی بووندایە و هەبوویەکە وابەستە بە بوون. بەڵام هەرگیز بوون هەبوو نییە، چونکە هەبوو خۆی لێرەدا هەبووە و هەبوونێتی هەیە لەناو هەبووەکاندا و لەنێو جیهانی هەبوودا هەیە. بەڵام `بوون` لە ئاستە تێگەیشتنە بوونگەراییە گەورەکەدایە. لێرەوە؛ بوونی هەبوو بوون نییە… بەمانای، هەبوو نابێت بە بوون. هایدیگەر لە `بوون و زەمەن` دا دەڵێت؛ “ (بوون)ی هەبوو، خودی هەبوو نییە“[10]   

بەسادەیی بدوێین؛ مرۆڤ وەک هەبوویەک لە كرده‌ی بیرکردنەوەدایە، لە `خوماریی` و بەختەوەریی دۆزینەوەی دەنگی بووندا بەرەو بوون دەچێت، بەرەو `دەنگدانەوەی بوون` دەچێت. ئەمەش لە ڕێگەی زمانەوە ڕوودەدات کە چیتر ئامڕازێکی بەردەست نییە، بەڵکو خەڵقکردنێکە بۆ دۆزینەوەی بوون. ئەم چرکەساتە، بەسادەیی بدوێین؛ مانای `ڕوودان`ە بە مانا هایدیگەرییەکەی .

٩

 جێگەی ئاماژەیە ئەوە بڵێین؛ هایدگەر لە پڕۆژەی دووهەمیدا کە چەندەها ساڵ دوای پڕۆژەی `بوون و کات` لە شێوەی وانەبێژییەکانی لە نێوان ١٩٣٦ – ١٩٣٨ دەیگوتەوە، دوایش وەک کتێب بڵاوکرایەوە لەژێر ناوی `بەشدارییە فەلسەفیەکان (دەرباری ڕوودان  – Ereignis  )  ١٩٣٦ – ١٩٣٨`[11]  لەم کتێبەدا چەمکی  `ڕووداو – Ereignis` دەکاتە خاڵی سێنتڕاڵی پرۆژە بوونگەراییەکەی کە درێژەپێدانی  پڕۆژەی` بوون و زەمەن`ە.  

بەسادەیی بدوێین؛ `ڕوودان – Ereignis ` جەوهەر، یان `چییەتی بوونە Wesen des Sein   ` لە وێنە گشتیەکەیدا.  بەمانای جەوهەری بوون ڕۆشانییەکی شاراوەیە Verbergung و لە ڕووداندا  دەکرێتەوە و ئاشکرا دەکرێت Entbergung بەرەو جیهان. دازاین ڕۆشناییە شاراوەکە لەڕێگەی پڕۆژەی بوونەوە دەدۆزێتە  و ئاشکرای دەکات. لەم خاڵەوە ڕووداو `چییەتی بوونە` لە وێنە گشتیەکەیدا.

لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ شوێنای دازاینی شیعریی ڕەنجدەر لەبەرامبەر جیهان، لەم پەرەگرافەی  قەسیدەیەدا  وەک دەیبنین چاودێر و بەشدارە لەم ڕوودانە گەورەیەدا کە دۆزینەوەی ڕۆشناییە شارەوەکانی جیهانە لە تانوپۆیی ئەنتۆلۆژییی قەسیدەکەیدا؛ بەمجۆرە، لەڕێگەی زمانەوە لێرەبوونت لە جیهاندا، شوێنات لە جیهاندا، پرسی بوونگەرایی دەخاتە کایەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بوون و ئاوڕدانەوە و وەرچەرخان بۆ دەنگدانەوەی بوون. ئەمە خۆی لەخۆیدا وێنە ڕۆشنەکەی `ڕوودان`ە گەورەکەی دازینە لە بەرامبەر پرسی بوون.  

 

١٠

دازاینی شیعریی ڕەنجدەر، `پڕۆژەی بوونی` خۆی لە ڕێگەی سەرسامیی بە جووڵەی هەبووەکانی دیکەوە ڕۆشندەکاتەوە؛ بە مانای  ئەوە `هەبووە` ڕۆشناییەکە بۆ `دازاین` ئاشکرادەکات.

دەبا پێکەوە لەم بیرڕاگوزییە بڕوانین کە باڵندەی چڵئاواز لە کاتی باڵ لێکخشاندنی میهرەبانیانەی هێلکەکانیدا بیری لێدەکاتەوە؛

باڵی سووك لێكدا و چل جار له‌ هێلکەکانى خشاند

خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ

 

بەمجۆرە دازاینی شیعری گوێی لەدەنگی بوونە، بوون خۆی بۆ شاعیری شاعیرەکان دەرخستووە و گوێیی لە باڵندەکەیە پرسیاری `بوون و نەبوون`ی هێلکەکانی دەکات بەرامبەر خۆر؛ هێلکەی باڵندەیەک بەو بچووکییە و خۆر بەو مەزنییە، هەردووکیان، لە ئاوڕدانەوەی دازاینی شاعیر  بۆ دەنگدانەوەی بوون، مانا گەورەکانی پڕۆژەی بوون ڕۆشندەکەنەوە. ئەوەتا گوێی لە دەنگی بوونە لەڕێگەی باڵندەیەکەوە کە دەڵێت؛   

خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ

 

ئەوە دازاینی شیعرییە کە سەرسامە بە هەبووەکان؛ ئەوە مێروولەیە بۆنی پەڵە دەکات و خۆی توند دەگرێت و باراناو لە شارە مێروولەکەی لادەدا. لە هەمانکاتیشدا هەبوویەکی دیکە هەڵگری هەمان حیکمەتی بوونە لەنێو جیهان و ڕۆشنایی و خۆر دەدۆزێتەوە؛ ئەوە باڵندەیە بە نێو ڕووناکی چلپەڕدا تێدەپەڕێت، بەدوو هێلکەوە کە چاوەڕوانی خۆرە بۆ ترووکاندنی. بێگومان ئەم کردەیە ڕوونادات تاوەکو باڵەکانی بە میهرەوە لە هێلکە چلخاڵییەکە نەخشێنێت. ئاوەها `دازاینی شاعیر` زمان دەبەخشێت بە `هەبوو` کە باڵندەکەیە و گفتوگۆی لەگەڵدا ڕایەڵ دەکات.

بەدیوێکی تردا، لەم پەرەگرافە شیعرییەدا `ڕوودان` و دۆزینەوەی خۆرە، بەرامبەرە بە دۆزینەوەی ڕۆشنایی؛ ئەم کردەیە، ئەم بیرکردنەوە داهێنەرانە بە کردەی `سەرسامی` دەستپێدەکات. سەرسامی ئەو خومارییە گەورەییە کە مرۆڤی مۆدێرن لەبیریکردووە، وای لێ کردووە دوور لە بوونی خۆی، دوور لە پرسی بوون، ژیان بەسەربەرێت و ناڕەسەنانە خۆی بۆ سیستم و و گەندەخۆرییەکانی ژیان ملکەچ بکات. سەرسامی  نزیکە لە حیکمەت  Weisheit  –  ئەوەی حیکمەت لە ئەقڵانیەتی ماتماتیکی مۆدێرن جودا دەکاتەوە ئەوەیە؛ یەکەمیان مرۆڤ بەرەو حەکیمی دەبات و دووهەمیان بەرەو ڕاوێژکارێکی بێ ڕۆحی دەزگا و دەسەڵاتەکان. یەکەمیان بەدووی مانای ژیاندا دەگەڕێت، بیر لە دەرئەنجامەکان دەکاتەوە، دەرئەنجام و مانای کار و شتەکان بە پرسی بوونەوە دەبەستێتەوە و هەوڵی دۆزینەوەی ڕۆشناییە، بەڵام دووهەمیان وەک ئەقڵێکی ماتماتیکی تەنها بیر لە بەرهەمهێنان و قازانج دەکاتەوە و بیر لە دەرئەنجامەکان ناکاتەوە. لەدواجاردا خۆی کۆپی دەکاتەوە و ڕۆشنایی شاراوەکانی ژیانی بۆ  نادۆزرێتەوە…  

جێگەی ئاماژەیە بڵێین؛ کە هایدیگەر لە لێکتورێکیدا، کە دوایی وەک کتێب بڵاوکرایەوە بەناوی `ئارامیی – Gelassenheit` باس لەوە دەکات، کە مرۆڤی مۆدێرن دوومەرجی بوونگەرایی لە خۆیدا ونکردووە؛ جێگیریی و حیکمەتی بوون… هەر لەم لێکتورەیدا نموونەی بۆمبی ئەتۆم دەهێنتەوە و پێیوایە؛ گەر زانایانی ئەتۆم تەنها بیریان لە هەبوو نەکردایەتەوە، بەمانای بەشێوازی ئەقڵانیانیەتی ماتماتیکگەرایانە بیریان نەکردایەتەوە، کە پێش ئەوانیتر بکەون و ببنە خاوەنی وەک بۆمبی ئەتۆم. لەجیاتی ئەوە، هەڵوێستەیەکیان بکردایە و ئەو پەلەپڕوزە مۆدێرنەیە و `ئێسکەپادە مۆدێرنە`یە، ئەو ڕۆحە هەڵەپەیان، لە خۆیاندا خاوبکردایەتەوە و بیریان لە مانا و دەرئەنجامەکانی ئەم بۆمبە ئەتۆمە بکردایەتەوە، ئەوا هەرگیز ئەم بۆمبەیان دروست نەدەکرد… بۆ زیاتر دەربارەی هێوریی و ئارامیی لە دیدی هایدگەرەوە  داوا لەخوێنەران دەکەم، ئەوەی خوازیارە لە یوتوبدا بگەڕێنەوە بۆ وانەیەکی بەندە، لەمەڕ کتێبە…  

کەواتە مرۆڤ، وەک دازاینێک  کە بیرکردنەوەی داهێنەرانە جێدەهێڵێت، کە پرسی بوون جێدەهێڵێت، بێئۆقرەیی لە ڕۆحیدا وەها دەکات شوێنای خۆی جێبهێڵت. هایدیگەر پێیوایە؛ مرۆڤی مۆدێرن گوند جێدەهێڵێت و لە شارەکانیشدا جێگە بەخۆی ناگرێت و دەبێتە خودێکی کۆچەری. لێرەوە بیرکردنەوە لە بوون لای هایدگەر پابەندە بە جێگیریی. هەروەها  وەرچەرخان و ئاوڕدانەوە  Kehre  و  گەڕانەوە بۆ بوون بەڕای هایدگەر  لە جێگیربووندا ڕوودەدات. وەک لەم کۆپلە گرنگەی ئەم  قەسیدەیەدا ئاماژەی پێدراوە؛ گەر جێگیر بیت و پابەند بیت بە شارە مێروولەکەتەوە، یان هێلکەکانت بەجێنەهێڵیت، تەنها بۆ خۆر نەبێت، ئەوا هەڵنایەن، ئەوا ژیان و مانای بوون نادۆزیتەوە.

 دازاین خۆی لەبەردەم مانای بووندا دەدۆزێتەوە و چاودێریکردنی هەبووەکان، بەشێکە لە چوونە نێو جیهان، چونکە لە جووڵەوە بەرەو کەوتن ڕۆیشتووە، چەمکی `لە کەوتندا بوون` کە فەیلەسووفی ئەڵمانی  `پیتەرسلۆتەردایک` لە کارێکیدا، لە کتێبەکەیدا دەربارەی هایدیگەر بەناوی (قوتار ناکرێت) ئاماژە بە جووڵەی دازاین دەدات، بەوەی؛ دازاین لە جوڵەیدا دەکەوێت، و بە (لەنێو -کەوتندا  – بوون)[12] پێناسەی دەکات. ئەم کەوتنە وەها دەکات دازاین `ئاوڕبداتەوە` و ئاوڕدانەوە لە بوون هۆکاری جارێکیتر گەڕانەوەیە بۆ پڕۆژەی بوون… لەم خاڵەوە جارێکیتر هێوریی ئارامی دەگەڕێتەوە بۆ بوون کە جێگیر دەبێت، هەربۆیە هەم شاعیرەکەمان `سەباح ڕەنجدەر` و هەم ` مارتین هایدگەر` کە دوو کوڕی گوندن و پابەندن بە شوێنای خۆیان، جێگیربوون و `ماڵ – نیشتمان`یان لە ئاسۆگەی پرسی بووندا داناوە؛ هایدگەر  ماربۆرگ جێناهێڵێت و سەباحیش  هەولێر جێناهێڵت.

باسی جێگیریمان کرد و زانیمان  سەرسامیی بەرەو جێگیرمان دەبات، دەمانبات بەرەو وەستان و حیکمەتی بوون، بەرەو دواندنی خواکانلەم خاڵەوە، سەرسامی دەبێتەوە خاڵی یەکەمی بیرکردنەوە، نەک لێکدانەوەی ماتماتیکی قازانج و زەرد و دەسەڵات. سەرسامی وەهامان لێدەکات ئاوڕبدەینەوە  لە پڕۆژەی بوون و دووبارە نوێبوونەوەی ئاسۆگەیەکی دیکە بۆ خۆی فەراهەم بکات. ئاوەها گەڕانەوە بۆ `شار` لەم قەسیدەیەدا، هەم وەک شارە مێروولە و هەم وەک شار کە لەژێر هەڕەشەی سروشتدایە، ئەم دوورییە پڕ حیکمەتە دەبەخشێتە قەسیدەکە، کە تانوپۆیەکی ئەنتۆلۆژییە، تانوپۆیەک، شیعری کوردی هاوچەرخ تا دەگاتە پرۆژەی ڕەنجدەر، بەخۆیەوە نەبینیوە.

 

  

١١

 دازینی شیعری سەرسامە، سەرسامییەک کە ئەقڵانیەتی ماتماتیکگەرانە لەیادی کردووە.

باڵندەی چلئاواز و هێلکەی چل خاڵی و لێکخشانی چل جارەیی دووبارە دەمانباتەوە بەردەم دێڕە جومگەییە؛

 

باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات

 لەپڕێکدا لەبەردەم ژمارە چل داین، چل ساڵ تەمەن، چل ڕێساکەی ئەشقی سۆفییان، وەک کورد  دەڵێت؛ لە چل ساڵیدا مرۆڤ کامڵ دەبێت، چلەچوونی جێهێشتنی ئازیزان… بەمجۆرە، دازاینی شیعریی لە ڕێگەی تێڕوانینی لە هەبووەکان تێکەڵ دەبێت، دێڕێک دەڵێت، دەنگێکی گوێ لێ دەبێت، خۆرێک ڕۆشنایی خۆی دەبەخشێتە هێلکەیەکی چل خاڵی کە هیوای باڵندەیەکی هەڵگرتووە بۆ ترووکان و هاتنە نێو جیهانی هەبووەکانەوە…

ئەم كرده‌ی بیرکردنەوە شیعرییە لە زماندا، هەبووەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ نێو بوون، بۆ نێو جیهان،  بۆ گەردوون و کۆسمۆس، بۆ کەشوهەوا. هەموو ئەمانە بە فراوانی و بە گەورەیی خۆیانەوە، خۆی بە بچووکترین بوونه‌وه‌رەوە وابەست دەکات. لێرەوە شیعر تێپەڕکردنی فەلسەفەیە بەرەو دامەزراندنی فەلسەفەیەکی دیکە، ڕوانینێکی دیکەیە بەرەو بوون و هەبووەکان. ڕەنجدەر لەم قەسیدەیەدا هەبوویەک دەخاتە نێو هاوکێشەیەکی گەورەی بوونگەراییەوە. هەربۆیە هایدگەر ناهەقی ناکات کە دەڵێت؛ “ شیعر مەترسیدارترین کاری دونیایە“[13]  یاخود “شیعراندن لەبنەڕەتدا  ناولێنانی خوداکانە.“[14]  

زمانی شیعریی (شاعیری شاعیران) توانای “ناولێنانی خواکانی“ هەیە، بە مانای `زمانی بوون`ە  نەک زمانی هەبووەکان. زمانی جیهانە لەناو هاوکێشەی بووندا، نەک تەنها دەربڕینی هەبووەکان؛ لێرەوە باڵندەیەک وەک هەبوویەک لەنێو کۆسمۆسدا هەڵگری خەسڵەتی جیهانە، جیهانێک کە دازاینی شیعریی  لەنێو بووندا خۆی تێدا دەدۆزێتەوە و وەک ڕووداوێک، هەقیقەتێکی شاراوە، ئاشکرا دەکات.

بەدیوێکی تردا،  زمانی ڕەنجدەر، زمانی شاعیری شاعیرەکانە، چونکە زمانی ئەو زمانی جێهێشتنی دوالیزمە میتافیزیکیەکانە؛ لە زمانی دیلی هەبووەکانەوە، بەرەو زمانی بوون و مانای بوون. بەمانای، شیعر چیتر  لە هاوکێشەی ` خود و بابەت` ناسووڕێتەوە،  تەنها هەبوو ناکاتە کۆیلەی خود و سوبێکت، بەڵکو هەبووەکان لەنێو كرده‌ی شیعریی ڕەنجدردا دەبنە بەشێک لە جیهان و پڕۆژەی بوون.   

  

دازاینی شیعریی ڕەنجدەر چیتر زمان ناکاتە هۆکارێک بۆ دەربڕین لە پرۆژەی بوونی خۆی، بەڵکو هەوڵدەدات وەک پەیامبەرێک  هەبووە بێ زمانەکانیش بخاتە نێو هاوکێشەی بوونەوە، بەلای خوادا تێدەپەڕێت و ڕیزپەڕی خوا دەکات. ناو لەشتەکان دەنێت؛ وەک چۆن خواش وه‌ک هەبوویەک لەناو زماندا هەیە و دەبێتە  بابەتی دواندن `Gespräch` ی پەیامبەرەکان.  بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە خودی میتافیزیکیانە زەلیلە بۆی، هەربۆیە ناتوانێت گفتوگۆی لەگەڵدا بکات. جگە لەوە؛ ئەوە شیعری بوونگەراییە کە ڕیزپەڕی `دواخوا`ی کردووە و لەگەڵیدا دەدوێت، ناوێکی تری لێ دەنێت و دواخوای ئەم زەمەنە مۆدێرنە فۆرمدەکاتەوە بە فۆرمەکانی خۆی.

 بەڕای هایدیگەر لە كرده‌ی داهێنانی شیعرییدا، دازاینی شیعریی `هۆڵدەرلین` لە قەسیدەی `گەیشتنەوە بە ماڵنیشتمان` دا،  لە گەڕانی بەدوای مانای بووندا،  جێگیربوون و  سووڕانەوەی بەدەوری ماڵنیشتماندا، قسە لەگەڵ خواکان دەکات و خواکان دەدوێنێت… ئاوەها پرۆژەی ڕەنجدەر نەک تەنها لەم قەسیدەیەدا، بەڵکو لە زۆربەی قەسیدەکانیدا `هەولێر` و گوند و کوێستانی کوردستان و گوندەکەی دەکاتە ئەو شارەی دەیەوێت لافاوی لێ دووربخاتەوە. ڕەنجدەر لە چاودێریکردنە دیاردەناسییە شیعرییەکەیدا، لە  مێروولەوە  فێری جێگیربوون  Bodenständigkeit  دەبێت، دەزانێت مانای بوون و دەنگدانەوەی بوون لە ماڵی شیعر و ماڵی نیشتماندایە `.  ماڵنیشتمان – Heimat لە تانوپۆی ئەنتۆلۆژیی شیعریی خۆیدا، لە شاری مێروولەی خۆیدا،  لافاو، لە شار و گوندەکەی لادەبات و بەلای  دواهەمین خوای پیری ئەم زەمەنەدا، تێپەڕدەبێت.

شیعری `شاعیری شاعیران` چییەتی و جەوهەری بوونە، زمانی شیعری دوالیستە میتافیزیکییەکان جێدەهێڵێت.

بەمجۆرە شیعر لە خودگەرایی میتافیزیکیانەوە و دوالیستە میتافیزیکیەکانەوە  metaphysical dualism  هەر لە دابەشبوونی ئەشق و مەئشوق، خێر و شەڕ، جەلاد و قوربانی…تاد،. هەموو ئەم دوالیستانەی تاوەکو ئێستا دەجوورێنەوە. ئەو ئەقڵیەتە شیعرییە میتافیزییکیەی شیعری کوردی، بەداخەوە، شیعری بەرەو پۆپۆلیزم و جەماوەرخوازی  کۆگەلی و نێرگەلی کۆمەڵایەتی ڕاپێچکردووە… لە پڕۆژەی  شیعری ڕەنجدەردا ئەم  دوالیست و بیرکردنەوە میتافیزیکیانە بوونیان نییە، شیعری ئەو بەرەو ئەنتۆلۆژیا دەڕوات و ئەوانیتر بۆ میتافیزیکی شیعری و دوالیستەکانی جێدەهێڵێت. لە پڕۆژەی شیعری `ڕەنجدەرەوە` ئەم دوالیزمە میتافیزیکیانە تێکدەشکێت، بە مانایەکی تر، شیعر لەم پڕۆژەیدا بوونگەراییەدا و دوور لە دوالیزمە میتافیزییکیەکان خۆی تانوپۆ دەکات. گەر شیعر لە فۆرمی میتافیزیکدا تەنها دەربڕین بێت لە هەبوو و دوالیزمەکان، ئەوا پڕۆژەی شیعری ڕەنجدەر  لەناو  بیرکردنەوە Denken ڕوودەدات و سۆزداریی میتافیزیکی جێدەهێڵێت…. سەباح لێرەوە لە شاعیرێکی ئاساییەوە ڕەسەنانە دەبێتە `شاعیری شاعیرەکان`، چونکە پڕۆژەی ئەو تانوپۆیەکی دیکەیە، چنینێکی ترە، کێشەبەندیەکی تری وجودییە، بەدەنگەوەهاتنی بوونە.  

ئیدی ئەوە یار نییە بۆنی پەڵە دەکات، ئەوە سوبێکتی شاعیر نییە ڕۆمانسیانە بۆ یار بگری، یان یار لە ماڵ و خانە پەت بکات و دەریبکات. ئەوە شاعیری جەماوەر نییە شەڕی حیزب بکات و بیکاتە گڕ و بڵێسە و بەفر گڕ تێبەربدات. ئەوە شاعیر نییە لەبەردەم یار و جەماوەردا بگریی.  نەخێر، چیتر لەم پڕۆژە شیعرییەدا، زمان  تەنها دەربڕین نییە لە هەبووەکان و دوالیستی متافیزیکی نییە `درەخت، گەڵا، ڕووداوی دڵداری، تراژیدیا…تاد،` بەڵکو زمان ئەم هەبووانە بەرزدەکاتەوە، دەیانترازێت، خومار دەبێت بەرەو باڵایی، ترانسێندێنتە و دەیخاتە هاوکێشەیەکی گەورەوە کە هاوکێشەی بوونە. هایدگەر لە کتێبی `بوون و زەمەن` دا دەڵێت؛“ بوون تەواو باڵایی و ترانسێندێنتە`[15]  

 بەمجۆرە؛ هەبووەکان، مێروولەیەک  بەرەو بوون و پڕۆژەی بوون دەڕوات، پڕۆژەی پاراستنی شار لە باراناو و هێوریی و ئارامیی لە جێگیربوونیدا لە شارەکەی لە پەرەگرافە بچووکەی قەسیدەیەدا خۆی تانوپۆدەکات…

ئەم هەموو ڕاپێچکردنی زمان بۆ بیرکردنەوە لە چەند دێڕێکدا، شایەنی هەڵوێستەی هزریی و فەلسەفییە، بەهەمان شێوەش خەتێکی جیاکاریی ڕوونە لە دوالیزەی میتافیزیکیای شیعریی کوردیی. ئەمە وەهامان لێدەکات زیاتر لە ئەدەبی ئێمەدا، لە پڕۆژی ڕەنجدەر دا بە دوای مانا ڕۆشناییەکەی بوون دا بگەڕێین، بەمەش،  لە دەستەواژەی (شاعیری شاعیرەکان) نێزیکدەبینەوە.

١٢

 لە هەبوویەکەوە  لە `بەردی تەزیوو` وە، گۆرانی مردن  و زەوییەکانی دەبنە ئیشکالیەتێکی وجودی.

 با لەم پەرەگرافە شیعرییە ڕابمێنین؛   

لە ئاهەنگی چل ساڵه‌دا

چەندین گۆرانیبێژ بەشداربوون

یەکیان لەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا

مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا

گۆرانی چاوه‌ڕوانی گۆرانیبێژه‌ گه‌رووی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ

 

بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ڕەسەن و ناڕەسەن لە قەسیدەیەدا ڕەنجدەر دەمانباتە بەردەم کۆپلەیەکی دیکە، کاتێک گۆرانیبێژی ڕەسەن و ناڕەسەن لە یەکدی جیادەکاتەوە، تەنها یەکێکیان ڕەسەنە و منێتی خۆی لەنێو بوونی ڕەسەندا پەرتدەکاتەوە، یەکێکیان تەنها زەوی یەکەم دەبینێت و ئەویتر هۆردووک زەوییەکە نیگادەکات.  

چەندین گۆرانیبێژ بەشداربوون

یەکیان لەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا

مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا

بۆتێگەیشتن لەم هاوکێشە پڕ سەرسامییە شیعرییەی ئەم قەسیدەیەی گۆرانبێژی نێو گۆرانبیژەکان، شاعیری نێو شاعیرەکان،  دوو زەوی دەدوێنێت؛ زەوی یەکەم کە لەسەری دەژیت و دەمریت، و زەوی دووهەم کە لەسەری بە شێوەیەکی کاتی تێدا دەنێژرێیت، یان بە جێدەهێڵدرێیت، یاخود  وەک شەهیدێک بە ئەمانەت دەنێژرێی و جارێکیتر و لە دوای دۆزینەوەی دەیبەنەوە بۆ زەوی یەکەم. ئەوانەی زەوییەکانی مردن دەبینین شاعیر شاعیرانە،  گۆرانبێژێکی تاقانەیە؛

یەکیان لەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا

مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا

 

زەوی یەکەم  هەموو گۆرانیبێژەکان دەیبینین، تەنها ئەو زەوییە کە لەسەری دەمریت و دەژیت. زەوی دووهەم کاتێکە کە لافاو لەشاری خۆت دەترازێنێت و تاوەکو دەیدۆزنەوە و لاشەکە دەبەنەوە بۆ زەوی یەکەم، ئەوێ زەوی دووهەمە. ئەوێ ئارامگایەکی دیکەی جەستەیە، شوێنی شەهیدە، کە شیعری ڕەنجدەر بەردەوام بۆی دەگەڕێتەوە… زەوی دووهەم لەم ئەزموونەدا، لافاوی هەولێری ساڵی ٢٠٢٢ بوو، ئەو مەلۆتکەیە شەهیدە بوو، لافاو لەدەستی دایکی، لە ماڵ و باوەشی دایکی فڕاندیی و  دوای چەند مانگێک دۆزرایەوە. لە زەوی یەکەمەوە  بوو بۆ زەوییەکی تر و پاش دۆزینەوەی برایەوە بۆ زەوی یەکەمی و لەوێدا ناشتیان…

ئەم ڕووداوە، ڕوودانی لە دازینی شیعریی ڕەنجدەردا دروستکردووە، شاعیری شاعیران یان بڵێین؛ گۆرانیبێژە تاقانەکە، دەخاتە سەر لێواری پرسی بەرەو مردن چوون، کە جیهان دەکات ماڵی مردنێک لەنێوان دوو زەوی مردندا. لەناو هەموو گۆرانبێژکاندا  تەنها یەک گۆرانیبێژ، شاعیری شاعیران،  ڕەسانەنە  ئاواز بۆ (بەردی تەزیوو) دادەنێت کە جەستەی مەلۆتکەکەی هەولێریی لەنێواندا ڕاکشاوە؛ ئەوەی بەنێو ڕووناکی چلپەڕدا تێپەڕێت، هەردوو زەوییەکە دەبینێت. تەنها شاعیری شاعیرانە کە گوێ لەدەنگدانەوەی بوون دەگرێت  و مردن دەکاتەوە بە زەوییە ڕۆشنەکاندا.

  

١٣

مردن بەشێک نییە لە ژیان، بەڵکو `بەرەو مردن چوون` لای ڕەسەنەکان، پرۆژەیەکە بۆ ژیان. لێرەوە دازاین `پڕۆژە فڕێدراوەکە` هەڵدەگرێتەوە و لە ژیانێکی ئاسایی و ناڕەسەنەوە بەرەو ڕەسەنی هەنگاو دەنێت.

دەگەڕێینەوە بۆ یاسای نۆهەمی نەخشەی هایدیگەر لە  `بوون و زەمەن` دا،  کە لە بڕگەی یاسای  شرۆڤەکردنی  دازایندا دەنووسێت؛ “ بوونی ئەم هەبووە هی خۆمە. ئەم هەبووە لەگەڵ بوونی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات`[16]

 لێرەدا هایدیگەر دەچێتە نێو چەمکی `منێتی – خۆبوونێتی`   Jemeinigkeit کەواتە چۆن لە `خۆبوونێتی`  تێبگەین و لەم نەخشە بوونگەراییەدا  چ پەیوەندییەکی هەیە بە پرسی؛ ڕەسەن و ناڕەسەن؟!

سەرەتا گرنگە ئەوە بڵێین کە دازاین نە چاودێری نێوەکی هەیە و نە دونیای دەرەوە،  ئەمەش  بەرەو خۆبوونێتی هەبوونی  Jemeinig zu existieren   دەمانبات. بەمانای خۆبوونێتی ئێمە هەبوونی هەیە. کەواتە ئەوەی ئۆنتیکە، بە مانایەکی دیکە هەبووگەراییە Existenz ئەوەیە کە هەیەتی، یان بڵێن؛ ئێکسیستێنتە، کە هەیە و لێرەدایە؛  هەبوونێتییە. بەڵام کاتێک دازاین بیری لێ دەکاتەوە و لەخۆبوونیدا دەیباتە بیرکردنەوە لە بوون، ئەوا دەچێتە کایەیی بوونێتی  Existenzialen و بوونگەرایی و بوونخوازییەوە. بەواتای لە كرده‌ی بیرکردنەوە لە ئۆنتیک، لە شتەکان، لە ژیانی هەبوو، دەبێتە ئێکسیستێنتیالی، بوونێتی  Existenzialen و کۆی كرده‌کە دەبێتە بوونگەرایی (ئۆنتۆلۆژی)… هایدیگەر لە یاسای پێنجەمدا دەڵێت “دازاین لەخودی خۆیدا ئۆنتیکە بەڵام لە دوایدا ئۆنتۆلۆژیکە“[17] 

 سادەتر بدوێنن ئەوەیە؛ ئۆنتیش، ژیانی ئاساییە کە لە دوای ئەوەی بیری لێدەکەینەوە دەبێتە ئۆنتۆلۆژی.[18] کەواتە هەموو ژیانێکی ئاسایی هەبوونی منێتی دازاینە لەناو ڕۆژانە ژیاندا، دەشێت ئەمە ژیان بێت بە مانا سادەکەی، بەمانا ماتریاڵیەکەی، دەوڵەمەند  و خاوەن هەموو شتێک بیت و پڕواپڕ بێت، بەڵام ئایا ڕەسەنە؟ دەشێت ژیانێکت هەبێت لە ڕووی ماتریاڵیەوە مامناوەندی بێت، بەڵام لەڕووی  خۆدۆزینەوە لە ئەرک و کارێک دا بوونی خۆتت، خۆبوون و مێنتی خۆتت دۆزیبێتەوە، ئایا ئەمە ناڕەسەنە؟

 لەیەکەمدا ناڕەسەنە Uneigentlich  چونکە دوورکەوتۆتەوە لە خۆبوونی خۆی، لەمنێتی خۆی، بەڵام لە دووهەمدا ڕەسەنە Eigentlichچونکە بوونی خۆی لە پڕۆژەیەکی بوونگەرایدا دۆزیوەتەوە. لێرەوە، دازاین پڕۆژە فڕێدراوەکە – Geworfener Entwurf  هەڵدەگرێتەوە و لە ژیانێکی ئاسایی و ناڕەسەنەوە بەرەو ڕەسەنی هەنگاوی دەنێت.

مارتین هایدیگەر کەسە ئاساییەکە، ناڕەسەنەکە، بە `مرۆ` یان `پیاو `مان -man` پێناسە دەکات، بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی لەدوالیزمی میتافیزیکی و مۆڕاڵی وەک چاک و خراپ قوتاری بکات.  بە مانایەکی دیکە لەم هاوکێشە ئۆنتۆلۆژییەدا، ناڕەسەنی حوکمێکی ئەخلاقی و دوالیزەی `ڕەوشت و بێ ڕەوشت` نییە، بەڵکو جۆرێکە لە شێوازی ژیانی بوونگەرایی. ئەویان دوور لە پرسیاری بوون ژیان بەسەر دەبات و ئەویتر تاوەکو مردنی کە هایدیگەر ناویدەنێت `بوون بەرەو مردن – Sein zur Tode  ` ژیان وەک پرۆژەیەکی زیندوو دەبینێت.

 لێرەوە `مردن  – تۆد – Tod`  ئەو چەمکە ترسناکە میتافیزیکییە نییە کە دەڵێت؛ دەژین بۆئەوەی بمرین، یان مردن بەشێکە لە ژیان! نەخێر، کاتێک بیر لە تێپەڕبوونی زەمەن و کات دەکەینەوە، کاتێک بیر لە بەرەو پیربوون  دەچین، کاتێک بیر لە مردن دەکەینەوە، ئەوا لای ڕەسەن، لای گوێگری دەنگدانەوەی بوون، ئاوڕدانەوە ڕوودەدات، ڕوودان ڕوودەدات و ڕۆشناییە شاراوەکە دەدۆزێتەوە، ئیدی دووبارە پڕۆژەی ژیان دەگەشێتەوە، دووبارە ڤیتالیەت و زیندەگیانە ژیان دەبێتە پڕۆژەیەکی بەردەوام، و  ژیانەوەیەکی تر و پڕۆژەیەکی تر.  

 

١٤

زمانی پڕۆژەی شیعری ڕەنجدەر، زمانی شاعیری شاعیران، ڕەسەنانە تەنها ئامڕاز نییە بۆ دەربڕینی ئایدیایەک لە ڕێگەی هەبووەکانەوە، به‌ڵکو زمانی شیعریی بەشێکە لە هاوکێشەی `لە جیهاندا – بوون`.  

 لەم خاڵە ئۆنتۆلۆژییەی `ڕەسەن و ناڕەسەن` وە، زمان دەچێتە کاتیگۆرییەکی دیکەوە؛ لە ناڕەسەندا زمان تەنها دەربڕینە لە هەبووەکان و ڕۆژانە ژیانکردن و مامەڵە لەگەڵ هەبووەکاندا. بەڵام لە ڕەسەندا زمان تەنها ئامڕاز نییە بۆ دەربڕین لە هەبووەکان بەڵکو شۆڕدەبێتەوە بۆ مانای بوون و لە جیهاندا بوون و لەنێو زماندا بوون و پرسی بوون.

زمان چیتر لە کارە شیعرییەکانی (سەباح ڕەنجدەر)ەوە، وەک لە شیعری کوردیدا باوبووە ئامڕاز نییە، بەڵکو ئامانجە و ماڵی بوونە و بەرەو جیهان چوونە. بە جۆرێکی تر بدوێم؛ زمان لە شیعری کوردیدا تا دەگاتە پرۆژەی شیعریی ڕەنجدەر تەنها `ئامڕاز` بووە و لەگەڵ لەدایکبوونیپڕۆژی شیعریی ڕەنجدەردا وەک دازاینێکی شیعریی، زمانی شیعر چیتر `ئامڕاز` نییە بۆ دەربڕینی هەست و سۆزدارییەکان، بەڵکو `ئامانج`ی بەرەو بەدەنگەوەچوونی بوونە، بەرەو جیهان چوونە، هەڵگری بوونە و ڕوودانێکی گەورەیە و وەرچەرخانە بە مانا هایدیگەرییکەی. چاکتر وایە بڵێین؛ زمان لای سەباح خۆی لە خۆیدا بوونە، ڕوودانە.  

ڕەنجدەر هەر خۆی لە پڕۆژەیەکی فراوانی بە ناوی `چوار کتێب لەبارەی شیعرەوە`  چیتر زمان  وەک ئامڕازێک نابینێت کە دەربارەی  هەبوویەک بنووسێت، بەڵکو  شاعیر وەک دازاینێکی شیعری دەچێتە نێو جیهانەوە؛ جیهان وەک هەبوویەک کە هەیە و لێرەدا `لەبەردەستدایە -Vorhandensein`. شیعر لەم هاوکێشەیە شیعرییەدا دەربڕین نییە لە هەبوو و بەناوی ئەوە قسە بکات، بەڵکو بوونی هەبووەکانە لە هاوکێشەیەکی ئۆنتۆلۆژییدا؛  زمانی شیعریی چیتر پاشکۆی هەبوو نییە، بەڵکو لە نێو `بوون`دایە.

 وەکیتر، زمانی پڕۆژەی شیعریی ڕەنجدەر، چیتر ئەبستراکتێکی ئایدیایەکی پێشینە نییە، بەڵکو لەنێو هاوکێشەی بووندا بوونی هەیە، جۆرێکە لە `کەوتنە نێو بوونەوە`. ئەمەش لە ڕێگەی خوماری و باڵایی (ترانسێندێت)  بیرکردنەوەی بوونگەراییە، کە زمان دەچێتە نێو ئەگەرێکی دیکەوە، کە چیتر دەربڕین نییە لە شتەکان وەک ئۆنتیک، وەک `هەبوولێرەکان` وەک شت لەدەرەوەی زمان، بەڵکو بەشێکن لە تۆڕێکی گەورەتر لە مانا بوونگەراییەکان لە نێو جیهاندا. بەمەش زمان خۆی لە خۆیدا دەبێتە ئەفرێنەر و خەڵقکردن و دووبارە پێکهێنانەوەی جیهانی هەبوو لەنێو دازاینێکی شیعریی. ڕەنجدەر لەم مانیفێستە شیعرییەیەدا دەڵێت[19]؛     

من شوێن دەنووسم، لەبارەی شوێنەوە نانووسم

 

 

١٥

لە پڕۆژەی ڕەنجدەرەوە زمان ڕوودانێکی ئەنتۆلۆژییە، نەک تەنها دەرکەوتنێکی هەبووەکان.

ئیدی لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە، لە گەرمەی هاتوهاوار و قیژەی شیعری ئایدۆلۆژییەوە، ڕەنجدەر خۆی لە بەرامبەر پرسیارە گەورەکانی شیعر و جیهاندا دادەنێت. بەڵام هاوتەریب، هەراوهوریای شیعریی کوردی نقوومبووی دوالیست و بیرکردنەوە میتافیزیکییەکان، جگە لە پێهەڵدانی ئایدۆلۆژیی، چووە  فۆرمێکی دیکەیەوە؛ چووە نێو نیهلیزم و ڕەشبینیی و هیچگەرایی و ئەبسوردیەت و ڕۆمانسیەتێکی  سوبێکتیڤانە، کە هەموویان بەدەوری دوالیستە میتافزییکیەکان و ئیدۆمەکانی دەخولانەوە. دوالیستەکان وەک؛ شۆڕش  و شاخ،  شۆڕش و  خیانەت، یار و بێ وەفایی..تاد،. تاڕادەی ئەوەی شیعر بۆ هاندانی بەرەکانی براکوژی و کوردکوژی گەیشت! دوور زۆر دوور لە پرسی مانای `بوونی شەڕ`،  شیعری کوردی میتافیزیکی هانی بەرەیەکی دەدا لە دژی بەرەیەکی تر.

دیوێکی تری میتافیزیکی شیعریی کوردیی، گەیشتن بوو بە `یارێکی نامۆ` لەنێو کۆشکێکی کریستاڵیدا، یارێکی دەست لێ نەدراو،  کە هیچیتر نەبوو جگە لە مانای حۆریی تێکستە ئاینییەکان نەبێت، جگە لە کردنی ئەشق نەبێت بە هەبوویەک بۆ توانەوەی ڕۆمانسیەتی شاعیرێکی پێمەلەکار لە نێو خەیاڵاتە ئاینییەکاندا. تاوەکو ئەم دواییانەش شیعریی شاعیرە پۆپۆلیستیەکان  قەسیدەی پڕ دوالیستی  وەک جەلاد و قوربانی و یار و پەت و توندوتیژی  شیعری… زۆریتر بەرهەمدێنن. بێگومان ئەم جۆرە شیعرە، ئەم ئەقڵە میتافیزیکییە، ئاینییە، زاخاو دەدات، کە زیاتر لە هەزار پێنج سەد ساڵە هەبوونی هەیە و خوێنەری ئامادەیە بۆ ئاشنابوونەوە بە ماناکانی فریشتە و شەیتان و گوناهە و دژە ژنی و بە ئۆبێکێتکردنی جەستەی ژن و دەرکردنی لە ماڵ… هەموو ئەمانە، لەڕووی شیعرییەوە جوانییەکی ڕووکەش و هەڵخەڵەتێنەریان هەیە، چونکە لە جەوهەردا دووبارەبوونەوەی هەمان ئایدیاکانی شیعری کلاسیکی ژێر سێبەری میتافیزک و هەژموونە ئاینییەکانن. بەمانای لە ڕووی دامەزراندنی فەلسەفەیەکی نوێ بۆ شیعری کوردی هیچیان پێ نییە، هەمان ڕێچکە کلاسیکی و میتافیزیکیەکانی دوالیزمەکانی  زەمەنی ` نالی و حەبیبە`  و شاعیرە کلاسیکیەکانن بەڵام بە فۆرمێکی شێواو و لە ژێر ناوی قەسیدەی نوێخوازیی. بێگومان لێرەدا من `مامۆستا گۆران` لەم دوالیزمە میتافیزیکیانە دەردەکەین، بەو سیفەتەی پڕۆژەی شیعری  `مامۆستا گۆران` لەم نێوەندەدا بەتەنێ وەک (شاعیری شاعیران) وەستاوە.

 ساڵانی حەفتای ئێمە ساڵانی ئایدۆلۆژیا بوو، هەربۆیە شیعر  نەیتوانی لە پڕۆژەی `گۆران` نێزیکبێتەوە، چجای ڕیزپەڕی بکات بۆ بەرهەمهێنانی فوندەمێنتێکی نوێ و فەلسەفەیەکی نوێی شیعریی. ئەم قۆناغەی `بزووتنەوەی ڕوانگە` کۆپی هەمان دوالیستە میتافیزیکیەکانی پێش پڕۆژەی گۆران بوو. بەداخەوە، زۆربەی شاعیرانی نەوەی نەوەدەکان هەمان کلاسیکیاتیان بە فۆرمێکی تر دووبارەکردەوە. لێرەدا پرۆژەی `جەلالی میرزا کەریم و  ئازاد سوبحی و ئەحمەدی مەلا`  جودا دەکەینەوە لەم میتافیزیکییەتە شیعرییە، بەڵام شاعیرانی دیکە لە جەوهەردا هەمان دوالیستە میتافیزیکیەکانی پێش پڕۆژەی مامۆستا گۆرانن…

 لەنێو ئەم دەریا میتافیزیکییە شیعرییەدا، دوورگەیەک هەیە کە  شیعری کوردی هەناسەی نوێیبوونەی لەسەر دەدا، ئەو دوورگەیە لە ناوەڕاستی هەشتاکاندایە کە دیوانی یەکەمی ڕەنجدەر `زێوان` لەدایکدەبێت. ئیدی شیعری کوردی  لەبەردەم پڕۆژەی ڕەنجدەردا پێچێکی گەورە دەدات، شیعری ڕەنجدەر  ڕیزپەڕی `گۆران` دەکات، بەڵام بە تێپەڕبوون بە نێو هەناوی پرۆژەی شیعریی `گۆران`دا، و  لە مانا بوونگەراییە قووڵەکەی  گۆران نێزیکدەبێتەوە… ئیدی قەسیدەی نوێ لەدایکدەبێت و دەچێتە نێو هاوکێشەی بوون و جیهانەوە و  میتافیزیکایی شیعریی و ئایدیالستی شیعری بزوتنەوەی ڕوانگە و تەوژمەکەی، جێدەهێڵێت.

 پڕۆژەی شیعری ڕەنجدەر  لەناو `بوون` وە باڵایی دەبێت، تراندێنتێنسی زمان بابڵێن؛ ` باڵایی زمان`ی شیعریی لە قۆناغی دەربڕینی `هەبووەکان` دا قەتیس نابێت و دەچێتە ئاستە باڵاکەی دۆزینەوەی لێرەبوونی شیعریی. هەروەها جەوهەری شیعر و دۆزینەوەی `چییەتی شیعر- „Wesen der Dichtung“ لە ئاخاوتنی شیعردا لەگەڵ خواکان و لەوێوە بۆ نێو جیهان، بۆ نێو `بوون` و بەدەنگهاتنەوەی بوون بە مانا بوونگەراییەکەی، گەشتی خۆی دەستپێدەکات.      

 بە زمانێکی ڕوون دەڵێم؛ گەر شیعری کوردی تاوەکو ئێستا زمانی وەک ئامڕازێک بەکارهێنابێت بۆ دەربڕین، ئەوا  لەگەڵ لەدایکبوونی دیوانی `زێوان` کە لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا لە ساڵی 1988دا چاپدەبێت، ئەم دیوانە خۆی لە خۆیدا `ڕوودان` بوو بە چەمکە وجودییە هایدگەرییەکەی. ئیدی شیعریی کوردی لە پڕۆژەی ڕەنجدەرەوە دەچێتە ئاستێکی دیکە، کە زمان تێدا ئامڕازێک نییە بۆ دەربڕین لە هەبووەکان، بەڵکو شیعر دەچێتە ئاستێکی بەرزتر کە ئەویش دەچێتە ئاستی `بوون` و بوونگەراییە… هایدگەر لەتێڕامانی لە شیعری هۆڵدەرلین دا دەڵێت؛ “زمان ئامڕازێکی لەبەردەستدا نییە، بەڵکو ئەو ڕوودانەیە کە باڵاترین ئەگەری بوونی مرۆڤ دەخاتە بەردەست“[20]

لەدواجاردا دەڵێم؛ ئەم `ڕوودان`ە کاتێک ڕوودەدات کە بوون خۆی دەردەخات، بەڵام بۆ شاعیرە مامناوەندییەکان نا، نەخێر، بەڵکو بۆ شاعیری شاعیرەکان. بوون خۆی بۆ ناڕەسەنەکان دەرناخات، بۆئەوانە خۆی دەرناخات کە دوور لە پرسیاری بوون، ژیان بەسەر دەبەن. لەم کەیسەدا ئەوە دەنگدانەوەی بوونە کە تەنها  ڕەنجدەر، وەک  شاعیرای شاعیران گوێی لێیە و بەدەنگییەوە چووە.  

تەواو      

ئەڵمانیا – بۆن

یانواری ٢٠٢٣

فەرهەنگۆکی چەمک و دەستەواژەکانی  هایدگەر ( ئەڵمانی – کوردی)

 

  • بوونگەرایی – ئۆنتۆلۆجی، یان ئۆنتۆلۆژی – Ontologie
  • هەبوویی – ئۆنتیش – Ontisch
  • بوون – زاین – Sein [das]
  • هەبوو – زایندە – Seiende [das]
  • لێرەداهەبوو – هەیەتی – هەبوونێتی – ئێکسیستێنت –[die] Existenz
  • بوونێتی – ئێکسیستێنتالیەن – [das   Existenzial
  • لێرەدا – بوون (لێرەبوون)  – دازاین  – Dasein [das]
  • جێگیری – بۆدنشتێندیگکایت – [die]  Bodenständigkeit
  • زەمەن / کات – تسایت Zeit [die]
  • چێوە – ڕاوم –Raum [der] 
  • جیهان – ڤێلت – Welt [die]  
  • `زمان – شپراخە – [die] Sprache
  • بیرکردنەوە – دێنکن – Denken [das]
  • دواندن (قسەکردن) – ڕێدە -Rede
  • تێگەیشتن – فێرشتهێین – Verstehen [das]
  • ڕووداو – ئێرئایگنس -[das] Ereignis
  • خەمخۆری، یان مشوورخواردن – زۆرگە – [die]  Sorge
  • فڕێدان – گێڤۆرڤنهایت – Geworfenheit [die]  
  • کڵێشە، یان پڕۆژە – ئێنتڤورڤ – Entwurf [der]
  • دواخوا – دێر لێتستە گۆت –Der letzte Gott
  • ڕەسەن – ئایگنتلیخ – Eigentlich  
  • ناڕەسەن – ئایگنتلیخ –Uneigentlich
  • ڕاستەقینەیی فاکتیسیتێت یان Faktizität [die]
  • باڵایی – ترانسێندێنس –  [die]   Transzendenz
  • خۆبوونێتی – منێتی – یێماینککایت – [die]    Jemeinigkeit
  • پڕۆژەفڕێدراوەکە – گیڤۆرڤونەر ئێنتڤورڤ –  Geworfener Entwurf
  • `لە – جیهاندا – بوون ` ئین دێر ڤێلت زاین – „ In – der-  Welt-  sein „
  • خوماریی ترازان، بەرزبوونەوە – ئێنترئوکونگ – Entrückung [die]  
  • چییەتی شیعریی – ڤێسن دێر دیختونگ – „Wesen der Dichtung“

سەرچاوە و پەراوێزەکان

 

[1].  Martin Heidegger, Erläuterungen zu Hölderlins Dichtung, Rotereihe Klostermann, 7 Auflage, 2012, S.13 – S.34.

[2]. Peter Sloterdijk, Zu Welt kommen – Zu Sprache kommen, Frankfurter Vorlesung, Suhrkamp Verlag 1998, S.13.  

[3]. Hölderlin, Gedichte 1800 – 1804, Andenken, KSA Bb. 2, 197

[4] . ئەز `بوونگەرایی` بەکاردێنم بەڵام پێشنیازی ڕێبوار سیوەیلی نووسەر و لێکۆڵەر وەهایە کە `بوونخوازی` گونجاترە. بۆ هەمەجۆری وەرگێڕانی ئەم چەمکە پێمباش بوو تێرمی بوونخوازی لەتەنیشت بوونگەرایی وەک ئەڵتەرناتیف دابنێم.

[5].Martin Heidegger, Sein und Zeit, Max Niemeyer Verlag Tübingen 2006, S.1.

[6]. König, Siegfried. Martin Heideggers “Sein und Zeit” – Eine Einführung (Klassiker der Philosophie verstehen 2) (German Edition) . Kindle Edition.

[7]. Martin Heidegger، Sein und Zeit, S.188.

[8]. Martin Heidegger, Beiträge zur Philosophie (Vom Ereignis) Frankfurt a. M.2003, S.246.

[9]. Francesco Lenz:  Das Sein in Heideggers Beiträgen zur Philosophie (Vom Ereignis)

Ph.D. Dissertation, Universität Köln, 2014.

[10] . Martin Heidegger، Sein und Zeit,  S.6.

[11] بڕوانە؛ د.محه‌مه‌د کەمال: باربۆکردنەکان بۆ فەلسەفە، چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢١  

[12] Peter Sloterdijk, Nicht gerettet, Suhrkamp Verlag 2019, S.30 – 41.

.[13] Martin Heidegger, Erläuterungen zu Hölderlins Dichtung, S.43.

[14]. Martin Heidegger, Erläuterungen zu Hölderlins Dichtung, S.45.

[15] . Martin Heidegger، Sein und Zeit, S. 38.

[16]. Martin Heidegger، Sein und Zeit, S.41.

[17]. Martin Heidegger، Sein und Zeit, S.16.

[18]. Andreas Luckner, Martin Heidegger، Sein und Zeit, Utb  2001, S.31.

.[19] سەباح ڕەنجدەر، `چوار کتێب لەبارەی شیعرەوە` ، چاپی بەڕێوبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر ٢٠١٩، ل.١٤ 

 

[20]. Heidegger, Erläuterungen, S. 38.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌