ئیستاتیکای بوون، چاوپێکەوتن لە گەڵ میشێل فوکۆ


Loading

 
پرسیار: حەوت ساڵ بە سەر بڵاوبوونەوەی کتێبی(ئیرادەی مەعریفە) دا تێپەڕی، دەزانم ئەم دوا کتێبەتان ڕووبەڕووی کێشەی کردنەوەو بەر چەندین ئاستەنگ کەوتن. پێم خۆشە لە بارەی ئەو بەربەست و ئاستەنگانەوە ، ئەو گەشتەتان لە ناو جیهانی  )گریکۆـ ڕۆمان) دا قسەم بۆ بکەن، ئەگەر بۆ ئێوە نادیار و بزر نەبێت، بە لای کەمەوە تۆزێک نامۆیە.
فوکۆ: بەربەست و ئاستەنگەکان لە خودی پرۆژەکەوە دێن، ئەوەی دەیەوێت بە ووردی  خۆی لێیان بپارێزێت..
لە ناو ڕێکخستنی کارەکانمدا لە ناو چەندین بەرگدا کە پێشتر لە پلانێکدا ئامادەم کردبوو، بە خۆمم گووت؛ ئێستا کاتی نوسینێتی بە بێ کێشە، بە ئاسانی هەستم بە ڕێکخستنی ئەوەی لە مێشکمدایە لە ڕێگەی ساغکردنەوە و یەکلاکردنەوەی لە مەیدانی توێژینەوەی پراكتیکی و ئەزموونیدا، کرد. لە گەڵ نوسینی ئەم کتێبانەدا لە تاو توندیی و بە تینیی نیگەرانی، خەریک بوو دەمردم: هاوشێوەی ئەوانەی پێشوو بوو. بۆ هەندێک، نوسینی کتێبێک هەمیشە ڕیسککردنە بە شتێکەوە.
 بۆ نموونە؛ سەرنەکەوتن لە نوسینیدا. کاتێک پێشوەخت دەزانین دەگەینە کوێ، ڕەهەندێکی ئەزموونکردن هەیە کە نیمانەو كورت دێنێت، ئەوەی کە بە ته‌واوه‌تی  پەیوەندی بە نوسینی کتێبکەوە هەیە لە ناو ڕیسککردنه‌ ، به‌وه‌ی کە نەگەیت بەکۆتایی. بەمشێوەیە تەواوی پرۆژەکەم گۆڕی: لەو شوێنەی دەستمکرد بە لێکۆڵینەوە لە بارەی سێکسوالیتیه‌وه‌ لە ناو سنووری مەعریفە و دەسەڵاتدا، هەوڵمدا بە شێوەیەکی دوور مەودا بزانم چۆن بیناکراوە، بۆ خودی خۆی، ئەزموونی سێکسوالیتێکەی وەک (ئارەزوو) بۆ دەرخستن و بە ڕووخستنی، بە دریارخستنی ئەم گیروگرفت و پرۆبلێماتیکە، ناچار بووم زۆر لە نزیکەوە بگەڕێمەوە سەر تێکستە دێرینەکان، لاتینی و گریکی، ئەمەش داوای هەوڵ و خۆ ئامادەکردنی زۆری لێدەکردم، لە زۆر جێگەدا بڕێکی زۆر لە دڵەڕاوکێی و دۆشدامان تا کۆتایی.
فۆكۆ و سارته‌ر ؛به‌شدارن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ١٩٦٨ خوێندكاراندا
پرسیار : هەمیشە بڕێک لە مەبەستخوازی لە کارەکانتدا هەیە، کە زۆر جار لە دەستی خوێنەران دەردەچێت، بۆ نمونه‌ (مێژووی شێتی ) لە قوڵاییدا مێژووی فۆرمولەبووی ئەو مەعریفەیە کە ناوت ناوە سایکۆلۆژی؛ (وشەکان و شتەکان) ئارکیۆلۆژیای زانستە مرۆییەکانە؛ (چاودێری و سزا) دەرخستنی فۆرمولەبوونی دیسپلینەکانی جەستەو ڕۆحە. وایدەبینم ئەوەی کە چەق و سێنتراڵە لە دوا کتێبەکانتدا ئەوەیە کە ناوتان لێناوە ” گەمەکانی هەقیقەت”
فوکۆ : لەو بڕوایەدا نیم کە جیاوازییەکی گەورە هەبێت لە نێوان ئەم کتێبانەو کتێبەکانی پێشووترم. کاتێک کتێبگەلێکی وەک ئەمانە دەنوسین، ئارەزوویەکی زۆر دەکەین هەموو ئەو شتانەی کە بیری لێدەکەینەوە گۆڕانکاری بە سەردا بێنین و دەستکاری بکەین و، لە کۆتاییدا شتێکمان دەستگیر ببێت کە زۆر جیاوازە لە دەستپێک. پاشان، لە کۆتاییدا لەوە تێدەگەین کە زۆر بە کەمی دەستکارییمان کردووە. ڕەنگە گۆشەنیگاو دیدگاکەمان گۆڕیبێ و دەسکاریمان کردبێت، بە دەوری هەمان کێشەدا سوڕابێتینەوە کە بەردەوام هەمان کێشەیە، واتە پەیوەندییەکانی نێوان سوژە، هەقیقەت و بیناکردنی ئەزموون. من گەڕاوم بە دوی شیکردنەوەو شیکاری ئەوەی کە چۆنچۆنی مەیدان و پانتاییگەلێکی وەک:  شێتی، سێکسوالیتێ، لادان دەتوانرێت بخرێنە ناو گەمەگەلێکی هەقیقەتەوە، لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگەی ئەم چوونە ناوەوە لە پراكتێکە مرۆییەکاندا، لە ناو ڕەفتارەکانی ناو گەمەکانی هەقیقەتدا،سوژە (خود \ سوبێكت ) خۆی وەک کارتێکراوێک دەبینێتەوە. هەر ئەمەش بوو کێشەی مێژووی شێتی و سێکسواڵیتێ.
پرسیار: قوڵاییدا کارەکە سەروکار نییە لە گەڵ ژینیالۆژیایەکی نوێی مۆراڵ ؟
فوکۆ: ئەگەر باس لە گرنگیی ناونیشان و مۆرکێکی گەورەی نیتچە بکەین بە سەرییەوە، دەڵێم بەڵێ…
پرسیار: لە نووسینێکدا کە لە گۆڤاری (لو دیبا، گفتوگۆ)، لە نۆڤەمبەری ۱۹۸۳ بڵاو کرابووەوە، سەبارەت بە سەدە کۆنەکان قسەتان لە مۆراڵێکی وەرچەرخاو بۆ ئیتیک و، مۆراڵێکی وەرچەرخاو بۆ کۆد کردووە. لێرەدا دابەشبوون هەیە لە نێوان مۆراڵی گریکۆ ـ ڕۆمان و ئەوەی لە گەڵ کریستیانیزمدا لە دایک دەبێت ؟
فوکۆ: له‌گەڵ کریستیانیزمدا ئێمە گۆڕانکارییەکی خاو و لە سەر خۆ، هێواش و بەرە بەرەیمان بینی لە بەرانبەر مۆراڵی کۆن و دێریندا، کە بەشێوەیەکی جەوهەری پراکتیک بوو، ستایلێکی ئازادی بوو. سروشتییە کە لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک نۆرمی ڕەفتاریی هەبوو کە تاکی ئاڕاستە دەکرد، ڕێنمایی تاکی دەکرد. بەڵام (ئیرادەی بوون) بە سوژەیەکی مۆراڵی و، گەڕان بەدwوی ئیتیکێک بۆ بوون بەو شێوەیەک پرەنسیپیی لە کۆندا هەبوو، هەوڵدانێک لە پێناو به‌كرده‌یكرنی  ئازادیدا تا وه‌كو فۆرمگەلێک ببەخشێتە ژیانی، تاوه‌كو  لە سایەی ئەو فۆرمانەدا و لە ڕێگەیانەوە بتوانێت خۆی و ئەوانی دیکەش بیناسێتەوە و نەوەکانی داهاتوش نمونەیەک ببیننەوە.ئەم ڕێوشوێنگرتنە بەرە لە بارەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە وەک کارێکی هونەریی تاکەکەسێك، سەرباری ئەوەی ملکەچە بۆ یاساو ڕێسای کۆلێکتیڤی، من وایدەبینم ئەمە لە چەق و ناوەندی ئەزموونی مۆراڵیدا، لە ئیرادەی مۆراڵدا، لە کۆندا وه‌ها بووە. لە کریستیانیزمدا، لە گەڵ تێکستە ئاینییەکان و ئیدیای ئیرادەی خوداوەندا، پرەنسیپی ملکەچبوون، مۆراڵ زیاتر فۆرمێکی کۆدی یاسایی وەر گرتبوو،( لە گەڵ زانینی ئەوەی پراتیکگەلێکی زوهدیی زیاتر گرێدراو بووە بە مومارەسەکردنی ئازادییەکی کەسییەوە).
لە سەردەمی کۆنەوە بۆ کریستیانیزم، ئێمە لە مۆراڵێکەوە دەگوێزینەوە ،کە بە جەوهەری گەڕان بووە بۆ ئیتیکێکی کەسی بۆ مۆراڵێک وەک ملکەچبوون بۆ سیستەمێکی ڕێساکان. ئەگەر من گرنگی بە سەردەمی کۆن دەدەم لە بەر زنجیرەیەک هۆکارە، ئیدیای مۆراڵێک وەک ملکەچبوون بۆ کۆدێکی ڕێساکان کە لە ئێستادا لە سەروبەندی ونبووندایە.،یاخود بەتەواوی ونبووە. لە سەر بنەمای ئەم ئاوابوون و ونبوونەی مۆراڵ، پێویستە وەڵامێک هەبێت بۆ گەشت و گەڕانێک کە ئێستاتیکایەکی بوونە.
پرسیار: تواوه‌ی مەعریفە کەڵەکەبووەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە بارەی جەستەوە، لە بارەی سێکسوالیته‌وە، لە بارەی دیسپلینەکانەوە، پەیوەندی ئێمە بە ئەوانی دیکەوە، بوونمان لە جیهاندا ڕێک بخات؟
فوکۆ: ناتوانم ئەوە ڕەت بکەمەوە کە زنجیرەیەک باس و خواس بهێنمە ناو گفتوگۆوە، ئەگەر چی بە سەربەخۆیی لەبژاردە سیاسیەکاندا لە بارەی فۆرمگەلێکی بوون و ڕێساگەلێکی ڕەفتارەو هتد.. زۆر بەرهەمدار بوو: پەیوەندی لەگەڵ جەستە لە نێوان ئافرەت و پیاو، لە گەڵ سێکسواڵیتێ.
پرسیار: کەواتە ئەو مەعریفانە هاوکارو یارمەتیدەرمانن بۆ ژیانێکی باشتر، بۆ ئەوەی باشتر بژین ؟
فوکۆ: کارەکە تەنیا گۆڕانکارییەکی سادە نەبوو لە ناو سەرقاڵییەکاندا، بەڵکو گۆڕانکارییەک بوو لە ناو گوتاری فەلسەفی، تیۆری و ڕەخنەییدا…لە ڕاستیدا لە ناو زۆربەی شیکارو شیکردنەوە ئەنجامدراوەکاندا ئێمە پێشنیاری ئەوە بۆ خەڵک ناکەین تاوه‌كو ببن بەوە،  یان پێویستە ببن بە چی و پێویستە چی بکەن  پێویست بێت بڕوای پێبهێنن و بیری لێبکەنەوە! کارەکە زیاتر پەیوەندی بە دەرخستنی چۆنێتی کارکردن و توانای میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە تاوه‌كو سنووری ئێستا و توانیویانە یاری بکەن، چۆن چۆنی فۆرمەکانی فشارو سەپاندن و ملکەچکردن کاریانکردووە و جوڵاون. پاشان، لێرەوە و لەم سۆنگەیەوە وایدەبینم، پێویست بێت واز لە خەڵک بێنین تا  توانای  بڕیاردان و هەستان بەوەی کە گونجاوە بۆیان، هەڵبژاردنی شێوازی بوون، لە ناو مەعریفەو ناسینیی تەواوی ئەمانەدا، ئەنجامبدەن.
پرسیار: بۆ پێنج ساڵ دەچێت ئێمە بەردەوام شوێن کەوتەی کۆرسەکانتین لە (کۆلێژ دو فڕانس،) بە خۆمانمان گووت : فوکۆ لە ناو بیرکردنەوەو تێفکرینیدا سەبارەت بە لیبرالیزم، فوکۆ کتێبێکمان لە بارەی سیاسەتەوە دەداتێت. لیرالیزمیش وا دەردەکەوێت وەرچەرخانێک بێت لە پێناو دۆزینەوە و بنه‌كۆڵكردنی  تاک لەو دیو میکانیزمەکانی دەسەڵاتەوە. ئێمە ئاگاداری نەیاربوون و دژایەتی ئێوەین بەرانبەر سوژەی فینۆمینۆلۆژیی. لەو کاتەدا قسەو باس سەبارەت بە سوژەی پراكتیک هاتە گۆڕێ و سەر لەنوێ خوێندنەوەی لیزرالیزمیش کەمێک لە دەوروبەری ئەمە دەسوڕایەوە. بۆ کەس نامۆ و نهێنیی نییە کە زۆرجاران دەڵێین : سوژە لە کارەکانی فوکۆدا نییە. سوژەکان (خوده‌كان – سوبێكته‌كان) هەمیشە ملکەچن، ئەوان پنتی چاوخستنە سەر و پنتی چڕبوونەوەن لە لایەن تەکنیکەکانەوە، لە لایەن دیسپلینە پێوەرگیرەکانەوە، بەڵام سوژەکان هەرگیز سوژەی سەروەرو خاوەن سەروەری نین؟ 

 

فوکۆ: پێویستە جێ بکرێنەوە. پێش هە شتێک من وا بیردەکەمەوە کە (سوژەیەکی سەروەر ) بوونی نییە، فۆرمێک لە سوژەی گەردوونی کە بتوانین لە هه‌موو شوێنێک بیبینینەوە بوونی نییە. من زۆر گومانم هەیە و تەواو نەیارو دژم بەم تێگەیشتنە لە بارەی سوژەوە. بە پێچەوانەوە، وا بیر دەکەمەوە کە سوژە لە ڕێگەی (پراكتیکەکانی ملکەچبوونەوە ) خۆی بینادەکات، یاخود بە شێوازێکی زیاتر ئۆتۆنۆم، لە ڕێگەی پراكتیکەکانی ئازادی و ئازادبوونەوە وەک ئەوەی لە سەردەمی کۆندا هەبووە، ئەڵبەتە بە دڵنیاییەوە لە سۆنگەی کۆمەڵێک یاساو ڕێساوە، لە ڕێگەی ستایلگەلێکەوە، لە ڕێگەی پەیمانبەستنگەلێکەوە کە ئێمە لە ناو پانتاییە کولتورییەکاندا دەیبینینەوە.

 

پرسیار: ئەمە ڕاماندەکێشێتە ناو ئەکتوێلیتێ و ئێستاكێی سیاسەتەوە، زەمەنەکان قورس و سەختن: لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی پەیمانی ماڵتا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو جەمسەر و بلۆکەكان؛ لە سەر ئاستی ناوخۆ تارمایی قەیران. لە بەرانبەر هەموو ئەمانەشدا، وایدەبینین لە نێوان چەپ و ڕاستدا تەنیا جیاوازی ستایل هەیە، چۆن بڕیار بدەین لە بەرانبەر ئەم واقیعەدا، وە وا دەردەکەوێت کە بێ ئەلتەرناتیڤێکی مومکین بێت؟

 

دیواری به‌رلین ١٩٦٩ – ١٩٨٩
نوسراوه‌ ؛ئاگاداربه‌! تۆ سنووری ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا به‌جێدێڵێت – دونیا وه‌ك دوو بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا (سۆسیالستی و كاپیتالیستی)
فوکۆ: وایدەبینم پرسیارەکەتان لە یەک کاتدا ڕاستەو تۆزێکیش توندو زبرە. پێویستە بکرێت بە دوو نەزمی جیاوازی پرسیارکردن: لە یەکەمیاندا ئەوەیە کە پویستە قبوڵی بکەین یان قبوڵی نەکەین ؟ دووەم، ئەگەر قەبوڵمان نەکرد، دەتوانین چی بکەین ؟
سەبارەت بە پرسیاری یەکەم؛ پێویستە بە بێ هیچ لێڵی و تەمومژاوییەک وەڵامبدەینەوە: نە پاشماوەکانی جەنگ، نەدرێژکردنەوەی هەلومەرجێکی تایبەتی و دیاریکراوی ستراتیژیی لە ئەوروپادا، نە نیوەی ئەوروپاش ملکەچ و ژێر دەستە بێت. پاشان پرسیاری دووەم دێت : ” دەتوانین چی بکەین دژ بە دەسەڵاتێک وەک ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت، وەکو دەوڵەتی تایبەتی خۆمان، لە گەڵ گەلاندا کە دیوارێکی ئاسنین لە نێوانیاندا دروستکراوە…؟”
سەبارەت بە یەکێتی سۆڤیەت شتێکی گەورەمان پێناکرێت، تەنیا پاڵپشتی و یارمەتیدانێکی کاراو چالاک تا ئەو شوێنەی مومکین بێت بۆ ئەو کەسانەی لە هەمان شوێندا لە ململانێدان، لە شوێن و جێگەی خۆیاندا لە خەبات و کێشمەکێشدان. سەبارەت بە دوو ئامانجەکەی دیکە، دەتوانرێت پێداگیریی و جەخت لەوە بکرێتەوە کە کارێکی زۆر هەن پێویستە پێی هەڵسین و ئەنجامی بدەین، نانەکە بە سەر ساجەوەیە.

 

پرسیار: کەواتە ناتوانین هەلومەرجێک قەبوڵ بکەین و لە کۆڵی بنێین، کە بکرێت پێی بڵێین هیگڵیی، تەحەمولکردن و ناڵان لە ژێر هەلومەرجێکی دروستراو وەک ئەوەی کە هەیەو وەک ئەوەی دەخرێتە پێشچاومان. وە کۆتا پرسیار :” ئایا هەقیقەتێک لە ناو سیاسەتدا هەیە؟


فوکۆ:لەو بڕوایەدام بڕێکی زۆر لە هەقیقەت، تا خۆمان ناچار نەکەین بڵێین هەقیقەتگەلێکی جیاواز و ڕێگاو شێوازی جیاوازی گووتن و گۆکردنی. ڕاستە کە ناتوانرێت داوا لە حکومەتێک بکەین ڕاستی بڵێت، هەموو هەقیقەت و هیچی تر جگە لە هەقیقەت. لە بەرامبەر ئەمەدا، دەکرێت و مومکینە داوا لە حکومەتەکان بکەین جۆرێک لە هەقیقەت سەبارەت بە پرۆژەگەلێکی دیاریکراو، کۆمەڵێک بژاردە سەبارەت بەو تاکتیکانەی گیراوەتە بەر، ژمارەگەلێک لە خاڵی دیاریکراو لە ناو پرۆگرامەکەیاندا، بخاتە بەردەستمان: ئەمەش پاریزیای(قسەی ئازاد و ڕاشکاو) حکومڕانیکراوەکان کە دەتوانرێت، یاخود پێویستە بە ناوی مەعریفەو بە ناوی ئەو ئەزموونەی کە هەیانە، پرسیار لە حکومەت بکرێت و بخرێتە بەردەم پرسیارەوە، بەو پێیەی هاونیشتیمانییەکە سەبارەت بەوەی ئەوانیدیکە لە حوکمڕانان ئەنجامیدەدەن، سەبارەت بە مانای کردەو ئەکسیۆنەکەی و، سەبارەت بەو بڕیارانەی دراون. لە بەرامبەردا، دەبێت هوشیارو بە ئاگا بین لەو فێڵ و تەڵەکەیەی کە حوکومڕانان دەیانەوێت ڕووناکبیرانی تێهاون و بیانخەنە ناوییەوە، زۆر جار دەکەونە ناوییەوە و، دروشمی :  خۆتان بخەنەشوێنی ئێمەو پاشان پێمان بڵێن چی دەکەن؟
ئەمە پرسیارێکە ئێمە لە ئان و ساتی وەڵامدانەوەیدا نین. بڕیار وەرگرتن و بڕیاردانێک سەبارەت بە پرسێکی دیاریکراو، پێویستی بە مەعریفەو زانیننی دۆسیە گەلێکە کە ڕەتکراوەتەوە، شیکاریی و شیکردنەوەی بارودۆخێک کە ئێمە ئیمکانی ئەنجامدانیمان نەبووە. کەواتە ئەمە تەڵەیەکە. بە لای کەمەوە هیچ نەماوەتەوە بۆمان وەک ئەوەی حکومڕانیکڕاوین، جگە لەوەی بە تەواوی مافی ئەوەمان هەیە پرسیارەکانی هەقیقەت بکەین (چی دەکەن بۆ نموونە کاتێک دژو نەیارن بەو موشەکانەی ئەوروپا تێدەپەڕێنن، یان بە پێچەوانەوە کاتێک پاڵپشتییان لێدەکەن، سەبارەت بە قەیرانی ئاسن و کانزای لۆرێن، کاتێک دۆسیەی پەروەردەو فێرکردنی تایبەت واڵا دەکەن؟”
پرسیار: لە ناو ئەم کەوتن و سەرەولێژبوونەوەدا بەرەو دۆزەخ کە تێڕامانێکی قووڵ و گەڕان و توێژینەوەیەکی درێژە، دابەزین و لاربوونەوەیەک کە تێیدا سەروکارمان لە گەڵ گەڕان و توێژینەوەی هەقیقەتدایە، ئێوە دەتانەوێت لە گەڵ چجۆرو تایپێک لە خوێنەر بە یەک بگەن؟ ئەوە ڕاستییەکە کە ڕەنگە دانەری باشمان هەبن، لە بەرامبەردا، بەرە بەرە کەمبوونەوەیەکی خوێنەری باشیشمان هەیە.

 

فوکۆ:من دەڵێم خوێنەر، ڕاستە چیتر ناخوێنینەوە، کتێبی یەکەم کە دەنوسرێت دەخوێنرێتەوە، چونکە نەناسراوین، چونکە خەڵکی نازانن ئێمە کێین، وەک چۆن لە ناو جۆرێک لە بێ نەزمی و شپرزەیی و تەمومژاویدا دەخوێنرێتەوە، ئەمەش بۆ من باش دەڕوات. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی نەک تەنیا بۆ ئەوەی کتێب بنوسین، بەڵکو بۆ یاسای کتێبیش. تەنیا یاسایەک تەواوی خوێنەرە مومکینەکانن. هیچ نەرێنی و خراپەیەک بەدیناکەم ، کاتێک کتێبێک بە شێوازی جیاواز دەخوێنرێتەوە.
ئەوەی کە کێشەو مەترسییەکی گەورەیە، ئەوەیە کاتێک کتێب دەنووسین چیتر ناخوێنرێنەوە، لە ڕێگەی خوێندنەوەی خراپەوە، لەتێکدانێکەوە بۆ تێکدانێکی تر. ئێمە خەریکین وێنەیەکی تەواو شێواو دەدەینە کتێب. لێرەدا کێشەیەکی زەق خۆی دەردەخات: ئایا پێویستە بچینە ناو ئەم چەلەحانێوە و بەرامبەر هەر بە لاڕێدابردن و شێواندنێک وەڵاممان هەبێت؟ لە دواجاریشدا یاسا بۆ خوێنەران دابنێین؟ ئەمەش من لێی هەڵدێم، یان لێی گەڕێین، وە ئەوەی من دیسانەوە لێی هەڵدێم ئەوەیە؛ کە کتێب بە شێوەیەک بشێوێنرێت تا کتێبەکە ببێت بە نوسخەیەکی کاریکاتێری خۆی.
تەنیا ڕێگا چارەیەک دەبێت : تەنیا یاسایەک بۆ چاپەمەنی، تەنیا یاسایەک بۆ کتێب، ئەوەیە یاسایەک دانرێت، کە دوو جار بەکارهێنانی ناوی دانەر قەدەغە بکات، لە گەڵ مافی لە بیرکردنی ناوی نوسەر یاخود هەڵبژاردنی ناوێکی خوازراو بۆ ئەوەی هەر کتێبێک بۆ خودی خۆی، واتە بۆ کتێبەکە بخوێنرێتەوە.
هەندێک کتێب هەیە ناسینی دانەرەکەیان کلیلێکە بۆ ڕوونیی و ئاشکرایی. بەڵام بە دەر لە چەند دانەرێکی مەزن و گەورە، بۆ زۆربەی زۆری دیکە، ئەم ناسینە بە دەقیقی هیچ ناگەیەنێت. تەنیا خزمەت بە پیشاندان و بەرچاو ڕوونی دەکات. بۆ کەسێکی وەک من کە دانەرێکی گەورە نیم، بەڵکو تەنیا کەسێکم کە کتێب دروستدەکەم، دەمانەوێت کتێبەکان بۆ خودی خۆیان بخوێنرێنەوە بە هەموو نەنگی و ناتەواویی و نوقسانی یاخود باشبوونییەوە.

ته‌واو

سەرچاوە
«Une esthétique de l’existence» (entretien avec A. Fontana), Le Monde, 15-16 juillet 1984, p. XI.
Dits Ecrits tome IV texte n°357

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین