ڕێزان به‌توله‌ فاتمه‌

شاردنه‌وه‌ی هێماكانی مێینه-بوون


Loading

پرسیار: كه‌ی له‌ دایك بوویت، پله‌كانی خوێندنت له ‌كوێ ته‌واو كردوون و له‌ چ بوارێكدا بووه‌؟

هۆزان مه‌حمود – سازده‌ری دیدار

ڕێزان: لە ٢/٧/١٩٨٦، لە سلێمانی لە دایك بووم. قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیم هەر لە سلێمانی تەواو کردووە، هەر لە قۆناغی ناوەندییەوە خولیای خوێندنی هونەر بووم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەڵام بەهۆی بیرکردنەوەی ترادیشنەڵانەی خێزانەکەم و کەمی بایەخدان بە هونەر لە کولتووری کوردیدا، ناچار بووم بچمە دواناوەندی، درێژە بدەم بە خوێندن لە دواناوەندی، بەشی وێژەییم تەواو کرد.

دواتر لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی وەرگیرام لە ٢٠٠٤ـ٢٠٠٥، قۆناغەکانی کۆلێژی هونەر بەشی وێنەکێشانم بەشێوەیەکی سەرکەوتوویی بە پلەی زۆرباشە لە ٢٠٠٧ـ ٢٠٠٨ تەواو کرد. توانیم پلەی سێیەم لەسەر ئاستی بەشەکەم بەدەست بێنم. بەپێی سیستەمی زانکۆی سلێمانی، سێ یەکەمی هەر کۆلێژێك دەتوانێت وەك موعید (یاریدەدەری توێژەر) لە هەمان کۆلێژ وەربگێرێنەوە. لە ٢٠٠٩ بە پلەی موعید لە کۆلێژی هونەر بوومە فەرمانبەر.

لە ساڵی ٢٠١١ بە پڕۆگرامێکی خوێندن سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان (پڕۆگرامی تواناسازی)، توانیم بۆ خوێندنی ماستەر بچمە وڵاتی فەڕەنسا. لە شاری گرۆنۆبڵ (Grenoble) لە (Université de Stendhal) دەستم بە خوێندنی زمانی فەڕەنسی کرد، بۆ ماوەی حەوت مانگ. دواتر بۆ باشترکردنی زمانەکەم، لە کۆتایی ٢٠١٢ چومە شاری پاریس بۆ درێژەدان بە خوێندنی زمانی فەڕەنسی، لە سەرەتادا لە (Institute privé campus langue) زمانی فەڕەنسیم بۆ ماوەی سێ مانگ خوێند. پاشان، لە ئیکۆلی (Alliance française paris île-de-france Paris) درێژەم بە زمانی فەڕەنسی دا بۆ ماوەی ٦ مانگ. خۆ زۆر ماندووکردنم بە زمانی فەڕەنسییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە هەوڵم دەدا لە زانکۆی پاریسی یه‌ك پانتێیۆن سۆڕبۆن (Université Paris 1 Panthéon Sorbonne) بخوێنم بۆ بەشی هونەر. کە وەرگرتن لەو زانکۆیە بۆ خوێندکارێکی بیانی ڕۆژهەڵاتی زۆر ئەستەمە، چونکە توانایەکی باشی زمانی دەوێت. لە ساڵی ٢٠١٣ لەو زانکۆیە (Université Paris 1 Panthéon Sorbonne) دەستم کرد بە خوێندنی هونەر لە ماستەر یەك بەشی (Arts de l’image et du vivant). لە ٢٠١٤ لە ماستەر دوو، لە هەمان بەش و زانکۆ وەرگیرامەوە. لە ٢٠١٥ بە پلەی زۆرباش ماستەر دووم تەواو کرد، کە لەسەر ئاستی بەشەکەم دووەم بووم. لە ئێستادا، لە کۆلێژی هونەر لە زانکۆی سلێمانی، وانەی ڕاهێنانی میدیای بە قۆناغی چوارەمی و وانەی جێندەر بە قۆناغی دووەمی بەشی شێوەکاری دەڵێمەوە.

 

پرسیار: ژیانت وه‌ك مێینه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كۆنزەرڤاتیڤدا كه‌مێك باس بكه‌، بۆ نموونه‌ به‌ر‌كه‌وتنه‌كانت له‌گه‌ڵ ئاین، پیاوسالاری و ڕێگرییه‌كانی سه‌ر ڕێت به‌ هۆی مێینه‌ بوونته‌وه‌ باس بكه‌؟

ڕێزان: مێینەیی-بوون لە کۆمەڵگایەکی کۆنزەر‌ڤاتیڤدا، کە ئاین وەك کولتور و ترادیشنی کۆمەڵگا ببینرێت، بە واتای کۆیلەیی و ژێردەستەیی و (ئۆبجێکتبوونی) مێینه‌ دێت، کە قەتیسماوە لە نێوان حەڵاڵ و حەرامدا. منیش وەک هەر تاکێکی کورد لە خێزانێکی ئاینی ترادیشنەڵ پەروەردە بووم. دین بریتی بوو لە خاڵی دەستپێك و کۆتایی بۆ هەر پرسێك کە دەستی بۆ بەریت. هەستکردن بە مێینەیی بوونم هەر لە سەردەمی هەرزەکاریمەوە، گەورەترین و قورسترین شۆك بوو کە لەم کولتورە کۆنزه‌رڤاتیڤەدا بەریکەوتم. من هەر لە منداڵییەوە زیاتر گوێڕایەڵی خۆم بووم وەك لە هەر کەسێکی تر، هەر لەبەر ئەمەش بوو کە بینینی جەستەی خۆم وەك ئەو کەرەستە (تابۆ)یه‌، کێشەیەکی بۆ خودی خۆم دروستکرد. واتە کەوتمە بەرهەڵستی کردنی خودی خۆم و دوورکەوتنەوە و هەڵهاتن لەو بینینەی کۆمەڵگا بۆ منێکی مێ. بینینی منی مێ لە چاوی ئەویترەوە نائارامییەکی دەروونی زۆری بۆ دروستکردبووم. هەربۆیە تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی لەو بینینە دووربکەومەوە، هەڵهاتنم بوو لە جەستەی مێینەم، تاکە ڕێگە بۆ ئەوکاتەی من بریتی بوو لە شاردنەوەی هێما مێینەکانم، ئەویش بە لەچكکردن و داپۆشینی تەواوی جەستەم کۆتایی هات، لەوکاتەدا، تەمەنم تەنیا ١٣ ساڵ بوو.

لە ڕوویی دەرونییەوە خۆدەربازکردن لە خودی جەستەم، ئاستەنگترین کار بوو، هەر بە داپۆشینی تەواوی لەشم کۆتایی نەهات، بەڵکو هەوڵم دەدا ناشیرین دەربکەوم لە ڕووی ڕواڵەتەوە، هەتاوەکو لە مێینەیەتی خۆم دەرباز ببم. لە سەرەتاوە، لەگەڵ ئەوەی بە ڕووکار حیجاب بووم، بەڵام بە شێوەیەکی ورد پراکتیزەی دینم نەدەکرد، بەڵام لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە دین بوو بە ڕێگایەکی پەروەردەکردن بۆ خاڵی بوونەوە لەو کۆمەڵگە کۆنزەرڤاتیڤە.

بە درێژایی پراکتیزەکردنم لە دینی ئیسلام و وردبوونەوەم لێی، تێگەیشتنم لە کڕۆکی ئاینەکە، کۆمەڵێك پرسیاری زۆرم بۆ دروست بوو‌ لەسەر پێگەی ئافرەت لەم دینەی کە وەك فریادڕەس ڕووم تێکردووە. هەڵبەت پرسیارکردن لەسەر دین لە کۆمەڵگایەکی کۆنزەر‌ڤاتیڤدا، یەکێکە لەو شتە تابۆیانەی کە نابێت دەستی بۆ بەریت. لەگەڵ بەردەوامبوونم بە پراکتیزەکردنی دینی ئیسلام، پرسیارەکانم زۆرتر و ئاڵۆزتر دەبوو، هەتاوەکو وردتر دەبوومەوە کێشەم زیاتر لەگەڵی دروست دەبوو. وردە وردە هەستم بەوە کرد کە کێشەم لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئەم ئاینه‌ هەیە. لەوە تێگەیشتم کە ئەو بینینەی کە منی نائارام کردبوو هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە، لەم دینەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام لە کولتوورێکی ئیسلامی ترادیشناڵدا کە لە هەموو لایەکەوە بە سنوورە دینیەکانەوە گرێدراوی، زۆر ئاستەنگە پشوو وەرگریت لە پراکتیزەکردنی دین. هەستم دەکرد بۆ باشتر تێگەیشتن و تێڕامان لێی پێویستم بە دوورییەك هەیە (distance) وەریبگرم لەگەڵ ئەم دینەدا، زۆر بەڕوونی سەرچاوەی ئەو بە کەرەستە سەیرکردنەی مێینەم لە دینی ئیسلامدا دەبینی، بەڵام کەس نەبوو وەڵامێکی دروستم بداتەوە، هەرکات ئەو پرسیارانەم دەکرد، بەر ئەوە دەکەوتمەوە کە پرسیارکردن لە دیندا نییە. ئەم کێشمەکێشمەم لەگەڵ ئایندا بەرفراوانتر بوو لە دوای ئەوەی لە کۆلێژی هونەر وەك خوێندکار وەرگیرام، ئەوکات کێشەم زۆر زیاتر بوو لەگەڵ دیندارە ئیسلامییەکان، بەڵام هەر پراکتیزەی دینەکەم دەکرد، چونکە شتێك نییە بە ناوی وازهێنان لە دین لە کۆمەڵگایەکی کۆنزه‌رڤاتیڤی ئاینیدا، دەکرێیتە دەرەوەی خێزان و کۆمەڵگه‌. هەرچەندە، لەو کاتەدا دین بۆ من ڕێگایەکی پەروەردەکردن بوو، هەربۆیە لە زەمەنێکی پراکتیزەکردنی دینیمدا هەستم بە نائارامی دەکرد کە ناوی پەیامبەری ئیسلام بێنم لە نوێژدا، چونکە زۆرترین ئەو پرسیارانەی هەم بوو دەربارەی ئەو بوو. پێویستم بە دوورکەوتنەوە لە پراکتیزەکردنی دینەکە هەبوو، هەتاوەکو بتوانم بە شێوەیەکی ئۆبجێکتیڤانە بڕیاڕ بدەم و تێی ڕابمێنم، نەوەك خوو وەرگرتن و سۆزداریم بۆ دینەکە ڕێگریم بکات لە تێگەیشتن لێی. ئەم دوورییە بەدەست نەهات هەتاوەکو چوومە وڵاتی فەڕەنسا. لە وڵاتی فەڕەنسا، لە دوای تێڕامان و وردبوونەوەی زۆرم لە دینی ئیسلام، لەوە تێی گەیشتم کە ئەم دینە وەکو بکەر جێی مێینەی تێدا نابێتەوە. هەروەها بە ڕوونی دەرکم بەوە کرد کە دینی ئیسلام گەر وەك ڕێگایەکی پەروەردەیش بیگریتە بەر، پەروەردەیەکی توندوتیژە. لەگەڵ دەسپێکی خوێندنم بە ماستەر لە پاریس، خوێندنەوە و شیکاریکردن و تێگەیشتن لەو بیرمەندانەی کە لەسەر جەستە دەدوێن بوونە جێی لێکۆڵینەوە و سەرنجدانم. هەوڵم دەدا لە جەستە وەك ئامڕازی سەرەکی بوون تێبگەم، پرسیار لە پرسە جێندەرییەکان بکەم.

 

پرسیار؛ ئایا هه‌ڵبژاردنی كاری هونه‌ری تا چه‌ند سه‌خت بوو له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا و به‌تایبه‌ت له‌ زانكۆدا. ڕێگرییه‌كان یاخود ئه‌و ستیریۆتایپانه‌ی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندی ژن و هونه‌رمه‌ندی پیاو هه‌ن كامانه‌نه‌؟ بۆ نموونه‌ هه‌ڵبژاردنی بواره‌كان چۆن جیاكاری جێنده‌ری تیاكراوه‌؟

ڕێزان: هەڵبژاردنی هونەر، وەك پسپۆڕی لە کۆمەڵگای کوردیدا، ئاستەنگی بۆ هەر تاکێک دروست دەکات، لە هەر ڕەگەزێك بێت، چونکە هونەر هێشتا ئەو پێگە و تێگەیشتنەی نییە لە کۆمەڵگای کوردیدا. هونەر، بەتایبەت باسی هونەری شێوەکاری دەکەم، بە پرۆسێس نەگەیشتۆتە کوردستانی باشور. ڕوونتر بڵێم، پراکتیزەکردنی هونەر پێویستی بە کەشێکی گونجاو هەیە. هونەرکردن هێشتا ئەو دەسەڵات و هەژموونەی نییە بە بەراورد بە وڵاتانی تر. هونەر هێشتا نەیتوانیوە دەست بۆ پیرۆزییەکان ببات. هێشتا لە خەمی ئەوەدایە کە جێگایی ببێتەوە لە کۆمەڵگاکەدا. لەژێر هەڕەشەی ئەوەدایە لەناکاو مەلاکان نەڵێن هونەر نابێت پراکتیزە بکرێت، ئەمە جگە لەوەی پاشکۆی دەسەڵاتە.

بۆ مێینەیەک، خوێندن لە کۆلێژی هونەر کێشەیەك دروستناکات گەر دواتر بچێتە قوتابخانەیەك، ببێتە مامۆستا، هونەر وەك پاشکۆی وانەکانی تر بوترێتەوە. لەو کاتەدا، پراکتیزەی هونەر بۆ مێینەیەك دەبێتە کێشە، کە بێتە مەیدانی گشتییەوە و بەر پەبڵیك بکەوێت. هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا جوڵەیەکی گرنگی لەو جۆرە لە کوردستان بەدیناکرێت. هەتا ئەو سنوورە هونەر پەلدەهاوێژێت کە کێشە دروست نەکات بۆ بەش و لایەنەکانی تر. ئەمە جگەلەوەی بەشێکی تری کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان، لە کۆلێژ و پەیمانگاکاندا، خوێندکارانی کچ دەچنە سیرامیک بە گشتی، هەندێك جار وێنەکێشان و گرافیك، بەڵام زۆر بە کەمی پەیکەر هەڵدەبژێرن، هەرچەندە ئەم دیاردەیە وردە وردە ڕووی لە کەمبوونە.

 

پرسیار: تۆ جیاواز له‌ نیگاركێشی كاری پێرفۆرمانسیش ده‌كه‌یت، تا چه‌ند ئه‌سته‌مه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك كوردستاندا ده‌ست بۆ ئه‌م كارانه‌ به‌ریت وه‌ك ژنێك؟

ڕێزان: هەڵبەت من لەوکاتەی کە گەڕاومەتەوە بۆ کوردستان، هیچ نمایشێکی هونەریم ئەنجامنەداوە، چونکە بە بەردەوامی لە سەفەردا بووم لە ساڵی ٢٠١٦ـ ٢٠١٧ هەرچەندە هەوڵمداوە، بەڵام بەهۆی ڕێگرییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکانەوە نەم توانیوە پراکتیزەی کارەکانم بکەم. گەر ژنێك بیەوێت کارێکی هونەری ئەنجامبدات پێویستی بە پشتگیری و پاڵپشتی خێزانی و لایەنێکی بەرپرس هەیە. لە ماوەی ئەم ساڵەدا کە بە پچڕپچڕی لە کوردستان بووم، زۆر هەوڵمداوە چەند کارێکی پێرفۆڕمانس بکەم، کە ماوەیەکی زۆر کارم بۆ بیرۆکەی کارەکان کردبوو. هەستەکەم هێشتا کۆمەڵگای کوردی ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ جەستەی مێینەكدا بکات و قەبوڵی بکات وەك ئاکتێکی هونەری. ئەمە جگە لەوەی کارێکی تری پێرفۆڕمانسم بەهۆی نەبوونی پشتگیری داراییەوە نەکردووە. لەگەڵ ئەم هەموو ئاستەنگییانە خەریکی خۆ ئامادەکردنم بۆ کارێکی تر کە پرسیارکردنە لە پەیوەندی بینەر و کاری هونەری.

 

پرسیار: كاره‌ هونه‌ریه‌كانت، یان پێرفۆرمانسه‌كانت زۆرتر له‌ ده‌وری چ تێمایه‌ك خۆیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن؟ بۆ نموونه‌ (ئایا وێنای ژنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دینی و پیاوسالاری) یان تێمای گشتین؟

ڕێزان: سەرەتای کارەهونەرییەکانم لە پاریس، لەسەر ئەو تێماییانە بوون، کە یەکەمجار بەریکەوتم وەك مێینەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی بێ ناسنامەی سیاسی. پرسی ناسنامەی جێندەری و سیاسی یەکێك بوون لەو بەرکەوتنانەی کە منیان زۆر سەرقاڵ کردبوو، دەتوانم بڵێم پرسی (ناسنامەی سیاسی) زیاتر تووشی شۆکی کردم، چونکە من نەوەی دوای ڕاپەڕین بووم، لەو کاتەی کە درکم کردووە و بیرمدێت، وەك کوردێك گەورە بووم و بە کوردی خوێندنم تەواو کردوە، هەربۆیە هەژمارکردنم وەك عەرەب و دووبارە کردنەوەم کە من کوردم و بەس دەوڵەتم نییە، زۆر ئازار بەخش بوو. لەوێدا کێشەکان گەورەتر بوون، چونکە هەتاوەکو لە کوردستان بووم بەدەست کێشەی مێینەی بوون و لە چوارچێوەدانی تاك لەو کولتورە کۆنزهر‌ڤاتیڤەدا دەمناڵاند، بەڵام کە هاتمە فەڕەنسا کێشەی نەبوونی ناسنامە زۆر قورستر بوو. کێشەکە بۆ من ئەوە بوو، کە ٢٥ ساڵ لە کوردستان ژیام بە بێئەوەی هەست بەوە بکەم، کە مێینەیەکی چەپاو و قوربانی سیستەمی پیاوسالاری کولتورێکی کۆنزه‌رڤاتیڤی بێ ناسنامەی سیاسیم. لە چاوی ئەوانیتری فەڕەنسی و ئەوروپایی بێ ناسنامەیەکی جێندەری و سیاسیم دەبینی، کە من بوو. هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لەم وێنەیە لە دوای نمایشی ئەو ئەنستڵەیشنەوە ڕوویدا کە پارچە گۆشتێکە لەسەر بەرماڵەکە.

 

پرسیار: حه‌ز ده‌كه‌م باسی ئه‌زموونی خوێندنی خۆت بكه‌یت له‌ پاریس و به‌راوردی بكه‌ به‌ زانكۆی كوردستان، وه‌كو ژنێك ڕێگرییه‌كان چی بوون؟ ئایا له‌ پاریس كه‌ له‌ زانكۆ بوویت هه‌ستت ده‌كرد وه‌ك كچێكی فه‌ڕه‌نسی هونه‌رمه‌ند سه‌یرده‌كرێیت یان وه‌كو ئه‌وی تری خۆرهه‌ڵاتی؟ به‌ریه‌ك كه‌وتنه‌كانت چی بوون؟ ئه‌ی به‌گشتی به‌راوردێك بكه‌یت به‌ ئه‌زموونی خۆت له‌ كوردستان له‌گه‌ڵ پاریس وه‌كو مێینه‌ له‌ هه‌ردوولا چۆن خۆت ده‌بینیته‌وه‌؟

ڕێزان: دەتوانم بڵێم هەموو ئەو ماوەیەی لە پاریس بووم، من لە پرۆسەی فێربووندا بووم، نەك تەنها فێربوون بەهۆی سیستەمی زانکۆوە، بەڵکو هەر چرکەساتێك بۆ من وانەیەك بوو. لە دوای ساڵێك خوێندن لە زمان، دەروازەی گفتوگۆ و تێگەیشتن لێیان بۆ من واڵا بوو. هەوڵم دەدا زۆرترین بەرکەوتنی گفتوگۆیم هەبێت لەگەڵیاندا. پرسی ژنان لە فەرەنسا هێشتا لە بەرەوپێشچون و چالاکی دایە، واتە هێشتا کێشەی جێندەری دەبینرێت لە هەندێك ڕەهەندا، بۆنموونە مووچەی ژن و پیاو هێشتا یەکسان نییە، هێشتا ژنان ناتوانن بچنە هەندێک پلەی ئیدارییەوە، هەروەها زۆرترین ڕێژەی ژن سەرقاڵی کاری خزمەتکاری و کاری دەست و ناوماڵن (دۆمێستیك). بەڵام ئەمە ڕەنگی نەدابۆوه‌ لە زانکۆدا. لەناو چوارچێوەی زانکۆدا هیچ جۆرە سنوورێك بەدی ناکرێت، ئازادانە دەتوانیت ڕای خۆت دەرببڕیت، چونکە ئازادی ڕا دەربڕین یەکێکە لە پرەنسیپەکانیان کە بە بنچینەی دیموکراسی وڵاتەکەی دەبینن.

لە زانکۆی پانتیۆن سۆڕبۆن، زۆر بە کەمی خوێندکاری بیانی وەردەگیرێت، ئەوان بۆ وەرگرتنی خوێندکاری بیانی سیستەمی ئاڵوگۆڕ بەکاردەهێنن. بوونی منێکی مێینەیی ڕۆژهەڵاتی جار هەبوو نەخوازراو بوو، جار هەبوو دەستخۆشیان لێدەکردم کە نمرەکان و کارەکانم باش بوون، جاریش هەبوو وەك کەرەستەیەکی ناو تاقیگە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردم. جیاوازییەكی زۆر بەرچاو کە بەریکەوتم بە بەراوورد بە زانکۆی سلێمانی، ئەوە بوو کە لە زانکۆی پانتیۆن سۆڕبۆن پرسیارەکە ئەوە بوو هەتا چ سنوورێک دەتوانیت دەرچوون بکەیت، و پێگەی هونەر گرنگ بوو، هونەر وەک بەشێکی گرنگ دەبینرا کە دەتوانێت دەست بۆ هەر شتێک بەرێت کە هونەرمەند پێوەی سەرقاڵە. بەڵام لە زانکۆی سلێمانی زۆرترین وشە کە بەری کەوتبێتم بریتی بووە لە : مەکە، پێویست ناکات، ناتوانیت، جا وەك کچێك ڕێگەتپێده‌دەن؟ ئەی حەرام نییە وێنەکێشانی وێنەی ڕووت؟ حەرامە ؟!

بە درێژایی ماستەر یەك لە زانکۆی پانتیۆن سۆڕبۆن، سەرقاڵ بووم بە کارکردن لەسەر ناسنامەی جێندەری و ناسنامەی سیاسی. زنجیرە کارێکم کرد لەسەر ئەو پرسانە و بەکارهێنانیان وەك کۆنسێپتێکی هونەری، بۆ ساڵی ٢٠١٤ ئەو زنجیرە کارەی لەسەر ناسنامە کردم بە دیواری کتێبخانەی کۆلێژی هونەرەوە هەڵواسرا، هەموو ساڵێک یەکێک لە کارە باشەکانی خوێندکارانی ماستەر یەکیان هەڵدەواسی.

بەشێوەیەکی گشتی کارم لەسەر جەستە دەکرد وەك کەرەستەیەکی چەپاوی کولتوری کۆنزه‌رڤاتیڤ. ماستەر یەکه‌م بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و توانیم لە ماستەر دوو لە هەمان زانکۆ وەربگیرێمەوە. بەڵام لە ماستەر دوودا هەستم بەوە دەکرد، کە لە ماستەر یەکدا کارم لەسەر ئەو شتانە کردووە کە منێکی مێینەی چەپاوی بێ ناسنامە نیشان دەدات، فەڕەنسیەکانیش تەماشاکەری گێڕانەوە شانۆییەکەی منن. هەستم بەو بینینەی ئەوان دەکرد کە بۆ منێکی ڕۆژهەڵاتی هەیان بوو. لە هەمان کاتدا وردە وردە بینیم کە زۆرینەی ئەو کورد، عەرەب و فارسانەی کە هاتوونەتە ڕۆژئاوا، دووبارە نمایشی قوربانیدانی خۆیان دەکەن.

ئەوە ڕوونە کە لە پاریس هیچ بەربەستێکم بۆ دروست نەبوو وەك مێینەیەک، دەمتوانی هەر کارێك بمەوێت بیکەم، بەڵام دەرچوون لەو چوارچێوەیەی کە بیست و پێنج ساڵ بوو بۆم داتاشرابوو لە کوردستان ئەستەم بوو. زۆرێك لەو ڕۆژهەڵاتیانەش کە وەك من بەر هەمان شۆك کەوتوون نەیانتوانیوە لەو چوارچێوەیە دەرچن، هەربۆیە بەردەوامن لەسەر نیشاندانی قوربانی بوونی خۆیان وەك مێینەیەك.

هەربۆیە زۆر هەوڵم دەدا ڕێگە چارەیەك بۆ دەرباز بوون لەو وێنەیە بدۆزمەوە. لێرەدا ئەو ئەزموونەی خۆم باس دەکەم کە لە ڕێگه‌یەوە توانیم هەنگاو بنێمە خاڵێکی ترەوە و تا ڕادەیەك خۆم داتاشم لەو وێنە مێینە ڕۆژهەڵاتییە.

لە زانکۆی پانتیۆن سۆڕبۆن، ساڵانە نمایشیك ئەنجامدەدرێت بۆ خوێندکارانی هونەری ئەو زانکۆیە، لە گەلەری میشێل ژۆرنیاک (Galerie Michel Journiac)، ئەم گەلەریە لە هەمان کاتدا سەر بە زانکۆکەیە و سەربەخۆشە. ساڵانە خوێندکارانی هونەر پرۆپەزڵ پێشکەش دەکەن و لەلایەن ستافێکی پرۆفیشنەڵی دەرەکییەوە، کە لە ڕەخنەگر و خاوەن گەلەری و هونەرمەند پێكهاتووە، هەڵسەنگاندن بۆ کارەکان دەکرێ و پێنج خوێندکار دەستنیشان دەکرێن بۆ ئەوەی بۆ ماوەی دوو هەفتە نمایشی کارەکانیان بکەن.

بۆ ساڵی ٢٠١٥ کارەکانی منیش هەڵبژێردرا هەتاوەکو بەشداری بکەم. بە دوو کار بەشداریم کرد؛ یەکێکیان بریتی بوو لە زنجیرەیەك وێنەی فۆتۆگرافی خۆم کە لەسەر پرسی ناسنامە کردبووم. کاری دووەم بریتی بوو لە ئینستڵەیشنێك، کە لە بەرماڵێك و پارچەیەك گۆشت و پارچەیەك قوماشی خام پێکهاتبوو.

پڕۆسێسەکە وەهایە کە ئەو ستافە دەرەکییە پێنج خوێندکارەکە هەڵدەبژێرن، پاشان کیورەتەکانی گەلەریەکە ئاگادار دەکەنەوە، ڕیکخەرەکان پڕۆپەزڵ و کاری خوێندکارەکان دەدەنە کۆلێژەکە، پاشان ڕاگری کۆلێژەکەش بەشی ئەدمینستراتیڤ (ئیدارە)ی زانکۆکە ئاگاداردەکەنەوە لە نمایشەکە و خوێندکارە بەشداربووەکان، پاشان زانکۆش شارەوانی ئەو ناوچەیە ئاگادار دەکاتەوە لە پێشانگاکە و کارەکانی خوێندکارە هەڵبژێردراوەکان.

ئێوارەی کرانەوەی نمایشەکە ڕۆژی ١٠/٣/٢٠١٥ بوو، هەر لە سەرلەبەیانیەکەیەوە ئاگادارکراینەوە که‌ دەبێت کارەکانمان کۆبکەینەوە چونکە نمایشەکە ڕێگری بۆ دروستبووە. لەوێدا تێگەیشتم کە کارەکەی من بووەتە ڕێگری لەبەردەم کردنەوەی نمایشەکە. دوو ئاسایشی سێکیوریتی زانکۆکە پەتی ناوچەی قەدەغەیان بە دەوری گەلەریەکەدا دانابوو، هەتاوەکو کەس نەچێتە ژورەوە. زۆر بە توندی داوام لێکرا کە کارەکەم خێرا هەڵبگرمەوە، واتە وێنەکان لەدیوارەکە بکەمەوە و ئینستڵەیشنەکەش کۆبکەمەوە! پێشئەوەی شتەکانم کۆ بکەمەوە بەشێوەیەکی شاراوە بە مۆبایلەکەم وێنەیەکی هەردوو کارەکەم گرت. ئاسایشی سێکیوریتیەکە هەوڵیدا مۆبایلەکەم لی بسەنێت، لەوێدا ڕێکخەری گەلەریەکە نەیهێشت، پێیگووت؛ کە نامە دەنێرێت وێنە ناگرێت. هەرچۆنێك بێت ناچارکراین کارەکان کۆ بکەینەوە. خوێندکارەکانی تر کە وەرگیرابوون وەكو من، زۆر ناڕەحەت بوون لێم، چونکە نمایشکردن لەو گەلەرییە خەونی هەر خوێندکارێکی ئەو زانکۆیەیە. هەربۆیە لەوێدا زۆر هەستم بە نامۆیی خۆم کرد، دووبارە لە رێگه‌ی بینینەکانیانەوە وێنە مێینەییە ڕۆژهەڵاتییە قوربانییەکەی خۆمم بینی. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا هەموو مامۆستا و خوێندکاران هۆڵەکانی خوێندنیان بەجێهێشت و هاتن بۆ یارمەتی و پشتگیری کردنمان. لە سەرەتاوە هەوڵمدا پاشەکشێ بکەم لە نمایشەکە هەتاوەکو نەبمە هۆی تێکدانی خەونی بەشداربووەکانی تریش، بەڵام مامۆستاکان و ڕاگری کۆلێژەکە زۆر پشتگیریان کردم و بە بەشداربووەکانی تریان گووت؛ ئێوە بەوە جوامێرتر دەبن گەر پشتگیری لە هاوڕێکەتان بکەن و بیکەنە مەرج گەر ڕێزان بەشداری نەکات ئێوەش بەشداری ناکەن. دوای چەند کۆبوونەوەیەکی کۆی کۆلێژەکە بۆ پشتیوانی لە ئێمە، سەرۆکی زانکۆی پانتیۆن سۆڕبۆن سور بوو لەسەر بڕیارەکەی و هاتە کۆلێژەکە و زۆر بەتوندی مامەڵەی لەگەڵ کردم، لە یەکێك لە وتەکانی دا گوتی: ئێوەی ڕۆژهەڵاتی لە وڵاتی خۆتان ناتوانن هیچ بکەن و سەرئێشە بۆ ئێمە دێنن. هەڵوێستی مامۆستاکان و ڕاگری کۆلێژەکە و خوێندکارەکان وایان لە من کرد بەردەوام بم، ئەگینا زۆر دڵگران بووم بەو بارودۆخەی تێی کەوتبووم. بەهۆی ئەو پشتگیرییەی هەمان بوو داوای یاساییمان تۆمارکرد لەسەر زانکۆکە و شارەوانی ئەو ناوچەیە. لە کۆتاییدا توانیمان کەیسەکە بەرینەوە و لە ٢٣/٣/٢٠١٥ بۆ جاری دووەم نمایشەکە بکەینەوە.

ڕێگریکردنی کارەکەی من بەهۆی ئەوە بوو کە لەو کاتەدا وڵاتی فەرەنسا لە باری نائاساییدا بوو بەهۆی هێرشەکەی (شارلی ئەبدۆ) لە پاریس. هەربۆیە کارەکەی من (گۆشت لەسەر بەرماڵەکە) وا لێکدرابۆیەوە وەك بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە تیرۆرستییەی کە کرابۆیە سەر شارلی ئەبدۆ، دەیان وت تۆ زۆر ڕاستەوخۆ دەستت بۆ پیرۆزی ئیسلام بردووە کە بەرماڵە، دەیان گوت (شارلی ئەبدۆ) تەنها کاریکاتۆری محمدی کرد ئاوایان لێ کردن، جا تۆ باسی بەرماڵ و ڕەتکردنەوەی ڕووکردنە خوا بکەیت ئەوا زانکۆکەمان بەسەردا دەڕوخێنن.

 

پرسیار: حه‌ز ده‌كه‌م باسی ئه‌و كاره‌ت بكه‌یت كه‌ پارچه‌یه‌ك گۆشته‌ له‌سه‌ر به‌رماڵێك ئه‌مه‌ وێنای چی ده‌كات، ئاماژه‌یه‌ بۆچی؟

ڕێزان: ئەم کارە پرێزەنتەیشنی خودە کە لە ڕێگەی ئەویتروە خۆی نیشاندەدات. منێکی تره‌، کە بریتییە لە گۆشتێکی پاسیڤی نەگۆڕ، بێدەنگ، ژێردەستە، ملکەچی داواکاری و خواستی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی_سیاسی، کە لە دەرەوەی من بڕیاردەدات. ئەو گۆشتەی من ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینی هەبوو، کە توانای نمایندەکردنی هەموو شتێكی هەیە، جگە لە خودی خۆی. چونکە جەستەی ئافرەت تەنها بریتییە لە کەرەستە و کاڵایەکی بەکارهێنان بۆ کۆمەڵگایەکی ئاینی کولتووری کۆنزەرڤاتیڤی پیاوسالار. ئەم کارە وەك (خود پۆرترەیتی) کەسی نیشاندەدەم، کە ڕابوردوویەکی بەتاڵ و بۆش دەخاتەڕوو. ناسنامەیەك کە زیاتر کولتوورییە وەك لەوەی کەسی بێت.

ئەو پارچە گۆشتە کە لەسەر ئەو بەرماڵە دانراوە پرسیار لە ئامادەیی تاك (Presence of the individual) دەکات: نمایشی بوونێك دەکات کە کۆمەڵگا پێی دەڵێت زیندوو، بەڵام تەواو مردووە وەك تاك. لێرەدا پرسیارکردن نییە لەسەر بوون بەقەد ئەوەی ڕەخنە لەو کولتورە کۆنزه‌رڤاتیڤە دەگرێت. ئەم جەستەیە، کە بەتاڵە (واتە هیچ جۆرە ڕەوشتێکی کەسی تایبەتی هۆشدارانەی خۆی نییە، بەڵکو لە دیسکێکی بەتاڵ ده‌چێت کە بە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا پڕکراوەتەوە). لێرەدا پرسیار لە بەکاڵابوون و ژێردەستەبوونی مێینە دەکەم لە کولتووری داخراوی ئیسلامیدا. ئەم کارە تەنیا (engaged art) نییە دژی ئاین، بەڵکو مانیفێستی ناڕەزایی منه‌ بەرامبەر هەموو ئەو کەسایەتییە سادە، ساکار و نایڤانەی، کە هەموو جۆرە چەوسانەوەیەك قبووڵدەکەن، و هێشتا جەستەی خۆیان بە تاوانبار دەزانن کاتێك کۆمەڵگایەکی کۆنزەر‌ڤاتیڤ بە عەورەت ناویان دەبات. نائامادەیی جەستە لەم کارەدا ئاماژەیە بۆ لێکترازاندنی جەستەم لە کۆنتێکستی ئاینی و کولتووری. ئەو پارچە گۆشتە ئاماژەیە بۆ وێنەیەکی تری من، هەر وەك ئەوەی خۆمم لەباربردبێت، هەتاوەکو بتوانم دووبارە خۆم بونیاتبنێمەوە و خۆم ئازاد بکەم لەو بەربەست و ستانداردە کولتوورییانە.

ئەمە جگە لەوەی، ئەم کارە ئاماژەشە بۆ نومایندەکردنی جەستە وەك کەرەستەیەکی چێژبەخشین، کە مەحکومە بەوەی کە ناوی نەهێنرێ تەنها وەك ئامرازێك کە منداڵ دەبەخشێتە ژیان، هەروەها خزمەت بە تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاو دەکات، بەبێ ئەوەی مافی هەبوونی بیروڕای تایبەت بەخۆی هەبێت و گوێی لێ بگیرێت.

کاردانەوەی ئەم کارە بۆ من، دوابەدوای نمایشەکەی گەلەری میشێل ژونیاك، بووە خاڵی وەرچەرخان لە کارەکانمدا، کە هەموو ئاڕاستەی بیرکردنەوەمی گۆڕی. پرسیارەکە دوابەدوای ئەم کارە بووە ئەوەی چۆن لەم وێنە ڕۆژهەڵاتییە ڕزگارم ببێت. ئەوە بوو ئاڕاستەی کارەکانم بووە ئەوەی چۆن بتوانم جەستەیەكی ئۆتۆنۆم بونیاد بنێم، کە تەواو ڕووتکرابێتەوە لەو کۆد و بەندە کۆمەڵایەتییە کولتووریانە. لێرەدا بەر ئەوە کەوتم کە تەنیا باسکردنی کێشەکان ڕزگاربوون دروست ناکات، بەڵکو باسکردنی کێشەکان، نیشاندانی و بەرپەرچدانەوەی پڕۆسێسی یەکەمە، بەڵام دوای ئەوە چی لەو جەستە قوربانییە دەکەیت. هەربۆیە هەوڵم دا لە ڕێگەی کارەکانی ترمەوە بگەڕێم بە دوای ئەوەی چۆن جەستەیەکی ئازاد دروستبکەم، کە ڕووتکرابێتەوە لەو وێنەیەی کە فەڕەنسییەك یان ڕۆژئاواییەك لەسەر ئەوی تری ڕۆژهەڵاتی هەیەتی. ئەمجارە من کارم لەسەر بینینی ئەوی ڕۆژئاوایی دەکرد، ئەوە بووە سەنتەری لێکۆڵینەوەم. ئەزموونەکان بریتی بوون لە کۆمەڵێك پێرفۆرمانس و کۆمەڵێک ئاکت، کە هەوڵدان بوو چۆن سنووری ئەم جەستەیە تێبپەڕێنم، ئەم جەستەیە هەر ئاکتێك بکات کە پرسیار لە خودی خۆی بکات ئەویتری ڕۆژهەڵاتی نیشاندەدات، هەر بۆیە لە ڕێگەی کارەکانمەوە کارم بۆ ئەوە دەکرد لەو وێناکردنە بچمە دەرەوە و کار بۆ ئۆتۆنۆمی بوونی بکەم لە هەر کۆد و بەندێکی کۆمەڵایەتی کولتووری.

 

پرسیار: له‌ ئێستادا له‌ زانكۆی سلێمانی وانه‌ی هونه‌ر و جێنده‌ر ده‌لێیته‌وه‌، تا چه‌ند توانیوته‌ جێگایه‌ك بۆ جێنده‌ر و هونه‌ر بكه‌یته‌وه‌ له‌ زانكۆدا؟ وانه‌كان چین و كاردانه‌وه‌ی خوێندكاران بۆ ئه‌م وانانه‌ چۆنه‌؟

ڕێزان: لە ئێستادا لە زانکۆی سلێمانی، وانەی ڕاهێنانی میدیایی بە قۆناغی چواری بەشی شێوەکاری دەڵێمەوە، کە لەم وانەیەدا؛ یارمەتیان دەدرێت چۆن بتوانن لەسەر کاری خۆیان قسە بکەن و هەوڵ بدەن پرسێکی ئەمڕۆی بورووژێنن لە ڕێگەی کارەکانیانەوە، تێگەیشتنیان بۆ دەسەڵاتی میدیایی دروست ببێت، کە لە ڕێگەی وێنە (ئیمەیج)ێکەوە دەتوانرێت چی بکرێت. هەروەها ڕاهێنانیان پێدەکرێت کە لەسەر کێشە هونەرییە ئەمڕۆییەکان قسەیان هەبێت و دەرک بەو قەیرانە بکەن کە هۆش و هونەری ئەمڕۆی کوردی گرتۆتەوە.

هەرچی وانەی جێندەرە، ئەم وانەیە بۆ قۆناغی دووی شێوەکارییە. لەم وانەیەدا ئەوەندەی هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت کە هەستکردنیان بۆ کێشەکان لا دروست بێت ئەوەندە کار بۆ ئەوە ناکرێت زانیاری مێژوویی وەربگرن. هەربۆیە خوێندکار دەبێت کێشەیەك یان پرسێك هەڵبژێرێت و قسەی لەسەر بکات و لەسەری بنوسێت. لەگەڵ ئەوەی مێژوویەکی کورتی بزاڤە فێمینیستیەکان دەخوێنن و دواتر کێشە جێندەرییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، هەروەها هەوڵ بۆ ناساندنی ڕەگەزی سێیەم دەدرێت لەگەڵ هۆمۆسێکسواڵیتی و پرسی نۆڕماڵی بوونیان بخرێتە ڕوو. واتە خوێندکاران تێبگەن کە ئەمانەش بەشێکن لە کۆمەڵگا و وەك خۆی بیانبینێت. کە ئەمە کارێکی ئەستەمە، چونکە ئەم خوێندکارە تەواو تێگەیشتن و ئایدۆلۆژیا و هەستکردنی بۆ کێشەکان جێگیر بووە، لەبەرئەوە کارێکی زۆر ئەستەم و پڕکێشەیە بۆی کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵ بەرەو سەرەوەدا بزانێت کە ئەوی مێینە چەپێندراوە، چونکە نایەکسانییە جێندەرییەکان بووەتە باو، کە بە هیچ شێوەیەك هەست بە نایەکسانییەکان ناکات، زۆر بەلایەوە ئاساییە کە ئایین بە کەم ئەقڵ ناوی ئەبات، دەڵێت خوا باشتر دەزانێت. پێی وایە فرەژنی دەبێت حیکمەتێکی ئیلاهی تێدابێت، کوشتنی لەسەر بابەتی شەرەف پێی وایە ڕێگری ئەکات لە بڵاوبونەوەی زیادەڕەوی سێکسی. بەلایەوە گاڵتەجاڕییە کە ئەو هەموو خۆتەرخانکردنەی کچان بە ڕواڵەتیانەوە جۆرێکی تری توندوتیژی بێت، کە ئەوەی دەیکات کارکردنە بۆ بەکەرەستەبوونی لەشی خۆی. ئەمە جگە لەوەی بابەتی هۆمۆسێکسواڵیتی تابۆترین بابەتە بەلایانەوە. ئەو تاکە دوورخراوەیەی کۆمەڵگا کە بە ناو و ناتۆرە ناویان دەبەن پێی بڵێ کەسێکی ئاساییە و سروشتییە کە ئەوهایە. ئاستەنگی ئەم وانەیە لەوەدایە گەر هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە هەست بەکێشەکان بکات ئەوا دەستت بردووە بۆ پیرۆزییەکانی ئەو. بۆ هەندێك لە خوێندکاران ئەم وانەیە شۆکێکی گەورەیە، چونکە تازە دەزانێت کە ئەوی مێ چەوساوەتەوە، کە ئەو ئایینەی بووەتە سەرەکیترین بەشی ژیانی پێرسپێکتیڤێکی پیاوسالارانەی هەیە. ئەوی نەخوازراوی نەخۆش (هۆمۆسێکچواڵ) و تاکێکی ڕەگەزی سێیەم، کە پێی وایە بۆ عقوبەدان و و نیشاندانی دەسەڵاتی خوا دروست بووە، بیرکردنەوەیەکی هەڵە بێت. زۆر ئەستەمە کار لەسەر بیرکردنەوە و تێگەیشتنی کەسێکی باڵغ (کامڵ) بکەیت. لەگەڵ ئەمانەشدا بەشێك لە خوێندکاران زۆر بەگەرمی بەدەم وانەکەوە دێن و پێیان وایە زۆر خزمەتیان پێدەکات لە ڕووی تێگەیشتن، ژیانی ڕۆژانە و هونەرییانەوە. هەندێکی تریش زۆر بە گرنگی دەزانن کە بەکارە هونەرییەکانیان پرسی ناسنامەی جێندەری بورووژێنن.

لە کۆتاییدا ئەم وانەیە، کار بۆ ئەوە دەکات نەك تەنها خوێندکاران دەرک بە کێشەکان بکەن و بەس بەڵکو چۆن بتوانن بە کارە هونەرییەکانیان کێشە و نایەکسانییەکان بخەنە ژێر پرسیار و واڵای بکەنە بەردەم پەبڵیك. بوێربن لەوەی دەست بۆ هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە بەرن هەر لە دین و کولتوور و سیاسەت … هتد.

 

پرسیار: وه‌كو ژنێكی هونه‌رمه‌ند له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك كۆنزەرڤاتیڤ تا چ ڕاده‌یه‌ك پێت وایه‌ ده‌كرێ هونه‌ر ببێته‌ بوارێك بۆ دروستكردنی گوتاری به‌ره‌نگاری مێینه‌ به‌رامبه‌ر به‌ نێرسالاری و كۆنزەرڤاتیزم؟

ڕێزان: ئاوڕدانەوەیەك بۆ مێژووی گەلانی تر، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە هونەر دەتوانێت دەست بۆ هەر شتێك ببات کە بیەوێت. هونەر دەتوانێت دەسەڵاتی پرسیارکردن و ورووژاندنی کێشەکانی هەبێت. پێم وایە لە کوردستانیش هونەر دەتوانێت ئەو کاریگەرییەی هەبێت، هەڵبەت ئەمە بە زەمینەخۆشکردن ڕوو دەدات. دەکرێت بوترێت پڕۆسەی یەکەم بریتییە لەوەی تاکی کوردی هەست بە کێشەکان بکات، ئەویش لە ڕێگەی پەروەردە و میدیاوە دەبێت. دواتر کە تاکی هۆشیارمان هەبوو ئەوکات دەتوانێت هونەر وەك خاڵی دەستپێکی بەرەنگاربوونەوە و پرسیارکردن بەکاربهێنێت. وانەی جێندەر بۆ کۆلێژی هونەر دەکرێت بە یەکێك لەو هەنگاوانە هەژمار بکرێت. هەڵبەت ئەمەش پێویستی بە پشتگیری لایەنی ئیدارەی کۆلێژ دەبێت، چونکە هێشتا کۆلێژی هونەر نەیتوانیوە لە هەموو بەربەستەکان دەربچێت. لەگەڵ ئەمانەشدا گردبوونەوە و چالاکی ژنان دروست بکرێت بە مەرجێك خاڵی بێت لە دەسەڵاتی سیاسی و بەکارهێنانیان وەک دەسەڵاتێکی میدیایی. بەداخەوە لە کوردستان هێشتا کار بۆ ئەوە دەکرێت کێ یەکەم هەنگاوی نا، دواتر هەنگاوەکە چەندێك کاریگەری هەیە گرنگ نییە. هەیمەنەی هونەر پابەندە بە توانای ئەو تاکەی ئەزموونی دەکات، گەر تاکی کوردی چەپاو و لەقاڵبدراو بێت لە ڕووی بینگەی مەعریفییەوە ئەوا ناتوانێت هونەر وەك بەرەنگاربوونەوە بەکاربێنێت.

 

پرسیار: شكاندنی كۆده كۆمه‌ڵایه‌تی و تابۆكان تا چه‌ند ده‌كرێ ژنان له‌ كوردستان له‌ ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه‌ ده‌ستی بۆ به‌رن؟

ڕێزان: لە هەرێمی کوردستان، کۆد و بەندە کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینییەکان، بەشێوەیەکی گشتی وەك تایبەتمەندی کولتووری کوردی تەماشا دەکرێت، وەك پیرۆزییەکان دەبینرێن، واتە هێشتا بریتی نین لە کێشە، زۆر کات خۆشحاڵن بەوەی کە کەرەستەیەکن بۆ چێژوەرگرتنی پیاوان. بەشێکی زۆر لە ئافرەتان هێشتا داوای مارەیی، ئاڵتون، خانوو و سەیارە لە پیاوان دەکەن وەك مەرجی هاوسەرگیری! بەشێکی خۆشحاڵە کە بەسەر شەقامێکدا بڕوات سەرنجی پیاوان بەلای خۆیدا بەرێت! زۆر کات بە دەستی خۆی هەوڵ بۆ بە کاڵابوونی خۆی دەدات. نوخبەیەکی کەمن کە ئەم بارودۆخەی کوردستان بە کێشە دەبینن.

بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هونەرەوە هەوڵ بۆ شکاندنی کۆد و بەندە کۆمەڵایەتییەکان بدرێت، دەبێت ژنان هۆشیار ببنەوە لەو پێگەیەی هەیانە لە کۆمەڵگا و ئارەزووی ئەوە بکەن لە پێگە ناچالاکە بە کاڵابووەکەیان بێنە دەرەوە. ئەوجا دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەوە کۆدە کۆمەڵایەتییەکان بشکێنێت.

 

پرسیار: فێمینیزم و هۆشیاری ژنانه‌ تا چه‌ند پێویسته‌ بۆ تێگه‌یشتن و ڕوانین له‌ هونه‌ر و هێنانه‌ ژێر پرسیاری پایه‌كانی نێرسالاری له‌ هونه‌ری كوردیدا؟

ڕێزان: گەر بینگەی فێمینیزم و هۆشیاری ژنانە نەبێت، ناتوانرێت بە هونەر کاریان لەسەر بکرێت. هۆشیاری بەرامبەر بە کێشەیەك پێش بەرەنگاربوونەوەی دێت. واتە دەبێت پیاوسالاری وەك کێشە ببینین ئەوجا دەتوانین هەوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بدەین. هۆشیاری فێمینیستی هێشتا وەك سەرلێشواندنی ژنان دەبینرێت لە کۆمەڵگەی کوردیدا. گەر بێینە سەر هونەری شێوەکاری کوردی، ئەوا هێشتا شتێکمان نییە بە ناوی هونەری کوردی، لەوانەشە گرنگ نەبێت چونکە ئەمڕۆ هونەر پرسێکی گڵۆباڵە بەقەد ئەوەی لۆکاڵی بێت. هونەرکردن لە کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕەنگدانەوەی ئەو سیستەمە پیاوسالارییەی ناو کۆمەڵگایە. زۆر کەمن ئەو هونەرمەندە ژنانەی دەیانەوێت لەسەر خۆیان کار بکەن یان پرسی مێینەیی بوونی خۆیان بوروژێنن. خاڵێکی تریش ئەوەیە، ئەوەندەی کار لەسەر پرسە سیاسییەکان دەکرێت، وەك ئەنفال و هەڵەبجە ئەوەندە پرسی ژنان ناورووژێندرێ.

 

پرسیار: ڕوانگه‌ی فێمینیستی وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی ژن تا چه‌ند گرنگی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كه‌سی خۆت و ئه‌زموونه‌كانت؟

ڕێزان: دەکرێت بڵێم، من پێش ئەوەی بزانم ڕوانگەی فێمینیستی چییە، فێمینیستانە گەورە بووم چونکە لەژێر دەستی دایکێك پەروەردە بووم کە چەپاندن و ژێردەستەیی لە بەرامبەر پیاودا لە فەرهەنگی ئەودا نەبووە. باوەڕبەخۆبوون و هەوڵدان بۆ ئەوەی ژن دەبێت ئیکۆنۆمی خۆی هەبێت ئەوجا ئۆتۆنۆمە، هەر لە دایکم فێربووم. یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو لایەنەکانەوە تەنانەت لە ڕووی جەستەییەوە هەر لە دایکم فێربوومە. هیچ کارێك نەبوو بڵێ ناتوانم بیکەم، هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە کرێکاریم لەگەڵ دایکم کردووە لە کاتی نۆژەنکردنەوەی خانوەکەماندا. دەکرێت بڵێم من نایەکسانییەکانم لە دەرەوەی ماڵەوە دەرك پێ دەکرد، هەربۆیە هەستم بە نایەکسانییەکانی دەرەوە دەکرد و وەك شتێکی باو و نۆڕماڵ نەدەهاتە پێشچاوم. لەگەڵ ئەمەشدا هەڵهاتن لەو وێنەیەی کۆمەڵگەی ئێستای کوردی بۆ جەستەی ژنی هەیە ئەستەمە. هەڵبەت ئەو ئەزموونەی لە پاریس بەریکەوتم، خاڵی بەئاگا هێنانەوە و تێگەیشتنم بوو لەو سیستەمە کۆنزەرڤاتیڤە پیاوسالارەی لێوەی هاتبووم، تێگەیشتنم لەسەر جەستەم بۆ دروست بوو. بەهۆی ئەو سەرکەوتنەی لە خوێندنەکەم بەدەستم هێنا تێگەیشتم لەوەی منی مێی ڕۆژهەڵاتی بێتوانا نیم، نە لە بەرامبەر پیاودا نە لە بەرامبەر ئەوی ڕۆژئاواییدا. پاشان تێگەیشتنم لە هەموو ئەو رەگەز و ڕەچەڵەکانەی لە کوردستان بە نەخوازراوی بەریکەوتبووم بۆ دروست بوو. لە نزیکترین هاوڕێکانم کەسانی هۆمۆسێکسواڵ و جوولەکەی فەڕەنسی بوون.

 

پرسیار: هه‌ر شتێكی تر خۆت پێت باشه‌ و من بیرم چووه‌ ده‌توانیت باسی بكه‌یت؟

ڕێزان: من لە خێزانێك گەورەبووم کە پیاوی تێدا نەبووە، واتە لە تەمەنی ٦ ساڵییەوە بەبێ باوکی گەورەبووم، پێش ئەوەشم بیر نایەت. هۆکاری نەبوونی دەسەڵاتێکی نێرینە لە خێزانەکەمدا هۆکار بووە بۆ ئەوەی نەتوانم دەسەڵاتی نێرینەیی لە دەرەوەش قەبووڵ بکەم.

وەك ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد بوو، من ئاینی ئیسلامم لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بۆ پاراستن لە جەستە مێینەییەکەم بەکارهێنا، دواتر وەك پەروەردەیەکی ئەخلاقی لێم دەڕوانی، پاشان لەگەڵ کامڵ بوونم تێگەیشتم کە کەموکوڕی زۆرە و کێشەم لەگەڵ پڕەنسیپەکانی هەبوو، ئەو کێشەیەم بۆ چارەسەر نەدەکرا کە چۆن ڕابەری ئەم ئایینە، محمد، توانیویەتی منداڵێکی ٩ ساڵ بکاتە ژنی خۆی! لەکاتێکدا خۆی تەمەنی ٥٦ ساڵ بووە. لە دوای ئەوەی کە چوومە فەڕەنسا و بەر ئەو هەمووە ڕێزگرتنە لە منداڵ و تاك کەوتم و شارەزایی یاسا و ڕێساکان بووم، باشتر تێگەیشتم کە سێکسکردن لەگەڵ منداڵێکی ٩ ساڵ دەستدرێژیە و لە ڕێلادانی سێکسییە. ئەو خاڵە زۆر ئازار بەخش بوو بۆم کە منی بەرەو پەروەردەیەکی مرۆڤانەتر ئاڕاستە کرد، هەربۆیە دەتوانم بڵێم باوەڕم بە دینی ئیسلام و ئەو خوایەی ئیسلام نییە، لە ئێستادا وەك هەر دینێکی تر تەماشای دەکەم. لە ئێستادا باوەڕم بە پاراستنی ژینگە، ڕێزگرتن لە مرۆڤ و ئاژەڵ هەیە.

 

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.