داريوش ١٩٥١

داریوش، بانگ به‌ ئاڕاسته‌ی ئاسۆیه‌كی ئازاد


نه‌ژاد عزیز سورمێ

Loading

نەژاد عەزیز سورمێ

داریوش، بانگ به‌ ئاڕاسته‌ی ئاسۆیه‌كی ئازاد

نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

 ئەو ماڵە، ماڵی ئێمەیە گڕی گرتووە..

  ئەوانە ھاونیشتمانی ئێمەن

  دەسووتێن تا بژین و

  دەژین تا بسووتێن

 

 

لە ھەر کوێدا چرا ھەڵبێ

لەترسی تەنیایی بوونە .

ئەی ترسی تەنیایی من !

لێرەدا چرا ڕۆشنە”.

                         داریوش  

 

 

 

 

ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو ، تازە سەروکارم لەگەڵ ( زمانی فارسی)دا پەیدا کردبوو، بە شەوقەوە، ئاسمانپەروەرانە ، ئەوەی دەستم کەوتبووایە دەمخوێندەوە و گوێم لێ دەگرت..

دوای هه‌رای نسكۆ ، کاتێ بە ناچاری کەوتینە ئەودیوو ( ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرێدراو به‌ ئێران ) ، خوولێکیان بۆ فێربوونی زمانی فارسی لە شاری مه‌ھاباد بۆ کردینەوە ، بەو نیازەی ساڵی پاشتر ئەوەی قوتابی بێت لە قوتابخانەکانی ئێران درێژە بە خوێندن بدا. لە خوولەکەدا و لە تێکەڵاوی ھاوپۆل و مامۆستاکانماندا ، بێجگە لە زمان ، ھەلی خوێندنەوە و نزیک بوونەوەمان لە ئەدەبیاتی فارسی زیاتر بۆ ڕەخسا، لەلایەکی دی ئاشنایەتیمان لەگەڵ ھونەرمەندانی بوارە جیاجیاکانی ئەوێ پەیدا کرد ، لە ھونەرکارانی سینەماو شانۆ و شێوەکاری و گۆرانی و مۆسیقا… بەڵام بۆ ئێمەی تەنیاباڵ و دڵشکاو و ئەوێ دەمێ ھیوابڕاو ، لە تۆغیانی گەنجیەتیدا ، گۆرانی و مۆسیقا ببوو بە پەناو سەلوای کات و ساتمان. بەتایبەتی ئەو گۆرانییانەی ئەوسا لای توێژی لاوانەوە دەستاودەستیان دەکردو بۆ یەکدی و بەیەکتریان دەگوتەوە.. نموونەی (گوگوش و سەتتار و مەھەستی و ھایدەی خوشکی و حەمیرا و داریوش و.. تاد.)

بۆ من لەبەر زۆر ھۆ کە ئەوسا و ئێستاش ناتوانم لێکی بدەمەوە (داریوش) لە ھەمووان زیاتر، سەرنجی ڕاکێشام و بەشەوقەوە، گوێم لێ دەگرت.

ئەمەش بەو مانایە نا ، ئەوانی دیم پێ خۆش نەبووبێ ، یا گوێم لێ نەگرتبن ، بەتایبەتی (گوگوش و ھایدە)، بەڵام داریوش لە زیندەبەتاڵی ژیانی ئەوان ڕۆژاندا ، بە گۆرانییەکانی ختوکەی ھەستی دەداین و تاڕادەیەک ، بە پرووشەیەکیش بووایە دڵی بیابانی ئاو دەداینەوە… داریوش لەناو ئاتمۆسفیرێکی خەمبار ، بەڵام ئومێدبەخش گۆرانی دەچڕێ ، پێم وایە ئێستاش لە دوور وڵاتیدا لەناو ھەمان ئاتمۆسفیردا ماوەتەوە و بە ھەناسەیەکی تژی ھیواوە بەردەوامە.

ئێستا ئەو ، کەناری شەپۆلەکانی ئۆقیانووسە ، کەسێکی شادی خەمبارە ، جگە لە گۆرانی چڕین ، نمایشکار و چالاکێکی لە پێشی بواری کۆمەڵایەتیشە ، ڕوانین و ڕوئیای خۆی ھەیە.

داریوشی ئیقباڵی، ناسراو بە (داریوش) لە ساڵی ١٩٥١ لە تاران لەدایک بووە. منداڵی لە شارەکانی (کەرەج و کوردستان “سنە”) گوزەراندووە ، باوکی وەک لە ژیننامەکەیدا ھاتووە ، یەکێک بووە لە دەستڕۆیشتوو و ھەبووییەکانی ئازەربایجان (شاری میانە).

بۆ یەکەمین جار داریوش لە تەمەنی ٩ نۆ ساڵیدا ، لە بۆنەیەکی قوتابخانەدا لە شاری (ئارا) چووەتە سەر شانۆ.

قۆناخی خوێندنی ئامادەیی لە خوێندنگاکانی (فارابی و کەرەج و خوێندنگای ڕازی لە سنە و ئازدگان لە (تارانپارس) بەسەربردووە و بەرنامەو نمایشی ھونەری تێیاندا ھەبووە . ھەروەھا بۆ یەکەمین جار بە گۆرانی (بە من نگو دوستت دارم – بەمن مەڵێ خۆشم دەوێی) ناوبانگی پەیدا کرد.

کاری کۆلاژ – نەژاد عەزیز سورمێ

داریوش لەوەختی (حوکمی شا)دا و بەھۆی گۆرانیە سیاسیەکانی ، نموونەی (جنگل- دارستان، بن بست- بنبەست، بوی خوب گندم- بۆنی خۆشی گەنم، و ھی تر) ماوەیەک خرایە زیندانەوە.

لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامیشدا ، داریوش وەک زۆربەی گۆرانبێژ و ھونەرمەندانی ئێرانی ، وڵاتەکەی بەجێھێشت.

ئەو لەو بارەیەوە وتوویەتی: ( ناچار بووم نیشتمان بەجێ بێڵم… لە سەفەری بێ دیماھیدا ھەوڵ دەدەم لە نزیک ھاونیشتمانیانمدا سروودی ئێرانی ئازاد بم . )

داریوش کە ساڵەھایە دوور لە وڵات دەژی ، وەک چالاکێکی چالاک بەرگری لە مافی پەنابەرانی وڵاتەکەی کردووە و دامەزراوێکی تایبەتیشی بەھێنانەوە سەرڕێی ئەوانە ئاوا کردووەتەوە کە دووچاری ماددە ھۆشبەرەکان بوون ، لەکاتێکدا خودی خۆی یەکێک بووە لەوانەی بەو ماددانەوە موبتەلا بووە ، بەڵام پاش چەندان ساڵ موبتەلایی ، توانی لەساڵی 2000 دوو ھەزاردا بڕیار بدا بۆ دواجار وازی لێ بێنێ.

ئێستا داریوش لەشاری (لۆس ئانجلس)ی ئەمەریکا دەژی ، کوڕ و کچێکی ھەیە (میلاد و بێـتا)

ئەوەی لە ھونەری داریوشدا بەرجەستەیە ، بەڕای من ، ئەو ھەمیشە ھەوڵی داوە (قەسیدە) بچڕێ ئەم خاڵەش وای دەبینم ئیکسیری سەرکەوتنی ئەوە لەپاڵ ئەدا و ستایلی تایبەت بەخۆی ، لێرەدا پێم باشە یەک دوو دێر لەسەر ئەم لایەنە بنووسم:

ئەگەر بڕوانین زۆربەی ھونەرمەندانی دونیا ، ھەمیشە ئەوانەی قەسیدەیان چڕیوە ، تەمەنی کارەکانیان زیاتر بووە و زۆر جاریش بە نەمری ماونەتەوە، بە ھونەرمەندانی خۆشمانەوە. ڕاستە ئاواز گرینگە ، بەڕادەیەک تەواوکاری تێکستی گۆرانییە، بەڵام دیسان چەندی ئاواز جوان و نزیکە ھەست بێ بە شیعری خراپ وێران دەبێ.

لەم ڕاستەشدا مەبەستم لە قەسیدە ، ئەو شیعرانەن لە بنەڕەتدا وەک قەسیدەی سەربەخۆن ، نەک بەنیازی گۆرانی نووسرابن.

دیارە ئێمە کە باسی قەسیدە دەکەین ، ئەوە ناگەیێنێ لە بەھای ئاواز و دەنگ و ئەدا بۆ گۆرانی کەم دەکەینەوە ، ھەر گۆرانییەک یا بە ھەندی وەرناگرین.

لە ھەموو ئەمانەدا و لە ھەڵبژاردنی خودی (قەسیدە)شدا داریوش سەرکەوتوو بووە ، سەرەڕای ئەوەی ھەر لە سەرەتای ژیانی ھونەریدا ھەوڵی داوە ستایلێکی تایبەت بەخۆی لە ئەدادا ھەبێ.

ئەو ، شیعری شاعیرانی وەکو (ئیرەجی جەننەتی عەتایی و ئەردەلانی سەرفراز و فرەیدوونی موشیری و شەھیاری قەنبەری و سیمینی بەھبەھانی و مینایێ جەلالی و شاعیرانی مەزنی وەکو جەلالەددینی ڕۆمی و حافزی شیرازی تەنانەت باباتایەری ھەمەدانیشی) بە سەبک و ستایلێکی فەنتازیاپۆش و ئاھەنگداری ئەوتۆوە کردووە بە گۆرانی ، وەک وتم لەکەناری ناوەڕاستی شەپۆل دەچن ، دڵنیاکەرەوە و ئارام و ئومێدبەخش و سەلواھێنەر…توحفەی لێ دروست کردوون.

کاری کۆلاژ – نەژاد عەزیز سورمێ

وەکو خۆم ، دوای گەڕانەوەمان لە ئێران ، لەو کاتانەی بۆ عەرەبستان دوورخرابووینەوە ، جارێکی دی چەند کاسێتێکی داریوش لەو بێ یاوەری و بێ ئاودەنگی و تەنیاییە کوشندەیە ، باشترین و نزیکترین یاوەرم بوون .

ھەر ئەو کاتە ، ناوەڕاستی حەفتاکان ، ژمارەیەکیانم لە کاسێت گرتنەوە و کردنم بە کوردی لەگەڵ چەند شیعرێکی دیکەدا لە دووتوێی چاپکراوێکدا سالێ 1980بڵاوم کردنەوە.

بە یادی ئەوان ڕۆژان و ڕۆژانی پێشتر ، ئەم چەند گۆرانییەشم (بۆ خۆم) وەرگێڕاون ، پێم خۆش بوو ئێوەش لەگەڵمدا لە خوێندنەوەیان بەشدار بن .

 

 

چاوی من

چاوەکانم!

وەرن ھاوکاریم بکەن

گوناکانم وشک بوون ، کارێ بکەن !

لەگرین بەدەر ،

مەگەر کارێ بشێ بکرێ ؟

کارێکمان لە دەست نایێ ، شێوەن بکەن ..

ئەوەی ڕۆیی، ئیتر ھیچ كات نایەتەوە

تا قیامەت دڵی من گریانی دەوێ .

ھەرچی دەریای خوا ھەیەتی لەسەر زەوی ،

بە تەواوی ھەوری ئاسمانانەوە ..

خۆزگە ھەمووی بدابووایە چاوی من

تا چاوم  بۆ حاڵم بگرین  .

ئەوەی ڕۆیی ، ئیتر ھیچ کات نایەتەوە

تا قیامەت دڵی من گریان دەخوازێ .

حیکایەتی ڕابردووی خۆشی من

زۆر زوو ،

وێنەی خەونێ

تەواوبوو  ..

ئێستا دەبێ دەست لەچۆکان وەربێنم

تا قیامەت ، ئەشکی حەسرەت ببارێنم .

دڵی ھیچ کەس ،

کاری کۆلاژ – نەژاد عەزیز سورمێ

وەک دڵی من خەمی نییە

وەک من غوربەت و ماتەمی نییە

ئێستا ، کە گریان دەرمانی دەردی منە

بۆچی چاوم فرمێسکی کەم دەردەدەن ؟

خۆری ڕوناهی ئێمەیان دزی و

خستیانە ژێر ھەورە چڕەکانەوە ..

ھەموو جێ ، ڕەنگی ڕەشی ماتەمە

دەرفەتی مانەوەی ئێمە زۆر کەمە !!

ئەوەی ڕۆیی ئیتر ھیچ وەخت نایەتەوە

تا قیامەت دڵی من گریانی دەوێ ..

چارەنووسی چاوەکان ،

کوێر نایبینێ ..

زامی خەنجەر

لەسینەدا دەمێنێ..

لێوی بەستراو

سینەی نوقمی خوێن..

ئا ئەمەیە

حیکایەتی غوربەتی مرۆڤ

ئەوەی ڕۆیی ئیتر ھیچ کات نایەتەوە

تا قیامەت دڵی من گریان دەخوازێ…

 

 

 

شەترەنج

لەپشت پەردەوە بڕوانە !

ڕۆژگار وه‌كو شەترەنجە

ھەرکەسێ وێنه‌ی داشێک

لە گەمەکەدا دەمێنێ

یەکێ وەک ئێمە پیادە

یەکێ سەت ساڵە سوارە

یەکێ بێ ماڵ و بێ حاڵ

ئەوی دی خێوی دوو قەڵا

لایەک ھەموو ڕەش

لایەکەی دی سپی

تەمەنێکە لەملی یەکترین

خەریکە یاریمان پێ دەکەن ..

ئەوان یەکەمین یاری

لە ماڵی من و ماڵی تۆدا

بە سمی ئەسپی دژمنان

ئەو ھەموو سەربازەیان

پێشل کرد..

ببینە ئەمڕۆش

لەناو یاری

پاشا و وەزیراندا

ھێشتا بێ جوولە

کاری کۆلاژ – نەژاد عەزیز سورمێ

لە پشتڕا ،

سەنگەرمان لێ دەگرن ..

تەخت و تاجی پاشای دوێنێ ،

لە قەڵایاندا نامێنێ ..

بە خەیاڵیان ئەو تاجەیان

تا ھەمیشە ،

بەسەرەوە دەمێنێ ..

لەبیریان چووە ، ئەو پاشایەی

بەسەت داش نەشکا

لەشکری پێخواسان

لە مەیدانێدا

توانییان تاجی لەسەر بکەنەوە ..

ئەوەی گاڵتەمان پێ دەکا ،

ئەوەی پێمان پێدەکەنێ ،

ئەوەیە ئەو داشانەی

بۆ تاشیوین  .

ئەوەی نە پاشایە ، نە سەرباز

نە ڕەشە ، نە سپی ..

بڕوانە..

لە پشت پەردەوە بڕوانە !

 

 

 

گووڵی سوور

دڵم وێنەی دڵی تۆ خوێنە گوڵی سوور !

چاوم دەریای بارانە ..

گوڵی سوور !

دڵشکاندن ، وێنەی مردن دەمێنێ

لێ دڵبەستن ئاسانە ،

گوڵی سوور !

گوڵی سوور !

دەردی من یەکە ، دوو نییە

ئاخر دەردی من ،

لە بێگانان نییە ..

کەسێ خوێنی منی ؛

لە لەپی دەست وشک بووە

یەک ھەناسەیش

لەمنەوە جودا نییە ..

گوڵی سوور، ئای گوڵی سوور !

گوڵی ھەمیشە عاشق !

گوڵی سوور !

ئەمن لێرە زۆر غەریبم ..

ئاخر لێرە کەس ،

عاشق نابێ !

خەمی دڵنەوایی عەشق

لە ڕەگەزی چیایانە

دڵوێرانی من ،

لە ڕەگەزی شووشە ..

گوڵی سوور !

دوا عاشق تۆ بووی

تۆ مردی ،

لەدوای تۆ

عاشقاتی مرد ..

تۆ دوا سەراب و عەشق و حەسرەتت

لەناو گوڵخانەکانی بێکەسیی برد ..

گوڵی سوور، ئای گوڵی سوور

گوڵی ھەمیشە عاشق !

ھەڵاتین و ھەڵاتین و ھەڵاتین

بەشەوی پڕ لە سەربوردە گەیشتین

چارەنووسمان ئاڵۆز بوو ،

ھەڵاتین ..

بەڵام دواجار یەکترییمان بڕییەوە .

گوڵی سوور !

شوێنی تۆ دەشتی خودا بوو ،

نە گوڵدان ..

نە لەنێو چیرۆکاندا بوو .

ئێستا تەنیا

ڕواڵەتێک لەتۆدا ماوە

کە سەرکردەی مۆمی  عاشقانی..

گوڵی سوور، ئای گوڵی سوور !!

گوڵی ھەمیشە عاشق

گوڵی سوور

گوڵی ھەمیشە…

عاشق…

 

 

زیندانی

وەختێ کە

دڵ تەنگە ،

سوودی چییە ئازادی ؟

ژیانێ کە زیندانە ،

وەختێ کە نەبێ شادی

ئادەمزادی غەمگین ،

دنیای لێ زیندانە ..

لەناو سەت ملیۆن

دیسان تەنیا دەمێنێ ..

دنیای زیندانێ دیوارە

کاری کۆلاژ – نەژاد عەزیز سورمێ

زیندان لە دیوار بێزار ..

باڵدار کە باڵی دەسووتێ

دڵی خەم بە حاڵی دەسووتێ

ئاخر مەرگی  بۆ ئازادییە

باڵدار کە باڵی دەسووتێ ..

ئادەمزاد کە شاد نییە

بە خودای ئازاد نییە

ژیانی دەبێتە زیندان

ئادەمزاد کە شاد نییە ..

دنیای زیندان دیوارە

زیندان لە دیوار بێزارە

بۆ کوێ بچن پەڕەندە؟

ھەوای قەفەس کوشەندە

دەرەوە پڕ لە دڕندە

بۆ کوێ بچن پەڕەندە؟

دنیای زیندان دیوارە

زیندان لە دیوار بێزارە ..

 

 

گوناھی منداڵان چییە؟

 

گوناھی زارۆیان چییە ،

لەم سەتەی شێتیەتی

کە بە بێ دەنگ ،

لەناو مەشخەڵی جەنگ و خوێن

ھەڵدەوەرێن..؟

گوناھی مناڵان چییە

پەنایێکیان نییە

شەوانە بە حەسرەت و قین

سەریان دەخەنە سەر سەرین؟

  گوناهی منداڵان چییە؟

دڵگیرم لە دونیایێ

نوقمی شەوی بێ دواییە

دونیای تاڵی ،

ھێشتاکە

یاری دەستی لاسارانە.

ھەر کەس بەناوی ئەمنییەت

جیھان خڵتانی خوێن دەکا

لایەلایەی ھەر منداڵێ ،

دەنگی بۆمبا و ساچمەیە…

گوناھی منداڵان چییە ؟

کە دونیا ئەوەندە ڕەشە ؟

کە شەڕ و ھەژاری و بێکەسیی

چارەنووسی تاڵی میللەتانە..؟

کەی دەبێ؟

کەی دەبێ بایەقۆشی شوومی نەداری

لەم جیھانەدا پەڕ باوێ ؟

سایەی ئازادی و عەشق

ڕووی زەمین دابگرێ ؟

کەی دەبێ؟

لە ئاسماندا

بارانی شادی ببارێ ؟

فریشتەی میھر و ئومێد

پا بخاتە سەر ڕووی زەمین..؟

ئەی منداڵی بێ سەرزەمین !

شەو ڕادەكشێ ھێزە بدە خۆت !

چڵی گوڵ

لە لوولەی داغی

ڕەشاشان ڕاکە!

ھێزە بدە خۆت !

ئەی منداڵی بێ سەرزەمین ..!

ئاماژە:

* گۆرانییەکان لەبەر (کاسێت و سیدی)یە بڵاوکراوەکانی داریوشەوە کراون بە کوردی.

* بۆ ژیانی ھونەرمەند، لەوەی پەیوەندیی بە بایۆگرافیاوە ھەیە، سەیری چەند سایتێکی فارسی کراوە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌