مێژووی ئه‌و کارانه‌ی که هونه‌رمه‌ند جه‌سته‌ی خۆی وه‌ك ماتڕیالێك له ئیشه‌کانیاندا به‌کارهێناوه، هه‌وێنی بیر و ئایدۆلۆژی کولتور و دیسپلینی جیاواز ده‌رده‌خات. به‌درێژای مێژوو فۆڕمی مرۆڤ له کاری هونه‌ریدا وێنه‌کێشراوه یان به شێوه‌ی په‌یکه‌ر داتاشراوه یان هه‌ڵکۆڵراوه. به‌زۆری ئاماده‌یی فیگور یان جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌پێی پێویستییه‌کان، ویست و ده‌ربڕینه‌کانی مرۆڤ هونه‌ر له کات و شوێنی جیاوازدا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. مێژووی تازه‌ی هونه‌ر ئه‌و گۆڕانکارییه بنچینه‌ییانه پیشان ئه‌دات له دەركکردنی هونه‌رمه‌ند به جه‌سته‌ی مرۆڤ، نه‌ك ته‌نها وه‌ك فیگه‌ر یانن ناوه‌رۆك به‌ڵکو ته‌نانه‌ت وه‌ك کانڤاس و چوارچێوه یان ته‌خته‌ی نمایش و هتد.
هه‌رچه‌نده مرۆڤ هه‌میشه له‌به‌رده‌م یه‌کتریدا چالاکی و نواندنی کردووه جا له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه بێت یان سرووت و داب و نه‌ریته‌کان ((ritual یان سه‌ما و که‌رنه‌ڤاڵه‌کان … هتد. به‌ڵام کاتێك هونه‌ر ئاماده‌یی ده‌بێت، جووڵه‌کان، نواندنه‌کان و چالاکییه‌کان به مانا و ئامانجی تایبه‌ت و جیاوازتر وه‌رده‌گیرێت.
ئامانجی هونه‌رمه‌نده‌کان ئه‌وه بوو که به شێوازێک کاربکه‌ن زۆرێك له‌و فۆڕم، بیرۆکه و کۆن و سێپتانه‌ی که هونه‌ری له‌سه‌ر بیناکراوه بهێننه‌وه نا‌و ژیان و خه‌ڵك. چیتر هونه‌ر ته‌نها له چوارچێوه‌ی تابلۆ، هۆڵه‌کان و گه‌له‌رییه‌کاندا نه‌مێننه‌وه و بۆ گروپێکی تایبه‌ت نه‌بێت. هونه‌رمه‌ندان به به‌کارهێنانی جه‌سته‌ی زیندوو پیرفۆڕمانسه‌کانیان ئه‌نجام ده‌دا، ماتڕیاڵی سه‌ره‌کی جه‌سته خۆیه‌تی جا له ڕێگه‌ی ڤیدیۆوه بێت یان فۆتۆ یان چالاکی زیندوو، ئه‌گه‌ڕان تا ئه‌وه بخه‌نه ڕوو که جه‌سته‌ی پیشاندراو و نمایشکار زمانی هه‌یه. ئه‌و زمانی جه‌سته‌ییه وه‌ك هه‌ر سیسته‌مێکی سیمانتیکی(١) تر ناجێگیره به به‌راورد به زمانی وشە یان سمبولیزمی بینراو، جه‌سته وه‌ك زمان، ساده، نه‌رم و خۆشنوده؛ له هه‌مان کاتدا ڕه‌ق و پڕ ئاسته‌نگیشه. به‌شێك له وتارێك یان جووڵه و زمانی جەستە تاڕاده‌یه‌ك ڕوون نییه، به‌هۆی هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی جه‌سته‌وه زۆر شت ئه‌توانرێت ده‌رببڕێت ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ بێت یان نا.
به‌درێژایی سه‌د ساڵی ڕابردوو به‌به‌رده‌وامی ئه‌و ڕێگایانه‌ی که جه‌سته‌ی پێ وێناکراوه یان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر کراوه و خراونه‌ته ژێر پرسیاره‌وه: دوالیزمی ڕۆح و جه‌سته، که به جیاکردنه‌وه‌ی له‌ش و ڕۆح له تیۆریی پلاتۆن (ئه‌فلاتون)ه‌وه ده‌رباره‌ی مرۆڤ ده‌ست پێده‌کات. له سه‌ده‌ی پێشودا ورده ورده شی ده‌بۆوه و سه‌دای گفتوگۆ دژ و جیاوازه‌کانی بووه کاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر سه‌ده‌ی بیسته‌م له بواره‌کانی فه‌لسه‌فه، ده‌روونناسی، مرۆڤناسی، ده‌رمانسازی و زانست دا… هتد.
هه‌ر له سه‌ده‌ی پێشوودا، تێوریی سیگمۆند فرۆید ده‌رباره‌ی نائاگایی کاری کرده سه‌ر شێوازی تێگه‌یشتن و په‌یبردن به جه‌سته و هزر. نائاگایی هزر کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وته‌کان هه‌یه به‌شێوه‌یه‌ك که مه‌رج نییە سەبژێکت ئاگادار بێت؛ یان ئه‌و ڕێگایانه‌ی گۆڕی بێت که په‌یوه‌ندی نێوان هزر و جه‌سته و هه‌ڵسوکه‌وت ئاماژه یان دەرک پێدەکەن.
هونه‌رمه‌ندانیش تیڕامان و توێژینه‌وه‌یان له ناجێگیری، چۆنییەتی، چه‌ندایه‌تی و کاتێتی جه‌سته‌دا کردووه. هونه‌ری مۆدیرن به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو په‌یوه‌ست بووه به ڕه‌وش و جیاوازی فۆڕم و هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵک له کات و شوێنی جیاوازدا. نموونه‌ی سه‌رسوڕمانی پاپلۆ پیکاسۆ به هونه‌ری پێشه‌نگ یان سەرەتایی ((primitive که له زۆربه‌ی کاره‌کانیدا (بۆ نموونه: له ‘ژنە گه‌نجه‌کانی ئاڤينۆندا’، که له ساڵی 1907دا به زه‌یت کێشاویه‌تی) ده‌ره‌که‌وێت. هه‌ڵبه‌ت له‌و کاته‌دا به‌هۆی پیشاندانی وێنه‌ی نامۆی خه‌ڵك، کولتوری تر و جیاواز به‌تایبه‌تی کولتوری وڵاتانی کۆڵۆنی، به‌گشتی تونییەتییه‌کی زۆر هه‌بوو بۆ زانین و ناساندنی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌و کولتوره جیاوازانه. ئه‌م پشاندانه‌ی کولتوری تری نامۆ به ڕۆژئاوا کاریگه‌رییەکی زۆر قووڵی کرده سه‌ر زۆرێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که خولیای ئه‌و داب و نه‌ریته جیاوازانه بوون یان گرنگیان ده‌دا به داب و نه‌ریتی خود که ڕه‌وشێکی هزری جیاواز له دۆخی ئاسایی بیر به‌رجه‌سته بکات: وه‌ك خه‌وبینین، شێتی یان سه‌رشێتی، وڕێنه، یان ئه‌زموونکردنی مردن و هه‌ستکردن به‌وه‌ی که له سه‌ره‌مه‌رگدا بیت، ئه‌وانه‌ی که ڕاسته‌وخۆ په‌یوەندیان به جه‌سته‌وه هه‌یه وه‌ك فۆڕم و ئۆرگان. تیۆریی سۆماتیکی (Somatic theory) و مرۆڤناسیش سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌پێز و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون له‌بری ئه‌و واتایانه‌ی که له زمان و لۆژیکدا هه‌بوون ده‌رباره‌ی جه‌سته که له ڕاشنالیزمی ڕۆژئاوایدا به شیکردنه‌وه و تیۆری جیاواز کپکرابوو یان فه‌رامۆشکرابوو.
له زۆربه‌ی ئه‌و کولتورانه‌ی تر که ڕۆژئاوایی نه‌بوون زۆر بایه‌خ نه‌ئه‌درا یان تیشك نه‌ئه‌خرایه سه‌ر تاك وه‌ك چه‌ق یان سه‌نته‌ر یان خاڵێکی که‌ڵه‌که بوو، به‌ڵکو زیاتر بایه‌خدان بوو به تێگه‌یشتن له خود وه‌ك به‌شێك له به‌رده‌وامی کات، کۆمه‌ڵگه، ژینگه و گه‌ردوون. سرووت و نه‌ریتی ئێستێتیکی، نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه نامۆکان؛ وه‌ک به‌قوربانیکردنی مرۆڤ، خه‌ته‌نه‌کردن، سرووته سه‌ره‌تاییه‌کان، تاتۆ، نه‌خشاندنی فۆڕم یان وشە به ماتڕیاڵی جیاواز به سووتاندن و بڕین له‌سه‌ر پێست. هه‌روه‌ها سمین په‌نای بۆ ده‌برا، تا جه‌سته بگه‌یه‌نن به ئاستێکی تر و مه‌نزڵگه‌یه‌کی تر.
هه‌رچه‌نده ده‌رکه‌وتنی جه‌سته به‌ته‌واوی به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له کاری هونه‌ریدا له شه‌سته‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات. له کاتێکدا، به‌پێی زۆرێك له سه‌رچاوه و لێکۆڵه‌ره ڕۆژئاواییه‌کانی مێژووی هونه‌ر، سه‌ره‌تاکانی پێرفۆڕمانس و کارکردن به جه‌سته وه‌ک ماتڕیاڵێکی زیندوو ده‌گه‌ڕێته‌ه‌وه بۆ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست؛ کە فیوچه‌ریزمی ئیتالی و دادا به بناغه و ده‌ستپێك ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. هه‌ر له‌و کاتانه‌شه‌وه به چه‌نده‌ها هه‌نگاوی جیاواز و جۆراوجۆر له شوێن و کاتی جیاوازدا کارکراوه و ئاماده‌یی جه‌سته دوور له شێوازه باوه‌که‌ی گه‌شه‌ی سه‌ندووه. هه‌ر یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه له لێكۆڵینه‌وه جیاوازه‌کاندا و له مێژووی هونه‌ردا جێگه‌ی خۆیان گرتووه، وه‌ك باوهاوس ( Bauhaus) له ئه‌ڵمانیا و بلاك ماونه‌ته‌ین کۆلیج (Black Mountain College) له ئه‌مریکا، … هتد. له کاتێکدا، پێرفۆڕمانس وه‌ك میدیه‌مێك بۆ کارکردن له ساڵی 1970وه دانی پێدانراوه؛ هه‌ر له‌و کاتانه‌دا که هونه‌ری کۆنسێپت (conceptual art) له‌سه‌ر ئایدیا نەک به‌رهه‌م له هونه‌ردا سوور بوو، هەروەها هونه‌رێك بێت که نه‌کڕدرێت و نه‌فرۆشرێت؛ پیرفۆڕمانس به‌ته‌واوی پڕاوپڕی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه بوو، چونکە به‌به‌رده‌وامی کاری له‌وه‌دا کردووه سنووره‌کانی نێوان هونه‌ر و ژیان کاڵ بکاته‌وه و بیسڕێته‌وه.
له ساڵه‌کانی 1910 و 1920دا هونه‌رمه‌ندانی دادا وه‌ك تریستان تزارا، کورت شویترز به چه‌ند پێرفۆڕمانس، تاکتیك و ڕێگای جیاواز کاریان کرد، که به‌و سه‌رده‌مه نامۆ، نه‌ناسراو و نه‌خوازراو بوو. ئەمەش به‌مه‌به‌ستی تێهه‌ڵکێشانی فیزیك، جه‌سته‌ی زیندوو و ڕاستی وه‌ك به‌ره‌نگارییه‌ك بۆ ده‌رخسته یان نه‌ریتی باوی هونه‌ر و هاتنه‌ده‌رەوه له چوارچێوه‌ی باوی مۆزه‌خانه‌کان، پایه، ستوون و دیواری دامه‌زراوه هونه‌ریه‌کان. دادا‌کان کاره هونه‌ریه‌کانیان له‌و شوێنانه ده‌کرد که دروستتر، گونجاوتر، ڕاسته‌قینەتر (real) و نزیکتر بۆ کاره‌کانیان هه‌ژمار ده‌کرا وه‌ك: جاده، قاوه‌خانه‌کان، یانه‌ی شه‌وانه (کابارێت)، ڕۆژنامه‌کان … هتد.
سوریالیزم که له داداوه په‌ره‌ی سه‌ندووه، پێچکردنی ده‌روونی ناساند که یارمه‌تی دا له به‌رچاوخستن و بڵاوبوونه‌وه‌ی تیۆریی فرۆید ده‌رباره‌ی سێکس، خه‌و و نائاگایی. خولیای سوریالیسته‌کان بۆ خه‌و و نائاگایی به‌ڕوونی به کاره‌کانیانه‌وه دیاره چ له وێنه‌کێشان و په‌یکه‌ر یان کرده‌وه، کرداره‌کانیان و ڕاگه‌یاندنه‌کانیان و مانیفێسته‌کانیان. ئه‌مه‌ش هاوکات بوو له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها لێکۆڵینه‌وه له بواره‌کانی مرۆڤناسی و گه‌شه‌ی به‌رچاو له توێژینه‌وه‌ی ده‌روونی و فه‌لسه‌فی هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا.
کۆلاج، فۆتۆمۆنتاج، پێرفۆڕمانس، ئینسته‌له‌یشن، کۆبوونه‌وه و ژینگه‌ی دادا و سوریالییه‌کان چوارچێوه و ڕووه ته‌خته‌که‌ی وێنه‌کێشانی شکاند و سه‌ره‌تای تێکه‌ڵبوون بوو به ژیانی ڕۆژانه.
له ئه‌وروپا یه‌که‌م جه‌نگی جیهانی کاریگه‌رییه‌کی بێئه‌ندازه‌ی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندان هه‌بوو. له ساڵی 1918 هونه‌رمه‌ندی نه‌مساوی ئۆسکار شلیمه‌ر له به‌ره‌کانی جه‌نگه‌وه ده‌نووسێت: ”میدیه‌می تازه‌ی هونه‌ری که زۆر ڕاسته‌وخۆتره: جه‌سته‌ی مرۆڤە”. پێوه‌ری مردن و کاولکاری، ئاماده‌یی جه‌سته‌ی زیندووی کرد‌ە جێی گرنگی پێدانێکی زۆر، لێره‌دا زاراوه یان تێرمی نه‌ژاد ((race، ڕه‌گه‌ز، جێنده‌ر و چینایه‌تی زاڵ بوون به‌سه‌ر پێوانه و بیر و بۆچونه‌کانی پێشوتردا که بابه‌تی کارکردن بوون، هه‌ڵوێست و ئاڕاسته‌کان ده‌رباره‌ی جه‌سته به‌شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی گۆڕا، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هاتنی دووه‌م جه‌نگی جیهانی که بواری نه‌دا جیهان به کۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌که‌م پشوویه‌ك بدات و برینه‌کانیان ساڕ‌ێژ ببێت.
دوای کۆتایی دووه‌م جه‌نگی جیهانی، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌تی له ئه‌مریکا و ئه‌وروپا گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاو و بناغه‌یی هه‌بوو. هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک مارسێل دوشامپ، جۆن که‌یج، ئالان کاپرۆو، ئیڤ کلاین؛ هه‌روه‌ها له ژاپۆن (یابان)یش هونه‌رمه‌ند کازووه شیراگاوه، گروپی گوتای (Gutai group) ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌یان به‌هه‌ند وه‌رگرت. ئەم هونەرمەندانە بوونه به‌شێکی گه‌وره له په‌ره‌پێدان به کارکردن به سپه‌یسێك که له ده‌ره‌وه‌ی گه‌له‌رییه‌کان بێت. ئەوان به دوای ئایدۆلۆژییه‌کی جێگره‌وه یان جیاوازدا ده‌گه‌ڕان تا کارێك ئه‌نجام بده‌ن که له پرۆسێس یان له به‌رده‌وامی دا بێت و هه‌مه‌لایه‌نانه لێی بڕوانن. واته له چه‌ند لایه‌نێکی ئه‌کادیمی و زانستییه‌وه به پسپۆڕی و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه دەرك به کێشه‌کان بکه‌ن و کاری له‌سه‌ر بکه‌ن. بۆ ئه‌مه زۆربه‌ی کات یان پێرفۆڕمانسیان یان کردارنوێنییەك ((actionیان دەکرد تاکو ئایدیاکانیان ده‌رببڕن. بۆ نموونه: له ئه‌مریکا، حاڵه‌تی ئاسۆیی ڕادیکاڵانه‌ی کارکردنی جاکسن پۆلۆك له‌گه‌ڵ کانڤاس له ستۆدیۆدا په‌یوه‌ندی جه‌سته‌ی به وێنه‌کێشانه‌وه گۆڕی، جووڵانی سه‌مائاسای جه‌سته‌ی به چوارده‌ور و ڕووته‌ختی کانڤاسه‌که‌دا به‌شێکی کاره‌که بوو و ته‌واوکه‌ریشی بوو. نموونه‌یه‌کی تر هه‌پنین (happening) (ڕوودان) بوو که ئالان کاپرۆ و جیم داین سازیان ده‌کرد و ڕێکیان ده‌خست؛ به‌شێوه‌ی سێ ڕه‌هه‌ندی له بۆشاییدا کانڤاسیان به‌رجه‌سته ده‌کرد.
له ئه‌وروپاش ئیڤ کلاین مۆدێله‌کانی وه‌ك فڵچه به‌کارده‌هێنا که ئاڕاسته‌ی جووڵه‌کانی ده‌کردن وه‌ك ئه‌وه‌ی به جه‌سته‌یان وێنه بکێشێت. له ژاپۆنیش کازووه شیراگا به پێیەکانی وێنه‌ی له‌سه‌ر کانڤاسه‌که ده‌کێشا، یان جه‌سته‌ی به‌ته‌واوی به‌شێك بوو له کاره‌که‌ی وه‌ک تلدان و خولانه‌وه‌ی خۆی له‌ناو قوڕێکی خه‌ست و زۆردا.
کاریگه‌ری ئه‌و تاقیکردنه‌وه پزیشکییه به‌ربه‌ری و دڵڕه‌قانه‌ی له تاقیگه پزیشکییه‌کاندا ده‌کرا له ماوه‌ی هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیدا، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی دڕندا‌نه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی مرۆڤه‌کاندا له به‌ره‌کانی جه‌نگ یان له ئۆردوگا له‌ناوبه‌ره‌کاندا، بوونە هۆی پێکهێنانی ئه‌کشیۆنیستی ڤییه‌نا (Vinnes Actionists). زمانی ئەم ڕەوتە سومبولی کوشتارگه، ئه‌شکه‌نجه‌دان، نه‌شته‌رگه‌ری و قوربانیدان بوو، بۆیه به فۆڕمێکی توندوتیژی ڕاسته‌وخۆ و ڕادیکاڵی پێرفۆڕمانس ناسراوه. هونه‌رمه‌ندان جه‌سته‌ی خۆ‌یا زۆر جار به‌ڕووتی و به‌شێوازێکی نائاسایی به‌کارده‌هێنا که به چاوی بینه‌ری ئه‌و کاته نامۆ و نه‌خوازراو بوو. به بوونی خوێن، گوو، میز، ڕشانه‌وه و سێکس له‌سه‌ر سته‌یج له نێوانیاندا؛ گوتنه‌ر بروس، هیرمان نیش، ئۆتۆ مهول، ڤالی ئیکسپۆرت که توانای وه‌رگرتن و تێگه‌یشتن له کاره‌کانیان بۆ زۆرێك قورس بوو.
وه‌ك زۆرێك له بزووتنه‌وه یان جووڵانه‌وه هونه‌رییه‌کانی تر کاره‌کانیان به ئامانجی شکاندنی تابووه کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، بۆرژوازی و سیسته‌می داموده‌زگاکان بووه، که له چوارچێوه‌ی فیلم، فۆتوگرافی، پێرفوڕمانس، هه‌پنین و به‌سته‌یجکردن خۆی ده‌بینییەوه. هه‌ندێک جاریش کاره‌کانیان به نایاسایی له قه‌ڵه‌م ده‌درا و ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه ده‌بونه‌وه و سزا ده‌دران. هه‌ستیاری وه‌رگرتنی کاری ئه‌کشیۆنیسته‌کان له‌وه‌دا بوو بۆ نموونه به‌به‌رده‌وامی ئه‌وه له بیرده‌کرا که ئه‌و جه‌سته بڕین، لێکردنه‌وه و ئه‌شکه‌نجه‌دان و کۆپرۆفیلیان (٢)(Coprophilia) به شانۆیی، یان به چیرۆك ئه‌کرا یاخود ئاماده ده‌کرا بۆ کامیرا. بینه‌ران و ڕه‌خنه‌گران، هونه‌ری (بۆدی ئارت)، ئه‌م کارکردنه هونه‌رییه‌یان به جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند به قیزه‌وه‌ن وه‌سف ده‌کرد، پێیان وابوو که ئه‌مه شێتی، خۆ ده‌رخستن، خۆنمایشکردن، لادان و گومڕاییکردنه له مێژووی هونه‌ردا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌کشیۆنیسته‌کان ئه‌توانرێت وه‌ك په‌رچه‌کرداری ڕاسته‌وخۆی بارودۆخی پاش جه‌نگ له نه‌مسا و ئه‌ڵمانیا ببینرێن، کاره‌کانیان و شێوازی کارکردنیان کاری کرده سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی تر له ده‌وه‌وه‌ی نه‌مسا، که مه‌رج نییە به‌و شێوه توندڕه‌وییه بێت، به‌ڵام به هه‌مان گرنگی و گوڕوتینه‌وه کاردانه‌وی لای هونه‌رمه‌ندانی تر ده‌بینرێت. نموونه بۆ ئه‌وهه‌نه‌رمه‌ندانه‌ی که هاوشانی ئه‌مان کاریان کردووه بۆ شکاندنی تابوو و به‌زاندنی سنووره‌کان وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی ئه‌مریکی؛ کارۆلی شنیمان، نام جون پاك، پاو‌ل مککارسی.
خاوه‌ندارێتی و به‌موڵكکردن، بێمتمانه‌یی به تاك یان بکه‌ر، له کاری هو‌نه‌رمه‌نده‌کانی فلوکسس (Fluxus) له ساڵانی شه‌ستاکاندا ڕه‌نگیدایه‌وه، له‌ناویاندا؛ های رێد سه‌نته (Hi Red Center)، جۆرج ماچیونس و یۆکۆ ئۆنۆ و زۆری تریش، به‌شدارییه نێوده‌وڵه‌تی و مانیفیسته‌کانیان هاوڕا بوو له‌گه‌ڵ جه‌ختکردنه‌وه‌ی دۆشامپییانه له‌سه‌ر ئایدیا، ئاماژه و هه‌ڵسوکه‌وت نەک به‌رهه‌م و فۆڕمه دروست بووە بینراوه‌که. هونه‌رمه‌ندانی فلوکسس ڕکابه‌ری بینه‌رانیان ده‌کرد به فۆڕمه زۆر ساده و ڕۆژانه‌ییه‌کانیان وه‌ك، درو‌ستکردنی زه‌ڵاته، شتنی ددان یان ده‌رچوون و جێهێشتنی شانۆ وه‌ك فۆڕمێکی هونه‌ر.
له کاتێکدا لای هونه‌رمه‌ندانی تری وه‌ك: ئیڤ کلاین، پێرۆ مانزۆنی ئاماژه سه‌ره‌تاییه‌کانی دوشامپ له دادادا زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو (بۆ نموونه تاشینی ئه‌ستێره له سه‌ریاندا)، چه‌ند کارێکی پێرفۆڕمانسیان کرد که زۆربه‌ی کات وایان ئه‌کرد که خه‌ڵك تێیدا به‌شدار بێت، واژۆیان له‌سه‌ر که‌لوپه‌ل (ئۆبجێکته‌کان) یان جه‌سته ده‌کرد تا گاڵته‌ئامێزانه پشتڕاستی خاوه‌ندارێتی بکه‌نه‌وه یان زیاتر دژانه تیشك بخه‌نه سه‌ر خود. هاوشێوه‌ی ئه‌مان له ئه‌مه‌ریکا بۆ نموونه: هونه‌رمه‌ندان کلاس ئۆلدنبێرگ و کارۆلی شنیمان ئیڤینتێك یان هه‌پنینێکیان ڕێکده‌خست که ڕاسته‌وخۆ بینه‌رانیان ده‌خسته نا‌و کاره هونه‌رییه‌که‌وە، پاشان ئاڕاسته‌ی چۆنییەتی جووڵه‌ی به‌شداربوانیان ده‌کرد، وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌رێک پێگه‌یان دیاری ده‌کردن له پرۆسێسه‌که‌دا.
له هه‌موو ئه‌مانه‌دا جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌نده‌که سه‌نته‌ر و چالاکترین بوو. کاری هونه‌رمه‌ندان له‌گه‌ڵ جه‌سته به‌رپه‌ر‌چدانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی هونه‌رمه‌ند بوو وه‌ك تاکێکی هه‌ڵكه‌وتوو، پرسیارکردن بوو له په‌یوه‌ندی نێوان سەبژێکت وئۆبژێکت. بۆ نموونه کاره‌کانی هونه‌رمه‌ندی به‌ڕازیلی لیگیان کلارك که زیاتر به‌رگێکی سرووتی یان نه‌ریتی چاره‌سه‌رییانه‌یه که ناکرێت ئه‌وه‌ی له‌به‌ری ئه‌کات له‌گه‌ڵ کرداره‌که‌ی یان ئه‌کشنه‌که‌ی جیا بکرێته‌وه هه‌ر له شه‌سته‌کاندا نوسه‌رانی وه‌ک سۆزان سۆنتاج مشتومڕی پێگه‌ی ڕه‌خنه فۆڕمالیستییه‌کانی وه‌ك گرینبێرگیان کرد که ستایل یان فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی جودا کردبۆوه. نوسه‌رانی تازه‌ی ئه‌و کات گفتوگۆیان دژی ئه‌و لێکدانه‌وه و شرۆڤه‌کردنه بوو که کاری هونه‌رییان کورت کردبۆوه ته‌نها بۆ ئه‌و مانایه‌ی که مه‌به‌ست و ویستی هونه‌رمه‌نده‌که‌یه. ڕۆلاند بارتی فه‌یله‌سوف پێی وایه له ئه‌ده‌بدا، ده‌نگی ڕاسته‌قینه له نوسیندا نییە به‌ڵکو له خوێندنه‌وه‌دایه، ئایا ئه‌کرێت ئه‌مه بۆ هونه‌ر و بینه‌ری هونه‌ریش به هه‌مان شێوه بێت؟ بۆ نموونە وه‌رگرتن و تێگه‌یشتنی بینه‌ر هه‌مان گرنگی و قورسایی ئیشه هونه‌رییه‌که‌ی هەبێت.
کارکردن به جه‌سته زیاتر به نه‌ریت ((ritual ئه‌کرا به مه‌به‌ستی هەوڵدان بۆ نرخاندن یان زیاتر بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ ماناکه‌یدا، کاردانه‌وه‌ی ناکۆك و سه‌رکه‌شانه له کاره‌کانی هه‌ریه‌ك له کریس بوردن، ئۆرلان ، جینا پاین و هانا وایکه به‌ڵگه‌ن بۆ قورسی کۆنترۆڵکردن و کارکردن به جه‌سته وه‌ك زمان. ئه‌مه به‌گشتی له کاردانه‌وه بۆ کاری هونه‌رمه‌نده ژنه‌کان دیاره ، بەتایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که کاریان به جه‌سته‌ی ڕووتی خۆیان ده‌کرد. ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌گره نه‌رم و پشتگیره‌کانی ئه‌م کارانه‌ش زۆر جار ئه‌گەیشتنه ئه‌نجامێك که کارکردنی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه به جه‌سته‌یان له‌جیاتی شتومه‌ك هه‌ندێ کات یه‌کسانه و هاوتایه له‌گه‌ڵ خراپ مامه‌ڵه‌کردنی خود یان به ئێکزیبشنیزم (Exhibitionism) وه‌سفیان ده‌کرد. شرۆڤه‌کاری فێمینیستی وه‌ك کاسرین فرانکبلن، ڕه‌خنه‌ی توندی له‌و هونه‌رمه‌نده فێمینیستانه ده‌گرت که کار به جه‌سته‌ی ڕووتی خۆیان ده‌که‌ن وه‌ك ده‌نگی ناڕازی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه به‌رامبه‌ر به ڕه‌وشی خراپی ژن و به‌دکاری به‌رامبه‌ر بە ژن. له کاتێکدا به‌شێکی زۆر له هونه‌رمه‌نده ژنه‌کان جه‌سته‌ی خۆیان به ڕاسته‌وخۆترین میدیه‌م بۆ کارکردن و ئایدیاکانیان ده‌زانن. نه له لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه نه له سوربوونی هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌ر ئه‌و ویسته‌یان که له‌ڕێی کاره‌کانیانه‌وه به‌رده‌وام بوون، نه‌توانراوه کارکردن به جه‌سته وه‌ك زمان جێگیر بکرێت یان کۆده‌نگییه‌ك به‌ده‌ست بهێنیت.
بۆ هونه‌رمه‌نده فێمینیسته‌کان به‌تایبه‌تی، کارکردن به جه‌سته‌ی خۆیان له پێرفۆڕمانسی زیندوودا توانایه‌کی زۆری هه‌بوو بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ئه‌و وێناکردنه‌ی ژن له مێژوو‌دا که به‌زۆری له‌لایه‌ن پیاوی سپیه‌وه بووه له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و هونه‌ردا . هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك هانا وایکه، کارۆلی شنیمان و ڤالی ئیکسپۆرت جه‌سته‌ی ڕووتی خۆیان خستۆته به‌رچاوی بینه‌ر به‌ڵام له هه‌مان کاتدا به‌ره‌نگاری و به‌ربه‌ره‌کانی ئه‌و وێنه نموونەییه باوه‌یان کردووه که ژن ئۆبژێکتێکی حه‌ز، چێژ و جوانی بێت. له ڕێگه‌ی وشە و ئه‌کته‌کانیانه‌وه کۆنتڕۆڵی بینه‌ره‌کانیان کردووه و کاریان کردووه و په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌زموونه‌کانی مێینه به ده‌رکه‌وتنی ڕووکه‌ش و پێکهاته و فرمانه‌کانی جه‌سته‌ی ژن له‌ناویاندا سووڕی مانگانه و منداڵبوون هه‌روه‌ها به بیروباوه‌ڕی کولتوری و داموده‌زگا و په‌یمانگاکان کێشه و بابه‌تاکانیان بووه و له کاره‌کانیاندا هه‌ڵیان سه‌نگاندووه.
هونه‌رمه‌ندان له ساڵانی شه‌سته‌کانه‌وه دەرکیان به شوناسی زمانه‌وانی و ڤیژواڵی چه‌مکه‌کانی جێنده‌ر، ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد کردووه، که وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌ره‌می له کاره‌کانیاندا ڕه‌خنه‌یان کردووه وپیشانیان داوه‌ته‌وه. بۆ نموونە له هانا وایکه‌وه تا مێری کێلی ژنه هونه‌رمه‌نده‌کان کاریان کرد تا بنیاتی شوناسی ژنانه پشان بده‌ن. ئه‌مه لای هونه‌رمه‌ندێکی وه‌ك سیندی شێرمان ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی که پۆشاك به‌کارده‌هێنێت تا وێناکردنی چه‌سپاوی ژنانه بگۆڕێت، به له به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که شێوازی خۆ گۆڕین یان بڕین، داهێنان و ڕێكخستنی قژ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه له کۆنترۆڵکردنی نۆرمه‌کانی کۆمه‌ڵگە و پێشبینی و چاوه‌ڕوانییەکانی کۆمه‌ڵگەدا. به به‌کارهێنان و کارکردن به جه‌سته‌ی خۆیان هونه‌رمه‌ندان هۆکاری ئه‌و نۆرمانه‌یان خستۆته ژێر پرسیار و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه به‌و ئامانجه‌ی ئه‌و ئاماژه چه‌سپاو و وه‌رگیراوانه‌ی شوناس بشێوێنن و بیگۆڕن. پیاچونه‌وه‌ی بزووێنه‌رانه به بابه‌تی ڕه‌گه‌ز و جێنده‌ردا گه‌شه و بنیاتنانه‌وه‌ی داهێنه‌رانه‌ی شوناسی لێکه‌وته‌وه، که هه‌ردوو مه‌ودای بینینی فراوان و پێویستییه ڕامیارییه‌کان پاڵنه‌ر و پاڵپشتی بوون. پاو‌ل مککارثی په‌ڕاندنی که‌سێتی جێنده‌ری خۆی به‌وه وه‌سف ده‌کات که وا ده‌ریده‌خات ژنه به‌س به ئاشکرا پیاوه. له‌به‌رکردنی پۆشاکی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، بۆ یورگن کلاوکه، کارلۆس لیپه یان ئاورس لوثي به ته‌نها پرسیار نییە له وێنای چه‌سپاوی ڕه‌گه‌زی نێرانه و نمایشی وێنای مێینه، به‌ڵکو پرسیار بوو له بیرۆکه‌ی ناسنامه‌ی جێگیر و تێگه‌یشتن له خود.
ئه‌توانین بڵیین که کاره‌کانیان زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری ڕه‌خساند بۆ هونه‌رمه‌ندانی نێر، مێ یان هه‌ر ڕه‌گه‌زێکی تر له هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کاندا بۆ ئه‌وانه‌ی به هه‌مان شێوه کاریان به جه‌سته و هونه‌ری پێرفۆڕمانس ده‌کرد بۆ لێکۆڵینه‌وه و گه‌ڕان له بابه‌ته‌کانی جێنده‌ر، شوناس، ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد (race). جه‌سته له سه‌ده‌ی پێشودا به‌به‌رده‌وامی به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، به‌ره‌نگاری، ئازادکردن و گۆڕانکاریدا ڕۆشتووه، سنووره‌کانی تاك به‌به‌رده‌وامی گۆڕانکاریان به‌سه‌ردا هاتووه. سنوری نێوان تایبه‌تی و گشتی به‌زێندراوه و هه‌موو گۆڕانکارییه سه‌رده‌مییه‌کان کاریگه‌ربوون له‌وه‌ی تێگه‌یشتن له جه‌سته و تاک گۆڕانکاری به‌سه‌ردا بێت و به‌دڵنیانییەوه له هه‌موو بواره‌کاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه. بیرۆکه‌ی شرۆڤه‌کردن و هه‌ستکردن به ناوه‌ڕۆکی خود هه‌ر وه‌ك ئه‌میلیان جۆنس به سەبژێکتی دێکارتی the) Cartesian subject) ئاماژه‌ی پێده‌کات چیتر به‌سانایی وه‌رنه‌ده‌گیرا.
ته‌کنه‌لۆژیا به‌ته‌واوی مه‌وداکانی ژیانی فراوان کردووه، هه‌ر له ژینگه‌ی جەستەمان، دەرکپێکردن و هه‌سته‌کانمان، بیره‌وه‌ریه‌کانمان … هتد. به‌به‌رده‌وامی فۆڕمێکی موتربه‌کراو پێکده‌هێنێت که بابه‌ت یان کاتاگۆری نه‌گۆڕ هه‌ڵده‌وه‌شێنێت و پیشنیاری ته‌کنه‌لۆژی تازه بۆ جه‌سته ده‌کات. ئه‌نجامه‌که‌ی ڕوانینی هاوچه‌رخانه‌ی سایبۆرگه: به‌رزخوازی و خه‌ڵكێکی زیره‌ك، زرنگ و مه‌کینه‌ئاسایه. ئه‌م وێناکردنه بۆ جه‌سته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که به جۆریك له جۆره‌کان شانۆئامێزه، نمایشێکی هاوچه‌رخانه‌ی دژ به‌یه‌کیشه ده‌رباره‌ی جه‌سته و گرێدانه‌وه‌ی به ته‌کنه‌لۆژیاوه، هاوسه‌نگییه له نێوان ته‌کنۆفۆبیان و ته‌کنۆفیلیان. ناوه‌ڕۆکی کاره‌کانی هونه‌رمه‌ند ستیلارك ململانێیه به‌وه‌ی که جه‌سته چیتر له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی سروشتی‌دا ناتوانێ ڕه‌فتار بکات و جێگۆر بووه (به‌سه‌رچووه)، بارگران بووه به زانیارییه‌کی زۆر که بۆی هه‌رس ناکرێت و تۆقیوه له ته‌کنه‌لۆژیاکه‌ی.
خوێندنه‌وه‌ی نوێی توێژه‌ران، واتای جێنده‌ر، ڕه‌گه‌ز، نه‌ژاد و چینایه‌تییان به شێوه‌یه‌ك شرۆڤه‌کرد سه‌رله‌به‌ری ئه‌و دۆخه ئه‌ندێشه‌ییانه‌ی گۆڕی، که بۆ زۆرێك له بیرۆکه و چه‌مکه‌کان پێشتر وه‌ك شانازی و ڕاستییه‌ك بوون، له نێوانیاندا جیاوازی ڕۆڵی پیاو و ژن یان شوێنی تایبه‌ت یان نواندنی سێکسواڵی. ڕه‌خنه‌گرانی پۆست مۆدیرنه وه‌ك دۆنا هاروه‌ی، جودت باتله‌ر مانایه‌کی تر ده‌به‌خشن به توانای خودی که له‌سه‌ر بناغه‌ی کۆدی نوێی کۆمه‌ڵگا بونیاتنراوه، کە ماف ده‌دات به خود که له هه‌ڵسوکه‌وتدا سه‌ربه‌خۆ بێت له کۆمه‌ڵگادا. دیسکۆرسه‌کان له مێژوو‌دا له‌سه‌ر تێڕوانین بۆ بکه‌ر یان سەبژێکت ڕه‌نگدانه‌وی زۆری له بواری جێنده‌ر و ڕه‌گه‌زدا هه‌یه، به‌وه‌ی که ئایا ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه که جه‌سته‌ی ئێمه وه‌ك ژن و پیاو ئه‌ناسێنێت یان بایۆلۆژییه، وا له‌دایک ده‌بین. بۆ باتله‌ر جیاوازی له نێوان ڕه‌گه‌ز و جێنده‌ردا نییه، نه ڕه‌گه‌ز شتێکی بایۆلۆژییه و نه جێنده‌ر زاده‌ی کولتور و به‌رهه‌می پیاوسالارییه. جه‌سته‌ی مرۆڤ پێش زمان سروشتی دیاری ناکرێت بۆیه هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز و جێنده‌ر وه‌ك یه‌ك شت ده‌بینێت و به زاده‌ی دیسکۆرس و زمانیان ده‌زانێت.
ئه‌و پێی وایه له ڕێگه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وت و خۆگۆڕینمان جێنده‌ری خۆمان دیاری ده‌که‌ین بۆیه ناسنامه‌ی ئێمه شتیك نییە بتوانین جیای بکه‌ینه‌وه له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا، و جیاکردنه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ دوو ڕه‌گه‌ز، فره‌ڕه‌نگی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه له کاتێکدا که جیا له شوناسی ژن و پیاو شوناسی تر هه‌یه که له کۆمه‌ڵگادا ئه‌توانن ده‌رکه‌و‌ن و ئازادانه توانای ده‌رکه‌وتینان هه‌بێت. گه‌ڕان و مه‌ودای جه‌سته و ئه‌زمونکردنی واقیع (reality)، هاوشانی توێژینه‌وه زانستییه نوێیەکان بۆ جه‌سته و کۆدی نوێی کۆمه‌ڵگا بۆ نموونە له کاره‌کانی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک شارۆن هه‌یس، بروس گلجریست یان ستاهل ستینسلی تێگه‌یشتن له جه‌سته و توانا و ئه‌گه‌ره‌کانی جه‌سته فراوان ده‌کات. ئاماده‌یی جه‌سته‌ی زیندوو له کاره هونه‌رییه‌کاندا له چه‌ندین فۆڕمی جیاوازدا په‌ره‌ی به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان بینه‌ر و هونه‌رمه‌ند، کار و بابه‌ته هونه‌رییه‌کان داوه.
کارکردنی هونه‌رمه‌ندان به جه‌سته به‌گشتی و جه‌سته‌ی خۆیان به‌تایبه‌تی چ وه‌ك سەبژێکت و بکه‌ر بێت یان شتومه‌ك، به شێوازی جیاواز ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و ڕێگای جیاوازیان گرتۆته‌به‌ر. هه‌ندێک جار به به‌کارهێنانه‌وه، ڕه‌خنه‌کردن و کارکردن به ئیشه هونه‌رییه مێژوییه‌کان یان به فۆڕمه باو و ناسراوه‌کانی هونه‌ر، یاخود له‌ناو داب و نه‌ریتی (ritual) ژیانی ڕۆژانه، چالاکییه ئاسایی و دووباره‌کانی ڕۆژانه، به ئازاردانی جه‌سته، توندوتیژی یان سرووته دینییەکان و کولتوره پێشینه‌ییه‌کان و ڕه‌سه‌نه‌کان فۆڕمی کاره‌کانیان بنیاتناوه و فۆڕمێكی نوێیان لێ دروست کردووه، یان هه‌ر ڕێگایه‌كی تر که توانیبێتیان پرسیاره‌کانیان ده‌رباره‌ی جه‌سته، سنوور، پێگه، توانا و فه‌نکشنی جه‌سته له کایه جیاوازه‌کاندا دەرك پێ بکه‌ن و په‌ی پێبه‌رن. له ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه له کاره هونه‌رییه‌کاندا سیسته‌مه ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، تایبه‌تی و هونه‌رییه‌کان ڕه‌خنه بکه‌ن و پێشنیار و داهێنانه‌کانیان بخه‌نه ڕوو.
ڕه‌نگکردن، هێڵکێشان و به‌تابلۆکردنی جه‌سته (Painting bodies): ئه‌و کارانه‌ی که زیاتر شوێنه‌وار، په‌ڵه و نیشانه‌ی جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند پیشان ئه‌دات وه‌ك کاردانه‌وه له زه‌مه‌نی کۆنی وێنه‌کێشان له‌سه‌ر کانڤاس، ورده ورده گرنگی له وێنه‌کێشانه‌وه و ئیش‌کردن بۆ به‌رهه‌م وه‌ك ئۆبژێکتێك گۆڕا بۆ گرنگی سه‌ر ئه‌کتی وێنه‌کێشانه‌که، ئاماده‌یی هونه‌رمه‌ند له کاره هونه‌ریه‌که‌یدا به‌هۆی ئه‌کتی وێنه‌کیشانه‌که‌یه‌وه وایکرد که جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌نده‌که ببێته که‌ره‌سته‌یه‌ك – ئامرازێک بۆ کارکردن، که لای هه‌ندێکیان جه‌سته ئه‌بێته کانڤاس، فڵچه‌یه‌ك بۆ وێنه‌کێشان یان له‌جیاتی ده‌ست، به ئه‌ندامێکی تری جه‌سته وێنه‌یان ده‌کێشا وه‌ك سه‌ر یان قژ، سنگ، کێر، قوز و … هتد. ئه‌م کارکردنه بوارێکی گه‌وره‌ی دا به ژنان له درو‌ستکردنی حاڵه‌تێکی شه‌رمه‌زاری و قورس بۆ بینه‌ر، هه‌ڵبه‌ت به جه‌سته‌ی زیندووی خۆیان به وێنه‌کێشان، ئه‌کت و چالاکیه‌کانیان وه‌ك په‌یکه‌رێکی زیندوو، هونه‌رمه‌ندان گه‌شه‌یان به شێوازێکی کارکردنی ڕه‌خنه‌ئامێزانه‌ی فێمینیستییانه دا که هاوکات پشت به‌ستوبوو به ڕه‌خنه و کارکردنی ته‌وژمی به‌هێزی فێمینیسته‌کان له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا. له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا وه‌ك کاردانه‌وه‌یه‌ك و ڕه‌خنه‌یه‌ک بۆ ئه‌و فۆڕمه مێژووییه هونه‌رییه ئۆریجنا‌ڵه‌ی که ته‌نها نێر تێیدا زاڵه (ژن له مێژووی هونه‌ردا یان به‌کارهێنراوه یان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك وەلانراوه).
هونه‌رمه‌ندی ژاپۆنی شیگیکۆ کۆبۆتا پێرفۆڕمی جۆرێکی تری له وێنه‌کێشان کرد به به‌ستنی فڵچه‌ی وێنه‌کێشانه‌که‌ی له ده‌رپێکورته‌که‌ی و له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌کی سپی گه‌وره که له زه‌ویدا ڕایخستبوو، به بۆیه‌یه‌کی سوری خوێنی خه‌تی ئه‌بستراکتی له‌سه‌ر ده‌کێشا که بۆ هه‌ندێك له خۆشنوسی (خطاط)ی چووه وه‌ك ئاماژه‌یه‌کش بۆ میراتی کولتوری ژاپۆنی. کۆبۆتا له‌م کاره‌دا ڕۆڵێکی چالاکیشی دا به قوزی ژن وه‌ك جۆرێك له نوسین و زمان. هه‌روه‌ها به به‌ستنی فڵچه له جیێ نه‌بوونی کێر که وه‌ك نوقسانییەك بۆ ژن له کولتوری باودا ناسراوه گاڵته‌ئامێزانه ڕه‌خنه له‌و کولتوره ده‌گرێت. له هه‌مان کاتدا ئه‌مه پیشاندانی جووڵه و هێرشێکی مێیانه بوو وه‌ك به‌رپه‌چێك بۆ ڕۆڵه قاره‌مانانه نێرانه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند جا‌کسۆن پۆلۆك به فڕێدانی ڕه‌نگ له‌سه‌ر کانڤاسه‌که‌ی له ستۆدێودا، له لایه‌کی تره‌وه به‌کارهێنانی جه‌سته‌ی مێینه‌ی خۆی ئاماژه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌ییانه بوو له کارکردنی ئیڤ کلاین به جه‌سته‌ی مێینه وه‌ك فڵچه، که جه‌سته‌ی ژنه‌کانی به بۆیه‌ی شین ڕه‌نگ ده‌کرد و له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌ی سپی پرینتی ده‌کردن یان جوڵه‌ی پێده‌کردن.
ئاماژه‌کردن و هه‌ڵسوکه‌وتی جه‌سته ( :(Gesturing bodiesتیشك خستنه سه‌ر و به گرنگ بینینی چالاکی و ئه‌کتی وێنه‌کێشان و ئاماده‌یی هونه‌رمه‌نده‌که وای له هونه‌رمه‌ند کرد که هه‌ڵسوکه‌وت، جووڵه و ئاماژه‌کانیان ببنه ئیشه هونه‌رییه‌که خۆی، هه‌ر له شه‌سته‌کانه‌وه کاتێك که هونه‌رمه‌ند جه‌سته‌ی خۆی وه‌ك هونه‌ر به‌کارهێنا له پێرفۆڕمانس، چالاکی، هه‌پنین و ئیڤێنته‌کاندا، بۆ زۆریان چالاکییه ئا‌ساییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه شایه‌نی هاوشانی هونه‌ر بوون.
له کاتێکدا جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند ماتڕیاڵێکه که کاره هونه‌رییه‌که پێکده‌هێنێت، کاره‌که ته‌نها به‌درێژایی هه‌ڵسوکه‌وت و جووڵه‌که ئه‌مێنێته‌وه، فۆتۆگرتنیشی ته‌نها بۆ دۆکومێنتی کاره‌که‌یه. کاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند گیلبه‌رت و جۆرج، به کاره پێرفۆڕمانسه‌کانیان پێکه‌وه که جه‌سته‌یان وه‌ك په‌یکه‌ری مرۆڤ ده‌رده‌که‌وێت که ڕه‌نگیان کردووه و ناجوڵێن ته‌نها ده‌میان نه‌بێت ده‌جوڵێ و گۆرانییە ناسراوه‌کان ده‌ڵێنه‌وه که له ڕیگه‌ی ته‌سجیلێکه‌وه له خوار مێزه بچوکه‌که‌ی هه‌ردووکیانی له‌سه‌ر وه‌ستاوە دانراوه. ئه‌م کاره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فۆڕمێکی کۆمیدی هه‌یه و ئاماده‌بووان ده‌خاته پێکه‌نین، کارکردنه له‌گه‌ڵ فۆڕمی هونه‌ر وه‌ك شتێکی زیندوو، ئه‌وان له ڕێگه‌ی وشەکانی گۆرانییەکانه‌وه ئه‌و هه‌ست و زیندووێتیه‌ی په‌یکه‌ریان به‌رجه‌سته ده‌کرد که په‌یکه‌رتاشێك هه‌یه‌تی، بۆ ئه‌وان په‌یکه‌ری مرۆڤ هه‌موو هه‌ستێکی تێدا نییە.
بروس نومان یه‌کێکی تره له هونه‌رمه‌نده دیاره‌کان که به جووڵه و ئه‌کته ساده‌کانی زنجیره‌یه‌ک کاری زۆری ئه‌نجامداوه له ڕێگه‌ی فۆتۆگرافی و ڤیدیۆوه که جه‌سته‌ی خۆی وه‌ک ئامرازێک به‌کارهێناوه، وه‌ک ئۆ‌بژێکتێک. له هه‌مان کاتدا وه‌ک جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ندێکیش که بکه‌ری کاره‌که‌یه. کاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌ردوو ئۆبژێکت و سەبژێکت، وه‌ك پردێك ڕۆڵیان ده‌بینی له نێوان خۆیان و ئاماده‌بوواندا. هه‌روه‌ها وه‌ك دروستکه‌رێك و وه‌رگێڕێکیش، بوونیان به کاره هونه‌رییه‌که پێویست بوو. یۆکۆ ئۆنۆ له کارێکی پیرفۆڕمانسیدا، به‌بێ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌ك داده‌نیشێت و بانگهێشتی ئاماده‌بووان ده‌کات که جله‌که‌ی له‌به‌ردا بدڕن به مه‌قه‌ست. کردنی خۆی به ئۆبژێکتێك، ده‌رکه‌وتنی وه‌ك جه‌سته‌یه‌کی مێینه‌یه‌ی پاسیڤ و کاردانه‌وه‌ی توندوتیژییانه‌ی به‌شداربووان له بڕینی جله‌کانی، کارکردنه له بابه‌تی جێنده‌ر و په‌یوه‌ندی نێوان سەبژێکت و ئۆبژێکت. ئه‌م کارانه له گه‌له‌رییه‌کاندا و زۆری تریش له‌ناو شوێنه گشتییه‌کاندا که جه‌سته‌ی هونه‌رمەند و هه‌ڵسوکه‌وت و ئاماژه‌کانی، زۆر جار فۆڕمێکی چالاک‌وانی وه‌رده‌گرت که ڕه‌هه‌نده سیاسی و ڕامیارییه‌که‌ی کاره‌کانی ده‌خسته ڕوو.
له کارێکی پێرفۆڕمانسیدا له ساڵی 1974دا هونه‌رمه‌ندی ئه‌ڵمانی یۆزێف بۆیس، له‌گه‌ڵ گه‌شتنی بۆ فڕۆکه‌خانه‌ی جۆن که‌نه‌دی له نیۆرك به ئیسعاف (به‌ده‌نگه‌وه) و به نه‌قاله که له لباد پێچرابوو هه‌ڵیان نگرتبوو (هه‌ڵبه‌ت لباد یه‌کێکه له‌و ماتڕیاڵانه‌ی که بۆیس له زۆربه‌ی کاره‌کانیدا کاری پێکردووه و پێی ناسراوه) (٤)، چووه نا‌و ڕێن بلۆک گه‌له‌ری (Rene Block Gallery) که کاره‌که‌ی به ناوی “ئه‌مریکام خۆش ده‌وێت و ئه‌مریکاش منی خۆشده‌وێت” له ژوورێکی ئه‌و گه‌له‌رییه ئه‌نجام دا. ئه‌و نه‌خۆش نه‌بوو یان ئازاری نه‌بوو به‌ڵکو ئه‌م ئه‌کته به‌شێکی کاره‌که‌ی بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا ببینێ یان قاچ بخاته سه‌ر زه‌وی ئه‌مریکا، له ژووری گه‌له‌ریه‌که که پێشتر ئاماده‌کرابوو گیای وشکی تێدا بوو له‌گه‌ڵ سه‌گێکی کێوی ئه‌مریکی که له گورگ ده‌چێت ( (coyoteکه جۆرێکی ڕه‌سه‌نی ئه‌مریکییه وه‌ك ڕۆحی ئه‌مریکی ده‌سته‌مۆنه‌کراو ناسراوه، ئه‌میش شتومه‌کی شوانی پێ‌بوو، هه‌موو ڕۆژێك هه‌شت سه‌عات بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له ژووره‌که‌دا مایه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا له‌و ژووره بچکۆله‌یه‌دا به هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی که سیمبۆلی بوون جوڵه‌ی ده‌کرد وه‌ك میدیته‌یتێك ده‌وری ده‌بینی. لباده‌که‌ی له خۆی ده‌پێچا و په‌یکه‌رئاسا هه‌ندێك جار ڕاده‌وه‌ستا گۆچانی شوانییەکه‌ی به‌ده‌سته‌وه ده‌گرتوو، هه‌ندێك جار ده‌جوڵا و به‌پێچراوه‌یی له‌گه‌ڵ سه‌گه‌که هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد. زۆر کات به‌بێ لباده‌که له‌گه‌ڵ سه‌گه‌که ده‌که‌وته گفتوگۆ به جووڵه به‌ده‌وری یه‌کدا و به ئاماژه‌ی چاو سه‌یری سه‌گه‌که‌ی ده‌کرد و به تێڕامانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك له یه‌کیان ده‌ڕوانی، یان له نا‌و گیا وشکه‌که‌دا پاڵی ده‌دایه‌وه، سه‌ره‌تا سه‌گه‌که زۆر دڕندانه ڕه‌فتاری ده‌کرد و لباده‌که‌ی ده‌دڕاند به‌ڵام له‌پاش ئه‌و سێ ڕۆژه به‌ته‌واوی لێبورده و نه‌رم بووه‌وه.
بۆیس بڕوای وابوو که به کارهێنانێکی مه‌ودا فراوانتری داهێنان له‌لای مرۆڤ و پێناسه‌ی چه‌مکی مرۆڤ که وابه‌سته‌ی ئه‌و به‌کارهێنانه‌یه له کارێکه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌دات که پێی ده‌وترێت (پەیکەری کۆمه‌ڵایه‌تی). به‌دڵنیانییەوه ئه‌م زاراوه‌یه زۆر شت له‌خۆ ده‌گرێت له‌لای بۆیس، به‌ڵام ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌کی گشتگیرانه پێناسه بکرێت به‌وه‌ی که بریتییه له کردارێکی هۆشیارانه‌ی ڕێکخستن و هاوردنی چه‌ند بوارێک بۆ ژینگه، چ بواری سیاسی، ئابوری یان کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، که پێویسته به هه‌ماهه‌نگی و به‌شێوازێکی داهێنه‌رانه له ڕێگه‌ی دیسپلینه‌وه جێبه‌جێ بکرێت.
دروشمی (هونه‌ر= سه‌رمایه) یان (داهێنان= سه‌رمایه)، زۆرینه‌ی کات بۆیس له هاوکێشه هونه‌رییه‌کانیدا بەکاری هێناوه. ئه‌م دروشمه‌ی بۆیس ده‌توانرێت وه‌ک نۆته‌یه‌کی ده‌ستنوسی ئایدیا، بیر و بۆچونه‌کانی بخوێنرێته‌وه و تێیدا هونه‌رمه‌ند پێشنیاری ئه‌وه ده‌کات که داهێنان و هونه‌ر دراوی نوێن بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌و کۆمه‌لگا ئایدیاڵه‌ی که له خه‌یاڵیدا بوو.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کاره‌ی بۆیس (ئه‌مریکام خۆشده‌وێت و ئه‌مریکاش منی خۆش ده‌وێت)، گفتوگۆ و بۆچونی زۆری هه‌ڵگرت به ئێستاشه‌وه که ئه‌مریکا وه‌ک زلهیزێک ده‌وری هه‌یه له بچووکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانی تر و کێشه گلۆباڵییه‌کان و کێشه‌ی سه‌رمایه‌داری.
له کاتێکدا بۆیس خۆی زۆر ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به سیاسه‌ته‌وه هه‌بووه، له جه‌نگدا به‌شداری کردووه. یه‌کێک بووه له چالاکوانه دیاره ناڕازییه‌کانی ئه‌وکاته، نکۆلیکردنی بۆیس بۆ چوونه نا‌و ئه‌مریکا له کاتێکدایه که شه‌ڕی ڤێتنام به‌رده‌وام بووه، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌مریکایه که وڵاتێکه، هاووڵاتییه سپی پێسته‌کان خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئه‌و شوێنه یان کۆچه‌ر و که‌مینه‌کانیان که‌پت ده‌که‌ن و ده‌یان چه‌وسیننه‌وه، ڕه‌هه‌ندێکی تری ئه‌م کاره بڕوای بۆیسه به پێویستییه ڕۆحانییەکان بۆ تێربوون. په‌یڕه‌ویکردنی شامانییەکان که له ژیانی ڕۆژانه‌یدا و له کاره‌کانیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها بڕوای ئه‌وه به چاره‌سه‌ر یان چاکبوونه‌وه (healing) له کاره‌کانیدا و له‌م کاره‌شیدا که به‌شێكه له‌و پرۆسیسه. کاره‌که‌ی بۆیس ئه‌وه پیشان ده‌دات که کۆمه‌ڵگەی ئه‌مریکی له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی و مامه‌ڵه‌ی دروستی دانیشتوانی ئه‌توانیت بگاته چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌کانی.
به‌سروتکردن و و سنوربه‌زاندنی جه‌سته (( Ritualistic and transgresive bodies: کارکردن به ده‌نگ و نواندنی توندوتیژی، بڕین و قوربانی‌کردن به پێرفۆڕمانسی زیندوو له به‌رده‌م بینه‌ردا، یه‌کێک بووه له‌و ڕێگایانه‌ی له شوێنی جیاواز و به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی کولتور و باکگراوندی جیانواز فۆڕمی کارکردنی هونه‌رمه‌ندان بووه بۆ شکاندنی تابووه‌کانی کۆمه‌ڵگا، دین و سیاسه‌ت، بۆ لێکترازاندن و پچڕاندنی له‌یه‌کچوونی شه‌خسی و هاوچه‌شنی کۆمه‌ڵگا، وه‌ک نموونەی کاری ئه‌کشیونیسته‌کان (Viennese Actionist).
هه‌ندێ جار به کارکردن و نواندنه‌وه‌ی ئه‌و تابووانه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌که‌وه وای ده‌کرد که هونه‌رمه‌نده‌که ئه‌زموونی گۆڕینی شته شه‌خسییه‌کانی خۆی بکات وه‌ک بڕینی به‌شێکی خۆی له ئیڤێنته‌کاندا به زیندووی له به‌رده‌م ئاماده‌بوواندا، یان کردنی کارێکی زۆر شه‌خسی وه‌ک ده‌ستپه‌ڕ و گووکردن… هتد، که کارێکی زۆر ڕاسته‌وخۆ و قورسی ده‌کرده سه‌ر بینه‌ران. به‌شێکی تری مامه‌ڵه‌کردنه به جه‌سته‌ی ناته‌ندروست و په‌یوه‌ندی و چالاکییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا و له‌گه‌ڵ سیسته‌م و زانست‌دا که بابه‌تی کارکردنی زۆرێک له هونه‌رمه‌ندان بوو به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایدزدا.
ئه‌م فۆڕمه له کارکردن وا له جه‌سته ده‌کات به شێوه‌یه‌ک ده‌ربکه‌وێت و نمایش بکات که ڕکابه‌ری پێشبینی و چاوه‌ڕوانییەکانی کۆمه‌ڵگا ببێته‌وه، زۆر کات به دووباره‌کردنه‌وه یان لاساییکردنه‌وه‌ی سرووتێکی ئاینی یان داب و نه‌ریتێکی ڕۆژانه و ڕۆڵی هونه‌رمه‌نده‌که وه‌ک کاراکته‌رێکی سه‌ره‌کی، کاره‌که که‌شێکی شانۆییانه‌ی وه‌رده‌گرت.
هونه‌رمه‌ندی نه‌مساوی گونته‌ر بروس، له ساڵی 1968دا له کاتێکدا که له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکی دیکه که به ئه‌کشیۆنیسته‌کان ناسرا بوون، له یه‌کێک له هۆڵه‌کانی وانه وتنه‌وه له زانکۆی ڤیه‌نناوه له کاتی گفتوگۆی سیاسی ده‌رباره‌ی پێگه و فه‌نکشنی هونه‌ر له کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا، ڕێڕه‌وی گفتوگۆکه‌یان گۆڕی و به چالاکییه توندوتیژ و تابوو شکێنه‌ره‌کانیان ئاماده‌بوانیان توشی شۆک کرد. سه‌ره‌تا بروس له‌سه‌ر کورسییه‌ک به پێوه خۆی ڕووت ده‌کاته‌وه به‌س گۆره‌وییه‌کانی له پێدا ده‌مێنێ، دوای ئه‌وه‌ی به گوێزانێک سنگی خۆی و ڕانی ده‌بڕێت، میز ده‌کاته نا‌و په‌رداخیکه‌وه و لێی ده‌خواته‌وه، ئینجا گوو ده‌کات و جه‌سته‌ی خۆی له گوو ده‌سوێت. پاشان له‌سه‌ر زه‌وی پاڵ ده‌که‌وێت و ده‌ستپه‌ڕ ده‌کات له‌گه‌ڵیشیدا سروودی نیشتمانی نه‌مسای ده‌ڵێته‌وه. له کاتێکدا ئه‌وانی تر بیره ده‌ڕژینن به‌و ناوه‌دا و به زۆر خۆیان ده‌ڕشێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کاره‌ی ئه‌کشیۆنیسته‌کان یه‌کێکه له‌و پێرفۆڕمانسانه‌ی که گفتوگۆ و دیبه‌یتی زۆر جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێناوه و قبوڵکردنی ئاسان نه‌بووه له‌لایه‌ن زۆرێک له ڕه‌خنه‌گران و بینه‌رانه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه.
هه‌ر له‌و کاته‌دا ده‌ستگیرده‌کرێن و پاشان بروس به زیندانی شه‌ش مانگ حوکم ده‌درێت. بۆیه له به‌رلین خۆی حه‌شار ده‌دات تا حوکمه‌که ته‌واو بێت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌گشتی چالاکییه‌کان و کاره‌کانی بروس بۆ پۆست فاشیستی نه‌مساوی مایه‌ی هه‌ڕه‌شه و ترسه بۆیه ساڵانێکی زۆر له ده‌وه‌ره‌ی نه‌مسا ده‌ژی و توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی نابێت.
سنووره‌کانی جه‌سته Body boundaries کارکردنه له سنووره‌کانی جه‌سته‌ی تاک له‌گه‌ڵ ژینگه‌که‌ی، له نێوان ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی تاک خۆیدا، و کارکردنه له نێوان سنووری جه‌سته‌ی تاک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا یان جه‌سته‌ی ئه‌وانی تردا. هه‌روه‌ها گرنگیدانه به تاقیکردنه‌وه‌ی توانای جه‌سته وه‌ک فیزیک به به‌رگه‌گرتنی ئازار، گه‌رما، سه‌رما، ڕه‌قی و زبری… هتد. له کاتێکدا هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی جه‌سته که له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه سنووری خۆی هه‌یه و بۆ جه‌سته‌ش خۆی وه‌ک فیزیک بۆ به‌رگه‌گرتن و به‌رخودانی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژی سنووری خۆی هه‌یه. به به‌کارهێنانی ده‌رمان و تاقیکردنه‌وه‌ی توانای جه‌سته بۆ به‌ره‌نگاری بوونه‌وه‌ی ئه‌و ماده پزیشکییه و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر جه‌سته به‌پیێ کات و توانای جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌نده‌که بۆ به‌ره‌نگاری له‌به‌رده‌م ئاماده‌بوواندا، یان به تاقیکردنه‌وه‌ی ئۆبژێکتی کوژه‌ر وه‌ك تفه‌نگ، خولانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی به‌ڕووتی له‌ناو شووشه‌دا، داکوتینی بزمار به‌سه‌ر له‌شدا، خۆکێشان به دیواردا تا جه‌سته توانای به‌ره‌نگاری نامێنێت، ئه‌مانه و چه‌ندان کاری تر له‌و جۆره له مێژووی هونه‌ردا له‌و کارانه‌ن که له‌سه‌ر توانای جه‌سته وه‌ک فیزیک و ماتڕیاڵێک. له لایه‌کی تره‌وه له هه‌ندێک کاردا ململانێی به‌رامبه‌ر جه‌سته‌ی پیرۆز، گوناهبار، ڕێوڕه‌سم و پێگه‌ی جه‌سته له سرووته ئاینییەکان، داب و نه‌ریته‌کانی ڕۆژانه و مامه‌ڵه‌ی سیسته‌م له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا کاریان کردووه.
جه‌سته لێره‌دا وه‌ک ماڵپه‌رێکه که ده‌توانرێ دەرکی پێ بکرێت و دەرک بکات و سپه‌یسه‌کانی له کۆمه‌ڵگا بگۆڕێت. ئازاره‌کانی سه‌ر جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند وه‌ک تاک، میتافۆرێکه بۆ ئازار و خه‌مه‌کانی کۆمه‌ڵگە و جه‌سته‌ی کۆ و ئه‌بێته سیمبۆلێک. زۆربه‌ی کات گۆشت میتافۆرێکه بۆ هه‌ست و سۆز. ئه‌م فۆڕمه له کارکردن به تیشکخستنه سه‌ر کێشه و بابه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵات سه‌رچاوه ده‌گرێت، هەروەها کۆنترۆڵ و نزیکایه‌تی به تێبینیکردنی ئه‌و بڕه ئازادییه‌ی که له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی خۆماندا هه‌مانه و ئه‌وه‌شی که نیمانه. هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ئه‌خلاقی بینه‌ریش تاقی ده‌کاته‌وه، که هه‌ندێک جار له ڕێگه‌ی مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌نده‌که‌دا له کاره هونه‌رییه‌که‌دا ئه‌و بواره‌ی بۆ ده‌ره‌خسێت وا ده‌کات که دەرک به سنووره‌کانی ڕه‌فتار و ناوه‌وه‌ی خۆی بکات، ئیتر دڕنده‌یی بێ، بێبه‌زه‌ی بێت یان به‌پێچه‌وانه‌وه. بۆیه کارکردنه له نێوان بینه‌ر و هونه‌رمه‌ندا، له نێوان ژیان و هونه‌ردا و به‌شێوه‌یه‌کی ڕوون مه‌یدانخوازییه (ته‌حه‌داکردنه).
له‌پاڵ مارینا ئه‌برۆمۆڤیج و ئۆرلان و کریس بردن و زۆرێکی تردا، هونه‌رمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی، جینا په‌ن یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که له کاره‌کانیدا له‌به‌رده‌م بینه‌ردا جه‌سته‌ی خۆی به‌ته‌واوی بریندار کردووه و بڕیویه‌تی و ئازاری داوه ته‌نانه‌ت سوتاندویه‌تی و شێواندویه‌تی، وه‌ک له یه‌کێک له کاره‌کانیدا که بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر جێگایه‌کی ئاسنی ڕاده‌کشێت که ژێره‌که‌ی مۆمه و گه‌رمی ده‌کات. له زۆربه‌ی کاره‌کانیدا ئۆبژێکتی تیژ و ئازارده‌ر بوونی هه‌یه وه‌ک دڕک، سوسی، چه‌قۆ یان گوێزان، که له کارێکیدا له‌سه‌ر په‌یژه گوێزانی به‌ستویه‌تی و به‌پێی په‌تی پێیدا سه‌رده‌که‌وێت تا ئیتر جه‌سته‌ی توانای نامێنێت و به‌رگه ناگرێت. زۆر کاری تری له‌و جۆرەی کردووە … هتد.
له ساڵی 1972 له پاریس کارێک له‌گه‌ڵ تیمای (سپی بوونی نییە) ئه‌نجام ده‌دات، جلێکی سپی ده‌پۆشێت و له کاتێکدا پشتی له بینه‌ره ده‌ست ده‌کات به بڕینی پشتی به گوێزان، وازی لێ دینێت جله سپییه‌کانی خوێناوی بێت. پاش ماوه‌یه‌ک له بڕینی جه‌سته‌ی خۆی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و توندوتیژی و بڕینه‌وه ئه‌کته‌کەی ئه‌وه‌ستینێت و ئه‌یگۆڕێت به یاریکردن به تۆپی تێنس. له کاتێکدا که هێشتا پشتی له بینه‌ره. له پڕدا ڕووده‌کاته بینه‌ر، ڕووخسارە بڕاوه خوێناوییه‌که‌ی ده‌بینن و بۆیان ده‌ره‌که‌وێت که ڕووخساریشی (ڕوومه‌ت و چه‌ناگه‌ی) بڕیووه. له‌و کاته‌دا ئاماده‌بووان ده‌شڵه‌ژێن و ده‌نگه ده‌نگ دروست ده‌که‌ن، ده‌ست ده‌که‌ن به هاوار “ڕووخسار نا، نابێ ئه‌وه نا، نابێت”، بۆ جینا په‌ن ئه‌م کاردانه‌وه‌یه وای کرد به کاره‌که‌ی په‌نجه بخاته سه‌ر کێشه بنچینه‌ییه‌که که له‌ناو هه‌ر هه‌موواندا هه‌یه، ئه‌ویش جوانی و گرنگی ڕووخساره، تابووی ڕووخسارە که بۆته ناوه‌ڕۆکی جوانی مرۆڤ، ڕووخساری ده‌رەوە ته‌نها شوێنه له جه‌سته‌ی مرۆڤدا که مایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆخۆشویستنه. پاشان کامێراکه ڕووده‌کاته ئاماده‌بووان تا شێوه و کاردانه‌وه‌ی هه‌ستیاری خۆیان ببینن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ی خۆیاندا دروست بکه‌ن.
نمایش یان پێرفۆڕمی ناسنامه ( (Performing identity: تیشکخستنه سه‌ر کێشه‌ی پیشاندانه‌وه و
شوناس یان ناسنامه، وه‌ک به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پۆلێن‌کردن یان ناساندنی جه‌سته به‌پێی نه‌ژاد (race)، جێنده‌ر و ڕه‌گه‌ز یان نه‌ته‌وه. جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌بێته ڕووته‌ختێک بۆ هه‌ڵماڵینی زمانێکی ڤیژواڵ بۆ ئه‌و ناساندن و بینینانه بۆ جه‌سته، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه ده‌کات له‌گه‌ڵ پشاندانی ڕاستی و ستریۆتایپدا (که ناساندنه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی دووباره‌کردنه‌وه‌وه که مه‌رج نییە ڕاست بێت، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا دابڕاوه به‌سه‌ر که‌سێک، نه‌ته‌وه، ڕه‌گه‌زێك… بۆ نموونە، ژن به ڕه‌حم و ناسکه پیاو وا نییە… هتد).
له ڕێگه‌ی ماسک، مکیاج، پیشنیار، جلوبه‌رگ و خۆ گۆرینی جه‌سته‌ی واتا له‌جیاتی که‌سێکی تر ڕه‌گه‌زێکی تر نواندنکردن، ناسنامه و خود له‌ناو گشت و خه‌ڵکدا پیشان ده‌درێته‌وه لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت. پرسیارکردن له شوناس، ناسنامه کارێکی دژوار و هه‌ستیاره که زۆربه‌ی کات بابه‌تی هونه‌رمە‌ندان بووه و کار و کاردانه‌وه‌ی جیاوازی دروست کردووه. هه‌ڵبه‌ت جه‌سته په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به ناسنامه‌وه هه‌یه، وه‌ک ڕه‌نگی پێست، ڕه‌گه‌ز، ده‌رکەو‌تنی ڕووی ده‌ره‌وه که به‌پێی کۆده‌کان و کولتوره جیاوازەکان ناسێنراوه، بابەتێکی سیاسی و تایبه‌تی و کولتوریشه. بۆیه لێره‌دا کارکردن به جه‌سته بوارێکی گه‌وره‌ی ڕه‌خساند بۆ چین و توێژ و ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌زه جیاوازەکان، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌مریکای لاتین، خه‌ڵکانی ڕه‌سه‌نی ئه‌مریکا ((native، هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌بۆریجناڵه‌کان… هتد جه‌سته‌ی خۆیان وه‌ک ئامرازێک بوو بۆ به‌رپه‌چدانه‌وی ڕۆڵی زاڵی پیاوی سپی پێست له بواری هونه‌ردا و له کایه‌کانی کۆمه‌ڵگا که به‌هۆی مێژوویه‌کی دوور و درێژی سیاسی و کولتوری دینی… هتد سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
بابه‌تی جێنده‌ر و به به‌کارهێنانی و ئاماده‌یی جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند و ده‌رکه‌وتنی به شێوازی جۆاراوجۆر ڕۆڵه گشتی و باوه‌که‌ی له کۆمه‌ڵگادا به‌زاند و وایکرد که به ڕاسته‌وخۆیی به‌رپەر‌چی کۆمه‌ڵگە و داب و نه‌ریته نه‌شیاوه‌کان بده‌نه‌وه و بیان خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. بۆ پیشاندانه‌وه‌ی ناسنامه ئاوتۆبیۆگرافی ده‌بێته بابه‌تێکی سه‌ره‌کی، که زۆرێک له هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌ر ئه‌و لێواره‌ی که له نێوان ژیانی تایبه‌تی خۆیان و ئه‌وانی تردا هه‌یه لێکۆڵینه‌وه ده‌که‌ن، به به‌کارهێنانه‌وه‌ی ماتڕیاڵی ڕاستی و زیندوو کاره‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له ڕێگای ڤیدێو ، فۆتۆ یان پۆرترێتی شه‌خسی یان هه‌ر میدیه‌مێکی تر به‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌کی نزیکتر و ڕاسته‌قینەتر و ئاسانتر بۆ تێگه‌یشتن و گفتوگۆکردن له نێوان بینه‌ر و هونه‌رمه‌ندا ده‌ڕه‌خسێت.
هونه‌رمه‌ند گلین لایگۆن که که له ئه‌مریکا ده‌ژی به میدیه‌می جیاواز کار ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌زموونی خۆی وه‌ک هاوڕه‌گه‌ربازێک و وه‌ک ئه‌فریقی ئه‌مریکییه‌ک، له ساڵێ 1993دا له کارێک‌دا به‌ناوی ڕاکردوو، له هاوڕێکانی ده‌پرسێت، گه‌ر بێت و ون ببێت بۆ ئه‌وه‌ی بدۆزرێته‌وه چۆن وه‌سفی ده‌که‌ن چی ده‌نوسن تا بناسرێته‌وه. بێگومان ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌یبینن کۆده‌کان له مێشکیاندا چه‌سپیووه وه‌سفه‌کانیان ده‌نوسن وه‌ك: پیاوێکی ڕه‌ش پێست، قژێکی زۆر کورت وه‌ک که‌چه‌ڵ وایه، باڵای نزیکه‌ی مه‌تر و شه‌ست و پێنج سانتیمه، چاویلکه‌ی له چاودایه، وه‌سفی جله‌کانی و به‌و جۆره. لایگۆن ده‌ڵێت: ئه‌و وه‌سف و ناساندنانه من بووم و منیش نه‌بووم، به‌ڵام جێی سه‌رسورمانیشی بوو که وه‌سفی هاوڕێکانی بۆ ئه‌م هه‌مان وه‌سفی ڕاگه‌یه‌ندنه‌کان بوو بۆ کۆیله‌یه‌ک. ئه‌م کاره‌ی له ڕووداوێکه‌وه له سه‌ده‌ی نۆزده‌وە سه‌رچاوه‌ی گرتووه کاتێک که کۆیله‌یه‌کی ڕه‌ش پێست هه‌ڵدێت، خاوه‌نه‌که‌ی پۆسته‌ر و ئاگاداری بڵاوده‌کاته‌وه و وه‌سفه‌کانی تێدا ده‌نوسێت و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت.
ئه‌م دێت ئه‌و وێنانه‌ی که له ڕۆژنامه‌کاندا ده‌رباره‌ی دژه کۆیلایه‌تی بڵاوکرا‌ونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ وه‌سفی هاورێکانیدا بۆ ئه‌م، پێکه‌وه ده‌یکاته زنجیره‌یه‌ک کاری گرافیکی. لێره‌دا پیشانی ده‌دات که ناسنامه‌ی تاك به‌و شێوه‌یه‌یه که جێگیر بووه له‌ناو کولتوردا، به‌و شێوه‌یه‌یه که ئه‌وانی تر تۆ ده‌بینن که له سیاقه مێژووی و سیاسییه‌که‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به پیێ کات نه گۆڕاوه شتێک نییە که له ڕابردوودا بێت، هه‌رچه‌نده له ئێستادا وا پیشانی ده‌ده‌ن که ئه‌وانه له ڕابردوودا بوون به‌ڵام ئه‌وه ڕاستی نییە.
جه‌سته‌ی نادیار و ون (Absent bodies): ڕێژه‌ی له‌ناوچوونی جه‌سته له ڕێگه‌ی فۆتۆگرافی و قاڵبدان واته بینینی قاڵبی جه‌سته له زه‌ویدا بێت یان له دیواردا یان هه‌ر جێگایه‌ک که هه‌ست بکه‌یت پێشتر جه‌سته‌یه‌ک لێره ئاماده‌یی هه‌بووه، یان له ڕێگه‌ی چاپکردن یان به‌جێمانی به‌شێکی جه‌سته کاری له‌سه‌ر کراوه. له کارێکیدا هونه‌رمه‌ند مونا حه‌نتوم به دانان و جیێهێشتنی به‌شێک له جه‌سته‌ی خۆی که قژیه‌تی و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له شانه و فڵچه‌که‌ی کۆیکردۆته‌وه، له‌گه‌ڵ مێزێکی بچووکی ته‌خته که وه‌ک ئه‌وه‌ی ئامێرێکی بچووکی ڕستنیش پێکبهێنێت، ئامێره‌که‌ش به قژ دروست کراوه، به‌شێوه‌ی ئینسته‌له‌یشن له ژوورێکدا، قژ وه‌ک به‌شێکی مردوو و فۆڕمێک که له جه‌سته بۆته‌وه پشانده‌دات که دووباره بینه‌ر ئه‌خاته‌وه یادی جه‌سته‌یه‌کی زیندوو. له ژووره‌که‌دا چه‌نده‌ها تۆپه‌له قژی له‌سه‌ر زه‌وی، په‌نجه‌ره و سوچی ژووره‌که‌دا بڵاوکردۆته‌وه به شێوەی تۆپی بچووك بچووك، له هه‌موو لایه‌که‌وه بینه‌ر به‌ر قژ ده‌که‌وێت که هه‌ستێکی نۆستاڵجی له‌ده‌ستدان و ونبوون ده‌خاته ڕوو.
نائاماده‌ی و وونی جه‌سته ی زیندوو، ڕاسته‌قینه‌که وه ئاگا هینانه‌وه ی مۆڕاڵ یان ڕه‌وشته، بیرخستنه‌وه‌یه‌که بۆ مانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ بۆ کاتیکی دیانری کراو کورت به پێجه‌وانه‌ی زۆریک له فۆڕمی تری هونه‌ری که جه‌سته وه‌ک شتیکی دایمی پشان ده‌ده‌ن. شوێنه‌وارو پاشماوه‌کان بیرهینانه‌وه ن بۆ بۆن و تامی یانده‌وه‌ری و به‌شه وون ونادیانره‌که‌ی ناوه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ، سازکردنێکی دژبه یه‌کیشه له نێوان ڕۆح و نائاگای وه شێوه‌ی فیزیکی و ڕوخساری ده‌وه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده‌که.
هونه‌رمه‌ند کوبی- ئه‌مریکی ئانا ماندیتا، یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که جه‌سته‌ی خۆی، ڕووخساری خۆی هه‌وێنی کاره‌کانییەتی به به‌کارهێنانی ماتڕیاڵی تری وه‌ک خوێن، قوڕ، په‌ڕی په‌له‌وه‌ر، شووشه… هتد. زۆربه‌ی کاره‌کانی مه‌یدانخوازییه‌که به‌رامبه‌ر چاوه‌ڕوانییەکان و مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر ژن. هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی جیهانی هونه‌ر له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی ژن‌دا، له ڕێگه‌ی کاره‌کانییەوه ململانێی توندوتیژی و لاقه‌کردن، ستانداری جوانی بۆ ژن و دیقه‌تی پیاوانه بۆ جه‌سته‌ی ژن ده‌خاته ڕوو. گه‌ڕان به دوای ناسنامه‌دا له زۆربه‌ی کاره‌کانی ماندیتایه‌دا ڕوونه، ئه‌وه‌ی که تایبه‌ته به ماندیتا ئه‌وه‌یه که زۆر کات له زه‌ویدا به دوای ڕه‌گ و ڕیشه‌یدا ده‌گه‌ڕێت. یه‌کێک له کاره دیاره‌کانی ماندیتا زنجیره‌یه‌ک کاریه‌تی له‌گه‌ڵ زه‌وی و سروشتدا، که به درو‌ستکردنی په‌یوه‌ندی له نێوان جه‌سته‌ی ڕووتی خۆی له‌گه‌ڵ قوڕ، دار، ئاو، گه‌ڵا و به‌فردا ئه‌نجامی داوه، فۆڕمی جه‌سته‌ی له‌ناو به‌شه‌کانی سروشت و له زه‌ویدا به‌شێوه‌ی قالب و په‌یکه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت و جیاواز ئه‌نجام داوه. ئەمە وای کردووه که جه‌سته‌ی ببێت به به‌شێک له سروشت و به توخمەکانی سروشت ده‌وره بدرێت. ئه‌م زنجیره کاره‌ی ماندیتا، کارکردنه له‌گه‌ڵ چه‌ند فۆڕم و کۆنسیپتێکدا وه‌ک: لاند ئارت (land art)، پێرفۆڕمانس، فێمێنیزم، جه‌سته… هتد.
به پرنتکردنی جه‌سته و تێکه‌ڵکردنی جه‌سته‌ی به زه‌وی، بۆ ماندیتا ئه‌م کارانه درێژکراوه‌ی باوه‌ڕی کۆنه به بوونی هێزی ژن له هه‌موو شوێنێک و دیالۆگێکه له نێوان جه‌سته‌ی ژنێک و سروشتدا که له ڕێگه‌ی قاڵب و په‌یکه‌ری جه‌سته‌یه‌وه دەرکی پێده‌کات و په‌یوه‌ندییه‌کی ئاڵوگۆڕ له نێوان جه‌سته‌ی و سروشتدا دروست ده‌کات که هه‌ردوکیان درێژکراوه و پاڵپشتی یه‌کترن.
زه‌وی میتافۆرێکه بۆ ژیانی تایبه‌تی ماندیتا وه‌ک په‌یوه‌ندی جه‌سته‌ی به ئاینه‌وه له کوبا، و وه‌ک په‌یوه‌ندی به فێمینیست و ژنێتییه‌وه، له هه‌مان کاتدا زه‌وی هه‌ستی ماڵی پێ ده‌به‌خشێت. له کاتێکدا له وڵاتی خۆی دوورده‌که‌وێته‌وه به ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی که بۆ ئه‌و ترازاوه له‌گه‌ڵ گه‌ردووندا، له ڕێگه‌ی کاره هونه‌رییه‌کانییەوه دروستی ده‌کاته‌وه.
مه‌ودای جه‌سته و جه‌سته‌ی ده‌ستکرد ((Extended and prosthetic bodies: له ڕێگه‌ی ته‌کنه‌لۆژیا و به‌شی ده‌ستکردی جه‌سته‌وه مه‌ودای درێژ و کشاوه، بۆ گه‌ران بۆ سپه‌یسی ئه‌لیکترۆنی و به‌دیلی دۆخی دەرکپێکردنه. ئه‌و ماتڕیاڵانه‌ی ئه‌م به‌شه ده‌ستکرده‌ی لێ دروست ده‌کرێت شته‌کانی ڕۆژانه‌ن، که هه‌ندێکیان مه‌ودایه‌کی فراوانتر ده‌به‌خشن به جه‌سته تا توانای زیاتر بێت له په‌یوه‌ندی به‌شته‌کانی چوارده‌ورییه‌وه. ئاشکرایه که توانای جه‌سته‌ی مرۆڤ له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه سنورداره، بۆیه جه‌سته‌یه‌کی فیزیکی موتربه‌کراو له سه‌روو توانای جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه دروست ده‌که‌ن تا ئۆرگانێکی نوێ به جه‌سته ببەخشن که فۆڕمێکی نامۆ، جیاواز و توانایه‌کی تر به جه‌سته بدات. بۆ نموونە وه‌ک ده‌ستی سێیه‌می ستیلارک (بڕوانه وێنە‌ی ژماره یازده). له هه‌ندێکی تر له کاره‌کاندا جه‌سته ده‌گۆڕدرێت بۆ توڵێک یان ئامێرێک وه‌ک کاره‌که‌ی نام جون پایک که جه‌سته‌ی خۆی ده‌کاته ئامێرێکی چه‌لۆ و چارلۆته مۆرمان ئه‌یژه‌نێت. هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانێکی تر وه‌ک ئۆرلان مه‌ودای جه‌سته فراوان ده‌که‌ن تا ناسنامه‌یه‌کی نوێ دروست بکه‌ن
ئۆرلان، هونه‌رمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیاتر به کاری نه‌شته‌رگه‌ری جوانکارییه‌کانی ناسراوه به‌ڵام کارکردنی ئۆرلان له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا زۆر مه‌ودایه‌کی فراوانتر و مێژوویه‌کی درێژتری هه‌یه. لێکۆڵینه‌وه له مێژووی جه‌سته، توانا و ئه‌گه‌ره‌کانی، جه‌سته‌ی ڕاستی بێت یان خه‌یاڵی، جه‌سته‌ی به‌سۆز، زیندوو، موتوربه‌کراو، ڕوون و به‌رجه‌سته بێت یان ئاڵۆز و ئه‌بستراکت، هه‌موو سه‌رچاوه‌ن بۆ لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئۆرلان له‌سه‌ر جه‌سته.
له ڕێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانییەوه شێوازی خۆی ده‌گۆڕێت و شکڵێکی تر ئه‌دات به جه‌سته‌ی خۆی، که مێژووی ناساندی جوانی ژن ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، جه‌سته‌ی خۆی ماتڕیاڵه هونه‌رییه‌که‌یه‌تی که کاری تێدا ده‌کات. ئۆرلان تا جوانی ئایدیاڵی له کولتوره جیاوازه‌کان و له مێژوو‌دا به‌ده‌ستبهێنێت، به نه‌شته‌رگه‌ری جوانکار‌ی هه‌ر ئه‌ندامێکی بۆ یه‌کێک له ئه‌ندامه‌کانی فیگه‌ره‌کانی جوانی ده‌گۆڕێت که نموونەی جوانی ئایدیاڵن؛ له یۆنانی کۆندا، له دیدی ڕۆژئاوادا یان له کولتوره‌کانی تری وه‌ک ئه‌فریقی یان ئه‌مریکای لاتینیدا. له کاره به‌ناوبانگه مێژووییه‌کاندا بۆ نموونە وه‌ک مۆنالیزای لیۆناردۆ داڤینسی، فیگه‌ره دیاره‌کانی یۆنانی کۆن وه‌ک ڤینۆس
ئۆرلان دژی ئه‌و هه‌موو زه‌بر و داواکارییه‌ی کۆمه‌ڵگە به‌سه‌ر جه‌سته‌ی مێینه‌وه، له ڕێگه‌ی پێرفۆڕمانسی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانییەوه و ستانداری جوانی ئه‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. هەروەها دیقه‌ت و حه‌زی پیاوانه بۆ جه‌سته‌ی ژن وه‌ک ئۆ‌بژێکتێک ده‌شێوێنێت و پرسیار له ناسنامه و شوناس ده‌کات وه‌ک ژن، وه‌ك مرۆڤ، ئه‌و ده‌ڵێت: من له‌به‌ر ئاوێنه خۆم ناناسمه‌وه، زۆرێک له من هه‌یه که مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌م، به به‌ده‌ستهێنانی فۆڕمه نامۆکانی جه‌سته و ڕووخساری ته‌نانه‌ت نامۆ به هونه‌رمه‌ند خۆشی، جۆرێکی تر له ناسنامه ده‌خوڵقێنێت. ته‌نانه‌ت ناوه‌که‌شی (ئۆرلان- ORLAN) خوازراوه و داوا ده‌کات به پیتی کەپیتەڵ هه‌موو پیته‌کانی بنوسرێت، خۆی ناوی “میرای سوزان فرانزیت بورت”ه. بۆ ئۆرلان ژیان و هونه‌ره‌که‌ی هیچ سنوورێکی له نێواندا نه‌ماوه.
له حه‌وته‌مین پێرفۆڕمانسی نه‌شته‌رگه‌ریدا له نیۆرک به په‌خشی زیندوو له په‌نجا که‌ناڵه‌وه نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ی په‌خش کرد. بینه‌ران ده‌یان توانی له پێش نه‌شته‌رگه‌رییه‌که و له‌کاتی ئه‌نجامدانیشیدا پرسیاری لێ بکه‌ن و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بکه‌ن. چونکه به‌نجی گشی نه‌کرابوو هه‌ر شوێنی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ی به‌نج کرابوو، که له سه‌رووچاوی و چه‌ناگه‌ی و ڕوومه‌تی ئه‌نجامیدا له‌لایه‌ن دکتۆرێكی فێمینیسته‌وه. به سته‌یجێكی پڕ ڕه‌نگ و جلوبه‌رگی دیزاینکراو، ئۆرلان نمایشیێکی شانۆئامێزی په‌خش کرد. که وه‌رگێڕی زمانی ئینگلیزی و زمانی ئاماژه‌ش بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که نابیستن له‌و سته‌یجه ئاماده بوون. هه‌ڵبه‌ت خۆی هه‌ستی به ئازار نه‌دەکرد، بەڵکو ئه‌وه بینه‌ر بوو که به بینینی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که ئازاری ئه‌چێژا. پاشان هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی ئاوسان و برینه‌کانی ڕووخساری تا چاکبوونه‌وه‌ی ڕۆژانه به پۆرتره‌یت نمایشی ده‌کرد.
هه‌ڵبه‌ت پۆلینکردن و داڕشتنه‌وه‌ی یه‌ک له دوای یه‌کی ئه‌و مێژووه‌ی که له دوای داداکانه‌وه کاریان کردووه هه‌روا شتێکی ئاسان نییە و مه‌به‌ستی ئه‌م نوسینه‌ش نییە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌یه‌ک کاتدا و له شوێنی جیاواز کارکراوه و که هه‌ر بزووتنه‌وه یان کاری گروپ یان تاکێک که له مێژوو‌دا تۆمارکراوه گرنگی و پێگه‌ی خۆی جێگیرکردووه. لێره‌دا زیاتر تیشکخستنه سه‌ر کارکردنه به جه‌سته وه‌ک ماتڕیاڵێک هه‌ندێک له‌و هۆکارانه باسکراون که پێکه‌وه بوونه‌ته پاڵنه‌ر و زه‌مینه‌یه‌کیان ڕه‌خساندووه بۆ گرنگی کارکردن به جه‌سته و شکانی سنووره‌کان په‌ره‌ی سه‌ندووه که له ڕێگه‌ی فۆتۆ، ڤیدیۆ، پۆسته‌ر، پێرفۆڕمانسی زیندوو، هه‌پنین و ئیڤینته‌کان، له شوێنه گشتی و تایبه‌تییه‌کاندا جه‌سته ماتڕیاڵی سه‌ره‌کییه که کاره‌کانی پێکهێناوه هه‌موو کایه‌کانی کۆمه‌ڵگای بابه‌تی کارکردن، مێژوویه‌کی جیاوازتر، که نزیکه‌ی سه‌د ساڵه تۆمار ده‌کات و و له ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه ڕاسته‌وخۆ بابه‌ته‌کانی به‌رجه‌سته‌کردووه.
بینینی کارێکی پێرفۆڕمانس له نزیکه‌وه له‌جیاتی ئه‌زموونکردن و بینینی ئه‌نجامه‌که‌ی به دۆکیمێنتکراوی، زۆر
جیاواز کار له بینه‌ر ده‌کات. پێگی فیلان و ڕۆب لافره‌نایس له نێوان ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌دا‌ن که به به‌ڵگه‌وه مشتومڕی گرنگی بینینی ڕاسته‌وخۆ ده‌که‌ن. ئەوان پێیان وایه ته‌جروبه‌یه‌کی ئارامی به‌ده‌نییە بۆ هه‌ردوو پێرفۆڕمه‌ره‌که (هونه‌رمه‌نده‌که) و بینه‌ره‌کانیش. پیگی فیلان دووپاتی ئه‌کاته‌وه که پێرفۆڕمانس زیاتر ونبوونه وه‌ك له پاراستن، پێی وایه ده‌رباره‌ی پاشماوه و نیشانه‌ی بزره و به‌هادانانه بۆ ئه‌و به‌شه‌ی که دیار نییە و ونه. پێرفۆڕمانس ئاماژه ئه‌کات به ئه‌گه‌ره‌کانی به‌هادان به به‌تاڵایی. بۆیه بازدانێکی کاتییه بۆ ده‌رکه‌وتن و به ئاماده‌ییه‌کی به جۆش و شێتانه‌وه له بیره‌وه‌ریدا ون ئه‌بێت. نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی تاکه که‌س به‌ڵکو به‌گشتی ترس و فانتازی کولتور ده‌ور ئه‌بینێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه تایبه‌ته‌دا که زۆربه‌ی کات کراوه‌یه بۆ تۆمه‌ت و ڕه‌خنه بۆ تایبه‌تمه‌ندێتی و ئه‌و جه‌وهه‌رییه‌ته‌ی که هه‌یه‌تی.
له ڕێی دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که پێرفۆڕمانس چونکه ئه‌کتی زیندووی هونه‌رمه‌نده‌که‌یه و بینه‌ریش له شوێن و کاتی ڕاسته‌قینه‌دا ئه‌زموونی ده‌که‌ن، ده‌گمه‌نه یان زۆر ئه‌گه‌رێکی که‌مه که کاره‌که وه‌ك به‌رهه‌مێکی کۆتایی یان ئۆبژێکتێك بفرۆشرێت یان کۆبکرێته‌وه و پاشان بدرێته‌وه. له کاتێکدا که له شه‌ست و حه‌فتاکاندا هونه‌رمه‌ندان ئه‌زموونی (نامادی بوونیان ده‌کرد) له نێوانیاندا هونه‌ری کۆنسێپت که مه‌یدانخوازی له‌گه‌ڵ (بوون)ی به شتومه‌ك ده‌کرد و دژی داب و نه‌ریتی باوی مۆزه‌خانه‌کان بوو. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا گه‌شه‌ی فۆتۆ و ڤیدیۆ یارمه‌تی هونه‌رمه‌ندانی دا له دۆکومێنتکردنی ئیڤێنته زیندووه‌کانیاندا و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ئه‌م کاره تازانه بڵاوده‌بوونه‌وه. پێویستی ڕه‌وش و جێگه‌ی پێرفۆرمانس له مێژووی هونه‌ردا وای کرد که شاره‌زایان و لێکۆڵه‌ره‌وان و مۆزه‌خانه‌کان پشت به‌و دۆکۆمێنتانه ببه‌ستن و به‌کاریبهێنن. له کاتێکدا که به‌س بۆ مه‌به‌ستی دۆکۆمێنتکردنی ئیڤێنتیکی زیندوو کرابوون. له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌و ئه‌رشیف و ماتڕیاڵانه وه‌ك پێرفۆڕمانسه ئۆرجیناڵه‌که هه‌ژمار ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ویستی زۆرێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه که له‌کاتی خۆێدا پێرفۆڕمانسیان کردووه و وه‌ک میدیه‌مێک بووه بۆیان که دژی درو‌ستکردنی ئۆبژێکتێکی هونه‌ری بوون که بۆ کڕین و فرۆشتن ببێت. ئێستا نه‌ك ته‌نها پیشاندانه‌وه‌ی دۆکومێنتی ئه‌و کاره هونه‌رییانه هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان یان ئینستیوشنه‌کان و په‌یمانگاکان ئه‌و کاره پێرفۆڕمانسه کۆنانه دووباره ده‌که‌نه‌وه تا ئه‌زموونی ئه‌و کارانه له ئیڤێنتێکی زیندوودا بکه‌ن. له ساڵی 2010دا له سته‌یجی گه‌له‌ری نیۆرك میوزیم بۆ هونه‌ری مۆدیرن، کاره‌کانی هونه‌رمه‌ندی پێشه‌نگ مارینا ئه‌برۆمۆڤیچ له‌گه‌ڵ پیشاندانی فۆتۆ و ڤیدیۆی ئۆریجینه‌ڵی کاره‌کاندا نمایشکرده‌وه.
به‌ڵام ئه‌برۆمۆڤیچ یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی باوه‌ڕی به دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و کارانه هه‌یه و ئه‌ڵێت: بێجگه له‌و کارانه‌م که کردوومه و ڕیسك و خه‌ته‌ری له‌سه‌ر ژیان هه‌یه، ڕێگه ده‌ده‌م که هونه‌رمه‌ندان هه‌موو کاره‌کانی ترم دووباره بکه‌نه‌وه. له ڕاستیدا دووباره‌کردنه‌وه‌ی کاره مێژووییه پیرفۆڕمانسه‌کان بووه‌ته ڕێچکه‌یه‌کی تر بۆ کارکردن که نه‌ک ته‌نها هونه‌رمه‌ندانی لاو و تازه پێگه‌یشتوو به‌ڵکو هونه‌رمه‌ندانی دیار و به‌ئه‌زموونیش کاره کۆنه‌کانی هونه‌رمه‌ندانی پێشوو له سته‌یجێکی نوێ دووباره ده‌که‌نه‌وه تا پرسیار له پێگه‌ی هونه‌رمه‌نده‌که و بابه‌تی کاره‌که بکه‌ن. بۆ نموونە وه‌ک دووباره‌کردنه‌وه‌ی پێرفۆڕمانسی ساڵانی شه‌ست، حه‌فتاکان و هه‌شتاکان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگ و پێشه‌نگه‌وه وه‌ك ماریان ئه‌برۆمۆفیچ که کاری حه‌وت هونه‌رمه‌ندی دووباره‌کردەوه، تانیا بروگیرا کاری ئانا ماندیتا و پاو‌ل مکارثی که کاری ئیڤ کلاین، زۆرێکی تره‌وه به ئامانجی جیا له تێگه‌یشتن و نرخ و پرسیارکردن له بابه‌ت و ئه‌کتی ئه‌وکات گرنگی دانیان به ئه‌زموونی مێژووی پێرفۆڕمانس کاره‌کانیان دووباره کردۆته‌وه و هه‌ریه‌که‌یان ئامانجی جیاوازی له پشت ئه‌و دووباره‌کردنه‌وه‌یه‌وه پشان داوه. به‌گشتی له ئێستادا بیناڵه، مۆزه‌خانه و گه‌له‌رییه‌کان گرنگییه‌کی به‌رچاو به کارکردن به جه‌سته و پێرفۆڕمانس ده‌ده‌ن و شوێنێکی چالاکن بۆ نمایشی کاره‌کان.
سەرچاوەی وێنەکان
تێبینی: وێنه‌کان له ئینته‌رنێته‌وه وه‌رگیراون
لیستی وێنه‌کان:
وێنە‌ی ژماره یه‌ک Saburo Murakami, Tokyo 1956. Breaking Through Many paper Screen.
وێنە‌ی ژماره دوو Jackson Pollock , East Hampton , 1950. Painting.
وێنە‌ی ژماره سێ Kazuo Shiraga, Tokyo, 1955. Challenging Mud.
وێنە‌ی ژماره چوار Allan Kaprow, New York, 1964. Women Licking jam off a car.
وێنە‌ی ژماره پێنج Peter Weibel and Valie Export, Vienna, 1968. From the Portfolio of Doggishnes
وێنە‌ی ژماره شه‌ش Otto Muhl, Hamburg Film Festival, 1969. Pissaction.
وێنە‌ی ژماره حه‌وت Lygia Clark, Rio de Janerio, 1973. Anthropophagic slobber.
وێنە‌ی ژماره هه‌شت Piero Mazoni, Milan 1961. Living Sculpture.
وێنە‌ی ژماره نۆ Carolee Scheemann, Berlin, 1976. Up To And Including Her Limits.
وێنە‌ی ژماره ده,Santiago 1970. Perchero. Carlos Leppe
وێنە‌ی ژماره یازدهStelarc, Tokyo,1982. Handswriting.
وێنە‌ی ژماره دوازده Stahl Stenslie, Oslo, 2009. Theater of the Blind, Haptic experiance spaces for the Blind.
وێنە‌ی ژماره سێزده Sharon Hayes, US, 2009 . In the Near Future.
وێنە‌ی ژماره چوارده Janine Antoni, London D Offay Gallery, 1992. Loving Care.
وێنە‌ی ژماره پازده Stuart Brisley, Warsaw, 1975. Moments of Decision and Indecision.
وێنە‌ی ژماره شازده . Ana Mendieta, Lowa city, 1974. Body Tracks
وێنە‌ی ژماره حه‌ڤده . Shigeko Kubota, New York, 1965. Vagina Painting
وێنە‌ی ژماره هه‌ژده Gilbert & George, London,1970. The singing Sculpture
وێنە‌ی ژماره نۆزده Yoko Ono, Kyoto, 1964. Cut piece
وێنە‌ی ژماره بیست Milan Knizak, Prague, 1964. demostration for all the Sense.
وێنە‌ی ژماره بیست و یه‌ک Joseph Beuys, Newyork 1974. Ilike America and America Likes me
وێنە‌ی ژماره بیست و دوو Joseph Beuys, Newyork 1974. Ilike America and America Likes me
وێنە‌ی ژماره بیست و سێ Karen Finley, new York, 1989. We Keep Our Victims Read
وێنە‌ی ژماره بیست و چوار Elke Krystufek, Vienna, 1996. Satisfaction وێنە‌ی ژماره بیست و پێنج Hermann Nitsch, Austria, 1984. 80th Action: Orgies-Mysteries Theatre
وێنە‌ی ژماره بیست و شه‌ش Gunter Brus, Vienna, 1968. Art and Revolutio
وێنە‌ی ژماره بیست و حه‌وتVito Acconci, New York, 1970. Trademarks. وێنە‌ی ژماره بیست و هه‌شت Regina Jose Galindo, Sao Paulo, 2013. Piedra.
وێنە‌ی ژماره بیست و نۆ Marina Abromovic, Zagrreb, 1974. Rythm 2
وێنە‌ی ژماره سی Gina Pane, Paris, 1972. Warm Milk.
وێنە‌ی ژماره سی و یه‌ك Ana Mendieta, 1972. Untitled( Facial Hair Transplants).
وێنە‌ی ژماره سی و دوو Shirin Neshat, New York, 1994. Rebellious Silence.
وێنە‌ی ژماره سی وسێ Coco Fusco and Guillermo Gomez-Pena, Madrid 1992. Two Undiscovered Amerindians Visit Madrid
وێنە‌ی ژماره سی و چوار Glenn Ligon,New York 1993. Runaways
وێنە‌ی ژماره سی و پێنج Richard Long, Somerset England, 1967. A line Made by Walking.
وێنە‌ی ژماره سی و شه‌ش Mona Hatoum, The Netherlands and Belgium. 1995. Hair balls, Strands of hair, wooden loom, woven hair Table dimension Variable.
وێنە‌ی ژماره سی و حه‌وت Marcel Duchamp, 1959. With my Tongue in My Cheek.
وێنە‌ی ژماره سی و هه‌شت Ana Mendieta,Location in Lowa and Mexico, 1974. Silueta Series
وێنە‌ی ژماره سی و نۆ Atsuko Tanaka, Tokyo, 1956. Electric Dress.
وێنە‌ی ژماره چل Rebecca Horn 1972. Pencil Mask.
وێنە‌ی ژماره چل و یه‌ک Leigh Bowery, 1985. Light bulb headdress
وێنە‌ی ژماره چل و دوو ORLAN portrait
وێنە‌ی ژماره چل و سێ ORLAN, New York, 1993. Omnipresence
وێنە‌ی ژماره چل و چوار ORLAN portrait
وێنە‌ی ژماره چل و پێنج NewYork Musum of Modern Art, 2010, re enactments of earlier performances, Marina Abromovic and Ulay.
تێبینی:
ئه‌م تێکسته (جه‌سته، هونه‌ر و جه‌سته) له کتێبی (The Artisti’s Body) له‌گه‌ڵ سوود وه‌رگرتن له تێکست و سه‌رچاوه‌ی تر له زمانی ئینگلیزییه‌وه به‌ده‌ستکارییه‌وه وه‌رگێڕدراوه به زیادکردنی زانیاری پێویست بۆ زیاتر ڕوون کردنه‌وه و فراوانکردنی مه‌ودای زانیارییه‌کان.
تێکسته‌کان:
texts Forewords and chapters by Tracy Warr and Amelia Jones The Artisti’s Body
Where Art intersect with Life, Essay by Dr Virginia B Spivery
Performance Art from Futurism to present. Foreword by Roselee Goldenberg
سه‌رچاوه:
Claudia Mesch, Joseph Beuys. London: Reaktion Books, 2017.
Jane Blocker. Where Is Ana Mendieta? Identity, Perormativity, and Exile. Duke Uneversity Press,2012 .
Roselee Goldenberg. Performance Art from Futurism to present Third edition New York: Thames&Hudson, 2011.
Tracey Warr, Amelia Jones. The Artist’s Body. London: Phaidon, 2012 .