382
چیرۆكنوس؛ سه‌ید شاڵاو

ناوە ڕاستییەكەم ئەمیرە،  له‌ژێر ناوی  سەید ئەمیر، چیرۆكەكانم بڵاو دەكەمەوە…

 لە وێستگەی تەكسی دانیشتبووم. ناخودئاگا خەیاڵی چیرۆكێك وەك بروسكە لەسەرمدا شەوقێكی دا. دەمویست خێرا ئەو چیرۆكە بنوسمەوە، نەمدەویست سەرقاڵی ڕۆژگار، خەیاڵ و كزە یادەوەرییەكانی ئەو چیرۆكەم لێ بدزێت.  خێرا هەستام و  لەو جانتایەی كە هەمیشە پێم بوو و  بە گیرەیەكەوە لە پشت دەرگای وێستگەكە هەڵمواسی بوو، ده‌فته‌ر و پێنوسێكم دەرهێنا و چوومه‌وه‌ سەر مێزەكە و كەمێك چاوەڕێم كرد… پاشان هەستام پەرداخێكی سەفەریم لەچەكمەجەكەی تەنیشت مێزەكەی بەڕێوبەر دەرهێنا و كەمێك شەكرم تێكرد، بەرەو ئەو تەرمۆزەی لەسەر تاقی ژورەكە بوو ڕۆیشتم و چاییەكەم تێكرد و  گەڕامەوە سەر مێزەكە. قوومێكم لەچاییەكەدا و خەیاڵی  یەكەم دێڕ هاتە ناو سەرمەوە.  چاییەكەم لەتەنیشتی ده‌فته‌ره‌كه‌ دانا و پێنوسەكەم هەڵگرت و ده‌ستمكرد به ‌نوسین، لەبیرمە ئەو ڕۆژە لەخۆشیاندا قاچم زه‌وی نه‌ده‌گرت…

لەو ساتانەدا بوو كاك ئاواتی خاوەن وێستگە لەدەرەوە خۆی كرد بەژوردا و  گووتی: “ئەمیر لەدەرەوە سەرنشینێك چاوەڕوانتە،  نۆرەی تۆیە،  پێویستە بڕۆیت و بیانگەیەنیت. دەی باوكم ئەمیر با زۆر چاوەڕێ نەكەن.  بەسەلامەتی شۆفێری بكە” منیش بەنیشانەی بەڵێ‌ باش سەرم بۆ لەقاند. بەجوڵەیەكی خێرا ده‌فته‌ر و پێنوسەكەم كۆكردەوە و شوێنەكەم بۆ كاك ئاوات چۆڵكرد. بەرەو ڕووی جانتاكەم ڕۆیشتم و ده‌فته‌ر و پێنوسەكەم تێكردەوە. پاڵتۆكەم، كە لەتەنیشت جانتاكەم هەڵمواسیبوو، داگرت و لەبەرمكرد. جانتاكەم لەناو وێستگەكە بەجێهێشت،  لەو دەرگایەی كاك ئاواتی لێهاتە ژوورەوە چوومە دەرەوە. لەكاتی ڕۆیشتنم بۆ لای تەكسیەكەم لەبیرمكرد پەرداخە چاییەكەم لەسەر مێزەكە لەیاد كردووە، لەو ساتەوە من بووم بەسێ‌ مرۆڤ؛ بووم به‌ مرۆڤێكی دیكه‌ و سه‌ر له‌نوێ  لەدایكبوونم لەناو له‌ جانتای نێو وێستگەكە بەجێهێشت. دوو مرۆڤەكەی دیكە، چیرۆكنوسێك و شۆفێری تەكسییەك بوو… لەو دەمەدا یەكێك لەو دوو مرۆڤە لەمن جیابوونەوە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لێم ڕوون نییە ئەو مرۆڤەی تەكسییەكەی دەهاژۆشت، شۆفێرەكە بوو یاخود چیرۆكنوسەكە؟  كاتێ‌ لەتەكسیەكەم نزیكبوومەوە. دایك و كوڕێكی هەشت بۆ نۆ ساڵان بەكۆمەڵێك زەرفی پڕ لەیاری منداڵان لەتەك تەكسییەكەوە وەستابوون. فەرمووم لێكردن و پێكڕا چووینە ناو تەكسیەكەوە، دەستم بەئاژوتنی تەكسیەكە كرد.

دادایزم؛ مارسێل دوشامپ – ویلی پاسكیل – نیوۆرك ١٩٥١ دوای ئه‌وه‌ی كاره‌ ئۆرگیناله‌كه‌ له‌ ١٩١٣ ونده‌بێت. Marcel Duchamp. Bicycle Wheel. New York, 1951 (third version, after lost original of 1913

لەبیرمە ئەو ڕۆژە لەخۆشیاندا پێیه‌كانم زه‌وی نه‌ده‌گرت… دوای هەڵپچرینی دەخیلەكەم، بڕیار وابوو دایكم دەستم بگرێت و لەگەڵ خۆیدا بمبات بۆ بازاڕ بۆ كڕینی پاسكیلێك. ئەو كاتە هەشت بۆ نۆ ساڵێك دەبووم. دایكە جوانەكەم پۆشاكی لەبەركردم و قژی شانە كردم. پۆشاكەكانم كەزۆر لەیادم نەماوە، شتێك بوو لەبابەتی، پانتۆڵێكی قوماشی ڕەساسی و كراسێكی دەڵبی سپی و كالەیەكی ڕەش. لەبیرمە ئەو كات پاسیكل لەبازاڕدا نرخی زۆر گران بوو، پێم وابێت پارەی ناو دەخیلەكەم بەشی نەدەكرد، هەر لەبەر ئەمەش دایكم هەندێك پارەی دیكەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. پاش ئامادەبوون، لەماڵ هاتینە دەرەوە و  لەوێستگەی خوار ماڵە كۆنەكەمان، لەچاوەڕوانی پاسدا وەستابووین. هەر لەم ساتانەدا بوو، باجی پیرۆزی دراوسێمان لەگەڵ  حەمەی كوڕی لەوێستگەكە قووتبونەوە. پێم وابێت ئەویش پەیمانی بەحەمەی كوڕی دابوو پاسكیلی بۆ كڕێت. دایكم و باجی پیرۆز كەوتنە سڵاوكردن و ماچوموچكردنی ژنانە. نێوانی من و حەمە هیچ باش نەبوو، من حەمەم هیچ خۆشنەدەویست! لەو كاتەی دایكم و باجی پیرۆز قسەیان دەكرد، من و حەمە لەژێر عابەكەی دایكمانەوە لەیەكتری مۆڕ دەبووینەوە. من  چمكی عاباكەی دایكم گرتبوو ڕامدەكێشا، بەو ڕاكێشانە دەمویست بەربەستێك بخەمە نێوان ئەو و باجی پیرۆز. لەم ساتانەدا بوو، لەدورەوە سەرەتا ساپیتەكەی دواتر بۆدی كۆستەرەكەی وەستا حەمەومین دەركەوت و پاش چەند چركەیەك لەبەردەمماندا قووتبۆوه‌.

لەناو كۆستەرەكە، شوێنی دانیشتنەكان زیاد لە نیوەی بەتاڵ بوو. دایكم و باجی پیرۆز لەسەر كورسییە دووانییەكان لەتەك یەك دانیشتن. سەرەڕای ئەوەی شوێنی دانیشتنەكان زیاد لەنیوەی بەبەتاڵی مابۆوه‌، كەچی هەردوو دایكەكە ئێمەیان خستبۆیە سەر كۆشیان و نەیاندەهێشت من و حەمە لەسەر ئەو كورسسیە بەتاڵانە  دابنیشین. ئای لەو جێگا تەنگەبەر و ناخۆشە. ئای لەو ڕۆژە چەندە بێحەوسەڵە و لەگەڵیشیدا بەجۆش بووم، دایكم بێئەوەی شوێنێكی ئارامم بۆ دەستەبەر بكات، هێندەی دیكە دەیگوشیم بەخۆیەوە و شوێنی دانیشتنی لێ تەسكتر دەكردمەوە. من و حەمەش، هەتا ناو بازاڕ خێسە و نوقرچكمان لەیەكتری دەگرت.  ئەو ڕوبەڕوبونەوەی ئێمە هەندێك جار بۆ ماوەیەكی كاتی ئازاری ئەو شوێنە تەنگەبەرەی لەبیر دەبردمەوە. لەوانەشە حەمە هەروا هەستی كردبێت، كەمن هەستمپێدەكرد.

هەتا ناو بازاڕ كۆڕی قسەی دایكم و باجی پیرۆز گەرم و گوڕ بوو، لەپڕێكدا كۆستەرەكە وەستا. وەستا حەمەومین بەخۆی و جامانە خوارەكەیەوە دەنگی هەڵبڕی، گووتی: فەرموو دابەزن، گەیشتینە بازاڕ… من تەواو دڵخۆشبووم و ئاهی ئاسودەی بەدڵمدا هات. لەو كاتادا وەستا حەمەومینم وەك پیاوە ئازا و پاڵەوانەكانی ناو حیكایەت و داستانە كۆنەكان دەبینی. لەپاسەكە هاتینە خوارەوە لەكاتی هاتنە خوارەوەدا خەندەیەكم بەرەو ڕووی وەستا حەمەومین كرد، كە لەشوێنی خۆیەوە ئاوڕی بۆ دواوە دابۆوه‌، تا یەك بە یەك بەچاوی خۆی دابەزینی سەرنشینەكانی ناو كۆستەرەكەی ببینێت. وەستا حەمەومینی پاڵەوان هەمان خەندەی بۆ كردمەوە ئەو خەندە قووڵەی تائێستاشی لەگەڵدا بێت لەپیچێكی ئەندێشەمدا ماوەتەوە و لەبەرچاومدا ون نابێت.

لەكۆستەرەكە دابەزین و هەر بەڕاستی ئێمە لەبازاڕ بووین، ئەمە هەر ئەو شتە بوو كەمن لەو ساتەدا خەونم پێوە دەبینی، بازاڕ و كڕینی پاسكیل. دایكم و باجی پیرۆز قەیرێكی تر پێكەوە لەدوا وێستگە مانەوە و قسەیان دەكرد و من و حەمەش هەر مۆڕەمان لەیەكتری دەكرد. لەكۆتایدا ئەو دوو دایكە ماڵئاواییان لەیەكتر كرد و دووبارە ئەملاولای یەكتریان ماچكردەوە، هەردووكیان بە كوڕێكی منداڵی بێئۆقرە بۆ گرتنی دەسكی پاسكیل، پشتیان لەیەك كرد و بەئاڕاستەی جیا دەستیان بەڕۆیشتن كرد…

دوای ئەوەی ته‌كسیه‌كه‌م جوڵاند و ‌ كەمێك لەوێستگه‌كه‌ دووركەوتینەوە، لەو ئاوێنەیەی بەناوەڕاستی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە هەڵواسرابوو، تەماشایەكی دواوەم كرد، بەمەبەستی بەئاگابوون لە ئۆتۆمبیلەكانی دواوەی سه‌ر جاده‌كه‌. ناخودئاگا هەر لەو ئاوێنەكەوە سەرنجم چووە سەر كوڕە بچوكە كە، زۆر  بێتاقەت و غەمگین دیار بوو، ڕووخساری خەمی لێدەباری.  بەبینینی ئەو منداڵە بەو شێوەیە ئەو ڕۆژەم بیر كەوتەوە، لەناو جەنجاڵی بازاڕدا چمكی عا‌باكەی دایكم گرتبوو كووچە بە كووچە شوێنی كەوتبووم. خێرا چاوم لەسەر منداڵەكە لابرد، ئاخر من شۆفێریم دەكرد پێویست بوو ئاگاداری پێشم ببم. گەیشتبووینە نیوەی ڕێگاكە. بۆ جارێكی دیكەش لەئاوێنەكەوە تەماشایەكی دواوەم كرد، ئه‌مجاره‌ چاوم چووە سەر دایكەكە. بەڕووخساریەوە دیار بوو، بەحەسرەتێكی زۆرەوە ڕووی بەلای كوڕەكەیدا سوڕاندبوو و لێی ورد دەبۆیەوە. لێم ڕوون نەبوو ئەو منداڵە تۆرا بوو؟ یاخود دایكەكە بێ دڵی كردبوو؟ یاخود دایكەكە خۆی كێشەیەكی هەبوو، نەمدەزانی؟ نەشمدەویست وەك شۆفێرێكی زۆر بڵێ بەبێ‌ وەستان دەست بەقسەكردن بكەم و هەراسانیان بكەم، بەپرسیارەكانم بنج و بناوانی ئەو دوورە پەرێزییەی نێوانیان هەڵبدەمەوە. بەو كۆمەڵە یاری منداڵانەش كە لەزەرفە ڕوونەكانەوە دیاربوو، وادەردەكەوت هیچ سەنگ و قورساییەكی نەبووبێت بۆ بەدەستهێنانی دڵی ئەو منداڵە.

 

لە ئەندێشەمدا تەنها دەمتوانی بەیەك هۆكار لێكدانەوە بۆ ئەو دوورە پەرێزییەی ئەوان بكەم، هەستمدەكرد دایكەكە لە بێزاری و بێتاقه‌تی  منداڵەكەی نائومێد بوو بێت، بیر لەڕێگا چارەیەكی دیكە بكاتەوە بۆ بەختەوەر كردنی جگەر گۆشەكەی. بەردەوام بووم لەئاژوشتنی تەكسییەكە. كات ئێوارە بوو، هەوا خەریك بوو تاریك دەبوو. بارانێكی بەخوڕی چاوەڕواننەكراو بەتوندی دایكرد،  نزیكەی سێ‌ بەشی ڕیگاكەم بۆ گەیاندنی ئەوان بەشوێنی مەبەست بڕی بوو. تەنها چەند خولەكێك و چەند كیلۆمەترێكی كەممان مابوو بۆ كۆتایی گەشتەكەم لەگەڵ ئەو دایك و كوڕە، كە منداڵەكە لەپڕێكدا بە قسەیەك ڕایچڵەكاندم و مووەكانی لەشم تێكڕا گرژ بوون و  بیلبیلەی چاوەكانم كرانەوە و بەبێ ویستی خۆم هەناسەیەكی قووڵم هەڵمژی، منداڵەكە گووتی؛ دایكە، دایكە… “گیانی دایكە” دەتوانم بێمە سەر كۆشت…

ئەو ڕۆژە لەناو جەنجاڵی بازاڕدا چمكی عه‌باكەی دایكم گرتبوو كووچە بەكووچە شوێنی كەوتبووم. زوو، زوو، بیرم دەخستەوە پاسكیلم دەوێت. ئەویش هەموو جارێك بەدەنگە پڕ سۆزەكەی دەیگووت: پەلەمەكە كوڕم ئەوەش دەكڕین. یەكمجار دایكم لەمزگەوتی گەورە، سەرێكی لە مەرقەدی (كاك ئەحمەدی شێخ)  دا  و بۆ ماوەیەك لەوێدا مایەوە و چەند ڕكاتێك نوێژی دابەست و تاوێكیش دەست بەحەوا لەبەردەم مەرقەددا كۆمەڵێ‌ شتی گووت، كە ئێستا بەڕوونی و لەیادم نەماوە. دواتر دایكم مزگەوتی گەورەی بەرەو دوكانێكی عەتار فرۆش بەجێهێشت. دوو كیلۆ شەكری كڵۆ و كیلۆیەك چایی لەو پارەیە كڕی، كەهەڵی گرتبوو.

 

لەو ڕۆژەدا دایكم هەندێك پێداویستی دیكەی كڕی، كەبەڕوونی لەیادم نەماوە چی بوون. بەڵام لەو ڕۆژەدا  ساتێكم زۆر بەباشی لەبیرە و هەرگیز لە یادم ناچێ. ئەو ڕۆژە، من بوونی خۆم لەدوكانێكی وردەواڵە فرۆشدا بەجێهێشت؛  دایكم لەبەردەم دوكانەكەدا وەستا و بوكەشوشەیەكی باغەی بۆ شاگوڵی خوشكە بچكۆلەم كڕی. منیش لەبەردەم ئەو دوكانەدا، هاوشێوەی تازە زاوایەك، چۆن لەشەوەی یەكەمدا بەدیار بوكەخانەوە دەحەپەسێ‌، ئاوەها بەدیار ئەو تۆپانەوە حەپەسابووم، كەهەروەك هێشووە  ترێی ڕەنگا و ڕەنگ بەپێشی میچی دوكانەكەوە شۆڕببوونەوە. دایكم هەستی پێكردم حەزم چۆتە سەر ئەو تۆپە، تەماشایەكی كردم، گووتی: كوڕم تۆپێكت دەوێ‌؟… بەخەندەیەكەوە تەماشای دایكم كردەوە، لەخۆشیاندا خەریك بوو شامەرگ دەبووم! یەكسەر بەدەنگی بەرز گوتم: بەڵێ‌، بەڵێ‌، بەڵێ‌، بەڵێ‌…  تۆپێكی باغەم كڕی، باشترە بڵێم دایكم بۆی كڕیم. هەركە دوكاندارەكە تۆپەكەی بۆ داگرتم و  دایە دەستم، وەك ئازیزترین شت لەلام هەتا ماڵەوە توند لەبن هەنگڵم دەمگوشی بەخۆمەوە.

د

دادایزم ؛ له‌دژی جه‌نگ

هەوا وردە وردە بەرەو تاریك بوون دەچوو، دەبوایە خێرا بگەڕاینایەتەوە بۆ ماڵەوە، دەبوو دایكم نانی ئێوارەی بۆ ئامادە بكردینایە. بەپەلە گەڕاینەوە بۆ وێستگەی پاسەكە. ئەوەی سەیر بوو،  ڕێكەتی دووبارە هاتنەوە بوو بەهەمان كۆستەرەكەی كاك حەمەومین. دووبارە لەناو كۆستەرەكە شوێنی تەنگ و دانیشتن لەسەر كۆشی دایكم دەستی پێكردەوە. پەستانی ئەو شوێنە تەنگە و خۆشی ئەو تۆپەی بن دەستم كە توند دەمگوشی  بەخۆمەوە لەهەمان كاتدا بوو. كاتێك گەیشتمە ماڵەوە بینم، تۆپە باغەكە زیاد لەنیوەی قوپا بوو، كەڵكی هیچی نەمابوو، شێوەی خڕی لەدەستدابوو هەر بەسێوێك دەچوو قەپاڵێكی لێگیرابێت، بەڵام لەگەڵ بینینی ئەو كارەساتەش، هیچ لەو خۆشییەی ئەو ڕۆژە هەمبوو و هەستمپێدەكرد كەمی نەكردەوە. لەنزیكترین وێستگە لای ماڵەوە، لەكۆستەركە دابەزین و  لەكاتی دابەزین لەكۆستەرەكە، دووبارە  وەستا حەمەومین لەشوێنی خۆیەوە ڕووی بەئاڕاستەی دواوە وەرچەرخاند و هەمان خەندە قووڵەكەی بۆ كردمەوە. لەپاسەكە دابەزین. دایكم بە پەلە چوو بۆ ماڵ باجی نازداری دراوسێمان و شاگوڵی خوشكمی هێنایەوە. دایكم هەر كاتێك بڕۆشتایە بۆ هەر شوێنك شاگوڵی لەلای ئەو ژنە نوورانییە بەجێدەهێشت، كه‌ ژنێكی نه‌زۆك بوو.

 

 دایكم دەستی من و منیش دەستی شاگوڵم گرتبوو، هه‌رسێكمان   گەیشتینە ماڵەوە. لەكاتی تەیكردنی ڕێگادا من بە شاگوڵم گووت: بوكمان بۆت كڕیوە…ئەویش هاوشێوەی كەروێشكێك یاری بكات هەتاكو ماڵەوە لەجێگەی خۆیەوە بەرز دەبوویەوە و دەیگوت: ئەڵا، ئەڵا بووك… لە ماڵەوەدا دایكم یەكسەر قۆڵی لێ هەڵكرد و دەستیكرد بەئامادەكردنی خواردن. شاگوڵیش لەسووچێكی ناندینەكە لەگەڵ بوكەكەی كەوتبۆیە یاری. وردە وردە سفرە دادەخرا و قاپ و قاچاخ دەهاتە سەر سفرەكە. من كەبۆ ساتێك لەخۆشیاندا سرەوتنم نەبوو! تۆپە قوپاوەكەم هەڵگرت و چومە بەردەرگا و لەچاوەڕوانی باوكمدا لەبەردەم دەرگای حەوشەدا دانیشتم، تاوەكو هاتەوە دڵخۆشی خۆمی بۆ دەرببڕم. قەیرێك لەو تاریكاییە چاوەڕێ بووم، لەناكاوڕا پەڵەیەك لەناو ئەو تاریكیەوە بەرەو ڕووی من دەهات، پەڵەكە نزیك بۆیەوە، باوكم بەخۆی و جلە كوردیەكەی و جامانە قووتە خوارەكەیەوە دەركەوت. باو‌كم  دوو زه‌ره‌فی عەلاگەی پێبوو، عەلاگەیەكیان پرتەقاڵ، ئەوی تریشیان خورما بوو. هەتا هێزم تیا بوو بەخۆم و تۆپە قوپاوەكەمەوە بەرەو پیری باوكم ڕامكرد و باوەشم كرد بەقاچیدا، بەنەبرەیەكی منداڵانە، بەڵام پڕ لەخۆشی، گووتم؛ باوكە دایكم تۆپی بۆ كڕیم. تۆپەكەم بەرزكردەوە و ویستم پیشانی بدەم. بەڵام ئەو نەیهێشت، دەستێكی هێنا بەسەرمدا و توند گوشیمی بەخۆیەوە، بەدەنگە ئارامكەرەوەكەی گوتی؛ ئەك بەساقەی كوڕی خۆم بم، یاخوا پیرۆزت بێت، یەڵڵا بابڕۆینە ماڵەوە، بابزانین دایكت چی خواردێنكی ئامادەكردەوە؟…  ئەوڕۆژە من لەخۆشی كڕینی تۆپەكە، پاسكیلەكەم هەر لەبیرنەما. من ئەو كاتە بێئاگا بووم لەوەی ئەو سەردەمە سەردەمی گرانی بوو. ئەگەر حەزیشم لەپاسكیل بوایە، ئەوا  پاره‌ی پاسكیلمان  نەبوو، بەڵكو دایك و باوكم هەر نەیاندەتوانی بۆم بكڕن،. بەڵام دایكم ئەو ڕۆژە بۆچی منی برد بۆ بازاڕ و پەیمانی كڕینی پاسكیلی پێدام، تائێستاشی لەگەڵدا بێت بە وەڵامی ئەو پرسیارە نەگەیشتووم؟!…

ئەو ڕۆژە لەكاتی گەڕانەوەدا، لەناو كۆستەرەكەی وەستا حەمەومین لەسەر كۆشی دایكم جێگام زۆر ناخۆش و تەنگ بوو. دایكم دەستەكانی وەك تەلبەندێك لەژێر قۆڵەكانەمەوە گرێ‌ دابوو. دانیشتنەكەمان وەك ئەوەی لێ هاتبوو دایكم باوەشی پێدا كردبێتم.  لەناخی دڵمەوە حەزم دەكرد لەو تەنگەبەریە ڕزگارم بێت و لەشوێنێك تایبەت بەخۆم دابنیشم. بەپێچەوانەی ئەو دایك و كوڕە كە چێژیان لەو یەكتر نزیكبوونەوەیە وەردەگرت، كە سەردەمانێك من لێی بێزار بووم.  هەر ئەو كاتەی منداڵەكە چووە سەر كۆشی دایكی، ئیدی ڕەنگ و ڕووخساری هەردووكیان گەشایەوە. تێنەدەگەیشتم من ئەو كاتە بۆچی هێندە بێزاربووم لەباوەشی دایكم، كەچی ئێستا لەم نه‌وه‌ تازەیه‌دا، ئەو منداڵە بەدەمی خۆی داوای ئەو تەنگەبەرییە دەكات؟! ئەو كات لەو جێگە تەنگەبەرییە تێنەدەگەیشتم، نەمدەزانی ئەوە ناڕەحەتی نییە، بەڵكو خۆشبەختییەكی ڕاستی بوو كە بەجێمانهێشت. من ئەوەم نەدەزانی، هەموو ئەو وانانە ئەمڕۆ ئەو منداڵە پێی گووتمەوە. هەنووكە لەم هەموو فراوانییە. لەم جێگا تایبەتیەی تەكسییەكەم كەئێستا لەسەری دانیشتوم، هەست بەتەنگەبەرییەكی زۆر توند دەكەم. ئەو ئاسوودەییە بزربووەی ماوەیەكی زۆرە  بەدوایدا وێڵ بووم، ئەمڕۆ لەچاوی ئەواندا بینیمەوە. هەمان ئەو خۆشحاڵییەی ئەو ڕۆژە  بەكڕینی تۆپە باخەكە هەمبوو، ئەمڕۆ لەڕووخساری ئەواندا هەمان خۆشحاڵیم ئەزموون كردەوە.

ڕۆژگارەكان بۆ منداڵێكی وەك من زوو تێپەڕین  و نەمتوانی چێژی لێببینم، باشترە بڵێم ئێمە نەمانده‌ویست چێژی لێ ببینین. من ئەمڕۆ هێزی ڕاستیه‌قینه‌ی خۆشەویستی و سۆزم  بینی، هێزی خۆشەویستی ئەوەندە گەورەیە، بەسە بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ لەهەموو ناڕەحەتییەك. بەدرێژایی ماوەی چەند ساڵێك هەستمدەكرد شتێكم لێ ونبووە، هەرچەند هەوڵمدەدا و بەشوێنیدا دەگەڕام نەمدەدۆزییەوە. ئێستا تێگەیشتم من هیچ نیم جگە لەمنداڵە بچووكەكەی كۆشی دایكم. لەو ماوە كەمەی خەریك بوو تەواو دەبوو لەگەڵ ئەو دایك و كوڕە، نەمتوانی بەتەواوی هەست بەو خۆشییە بكەم، ئاخر من شۆفێری تەكسیم، دەبوایە لەیەك كاتدا ئاگاداری شەقامەكە و سەلامەتی سەرنشینەكان بم.

 بەكۆڵانە خوار و پێچاو پێچەكاندا تەكسییەكەم دەئاژوشت. گەیشتمە كۆتایی گەشتەكەم لەگەڵ ئەوان. لەكۆتایدا، دایكەكە بەدەنگێكی پڕ لەسۆز، كەهەمان سەدایی دەنگی دایكمی هەبوو، گوتی؛ بەڕێز ئێمە لەبەردەم ئەو دەرگا خاكییە دێینە خوارەوە…

دونیا تاریك بوو، باران  بەردەوام بوو. دایك و كوڕەكە دەست لەناو دەست خۆیان دایە بەرباران. منیش ناخودئاگا لەناو تەكسییەكەوە ڕووم بەلای ئەو دایك و كوڕە وەرچەرخاند. خەندەیك لەسەر ڕووخسارم كشا، ئەو خەندەیە هەمان خەندەكەی وەستا حەمەومینی وەبیرهێنامەوە.  ئەوكات تەوا دڵنیابوومەوە ژیان بۆ هەر مرۆڤێك، كە ڕۆژێك لەسەر ئەم زەوییە ژیابێت، هەمان چارەنوسە، بەڵام مێژوو تەنها وەك شریتێك چۆن لەسەرتاوە لێ دەدرێتەوە، ئاوەها خۆی دووبارە دەكاتەوە. تەماشام كردن هەتاوەكو چوونە بەردەم دەرگاكەیان. دایكەكە قەیرێك لەناو جانتاكەی بۆ شتێك گەڕا، پاش ماوەیەكی كورت لەناو جانتاكەی، كلیلێكی دەرهێنا و دەرگای حەوشەكەی پێكردەوە و چونە ناو حەوشەكەوە. لەناو حەوشەكەوە دایكەكە باوەشێكی توندی كرد بە كوڕەكەدا، دواتر هەردووكیان پێكەوە دەرگای حەوشەكەیان بەپارێزەوە داخست… من لەویادا گەڕامەوە بۆ ئەو ڕۆژەی، كە پێكەوە من و باوكم ڕۆیشتینە حەوشەكەو و پێكەوە دەرگاكەمان داخست. لەو ساتەدا بیرم دەكردەوە، بریا ئێستا هێندە لە دایكم دوور نەبومایە، تاكو بەدڵی خۆم تاسەی ماندوێتیم لەباوەشیدا بشكاندایە. هەرچەندە ئەو ڕۆژە دایكم پاسكیلی بۆ نەكڕیم، كەچی ئێستا زۆر زۆر پێویستم بەو ڕۆژانەیە.

گەڕامەوە بۆ وێستگەی تەكسییەكە، بەخێرایی دەستمكرد بەنووسینەوەی چیرۆكەكەم. لەپاش یەكەم دێڕ، دووەم دێڕم نوسی: “دوای هەڵپچرینی دەخیلەكەم ، بڕیار وابوو دایكم دەستم بگرێت و لەگەڵ خۆیدا بمبات بۆ بازاڕ، بۆ كڕینی پاسكیلێك…“  بەردەوام بووم هەتا دوا دێڕی چیرۆكەكەم نوسیەوە… “ئەگەر حەزیشم لەپاسكیل بوایە، ئەوا پارەمان نەبوو بۆ كڕینی پاسكیل، بەڵكو دایك و باوكم هەر نەیاندەتوانی بۆم بكڕن، بەڵام دایكم ئەو ڕۆژە بۆچی منی برد بۆ بازاڕ و پەیمانی كڕینی پاسكیلی پێدام، تائێستاشی لەگەڵدا بێت بە وەڵامی ئەو پرسیارە نەگەیشتووم؟!…“

  ئیدی لەو ساتەوە بۆم ڕوونبۆوە، ئەو چیرۆكەی ماوەیەكە تەنگی پێ هەڵچنیبووم، چیرۆكی ژیانی خۆمە. ئەمڕۆ بەدەستگیرۆیی ئەو كوڕە منداڵە، چیرۆكەكەم نووسییەوە. بەڵام تۆبڵێی لە ئێستادا حەمەی هاوڕێی منداڵیم، هاوڕێ توڕەكەم هەمان هەستی منی هەبێت؟!

سلێمانی – 2020

 

 

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌

 

You might also like More from author

error: Content is protected !!