پیته‌ر سلۆته‌ردایك

هیومانیزمی نوێ، ئارشیفیستەکانی ئێستا


Loading

ئیسماعیل حەمەئەمین
هیومانیزمی نوێ، ئارشیفیستەکانی ئێستا
بەشی چوارەم و دوابەش   
ئیسماعیل حەمەئەمین 
 
هیومانیزمی نوێ، ئارشیفیستەکانی ئێستا
(پلاتۆن Platon) باس لەبەخێوکارەکان دەکات، وەک جۆرێک لەفیگوری هەڵبژاردە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کۆمەڵگەکان، میللەتان لەدیدی پلاتۆنەوە دەکرێت بە دوو بەشەوە بەشێکیان (قۆچدار) و بەشێکی تریان (بێ قۆچ). بۆ ئەم مەبەستە لەزمانی قسەکردن لەگەڵ بێگانەیەکی نادیاردا پلاتۆن لەکتێبی (پۆلتیکۆس/ سیاسی/ Politikos) تەعبیر لەبیروڕاکانی خۆی دەکات. لەم کتێبەدا پلاتۆن هونەری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دەوڵەت بەشوانکاری دەچوێنێت، لای ئەو شوانکارە باشەکان دەتوانن لەڕێگەی دۆزینەوەی ڕێسای ئەقڵانی مرۆڤەکان ڕامبکەن و بەڕێوەیان بەرن. بەڕای پلاتۆن (ئەفلاتۆن) ئێمە لەبەردەم (زۆیەک/ باخچەی ئاژەڵانێک/ Zoo) گەورەداین کە پێویستە یاسا و ڕێسای ئەقڵانی بۆ بدۆزێتەوە، بێگومان بۆ ئەوەی لەدڕندەییەوە ببین بەمرۆڤی ئاقڵ. بەگەڕانەوە بۆ زنجیرەی بیرکردنەوەی سلۆتەردایک لەوە تێدەگەین پشتبەستن بەچەمکی (بیرکردنەوە) لەئانتیکاوە ئەو مانایە دەگەیەنێت کە بیرکردنەوە (بردنەوەی هەقیقەتە لەڕێگەی بەڕێوەبردن یان بەشکردنی چەمک و شتەبابەتیەکان..ه.س.پ٤٧)
بیرکردنەوە لەگریکی کۆنەوە مانای بەشکردنی ڕاستیەکانە بەسەر چەمکەکاندا، گەڕانە بەدووی هەقیقەتدا لەڕێگەی دابەشکردن و بەڕێوەبردنی بابەتەکانی نێوان کۆمەڵگە و مرۆڤ و خواوەند، بەجۆرێکی تر لەم دەستەواژەیە بیربکەینەوە، بیرکردنەوە ئەو بوارەیە کە دنیای ئێمەی لەنێویدا تەفسیردەکرێت و دابەشکرێت و بەڕێوەدەبرێت. سیاسەت لەم گۆشەنیگایەوە بەڕێوەبردنی دنیای هەبووەکاندا لەنێو چەمک و ئیدارەیەکدا، بەشێوەیەک کە سیاسەت دەبێتە دۆزێکی دەسەڵاتخوازی، ژیانی مرۆڤەکان لەم باخچە گەورەیەدا کە ناوی کۆمەڵگەیە ڕێکدەخات. ئەم بەڕێوەبردنە مرۆڤەکان بەڕای پلاتۆن دەکات بەدوو بەشەوە، بەشێکیان مرۆڤە شاخدارەکان و ئەویتریان بێوەی و بێ قۆچەکانن. لەنێوان هەردوو جۆرەکەدا کە پلاتۆن دیاریکردووە دووجۆر شوانکار پەیدادەبن، ئەوەی کە توانای ئەوەیە مرۆڤەشاخدارەکان ڕامبکات و شوانکاریان بکات، ئەوەی دەتوانێت مرۆڤە بێ قۆچەکان بەڕێوەبەرێت. سەرکردەی ڕاستەقینە کاتێکە مرۆڤەکان ماڵئاوایی لەمۆدێلی شوانکاری شاخدار دەکەن. ماڵئاواییکردن لەم تێزەدا مانای بەڕێوەبردنی مرۆڤی شاخدار و بێ شاخە بەمیتۆدێکی هیومانیانە. پلاتۆن لێرەدا لەسەر زاری گفتوگۆ لەگەڵ بێگانەیەکی نادیاردا، باس لەوەدەکات کە پادشای چاک یان باسیلیاس basileis ئەو پادشایە کە دەتوانێت لەگەڵ مێگەلە بێ قۆچەکاندا بلەوەڕێت.. پادشای مرۆڤ دۆست ئەوەیە هونەری بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئەوەندە مرۆڤدۆستانەیە دەتوانێت مرۆڤە قۆچدارەکان بەڕێوەبەرێت. دیوی دووهەمی ئەم بیرکردنەوەیە ئەوەیە کە هیومانیزم دیسانەوە لەنێو ئەو نوخبە تایبەتەدا گەشەدەکات، کە فۆکۆس و زوومی کردۆتە سەر قۆچدار و بێ قۆچ، بێوەی و دڕندە. هەردوو جۆرە مرۆڤەکان بەلای هیومانیزمەکان گرنگ نییە، بەقەد ئەوەندەی بە چ میتۆدیک دەکرێن بەهیومان و مرۆڤ.ماناهەڵگری هیومانیزم لەوەدایە گرنگیدەدات بەدابەشکردن و بەڕێوەبردن و دیاریکردنی مرۆڤەکان بەسەر چەندەها کڵێسە و کاتیگۆری جۆراوجۆر، لەدواجاردا ئەم دابەشکردن و بیرکردنەوەیە لەمرۆڤ لەپێناو ئەوەدایە مرۆڤەکان ببن مرۆڤی ڕاستەقینە لەچوارچێوەی کۆمەڵگەیەکدا، کە وەک باخچەیەکی ئاژەڵانی مرۆیی وەهایە. لەبەرئەوە سەیر نییە لەم دنیایەی ئێمەدا ناوی باخچەکان، پارکەکان پێناسەیەکە بۆ کۆمەڵگەیەکی مرۆیی تەواو، وەک باخچەی نەتەوە، ناسیۆنال پارک، باخچەی شار، سیتی پارک، ئیکۆنۆمی پارک و لای ئێمەش بەهەشتی شار و باخچەی دایک و باخچەی سامی و باخچەی گشتی چەندەها ناوی تر کەلەدنیادا هەن.. مرۆڤەکان بەپێی ئەم تێزەی سلۆتەردایک دابەش دەبن بەسەر باخچەکاندا، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هیچیتر نییە لەڕوانگەی هیومانیزمەوە جگە لەدابەشکردنی مرۆڤەکان نەبێت بەسەر باخچەکاندا، کە لەدوایدا دەبن بەزوویەکی، بەباخچەیەکی ئاژەڵمرۆیی گەورە. لەم باخچە مرۆئاژەڵیەدا، مرۆڤەکان دابەشدەبن بەسەر دووچین و توێژدا، ئەوانەی وەک ئاژەڵ مرۆیی لەکۆمەڵگەدا لەژێر دەسەڵاتی ئیداری و کولتووری نوخبەیەکی تایبەت لەبەڕێوەبەرانی باخچەکە خۆیان ڕێکخستووە. قوک مامۆستا گەورەکان، فەیلەسوفەکان، ڕۆشنبیران و مەلا و سیاسییه‌تمەدار و زانایان، بەگشتی ئەو نوخبەیەن باخچەکە بەڕێوەدەبەن، لێرەوە کۆی ئەو خانووانەی تێدا دەژین و شێوازی ماڵداری پڕۆسەیەکە بۆ ماڵیکردنی مرۆڤەکان کە دەیانەوێت هیچیان نەوێت! جگە لەوەی پێیان دەوترێت بتانەوێت. بەمانای ئێمە لەبەردەم ئیرادەیەکی زەوتکرواین لەژێر چەتری پرۆسەیەکی بەهیومانیبوون کە ئەو هۆشمەندیە موزیەف و پووچگەرا و هەڵەیەت پێدەبەخشێت، بەوەی ئەوەی دەتەوێت ئەوەیە کە مرۆدۆستی دەیەوێت، بەجۆرێکی تر دەتوانین بڵێین ئێمە ئەمڕۆ لەدنیای پۆست مۆدێرندا لەبەردەم مرۆڤێکداین کە وەها مەزندە دەکات ئەو ئیرادەیەی هەیەتی هی خۆیەتی، بەڵام لەجەوهەردا ئەو ئیرادەیە ئەوەیە کە ئیرادە بۆکراوە، ئیرادە خوازراوە، لەلایەن بەڕێوبەرانی باخچەکەوە بەناوی هیومانیبوونەوە وەک چەترێکی نهێنی و نەبینراو هەڵکراوە. لەم مۆدێلە نوێیەدا ئێمە لەبەردەم ئەو پادشا و نوخبەیەیەن دەتوانێت لەگەڵ مێگەلە قۆچدار و بێقۆچەکاندا بلەوەڕێت و بەحیکمەتێکی هیومانیەوە مرۆئاژەڵییەکان لەنێو باخچەکەکاندا بەڕێوەبەرێت.
 
ئاكادیمای پلاتۆن ؛ پلاتۆن و ئه‌رستۆ له‌ته‌ینستیه‌وه‌ و له‌ناوه‌ڕستدا و دیۆگین له‌سه‌ر قادرمه‌كان دانیشتووه‌ – نیگاركێش ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١
 
من لێرەدا هەڵوێستەیەک دەکەم لەسەر ئەم تێزەی سلۆتەردایک و لەو بڕوایەدام ئەم تێزە گەڕانەوەیەکی (میشێل فۆکۆ)یانەیە بۆ چەمکی دەسەڵات، فۆکۆ کە لەکۆی کارەکانیدا خود و سوبێکت دابەشدەکات بەسەر نەخشەی گشتی دەسەڵاتی گشتی کولتووری کۆمەڵگە و زانست و زماندا. خود هیچ نییە جگەلە پێکهاتەیەک و پڕۆیەکتێکی دەسەڵات نەبێت، دەسەڵات لەزانستەوە بیگرە تا دەگاتە پەروەردە و دەروونزانی و بیناسازی و زمانی نووسین، هیچ نییە جگە لەو دەسەڵاتەی کە خود، سوبێکت، بەوێنەکانی خۆی بارگاوی دەکەن، بێگومان کاراکتەری خود لەکۆمەڵگەدا لەژێر چاودێریەکانی هەموو ئەم هێزە زانستی و ڕۆحانی و زمانەوانییەدا بەندکراوە، بەجۆرێکی تر بیر لەسوبێکت بکەینەوە دەتوانین بڵێین: کە سوبێکت بوونی نییە، تەنها لەو چرکەساتەدا نەبێت کە لەڕێگەی دەسەڵاتەکانەوە خۆی نمایشدەکات… ئەگەر بەندیخانەکان و کڵێساکان لەسەدەی ناوەڕاستدا دیار و ئاشکرا و بینراوبن بۆ خود، ئەوا بەندیخانەکانی ئەقڵانیەتی ڕۆژئاوایی لەشێوازی سستمێکی چاودێری و سزادانی ڕۆحی و ئابووریدا، خود دەخاتە بەردەم هەڕەشەیەکی بەردەوام. کەواتە خود چییە لەدنیای ئێمەدا جگە لەخۆگونجاندن نەبێت لەگەڵ ئەو هۆشمەندیە گشتیەدا، کە دەسەڵات لەژێر ماسکێکی هیومانیەوە نمایشیدەکات.
میشێل فوكۆ
 هیومانیزم لەڕوانگەی (میشێل فۆکۆ)وە سەیری بکەین هیچ نییە جگە لەمیتۆدێکی دەسەڵاتخوازی بۆ ڕامکردنی سوبێکت نەبێت، کەواتە سوبێکت هیچ نییە جگە لەسوبێکتێکی هیومان نەبێت کە لەژێر چەتری هیومانیەتی کولتووریدا ژیان بەسەر دەبات. ئێمە چیتر خود نەماوین بەقەد هێندەی فۆکۆ گووتەنی: خود وەک دەم و چاوێک وەهایە لەسەر ڕووبەرێکی لم، زۆرنابات خودی ئێمە شەپۆلی هەڵکشاوی دەریا دەیسڕێتەوە. بەدیوێکی تردا من پێموایە هیومانیزم وەک ئەو (هاوڕێیەکی هەڵە) یان چاکتر وەهایە بڵێم هاوڕێیەکی موزەیەف وەهایە کە(سلاڤۆ ژیژەک) باسی دەکات، مۆدێلی ئەو هاوڕێیە وەهایە کە بواری ئەوەت نادات ڕقت لێی بێت، بەڵکوهەمیشە ئەوەی دەیەوێت لەگەڵتدا بیکات لەچوارچێوەی هاوڕێیەتیدا و بەنازی هاوڕێیەتی بەخەڵکانی دەوروبەری دەکات. سلاڤۆ ژیژەک نموونەی ئەو بەڕێوبەرە دەهێنێتەوە کە لەگەڵ کرێکار و فەرمانبەرەکانیدا بەبزەوە مامەڵە دەکات و قاوەت لەگەڵدا دەخواتەوە و گوێڕایەڵی خەمەکانە و ڕۆژانە وەک هاوڕێیەک لێت دەپرسێت، ئەم هاوڕێیەتیە ساختەیە چیدی بوار ناهێڵێتەوە بۆ هەڵگەڕانەوە و شۆڕشکردن لەدژی، میتۆدەکانی ئەوەندە هیومانین کە من لەم نووسینەدا بە(هیومانیەتی ماسکدار) ناوی دەبەم، وەها دەکات کەهەڵگەڕانەوە لێی مانای نامرۆڤدۆستی و دڕندەییت دەگەیەنێت. ژیژەک وەک فەیلەسوفێکی چەپڕە و لەو بڕوایەدایە پۆست کاپتیتالزم وەک ئەو هاوڕێ موزەیەفە وەهایە لەژێر ناوی مۆڕاڵی مۆدێرن و هیومانستیەوە دەموچاوی ناشرینی خۆی، چەوساندنەوەی خۆی دەشارێتەوە. ئەم دووتێزەی فۆکۆ و ژیژەک نزیک دەبنەوە لەمەدارەکانی بیرکردنەوەی سلۆتەردایک لەمەڕ هیوامانزم وەک دۆزێک کە بێستالیزمی، وەحشیگەرایی دەکات بە مرۆڤ و ڕێکیان دەخات لەباخچەیەکی ئاژەڵمرۆیی ڕێک و جواندا.
سلۆتەردایک لەو بڕوایەدایە لەزەمەنی تیتانەکاندا دەسەڵاتی خواوەندەکان بەسەر مرۆکاندا زاڵبوون، مرۆڤەکان لەلایەن خواوەندەکانەوە شوانکاری دەکران، بەڵام لەدوای زیۆسەوە خواوەندەکان مرۆڤیان بۆ چارەنووسی خۆیان جێهێشتووە و ئیدی مرۆڤایەتی دەبێت خۆی شوانکاری خۆی بدۆزێتەوە و خۆی شوانکاری خۆی بێت. نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە فەلسەفەی ئیسلامی لەزاری پەیامبەرەوە چەمکی بوون بەشوانکاری خۆت و ئەوانیتری لە گوتەیەکدا چڕکردوەتەوە کەدەڵێت (کلکم راع وکلکم مسؤل عن رعیتیە..) بەمانای هەموو یەکێک لە ئێمە شوانکارە بەشێوەیەک لەشێوەکان و لێپسراوین لەمێگەلەکەمان، مامۆستا و فەقیه و والی. بەمانای نوخبەیەکی دیاریکراوی شوانکار هەیە لەفیکری ئیسلامیدا کە مێگەلەکە بەڕێوەدەبات. لەم پەروەرەدە ڕۆحانی و سپریتوالیەوە، ئەم کڵێشەیە لەمەسیحیەتدا ڕەنگدەداتەوە بەوەی پاپی گەورە لەڕۆم شوانکاری ڕۆحی کۆی مێگەلی کریستومە لەدنیادا. لەم چەمکە ئایینیەوە دەتوانین بڵێین کە لەدوای پاشەکشەی خواوەندەکان مرۆڤ بەردەوامە لەبەرهەمهێنانی شوانکاری بۆ ڕێکخستنی مێگەلەکەی کە لەدنیای مۆدێرندا لەباخچەیەکی مۆدێرندا، لەلایەن نوخبەی شوانکارە پۆستمۆدێرنە هیومانستەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. سلۆتەردایک پێیوایە نەک تەنها خواوەندەکان لەم زەمەنە نوێیەدا پاشکەشەیان کردووە، بەڵکو ئەوە حەکیمەکانیش لەژیانی ئێمە پاشەکشێیان کردووە، ئەوەی کە لەحیکمەت دەمێنتەوە تەنها کولتووری نووسین و خوێندنەوەیە، ئەو نامە گرنگانەن بۆ خوێنەری نادیار نووسراون. دنیای ئێمە چیتر نامەی لەلایەن حەکیمەکانەوە بۆ نانێردرێت، چیتر وەک ڕۆم نامەی لە فەیلەسوفەکانی یۆنانەوە پێناگات. دنیای ئێمە لەژێر چەتری هیومانستەکاندا ڕێک و دابەشکراوە و چیتر حیکمەتی تر قبوڵ ناکات، سلۆتەردایک لەچاوپێکەتنێکی تەلەڤیزۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سویسری باس لەحەکیم دەکات و جوادای دەکاتەوە لەو هەموو پسپۆڕە لەبوارە جیاوازەکاندا کە ڕاوێژکاری دنیای تازەن، بەڕای ئەو سیحری حەکیم لەوەدایە خۆی یەکێکە لە کەسە شکستەخواردووەکانی ئەم دنیایە، حیکمەت لەوە پسپۆڕییەوە پێکنایەت، بەڵکو لەو ئەزموونە مرۆییەوەن، کە دەبن بەکتێب و نامەی ژیان دەنێرن بۆ خوێنەرەکانیان، ونبوونی حەکیم لەژیانی ئێمەدا مانای ونبوونی ئەو کتێبانەن کە توانای ئەوەیان نییە نامە بنێرن بۆمان، بۆ ئێمەی خوێنەری نادیار. کتێبەکان لەم سەردەمەدا بوون بە (ئۆبێکتی ئەرشیفکراو)، ئەوە کتێبەکانە لەژێر زەمینەکانی کولتووری پۆستمۆدێرنەدا کەڵەکە بوون. دەبێت کەی بێت ئارشیفست لەژێرزەمینەکانەوە بێتە دەرێ و بانگەشەی تێکستێک بکات، دەمێکە لای خۆیان تۆزی لەسەر نیشتووە. سلۆتەردایک لە هایدیگەرەوە دەستەواژەی (ڕۆشنکەرەوەی بوون) هەڵدەگێڕێتەوە و ئەو پرسیارە دەکات: دەشێت لە داهاتوودا ژێرزەمینەکانی ئەرشیف ڕۆشنایی بەخش بن! پێدەچێت ئەرشیفەکان لەداهاتوودا جێگەی هیومانستەکان بگرنەوە. ئەو ئارشیفستانەی بەڕێکەوت بیر لەوە دەکەنەوە لەو کەڵەکەبوونەی کتێبەکان نامەیەک بۆ خوێنەری نادیار بنێرن.سلۆتەردایک هیومانیزم بەوەڵامێکی شێواو تێدەگات کە لەلایەن کەسانێکەوە پرسیار کراوە، کە نەیانزانیوە چۆن پرسیار بکەن. لەم تێزەوە هیومانیزم وازی لەوە هێناوە نامە بۆ خوێنەری نادیار بێت، وازی لەوە هێناوە حیکمەت بۆ مرۆڤایەتی بێت، وازی لەوەهێناوە ڕۆشنایی بێت بۆ بوونی مرۆڤ، وازی لەوە هێناوە وەڵامێکی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ بێت. وازی لەوە هێناوە مرۆڤ وەک مرۆڤ تەماشا بکات، بەڵکو وەک چۆن هایدیگەر دژی ئەو پێناسە ئاژەڵییە بۆ مرۆڤ، وەک ئاژەڵێکی ئاقڵ، ئاوەهاش سلۆتەردایکهیومانیەت وەها دەبینێت کە دابەشکردنی مرۆڤە لەلایەن هیومانستە تەواوەکان و سوپەر هیومانیستەکان کە ئیدارەی ئەو زۆیە و باخچەیە دەکەن، ئەو باخچەیەی پڕێتی لەئاژەڵەمرۆییەکان.
 
 
چەند سەرنجێک لەسەر کاڵفامی هیومانیزمی کوردی
 شتیک نییە ناوی لێ بنێین هیومانیزمی کوردی کە بتوانین بەتەواوەتی لەژێر ئەم چەمکەدا پێناسەی بکەین، ئەوەی هەیە دیاردەیەکی حکومەتیە لەدوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لەشێوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سەر بەپارتە سیاسییه‌کان و لەدوایشدا لەچوارچێوەی وەزارەتێکدا خۆی نمایشکردبوو. سەیر لەوەدابوو کە ئەم وەزارەتە لەبەردەم هەموو پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆ بێدەنگ و کەڕە، بەجۆرێک کە ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال وەک ئۆرگانێکی بێگانە بەوردی ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی ڕەوشی خراپی مافی مرۆڤ پێشکەشکرد. کەچی ئەم وەزارەتە پەی بەیەکێک لەو هەقیقەتە سادانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نەبردووە، چاکتر وایە بڵێین هیچ ڕەخنەیەکی جیدی لەپارت و گروپ و حکومەت لەکوردستاندا نەگرتووە، بەکورتی ئێمە لەبەردەم مافی مرۆڤێکی ساختەداین کە جگە لەگاڵتەجاڕی نەبێت بەمافی مرۆڤ هیچیتر نییە. ئەوەی لای من لەم نووسینەدا گرنگە ئەو بیرکردنەوە سەیرەی پارتی کوردییە دەربارەی هیومانیزم لەشێوازی ڕێکخراوی کارتۆنی مافی مرۆڤ و وەزارەتەکەیدا خۆی نمایشدکردووە، لەسەرێکەوە ئەم هیومانیزمە کوردیە لەو بڕوایەدایە هیومانیزم مانای زۆربوونی ژمارەی خوێندەوارانە لەکۆمەڵگەدا، ژمارەی زۆری خوێندەوارانی زانکۆ مانای هیومانگەرایی و مرۆدۆست گەرایی ئەم حکومەتە دەگەیەنێت. سەیر نییە کاتێک بەڕێز تاڵەبانی دەچێت بۆ شارۆچکەیەک خێرا پەیمانی کردنەوەی زانکۆیەک، کۆلێژێک، پەیمانگایەکیان پێدەدات. ڕەمزیەتی ئەم پەیمانە لەوەدایە کە سەرکردە مرۆڤدۆستی خۆی لەڕێگەی کردنەوەی زانکۆ و فێرگەکانی خوێندندا دەسەلمێنێت. لەپشت ئەم ئایدیا بچووکەوە دەتوانین لە (هیومانیزمی کاڵفامی کوردی) تێبگەین کە کردنەوەی ئەم هەموو زانکۆیە و دەرچوواندنی هەموو خوێندکاران بۆ زانکۆکان و کردنەوەی هەموو ئەم زانکۆیانەی کە لەژێر قەیرانی قوڵی زانستی و مەعریفی و سلوکیدا دەناڵێنین. لەو بیرۆکەوە سەریهەڵداوە لایەنی باشی پارتی کوردی بەرامبەر دنیا نیشانبدات.
لەلایەکی ترەوە هاندانی خوێندەواری و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا ئیدیایەکە پارتی کوردی لەدوای ڕاپەڕینەوە وەک بەشێک لەو ڕووبەرانە تەماشای کردووە کە پێویستە مۆنۆپۆڵ بکرێت. بەهەقەت ئێمە لەم ساڵانەی دوای ڕاپەڕین لێپسراوەکانی حیزبیمان بینی بەلێشاو خۆیان کرد بەزانکۆکاندا و لەسەر کورسی خوێندکاری زانکۆ دادەنیشتن و بەهەر جۆرێک بێت بڕوانامەکان بۆ خۆیان مۆنۆپۆل کرد. ئەم هێرشە بەجۆرێک بوو کە لەماوەیەکی کورتدا لەبەر دکتۆراو ماجستێری ئەندامە حیزبیەکان، چیتر موزەیف لەڕاستەقینە جیانەدەکرایەوە و ئێستاش ئەم قەیرانە بەردەوامە. لەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆیی چیتر لێپسراوی حیزبی و حکومی خۆی بە(بێگانە/ نامۆ) نەدەزانی لەکۆمەڵگەی نوێدا، ئیدی ئێمە لەبەردەم ئەو لێپسراوانەدا بووین کە جلی کەتافە و چەکەکانیان گۆڕی بە قات و بۆینباخ و سەر و سمێڵ ڕەشکردنەوە، چەکەکانیشیان بوو بەبڕوانامەی بەرز.
لێرەوە ئێمە لەبەردەم وێنەی جەنگاوەرێکی شەڕکەرداین وەک دەرکەوتن، وەک ئەوەی چاوی گشتی دەیبینێت، وەک بینراوێک. ئەم دیکۆرە نوێیە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی حکومەت بوو لەژێر ماسکی خوێندنی باڵاو بڕوانامەدا، لەجەوهەردا ئەم خوێندەواریە نوێیە، هیچی لەڕوانینی پارتی کوردی و ئەندامەکانی بەرامبەر کۆمەڵگەی کوردی نەگۆڕی، بەمانای خوێندنی باڵا و بڕوانامەکانی ئەو هێزە نەبوو کە جەنگاوەرێکی بەتەماع بکات بەفەرمانبەرێکی دڵسۆزی حکومی. لێرەدا ئێمە لەبەردەم (دیکۆرێکی هیومانیزمی کوردین) کە دەیەوێت بڵێت: جەنگاوەرەکان لەڕێگەی خوێندەواریەوە بوون بەمرۆڤدۆست. ئەم مۆنۆپۆڵکردنە بۆ ئەوە بوو کە لەگەڵ ئەو کڵێشەیەدا بگونجێت کە دەوڵەتی نوێ و حکومەتەکە نوێیەکان هەیانە. بەڵام ئاڕاستەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتداری سیاسی لەناوەڕۆکدا و لەپشت ئەم ماسکەوە هەر بەمیتۆدەکانی زمانی توندووتیژی و میلیشاییەوە کاری خۆی دەکات. لەتەنیشت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە، چەندەها دەزگای حزبی و ژێرزەمین و بەندکردن و فڕاندن و تەنانەت کوشتن لەتاریکیدا هەیە…  بەدیوێکی تردا ئەو جەختکردنە لەسەر کردنەوەی بەردەوامی زانکۆ و پەیمانگا و بەلێشاوکردنی قوتابیان بەزانکۆکاندا، لەو بیرۆکەیەوە سەریهەڵداوە کە دەبێت (مرۆڤەکان دانیشن و ئاقڵ بن)، دانیشن و ببن بەهاووڵاتی خوێندەوار، ئەو وڵاتەی هاووڵاتی خوێندەواری زۆر بێت، وڵاتێکە هیومانی و مرۆڤدۆستە، ئەمە بیرکردنەوەی دەسەڵاتی کوردییە لەمەڕ کۆمەڵگە. دەزگاکانی هەرێم ئەو ماسکە هیومانیە لەدانیشتن و خوێندندا دەبیننیەوە، هەروەک لەخوێندنەوەی سلۆتەردایکەوە ئاماژەمان پێدا، چەمکی (ماڵ، خانوو) لەو ڕستە بەناوبانگەی هایدیگەرەوە لێیبڕوانین کە (زمان ماڵی بوونە)، کەواتە خانووی بوون کە زمانە، ئەو وێنەیەمان لەلا دروستدەکات مرۆڤەکان لەنێو خانووەکاندا دادەنیشن و لەوێشدا دەخوێنن، بێگومان وەک سلۆتەردایک لەو ئیشکالیەتە قوڵ و پارادۆکسە ئاماژەی پێدەکات ئەم خوێندەواریە لەنێوان خوێندراوەو خوێندنەوەدا، لەنێوان ئەوانەی تێکستەکان دەنوسن و ئەوانەی دەیخوێننەوە و ئەوانەی خاوەن ئیرادەن و ئەوانەشی خاوەن ئیرادەبۆکراون، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕ گرفت خۆی ڕاکێشاوە.ماناهەڵگری ئەم پڕۆسەیە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە خوێندن لەنێو ماڵدا، خۆی لەخۆیدا پڕۆسەیەکی ماڵیکردنی مرۆڤەکانە لەکڵێشەی ماڵ و نیشتەجێبووندا. ئاوتۆریتێتی (دەسەڵاتخوازی) ئەم پرۆسەیە لەوەدایە مرۆڤەکان بەئاقڵی دادەنیشن و دەخوێنن، هیومانیزمی سادەی کوردی لەم گۆشەنیگایەوە دەیویست شکستیەکانی نەوەیەک لەزانکۆی شکڵیدا بەندبکات، بەو هیوایەی ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان ئەو دەستەمۆکردنەی مرۆڤە دڕندەکان لە ئەستۆبگرن. لێرەوە زانکۆکان کردەیەکی ئامبیڤالێنتنAmbivalenz ، دوو دژەمانان، دژە ویژدانین لەڕووی سایکۆلۆژیەوە، بەوەی مرۆڤەکان کە خوێندەوار دەبن، دەبنەوە ئەو مرۆڤەی کە لەنێو کۆمەڵگەی پڕ مافی مرۆڤی کوردیدا ژیان بەسەر دەبەن و بەئاقڵی دادەنیشن، ئەمە ئەم بیرۆکە نەستیەیە لەپشت ئەم پڕۆسەی زۆربوونە سەیرەی دەرچووانی زانکۆ وە وەستاوە. بەڵام لەڕاستیدا زانکۆکانمان هیچ نین جگە لەفابریکێک بۆ بەخشینی ماسکێکی هیومانی نەبێت بەحیزب و دەسەڵات، هیچ نین جگە لەبەتاڵکردنەوەی مانا مەعریفەیەکانی پڕۆسەی خوێندەواری نەبێت لەجەوهەری ڕاستەقینەی خۆی، هیچ نین جگە لەپڕۆسەیەکی ماڵیکردنی ئاژەڵمرۆییەکان نەبێت بۆ دەسەڵات. لەدوای خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی فێبراورەوە بینیمان لەپڕێکدا لەهەولێر لەلایەن ڕێکخراوەکانی قوتابیان دەرگای زانکۆ دادەخرێت، ئەو چرکەساتە، چرکەساتی بەربوونەوەی ئەو ماسکە هیومانی و مەعریفییە کە دەسەڵاتی کوردی هەڵیگرتبوو، ئەو چرکەساتە، چرکەساتی کەشفبوونی ماناڕاستەقینەکانی کردنەوەی زانکۆکانە لەلایەن حیزبەوە، بەوەی مادامەکی خوێندەوارەکان بەئاقڵی لەزانکۆکاکاندا دانانیشن، کەواتە بابچن لەماڵەوە دانیشن و ئاقڵ بن، خوێندکارانی هەولێر لەو چرکەساتەدا لەماڵدا ماڵیکران.
لەڕوانگەیەکی ترەوە سەیری کۆی دەسەڵاتی سیاسی کوردی بکەین و لەو ئەزموونە مێژوویانە بڕوانین کە دەسەڵاتی بەدنیای کوردییەوە پابەند کردووە، لەبەردەم کولتووری دەسەڵاتی نوخبەیەکی سیاسیداین، کە چەقی بیرکردنەوەی هەموو شتێک بووە، تەنها مرۆڤ نەبێت. ئەمە بێگومان لەپڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەشدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە ئەوەندەی خێرا جادەکان پاندەکرێت و پردی سەقەت دروستدەکرێت، ئەوەندە گرنگی نادرێت بە شوێنی پەڕینەوە. گرنگی نادرێت بەخەستەخانەکان، خەستەخانە هەیە ساڵانێکی دوورودرێژە هێشتا لەهەیکەلدا کاری لەسەر کراوە، نەک هەر ئەوە لەجیاتی ئەوەی لەشوێنی هێمن و خامۆشدا بن، لەنێو سروشتدا بن، لەسەر جادەی خێرای پڕ ئۆتۆمبێلی تیژڕەو دروستدەکرێن. ئەقڵیەتی ئەندازیاری ئەوەندە دوور لەمرۆڤ کاری خۆی دەکات، کە جادەی بازنەیی مەلیک مەحمود لەسلێمانی و جادەکانی دیکە شوێنی پەڕینەوەی بەدەگمەن تێدایە، جەنگی مرۆڤەکان لەکوردستاندا لەدژی ئۆتۆمبێل جەنگێکی قورسە. بیرکردنەوە لە کەمئەندام و پیر لەنەخشەی بیناسازیدا لەغیابدایە. بیرکردنەوە لەنەخۆش و پەیوەندی بەشوێن لەئارخیتیکتۆری ئێمەدا فەرامۆشکراوە. قوتابخانەکان لەبیناسازیدا لەبەندیخانە دەچن و پۆلەکان ئەوەندە قەرەباڵغن بەجۆرێک منداڵان وەک ماسی نێو قوتوو لەچوارچێوەی دیوارەکاندا قەتیس بوون، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهەشتی شار و پارکەکان و هەواری شارەکان و باخچەی ئاژەڵییە مرۆییەکان لەزیادبووندان.
کڵێشەی بیرکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی کوردی نایەوێت ئەم مێگەلە کۆمەڵایەتیە بکات بەمرۆڤی ئاقڵ، بەڵکو کاری ئەو قوڵکردنەوەی کولتووری وەحشیگەراییە کە لەگەندەڵیدا دەگاتە ترۆپک.. لەجەوهەردا کولتووری دەسەڵاتی کوردی نەهیومانیە لەفۆرمدا و نەخوێندەوارە لەفۆرمێکی تردا، بەڵکو هەڵگری ناوەڕۆکێکی وەحشیگەراییە، بەجۆرێک کە توندوتیژی فیزیکی بەکاردێنێت بۆ ڕامکردنی کۆمەڵگە، لەدەرکەتن و نمایشگەراییدا لەژێرماسکی هەڵبژاردن و دیموکراسی و مافی مرۆڤدا ئەو مرۆدۆستیە نیشانی دنیا دەدات.
دیوی دووهەمی (ماسکی هیومانستی) لەڕۆژئاوادا خۆی درێژدەکاتەوە، ئەو هیومانستیە دۆرینەیە یاریکردنە لەگەڵ ئەم چەمکەدا، هەروەک چۆن ئاژەم بە ماسکی هیومانستیدا لەپرۆسەی دەسەڵاتخوازی کوردیدا، ئاوەهاش ئەم ماسکە لەڕۆژئاوادا لەفۆرمێکی دیکەدا دەردەکەوێت، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت سلۆتەردایک لەم کتێبەیدا پەردە لەسەر ئەو هەڵەکارییە هەڵدەداتەوە کە ناویهیومانیزمە، بەدرێژایی خوێندنەوەمان بۆ ئەم کتێبە گرنگە، ئەو ماسکە دەبینین کە لەڕۆژئاوادا بەناوی هیومانیزمەوە دەسەڵاتخوازی خۆی مومارەسەدەکات. درۆی هیومانستی ڕۆژئاوایی لەو خۆبێدەنگکردنە لەهەموو ئەو تاوانە ترسناکانەی بەرامبەر مرۆڤ دەکرێت، خۆی بەرجەستە دەکات، کە حکومەتە دیسپۆتەکانی دنیای ڕۆژهەڵات و حکومەتەکانی دیکەی دنیا بەرامبەر میللەتانیان پەیڕەوی دەکەن. ئێمە لەبەردەم هیومانیەتیکی درۆیینەداین، دنیای ئێمە شانۆیەکە پڕێتی لەئەکتەری ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی کەلەژێر ماسکی هیومانیزمەوە خۆیان نمایشدەکەن.
نموونەیەکی خێرا لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەو کاردانەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا و ئەوروپادا بوو لەبەرامبەر هێرشی قەزافی بۆ هاووڵاتیانی خۆی لەلیبیا، ئەم بڕیارە چەندە هیومانستی گەورەی ڕۆژئاوایی نیشاندا، ئەوەندەش ڕووداوێکی تر کۆدی ئەم هیومانیستیەی پووچەڵکردەوە. بۆ نموونە فەڕەنسا و سارکوزی یەکەم کەس بوون کە پەلاماردانی سەربازیان لەپێناو پاراستنی خەڵکی سیڤیل بەتوندی مەحکومکرد و هەستی مرۆڤدۆستی خۆیان لەدژی خوێنڕشتنی هاووڵاتیان بانگەشەکرد، سەیر لەوەدایە لەهەمانکاتدا لە (کەناری عاج) لەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، سەرۆک کۆماری کۆن نەیدەویست دانبنێت بەسەرۆکی تازەدا، لەگەڵ ئەوەی لەهەڵبژاردندا براوە بوو. بەمشێوەیە لەشەو و ڕۆژێکدا هێزەکانی سەرۆک کۆماری نوێ و تازە قەسابخانەی گەورەیان لەیەکتری نایەوە، بەجۆرێک لەشەو وڕۆژێکدا سێ سەد کەس لەژن و منداڵ و گەنج و پیر قەسابخانەکران، ڕۆژانی دواییش بەهەمان شێوە. سەیر لەوەدابوو هەموو دنیا ئەوەندەی سەرقاڵبوون بەقەزافی و ڕاپەڕینی لیبیا، ئەوەندە ئاوڕیان لەوڵاتە ئەفریقایە نەدەدایەوە، بەتایبەت فەڕەنسا کە کەناری عاج کۆلۆنی پێشووی خۆی بووە، سەرۆکی هەڵبژاردەی وڵاتەکە لەفەڕەنسا پاڕایەوە بۆ ئەوەی بەهێزێکی سەربازی بەشداری بکات، کەچی فڕۆکەکانی فەڕەنسا و جیهانی ئەوەندەی بەئاسمانی لیبیا چالاکی سەربازیان ئەنجامدەدا، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نەبوو لەکەناری عاج چەندە مرۆڤی تر بەر ساتوری یەکتری دەکەون. ئەم هەڵبژاردنە سەیرە کە سیاسەتی ڕۆژئاوایی پیادەی دەکات، ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ ئەو ماسکە هیومانیەی کە ڕۆژئاوا و دنیای پۆستمۆدێرن هەڵگرێتی. ئەم هەڵبژاردنە و پراگماتیە ترسناکە بەشێکە لەو ئەقڵانیەتە ترسناکەی خۆی بەهەڵگری چەمکەکان دەزانێت، بەڵام ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕە، ئەم ئەقڵە سینیزمە دیوی نەبینراوی بیری ڕۆژئاواییە، ئەم سینیزمە ڕۆژئاواییە کە سلۆتەردایک لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا (ڕەخنەگرتن لەئەقڵی گاڵتەجاڕی) بیۆگرافیای دەگێڕێتەوە، هەڵگری ئەو ئامبیڤالێنتە ترسناکەیە کە لەنێو خودی پڕۆژەی مۆدێرنەدا گەمەی گاڵتەجاڕی خۆی دەکات. نموونەی دوو ڕوویی بیرمەندێکی ڕۆشنگەریی ناتورالیستی (جان جاک ڕۆسۆ) مان بۆ دەهێنتەوە و دەڵێت (گەر سەیری زیرەکی و نەرمی ڕۆسۆ بکەین ئەو دەبڵ مۆڕاڵ و دووڕووییە دەبینین، کە دەیویست سروشت و منداڵی و ئیدیای پەروەردەیی پێکەوە گرێبدات. بەڵام خۆی منداڵەکانی بەدەستی خۆی ناردە هەتیوخانە ئینکاری باوکایەتی خۆیەتی کرد، ئەمە تێگەیشتنێکە لە تێکشانی نێوان زانین و ژیان… ل١٢٧)
بڕوانە: پیتەر سلۆتەردایک: ڕەخنەگرتن لەئەقڵی گاڵتەجاڕی، سورکامپی ئەڵمانی ل١٢٧
Peter Sloterdijk, Kritik der zynischen Vernunft, suhrkamp 1983, S127
 
چیرۆکی ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕیە لەسیاسەتی گشتی ڕۆژئاوادا بەرجەستە بووە، لەسیاسەتی هەڵبژاردندا بەرجەستەیە کە هەڵبژاردنی بەپێی ئەو پێوەرانە نییە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو بەپێی ئەو نەخشە دەسەڵاتخوازییە خەونی خۆی پێوە ڕاگیرکردووە. ئەوە ڕۆژئاوایە دەیەوێت لەبەر سیاسەتی نەوتی خۆی بۆ ماوەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەک بڕیاردەدات کە قەزافی و سەدام حوسێن دڕندەنین و پیاوی دەوڵەتن و ئەوە ئەویشە لەپێچکدا چرکەساتی هیومانستی خۆی زیندوو دەکاتەوە و بڕیاردەدا ئەمانە دڕندەن و دەبێت بخرێنە قەفەسەوە، چوونکە تاوانکارن لەدژی مرۆڤایەتی. ئەم دووفاقیە، ئەم دەبڵ مۆڕاڵیە لەکۆی سیاسەتی ڕۆژئاوایدا، بریتییە لەو ئەقڵانیەتە بەخێوکارەی هیومانیزمی ڕۆژئاوایی لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە، ئەو بڕیاردەدا کێ دڕندەیە و کێهاش دەبێت ڕامبکرێت، سیاسەتی جیهانی هیچ نییە جگە لەوەی جیهان دەبێتە پارکێکی گەوەری ئاژەڵەمرۆییەکان و نوخبەی تایبەت (بەخێوکارە مەزنەکان) مافی دەستەبژێری ڕامکردن و ماڵیکردنیان لەئەستۆ گرتووە.
خاڵیکی تر گرنگە ئاماژەی پێدەم ئەو گەمە هیومانستیەیە لەنێوان هێزەکانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا لەئارادایە. بەگشتی ئێمە لەبەردەم گەمەیەکداین کە هێزەکۆمەڵایەتییەکان لەبەرامبەر یەکتری بەرەو ڕووی یەکتری دەبنەوە، هەر یەکە خۆی بەخاوەنی دۆزێکی مرۆڤدۆستانە تێدەگات، ئەویتر دەچێتە خانەی دڕندەکانەوە، گەمەی دڕندە و مرۆڤدۆستی لەنێوان ئۆپۆزیسیۆن و پارتەکانی نێو دەسەڵات، بەجۆرێکە کە ئەم ئەویتر قبوڵ نەکات، ئەم کردەیە کە دەتوانین بڵێین پشتە وێنەکەی ئەو کولتوورە وەحشیگەراییەیە کەگەورە بچووک دەخوات و بچووکیش بچووکتر..ئەم داروینزمە کۆمەڵایەتییە کۆی پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوو بەشەوەدابەشکردووە، بەشێکیان بەخێوکارە مەزنەکان و ئەویتر بەخێوکارە تەواوەکانن، ئەوانی تریش ئاژەڵەمرۆییەکانن کە دەبێت لەپارکی ئاژەڵمرۆیی کوردیدا ڕامبکرێن و ماڵیبکرێن. ئەوەی سلۆتەردایک لەکتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە ئەو کڵێشە نیتچەویە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤی باڵادا، بەمانای ئێمە لەبەردەم مرۆدۆستە تەواوەکان و مرۆڤدۆستە باڵاکانداین، بەجۆرێکی تر قسەبکەین ئێمە لەبەردەم بەخێوکارە تەواوەکان و بەخێوکارە باڵاکانداین، شەڕی دنیای ئێمە ململانێی نێوان ئەم دوجۆرە بەخێوکارەیە. هەمان تۆبۆگرافیای فیکری لەنێوان گەمەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا دەبینین، کە دەسەڵاتی کوردی لەچوارچێوەی بەخێوکاری باڵای کوردی تێدەگات، پارتە کۆنزەرڤاتیڤەکان خۆیان لەگەڵ وێنەی باوکی سەرکردە یەکخستووە، بەجۆرێک بەخێوکاری گەورەن، لەنێوان بەخێوکارە تەقلیدیەکان و پڕۆژەی ئۆپۆزیسیۆنی داهاتوودا، دوو مۆدێلمان هەیە لەجەنگدان. دەکرێت بڵێین لەنێو خودی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا بەئیسلامیەکانیشەوە چەندەها مۆدێلمان هەیە، کە هەندێکیان کۆپیکردنەوەی وێنەی بەخێوکاری گەورەیە و گاڵتەجاڕانە لەنموونەی ئیسلامی سیاسیدا ئەم مۆدێلە تەقلیدیەی بەخێوکاری باڵای باوکساڵاری خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام وەک گوتمان لەفۆرمی ئۆپۆزیسیۆندا خۆی نمایشدەکات. هەردوو بەخێوکارەکان هەڵگری نۆرم و بەهای مرۆڤدۆستین، هیومانستن بەڕێگەی خۆیان، لەنێوان ئەم دوو بەخێوکارە باڵاو تەواوەدا زۆرانبازیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی لەکاردایە.
ئێمە لەدنیای پۆستمۆدێرندا لەبەرامبەر هۆشمەندیەکی هیومانین، کە هۆشمەندی سیستمه‌، نەک مرۆڤ، مرۆڤ وەک خۆی لەدەرەوەی پێناسە ئاژەڵیەکەی وەک هایدیگەر ڕەتی دەکاتەوە، تائەمڕۆ لەکێشەدایە. مرۆڤ تائەمڕۆ لەدۆزی هیومانیتیدا هایدیگەر گوتەنی خاوەنی هەزارەها ساڵ لەمێژووی هەڵەیە. ئەم هۆشمەندیە هەڵەیە لەنێو بیرکردنەوەی تاکەکاندا ژیانی مرۆڤەکانی کۆنترۆڵ کردووە، ئەم هۆشمەندیە بەناو هیومانستیە، بەپشتبەستن بە سلۆتەردایک کە (هۆشمەندی هەڵە Falsches Bewusstsein) ناوی دەبات، هۆشمەندیەکی هەڵەی هیومانستیە. من پێموایە دنیای نوێ هیچیتر نییە جگە لەسوڕانەوە نەبێت لەنێو مەدارەکانی ئەم هۆشمەندیە هیومانستیە هەڵەیەدا، ئەم هۆشمەندییە بووەتە سیستمی هۆشمەندی تاکەکان لەپەیوەندیاندا لەگەڵ کار و سەرمایە و خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەدوکەوتنی ئەو کڵێشانە مانای دروستبوونی ئیرادەیەکە کە ئیرادەی ڕاستەقینەی خودی مرۆڤ نییە،ئیرادەی سوبێکت نییە وەک خۆی، بەڵکو ئیرادەیەکی دروستکراوی بەخێوکارە مەزنەکانە. من پێموایە هیومانیزمی ڕاستەقینە کاری کەشفکردنی ئەو کۆدە هەڵانەیە کە مرۆڤەکان بەسیستمی ماڵیکردنەوە دەبەستێتەوە، هیومانیزم ئەو حیکمەتەیە کە نامەی نووسراو دەنێرێت بۆ خوێنەرە نادیارەکانی، کاری فیکریش بەڕای من هیچ نییە جگە لەوەی دەبێتە نامەیەکی ڕاستەقینەی حەکیمانە بۆ خوێنەرێکی نادیار…
 
نورنبێرگ 08.04.11
 

فردریک نیتچە و خانووی ئاژەڵەمرۆییەکان

سەرچاوەکان
 
  1. Peter Sloterdijk, Regeln für den Menschenpark: Ein Antwortschreiben zu Heideggers Brief über den Humanismus (edition suhrkamp)
  2. Peter Sloterdijk, Kritik der zynischen Vernunft, suhrkamp 1983,
 
3.Protagoras, Der Mensch alle Maß der Dinge, Vortrag von Dr. Philip Florian Roth
 
 
 
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌