بۆبینی گه‌له‌رییه‌كه كرته بكه‌ره سه‌ر فۆتۆكان
هه‌ڵبژاردن كرده‌یه‌كی مرۆییانه‌ی سه‌خته؛ له‌نێوان كردن و نه‌كردن، نیگه‌رانی و پاشه‌ڕۆژ، چی ڕووده‌دات و چی زیادهكهین و چی كه‌م ده‌كه‌ین! هه‌موو ئه‌مانه له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا ڕووده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر و هاوژین ئه‌م پرسیارانه ده‌هارووژێنێت. هه‌ڵبژاردن وه‌ك كرده‌ی شۆڕشكردن وه‌هایه چه‌نده ده‌یه‌وێت دونیا بگۆڕێت، ده ئه‌وه‌نده‌ش برین و خه‌م و ناسۆری به‌دووی خۆیدا جێده‌هێڵێت، به‌ڵام كرده‌یه‌كه هه‌ر ده‌بێت بكرێت.
بالدینی هونه‌رمه‌ند ئه‌م ژاوه ژاوه و نیگه‌رانیه سه‌ختانه‌ی ڕیفراندۆمی كوردستانی كردۆته چه‌ند كارێكی پێرفۆرمانسی فۆتۆیی، تێدا ده‌نگه‌كان تاوێك له‌شوشه‌ی دۆشاودان و تاوێك له‌سه‌ر گونیه‌ی خهتسوور، و تاوێكیش ورگزلهكانی سیاسه‌ت بۆ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن .بالدینی پێشمه‌رگه، بالدینی كورد، له‌ڕێگه‌ی فۆرمهكانیهوه ئه‌م خه‌مه كوردییه، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌خته وێناده‌كات، وێنه‌یه‌ك كه‌ته‌نها هونه‌ره كۆی ئه‌م خه‌مه كوردییه فۆرمبكاتهوه و بیخاته ناو كایه‌كی فراوانتر كهكایهی كوردبوونه. ئه‌م كوردبوونه لای بالدین دوورییه‌كی یونیڤێرسالی هه‌یه، كه دووری كاری پێرفۆرمانسه وه‌ك ده‌نگێك له‌ناو كایه گڵۆباڵهكاندا.
بالدین هه‌موو جارێك سه‌رساممان ده‌كات؛ بۆ نمونه له‌زنجیره كاری هونه‌ری له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵیدا دیواره‌كان، ژووره‌كان به‌كار ده‌هێنێت و فۆتۆگرافیان ده‌كات و ده‌یانكاته ئۆبێكتێك بۆ ده‌ربڕین له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی درزده‌خاته دیواره‌كانه‌وه. دیواره‌كان ته‌نها دیواری ئاسایی نین، به‌لكو دیواری دڵ و ده‌روونی مرۆڤه‌كانن، دیواری ژیانن به‌مانا جوانه‌كه‌ی و ژووره‌كانی ماڵهكانمانن كهگهندهڵی وه‌ك خۆره ناشرینی ده‌كات.
به‌هه‌مان شێوه ده‌نگدان له‌سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا و له‌ناو سوستێمی له‌ناو قوتووه شوشه‌كاندا هه‌میشه هه‌ڵده‌گیرێت، لهگونیه خهتسوورهكاندا ده‌پێچرێته‌وه، به‌ڵام كرده‌یه‌كه به‌رده‌وام مرۆڤ ده‌یكات بۆ ئه‌وه‌ی بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و بڵێت من هه‌م.
من كاتێك سه‌رنجی ئه‌م فۆرمانه‌ی بالدین ده‌ده‌م، من بیر له‌ده‌سته‌واژه‌ی (ڕووخان به‌ره‌و پێشه‌وه) ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (پیته‌ر سلۆته‌ردایك) ده‌كه‌م، به‌وه‌ی پێچه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی زۆر ڕووداوی مێژووی به‌خۆیه‌وه بینیوه، له‌وانه‌یه ئایدیال نه‌بن و به‌دڵی هه‌موو پڕنسیبهكانمان نه‌بێت، به‌ڵام پێچێكن له‌مێژوودا، ڕووخانن به‌ره‌و پێشه‌وه، وه‌ك چۆن لای ماركس چینی بۆرژوازی پێویسته بۆ ده‌رچوون له فیودالیزم، بێگومان له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زۆرانبازییهكانe به‌ره‌و پله‌یه‌كی دیكه له‌نێوان كار‌و سه‌رمایه‌دا. ئاوه‌ها مرۆڤ به‌رده‌وام ده‌ڕووخێت به‌ره‌و پێشه‌وه.
كاتێك سه‌یری ئه‌م فۆرمانه‌ی بالدینی هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌م، هه‌ست به‌م ڕووخانه ده‌كه‌م به‌ره پێشه‌وه له‌دونیای كوردیدا، ڕووخانێك له‌ڕۆژئاوا و باشوور و باكوور له‌به‌رامبه‌ر خهفهبوونێك له‌ڕۆژهه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌م ڕووخانه له‌دواجاریشدا ته‌كانێكی گه‌وره‌یه بۆ پێشه‌وه، بۆ ناو دڵی مێژوو، بۆ ناو پرسێكی وجودیانه‌ی گه‌وره. به‌دیوێكی تردا له‌م ڕیفراندۆمه‌دا ڕووخانی دونیا به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بینین، به‌وه‌ی كۆی ده‌وڵه‌تانی دونیا دژی ساده‌ترین مافی چه‌ند ملیونێك مرۆڤن به‌وه‌ی خاوه‌نی ڕیفراندۆمێكی ئازاد بن تێدا ده‌نگ بده‌ن بۆ قه‌واره‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ خۆیان. لێره‌وه له‌ڕووخانی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی كاپیتالزمی گڵۆباڵ تێده‌گه‌ین، باشتریش تێده‌گه‌ین كه ورگزلهكانی دونیا ده‌بینین نیگه‌ران، زۆر نیگه‌رانن…لێره‌وه بیر لهگونییه خهتسوورهكانی بالدین ده‌كه‌مه‌وه …