ئەم پێشانگایە وەکو بەردەوامبوون بە پرۆگرامی کارکردنی گروپی هونەرمەندانی سەربەخۆ ( کۆنسێپت ئارت) لەگەڵ هەندێ هونەرمەندی دیکەی کوردستان، بۆ نیشاندانی بەرهەمە تازەکانیان، کە جۆرێکن لە مامەڵە کردن لەگەڵ ڕاوم و مەتریاڵی نوێدا وەکو رەنگدانەوەی هونەری هاوچەرخ لە کوردستان.
پەیدابوونی هونەری هاوچەرخ لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەوروپا و ئهمریكا وەکو دەربڕینێک بۆ گیرسانەوەی برینەکان و بەردەوامی ژیان و تازەکردنەوەی شێوەکانی پاش ئەو وێرانکاریە گەورەی کە جەنگی جیهانی دووەم بەسەر مرۆڤایەتی هێنا. بەمجۆرە هونەری پاش جەنگی جیهانی دووەم نەک تەنیا شێوەی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێنا بەڵکو مەتریاڵی نوێیش، ئهمهش لەلایهکەوە وەکو پێویستیێک بۆناوەرۆکی کارە هونەریهکە و ڕوحی کاتەکە و لە لایهکی دیکەوە بۆتە هەڕەشە لەسەر بەکارهێنانی مەتریاڵە تەقلیدیەکان وەکو دار وبەرد وبڕۆنز بۆ پەیکەر و زیت لە سەر قوماش بۆ ڕەسم.
ڕیشەی ئەم بایەخدانە بە ( ڕاوم – Raum) و مەتڕیاڵێ نوێ دەگەرێتەوە بۆ هونەری مۆدیرنەی کلاسیک لەسەرەتای سەدەی بیست کە هونەرمەندی ئەڵمانی هەننا هوێخ Hannah Höch کاغەزی لەسەر تابلۆکەی چەسپاند و بووە سەرەتایهک بۆ هونەری کۆلاژ و پەڕییەوە بۆ (هونەرمەندانی کوبیست) وەکو (پابلۆ پیکاسۆ) و (ژۆرژ براک) کە لە قۆناغی کوبیزمی سەنتەتیزمدا لە دەوروبەری1912 و 1913 پەرەیانپێدا وەکو مەتریاڵی نوێ بۆ کاری هونەری. پاشان (ژۆرژ براک) بە غەڕە، قووم و زیخی لەسەر قوماشی تابلۆکەی دەچەسپاند، پێشئەوەی بە ڕەنگی زەیتی کاری لەسەر بکات. پێکاسۆیش هەرلەو قۆناغە مەتریاڵی دیکەیشی بەیەکەوە دەچەسپاند وەکو کارێکی هونەری سەنتیتیزم نیشانیدهدا. لە کاتی دادائیهکانیش (Dadaismus) ههردوو هونەرمەندی ئەڵمانی )کورت شڤیتەرس (Kurt Schwitters – و فەرەنسی ) مارسێل دوشا (Marcel Duchamp – مەتریاڵی فڕێدراویان بۆ کارەکانیان بەکارهێنا. (شڤیتەرس) شتە فڕێدراوەکانی کۆکردەوە و لە ناو چوارچێوەیهکدا وەکو کارێکی هونەری نیشانیانی دهدا و (مارسێل دوشا) هەندێ بەرهەمی کارگەی هەڵبژارد و بڕیاری لە سەریاندا وەکو کاری هونەری ببینرێن. هەروەها هەردوو هونەرمەندانی بەڕەچەڵەک ڕووسی (نائۆم گابۆ) و (ئەنتوان پفسنەر) لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابوردوو، دار وشوشە یان بۆ کارەکانیان بەکارهێنا وه کو هونەری ئۆبجێکت لەناو ڕاومێکی واقعیدا دایاننا، بوون بە سەرەتاێێکی تازە بۆ بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێ لە ناو ڕاومێکی واقعیدا.
ڕاوم لە هونەری کۆنیشدا هەبووە وگشت تابلۆ و پەیکەرە کۆنەکانی ئەنتیک وسەدەکانی ناوەڕاست، تاوهكو ئەمرۆ مامەڵەیان لەگەڵ ڕاوم کردووە، بەڵام پڕنسیپیەکانی مۆدێرنەیە ڕوناکیهکی تایبەت دەخاتە سەر ڕاوم وجەخت لەسەر لایەنە گرنگەکانی دەکات، مانای نوێی تێدا دۆزیوەتەوە و ڕەهەندەکانی بەرفروانتر کردوەتەوە، بەتایبەت لە هونەری ئینستلەیشدا.
بەمجۆرە هونەری (پاش جەنگی جیهانی دووەم) بایەخدانەکەی بۆ مەتریاڵ و ڕاوم زیاد کردووە و ئهمهش زیاتر لەگەڵ پەیدابوونی ئینستلەیشن، وەکو شێوەیهکی نوێ بۆکاری هونەری بەجۆرێك کە ئیدی ئینستهلهیشن هونەری لە ئینستهلهیشن لە ژیانی ڕۆژانەدا جیاکرایەوە و ناوی (ڕاوم ئینستهلهیشن) ی لێنرا ئهمهش لەگەڵ کارەکانی هونەرمەندی ئەمریکی (دان فلاڤین) لە حەفتاکانی سەدەی بیست زیاتر ڕوونبوەوە، هەرچەندە ئینستهلهیشن زووتر لە کاری هونەریدا پەیدابوو، بەڵام لە حەفتاکاندا بوو بە شێوەیهکی باو لە کاری هونەریدا. ئیدی گشت ئینستهلهیشن هونەری خۆی لە خۆیدا، دەبێت بە ڕاوم ئینستهلهیشن واتا کارێکی هونەری سێ ڕەهەندی کە مامەڵە لەگەڵ ڕاومدا دەکات.
لە هونەری هاوچەرخدا (ڕاوم – Raum) لەکاری هونەریدا لەوەدا نەمایەوە، کە بە هێزی وێنا لەناو خودی تابلۆکە دروستبکرێت وەکو لەتابلۆی کوبیزم لە مۆدێرنەی کلاسیکدا دەبینرا، بەڵکو لە پاش جەنگی جیهانی دووههمەوە ئیدی ڕاوم بە ئاشکرا بوو بە ڕاومێکی واقیعی وبەشێکی گرنگ لەکارە هونەریە سێ ڕەهەندیەکە، چ لە حاڵەتی ئۆبجێکت و چ لهباری ئینستهلهیشندا. ئەم دووجۆرە کارکردنە هونەرییه (ئۆبجێکت و ئینستهلهیشن) پێویستیان بە خۆتازەکردنەوە هەبوو، چ لە ڕاومی کارە هونەرێکە و چ لە مەتریاڵە بەکارهێنراوەکەی. بۆ ئهمهش هونەرمەند پێویستی بە دۆزینەوەی مەتریاڵی نوێ هەبوو وەکو ئامڕازێک بۆ تازەکردنەوەی شێوەی کارە هونەرییهکە، بۆیە لە کاری هونەری پاش جەنگی جیهانی دووههمدا ژمارەیهکی زۆر لە مەتریاڵی نوێ دۆزرایەوه، لە شێوەی ئۆبجێکت و ئینستهلهیشن بەکارهێنران…وەکو چەندین جۆری خۆڵ و ووردە بەرد لە شێوەی دانان یان هەڵرێژراو لە سەر زەوی، یان تەل وئێلەگ و شوشە و ئاسن وئاو وئاگر و قیرو نەوت و خواردن وجل و بەرگ و شتومەکی کارەبا و زبڵ و زار و سەدەها مەتریاڵی جۆراوجۆری دیکە، ههریهكهی بەپێێ داواکاری ناوەڕۆکی کارە هونەرێکە، تاڕادەی بەکارهێنانی جەستەی هونەرمەندەکە خۆی وەکو لە حاڵەتی هونەری پێرفۆرمانسدا. دۆزینەوەی ئەم مەتریاڵانە و بەکارهێنانیان لە کاری هونەریدا بوونە هۆی تازەبونەوەی شێوەی کارە هونەرێکە و بەرفروانکردنی ڕەهەندەکانی ڕاوم.
بەتەریبی ئەم دۆزینەوە و بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێیه، زانستی هونەریش ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دۆزینەوەی مانا لە مەتریاڵە نوێیە بەکارهێنراوەکان و ڕاومەکانیاندا، ڕەهەندی نوێیان تێدا دۆزیهوە. وبە چەندین نوسین وموحازەرە وکتێب ئاشکرایانکرد بە جۆرێك کە بێئەو توێژینەوە و نوسین و موحازەرانە ئەستەمە تەنیا کارەهونەرێکان بیانتوانیایە شێوەکانی کاری هونەری نوێبکەنەوە.
ئەم جۆرە کارکردنە لە خۆرئاواوە پەڕیوەتەوە بۆ کولتورەکانی دەرەوەی خۆرئاوا، بڕوای بەوانیش هێناوە کە ڕوح و پێداویستی کات، داوای بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێیان لێ دەکات و هونەری ئۆبجێکت ئینستهلهیشن وەکو دوو شێوەی هونەری سێ ڕەهەندی پێشبرکێیان بە پەیکەر کرد.
ژمارەیهک لە هونەرمەندانی کوردستانیش بەتایبەت لە شاری سلێمانی درکیان بەو پێداویستیە کردووە وماوەیهکە سەرقاڵی بەکارهینانی مەتریاڵی نوێن لەکارەکانیاندا و بە چەندین شێوە لە میانی ڕاومدا بەکاریانهێناوە، ئهمهش وەکو بەشداری ئەوان لە پڕۆسەی تازەکردنەوەی شێوەکانی هونەر خۆی بهرجهسته دهكات.
هەندێک لەوانە لە ئەنجامی ژیان و خوێندنیان لە وڵاتە ئەوروپیهکان وهەندێکیانیش بێ دەرچوونیان بۆ ئەو وڵاتانە، هەر خۆیان درکیان بە پێویستی مەتریاڵی نوێ کردووە لەکاری هونەریدا وبە سەرکەوتووانە لە کارەکانی خۆیاندا بەکاریان هێناوە.
سەرەڕای تهنگهبهركردنی ڕووبەری ئازادی و بەحیزبیکردنی هونەر لە دام ودەزگا فەرمیهکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هونەرمەندانە بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە ئازادی وبەها هونەریەکان ئهمهش بە دۆزینەوەی مەتریاڵی نوێ و ڕاومی گونجاو بۆنیشاندانی کارەکانیان لە چەندین پێشانگادا، چ تایبەتی و چ بە کۆمەڵ .
یەکێك لەو گروپە هونەریانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان بە چالاکی کار بۆ ئەو بەها هونەریانە دەکات گروپی هونەرمەندانی سەربەخۆ (کۆنسێپت ئارته Concept Art_) کە پێشانگای (جەستەی بینراو. جەستەی نەبینراو) ی رێکخست لە مانگی یانزەی ساڵی رابوڕدوو و لە ژێرزەمینی ئەمنە سوورەکە لە شاری سلێمانی نیشانیاندا، تێدا هونەرمەندان (بەهجەت عومەر، ئەحمەد نەبەز، رەنج حیکمەت، گەیلان عبداللە، ئاڤان سدیق و زاموئا داراغا) بەشداربوون و لە ڕێکخستنی هونەرمەند (ئاڤان سدیق).
ئەم پێشانگایەی ئێستاش بەرهەمێکی نوێی گروپی هونەری سەربەخۆ (کۆنسێپت ئارت) ە و بەهاوکاری لەگەڵ هەندێ هونەرمەندی دیکە کە پێکهاتوون لە ( ئاڤان سدیق، ، ئەیوب ڕەئووف، گەیلان عبداللە، هەڵۆ لانۆ، محمد اسماعیل، شەمیران فەتاح، زاموئا داراغا و زانا رەسوڵ) ودیسانەوە لە رێکخستنی هونەرمەند (ئاڤان سدیق)ه.
ئهمهش پێشانگایهک نییە تایبەت بۆ ئەم ڕووداوە تراژیدیانەی ئێستای کوردستان ڕێکخرابێت، بەڵکو ماوەی زیاد لە حەوت مانگ دەبێت ئەم هونەرمەندانە سەرقاڵی ڕێکخستنی ئەم پێشانگایەن. بە پێویستی دەزانم بڵێم؛ کە گروپێ هونەری ( کۆنسێپت ئارت دوای هونەرمەندە بەشداربووەکانی ئەم پێشانگایە بڕوایان بە هونەری (بۆنهكان – مناسبات) نییە، بەڵکو بە بەردەوامی کاری هونەری وەکو دەربڕینێکی پێویست بۆ (مرۆڤبوون) و (هونەرمەندبوونیان)…بێگومان ئەمان دهرک بەوە دەکەن، کە لە کوردستان دەژین وئاشنان بە مێژووی کولتورەکەیان ولەگەڵ گشت ڕووداوەکانی دەژین. ئەوان دەیانەوێت بە مەتریاڵی نوێ، شێوە بۆ هەست وبیرۆکەکانیان دابنێن، و نایانەوێت خیانەت لە بینەری کارەکانیان بکەن بە یاریکردن و هارووژاندنی هەستی نەتەوایەتی ونیشتیمانیان لە پێناوی ڕازیکردنی حیزبێک یان ڕێکخراوەێک. لای ئەمان گرنگ شێوە ومەتریاڵی گونجاو بدۆزنەوە بۆ مانا و بەهاکانی ژیان و هونەرەکەیانی پێ دەوڵەمەند بکەن، دوور لە زمانی سیاسەت، بەڵکو بە وێنەی مەتریاڵە نوێیەکان و ڕاومی کارەهونەرێکانیان، لە پێناوی چالاککردنی هەست و زەین وبیرکردنەوەدا. وەکو هەوڵدانێک بۆ پاککردنەوە و شوشتنەوەی هەست و ڕوح ووروژندنی مرۆڤ لەو ژینگەیهی کە حیزب و دەسەڵاتی سیاسی وسوستێمە هونەری و ڕۆشەنبیریهکەی کوردستان، ماوەیهکە بەرهەمیدەهێنن.
ئەمان ژمارەیێکی کەمن لە هونەرمەندی شێوەکاری هاوچەرخی سەربەخۆ، بڕوایان بە فەردانیەت و ئازادی وتایبەتمەندی هەریەکێکیان هەیە لە کاری هونەریدا، کراوەن بۆ کارکردن لهگەڵ هونەرمەندی دیکە و دونیای دەرەوەی خۆیاندا لەسەر بنەمای کاری هونەری وپڕنسیبە ئازادیهکانی، بە جۆرێك دەکرێت بڵێم؛ ئەم هونەرمەندانە وەکو تازەکەرەوەی روحی (دادا) کاردەکەن.
***
لەبەر نەتوانینم بۆ بینینی ڕاستەوخۆی کارەهونەریهکان، هەوڵمداوە زانیاری لە هونەرمەندەکان خۆیان و ڕێکخەری پێشانگاکە (ئاڤان سدیق) وەرگرم بۆ نوسینێ چەند دێرێک بۆ وەسفی کارەهونەریهکان:
جێگای پێشانگاکە لەوەپێش ماڵێک بووە لە شێوازی ڕۆژئاوایی ( غهربی) لە هەشتاکاندا لە نزیکی قاوەخانەی کولتوری لە شاری سلێمانی دروستکراوه، ڕووبەرەکەی600 مەتر چوارگۆشهیه، ئەم هونەرمەندانە پاش هەوڵدان و هیلاکیهکی زۆر وههایان لەم خانووە کرد کە ببێته جێگایهکی گونجاو بۆ پێشانگاکەیان.
هەر هونەرمەندێک لە ژوورێکی تایبەت کارەکەی خۆی نیشان ئەداو لە ناو کۆنسێپتی گشتی پێشانگاکەدا کە گشتیان باشداری دانوستانەکانیان کردووە و لە گەڵ ڕێکخەری پێشانگاکەدا هاوکاربوونە بۆ بەرجەستەکردنی کۆی پێشانگاکە و پرینسیپەکانی، کە پێکهاتووە لە هاوچەرخبوونی مامەڵەکردنیان لە گەڵ ڕاوم و مەتریاڵدا بۆ دەربڕینی بیرۆکە وناوەرۆکی کارە هونەرییهکهیان، تێدا نەوت ودار وئاسن وبەن و قاپ ومیوە و چەقۆ و قوماش و خشت و ناسنامە و فۆتۆ و داتاشۆ وروناکی ودەنگ وسندوقی فیشەک و هاوان ومەتریاڵی دیکەیان بەکارهێناوە، کارەکانیان لە شێوەی ئینستهلهیشن و ئۆبجیکت و فیلم و ڤیدیۆ پیرفۆرمانس نیشانداوە.
هەرهونەرمەندێک خاوەنی بیرۆکە و ناوەرۆکی کارەهونەرێکەی خۆێتی و لە ئەنجامی خویندنەوە وسەرقاڵیدا لە گەڵ ئێستای هونەر و پەیوەندێکانی بە لایەنە جۆربەجۆرێکانی ژیانەوە دروستیکردووە، وەکو لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی وفەلسەنی و دینی تادەگاتە لایەنی سیاسی و ئابووری و تونیویانە کارەکانیان لە شێوەیێکی هونەریدا نیشانبدەن جیا لە شێوەکانی ژیانی رۆژانە:
ناوەرۆکی کارەکەی هونەرمەند ئاڤان سدیق دەربارەی (بوون)ە، ئەو ناوی (بەرەو ناوەوە) ی لە کارەکەی ناوە ، تیایدا دەیەوێ بینەر بەرەو خۆی بەرێت ، لە خودی خۆی نزیکی بکاتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر لە خۆی بگات وەکو هەنگاوی یەکەم بۆ بوون.
بۆ ئەم مەبەستە هونەرمەند بە شیشی ئاسن وبەنی قرتاو ئینستهلهیشن لە ناو ژوورەکەی خۆیدا دروستکردووە، کە پێکهاتووە لە شێوەیهکی سێ ڕەهەندی ئەندازیاری لە چەشنی حەلەزۆن، شێوەی بنەڕەتییهکەی خڕ یان چوارگۆشە نییە، بەڵکو نزیکە لە لاکێشەوە، ئهمهش بەبۆچوونی هونەرمەند خۆی: دەکرێت وەکو سمبۆلێك ببینرێت بۆ سەرەتا و کۆتایی.
لایەنەکانی کارەکە یەک بەرزیان نییە، لایهکی لە بنمیچی ژوورەکە نزیکبۆتەوە و لایەنەکانی دیکەی هەندێ نزمترن، پانی و درێژیشی نێزیکن لەپانی و درێژی ژوورەکەوە، بەواتایهكی دیكه ڕاومی ژوورەکەی پێ پڕکردووەتەوە. ئەو بۆ ئەم کارەی هەشت پایەی شیشی ئاسنی ڕەشی بەکارهێناوە لەگەڵ بەنی قرتاو و گڵۆپێک.
جۆری تێکهەڵکێشان و بەستنەوەی بەنەکان بە شیشە ئاسنەکانەوە شێوەی چەند هێڵێکی ڕاست و وبەیەکداچوو بە بینەر دەگەیهنن، ئهمهش لەلایێکەوە کاری هونەری هێڵکاریمان دەخاتەوە یاد کە یەکێکە لە بنەما و سەرەتاکانی هونەری (ئاڤان سدیق) خۆی، و لەلایێکی دیکەیشەوە هەستی پەردەیهک دەگەیێنن کە تیشک لە نێوانێوە بێتە ناو جێگاکە. کاتێ کە بینەر دێتە ناو ژووری کارەکەیەوە تەنیا یەک ڕێگا لەپێش خۆیدا دەبینێت، ئەویش پاش چەند جارێک لە بادانەوە بەدەستی چەپدا دەیگەیێنێ بە چەقی کارە هونەریهکە، لەوێ خۆی بەرانبەرخۆی (خۆی لەگەڵ خۆی) دەوەستێت. لە سەرەوە گڵۆپێک دونیاکەی بۆ ڕووناکدەکاتەوە و لە خواریشەوە هونەرمەند هەندێك لە بەنەکانی بە چڕی لە سەر زەوێکە داناوە، ئهمهش لە لایێکەوە وەکو دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زەوی کارە هونەریهکە و چواردەورەکەی لە لایێکی ترەوە وەکو مادەیێکی نەرم لە ژێر پێێ بینەر کە دەکرێ وەکو ڕێزی هونەرمەند بۆ بینەرەکەی هەستی پێبکرێت.
(ئاڤان سدیق) بڕوای وایە؛ کە مەتریاڵ ئەبێت بە بەشێک لە تەواوکردنی بیرۆکەی کارەهونەرێکە. هەڵبژاردنی ئەو بۆ مەتریاڵی بەن و جۆری دانانەکەی و بەستنەوەکانی بە شیشە ئاسنەکانەوە، ئەو هەستە بە بینەر دەگەیهنێت کە دابڕاو نییە لەدونیای دەرەوە، واتا بینەر هەست بە جۆرە بوونێک دەکات کە لە بۆچوونەکانی (هایدگەر) وە نزیکە لەوی کە: لەکاتی نزیکبوونەوەی مرۆڤ لە خودی خۆیەوە پێویستە هەمیشە لە گەڵ دونیای دەرەوەیشدا بێت…لەلایێکی دیکەیشەوە بوونێک کە لە فەلسەفە ڕۆژهەڵاتێکانەوە نزیکە ، لە ڕۆژههڵاتناسیه (اشراق) لەوەی کە: کاتێک مرۆڤ بتوانێت لەگەڵ خۆیدا بیت، ناخیشی ڕووناکدەبێتەوە، ئەم ڕووناکیەش دەگات بەدەرەوەی خۆی…بەمجۆرە مەتریاڵە بەکارهێنراوەکانی (ئاڤان سدیق) کە لە شیشی ئاسنی ڕەش و بەنی خوری قرتاو و گڵۆپێک پێکهاتوون ئەکرێت وەکو بەشێک لە بیرۆکەی کارە هونەرێکە ببینرێت.
هونەرمەند ئەیووب ڕەئووف بە کارێکی ڤیدیۆ بەشداری لەم پێشانگایە کردووە وتیاید (نەوت وداعش) ی کردوەتە بابەت وناوی (ئێمە لە نێوان دوو ڕەشدا) ی لەکارەکەی ناوە و مەبەستیشی ئەو دوو پەیامە ڕەشەیە کە نەوت وداعش هەیانە و دەڵێت : هەرچەندە داعش پەیامەکەی بەئاشکرا ڕەشە، بەڵام بەڕای هونەرمەند نەوتیش هیچ خێر و بێرێکی بۆ وڵاتەکانی خۆی نەبووە، بۆیە لای ئەو پەیامەکەی نەوتیش هەر ڕەشە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم فلیمە هونەرمەند خۆی لە سەر مێزێک لەسەر پشت پاڵدەکەوێت، بەجۆرێك کە سەری شۆڕدەبێتە خوارەوە، بەرزێ مێزەکە 30 سەنتیمەترە ، سەری هونەرمەند دەچێتە ناو حەوزێک قووڵا ییهکەی 10 سەنتیمەترە و کامێرایهک وێنەی دەموچاوی هونەرمەند دەگرێت و کەسێکیش ڕەنگی ڕەش ئەڕژێنێتە سەر چەناگەی هونەرمەند، بە جۆرێك کە لە چەناگەیەوە دێت بۆ ئەو، دوایی دەموچاوی، هێواش هێواش ئیدی ڕەنگە ڕەشەکە گشت دەموچاوی هونەرمەند باندەدا.
کارەکەی هونەرمەند (گەیلان عبد اللە) لەسەر یادەوەریە. ئەو ناوی (باڵندەی ئاسنین) ی لێناوە و بیرۆکەی ئەم کارەی لە کۆتایی ساڵی 2015 لا دروستبووە. تیایدا بەئاسن فڕۆكهیهكی دروستکردووە، لەوشێوەی کە لە کاتەکانی منداڵیماندا بە کاغەز دروستمان دەکرد و فرێمان دەدایە ئاسمان. باڵندە ئاسنینەکەی (گەیلان عبداللە) دوو مەتر بەرزە و مەترو نیوێک پانە و دەوری مەترێک بەرزە، ئەو کارەکەی لە دەرەوی ژوورەکان داناوە، لەناو باخچەی خانووەکە، و بەڕەنگی سپی هەر وەکو ڕەنگی کاغەز، نووکەکەی لە زەوێکە چەقاندووە و ئەودوای بەدەرەوەیە، بەم جۆرە دانانەیش هونەرمەند دەیەوێت وێنەی جارانی تەیارە بگۆرێت.
ڕاوم لەم کارەی (گەیلان عبداللە) چوار دیوار دیاری ناکات، کراوەیە هەروەکو ئەو ڕاومەی کە لە واقیعدا فرۆکە تیادا دەفرێت. ئیدی فرۆکەی ڕاستی بێت یان فرۆکەی کاغەز، بهمهش هونەرمەند بەپێجەوانەی کارەکانی دیکەوە ڕاومی نەگۆریوە، بەڵکو تەنیا وێنەی فرۆکەكه. هونەرمەند ئەم بیرۆکەی هەر ئەمساڵ لهلادروستبووە و بۆ جێبەجێکردنی بۆ ئەم پێشانگایە، لەلایهکەوە وەکو نیشاندانی پەیوەندی ئێستای خۆی بە کاتەکانی منداڵیەوە و لەلایهکی دیکەش وەکو پەیوەندی خۆی بە منداڵی ئاوارە و هەڵاتووەوە، وەکو خۆی دەیگێرێتەوە:
(( کاتێ کە لە فەرەنسا بووم لە شاری کالێ (سەرووی فەرەنسا) هەندێ کارم ڵەگەڵ منداڵە پەنابەرەکان کرد، کە زۆربەیان باسی ڕاکردنی خۆیان دەکرد لە ترسی فڕۆكهكان..)) واتا بەڕای هونەرمەند منداڵ یەکەمین قوربانی دەستی فڕۆکەیە.
هونەرمەند دەربارەی کارەکەی نوسیوویهتی:
(( ئەو فڕۆکەیەی کە هەموومان بەمنداڵی بەکاغەز دروستماندەکرد و خۆشمان دەویست وفڕێماندەدایە ئاسمان، ئەمڕۆ لە زهیهنی منداڵی هەمان ئەو خۆشەویستییەی جارانی نەماوە، گۆڕانکاری ڕوویداوە بەسەر ئەو خۆشەویستیەی کە منداڵ بۆ فڕۆکەی کاغەز هەیبوو، ئێستا منداڵ لە فڕۆکە دەترسێ و لێی هەڵدێت، بۆیە من دەمەوێ بەم کارەم و بەم جۆرە دانانەی شکۆی فرۆکە بشکێنم…))
هونەرمەندی فۆتۆگراف (هەڵۆ لانۆ) فۆتۆکانی خۆی بۆ ئەم کارەی بەکارهێناوە، بەڵام ئەو وەکو پێشانگایهکی تەقلیدی بۆ فۆتۆگراف نیشانیانی نەداوە، کە هەر فۆتۆیهک لە ناو چوارچێوەی خۆی بێت و لە قەد دیوار دایانبنێت، بەڵکو فۆتۆکانی لەسەر جۆرە کاغەزێک چاپیکردووە کە بۆ تەغلیفکردنی جگەرە بەکاردێت. ئەو ئەم کاغەزەی بەکارهێناوە لەبەر ئەوەی زۆر نزیکە لە ڕەنگی کاغەزی چیمەنتۆوە کە مەبەستی بووە. ئەو فۆتۆکانی بە تەنیشت یەکەوە لەسەر کاغەزەکە چاپکردووە و بە چواردەوری ژوورەکە دایناوە لە شێوەی پانۆراما، هەروەها تۆپی کاغەزەکەیشی لەناو ژووری پێشانگاکەی خۆی داناوە، ئهمهش لەلایهکەوە وەکو نیشاندانی مەتریاڵی کارەکەی و لەلایێکی دیکەوە شێوەی ئینستهلهیشن بە کارەکە بەخشیووە.
هونەرمەند ئەو جۆرە فۆتۆیانەی بۆ ئەم کارە هەڵبژاردووە، کە دیمەنی جێگاکان نیشانئەدەن لە کاتێ تەختکردنیان و دووبارە بە شیش و چیمەنتۆ بیناسازیان لەسەر دەکرێت و تیایاندا سەرەتای دروستکردنی بینای تازە دەبینرێت، کرێکارەکانیش بچووک دەبینرێن و سەرقاڵی کارکردنن.
هەڵبژاردنی هونەرمەند بۆ وێنەی ئەم بابەتانە وەکو ڕەخنەی خۆی دێت لە سوستێمی سەرمایەداری، کە بەڕای ئەو خانووهکانمان پێ دەڕوخێنێت و دووبارە دەبێت بینابکرێنەوە. لەم بارهشدا دەبێت دیسانەوە چیمەنتۆ و شیش بەکاربێت، کە قازانجەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەدارەکان. بینینی وێنەی مرۆڤەکانیش بە بچووکی دیسانەوە مەبەستی هونەرمەند بووە، وەکو بچووکی مرۆڤ لەناو سیستێمی سەرمایەداریدا.
هونەرمەند (محمد ئیسماعیل) بە فلیمێك لەم پێشانگایەدا بەشدارە و ناوی (پاککردنەوەی ڕوح) ی لێناوە و وەکو ڤیدیۆ پێرفۆرمانس نیشانیدەدا، كهتێدا بە کۆمەڵێ قوماشی ڕەنگاورەنگ و بەیەکەوە گرێدراو سەری خۆی دەپێچێتەوە، قوماشەکە درێژێکەی دەوری سەد مەتر ئەبێت. هونەرمەند بیرۆکەی ئەم کارەی لەساڵی 2013 لا دروستبوو و بۆ یەکەم جار لە ئەکادیمیەی هونەر لە (ئەمستردام) نیشانیداوە و دووبارە لەم پێشانگایەیشدا نیشانی ئەداتهوه.
ئەو سەرەتا قوماشەکەی بەتۆپەڵی لەسەر زەوێکە داناوە، ئینجا سەرەتاکەی هەڵئەگرێ و بۆسەری خۆی دەیبا، لەجیاتی قوماشەکە بەدەوری سەریدا بئاڵێنێت، ئەو خۆی دەسوڕێتەوە بە دەوری خۆێدا و قوماشەکە ئەئاڵێنێتە سەریدا و تاوهكو ئەو بسوڕێتەوە، قوماشەکەیش زیاتر دەئاڵێتە سەری وئیدی دەبێت بە تۆپەڵێکی گەورە بەسەریهوە. دوای تەواوبوونی پێچانەوەکەیش هەر دەستەکانی دەجوڵێنەوە وەکو ڕیتمی پێجانەوە. ئهمهش بە پێی بینینی ئاڤان سدیق؛ یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمەکەی چارلی چاپلنه (کاتەکانی مۆدێرنە)مان دههنێتەوە یاد.
هونەرمەند دەیەوێت بەم کارەی یادگاریهکانی منداڵی خۆی نیشانبدات، کاتێک کە بە دەوری خۆیدا دەسوڕایەوە (باوهخوله) تاوهکو دەکەوتە سەر زەوی. ئەو ئەم کارەی لەگەڵ بیرۆکەی تەسەوفدا تێکەڵاو دەکات هەربۆیە دوور نییە ئەم کارەی (محمد اسماعیل) زیكر و خولانەوەی دەروێشێکمان بیربخاتەوە لە کاتی سەمادا. هونەرمەند بەم کارەی پەیوەندیهک دروستدەکات لەنێوان ئێستا وکاتەکانی منداڵیدا، هەربۆیشە خۆی دەڵێت: هەستدەکەم لە کاتی خولانەوەکەمدا من هێشتا منداڵەکەی جارانم کە بەدەوری خۆمدا دەخولامەوە…
هونەرمەند (شەمیران فەتاح) ژێرزەمینی خانووهکەی بەکارهێناوە بۆ کارەکەی کە پێکهاتووە لە نیشاندانی فیلمێک و کارێکی ئینستهلهیشن بەیەکەوە، بە جۆرێك کە یەکێکیان ئەوەکەی تر تەواو ئەکات.
بینەر کە دێتە ناو ژووری کارەکەیەوە یەکسەر داگیرساندن و کوژانەوەی روناکایێک دەبینێ لەگەڵ دەنگی دلۆپەێیکدا. بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە هونەرمەند ژمارەیهک لە مەتریاڵی جۆراوجۆری بەکارهێناوە کە پێکهاتوون لە نەوتی ڕەش، قاپ (جام)، پارچە تەختە، حەوزێکی گەورە کە بەتەختە و نایلۆن دروستیکردووە و پڕیکردووە لە نەوتی ڕەش، ماتۆری ئاو راکێشان، سۆندەیێکی باریک ،سندوقێک کە دیسانەوە بەتەختە دروستکراوە ، دەنگی دڵۆپە، جیهازێکی ڤیدیۆ و ڕووناکی.
ئەو بە جۆرێ پەیوەندی لە نێوان نیشاندانی فیلمەکە ئینستهلهیشن خوارەوەی دروستکردووە کە هەردووکیان لەیەک جیاناکرێنەوە، وەکو یەک کاری هونەری ببینرێن. بینەر جیهازی ڤیدۆکە نابینێ کە فیلمەکە نیشاندەدا، لەبەرئەوەی هونەرمەند لەناو سندوقێکی تەختە شاردوێتەوە. بەڵام ئەوە دەبینی کە ڤیدیۆکە لە قەد دیوارەکە نیشانی ئەدات، ئەوەیەش دڵۆپەی نەوتە ڕەشەکەیە کە وهها دەرئەکەوێت لە بنمیچهكهوه دێتە خوارەوە ودەچێتە ناو چامەکەی خوارەوە و دەنگێ دەرئەهێنێ وەکو دەنگی دڵۆپەكردن، بەڵام لە ڕاستیدا سەقفەکە هیچی پێوە نییە.
هونەرمەند لە بەشی خوارەوەی کارەکەی، واتا لەسەر زەوی ژوورەکەی، بە پەیوەندیهکی ئاڵۆز وجوان ئینستهلهیشن جوڵانهوەی دروستکردووە، کە بینەر تووشی سەرسوڕمان و تێڕامان دەکات. تەختەیهکی بەستۆتەوە بەو سندوقەی کە جیهازی ڤیدیۆکەی تێدا شاردراوەتەوە، تەختەکە لە چەشنی جۆلانهی منداڵ دروستکراوە و بەردەوام لایهکی بەرزئەبێتەوە…كه جامەکەی لەسەرە ولایەکەی تری نزم ئەبێتەوە چونكه شتێکی قورسی پێوە بەستووە و لە تەنیشتیهوە حەوزێکی گەورەی بە تەختە و نایلۆن دروستکردووە و پڕیکردووە لە نەوتی ڕەش.
(شەمیران فەتاح) میکانیزمی ئەم ئینستهلهیشن جولاوەی بەم جۆرە دروستکردووە: لە بنی جامەکەوە و لە ڕێگەی سۆندەیێکی باریکەوە و بە هێزی ماتۆڕێک نەوتەرەشەکە لەحەوزەکەوە بۆ ناو جامەکە ڕائەکێشێت. کاتێك کە جامەکە پڕ ئەبێت لە نەوت وقورس ئەبێت و دێتەخوارەوە، نەوتە ڕەشەکە دەڕژێتە ناو حەوزەکەوە. لەو کاتەدا، سەری ئەوسەری پارچە تەختەکە سووک دەەبێت و بەرزئەبێتەوە و دەبێتە هۆی کوژانەوەی ڤیدیۆکە. لەو چرکەساتەدا، ڕووناکایهک دائەگیرسێت وئیدی ئەم یاریەی تەختەکە و پڕبوونی جامەکە لە نەوت و ڕژاندنی بۆ ناوحەوزەکە، ههروهها دووباره ڕاکێشانی نەوتەکە بۆ ناو جامەکە و کوژانەوەی ڤیدیۆکە و داگیرساندنی ڕووناکیهکە بەردەوام دوپات دەبێتەوە .
نەوت مەتریاڵێکە مشتومڕی لەسەرە لە وڵاتانی ڕرۆژهەڵاتی ئیسلامید،ا بەڵام (شەمیران فەتاح) لەم کارەی دا یاری پێ دهئەکات.
ناوەرۆکی کارەکەی هونەرمەند (زاموئا داراغا) دەربارەی یادەوەرییە، ئەو بۆ ئەم کارەی پشتی بە (زاکیرەی ماتریاڵ – یادهوهری ماتڕیاڵ) بەستووە، خشتی ماڵەکۆنەکان و تەختە وفۆتۆ و کارتی (ناسنامە)ی بەکارهێناوە. خشتەکانی خستوەتە سەر عەرەبانەیهکی تەخت، کە پێنج تایەی بچووکی لە ژێردایە بۆ جوڵانەوەی کارەکە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بەئاسانی. ژمارەی گشتی خشتەکان (چوارسەدو پەنجا و چوار خشت ونیون) دانانی خشتەکان بە جۆرێکن، کە بەتاڵاییان تیا نییە، واتا ئەو بەم خشتانە دیواری دروستنەکردووە، بەڵکو شەش پاڵوییهکی پتەو و تۆکمە، کە چەندین مانای لەخۆ گرتووە. ئەو لە چەند لایهکی شەش پاڵووەکە خشتیکی دەرهێناوە ولە جیاتی ژمارەیهک فۆتۆ وناسنامەی داناوە.
لەم کارەی (زاموئا داراغا) دەکرێت باس لە (زاکیرەی مەتریاڵ) بکەین، خشتەکان کۆنن، مێژوویان هەیە و لەوەپێش لە بینای دیکەدا بەکارهێنراون (بەشدابوونە). هەڵگری چەندین ڕەنگ و درز و شکاوین. بەواتایێکی دی، هەڵگری جوانی وشکستین، و هێشتا جێگای بزماریان پێوەدیارە، بە واتایێکی دی برینەکانیان کراوەن. هونەرمەند بە هۆشیاریهوه پاکی نەکردوونەتەوە (نەیشتوون) بۆئەوەی مێژووی خۆیان بەڕاستی نیشانبدەن. هونەرمەند سیفاتی خشتەکانی گواستوەتەوە بۆ ناو کارەهونەریهکە، بە زاکیرەی خۆیانەوە لە کارە هونەریهکەدا بەشداری پێیانکردووە. لە دونیایهکەوه خشتهكانی هێناوه بۆ ناو دونیاێیکی دیکە، لە ژیانی ڕۆژانەیانەوە، بوون بە بەشداری لە کارێکی هونەری، بەمجۆرەیش وەزیفەکانیان گۆڕدرا ومانایێکی دیکەیان پێدرا.
بەکارهێنانی هونەرمەند بۆ فۆتۆ وکارتی ناسنامە هێندەی دیکە بیرۆکەی (زاکیرەی مەتریال – یادهوهری ماتڕیاڵ) ی لە کارەکەی بەهێزتر کردووە، ئەو بە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئەم مەتڕیاڵانە هارمۆنیێکی لە نێوان (زاکیرەی خشتەکان) و فۆتۆ و کارتی ناسنامەکان کە (هەر خۆیان هەڵگری زاکیرەن) دروستکردووە و وەکو (یەک یەکە – وحدە واحدە) نیشانی بینەری دەدات.
هونەرمەند (زانا ڕەسوڵ) ناونیشانی (کتێنخانەکەی پوورە ئایشە بەتامی بەکری بەقاڵ) ی بۆ کارە هونەریهکەی داناوە، کە تیایدا سندوقی فیشەک ، سەندوقی فیشەکی هاوان ومیوە و قاپ وچەقۆی میوەی بەکارهێناوە. هونەرمەند لەناو ژوورەکەی خۆیدا هەشت سەندوقی فیشەکی بەتاڵی بەیەکەوە هەڵواسیووە. ههموویانی لەشێوەی هەڵواسینی تومەتبار، ئەو سندوقانەی بە فیشەکەوە لە ئەمریکاوە هاتوون بۆ کوشتنی مرۆڤ، بەڵام (زانا ڕەسول) بەکاریانی هێناوە بۆ خزمەتی مرۆڤ، لە ناو هەرسەندوقێک دوو ڕەفی داناوە بۆ دانانی میووەکان لە ناو قاپدا، بهمهش سندوقە فیشەکەکان بوون بە ڕەفی موبەق. لە ژێرسەندوقەهەڵواسراوەکانەوە، لە سەر زەوێکە، تەختەی سەری سەندوقە فیشەکەکانی بە تەنیشت یەکتردا داناوە، هەربەو زانیاریانەی خۆیانەوە کە جۆری پارچه چهكه كه وەسفدەکات. ئاشکرای دەکات کە ئهمهش چهكی ( M4)ن، هەوەک بەڵگەنامە بۆ تاوانەکانیان، لەسەریان نوسراوە هەر سەندوقێک جێگای پێنج پارچه چهكی تێدا دەبێتەوە. سەندوقی هاوهنەکانیشی لەتەنیشت دیوارەکانی دەستە ڕاست و چەپدا داناوە، جارێکیان سێ سەندوق و جارێکیان چوار سەندوق، دانانەکەیشیان بە جۆرێکن، کە بینەر بتوانێت لە سەریان دانیشێت. ئهمهش خۆی لە خۆیدا گۆڕینی ناسنامەی ئەو سندوقانەیە، کەمکردنەوەی هەیبەتیانە لە وەزیفەیهکەوە کە بەشداری لە کوشتن دەکەن، بۆ وەزیفەیهکی تر، بۆ ئامرازێک کە زۆر بە ئاسانی مرۆڤ دەتوانێت لەسەریان دانیشێت، وەکو نەهێشتنی ئەو ترسەی کە لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویان.
هونەرمەند ئەم مەتریاڵە شەڕانگێزانەی بۆ کارە هونەریهکەی هەڵبژاردووە وتێکەڵاویانی کردووە لەگەڵ مەتریاڵی باش لەگەڵ میوە، کە بەئاسانی لە ناو قاپ و لەسەر شانزە ڕەفه دانراون، کە لەناو سندوقە فیشەکەکان دروستکراون. چەقۆی موبەقیشی لەتەک قاپەکان داناوە، بەمجۆرە دەبێت مەتریاڵە شەڕانگێژەکان قەبووڵی خزمەتکردنی مەتریاڵە باشەکان بکەن، بهمهش ماناکانی مەتریاڵە شەڕانگێزەکانی بە پێچەوانەوە گۆڕیووە (ئەخلاقیانی گۆریوە)، لەشەڕ و کوشتن و ناشرینیهوە بۆ بەشداریان لە ژیانی ڕۆژانەدا (ببن بە ڕەف بۆ میوە وببن بە کورسی و مرۆڤ لەسەریان دابنیشێت)، هەر وەکو ئەم کارە هونەریەی (زانا ڕەسوڵ) نیشانی ئەدات. بۆ دەوڵەمەندکردنی کارە هونەریهکە هونەرمەند خۆی وێنەی بەلەمێکی سەربەرەوخوار لە قەد دیواری دەستی چەپی ژوورەکە بەقەڵەم کێشاوە و دەنگێکیشی بەکارهێناوە (بە تۆمارکراوی) کە یادەوەری خۆی لەگەڵ تامدا دەگێریتەوە. هونەرمەند بەم کارەی دەیەوێت بینەر بەرەو دروستکردنی پەیوەندی بەرێت لەنێوان گشت ئەم مەتریاڵانەدا بۆ بیرکردنەوە، ودەڵێت: تەنیا ئیستاتیک تێرم ناکات.
تهواو
تێبینی : بۆ تێگهیشتن له چهمكی (ڕاوم Raum ) نوسهری بابهت لهم نوسینهدا بهووردی پێناسه و لایهنهكانی چهمكی ڕاوم Raum ڕوونكردتۆتهوه،
تكایه كرته بكهنه سهر ئهم بهستهره :
http://cultureproject.org.uk/kurdish/grara-sichtbar-und-unsichtbar/
*