فریدریک نیتچە ١٨٤٤ - ١٩٠٠

فردریک نیتچە و خانووی ئاژەڵەمرۆییەکان


Loading

ئیسماعیل حەمەئەمین

هیومانیزم، ماسکێک لەدڕندەییەوە بۆ ژێرزەمینەکانی کولتور

بەشی سێهەم  

ئیسماعیل حەمەئەمین 

 

هایدیگەر و زەمەنی ئاژەڵەمرۆییەکان

 

 

 

 

فردریک نیتچە و خانووی ئاژەڵەمرۆییەکان

وەک ئاماژەمان پێدا لەکوێدا خانووەکان هەبن لەوێدا شێوازێکی ژیان بوونی هەیە، ژیان لەنێو خانوودا مانای ستایلێکی ژیان، مانای شێوازی ژیانی سوبێکت لەپەیوەندیدا لەگەڵ جیهاندا. خانوو وەک فۆرمێکی ژیان لای نیتچە جێگەی سەرنج بووە، لە کتێبی (زەردەشت وەهای گووت) گەڕیدەیەکی وەک زەردەشت بەسەر ئەو حیکمەتە ئەخلاقیەتەدا دەکەوێت، کە خانووەکان شوێنی دەسەڵاتێکن، شوێنی فۆرمکردنی مرۆڤن، بێگومان لەهەمانکاتیشدا فۆرمی مرۆڤەکان، لەفۆرمی خانووەکاندا خۆی بەرجەستە دەکا، نیتچە دەڵێت: (زەردەشت ویستی بزانێت، لەم نێوەندەدا چی بەسەر مرۆڤەکاندا هاتووە، ئایا گەورەتر بوون، یان بچووکتر بوونەوە؟ جارێکیان ڕیزێک خانووی بینی سەری سوڕما و گووتی: ئەم خانووانە چ مانایەکیان هەیە؟ بەهەقەت هیچ ڕۆحێکی گەورە ئەوە دروست ناکات، هیچ ڕۆحێکی گەورە لەگەڵ ئەمەدا هاوسەنگ نایەتەوە…ئەم قادرمانە ئەو ژوورە بچووکانە، سەیرە! ئایا پیاوەکان دەتوانن بەنێویدا بێن و بچن و بچنەدەرێ؟…زەردەشت لەشوێنی خۆی وەستاو بیری کردەوە و پاشان گووتی : هەموو شتێک بچووکبووەتەوە!…لەهەموو شوێنکێدا دەروازەی بچووک و نزم هەیە، کەسانی وەک من بۆئەوەی پێیدا تێپەڕێت، دەبێت خۆی دابنەوێنێت…من بەنێو ئەم میللەتەدا تێدەپەڕم و چاوم دەکەمەوە: چوونکە ئەوان بچووک بوونەتەوە و هەمیشە بچووکتر دەبنەوە…ئەمانە لەبنەڕەتەوە دەیانەوێت تاک ڕەهەند و سادە و کاڵفام بن، دەیانەوێت ئاوەها کەس ئازاریان نەدات، حیکمەت لەمە ئەوەیە ئەمانە دەیانەوێت بەم سادەیەی خۆیانەوە بمێننەوە و داواکاریان نەبێت، دەیانەوێت ئاوەها ڕامکراوبن. بەمەش گورگ ڕامدەکەن و دەیکەن بەسەگ و مرۆڤیش مرۆڤەکانی تر دەکات بەئاژەڵی ماڵیکراو….ه.س.پ ٣٨)

 

بەردێک پێش حەوت ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح – وێنەی ڕاوکەرێک و سەگەکەی

خانووەکان هیچ مانایەکیان نییە گەر ڕۆحە گەورەکان تێیدا نەژین، خانووەکان تەنها شوێن نین بۆ حەوانەوە بەڵکو بەرجەستەبوونی ئەو ڕۆحەن بەسەر شێوازەکانیەوە دەسوڕێتەوە. دیارە خانوو لەم تێزەدا تەنها مەبەست لەشێوازی بیناسازی نییە، بەوەی گەر مرۆڤێک دەرامەتی زۆربێت خانووی گەورەی هەبێت، مانای ئەوەیە ڕۆحێکی گەورە لەپشتیەوە وەستاوە. هەروەها گەر خانووە بچووکەکان کە گەڕەکی میللی و گیتۆکانن مانای ئەوەیە ڕۆحیان بچووکە. ئەوەی لێرەدا لەم تێزە فەلسەفیەدا باسدەکرێت پەیوەندی نێوان شوێن و ماڵیبوون و دەسەڵاتە. 

لەڕوانگەی زەردەشتی نیتچەوە سەیری ئەم پەرەگرافەی سەرەوە بکەین، کڵێشەی گشتی ئەم تێزە لەوەدا کۆدەبێتەوە کە مرۆڤەکان لەهەوڵدانی بەردەوامدان، مرۆڤی دڕندە ڕامبکەن و بیانکەن بە مرۆڤ. لەم ڕوانگەیەوەهیومانیزم دۆزێکی ڕامکردن و پەروەردەکردنە، هیومانست ئەو کەسەیە دەیەوێت مرۆڤەکان بەئاقڵی دانیشن و بخوێننەوە، خوێندەوار بن. ئەوەی سەرنجی من ڕادەکێشێت ئەم پڕۆسەیەی تێگەیشتینی نیتچەیە بۆ هیومانیزم، بەمانای هیومانیزم لەپڕۆسەی پەروەردەدا ئەم دوو توخمە لەخۆیدا هەڵدەگرێت: دانیشتن بەئاقڵی و خوێندنەوە. ئەم دوو توخمە کە مرۆڤەکان بەئاقڵی دانیشن و بخوێننەوە و تێپەڕبن بەپڕۆسەی ڕامکردن و ماڵیبووندا، فەسڵێکی تاریکی ڕۆمانی هیومانیزمە، بەوەی چەمکی مرۆڤی دڕندە و پێناسەی بەپێی دەسەڵاتی کۆمەڵێک مرۆڤ لەکۆمەڵگەدا دیاریکراوە، لەو پێوانەکاریەوە مرۆڤەکانی دیکە ڕامدەکرێن و پێناسەدەکرێن و ئاقڵ دەکرێن. وەهمی هیومانیزمی لەوەدایە کە میکانزمێکە بۆ ماڵیکردنی ڕۆحی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەژێر هەر ناوێکدا بێت. 

لێرەوە نابێت لەوە تێبگەین کۆی ئەم کتێبەی سلۆتەردایک دژەهیومانیزمە، بەڵکو گەڕانێکە بەدووی وێنەی مرۆڤ لەڕووبەری فروانتر و ئازادانەتردا، ئەوەی نیتچە بانگەشەی بۆ دەکات قسەکردنە لەسەر ڕۆحێکی ئازاد و جیاکردنەوەی لەڕۆحێکی کۆیلە. هەندێک هەن بچووک و بچووکتر دەبنەوە لەبەرئەوەی خۆیان شلکردووە بۆ ئەو پڕۆسێسەی ماڵیکردن لەماڵدا، لە فەرمانگە و خێزاندا بەئاقڵی دانیشتوون و نایەوێت دەست لەدنیای نەخشەبۆکێشراو بدەن، دەیانەوێت بەقەناعەتە ساکارەکانیەوە بژین و تامردن ئاقڵ و تەمیز بمێننەوە. ئەم مۆدێلی مرۆڤی ڕامکراوە لەنێو کڵێسادا، لەنێو دەزگای ئاین و دەوڵەتدا، هیچ نییە جگە لەماڵیکردنی دڕندە نەبێت دەزگای ئاینی پێناسەی بۆ دڕندەو ئاقڵ دیاریکردووە، دەزگای دەوڵەتی مۆدێرن ڕامکردنی مرۆڤ بەناوی هیومانستیەوە بەئەنجامدەگەیەنێت، بێگومان بۆئەوەی مرۆڤەکان بەئاقڵی لەژێر سایەی ئەودا بژین. 

جۆری پێناسەی دڕندەو ئاقڵ، کێ دڕندەیەو کێ ڕامکراوە و کێ باڵایەو کێ بەخێوکاری ئەوانەیە، ئەمە خاڵی پارادۆکسی هیومانیزمە کە لەکۆی ئەم پرسەدا کۆدەکاتەوە. سلۆتەردایک پێیوایە ڕەخنەی نیتچە لەزاری زەردەشتەوە لەوەدا خۆی کۆدەکاتەوە کە (ڕەتکردنەوەی بێوەیی مرۆڤە.. ل٤٠)، بەمانای دەبێت مرۆڤەکان ئاقڵ و بێوەی بن، ئەوانەی کە مرۆڤە دڕندەکان دەکەن بەمرۆڤی بێوەی، هاونیشتمانی ماقوڵ، ئەندامی پارتێکی گوێڕایەڵ، فەرمانبەرێکی ڕێک..هتد. ئەوانە خۆیان بەمرۆڤی بەخێوکاری باڵا تێدەگەن. ئەم بەخێوکارە باڵایانە لەبەرامبەر مرۆڤەکانی دیکە دەچنە ژێر پڕۆسەی بەخێوکار و ڕامکاری ئەوانەوە، لێرەوە دەبێت باس لەو بەخێوکارانە بکەین کە پڕۆسەی ڕامکردنیان مۆنۆپۆلکردووە، ئەوە سیاسییه‌ لەدەسەڵاتدا، فەرمانبەری گەورەیە، مامۆستایە و قەشەو مەلا و ئەندام پەرلەمان و شاعیری نەتەوەیە نوێنەرایەتی ئەو مرۆڤبوونە لەکۆمەڵگەدادەکەن. لەنێوان ئەمانەو مرۆڤدۆستی دیکەدا زۆرانبازی هەیە. مێژووی مرۆڤایەتی بەڕای سلۆتەردایک، مێژووی نێوان چەندەها بەخێوکار و ڕامکاری جیاوازە، نیتچە ڕای وەهایە ململانێیەکی سەخت لەنێوان (ڕامکارە گەورە و بچووکەکاندا) هەیە. بەمانای ئێمە لەبەردەم دوو مۆدێل داین کە دژی یەکتری لەزۆانبازیدان، یەکێکیان هیومانیستە تەواوەکان و ئەویتر هیومانیستە باڵاکانە، لەنێوان هاوڕێیانی مرۆڤدۆست و سوپەر مرۆڤدۆستدا. لەنێوان مرۆڤی باڵای هیومانیست و هیومانیستی بچووک و سادەدا جەنگێکی گەورە لەئارادایە. لێرەدا وەک ئاماژەمان پێدا نیتچە کە باس لەم زۆرانبازییە دەکات نایەوێت مرۆڤ بۆ وەحشەتگەری بگەڕێتەوە، بەڵکو باس لەوە دەکات کە ئەم پڕۆسەیە مرۆڤ دەکات بەڕەمزێک بۆ ئاژەڵێکی ماڵیکراو، دیارە نابێت فاشیەت لەبیربکەین کە بەناوی پڕۆسەی بەخێوکردن و پاککردنەوەی مرۆڤ لەخەوش و ئەوروپاش لەوەحشیەتگەری، ماشێنێکی گەورەیان لەڕامکردن و پەروەردەکردن خستبووە گەڕ، بەناوی مرۆڤی باڵا ناسیۆنال سۆسیالیزمی ئەڵمانی گەورەترین جەنگی جیهانی هەڵگیرساند. لێرەوە جەنگی بینراو و نەبینراوی دنیا، جەنگی نێوان بەخێوکارەکانە، مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ بەخێوکارەکاندا لەقەیراندایە، هەروەک ئەوەی مرۆڤ لەدۆزی هیومانستیدا ئاژەڵێک بێت و لەباخچەی مرۆئاژەڵیدا ژیان بەسەربەرێت. ئەم تێزەی نیتچە کە مرۆڤ لەبەردەم پڕۆسەی بەخێوکردندایە، بەخێوکردنێک لەلایەن بەخێوکارە گەورەکانەوە بۆیان دیاریکراوە، هیومانیست بەتەعبیری سلۆتەردایک؛ لەم دۆزەدا ئەوەیە کە گورگەکان دەکەن بەپڕۆفیسۆر لەزانکۆکانی بازلی سویسریدا. 

ئەوە دەسەڵاتی بەخێوکارەکانە بەسەر مرۆڤەکاندا کە جۆرێک میکانزمی لەنێو مرۆڤە پەروەردەکراوەکاندا پێکهێناوە کە بە(ماڵیبوون Domestikation)ناودەبرێت. بەمانای میکانزمیک هەیە مرۆڤەکان لەژێر چەتری بەخێوکارە گەورەکاندا خۆیان ڕێکدەخەن، لێرەوە ئێمە لەبەردەم پڕۆسەیەکداین نیتچە لایەنی تاریکی هیومانیزم هەڵدەداتەوە، لایەنی تاریکی ئەو هۆشمەندییە هیومانیە کە قەشەکان و مامۆستا گەورەکان ئەوە دیاریدەکەن کامە دڕندەیە و چۆن مرۆئاژەڵیەک دەبێتە مرۆڤێکی تەواو. ئەوە هیومانستە گەوەرەکانن کە هاوڕێی مرۆڤن پرەنسیپی مرۆڤبوون دیاریدەکەن، گورگەکان دەکەن بەسەگی ماڵی. 

مرۆڤەکان لەم پڕۆسەیەدا دەبن بەئۆبێکت و هەموو خودگەراییەکیان لێزەوتدەکرێت. بەمانای ئۆبێکتێکی بێ سوبێکتن، کار لەسەرکراوێکی خود زەوتکراون. لێرەوە بەخێوکردن بەبێ بوونی بەخێوکار هەیە، بەمانای ماڵیکراوەکان خۆیان ماڵی دەکەن، ئەمەش ئەم توخمە (نێرەموکییە) کە نیتچە باسی دەکات، بەوەی ماڵیکردن ڕوودەدات بەبێ بوونی ماڵیکار (Zucht ohne Züchter). نیتچە ئەم لاپەڕە ڕەشەی هیومانیستی هەڵدەداتەوە بەوەی هۆشمەندی هیومانستی جۆرێکە لەفابریکیک بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێوەی (Harmlosigkeit)، لێسەندنەوەی مرۆڤبوونی سەربەستانەی خۆیەتی کە هیومانست، لەفۆرمی قەشە، مامۆستا، پیاوی دەوڵەت و ڕۆشنبیری ڕەسمی..هتد. لەنوخبەیەکی تایبەتدا دەردەکەون و بەهاکانی مرۆڤدۆستی دیاریدەکەن، بڕیاردەدەن کۆمەڵگە چۆن مرۆڤدۆست دەبێت. ئەم پرۆسێسە چەندە لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە بەشێکە لەپڕۆسەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، بەڵام بەدیوێکی تردا ئەو دەسەڵاتخوازیەیە کە پەروەردەکارە گەورەکان بەسەر پەروەردەکارە بچووکەکان و ئەوانیش بەسەر پەروەردەکراوەکاندا مومارەسەی دەکەن. پەروەردەکراوەکانیش خۆیان (خود ماڵیبوونێک/خود ڕامکردنێک) لەخۆیاندا بەرهەمدێنن و ماڵی دەبن، بەمانای لەدڕندەوە دەبن بە مرۆڤ، لەگورگەوە بۆ سەگی ماڵی و لەوەحشەوە بۆ پڕۆفسیۆر.

لەم پرۆسەیەدا ئەلفاباتیزیرەی کۆمەڵگە بەشێکە لەو جیاکردنەوەی کۆمەڵگە لەنێوان خوێندنەوە و خوێندراوەدا، بەمانای نەوەیەک لەخوێندەواری باڵا هەیە کە تێکستەکان بۆ خوێندنەوە دەنووسێت، خوێنەریکی نادیار هەیە، هیومانی دەبێت بەتێکستەکانی هیومانتستە گەورەکان. خوێنەر و خوێندراوە، دەبنە دوو جەمسەر کە یەکتری تەواو دەکەن، ئەوانەی دەخوێننەوە، کولتووری وشە دەبێتە بەشێک لەپەروەردەبوونیان، ئەم ئەلفاباتیزەیە، ئەم خوێندەواریبوونە، مانای ئەوەیە کردەی خوێندراوە و خوێندنەوەی تێکستەکان دەبێتە بەشێک لەکولتووری هیومانی بوون، چەندە ئەم کردەیە لایەنی جوانی تێدایە، بەدیوێکی تردا کرۆکی دەسەڵاتخوازی هیومانیزم لەخۆدەگرێت، وەک ئەکتێک بۆ ڕامکردنی کۆمەڵگە لەسەر ئەوەی چۆن بەپێوەرەکانی ئەوان دەبن بەمرۆڤ. نابێت ئەوە لەبیربکەین شەڕی دێوەکان لەنێوان کولتووری نووسین و کولتووری دڕندەکاندا، لەئانتیکاوە تائەمڕۆ درێژەی هەیە. ڕێگەکان پان و پۆڕ نییە بۆ هیومانستەکان بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لەکۆمەڵگەی مرۆییدا فراوان بکەن، ئەوان لەزۆرانبازیەکی سەختدان لەگەڵ ئەو شتەی کە دەتوانم بە (کولتووری وەحشیەکان) ناوی ببەم. ئەم کولتوورە لەگریکی کۆندا جەنگ لەنێوان کتێب و کولتووری وەحشیەتدا بووە،جەنگێک بووە لەنێوان ئاریناو یاریگای زۆرانبازی خوێناوی و شانۆی هۆمیرۆسدا، لەنێوان حیکمەتی گریکەکان و کولتووری جەنگ و وەحشیەتی ئیسبارتیا، لەنێوان کولتووری فەلسەفە و حیکمەت و شانۆی گاڵتەجاڕی و زۆرانبازی گلادیاتۆرەکاندا…ئەمڕۆ ئەم زۆرانبازیە لەفۆرمێکی تردا خۆی نمایشدەکات، ئەوە گلەیی مامۆستا گەورەکان و پەروەردەکار و نووسەرەکانە لەوەی کە میدیای بینراو و ڕۆژنامەی بۆلیڤار و حەیاچوونەکان جێگەی بەکولتووری خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارە جیدییەکان لێژ کردووە، ئەم دوو تیتانە، ئەم دوو دێوە گەورەیە، میدیای جەماوەری و کولتووری نووسراو لەجەنگێکی بەردەوامدان. لەنێوان کتێبی گرنگ و یۆتۆب و فەیسبووک و سەتەلایت و بەرنامەی قەشمەرسازیدا، نەوەیەک پەیدا دەبن دوور لەکتێب و کولتووری نووسراو خۆی بینادەکات. شەڕی نێوان گلادیاتۆرەکان ئەمڕۆ هاتۆتە نێو تەلەڤیزۆنەکانەوە، لەشێوەی بەرنامەی چەنابازیی و تۆک شۆ و لەسەرێکی تردا کولتووری نووسراودا. بەخێوکارەکان وەک خواوەندی ئەقڵ سیاسەت دادەڕێژێن و ڕۆڵی پرەنسیپ ڕێژەی حکومەت و دەزگاکانی پەروەردە و کولتوور دەبینن. لەتەنیشت ئەمەوە هێزێکی تر هەیە لەنێو هەمان دەزگادا جۆرێک لەتەوژمی چێژبەخشی لەدەرەوەی کولتووری نووسین پشتگیری دەکات، لەوانەیە لەڕۆژئاوادا (بێرلۆسکۆنی) سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا نموونەی ئەو پیاوە بێت کەلەدەرەوەی کولتووری سیاسی، وەک پیاوێکی میدیایی جەماوەری، وەک گلادیاتۆرێکی میدیایی، وەک قەشمەرسازێکی ئیرۆتیکی دێتە نێو دەسەڵاتەوە، سەرەڕای حەیاچوونە سێکسوالیەکانی، سەرەڕای ڕەگەزپەرستیە دەمامکدارەکەی، بێرلسکۆنی توانای ئەوەیە جەماوەر بۆ خۆی ڕابکێشێت و لەهەڕەمی دەسەڵاتی سیاسی ئیتالیدایە. ئەم دوو کولتوورە، کولتووری ئارێناو یاریگاکان و کولتووری کتێب و نووسراو لەڕاکێش ڕاکێشیکی بەردەوامدان. 

من پێموایە شەڕ لەدژی تیتانەکان، چیرۆکی دروستبوونی خواوەندە ئاقڵەکانە، لەهەمانکاتیشدا چیرۆکی دروستبوونی مرۆڤە لەسەر زەوی، تیتانەکان خاوەنی کولتووری خوایەتی نەبوون، منداڵەکانی خۆیان وەک کرۆنۆس قووت دەدا و لەگەدەیاندا بەندیان دەکردن، نەبادا لەدەسەڵاتیان بخەن. تیتانەکان ئەو خواوەندە سەرەتایانە بوون، نەوەیەک بوون پێش خواوەندەکانی وەک زیۆس و پۆسایدۆن و هادێس و ئافرۆدیتا و باخۆس..هتد. ئەم دوو نەوەیە نەوەیەک لەخواوەندی سەرەتایی کە لەدوایدا کوڕ و کچەکانیان دژیان دەوستنەوە و جەنگی تیتانەکان دەستپێدەکات. ئەم جەنگە جەنگی خواوەندی ئاقڵن و لەدژی تیتانە وەحشیەکان. لەدوای بردنەوەی زیۆس و براو خوشکەکانی، دنیا دابەش دەکەن بەسەر دەسەڵاتەکانی جوانی، مردن، جەنگ، سیکسوالیەت و مرۆڤ بەکولتووری خۆیانەوە مەحکوم دەکەن. من پێموایە کاتێک زیۆس و هادێس و خواوەندەکانی تر لەدژی تیتانەکان، ئەوانەی بێ کولتوورن، دڕندەن و خاوەنی پەرستگاو ڕێسایەک نین، دەجەنگن. جەنگێکی ئەو هیومانستانەیە دەیانەوێت خواوەند لەدڕندەوە ببێت خواوەندی مرۆڤ و گەردوون. لێرەوە زیۆس بەڕای من ئەو هیومانستە گەورەیە لەدژی وەحشەتگەری، بێستالیزم لەنێو دینای خواوەندەکاندا، بەمانای گەورەیی زیۆس وەک خواوەند لەوەدایە کە خواوەندی ڕامدەکات و لەوەحشیبوون ڕزگاری دەکات، بەمانای لەوەحشیتکردنی خواوەندییە بەگشتی، ئیدی خواوەندەکانی تر بەو پرۆسەی ماڵیبوونەدا دەڕۆن بۆ ئەوەی ببین بەخواوەندی ڕاستەقینە، لێرەوە خواوەندی بوون لەیادەوەری مرۆڤاتیدا بەشێکە لەو پڕۆسەی هیومانیبوونەی ڕێسایەک دادەنێت لەنێوان تیتان و خواوەندا، لەنێوان دڕندە و خاوەن کولتووردا، لەنێوان دڕندە و مرۆڤدا..بەڵام سلۆتەردایک بەپێچەوانەی ئەم ڕایەی منەوە لەو بڕوایەدایە کە لەزەمەنی شەڕی خواوەندەکانەوە لەدژی تیتانەکان، مرۆڤ لەسەر ئەم زەویە بۆچارەنووسی خۆی بەجێهێڵهراوە، چیتر خواوەندەکان وەک تیتانەکان خۆیان لەژیانی مرۆڤەکان هەڵدەقورتاند، مرۆڤ بۆ یەکەمجارە دوای ئەم جەنگە بەتەنێ دەمێنێتەوە و بەرامبەر کردەی ڕامکردنی خۆی دەبێتەوە. 

لەم تێزەوە لەو خەمە گەورەیەی نیتچە تێدەگەین چۆن مرۆڤەکان لەنێو خانووەکانیاندا ئەو مرۆڤانەن ئیرادەیان نییە، بێوەین، بێوەیکراون و ئیرادە لەسەر کراون، چۆن هیومانیزم هەڵگری ئەو مانا ئاشکرایەی دەسەڵاتخوازیە کە لەنێوان خوێندەوارە گەورەکان و ئەوانەی دەخوێننەوە، ئەوانەی بەخێوکاری گەورەن و ئەوانەی خۆیان ماڵیدەکەن و ماڵیبوون دەکەنە جۆرێک لەژیان، ئەم پەیوەندیە خۆی درێژدەکاتەوە. کەواتە ئاشنابوون بەوەشە لەو گۆشەنیگایەی نیتچەوە بەشێکە لەو درۆ گەورانەی مۆدێرنە، وەرزێکی تری تاریکی دەسەڵاتخوازییە کە هیومانیزم بەسەر مرۆدا دەیسەپێنێت.           

 

ماویەتی بۆ بۆشی چوارەم

هیومانیزمی نوێ، ئارشیفیستەکانی ئێستا

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌