نەخشەسازی بەرگ: ئەحمەد ئیسماعیل وێنەی بەرگ: ئاسۆ کەریم

کتێبی نا


Loading

چیرۆكنوس دابان عه‌تار
ناونیشان: کتێبی نا
 دابان عەتار
نەخشەسازی بەرگ: ئەحمەد ئیسماعیل
وێنەی بەرگ: ئاسۆ کەریم

 

 

 

بەرکوڵ

 کات لە شیعردا دەبێتە وشە، وشەش هەرشتێک خەیاڵ بیخوازێ. خەیاڵ لە زماندا ڕوودەدات و کات لەزماندا درێژدەبێتەوە… شوێن دەبێتە کات و هەرشتێک دەبێتە هەرشتێکی دیکە، شیعر سەمەرەی بوونە!

ئەمە پڕۆژەیەکی شیعرییە، لە سێ بەش پێکدێت، بەشی یەکەم (زریان)ە بەشی دووەم (خەڵوەت)ە، بەشی سێیەم (گۆرانی شار)ە…

هەر سێ بەشەکە پێکەوە کتێبە شیعریەکە پێک دەهێنن، کە ئێمە لێرەدا بەش بەش بڵاویان دەکەینەوە…

لەبارەی ناوی کتێبەکەوە مەگەر پێشنیازی خوێندنەوەی کتێبەکەتان بۆ بکەم.

لێرەوە ڕێ بەخۆم دەدەم هەر بەشەی پێشکەشی کەسێک بکەم.

 

 

 

بەشی یەکەم

( زریـان )

*پێشکەشە بە (ڕەزا عەلی پوور)

هێنری لوتریك تولوزه‌؛ژنێك له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا -١٨٩٧
Woman before a Mirror
1897
Henri de Toulouse-Lautrec

نم نم ڕوو لە ڕووگەی ئەوینم دەبارێم، دەڕژێمە وێستگەی گەیشتن و سەرخەوێک لەباوەشتا دەژیمەوە. نم نم زەنگی تۆ دەژەنم و تەڕیم ئارەزووی بینینتە. لە دوورەوە دەگریم بەسەر ویشکەساڵی پشتهەڵکردنت لە ویستی باوەشێکی نێژراوم، نێژراو لە ژاراوی ژووری یەک ئاوێنەی پۆڵاینی خۆپەرستیت. دڵۆپ دڵۆپ شەپۆلم بەرزکردەوە تا شەپۆلی شێتی، تا بەردەم ئاوێنەکەت هاتم و شکام و ئاوێنەکەت درزێکی هیوای تێ نەبوو، درزێک جوانیت دزێو بکات و

بگەمە سەرەتای ڕێیەکی نوێ، سەرەتای هەوڵێکی ئارامی دوای زریانی بێهیوایی، ئارامی هیوای درزبردنی غروریت.

لەناوتا بام

لە تاوتا تام

لەچاوتا تام

لەگەردەنتا بئاڵابام

لە لێوتا گەر ژیابام

سنوورەکانیش دابخەی من کوڕی بام

پارچەم شێواوە

پەشێواوە لەبەر پەرچەمی شێواوت*

شێوەی شاری ڕژانم

شکانی شکۆی زریانی تامەزرۆییمە

ئەی ئاوێنە

                                * لە شیعرێکی نالییەوە بە دەستکارییەوە

بەردەوام دەبم لە بارینم

تۆیش بەردەوام بە لە دزێوکردنی جوانێک لە گۆشەی خودپەرستییەوە، سەرەتا نم نم ئەوینم باراند

نم

نم

نیازم پشوودرێژبوو

بێهیواییت کردە هاژوهوژی هاواری تووڕەیی

ڕەق ڕەق ڕقت خزاندە “با”مەوە

تەق تەق چەکوشت کێشا”نا”تەوە  وووووو

با

لوورە لووری بەگوێمدا دەدا

هێشتا دڵۆپ دڵۆپ ئارامیم دەژەنی

هەناسەیەک منت هەڵنەکێشا

تیرێکت لە نیشانم گرت

پشتت کردە ڕژانی سووریمەوە

پەرشبوومەوە نێو پرچی خاوت

پەتێکت خستە گەرووی قەترانەوە

گیرۆدەی کەلەپچە

هەزارساڵی دی شکام

هەزاران هەزار جاروبار

ڕ
ژ
ا
م

جارجار خەیاڵی پەرچەمێک دەباریم

باری ڕەهێڵەم تێکەڵی زریان

بەژێی تاڵەکانتەوە حەیران

حەیران حەیرانە

دەرمانی دەردە زۆر غەریبە

ئینتیزاردەکا

ئینتیزاری و مەرگ دوانەن

من و تۆیش نەگەیشتین

من دادەبارێمە سەرت و

توانای تەڕکردنتم لەرزۆک

لەرز لەرز

قەمسەڵەکەم بەشانتدا دا و لەرزی!

شانت هەڵتەکاند

هێنری لوتریك تولۆزه‌؛ ژنه‌ك گۆره‌وویه‌ ته‌نكه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كێشێت- ١٨٩٧

بەربوومەوە ژێر پێیەکانت

هەڵماندمت

سێبەری هەورەکە بووم بە سەرتەوە

نەمدەوێرا داکەم

دەترسام سەرما سڕت بکات

گرمۆڵەبووم و چڕبوومەوە

با

ئای با چۆن یاری بە چارەنووسی دڵۆپم دەکا

ئەوڕۆژەى ملپێچەکەتی برد و منی خستە هەڵفڕین

با

خستمیە بەردەمی

نا

نا نا نا کاسم، کاست کردم

کاسەمت لە کاسەدا ڕژاند

ئەی ئەزیزی دڵى با

دەبمە جەنگاوەر

بەرەوڕووی نا کان با دەبم

با دەبم و زریان هەڵدەکەم

تووڕە و تۆسن

گڤەم تۆڵە لە پەرچەمت دەکاتەوە

وژەم ئێسقانت

نا!

نانانا… ناتوانم!

ئێسقانەکانت ڕادەمووسێ

هاڕین چارەی ئەم ڕقە پەتییەم ناکا

چەتر دەستەکان هەڵناواسێت ئیتر

باران نابێتە بیانووی کۆبوونەوەی سەرەکانمان لەژێر یەک سەقف

دڵ قوتوویەکی ڕژاوە، کۆناکرێتەوە بێچارەییم

بەردەوام دەڕژێمەوە و بەچارەی خۆمدا دەپژێم…

هەبوو نەبوو هیچ لە ئاوازی ئەم سەرمایەی نێوانمان بەستەڵەکتر نەبوو، پیاوێک خۆی دایە دەست با و ژنێک ڕژاندیە نا وە، یان نا، ژنێک بووە با و پیاوێک خۆی کردە کۆلارەیەکی دەزووپچڕاو و و و…

پیاوێک گوێی نەدا بە گریانی منداڵی و بەدوای بادا ڕەدوو کەوت، کڵاوە بابردووەکەی هیوایەکی شێتانەی تیابوو. جادووباز هەمیشە سەرسامی لە کڵاوەکانەوە ناهێنێتە دەر، فێڵەگەورەکان دەیخرۆشێنن و هەمیشە هیوای گەیشتن بە گەورەترین فێڵ فریوی دەدا…

وەک چۆن جوانیت فریوی دام و دوای کڵاوەکەم کەوتم، کەروێشک نەبوویت دەرتبێنم

پەنجەی لاوازم شەڕی شەپۆلی سەرشێتانەی ناوەوەمی پێ ناکریت

ئەم زریانە بە من ناژەنرێ

لەم تۆفانە ناوەکییە یاخی دەبم

تلۆردەبمەوە خەڵوەتی ڕامان

ڕووگەم بەرەو سروشت

دەچەرخێ

دەچەرخێنم خلۆکەی سەری خوارم

خواروخێچی تابلۆی پێکەوەییمان

شپڕزەی فریوی جوانیتم

جوانیت چەند تووڕەهاتانە چەقییە چاومەوە!

ڕژام، ڕاژام، ڕامژەندە ژێرپێی بێمروەتیت

غروریم

درزت خستە بەردی سینەمەوە

گوڵ چرۆی کرد و بوومە دارستان

نات گڕبوو تێکەڵی با

گڵپەم لەهەناوی خۆم کردەوە

هەناسەی ئاگرینم بردەوە بەر تا دەرونم سوت

بەناڵە تا دڵت سەخڵەت*

سەخڵەت بووم

سەخت سەختە ببی بە تۆزی بەرپا

تۆزی بەرپا بووم و لەبەر با بووم

تەپ تەپ تەپ

پێت بە دڵمدا نا

نانانا دڵم لەبەرپێتا دانا

داناییم ڕژاند

لە دیدی خۆمەوە بوومە خووڕەم

لەدیدی تۆوە بوومە قەزەم

                       * لە شیعرێکی مەحوییەوە

Henri De Toulouse-lautrec / ‘woman Sitting On A Divan’, 1882, Oil On Canvas, 55 X 46 Cm. is a painting by Henri de Toulouse Lautrec -1864-1901

قەوزەی غرور پێی لەسەر بیناییت دانا

هۆ تیرهاوێژ! هۆ!

نا کانت ئامانجەکەتیان پێکا

هۆ… هۆ…هۆ ئەو جوانییەی ئامانجەکانت شیتەڵ ناکرێن بەسەر هۆکارەکاندا

هۆکارەکانم زۆرن بۆ لادان لە تۆ، وەلێ گوڵەبەڕۆژە بەدوای هۆکاردا ناگەڕێت بەڵکو بەدوای خۆردا…

سینگمت کردە دەهۆڵ

تۆپێک لە ناوەوە خەریکە بتەقێت

زەنگی مەرگت لێدا

لەسینەمدا:

تۆپێک تەقی!

زەوی لە ناوەوەی مندا

بە ئاڕاستەی نیگات دەخوولێتەوە

زەویم دەبێت بە باران

ئاسمانم بەسینگی تۆ

منیش خۆزگەی ئەستێرەیەکی کشاو

منیش بزەی لێوێکی تۆراو

تۆ ڕاوی ئەستێرەی کشاو

باوەشێک لەم دوگمانەت بترازێنە ئاسمانەوە

نیگام کشاوە بەسەر خاڵی سێوتەوە

هەنارێک پێمدا دەتەقێتەوە

سووریم شەقامەکان ئاو دەدا

پێ بەسووریمدا مەنێ

پەنجەریەک بخە دیواری ڕازتەوە

کۆترێک باڵ لە نیگات دەکوتێ،

ببیستە!

باڵەفڕکەم ڕازی گەیشتنە ئاسمانتە

شیعرم چزانە بە گڕدا

یەخەی شیعرم مەدڕێنە

با سێو لە خەیاڵمدا نەڕزێ

ناوێرم زۆر سەرنجتدەم

نەکا خوێنی هەنارێک بڕژێ

ڕاتژاندمە کەنارت

بە نیگات

کەوتمە بەرپێی نیگارێکت

خەندەت خستە دەمی چاومەوە

زایە جۆگەلەی کەناری ڕوومەوە

دەمێکە وێڵی وشەیەک لەشیعرێکدا بەستراومەتەوە

دەکرێ تەقینەوەنووسبم و ئەم زریانە بۆمبێک بێت:

لەمێژە چاوەڕوانی ئەوەم رۆژێک نامەیەک پێمدا بتەقێتەوە، وادەی مەرگی ئەم چاوەڕوانيیەم هەر نەهات و نەهات. حەزدەکەم چاو لە دێری نامەیەکدا ڕاکشێ;  وشەیەک، ڕستەیەک، پێیدا بتەقێتەوە، بۆ نمونە “بیرت دەکەم” بارووتێکی باشە بۆ دڵپژان…

من لەبارەی خۆشەویستیەوە نازانم و ناتوانم بدوێم، بەڵام دەزانم کات شکستی هێناوە بەرانبەر نەهاتنی بۆمبەکانی دڵێکی شێت.

بیرم لە نەوڕەسەکان دەکردەوە، چۆن وەرزەکان دەخەنە ژێر پێی باڵەفڕکەی سەفەر، من شەیدای فڕینێک بووم و ڕاوچیانە خۆم دایە بەر فیشەکی خۆخەڵەتاندن…

شووشەیەک گوڵاو فڕێدە مێرگوزاری سینەمەوە ئەی باڵندەی لاسار…

تاکەی ماندوونابیت لە فڕین و هەڵاتن لە منی خۆتاشراودا؟!

هینری لوتریك تولوزه‌ -خۆشتن ١٨٩٦-
Washing
1896
Henri de Toulouse-Lautrec French

دندوکێک ئاو بەدەم، بەدەمی سەحرای تەنیاییمدا بتەقێنەوە با جوودایی هەپڕون بێت و دڵم بڕژێتە تۆوە…

باڵەفڕکەی چیتە ئێرە دەکەیت بە شیوەنی کۆچ؟

ئاسمان ساردە

وەرەوە باوەشم

کە ئاگردانێک لە سینەمدا

پەنجەرەیە بۆ ئازادیت

داخستنی دەرگا

بەڕووی مندا

با

ئەبەدی نەبێت

با ئەم زریانە هەموو شتێکم تێک نەشکێنیت

منداڵانە دەمەوێیت

منداڵانە یاری بە قووڕی هەستم مەکە

لە کەللــەی شیعرمدا پرسەیەک ڕژاوە

لە خوورپەی دڵمدا کوێرانە خودکوژی ئەڤینت شانەی ئەم نایانەت دەکا

ئاسمانم کەوتە نێو دەستەکانتەوە

گیانەڵامت نەلاوانەوە

دندوکم نینۆکەکانتیان پڕ کرد لە ژەندنی

ماچ

چڕنووکت هەستمی بریندارکردەوە وە وە وە

چڕنوکی وشەت چەقاندە دڵمەوە

خوێنت زاندە چاومەوە

زریانێك سوورت کردم

ژیانێک وەنەوشەیی

زریانێک خۆڵەمێشی تابووتم

بزماررێژراوم

ئاسمانی تابووتم تاریک

زەوی زاری زاری و تۆفانمە

زەریا سنوری شارمە

شار بەسەردا ڕما

شارت ڕماندە منەوە

هاڕیمتە “نا”تەوە

گڵۆڵەتکردمە “با”تەوە

پەرشبوومەوە کەناری پێیەکانت

تەپەت لە تۆزم هەستاند

بە فووتدا بردمە تاریکیمەوە

زستانت تێ خستم و هەڵتدامە بەستەڵەکی وشە هارەکانتەوە

زەردەواڵەی وشەت پێمدا چزاند

جزززززز هەڵتکڕوزاندمە سەهۆڵبەندانی زەمهەریر

ئەوەندە تەنگ و ناخۆشت کرد دونیا

هاوارم بۆ دەرچوون

ئەگەرچی بۆ سەقەڕ چین*

توڕەتر

توڕەتر لە تۆفان

شێتانەتر لە ڕەشاوی با

ڕەشەبام تووڕهەڵدا

زریانم بێهوودەبوو نەگەیشتە پا

هەزارانجار دەمردمەوە و نەبوومە “با”

هەزاران جار بامت شەقکرد بە قەمەی “نا”

سەرم دانا لەبەر پاتا

خولامەوە و خولامەوە بەباڵاتا

نەبووی بە “با” نەبووی بە ئا

*                                 لە شیعرێکی مەحوییەوە بەدەستکارییەوە

 

تابلۆکانی ناوەوەی لەلایەن کولتور مەگەزین دانراوە. تابلۆی نیگارکێشی ئیمپریشینستی فەڕەنسی هنری لۆتریک تۆلۆزە (١٨٦٤ – ١٩٠١) 

هنری لۆتریک تۆلۆزە (١٨٦٤ – ١٩٠١)

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌