پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز

جه‌مال نه‌به‌ز: كورد لەبەردەم هەڵبژاردەی (مان و نەمان) دا


Loading

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ، پێشمەرگە و شەڕڤان ببنە یەک و بڕیارێکی ئازادیخوازانەی نەتەوەیی بدەن بۆ رزگارکردنی کورد لە چارەنووسێکی رەش ؟؟؟؟
چەند رۆژێک پاش ئەوەی داعش مووسڵی گرت ، میدیاڤانی ناسراو ، هێژا مستەفا خەلیل کارگێڕی بەشی کوردیی رادیۆی ئوسترالیا گۆتوبێژێکی دوورودرێژی کرد لەگەڵم ، لەوەدا گوتم کە بنچینەی سوپای داعش کۆنە بەئسییەکانی نێو لەشکری هەڵوەشاوەی ئێراقن . تێکەڵکردنی ئیسلامەتیش بە بەئسێتیی وەک داعش دەیکا ، شتێکی تازەبابەت نییە ، ئەوە بوو مێشیل ئەفلەق ، ئیدیۆلۆژی هیزبی بەئس دەیگوت ( ناسیۆنالیزمی ئارەب لەشێکە ، ئیسلام گیانەکەیەتی ) . دەوڵەتە ئارەبەکانیش ، بە تایبەتیی شاکانی بنەماڵەی سەئوود ، کە باسی ئیسلام دەکەن ، ئارەبایەتیی و ئیسلام پێکەوە دەردەبڕن و دەبێژن (العروبة و الاسلام ) ، واتە ئارەبایەتیی دەخەنە پێش ئیسلامەتییەوە . بییری (سالەفێتیی) ش هەر لە وانەوە پەرەی سەند. ، کە ئێستە هاوریانە بەدەستییەوە.

لە گۆتوبێژەکەمدا گوتم;  لەنێوبردنی داعش کارێکی زۆر سەخت و زەهمەتە، خۆ ئەگەر لەنێویش ببرێ ئەوا بە نێوێکی دیکەی وەک (ماعش )ەوە سەر دێنێتەدەرەوە.کە پەلامار و دەستدرێژیی داعش لەسەرەتاوە هەر لە دژی کورد بوو ، لە مووسڵ و شەنگار و کەرکووک و گوڵالە و کۆبانیی و تەواویی ڕۆژاڤای کوردستان ، و هێشتا نەگەیشتبووە هێندەک لە دەرودراوسێیەکانی کوردستان و ئەورووپا ، بێدەنگییەک بەرامبەر کوردکوژیی لە ئارادا بوو، چۆنکە ، داگیرکەرانی کوردستان و زلهێزەکان ، سەرەڕای ناکۆکیی توندوتێژی نێوانیان، لە دژی کورد هەموو برای یەکن . بێجگە لەوەش دەبیسترا کە چەند دەوڵەتێکی سوننی مەزەب ، لەژێرەوە هاوکاریی داعش دەکەن ، بەلام کە دەستی داعش گەیشتە هێندەک لەو دەوڵەتانە و ئەورووپاش ، و مەترسیی کەوتە گیانیانەوە ، ئەوجا ئەمریکا و هێندەک وڵاتی ئەورووپایی ، بەتایبەتیی ئەلمانیا و فەڕەنسا، هەر یەکە بەجۆرێک بە چەک و چۆڵی سووکە ڵەو پارە و دەرمان یارمەتیی پێشمەرگەیان دا و ، ئەمریکا ، سەرەڕای ناڕازییبوونی ترکیای هەڤاڵبەندیی ، لە ئاسمانەوە کە وتە یارمەتییدانی شەڕڤانانی رۆژاوای کوردستان . جا هەر لەسەرەتاشەوە دیاربوو کە ئەم یارمەتییە هیچ هاندەرێکی مرۆڤدۆستانەیان لە پشتەوە نییە، بەڵکو لە ترسی جەزرەبەی داعشە کە پەرەی سەندووە وگەیشتووەتە ولاتەکانیان . بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە ، ئەمریکا کە بە قسە دەبێژێ ێ.پێ.

گێ هەڤاڵبەندی ئەمریکایە دژ بە داعش ، کەچی پاش رزگارکردنی گەڵیك نێوچەی رۆژاڤای کوردستان لەلایەن لەشکری کچان و کوڕانی شەرڤانانەوە ، هەرلەبەر خاتری ترکیا ، بە شەڕڤانان دەبێژێ ئەو نێوچانە چۆڵکەن کە بە قوربانییەکی گەورە و گران رزگار کراون و، سەروەریی سووریا و یەکێتیی خاکەکەی کە دەمێکە نەماون بوونە بنێشتەخۆشەی دەمی جەنابی ئۆباما.

هیزبە کوردییزمانەکانی باشووری کوردستانیش هەر لەسەرەتاوە هیچ جۆرە پیلان و نەخشەیەکیان بەرامبەر سەرهەڵدانی (دەوڵەت ئیسلام ) نەبوو ، تەنانەت بەرگرییان لە شەنگار نەکرد .ئەمەش شتێکی سەیر و سەمەرە نییە ، چۆنکە هیزبهیزبێنە و بنەماڵە بنەماڵێنە و کەسایەتییپەرستن دژ بە بییری نیشتمانپەروەریی و گەلپارێزین . ئەمە لە کاتێکدا کە دەتوانرا سووتێکی مەزن لەو دەرفەتە هەڵکەوتووە بگیرێ . چۆنکە دەرپەڕاندنی داعش لە مووسڵ ، بە بێ بەشداریی کورد ناکرێ و ، بێ ئەوەش ناچێتە سەر ، ئەگەر کورد رێیان پێنەدا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆی بچن. هەر لەبەر ئەمەش بوو ، بۆ ئەوەی کورد، ئەمجارەش نەکەوێتە چەنگێکی هۆبەهۆوە کە سەری شکاو و پاشلی دڕاو بمێنێتەوە بۆی.

 

گۆتارێکم لە ٦/٥/٢٠١٦ دا لەسەر دیوارەکەم بلاوکردەوە لەژێر سەرنێوی (شەڕی مووسڵ گەمەی زاڕۆکان نییە)، هەوڵی ئەوەمدا تێیانبگەیەنم کە بێ رێکەوتن لەگەڵ بەخدا (به‌غدا) و زلهێزەکان لە بارەی بەشی کورد ەوە لەم شەڕەدا، چوونە شەر تێبڕە وتێکوتانە ، کوێرەوەرییکی گەورەی بەدواوەیە.

پێشنیازی ئەوەم کرد؛  مووسل کە لە رووی مێژوویی و جۆگرافیایی و ژیارییەوە کوردستانە، داوای ئەوە بکرێ بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان ، ئەوجا ببێتە چەند نێوچەیەکی نابنکەیی (لا مرکزی) کە خاوەن ئاینە جیاوازەکان و ڕەگەزە جیاوازەکەن، هەر یەکە بەپێی خۆی کاروباری نێوخۆیی خۆی بەڕێوە ببا. بەڵام سەرکردە کانی حیزبەکان، پاش ئەوەی ماوەیەک خۆیان بەرامبەر بەخودا بە ناز فرۆشت و کەوتنە خۆبادان و دەیانگوت؛ مەرجیان هەیە و بێ رێکەوتن ناچنە شەڕی مووسڵەوە، کەچی بێ دان بەخۆدا گرتن،هەتا لایەنەکان ، ئێرانی شیئە کە بەتەمای (هیلالی شیئە) و ترکیای سوننی کە بەتەمای (خەلافەتی ئۆسمانیی) و ئەمریکای کە لە دۆخی لەرزوتای هەڵبژاردندا یە و ئەورووپای کە بەدەست تێڕۆرەوە دەناڵێنێ، ناچار ببن هیچ نەبێ لەparys ولۆزانی دووەمدا کورسییەک بۆ کوردیش دابنێن ، لەپڕ و بێ هێچ جۆرە رێکەوتنێک لەبارەی چارەنووسی مووسڵەوە، چوونەوە بەغدا و باوەخوون بوونەوە و ، کوردیان جارەکی دیی لەم جەنکە جیهانییەدا دژ بە داعش تێوەگلاند و ، کوردیان بەروە دواڕۆژێکی ئەنجامنەزانراو برد، کە شانازیی هەر بە قوربانییدان و شەهیددانەوە بکرێ، نەک بە دەسکەوت و بەشبردن لە کێکەکە.

هیچ دووریش نییە کە بەرژەوەنیی بنەمالیەیی و شەڕەزرتانێی هیزبهیزبێنە، کوردستانێکی کاول و گەلێکی کۆچکردوو نەکا بە چارەنووسی کورد. ئێستە بەلای منەوە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ، ئایا رۆژی ئەوە نەهاتووە پێشمەرگە و شەڕڤانان کە زۆربەی هەرە زۆریان منداڵی هەژاران و بەشخوراوانن، ببنە یەک و بڕیارێکی نەتەوەیی ئازادیخوازانە بدەن و نەتەوەی کورد لەم بنەماڵێنە بنەماڵێنە و هیزبهیزبێنەیە رزگار بکەن تاکو قوربانی خۆڕایی نەدەن و ، درۆشمە کۆنەکەی پێشمەرگە ( یان کوردستان یان نەمان ) بگۆڕن بە (هەم کوردستان ، هەم ژیان) .

سەربەرژیی بۆ ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان لە کانی دڵمەوە دەخوازم

 

سه‌رچاوه‌:  http://www.jemalnebez.com

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین  – ڕینوسی مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز  وه‌ك خۆی دانراوه‌ته‌وه‌ .