بیرۆکەی ئەم پێشانگایە وەکو گۆڕینی ماناکانی شوێن و درککردن بە بەهاکانی جەستە دروستبووە. جەستە لەم پێشانگایە لە لایەکەوە وەکو خودێکی فیزیکی دەرکەوتووە کە تیۆریەکانی مۆدێرنە بەچڕی کاری لەسەر دەکات، لەلایەکی دیکەوە جەستە وەکو وێنە دەرکەوتووە، بەمجۆرە دەکرێت ئەم پێشانگایە لەهەمانکاتدا وەکو بەشداری ئەم هونەرمەندانە لە هونەری شێوەکاری هاوچەرخ ببینرێت، کە جەستە ڕۆڵێکی گرنگی تیائەبینێ.
بەرای مۆنیکا ڤاگنەر (Monika Wagner) یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی جەستە وەک خودێکی فیزیکی لە هونەری شێوەکاریدا ئەوەیە کە ڕەسەنایەتیەکی گەورەی تێدایە و هیچ ماتریاڵێکی دیکە ناتوانێت جێگای بگرێتەوە.
(ڤاگنەر) ڕای وایە؛ لە جەستەی فیزیکیدا مەتریاڵیک بەدیدەکرێت بۆ شێوەیهک لە دەربڕینی ڕاستەوخۆ، کە دەکرێت وەکو خەونی مۆدێرنە ببینرێت، بۆ گەیاندنی هونەر بۆ ناو ژیان.([1])
هەرچەندە من وا لەم بۆچوونەی ڤاگنەر دەگەم، کە ئەو لێرەدا مەبەستی ڕۆڵی جەستە بێت، لە هونەری پیرفۆرمانس کە هیچ لەم هونەرمەندانە ڕاستەوخۆ بەکاریان نەهێناوە، بەڵام کەم تا زۆر لێی نزیکبونەتەوە، ئەوەیش لای ڕەنج حیکمەت و ئەودوای لە کارە ڤیدیۆ پێرفۆرمانسەکاندا.
ئاشکرایە ماناکانی جەستە لە کولتوری ڕۆژهەلاتی ئیسلامی، کە ئەم پێشانگایەی تێدا ڕێکخراوە، جیایە وەک لەماناکانی جەستە لە کولتوری خۆرئاوا کە هونەری شێوەکاری مۆدیرن و زانستیەکەی و چەمکەکانی تێدا دروستبووە. ئەم جیاوازیەیش لەکاری هونەریدا ڕەنگیداوەتەوە، بەمجۆرە ئاساییە بینەری ئەم کولتورە بە سەرسوڕمان و حەپەساویەوە بڕوانێتە کارەکانی ئەم پێشانگایە، هەرچەندە ئەمە دەبێتە مایەی نامۆبوونی هونەرمەندەکان.
لە مێژوی هونەری شێوەکاری خۆرئاوادا وێنەی جەستەی([2]) مرۆڤ هەمیشە ڕۆڵێکی گرینگی بینیوە لە هونەری ئەنتیکەوە تاکو ئەمرۆ، سەدەکانی ناوەراستی لێدەرچی کە بەهۆی دەسەڵاتی کەنیسە بەسەرگشت لایەنەکانی هونەر وکولتور و ژیانەوە بوبوە هۆی سەرکوتکردن وبچوکبونەوەی بەها وماناکانی جەستەی مرۆڤ لە ژیانی رۆژانە ولە هونەر و کولتوردا. بەڵام لە کولتوری رۆژهەڵاتی ئیسلامیدا وێنەی جەستە هیچ کات ڕۆڵێکی گرینگی نەبووە لە هونەری شێوەکاریدا.
من وای ئەبینم کە جەغتکردنی بیرۆکەی ئەم پێشانگایە لە سەر چەمک و وێنە و ماناکانی جەستە پەیوەندی بە پەراوێزکردنی ڕۆڵی جەستەوە هەیە لەم کولتورەدا، هەربۆیە، من وا لەم ناونیشانە ئەگەم کە لەلایهکەوە کاردانەوەیە بۆ ئەم پەراوێزکردنە، و لەلایهكی دیکەوە وەکو بەشداری ئەم هونەرمەندانە لە گرنگی ڕۆڵی جەستە لە ئێستای هونەری شێوەکاریدا کە بەرای فیلیپ ڤایس (Philipp Weiss) ؛ هونەری شێوەکاری هاوچەرخ بۆ ماوەیک، بەتایبەت لەنەوەتەکان، ببووە بە هونەری جەستە. ([3])
سەرکوتکردنی جەستە لە مێژوی کۆمەڵگای ئیسلامی وکۆمەڵگای سەدەکانی ناوەراستی ئەوروپا گشت لایەنەکانی کولتوری پێکاوە، ئەمەیش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمە هونەریەکانی مرۆڤ هەبووە و هەیە، بە حوکمی ئەوەی کە جەستە لایەنە فیزیکێکەی خودی مرۆڤ پێکدێنێت و دانەبراوە لەئەودوای بەشەکانی خود، بەمجۆرە جەستە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گشت ڕەفتار و هەڵسوکەوت وبەرهەمە هونەری وکولتوریەکان هەیە تا دەگاتە ئەخلاق ، وسەبارەت بە پەیوەندی نێوان جەستە و ئەخلاق، میشیل فۆکۆ پێیوایە: کە پێشکەوتنی ئەخلاق پێبەندە بە مێژوی جەستەوە.([4])
جەستە بەڕای فیلیپ ڤایس لە هەردو ڕووەوه گرنگە بۆ هونەر، چ وەکو سوبجێکت (خودی جەستە)ی هونەرمەندەکە و چ وەکو ئۆبجێکت (کاتێ کە هونەرمەندەکە وەکو مەتریاڵ بۆ کاری هونەری بەکارید ێنێ)([5]) ئەمەش یارمەتیمان ئەدا بۆ کارکردنی زانستی لەسەر ئەم پرسیارە بنەڕەتیەی هونەر دوای جەنگی جیهانی دووەم لەبواری ڕۆڵی جەستە لە هونەری شێوەکاری هاوچەرخدا:
جەستە وەک مەتریاڵ ؟ یان جەستە وەک میدیۆم؟
ئەم پرسیارە لەگشت ئەو هونەرانە دادەکرێت کەجەستەی تێدا بەکاردێت ئیدی ئەو بەکارهێنانە بەهەر چ جۆرێک بێت، لەهونەری شێوەکاریەوە، تاوهكو دەگاتە هونەری شانۆ و سەما، و لەبەرئەوەی چەمک و وێنە و ماناکانی جەستە بەشێکی سەرەکی لە ناوەڕۆکی ئەم پێشانگایە پێکدێنن، بۆیە بە پێوسیتی دەزانم لە میانی ئەم پێشانگایەدا کار لەسەر ئەم پرسیارە بکەم، بەتایبەت لەبواری پەیوەندی جەستە بە ڕەهەندەکانی مۆدێرنە و شوێن و ڕاومەوە بەگشتی و لەپەیوەندی جەستە بەشوێنی ئەم پێشانگایە وە بەتایبەتی کەژێر زەمینی ساختمانی ئەمنە سورەکەی سلێمانیە.
لەبەر گرینگی ڕۆڵی جەستە لە پرۆسەی مۆدێرنە بەگشتی و هونەری شێوەکاری هاوچەرخ بەتایبەت، ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی هونەر سەرقاڵی توێژینەوە و کارکردنن لە سەر ئەم پرسیارە، یەکێك لەوانە زانای هونەری شێوەکاری ئەڵمانی (مۆنیکا ڤاگنەر)ە کە لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كرد.
بەڕای ڤاگنەر؛ وێنای ئازادکردن لەبواری هونەری شێوەکاری لەگەڵ ئەو مەتریاڵانەدا دروستدەبێت، کە هونەرمەند وەکو میدۆم بە ڕاستگۆیی لە پێناویدا بەکاریاندێنێت و سوبیهکت خۆی بڕیاری لە سەر دەدات، ئەمجۆرە مەتریاڵانەیش دەکرێت وەکو میتۆلۆژیا بۆ مۆدێرنە ببینرێت. ڤاگنەر پێیوایە؛ لەمجۆرە وێناکردنەدا دەکرێت جەستە وەکو میدیۆمێک دەرکەوێت بۆ پەڕینەوەی بەها سیاسیەکان لە پرۆسەی گۆرانکاریەکاندا.([6])
هەرجەندە مەبەستی ڤاگنەر لە (بەها سیاسیەکان) جیایە وەک لە وەی کە لە کوردستان بەکاردێ، بۆیە بە پێویستی ئەزانم ئەوە بڵیم کە مەبەستی هونەرمەندانی ئەم پێشانگایە گۆڕانکاری نیە لە بەها سیاسیەکان بەماناکانی کوردستان، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ گۆرین لە بنەماکانی بینین و دەرککردن، واتا گۆڕان لە بنەما ئینسانیەکاندا بە کاری هونەری و بەستنەوەی ئەم بەهایانە بە ناوەرۆکی بوون وژیانەوە بۆ ئەوەی ببێت بە گۆڕانێک لە دەرککردنی بینەر بۆ دونیای خۆی لە کاتی بینینی بۆ کارەکانی ئەم پێشانگایە، بەتایبەت لە بەر ئەوەی ئەم هونەرمەندانە هونەرێکیان نیشانداوە کە خۆی لە تابلۆ و پەیکەر (بەمانا تەقلیدیەکەی)نابینیتەوە، کە ئێمە وها لێ بکات بهتەنیا باس لە بینینە تەقلیدیەکە بکەین، بەڵکو کارەکانی ئەم پێشانگایە پەیوەندیهكیان نیشانداوە، پێکهاتووە لەوێنەی جەستە و ڕاوم و شوێن و مەتریاڵی نوێ، کە بەلای کەمەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی پرسیار لای بینەر، بەتایبەت ئەو بینەرەی کە پێویستی بەکارکردن هەیە لە خودی خۆی و وتوانیویەتی لە گەڵ بابەتەکان و ڕاومی گشتی پێشانگاکەدا، هەندێک ژیان بەسەربەری لە پێناوی دۆزینەوەی مانای نوێ بۆ ژیان، کە شتێفان گونتسل Stephan Günzel لهڕوانگەێکی سایکۆلۆژیەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بوونی مرۆڤ بەتایبەت لە سەدەی بیست گرنگیەکەی دووپات دەکاتهوه.([7])
ئەوەی پێشانگاکەی بینیوە دەرکی بە وێنە و ئامادەبوونی جەستە کردووە، کە لە شێوەی ڤیدیۆ پیرفۆرمانس، ئینستلەیشن، فۆتۆ و مەتریاڵی نوێ نیشاندراون و دهرکی بەوەیش کردووە کە زۆربەی کارەکان سێ ڕەهەندین و مامەڵە لەگەڵ راومدا دەکەن، لەبەرئەوە تەنیا بینین بە مانا تەقلیدیەکەی بەس نیە بۆنزیکبونەوە و تێگەیشتن لەم کارانە، بەڵکو درککردن ومامەڵەکردن و ژیان لە گەڵ کارە هونەریەکانیش پێویستە، بۆیە مەبەست لە جەستە لەم پێشانگایە تەنیا ئەو جەستانەنین کە لە کارە هونەریەکان چ وەکو میدیۆم، چ وەکو مەتریاڵ یان بەگشتی وەکو وێنەی جەستە دەرکەوتوون، بەڵکو لێرەدا بیرۆکەی پێشانگاکە گرنگیهكی تایبەت بە جەستەی بینەرەکانیش ئەدات. واتا جەستەی ئامادەبووانی پێشانگاکە نەک تەنیا وەکو بینەر، بەڵکو وەکو مامەڵە و ژیانیان لەگەڵ کارە هونەریەکاندا. بەواتایێکی دی، وەکو بەشێک لە کارە هونەرێکە بەتاییبەت لە میانی کارەکەی (ئاڤان سدیق) کە بە ئامادەیی وغیابی جەستەی بینەران ماناکانی دەگۆڕدرێن. هونەرمەند (زاموئا داراغا) یش هەمان ڕای هەیە سەبارەت بە پەڕینەوەی ماناکانی جەستە لە کارە هونەریهکانەوە بۆ جەستەی بینەران.
هونەرمەندان (ڕەنج حیکمەت، ئەحمەد نەبەز و گەیلان عهبدوڵا) جەستەیان بەجۆری جیاواز بەکارهێناوە. ئەم سێ هونەرمەندە جگە لە وێنەی جەستە، جەستەیان بەمانا فیزیکی و سایکۆلۆژیەکەیشی بەکارهێناوە، ڕەنج حیکمەت و گەیلان عهبدوڵا جەستەی خۆیان بەکارهێناوە و ئەحمەد نەبەزیش جەستەی کەسێکی دیکە. بەمجۆرە جەستە لای رەنج حیکمەت وگەیلان عەبدوڵا نەک تەنیا خودێکی فیزیکیە بەڵکو خودێکی ڕوحیشە. وەکی دی لە کارەکانی گشت هونەرمەندەکانی پێشانگاکە وێنەی جەستە بەشێوە و ڕەنگ و ماتریاڵی جیا جیا دەرکەوتووە. لای هەندێکیاندا وێنەی جەستە بە تەواوەتی دەرکەوتووە، وەکو لای ئاڤان سدیق، ئە حمەد نەبەز، و لای هە ندێکی دیکەیاندا تەنیا وێنەی بەشی سەرەوەی جەستە دەرکەوتووە وەکو لای زاموئا داراغا، بەهجەت عومەر و گەیلان عەبدوڵا.
بەکورتی: لە گشت کارەکاندا هەست بە ئامادەبوونی جەستە دەکرێت، ئیدی (بەبینراوی) بێت یان بە (نەبینراوی) ئەمەش کەوتۆتە سەر تایبەتمەندێتی کارکردنی هونەرمەندەکان لە ناو کۆی بیرۆکەی پێشانگاکە لە لایەکەوە و لەناو ڕاومی (Raum) پێشانگاکەی خۆیان لەلایەکی دیکەوە، هەروەها بۆ توانای بینەر بۆ درککردن بەکارەهونەرێکان.
شوێنی پێشانگاکە وەکو کۆکەرەوەی ماناکان
لە بەرئەوەی پێشانگاکە کۆکەرەوەیەکە لە ماناکانی جەستە و شوێن و بەمەتریاڵ وتەکنیکی نوێ و لە راومێکی کۆمپلێکسدا جێبەجێ کراوە بۆیە پێویستیم بە ڕوونکردنەوەی زانستی دەبێت بۆ مانای شوێن و ڕاوم لە ڕووی ئیتیمۆلۆجی وفەلسەفی وسۆسیۆلۆجی وزانستی هونەرەوە، ئەمە لەلایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە پەیوەندی شوێن و ڕاوم لەگەڵ جەستەدا بەگشتی و لە میانی ئەم پێشانگایەدا بە تایبەتی.
بۆ ئەم ڕوونکردنەوانە ئەمەوێ پشت بە بیر و بۆچونەکانی هەندێك زانا ببەستم، کە کاریان لەسەر ئەم بوارانەدا کردووە لەوانە دوو زانای هونەری شێوەکاری ئەڵمان، کە پسپۆرن لەبواری ڕاومدا (Raum) ئەمانەش ئەنگێلا لەمەرت Angela Lammert و مارکۆز شرۆێر Markus Schroer. بەرای ئەنجیلا لەمەرت; گۆڕینی چەمکی ڕاوم یەکێکە لە پرسیارە بنەڕەتیەکانی سەدەی بیستەم.([8])
بهرای من پێشانگای (جەستەی بینراو و جەستەی نەبینراو) کاری لهسهر ڕاوم لەسەر کردووە، ههرهوهها لەمەرت پرسیاری ڕاوم لەمیانی هونەری شێوەکاری دەبەستێتەوە بە پرسیاری (شوێن) و(ناشوێن) وە.([9]) و مارکۆز شرۆێریش مانای شوێن لەمانای ڕاوم جودا ناکاتەوە.([10]) لێرە دا بۆ دەوڵەمەندی بابەتەکە ڕای میشیل فۆکۆیش دەنووسم کە سەدەی بیست بە سەدەی ڕاوم ناودەنێت.([11])
بەمجۆرە بەڕای شرۆێر ئەشێت ڕاوم وەکو گشتی؛ ئەو جێگایە ببینرێ کە هەموو جەستەکان ئەگرێتە خۆ، هەروەها ئەشێ جێگایش وەکو بەشێك لە ڕاوم ببینرێت، جەستەیش لە یەکێ لە ماناکانیدا ئەکرێت وەکو شوێنی هونەر بینرێت([12]). واتا ڕاوم وەکو جەستە ببینرێت و جەستەیش وەکو ڕاوم، ئەمەیش یەکێکە لە مانا ناوەڕۆک و شاراوەکانە کە ئەم پێشانگایە ویستوێتی نیشانی بدا.
ئەم مانا و بۆچوونانە بەڕای شرۆێر زیاتر لە هونەری کۆتایی شەستەکاندا هاتووە، لەم حاڵەتەدا بەڕای شرۆێر پەیوەندیێکی نزیک دروستدەبێت لە نێوان ڕاوم، کەسایەتی و فاکتەرە ئۆرگانی و کۆمەڵایەتیەکان. ئەوکات بەڕای کاڕل هاینز لودیکینگ (Lüdiking Karlheinz) زیندانبوون لەناو جەستە کۆتایی پێدێت.([13]) کە ئەشێت یەکێك بێت لەهەوڵەکانی ئەم پێشانگایە.
لە لایەن ئیتیمۆلۆجیەوە: وشەی ڕاوم([14])Raumی ئەڵمانی لە کرداری ( ڕۆیمن räumenی ئەڵمانیەوە) هاتووە، کە بە مانای (دروستکردنی جێگا) یان (شوێن) یان (چؤڵکردنی جێگایهک) دێت.([15]) لە کۆندا وشەی ڕاوم بۆ (جێگۆرکێ ونیشتەجێبوونی خێڵ) وکۆچبەرەکانیش بەکارهاتووە.([16]) بەڕای مارکۆز شرۆێرئەم مانایەی ڕاوم لەتیۆریەکانی فەلسەفەی کلاسیکدا جێگهی خۆی هەبووە.([17])جگە لەمانە هەموی هەر خۆی وشەی ڕاوم بە زمانی ئەڵمانی بە مانای ژووریش دێت.
شرۆیر بڕوای وایە؛ ڕاوم کاریگەری هەیە بەسەر گشت ئۆبجێکت وجەستەکانی ناوەوەی، ئەمەیش بەرای شروێر دیسانەوە لایەنە سۆسۆلۆجێکەی ڕاوم دەگەیینێ.([18]) کە لە میانی ئەم پێشانگایە جیاناکرێتەوە لە لایەنە هونەرێکەی. شرۆێر نایەوێت ماناکانی ڕاوم تەنیا لە شوێن و جێگا کورتبکاتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر ڕۆڵی مرۆڤیش دەکات بۆ دروستبوونی ڕاوم.([19])
شتێفان گونتسلیش دووپاتی ئەو بۆچونەی شرۆێر دەکات لەوەی کە دەڵێت: ڕاوم بەرهەمی مرۆڤە.([20]) منیش وا لەم بۆچونەی گونتسل دەگەم کە بوون و جوڵانەوەی مرۆڤ بەشدارن، لە بەرهەمهێنان وگۆڕانی ڕاوم، کە لە میانی ئەم پێشانگایەدا جەستە لە وێنەی جەستە تێدەپەرێت بۆ بوونی فیزیکی جەستەکە خۆی لە بینەرەکانی پێشانگاکە دەبینێتەوە، واتا ڕاوم تەنیا بۆ بینین نییە، بەڵکو زیاتر بۆهەست ودرکپێکردن و ژیانە، ئەوکات کاریگەری خۆی بەسەر مرۆڤەکانی ناوەوەی ئەبێ و لەحاڵەتی ئەم پیشانگایە راوم کاریگەری بەسەر بینەرەکانەوە دروست دەکات.
ڕاومی ئەم پێشانگایە تەنیا بەرهەمی کارە هونەرێکان نییە بەڵکو بەرهەمی بوون و جوڵانەوەی جەستەی فیزیکی بینەرەکانیشە کە لەکارەکانی ئاڤان سدیق و ثەنج حیکمەت بەڕوون وئاشکراتر دەرکەوتووە و ئەمەش بەشێک بووە لە کۆنسێپتی ئەم پێشانگایە، کە ڕێزو بەهایێکی تایبەتی بۆ بینەرەکانی داناوە.
لەئەنجامی ئەم بیر و بۆجونانە دەربارەی راوم و شوێن وجەستە، بۆمان دەرئەکەوێ کە جەستە و شوێن وراوم سێ چەمکن هەمیشە لە پەیوەندیێکی تونددان لەگەڵ یەکدا بەتایبەت لە هونەری دوای جەنگی جیهانی دووهەم کە ئەم پێشانگایەیش کاری لەسەر کردووە و بەشێکە لێی.
یەکێك لە لایەنە تایبەتەکانی ئەم پێشانگایە هەڵبژاردنی ئەم شوێنەیە (ژێرزەمینی ساختمانی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی) وەکو راومی گشتی پێشانگاکە، وەکو کۆکەرەوەی ماناکانی جەستە وراوم وشوێن، ئەم تایبەتیەیش چەند لایەنێکی هەیە:
یەکەم: لەلایەن ناوەڕۆکەوە، ئەم جێگایە وێنە وماناکانی جەستە و ڕاوم کۆدەکاتەوە کە هەردووکیان سەر بە ناوەرۆکی پێشانگاکەن.
دووەم: لەلایەن شێوەوە، ژێرزەمینەکە لە چەند ڕاومێکی جیاواز پێکهاتووە و بەدیوار لەیەکدی جیادەکرێنەوە و ئەمەش فرسەت بەکارە هونەرییەکان ئەدات شێوەی تایبەت بۆ خۆیان دروستکەن.
سێهەم: لەڕووی پرینسیپەکانی مۆدێرنەوە کە هەر کارێ لە کاری هونەرمەندە بەشداربووەکان توانیوویەتی بەهۆی ئەم ڕاومە جیاوازانەوە لەناو کۆی بیرۆکە فەردانیەتی خۆی هەبێت، و ڕاومی پێشانگاکە بە شێوەیهک کە وێنەیێکی هاوچەرخی بە پێشانگاکە بەخشیووە . بێگومان ئەمە پشتگیری لەو تیۆریە دەکات کە بڕوای وایە : لە بنەڕەتدا وێنەی ڕاوم و وێنەی جەستە لە یەک جیاناکرێنەوە. ([21])
هەرچەندە ئاڤان سدیق و دوای هونەرمەندەکانی ئەم پێشانگایە چەمکی ڕاومیان چەمکی شوێنیان وەکو ناونیشان بۆ پێشانگاکەیان بەکارنەهێناوە، ئەوان تەنیا ناونیشانی (جەستەی بینراو- جەستەی نەبینراو) یان بەکارهێناوە، بەڵام بڕیاردان و هەڵبژاردنی ئەوان بۆ ژێرزەمینی ساختمانی (ئەمنە سوورەکەی سلێمانی) وەکو شوێنی پێشانگاکەیان وەکو ئەو ڕاومەی کە کارەکانیان تێدا نیشانداوە. ئهوهی بیرکردنەوەی منی بەرەو چەمکی ڕاوم برد، وەکو فاکتەرێکی گرنگ بۆ ئەم پێشانگایە، بەتایبەت لەبەرئەوەی گشت کارە هونەرێکان مامەڵەیان لەگەڵ ڕاوم کردووە، چ ڕاومی گشتی پێشانگاکە یان ڕاومی تایبەتی کاری هەریەک لە هونەرمەندەکان.
لەڕووی سۆسیۆلۆجی وسایکۆلۆژی ومیژووییهوه، دروستبوونی ئەم ساختمانە شەڕانگێزی دەسەڵاتی بەعسی لە ناو شاری سلێمانی نیشانداوە، واتا جێگایەک بوو بۆ هەڕەشە لە مانا جوان و مرۆڤایەتیەکانی شارەکە، هەرەشەیهک بوو لەئاشتی و تەبایی شارەکە، بەمجۆرە دەشێت بڵێین؛ ساختمانێ بوو کە ڕاومی شارەکەی گۆڕیبوو( شێواندبوو) و بوو بوو بە بەشێك لە دانوستاندن دەربارەی ڕاومی شارەکە، بەڵام بەزاراوەی سیاسی وژیانی ڕۆژانە و بە نەمانی دەسەڵاتی بەعس ئەو دانوستاندنەش گۆڕدرا.
هونەرمەندان هەوڵیانداوە مێژویهک ویادەوەریێکی نوێ بۆ ئەو ساختمانە دروستبکەن، بەواتایهکی دیكه میژووییهکی نوێ بۆ ئەم شارە دروستبکەن. ئەم پێشانگایەیش دەکرێت وەکو بەشێك لەو هەوڵدانانە ببینرێت. ئەمە وەکو مۆدێلێکی بچووک بە بەراوورد بە میژووی نوێی ئەڵمانیا وحیزبە نازیەکەی و گشت ئەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی شەڕانگێزی حیزبێکی دکتاتۆری بەخۆوە بینیوە. ئەنگێلا لەمەرت پێیوایە؛ دانوستاندنی ڕاوم لە ئەڵمانیا لە ساڵی 1933 دابڕانی تێکەوت و لە کۆتایی شەڕی جیهانی دووەم دیسانەوە بەردەوامیپێدرا. ([22])
ئەمەش بە ئاشکرا پەیوەندی بەو کاتەوە هە یە کە شەڕانگێزی نازێکان سەریهەڵدا و کۆتایی پێهات. ئەم بۆچوونەی ئەنگێلا لەمەرت یارمەتیمان ئەدات بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو هەستەی کە ئاڤان سدیق و هاوڕێ هونەرمەندەکانی بەرەو هەڵبژاردنی ژێرزەمینی ساختمانی ئەمنەسورەکە برد، وەکوجێگایهک بۆنیشاندانی کارەکانی ئەم پێشانگایە. هەرچەندە ئەگەر ئەوان مەبەستیشیان ئەوە نەبوبێت، بەڵام بە بۆچوونی من دەکرێت ئەم پێشانگایە وەکو هەوڵدانێك بۆ دەستپێکردنەوەیەکی نوێ بۆ دانوستاندن دەربارەی ڕاومی شارەکە ببینرێت، بەتایبەت لەوەی کە ماناکانی جەستەی کردووە بە یەکێ لە ناوەڕۆکەکانی خۆی.
ئەو ساختمانە تاکو نەوەدەکان ڕاومێ بوو بۆ لیدانی جەستەی مرۆڤ و کەمکردنەوەی بەهاکانی وکۆتایهاتنی ئەو ڕژێمە هاوکات کۆتایپێهاتنبوو بۆ دەسەڵاتی شەرانگیزی ئەو ڕاومە . ئیدی لەو کاتەوە هونەرمەندانی شارەکە دەستیانکرد بە گۆڕینی وەزیفەی ئەو ڕاومە و بۆ جێگای پێشانگاکانی خۆیان بەکاریاندههێنا و لە گەڵ ئەو گۆڕانکاریەدا دانوستاندنیش دەربارەی ڕاومەکە گۆڕدرا، لە ڕاومێکی شەڕانگێز و دژ بە مرۆڤ بۆ ڕاومێکی ئاسوودە ومرۆڤدۆست، لە ڕاومێکی ناشرینەوە بۆ ڕاومێکی جوان.
کارەکانی ئەم پێشانگایە بەمەبەست لە و ڕاومە دانراون، کە مێژویێکی دژوواری لەگەڵ میژوی شارەکە وجەستەی مرۆڤدا هەیە، بەڵام ئەم پێشانگایە هاوکات بەشداریهک بوو لەو هەوڵدانانەی کە درابوو بۆ گۆرڕینی مانای ئەم شوێنە، بەواتایێکی دی شوێنەکەی گۆڕی بۆ رڕاومێک کە تیایدا بەها و ماناکانی جەستە تیایدا بەرزدە بیتە وە، ڕەهەندێکی ئێستاتیکی بە ڕاومەکە بەخشی و یادەوەریێکی نوێێ ئینسانی دا بەڕاومەکە، ئەمەیش بە شێوەیێکی سەرەکی ئەگەرێتەوە بۆ هونەرمەند ئاڤان سدیق وەکو ڕێکخەری پێشانگاکە وخاوەنی بیرۆکەکەی و هونەرمەند زامۆئا داراغا کە بەشێکی گەورەی لە کاری جێبەجێکردنی پێشانگاکەی گردبوە ئەستۆ.
بەکارهێنانی ئەم هونەرمەندانە بۆ وێنە وماناکانی جەستە ومەتریاڵی نوێ ومامەڵەیان لەگەڵ شوێن و ڕاومی پێشانگاکە ناکرێت وەکو لاساییکردنەوە ببینرێت بۆ هونەری هاوچەرخی خۆرئاوا، بەڵکو وەک هەوڵدانێك بۆ خوێندنەوە وسەرقاڵی وبینین ودەرککردن بە ڕوحی کاتەکە، لەسەر روناکی زانست و درککردنی هونەرمەندەکان بە گۆڕانکارێکانی هونەری شێوەکاری پاش جەنگی جیهانی دووەم.
کارە هونەرێیەکان هاوچەرخن و مامەڵەیان لەگەڵ مەتریاڵ و تەکنیک و فاکتەرەکانی ئێستای هونەر کردووە، بە جۆرێك کە (ڕوحی کات) دەپێکن و بەشداری لە نوێکردنەوە وهاوچەرخبوونی ماناکانی ڕاوم و جەستە و مەتریاڵ دەکەن.
هونەرمەندەکان مامەڵەیەکی هەستیارانەیان لەگەڵ شوێن و ڕاومی گشتی پێشانگاکە و ڕاومی تایبەتی ژووری پێشانگاکەی خۆیاندا کردووە و هۆشیارن بە مێژوی ساختمانەکە. دیاره تیشک و مەتریاڵی نوێ و بەرهەمە نویێەکانی دونیای تەکنەلۆژیایان بۆ خزمەتی شێوە و ناوەڕۆکی کارەکانیان بەکارهێناوە بێئەوەی ئازادی هونەری بکەن بە قوربانی بیرۆکە و ناوەرۆکی پێشانگاکە.
تهواو
تێبینی: ئەم پێشەکییە بیرۆکەیە بۆ کتێبێك دەربارەی پێشانگای جەستەی بینراو. جەستەی نەبینراو.
پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری پێشانگا: ئاڤان سدیق.
هونەرمەندەکان : ئە حمەد نەبەز . ئاڤان سدیق . بەهجەت عومە ر . گەیلان عە بدوللە .
رە نج حیکمە ت . زاموئا داراغا.
جێگای پێشانگا : ژێرزەمینی ئە منە سوورەکە / سلیمانی.
کاتەکەی: لە 19 وە تاکو25 ی مانگی 11ی 2016.
پهراوێزهكان
[1]– Monika Wagner:S. 281.
[2]– چەمکی(وێنەی جەستە) لەلایەن هونەرمەند (رێزاننەجیب)ە وەبۆئەم پێسانگایە بەکارهێنراوە.
[3] -Philipp Weiss: S. 7.
[4]-Wilhelm Schmid: S.55.
[5]-Philipp Weiss: S.14.
[6]– Monika Wagner: 281.
[7]– Stephan Günzel
[8]-Angela Lammert: S. 7.
[9]– هەمان سرچاوە
[10]– Markus Schroer: S. 11.
11-Gert Mattenklott. In Topos Raum. S. 162
[12]-Markus Schroer: 32.
[13]-Karlheinz Lüdeking: In Markus schroer . Raum, Orte der Kunst. 293.
[14]– لیرەدا من وشەی راومی ئەڵمانیم لەجیاتی وشەی فەزای عەرەبی وسپەیسی ئینگلیزی بەکارهێناوە لەبەر ئەوەی ماناکە باشتر دەپێکێت.
[15]– Markus Schroer.
[16]-هەمان سەرچاوە.
[17]-هەمان سەرچاوە.
[18]-هەمان سەرچاوە.
[19]– هەمان سەرچاوە
[20]– Stephan Günzel.
[21]– Markus Schroer. S. 278.
[22]هەمانسەرچاوە. ٧
سەرچاوەکان
1. Günzel, Stephan(Hrsg): Raumwissenschaften. Frankfurt am Main2009.
2. Lamm.ert,Angela (Hrsg): Topos Raum. Akademie der Künste, Berlin 2004.
3. Mattias Flügge und Angela Lammert(Hrsg): Raum. Orte der Kunst.Akademie der Künste, Berlin 2007.
4. Schroer, Markus: Räume, Orte, Grenzen. Auf dem Weg zu einer Soziologie des Raums. Frankfurt am Main 2006.
5. Schmid, Wilhelm: Auf der Suche nach einer neuen Lebenskunst. Die Frage nach dem Grund und die Neubegründung der Ethik bei Foucault. Frankfurt am Main 2000.
6. Weiss, Philipp: Körper in Form. Bildwelten moderner Körperkunst. Bielefeld 2010.
7. Wagner, Monika: Das Material der Kunst. München 2001.