بازنەی ئایدۆلۆژیست، سه‌رنجێك له‌سه‌ر كتێبی ئایدۆلۆژیست
كارزان عه‌لی
کتێبی ئایدۆلۆژیست (2019) لە نوسینی نوو سه‌ری ناسراوی كورد “بەختیار عەلی”ه، یەکێکی ترە لە کتێبە فكری و تیۆرییەکانی نووسەر، لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات خوێندنەوەیەکی ورد بکات بۆ چه‌مك و دیارده و پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتناسی، و لە ڕوانگەی خۆیەوە و به گه‌ڕانه‌وه بۆ زۆر له سه‌رچاوه كوردی و بیانییه‌كان لێکۆڵینەوە لەباره‌ی هەندێک لەو پرسانە ده‌كات.
بەڵام بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ئەگەر خوێنه‌ر هاوکات و پێشوەختە نوسراوەکانی لەمەڕ ڕۆژهەڵاتناسی، دەنگەکانی ئەویدی و سه‌نته‌ریزم، و هه‌ردوو چه‌مكی ئامادەیی و نائاماده‌یی لای جاک دێریدا، و پرۆژە فیکرییەکانی جابری و تەرابیشی و زۆر پرۆژەی تری هاوشێوەی نەخستبێتە ژێر چاودێری و هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی وردەوە، دەکرێت توشی نائومێدی، و بە كه‌م سەیرکردن و بێزکردنەوە لە خود و تەنانەت هەڵە و تێگەشتنی زۆر نالۆژیکی بکەنەوە، ئەوەی تێبینی منە لێرەدا، دەمەوێت لە چەند خاڵێکدا چڕی بکەمەوە:
یه‌كه‌م: تێكه‌ڵبوونی دوو چه‌مكی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و ئایدۆلۆژیا
نووسەر هەردوو چەمکی ڕۆژهەڵاتناسی و ئایدۆلۆژیا، وه‌ك دوو چه‌مكی هاوواتاو ته‌ریب ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌م دوو چه‌مكه له‌و كتێبه‌دا به ته‌واوه‌تی تێکەڵ بووه، بە شێوەیەک لە هەر شوێنێکدا نووسه‌ر كاری بەهەریهك له‌و چه‌مكانه هەبێت، بەکاری دەهێنێت. وەک فێڵێکی ئەکادیمی و خۆدزینەوەیەکی زیرەکانە ڕەوایی بە کۆمەڵێک داوه‌ری و بڕیار و حوکمی قورس و دوور لە پێشمەرجە لۆژیکییەکان ده‌دات، پاشان دەیسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەی کوردی‌دا. لە زۆر جێگەی کتێبەکەدا لە باسی ڕۆژهەڵاتناسییەوە، دەپەڕێتەوە سەر نەهامەتییەکانی ئایدۆلۆژیا و مژدە و کاریگەرییە ناهۆشیارییەکانی… لە دواجاردا کە په‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه، نازانین ئێمه کتێبێک لەبارەی ئایدۆلۆژیا یان ڕۆژهەڵاتناسی دەخوێنینەوە. بەتایبەت کاتێک لە بەشەکانی دواییدا، پاسادانی داوه‌ری و حوکمەکانی بەسەر کۆمەڵگەی کوردی‌دا دەکات.
نووسه‌ر بە ڕوونی نە پێناسەی ڕۆژهەڵاتناس و نە پێناسەی ئایدۆلۆژیستمان بۆ ڕوون ناکاتەوە، بەڵکو هەردوو چەمکەکە، وەک لاستیک، ڕاده‌كێشێت تا ئەوەندەی خزمەت بە حوکم و داوه‌رییه‌كانی بکات.
دووه‌م: كورتبوونه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستاندا
بە پشت بەستن بە خاڵی یەکەم، لە پرسی ڕۆژهەڵاتناسیدا، کۆی ئەم پرۆسەیە، کورت دەکاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عێراق، ئێران، تورکیا، کوردستان). لە هەندێ لە بابەتە سەرەتاییەکاندا، بەتایبەتی لەو پەڕانەی هەوڵ دەدات نموونە بۆ ڕۆژهەڵاتناسی بهێنێتەوە، نموونەکە بە دیاردە یان پرسێکی کوردانە ڕوون دەکاتەوە… بەڵام لە بەشەکانی ناوەڕاستدا، بە تەواوی ئەم چەمکە فراوان و قسەهێنە، ته‌واو کورت دەکاتەوە بۆ کوردستان، بۆ کو‌لتوور، زمان، داب و نەریت، و ژیانی کوردەواری لە سەدەی بیستەمدا. لە کوردستانیشدا تەنها کوردستانی عێراق و لێرەوەش تەنها ناوچەی سلێمانی و شاعیرانی ئەم ناوچەیە (موفتی پێنجوێنی، ئەحمەد موختار بەگی جاف، شێرکۆ بێکەس، گۆران، شێخ نوری شێخ ساڵح و …هتد) بێئەوەی بپەرژێتە سەر ئەوەی کە چەمکی ڕۆژهەڵاتناسی زۆر لەوە فراوانتر و گشتگیرترە، و ڕۆژهەڵاتناسی تەنها ئەم پارچە بچوکەی كوردهواری ناگرێتەوە، بەڵکو کاتێک دایەنگەی ئەم گوتارە دەکرێت، ئەوا کولتور، داب و نەریت، و زمانی کۆی نەتەوە و گەلی ڕۆژهەڵاتی پێ دەخوێنینەوە، وەک گەلانی هیند، چین، عەرەب، فارس، نەک تەنها کورد، وە ڕۆژهەڵات لە هەموو ئەم گەلانەی تر پێکدێت و بە تەنها کورد، ناکاتە کۆی ڕۆژهەڵات، تەنانەت ناکاتە زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.
سێیه‌م: هه‌موو شتێك تارمایی ئایدۆلۆژیایه
کتێبەکە لەسەر چەمک و مانای ئایدۆلۆژیایە، وەک لە ناونیشانەکەیەوە دەردەکەوێت. بەڵام بە درێژایی خوێندنەوەی کتێبەکە، نوسەر، هەرچی گوتاری سیاسی، ئاینی، ڕۆشنبیری، شیعری، ناشیعری، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەکی زۆر سەیر، هەمووی لە ناو بازنەی ئایدۆلۆژیادا جێدەکاتەوە، بە شێوەیەک هیچ نوسینێک، شیعرێک، چامەیەک، بانگەوازێک، تەنانەت هیچ قسەکردنێک ناچێتە دەرەوەی سنوورە ئاگرینەکانی ئایدۆلۆژیاوە، پێده‌چێت نووسه‌ر چه‌مكی ئایدۆلۆژیای له بری چه‌مكی “گوتار” دانابێت وه‌ك لای فۆكۆ هه‌یه.
هەرچەندە بەشێکی زۆر لە وتارەکانی ئەم کتێبە، هەمان گوتاری مانەوەیە کە لە پێشتردا کاری لەسەر کردووە، زۆرجار گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ری، و بەشێکی تری گەڕانەوەیە بۆ گوتاری ئایدۆلۆژی لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا، کە ئەویش پێشتر چه‌ند كارێكی له‌سه‌ر كردووه.
جگە لەوەی زمانی ئەکادیمی و لێکۆڵینەوە و حوکمدانی ئەم جۆرە نوسینانەی بەڕێزیان، زمانێکی شیعری و لێکچواندنی شیعری و وەسف زاڵە بەسەریدا، بەڵام هەموو گوتارەکان بە شێوەی لاستیکی ڕاکێش دەکاتەوە کە ئایدۆلۆژیا،زاڵ بووە بەسەر ئەم گوتارانەدا، تەنانەت من بۆ تەنها یەک گوتار دەگەڕام، نەچێتەوە ناو ئایدۆلۆژیا، بەڵام هەموو گوتارەکان، بەرگێکی نهێنیئامێزی ئایدۆلۆژیانە بەسەریدا زاڵ دەبێت،.بە درێژایی ئەم کتێبە دەمویست بزانم چین ئەو گوتارانە کە نائایدۆلۆژین، چین ئەو شتانەی تر کە نابنە ئایدۆلۆژیا؟! بۆ ئەوەی منی خوێنەر، بەو ئاڕاستەیەدا بیربکەمەوە و نەکەومە ناو چاڵی ئایدۆژیا و هه‌موو شتێك وه‌ك ئایدۆلۆژیا خۆی بنوێنێت.
لە بەشەکانی کۆتاییدا، نوسەر جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم تارماییە ئایدۆلۆژییە، کۆی پرۆسەی بونیادی مرۆڤی کوردی لە ئەستۆ گرتووە، بونیادێکی فشەڵ کە لە داڕووخانەوە بەرەو داڕووخانی زیاتر دەڕوات.
خاڵێکی جیاوازی تر، نووسەر ناهاتووە لە گوتارەکانی حیزب و جوڵانەوە سیاسییەکانی کوردستانەوە، گوتاری ئایدۆلۆژیی بدۆزێتەوە و لێی بکۆڵێتەوە، بەڵام شاعیران موفتی پێنجوێنی (1881-1952) و ئەحمەد موختار بەگی جاف (1898-1935) دەکات بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی بیرە فریودەرە ئایدۆلۆژییەکان، نەک ئەو گوتارە سیاسیانەی لە سەرەتای سەدەی بیستەوە، نمایندەی پارێزگاریی و بەرگریکردن دەکەن لە کورد! بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ بزوتنەوە و ڕێکخراوە سیاسییەکان نە لە سەدەی نۆزدە و نە لە سەدەی بیستدا، بە مەرجێک کە بوونی بزوتنەوە و ڕێکخراوی سیاسی لە سەرەتای سەدەی بیستدا لە کوردستاندا زیاتر سەرهەڵدەدات، چ لە سەردەمی لاواز بوونی دەسەڵاتی عوسمانی و چ دوای دابەشکردنی کوردستانیش، بەشێوەیەک دروست بوونی ڕێکخراو و بزافه سیاسییە کوردییەکان لە بیستەکانی سەدەی ڕابوردوو تاوەکو شەستەکانی سەدەی بیست، درێژ دەبێتەوە و چەندین بزوتنەوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی نوێ لەو چەند دەیەدا دروست دەبن، و هەڵگری بیر و مژدەی ئایدۆلۆژی گەورەن، لێرەدا تێناگەم بۆ نوسەر دەگەڕێتەوە بۆ شیعر و هۆنینەوە، بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ بەرنامە و پێڕەوی ئەو بزوتنەوە و ڕێکخراوە سیاسییانە.
چواره‌م: كوردستان وه‌ك سه‌رزه‌مینی ده‌گمه‌نی ئایدۆلۆژیاكان
یەک خاڵی گرنگی تر، کە دەمەوێت له کۆتایی ئه‌م سه‌رنجه خێرایه‌دا بیخه‌مه‌ڕوو، پرسی سەرهەڵدانی هەمان بەکارهێنانی نووسەرە بۆ چەمکی ئایدۆلۆژیا… نوسەر تەنها قسە لە مرۆڤی کورد دەکات، کە گیرۆدە و گرفتاری گوتارە ئایدۆلۆژییەکانە، جگە لەوەی کە ناگەڕێتەوە بۆ گەلانی تری ڕۆژهەڵات و تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەڵکو بە ڕێبواری و سەرپێی، ناپەرژێتە سەر هیچ کام لە ڕێبازە ئایدۆلۆژییە زۆر زاڵەکانی ڕۆژهەڵات و رۆژئاواش، به‌و پێیه‌ی كتێبه‌كه ده‌رگیر و سه‌رقاڵه به ڕۆژهه‌ڵاتناسی و ئایدۆلۆژیا، و كوردستانیش وه‌ك به‌شێكی كارتێكراوه به ته‌وژم و ڕه‌وت و ئایدۆلۆژیاكانی جیهان به‌گشتی و جیهانی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی.
نووسینی شیعر و هۆنینەوەی، یان بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان، یان هەر کۆمەڵە و ڕێکخراوێک، لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە کە سەرهەڵدەدات، هەڵگری هەر دروشم و پەیام و بەرنامەیەک بێت، لای نووسەری ئەم کتێبە، دەخرێتە قاڵب و بۆتەقەیەکی ئاسنین و ژەهراوی ئایدۆلۆژییەوە. وەک ئەوەی ئەم ژەهرە تەنها لە کوردستاندا بڵاو بووبێتەوە، وەک ئەوەی لە ئەوروپا و سه‌ره‌تاكانی سه‌رده‌می سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە لایەک، و ڕێنسانس و مژده گه‌وره‌كانی زانست و عه‌قڵ بۆ مرۆڤ، پاشان لە هاتنی هیتلەر و کارەساتەکانی دواتری، هاوكات مۆسۆلینی و ڕژێمه فاشیستیه‌كه‌ی، شه‌ڕی سارد و دابه‌شبوونی دونیا و بونیادنانی دیواری بەرلین و ڕاپەڕینی بۆدابست و دواتر سەرەتای دەرکەوتنی ئەمریکا وەک تاكه زلهێز، وه‌ك ئه‌وه‌ی کۆی هەموو ئەمانە، سەدان سەدە پێشتر ڕوویان دابێت، و مرۆڤی ئەوروپی ده‌مێك بێت پێیدا تێپەڕ نەبوبێتنهوه! وەک ئەوەی ئەم (ژەهری) ئایدۆلۆژیایه تەنیا کوردستانی گرتبێتەوە، و مرۆڤی خۆرئاوایی کۆی ئەم کارەسات و جەنگ و شکستانەی نەدیبێ و بەر ژەهری ئایدۆژیا نەكهوتبێت یان ده‌مێك بێت له‌دوای خۆیه‌وه به‌جێیهێشتبێت. بەڵام بەداخەوە هەموو ئەمانە، پێش وەخت لای نووسه‌ر دەچنە قاڵبی کۆنکریتیی ئایدۆلۆژیاوە.
لێرەوە خوێندنەوەکە کورت دەهێنێت کاتێک ناپەرژێتە سەر هیچ بزوتنەوە و ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری دەرەوەی کوردستان، نە ئایدۆلۆژیای مارکسی و نە لیبراڵیەت و نە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تریش، كه كاریگه‌رییه‌كانی له ماوه‌ی سه‌رتاپای سه‌ده‌ی بیست و تا دوو ده‌یه‌ی ڕابردووی هه‌زاره‌ی دووه‌م كاریگه‌رییه‌كانی به ڕاشكاوی دیارن. بۆئەوەی بزانین ئایا بە تەنها مرۆڤی کوردە گیرۆدەی ئەم ( دێوە ئایدۆلۆژییە) بووە، یان ئەوە هەموو جیهانە بەدەست ئایدۆلۆژیاوە دەناڵێنێت، ئەگەر شتێك هه‌بێت به‌ناوی ناڵین و گیرۆده‌بوونه‌وه به‌ده‌ست ئایدۆلۆژیاوه، ئایدۆلۆژیاش نه‌فره‌تێكه ده‌بێت ڕه‌ت بكرێته‌وه.
به‌رمه‌بنای خودی لێکدانەوە و تێگەشتنی نووسەر و شێوازی كاركردنی له‌م ده‌قه‌دا، ده‌كرێت بپرسین ئایا کتێب و لێکدانەوەیەکی لەم جۆرە بۆ ئەم چەمکە، کورت کردنەوەی هەموو چالاکییەکان، وەک ئەوەی لەم کتێبەدا هاتووە، خودی ڕووخساری فریودەری ئایدۆلۆژیستێک نییە؟ ئایا بینینی ئایدۆلۆژیا به‌مشێوازه بینینێكی ئایدۆلۆژیستیانه نییه؟!
تەواو