ڕوناکبیران، لەژێر هێڵی هەژاری زەبوونی دا
نیگار نادر
لە جیهاندا بە تێوەرسوڕانی هەر سەردەم و سیستەمێک بە هاتنە کایەی هەر گۆڕانکاری و شۆرشێکی ، سیاسی ، هزری ، زانستی و تەکنەلۆژی ، هزرمەندان و ڕوناکبیران سەرباری چەشتنی جۆرەها ستەمکاری و ئەنجامدانی جۆرەها بەرەنگاری، بەڵام جێهزریان بەسەر گۆرانکاریەکانەوە ڕەنگیداوەتەوەو پێگەیان نەسڕدراوەتەوە هەروەها توانیویانە هێڵی نەبەزین و زیندومانەوەیان بپارێزن، هەتا سەردەمی لیبڕالیزمی نوێی ئابووریش کە کۆی کایەکانی ژیانی وەرگێراوەتە ناو ژمارەو دراوەوە ، لەگەڵ ئەوەی تەکنەلۆژیاش هەموو لاپەرەکانی کۆکردونەتەوەو کۆی ژیانی خستۆتە ناو شاشە دیجیتاڵەکانەوە ، بەڵام هەر تەواو نەیتوانیوە ببێتە هۆی بەلاوەکی دانان و زەبوونی و زیانباری و مەرگی سەرتاسەری ڕوناکبیرەکان ، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە سودمەند بوون لێی .
گومانی تێدایە نییە کە، کولتوری ڕوناکبیری کورد هەمان شێوەی کولتوری سیاسەتکردنی کورد ئاوارتەیە ، بەڵام سەرنجدان لە نەخشەی ڕوناکبیری لەدوای ڕاپەرین لە جێگای خۆیەتی، چونکە خۆبەرێوەبەردنی کوردستان و سامانداریەکەی، لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا گەشەکردن و گۆڕانکاریان دروستکردوە، بەڵام ئەوەی جێگای هەژەندە ، تەنها گروپێک لە ڕۆناکبیران ژیانێکی ئاسودە و فەراهەمکراویان هەیە و بەرهەمەکانیان ئاسان چاپدەکرێن و وەردەگێردێن و دەفرۆشرێن، لە هەمانکاتدا زۆربەی زۆری ڕوناکبیران کەوتوونەتە ژێر هێڵی زەبوونی یەوە ، ئەوەی سەرسورهێنەرە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریە ژیاریانە هەموو شتێک بۆوەتە بازار، بە تەنها بەرهەمی بیر نەبێت ، رۆشەنبیران زۆر سەخت و بەدەگمەن دەتوانن بە دەرامەتی بەرهەمی بیری خۆیان بژین، ئەو هەراج و هەرزان بازارەی کتێب و هونەر ڕوویەکی زۆر نەشازە لە شارستانیەت دا ، ئەو شەپۆلە لاوەکی و هەرەمەکیەی وەرگێران لەزمانی بیانییەوە بۆ سەر زمانی کوردی هیچ ستانداردێکی کولتوری نییە، ئەو هەموو دەزگا چاپەمەنیە ئەجەنداو باگراوند تەمومژاویە ئاسایی نییە.
لە جیهان دا ڕوناکبیران دەستیان هەیە لە پرۆسەی مرۆڤسازی و نەتەوەسازی ،لەبەر ئەوە ئایا ئەرکی ڕۆشەنبیران نییە کە لە ئێستادا دروست ڕابمێنن و بهزرن، لەو باهۆزە گشتگیر و ترسناکەی بە بازرگانی و بە سیاسی کردنی هەموو ژیان، هەروەها پشتگوێخستنی ئاوەز لەو کۆمەڵگەیەدا؟ ئایا پێویست نییە ڕوناکبیران هەڵوەستەو هەڵوێستیان هەبێت دەربارەی دابەشبوونی ئیتیک و ڕەفتار و ئاکاری ڕوناکبیری بەسەر سێکوچکەیەک دا، ئەویش سێکوچکەی( زەبوونی، زارچاو ،زەباندن) ە.
هەروەتر بە قووڵی تێهزرین و بە ڕاستگۆیی پەنجە لەسەر خەوش دانان ئەرکی سەرەکی ڕوناکبیرانە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەوڕۆ لێرە ئەزموونی دەکەین ، کۆی چەمک و کۆنسێپتەکانی سیاسەت ، زانست و هونەر و رۆشەنبیری، چڕو کورتکراوەتەوە ناو هەمان سێکوچکەی( زەبوونی، زارچاو ، زەباندن) بەتایبەتیش لە مێدیا و سۆشیال مێدیاکاندا، بەو مانایەی کۆمەڵگەیەکی مێدیایی چێبووە، پێودانگەکانی میدیا و سۆشیاڵمیدیا ،تەواو جێگەی هزرو کولتوریان گرتۆتەوە و بە ناڕاستەخۆیی بونەتە جێگرەوەی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن و تەواوی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن.
ڕۆژانە دەبیستین زۆربەی زۆری هاوڵاتیان بە هەمان زمان و دەستەواژەی میدیا و سۆشیالمێدیا قسەدەکەن ،ئەگەر بتەوێت زمانێک ،جیاوزایەک بدۆزیتەو،ە لەنێوان ڕوانگە و هەڵوێستی رۆشەنبیرو سیاسی و ئەکادیمیەک دا گەلەک دەگمەنە، چونکە هەمان ئەو زمان و ڕوانگەو گفتانە دەبینی و دەبیستی کە هەموو کەسێکی ئاسایی لە جێگەی خۆی لە مێدیا و سۆشیال مێدیای کوردی دا رۆژانە دوپاتیدەکاتەوە.
ئیستا دەبێت ئێمە لە کوردستان وردتر لە پرۆسەی مرۆڤساز ، کولتورسازی بڕوانین، بەتایبەت لە بواری ڕۆشەنبیری دا ، بزانین چارەنووس و بۆشایی نێوان سێ نەوەی جیاواز لە رۆشەنبیران چیان بەسەر هاتووە، هەروەها چ سەنگ و سەکۆیەک کۆیاندەکاتەوە ، لە ڕاستیدا ئەوەی نکۆڵی لێناکرێ ئەوەیە کە دەبینین داڕمانێکی کولتوری سەریهەڵداوە، یەک لە نیشانەکانیشی ئەوەیە کە سەرمایەیی مرۆیی ، داهێنان و پێشکەوتن و کولتورسازی بە تێکڕایی کورتکراوەتەوە لە ناو سێکوچکەی( پارە و پۆست و پۆشتەیی) دا.
وردرتر بڕوانین دەبینین یەکەمجارە لە مێژووی کوردا کێرڤی نوسین و خوێندن و چاپکردن هێندە هەڵکشاوە ، وەرگێران و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەو کتێب بێئەژمارە لەسەرچاوە ، زێدەرۆیی و مەسرەفگەرایی لە زمان دا گشتگیرە، ڕەخنەگرتن و تێکشکاندنی کەسایەتی بێزەوەرە، هەتا گەیشتۆتە ئاستی تیرۆری هزر و تیرۆری کەسایەتی .
ئەگەر هەوڵی کەسی و بچوکیش هەبن لە تێهزرین و داهێنان، ئەوا یان زەبوون ترسێ دەکرێن و یان پشتگوێ ، لەبەر ئەوە دەکرێ بێژین کۆی پێکهاتە رۆناکبیریەکان و کۆنسێپتی ڕۆشەنبیری ئەو کۆمەڵگەیە بریتیە لە ئاوەزێکی کوردانەی داهێزراو، زمانێکی وەرنەگێردراو بۆسە زمانەکانی تر و چەند ژانرێکی نەخەمڵیو و قەتیس ماو.
ئەوەی ڕوونە ئێستا ئەو کۆمەڵگەیە بە قەیران تەنراوە، کە گەورەترینیان قەیرانی نەخەمڵینی هزری نوێ و قەیرانی سوانە، ئەگەر بڕوانی هیچ شتیک نەماوە نەسوابێ، بەو مانایەیی هەموو شتێک دەهێندەی خۆی بەکارهێنراوە و نەیتوانیوە نە خۆی نە هیچ دۆخێک بگۆڕێت، هیچ شتێکی نوێش نەڕسکاوە بەتایبەت لە بواری و نوسین و ڕوناکبیری دا ، ئەوە بەڕاستی هەم زام هەم کارەساتێکی کولتوری و کەنەفتیەکی ڕوناکبیریە.
ئەگەر وردتر بڕوانێ تا ئێستاش دۆخی ناو دەزگاکانی چاپ و ناوەندە ڕوناکبیریەکان هاوشێوەی دۆخی خاڵی پشکنینەکانی نێوان هەولێرو سلێمانی یە، بۆ نموونە جیاوازیەکی کولتوری و بۆشاییەکی بەرین هەیە لەنێوان هەولێرنشین و سلێمانی نشینی دا، ڕق و کینەسازی ، کۆکنەبوون و دابەشبوون بەسەر حیزبەکاندا، نەخشەی ڕوناکبیری ئێستایە، لە وانەش پڕخەوش تر بانگەشەی چاپنەکردنی شیعر لەدەزگاکان دا دەکرێ.
ئەو زەبوونی و کەنەفت بوونەی ڕوناکبیران دەرئەنجامێکی ترسناک نیشان دەدات ئەویش دروستبوونی تەلاری بڵند و بڵندو مرۆڤی نزم نزمە ، ناوی گەورە گەورەو ناوەرۆکی خاڵی ، ناونیشانی ڕەنگاورەنگ و ناوکی ڕەش ڕەش، زۆر و زەوەند بوونی کتێب و زەلیلبوون و هەژاربوونی نوسەر، لەکاتێدا سەردەمی زانیاری تەکنەلۆژی چەندین دەریچەی نوێی قازانجی بەڕووی ڕوناکبیراندا کردۆتەوە،بەپێجەوانەوە بەدیجیتاڵ بوونی کتێبخانەکانیش بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕەگ هەڵکێشکراوی کولتوری و روناکبیرانی کورد دەهێندە مایەیی زەبرو زیانباریە.
وردتر سەرنج بدەن کە چۆن سێ نەوەی لە رۆشەنبیران و کۆی ستراکتۆری ڕوناکبیری و ڕۆشەنبیران کەوتۆتە ژێر( هێڵی هەژاری زەلیلی ) ئەوەش کۆی مانا و ئیتیکی ڕوناکبیری و لەباربردوە ، کۆمەڵگەی پاکتاو کردوە لە دامەزراوەی کولتوری و ڕوناکبیری سەربەخۆ ، لە جێگرەوەی ئەوەش هەندێک دەزگای کۆمپانیا خەسڵەتی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سەر بە حیزب ، رۆڵی ئەو دامەزراوە سەربەخۆییە روناکبیریانە دەگێرن و بە سازدانی هەندێک چالاکی و بڵاوکراوە و برەودان بەبازارێکی بیری هەرەمەکی کە بە پشتیوانی مێدیا بانگەشەیان بۆ دەکرێت و ڕادەنرێن ، جگە لەوە هیچ پێشکەوتنێکی نوێ بەدیناکرێت و روناکبیری وەکو پاشکۆیەکی پوچەڵکراوە لە ستراکتۆری ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەدا.
لە کۆتاییدا دەبێژم ، ئەورۆ لە کوردستان سروەی مەرگی گشتی ڕۆناکبیری دەبیسترێ ، نیشانەکانیشی لە دەستکورتی و زمانکورتی و زەبوونی ڕوناکبیران دا دەرکەوتووە لە ناو کۆمەڵگەدا، هەروەها پەراوێز خستن و پەرتەوازە بونیان دەرئەنجامی، ڕادەستبوونیانە بەو مەرگە کپ و گشتی و کارەساتبارە، بەرپرسیاریەتیەکەی یەکەمجار لە ئەستۆی خۆیانە دواتر هەر دۆخ و لایەنێکی تر، بەو هۆکارانەش تادێت زیاتر دەکەونە ژێر هێڵی زەبوونی و کەساسیەوە.
*ڕوناکبیری\ بەکارهاتووە بە گشتی بۆ نوسەران ، رۆشەنبیران، هونەرمەندان ، رۆژنامەنوسان.
سەرچاوە \فەرهەنگی کوردستان
* زەبوون: بێهیز بوون ، پوکان، ناتوانی
* زەباندن: فریودان
* زارچاو : قینەو ڕق