هونه‌ری مرۆڤی داگیرکراو
شۆڕش حه‌مه‌ساڵح
ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بڕوانینه هونه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌دا ئه‌وا ڕوبه‌ڕووی سێ سه‌رده‌می جیاواز ده‌بینه‌وه. قۆناغی پێش ئیسلام, قۆناغی سه‌رده‌می ئیسلام, له‌گه‌ڵ دوا قۆناغ كه له سه‌ده‌ی بیسته‌وه ده‌ستپێده‌كات هه‌تا ئێستا.
له قۆناغی یه‌كه‌م دا ئه‌و كارانه‌ی كه ماون و ده‌توانین بیانبینین زیاتر ههڵكۆڵینه له‌سه‌ر به‌رده. مێژووی ئه‌و كارانه ده‌گه‌رێته‌وه بۆشارستانیهته كۆنه‌كانی ناوچه‌كه، له سۆمه‌ر و بابل و ئاشویهكانهوه ده‌ست پێده‌كات، هه‌تا ساسانیه‌كان درێژده‌بێته‌وه. به‌پێی ئه‌و شوێنه‌واره به‌جێماوانه‌ی كه ماونه‌ته‌وه، گومانی تێدانیه كه هونه‌ر له‌وسه‌رده‌مانه‌دا گه‌یشتوه‌ته ئاستێكی زۆر به‌رز. نموونه‌ی ئه‌و كارانه‌ش له زۆربه‌ی مۆزه‌خانه‌كانی دنیادا پارێزراوون و ساڵانه هه‌زاران كه‌س سه‌ردانیان ده‌كات. له ئێستادا په‌یوه‌ندی ئێمه به‌و قۆناغه‌وه به ته‌واوه‌تی ناڕوونه و هیچ ئاوێتهبونێكی ئاشكرای كه‌لتوری نه‌ماوه له نێوان ئێمه و ئه‌و سهردهمه‌دا.
له قۆناغی دووه‌مدا كاتێك ئاینی ئیسلام بڵاوده‌بێته‌وه له ناوچه‌كه‌دا، شێوازی هونه‌ری بینراو گۆڕانكاری به‌سه‌ریدا دێت. په‌یكه‌رتاشی و وێنه‌ی واقعی به‌ته‌واوه‌تی ئاسه‌واریان نامێنێت. له‌م قۆناغه‌دا كورد سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ر نه‌بوه به‌ڵام هه‌میشه به‌شێك بوه لێی و توانیویه‌تی تاڕاده‌یه‌ك شوناسی تایبه‌ت به خۆی بپارێزێت. به‌گشتی له‌م قۆناغه‌دا هونه‌ری كوردی له دوو ئاستدا ده‌رده‌كه‌وێت. كه ئه‌وانیش (هونه‌ری ده‌نگی) و (هونه‌ری ڕه‌نگی) یه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، پیاوان هونه‌ری ده‌نگیان ئه‌نجامداوه وه‌ك مۆسیقا و گۆرانی و مقامات و هتد. هونه‌ری ڕه‌نگیش كه خۆی له كاری چنین دا بینیوه‌ته‌وه زیاتر كاری ژنان بوه، وه‌ك، فه‌رش و به‌ڕه و جاجم و هتد.
له هه‌ردوو مهجالهكهدا تاڕاده‌یه‌كی باش داهێنان و كاری جوانیان پێشكه‌ش به ترادسیۆنی ئیسلامی كردوه. له ڕووی مۆسیقاوه باوه‌ڕ وایه كه زۆرێك له‌و مقام و ئاوازنهی كه به مقامی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ناسرێن له ناوچه كوردیه‌كانه‌وه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ به‌غداد له‌سه‌رده‌می عه‌باسیه‌كان به‌دواوه. له ڕووی هونه‌ری چینین یشه‌وه ژنانی كورد به‌لێهاتووی و سه‌لیقه‌ی هونه‌ری خۆیان توانیویانه كوالێتی فه‌رش و بهڕهكانیان به‌رزبكه‌نه‌وه بۆ ئاستی فه‌رش و به‌ڕه به‌ناوبانگه‌كانی ناوچه‌كه.
قۆناغی سێیه‌م، له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه ده‌ستپێده‌كات و له ١٩٥٠كانهوه وورده وورده ده‌رده‌كه‌وێت. له‌م قۆناغه‌دا كورد پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات له ڕووی هونه‌ری بینراوه‌وه. ئه‌توانین بڵێین له‌م قۆناغه‌دا خاوه‌نی هیچ پێگه‌یه‌كی گرنگی هونه‌ری نین له ناوچه‌كه‌دا. له سه‌ده‌ی بیسته‌وه هه‌م تێڕوانین بۆ هونه‌ر و هه‌م شێوازی دروستكردنی هونه‌ر گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت. په‌یمانگا هونه‌ریه‌كان جێگایان به شێوازه كلاسیكیه‌كه‌ی فێربوونی هونه‌ر چۆڵكرد، كه ئه‌ویش گوێزانه‌وه‌ی هونه‌ر بوو له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر به‌شێوازی فێربوونی سونه‌تی (وه‌ستا و شاگرد).
پرسیاره جه‌وهه‌ریه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه بۆ هونه‌ری بینراو له‌م قۆناغه نوێیه‌دا به‌ته‌واوه‌تی پاشهكشهدهكات و ده‌پوكێته‌وه ؟ ئه‌و شێوازه هونه‌ریانه كامانه‌ن كه جێگایان به هونه‌ری سونه‌تی ناوچه‌كه چۆڵكردوه ؟
ھونەری کوردی پێش سه‌ده‌ی بیست و هه‌ژموونی ڕۆژئاوا
به‌و پێیه‌ی كه هیچ به‌رچاو ڕوونیهكمان نیه له‌سه‌رمێژووی هونه‌رله قۆناغی پێش ئیسلام دا، بۆیه خۆم له گریمانه‌كان لاده‌ده‌م و ئه‌و قۆناغه به جێ دێڵم و له قۆناعی دووه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م.
كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی چوارده‌وری خۆی بۆ زیاتر له هه‌زار ساڵ له‌ژێر هه‌ژموونی ترادسیۆنی ئیسلامی‌دا بوه (له سه‌ده‌ی ٨ وه بۆ سه‌ده‌ی ١٩ه). هونه‌ری ترادسیۆنی ئیسلامی پانتاییه‌كی فراوانی هه‌یه. ئه‌و هونه‌رانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو كاریان له‌سه‌ر كراوه ئه‌مانه بوون ؛ خۆشنوسی، هه‌نده‌سه ، زه‌خره‌فه، سیرامیك، وێنه‌كێشانی میناتۆر، بیناسازی، كاشیكاری، ههڵكۆڵێن له‌سه‌ر ته‌خته و گه‌چ ، شوشهكاری و چنین (فه‌رش ، به‌ڕه و به‌رماڵ)، هتد.
له‌م قۆناغه‌دا هونه‌ر وه‌زیفه‌ی هه‌یه، واته هونه‌رێكه له‌پێناو ئامانجێكی دیاریكراودا دروست كراوه. ئامانجه‌كه ئه‌كرێت ئامانجێكی ڕۆحی بێت یان ده‌كرێت ئامانج له كاره هونه‌ریه‌كه ته‌نها بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ژیانی ڕۆژانه بێت وه‌ك فه‌رش و گۆزه و هتد.
دوو خاڵ هه‌یه كه هونه‌ری ترادسیۆن جیاده‌كاته‌وه له‌و شێوازه نوێیه‌ی هونه‌ر كه ناسراوه به هونه‌ری مۆدێرنی ڕۆژئاوا.
یه‌كه‌م؛ له‌م قۆناغه‌دا هیچ جیاكاریه‌ك ناكرێت له نێوان هونه‌ر و دهستڕهنگینی. له ڕاستیدا هه‌ر كارێكی هونه‌ری دهستڕهنگینی تێدا نه‌كرابێت وه‌ك كارێكی هونه‌ری تهماشانهكراوه. واته ئه‌و دوانه (هونه‌ر و دهستڕهنگینی)هه‌ر یه‌ك شت بوون. ئه‌و جیاكاریه دواجار له ڕۆژئاوا دروستده‌بێت كه هونه‌ر جیاده‌كه‌نه‌وه له دهستڕهنگینی (ئارت و كرافت) كه ئه‌وه بۆ خۆی مایه‌ی قسه لهسهركردنێكی زۆره، چونكه په‌یوه‌ندی به داماڵینی لایه‌نێكی گرنگی هونه‌ری ترادسیۆنه‌وه هه‌یه كه (جوانی) ئیستاتیكا یه.
دووه‌م؛ هونه‌رمه‌ند به‌مانا ترادسیۆنیهكهی به‌واتای (وه‌ستا) دێت. وه‌ستا یان هونه‌رمه‌ند به هه‌ر كه‌سێك ووتراوه كه ئه‌وپه‌ڕی لێهاتووی له شتێك‌دا هه‌بێت. گرنگ نیه شته‌كه چیه، ده‌كرێت دارتاش بێت یان گۆزهكهر، ده‌كرێت سوارچاك بیت یان فهرشچن. هه‌ر كه‌س شاره‌زایه‌كی باشی هه‌بوبێت له كاره‌كه‌یدا پێیووتراوه هونه‌رمه‌ند.
كورد وه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی تری ناوچه‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو له‌ناو ئه‌و مۆزایكه گه‌وره‌یه‌ی كه ناسراوه به هونه‌ری ترادسیۆنی ئیسلامی. هه‌م لێی وه‌رگرتوه و هه‌م پێیبهخشیوه. له به‌رزترین ئاستدا فه‌رشی كوردی ده‌بینرێت. فه‌رشی كوردی، له‌ڕووی نهخشسازی و له‌ڕووی ڕه‌نگه‌وه جیاوازتره له فهرشهكانی ناوچه‌كه. به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه كوردیه‌كان به سه‌رچاوه سروشتیه‌كانی خومكردن، فه‌رشی كوردی ڕه‌نگاوڕه‌نگتر ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه؛ فه‌رشی بیجار هه‌تا ئێستاش به یه‌كێك له باشترین فهرشهكانی دنیا داده‌نرێت، له‌به‌ر بتهویی و قایمیهكهی ناسراوه به فه‌رشی ئاسنین، كه توانای مانه‌وه‌ی هه‌یه بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك به‌بێ تێكچوون. فه‌رش و به‌ڕه ی خێڵه كوردیه‌كان، به‌تایبه‌ت فه‌رشی جاف و هه‌ركی هه‌تا ئێستاش به‌ها و جێگه‌ی خۆیان هه‌یه جیهان دا.
ده‌توانین بڵێین له‌ڕووی هونه‌ری بینراوه‌وه به‌ده‌ر له هونه‌ری ڕستن و چنین لای ژنانی كورد، خاوه‌نی هیچ جۆره داهێنانێكی هونه‌ری تر نه بوین كه شایانی قسه له‌سه‌ركردن بێت. زیاده‌ڕۆییش نیه ئه‌گه‌ر بڵێین هه‌تا ئه‌م ساته‌ش كورد له ڕووی هونه‌ری بینراوه‌وه نه‌یتوانیوه هونه‌ری فه‌رش و به‌ڕه‌ی ئه‌م قۆناغه تێپه‌ڕێنێت.
هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی دوای هه‌ژموونی ڕۆژئاوا
لە ڕووە کولتوریەکەیەوە ھەتا ناوەڕاستی سەدەی بیست یش تابلۆی ھەڵواسراو ھیچ پێگەیەکی نەبوە لە کۆمەڵگای کوردی‌دا. لەبری ئەوە بەڕە و فەرشی بچوک یان گوڵه‌ن و چاوه‌زار یان ئایەتی قورئان بە دیوارەکاندا ھەڵواسراوە. له سه‌ر سندوق وێنه‌ی بۆراق و گوڵ هه‌بوه و لە زۆربەی دیوەخانەکاندا تاپڕ و خەنجەر و پێداویستیە جەنگیەکان بۆ ڕازاندنەوە بەکارھێنراوون.
هونه‌ری وێنه‌كێشان له هیچ به‌شێكی كوردستاندا گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوه، بۆیه ناتوانین قسە لە سەر پاشخانێکی گەورەی هونەری شێوەکاری بکەین له كوردستان. به‌ڵام له دوای سه‌ده‌ی بیست ه‌وه وێنه‌كێشان له باشوری كوردستان ده‌بێته دیاریده‌یه‌كی بچوك و له هه‌ندێك شاری وه‌ك هه‌ولێر و سلێمانی سه‌رهه‌ڵده‌دات.
ئه‌وه‌ی كه ئێستا پێیده‌وترێت (ھونەری شێوەکاری كوردی) كه بێ دوودڵی ده‌توانین بڵێین یه‌كه‌مین زه‌نگی كه‌وتن و داڕمانی هونه‌ری بینراوی كوردی یه. ئه‌م جۆره هونه‌ره ھەمووی چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه لەڕێگای بەغداوە وەک میوانێکی نەخوازراو خۆی کردوە بەماڵی ئێمەدا. خوێندن له‌م په‌یمانگا هونهریانه‌دا درێژكراوه‌ی هه‌مان سسته‌می په‌روه‌رده‌یی بهغدابووه، كه ئه‌ویش له‌ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵێك كادیری هونه‌ری دا دروستكرا كه هه‌موویان سه‌رسامبوون به هونه‌ری مۆدێرنی ڕۆژئاوا. له ئێستاشدا ژماره‌ی ئه‌و ناوه‌نده ئه‌كادیمیه هونه‌ریانه به‌رده‌وام له زیادبووندان و هه‌مووشیان به ئاڕاسته‌ی هونه‌ری مۆدێرنی ڕۆژئاوایی كارده‌كه‌ن.
شكستی ئه‌م هونه‌ره له‌وه‌دایه هه‌تا ئه‌م ساته‌ش نه‌یتوانیوه ببێته به‌شێك له زه‌وق و دنیابینی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی. هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه شێوازی گوزارشتكردن له‌م جۆره هونه‌ره‌دا ناڕه‌سه‌نه، چونكه ھاوردەکراوە و ھەڵقوڵاوی ناوچەکە نیه.
بۆنمونه؛ سه‌رباقی ئه‌وی كه ساڵانه سه‌دان كه‌س له‌و ناوه‌نده هونه‌ریانه‌وه دێنه‌ده‌ره‌وه، كه‌چی ئاستی هونه‌ری بینراو ڕۆژ له دوای ڕۆژ له خراپبوندایه. ڕووبكهره هه‌ر پاركێك، په‌یكه‌رێكی سه‌قه‌ت له‌به‌رده‌متدا قوتده‌بێته‌وه. گهلهریهكان پڕكراوهن له تابلۆ و كاری بێ‌ڕۆح. ئه‌وه‌ی كه‌مێك شاره‌زای هونهربێت ده‌زانێت ئه‌وكارانه چه‌نده دوورن له ڕۆحی كۆمهڵگاكه‌وه.
به كورتیه‌كه‌ی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه كورد به‌بێ هیچ پاشخانێكی شێوه‌كاری و به‌بێ هیچ خۆئامادهكردنێك بازیداوهته ناو ئه‌م شێوازه هونه‌ره كه درێژكراوه‌ی هونەری مۆدێرنی ڕۆژئاوا یه. به ڕای من ئەمە یەکێکە لە کێشە قوڵەکانی شوناسی هونەری ئێمە.
ھونەری مۆدێرنی ڕۆژئاوا چییه؟
هونه‌ری مۆدێرنی ڕۆژئاوا به‌رئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانكاریه خێرایانه بوو كه له سه‌ده‌ی ١٦ به‌دواوه به ئه‌وروپا دا تێپه‌ری. گۆڕانكاریه سیاسی و ئابوری و فكریه‌كان بونه هۆی کەوتنی لاھوتیەتی مه‌سیحی و هاوكات گه‌شه‌ی زانست و عەقڵ ، شۆڕشی پیشه‌سازی ، جەنگەکانی ناپلیۆن و جەنگه جیھانیه‌كان. ئەوانە ھەموو ئەو ھۆکارە ناوەکیانەبوون کە مرۆڤی ئەوروپی ناچارکرد بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان به‌رده‌وام پێویستیان بە ستایلی ھونەری نوێ هه‌بێت. ئەو گۆڕانکاریە خێرا‌و ناجێگیرانە بوونە ھۆی سەرھەڵدانی دەیان قوتابخانەی ھونەری و وەھەتا ئێستاش بەردەوامە.
نیچه پێیوایه مردنی خودا له‌سه‌ده‌كانی ١٦ به دواوه، كه پشت وپهنایهكی مه‌عنه‌وی مرۆڤه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌خته‌وه‌ری نه‌هێنا ،به‌ڵكو بوه هۆی سهرگهردانیهكی گه‌وره. نیچه یه‌كه‌مین كه‌سه كه سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری به سه‌رده‌می هیچگه‌رایی (Nihilism)ناو ده‌بات. مرۆڤی بێخودا، مرۆڤێكی ڕه‌شبین و ناجێگیره له دیدی نیچه وه. تاكه چه‌كێك به‌ده‌ست ئه‌و مرۆڤه ڕۆژئاواییه‌وه كه بتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌و ڕهشبینیهی خۆی بگرێت ،هونه‌ره.
تاكگه‌رایی و هونه‌ر – Individulism
له‌دوای سه‌ده‌ی نۆزدەوە وه ڕۆژئاوا به‌رده‌وام له قه‌یرانی ناسینی خۆیدایه‌تی. بۆیه هه‌میشه شوناسی جیاواز ده‌دات به‌خۆی. بزوتنه‌وه فكریه تاكگه‌راكان ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌و قه‌یرانه ناوهكیانهی مرۆڤی ڕۆژئاوایه به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی. به‌رئه‌نجامی نامۆبوونی مرۆڤه‌كانه به خۆیان و دووركه‌وتنه‌وه‌یانه له به‌رپرسیاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه بڕوات به سروشت هه‌ستی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كان بۆ پێكه‌وه هه‌ڵكردن كه‌م ده‌بێته‌وه. لێره‌وه مرۆڤه دابڕاوه‌كان جۆرێك له هونه‌ر به‌رهه‌مده‌هێنن كه گوزارشت له‌و بیماریه ده‌كات كه له جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌یاندا دروستبوه. هونه‌رێك كه گوزارشت له تهنهابونهوه مرۆڤ ده‌كات.
هونه‌ر له پێناو هونه‌ر دا چییه؟
چه‌مكی (هونه‌ر له‌پێناو هونه‌ر – Art for art sake)، بانگه‌شه‌یه‌كی گرنگی بزوتنه‌وه هونه‌ریه‌كانی سه‌ده‌ی ١٩بوو، كه هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه. ئه‌م چه‌مكه له بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك په‌رچه‌كردارێك سه‌ریهه‌ڵدا دژی به خراپ به‌كارهێنانی هونه‌ر له‌لایه‌ن ئاین و ئایدۆلۆژیاكانهوه . كێشه‌ی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه له‌وه‌دایه كه هیچ كارێكی تر به هونه‌ر ناسپێرێت ، به‌ڵكو پێیوایه هونه‌ر ئه‌گه‌ر له پێناو هیچدا بێت باشتره له‌وه‌ی كه ببێته ته‌واوكه‌ری شتێكی‌تر. ئه‌م جۆره هونەره له ڕۆژئاوا دواجار قه‌تیس بوو له‌ناو زانكۆ و گهلهریهكاندا. تاڕاده‌یه‌ك بوه‌ته هۆی دروست بوونی کەڵتی هونه‌ری. گەلەریەکان هاوشێوەی پەرستگاکانیان لێهاتوە، تەنها ئەو کەسانە دەچنە ناوی كە سەر بەو کەڵتە هونەریانەن. هونه‌ر له پێناو هونه‌ردا شكستی خواردوه له‌وه‌ی كه نه‌یتوانیوه ببێتە بەشێک لە خه‌مه كۆمەڵایه‌تیه‌كان و نه‌یتوانیوه له ڕێگای سیحرهكانی جوانییه‌وه مرۆڤه‌كان له‌ژێر باری قورسی ژیان ده‌ربهێنێت.
ھونەر له ئه‌وروپا وورده وورده لە ڕۆڵە ڕەسەنەکەی خۆی داماڵرا کە بەرزڕاگرتنی جوانی بوو. جوانی له هونه‌ری ترادسیۆنی مه‌سیحی دا پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌بوه ، له سه‌رده‌می ڕێنسانس و بزوتنه‌وه‌ی ڕۆمانتیكی و ته‌نانه‌ت ئهمپریشنیستهكانیش دا جوانی بایه‌خی خۆی له‌كیس نه‌داوه. ئه‌وه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه یه، به‌تایبه‌ت له‌دوای (فواره )ه‌كه‌ی مارسێل دۆشامپ ه‌وه، ئه‌ركی هونه‌ر له ڕه‌گه‌وه ده‌گۆڕێت. هونه‌ر وه‌ك بابه‌تێك بۆ تێڕامان و له‌زه‌تی ناوه‌كی گۆڕا بۆ چه‌كێكی سایكۆلۆژی كه ئامانج لێی بێبه‌هاكردنی هه‌موو به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كانی پێشتربوو. هونه‌ر بوه یاخیبونێكی ئانارشیستانهی بێ ئامانج ، بووه پێداویستیەکی سایکۆلۆژی بۆ خۆخاڵیكردنەوە لەو ڕه‌شبینیه ڕۆحی یه و له‌و کاولکاریانهی كه له ئه‌نجامی گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیای جه‌نگی ه‌وه دروستبووبوو.
لە دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه تاڕاده‌یه‌ك ئیشی هونه‌ری ڕۆژئاوایی بوه ئەوه‌ی كه چاره‌یه‌ك بۆ نائارمی و پشێوییه ده‌رونیه‌كانی مرۆڤی ڕۆژئاوایی بدۆزێته‌وه. ئه‌وه‌ی كه پێیده‌وترێت هونه‌ری چاره‌سه‌ری ( Art Therapy) هیچ نیه به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه هونه‌ر وه‌ك ده‌رمانی هێوركه‌ره‌وه بەکاردەھێنرێت بۆ کێشە دەروونیهكان.
كه‌واته هونه‌ری مۆدێرن له بنه‌ڕه‌تدا په‌رچه‌كردارێكی حه‌تمی مرۆڤی بێسهنتهری ئه‌وروپی یه به‌رامبه‌ر به‌و جیهانه نوێیه‌ی كه تێیكه‌وتوه. بۆ ئه‌وان، ئه‌و شێوازه جیاوازانه‌ی هونه‌ر به‌شێكه له گه‌شه‌ی ناوه‌كی كۆمه‌ڵگاكانی خۆیان و ئێمه هیچ قسه‌یه‌كمان له‌سه‌ری نیه. كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م بزوتنه‌وه هونه‌ریانه به‌تایبه‌ت ( هونه‌ر له پێناو هونه‌ردا) به بێ هیچ فیلته‌رێك وه‌ك په‌تا به هه‌موو جیهاندا بڵاوبوهته‌وه. بڵاوبونه‌وه‌ی كه‌لتوری ڕۆژئاوایی به جیهاندا به‌رئه‌نجامی ئه‌و داگیركاریه یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی ڕۆژئاوایه به‌جیهاندا كه هه‌تا داگیركاریه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كانی ئێمه‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه.
هونه‌ری مرۆڤی داگیركراو
كورد وه‌ك نموونه:
ئه‌و بڵاوبونه‌وه كه‌لتوریه خێرایه‌ی ڕۆژئاوا به‌جیهاندا ڕوداوێكی ناسروشتیه و له‌بنه‌ڕه‌تدا نامۆیه به كۆمه‌ڵگا داگیركراوه‌كان. به‌ڵام چونكه مرۆڤی داگیركراو به‌شێوه‌یه‌كی سستهماتیكی دابڕێنراوه له خۆی و نامۆیه به به‌ها كهلتوریهكانی خۆی. بۆیه ده‌رئه‌نجام بۆ پڕكردنهوهری ئه‌و بۆشایه‌ی كه له ڕۆحی‌دا دروستبوه هه‌وڵده‌دات له‌ناو به‌ها كهلتوریهكانی داگیركهرهكهیدا بتوێته‌وه. لێره‌وه كه‌سی داگیركراو به سروشتی خۆی سه‌رسامده‌بێت به هه‌رشتێك كه بۆنی داگیركهرهكهی لێبێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ڕۆژئاوییهكان زۆر باش له زهنیه‌تی مرۆڤی داگیركراو تێگه‌یشتون و ده‌زانن چۆن كۆنترۆڵدهكرێت. له‌م سهردهمه‌دا نابێت ڕۆڵی میدیا و تۆڕه ئهنتهرنێتیهكان له‌بیر بكه‌ین له په‌خشكردنه‌وه‌ی به‌ها ڕۆژئاواییه‌كان به جیهاندا، كه هونه‌ری بینراوی ڕۆژئاواش به‌شێكه له‌و پهخشكردنهوهیه.
كورد له‌م نێوه‌نده‌دا دووجار كه‌وتوه‌ته ژێر هه‌ژموونی داگیركاری، یه‌كه‌میان، هه‌ژموونی ڕۆژئاوایه . دووه‌میان، هه‌ژموونی ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌یه ( توركیا، ئێران، عێراق، سوریا).
ئه‌گه‌ر دوا خه‌ونی توركێك وه‌ك داگیركراوێك ئه‌وه‌بێت كه له ڕۆژئاوییهك بچێت، ئه‌وا دواخهونی كوردێك ئه‌وه‌یه كه له توركێك بچێت. واته كورد، داگیركراوی داگیركراوهكهیه و دووجار دووركه‌وتوه‌ته‌وه له سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی، دووجار شێوێنراوه، بۆیه ڕاستكردنه‌وه‌ی له ئێستادا كارێكی هه‌روا ئاسان نیه و یه‌كجار قورسه.
ئه‌و داگیركاریه سستهماتیكیه، نزیكه‌ی سه‌دساڵه به‌رده‌وام له هه‌موولایه‌كه‌وه خشت به‌خشتی دیواری كهسایهتیمانی دهردههێناوه و به بلۆكی خۆیان پڕیان كردوه‌ته‌وه. له ئێستادا هه‌موو كه‌سایه‌تیمان بوه به كه‌سایه‌تی داگیركه‌ر. هیچمان ناچێته‌وه سه‌ر هه‌یكه‌له ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆمان. كه‌سێكی جیاواز له‌ناو هه‌ر یهكهماندا ئه‌ژی، بیرده‌كاته‌وه و قسه‌ده‌كات. دواخهونی ئه‌و مرۆڤه داگیركراوهش كه داماڵێنراوه له كه‌لتوری خۆی، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه له داگیركهرهكهی بچێت.
بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی ده‌رك به‌و ڕۆحه تێكشكاوه‌ی كورد بكه‌ین ئه‌وا پێویسته سه‌یری ئه‌وهونه‌رانه بكه‌ین كه‌له‌و ماویهیهدا به‌رهه‌مهاتوه و و بزانین چۆن گوزارشتی له خۆی كردوه. چونكه دواجار هونه‌ر ده‌ركه‌وته‌ی نائاگای ده‌سته‌جه‌معی ههركۆمهڵگایهكه.
ئه‌گه‌ر به‌گشتی سه‌یری هونه‌ری شێوه‌كاری بكه‌یت ئه‌وا به ئاسانی ده‌رك به‌وه ده‌كه‌ین ئه‌و هونه‌ری له و ماوه‌یه‌دا به‌رهه‌مهاتوه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و داگیركاریه زهنیهیه كه باسمان كرد. هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی به‌رهه‌می ئه‌و بونه‌وه‌ره دروستكراوه‌ی ناو ئێمه‌یه، هونه‌ری مرۆڤێكی داگیركراوه. ئێمه له ئێستادا ناچاركراوین به كاره‌كانی ئه‌و بونه‌وه‌ره ناڕه‌سه‌ن و دروستكراوه‌ی ناو خۆمان بڵێین ؛هونه‌ری كوردی. (لێره‌دا به ئه‌نقه‌ست ئاماژه‌م نه‌كردوه به كاری هیچ هونه‌رمه‌ندێكی كورد بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه به شه‌خسی وه‌رنه‌گیرێت).
ئەگەر ھونەر بەیانکردنی ڕۆحی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بێت، ئەوا گومانی تێدانیه له‌وكاته‌وه‌ی كه هونه‌ری بینراو ( شێوه‌كاری و په‌یكه‌رسازی و هتد.) وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی ئه‌كادیمی ده‌خوێنرێت نه‌یتوانیوه گوزارشت له‌و لایه‌نه بكات. ھۆکاری ئەوەش ئاسانە، چونکە بە زمانێک قسەدەکەن نامۆیە بە گوێی خه‌ڵك و دووره له خه‌مه ئۆنتۆلۆژیهكانی كورد. به شێوازێك هونهردهكهن نادات له زه‌وقی جوانناسی كۆمه‌ڵگا، ناچێته ناو ماڵه‌كانه‌وه، هه‌موو كاره‌كانیان له هۆڵی ساردی گهلهریهكاندا ده‌مرێت.
ئهودابڕانه ریشهیه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نه‌ناسین و نه‌خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆیان. پرسیارنهكردنه له‌وه‌ی كه زه‌وقی جوانناسیانهی كۆمه‌ڵگاكه‌یان داوای چی ده‌كات. ئه‌وه‌ش به‌رئه‌نجامی ئه‌و شهوارهكردنه زهنیهیه كه هونه‌ری ڕۆژئاوا دروستیكردوه له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی ئێمه. كه‌سێك كه له ڕووی زهنییه‌وه سه‌د ساڵ بێت داگیركرابێت، بێگومان ناتوانێت ئه‌و پرسیاره قوڵانه له‌خۆی بكات.
زۆرجار خه‌ڵكه ساده‌كان گرفته‌كان باشتر ده‌بینن، ئه‌وه هونهرمهندهكانه به‌هۆی ئه‌و ئیگۆیهی كه په‌روه‌رده‌ی هونه‌ریی له‌ناویدان چاندویه‌تی ناتوانن واقعه‌كه وه‌ك خۆی دهركبكهن. خه‌ڵك هێشتا زه‌وقی جواناسی كوردانه‌ی تیا ماوه كه ڕهگوڕیشهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هونه‌ری ترادسیۆنی ناوچه‌كه واته پێش داگیركاری و هه‌ژموونی هونه‌ری مۆدێرن. بۆنموونه؛ كاتێك خه‌ڵك له‌زه‌ت له بینینی جاجمێك یان نه‌خشی سه‌ر سهماوهرێك زیاتر ده‌بینی هه‌تا تابلۆیه‌كی هونه‌ری ئه‌م شێوه‌كارانه‌ی ئێستا. ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نیه كه كۆمه‌ڵگای ئێمه دواكه‌وتوه و ناتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته هونه‌ریه‌ی ئه‌واندا بڕوات، به‌ڵكو ئه‌وه نیشانه‌ی تێنه‌گه‌یشتنی هونهرمهندهكانه له زهنیه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆیان.
كورد به‌گشتی كۆمه‌ڵگەیه‌كی ئاینی هه‌یه. كۆمه‌ڵگا ئاینیه‌كان به گشتی زهنیهتێكی سیمبولیان هه‌یه. واته له‌زه‌ت له‌وشته ده‌به‌ن كه ده‌یانبه‌ستێته‌وه به نائاگایی خۆیانه‌وه. زهنیه‌تی مرۆڤی ئاینی به‌و شێوه‌یه‌یه كه هه‌رشتێك ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌زه‌تی لێوه‌رگرێت گرێیده‌داته‌وه به‌و ڕه‌مز و هێما یانه‌وه كه له نائاگایی ده‌سته‌جه‌معی كۆمه‌ڵگادا به‌هاداره. ئه‌گه‌ر ئه‌و شته نه‌یتوانی بدات له‌و لایه‌نه نادیاره‌ی زهنی، ئه‌وا هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت له‌لای .
ئه‌و هونه‌ری له ئێستادا كاری له‌سه‌رده‌كرێت، درێژكراوه‌ی دنیابینی تاكگه‌رایی ڕۆئاوایه وه‌ك باسمانكرد. هونه‌رێكه برهودهدات به بینینی دنیا له گۆشه‌نیگا تاكهكهسیهكانهوه. ئه‌و شێوازه هونه‌ره به‌گشتی ئیش له‌سه‌ر زه‌قكردنه‌وه‌ی ڕوداوه ڕۆژانه‌ییه‌كان ده‌كات. وه‌ك ووروژاندنی سێكسی و شۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی و روداوه سیاسیه‌كان و هتد. به‌گشتی كاره هونه‌ریه‌كان په‌یوه‌ستن به ڕوكه‌شی مرۆڤه‌وه، له قوڵترین ئاستیدا هه‌تا سایكی ( ده‌روونی) مرۆڤ ده‌ڕوات و ناتوانێت بچێته به‌شه قوڵه‌كانی ئاگایی و نائاگاییه‌وه. له‌كاتێكدا له كۆمه‌ڵگا سونهتیهكاندا، گۆشه‌نیگا تاكه‌كه‌سیه‌كان به‌هایه‌كی ئه‌وتۆیان نیه و مرۆڤی بۆ مانای قوڵتردهگهرێت له هونه‌ردا.
هونه‌ری مۆدێری ڕۆژئاوا درێژكراوه‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا ڕۆژئاوایهكانه، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی گه‌شه‌ی كردوه هه‌تا گه‌یشتوه به ئێستای خۆی. به‌ڵام له‌لای ئێمه دابرانێكی زۆر هه‌یه له‌نێوان هونه‌ری ترادسیۆن و ئه‌و هونه‌ری كه له ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كاندا گرنگی پێده‌درێت. هیچ شتێك هونه‌ری ترادسیۆنی ناوچه‌كه‌ی ئێمه نابه‌ستێته‌وه به‌و هونه‌ره‌ی كه ئێستا هه‌یه. ئه‌و دابڕانه له ناكاوه وای كردوه كه هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی نه‌توانێت ڕه‌گ دا بكوتێت. گه‌شه‌ی سروشتی هه‌رشتێك ئه‌وكاته ڕووده‌دات كه له سه‌رچاوه‌كه‌ی خۆی دانهبڕابیت.
ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی هونه‌ری ده‌نگی بكه‌یت بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئێمه هێشتا له ڕووی مۆسیقا و گۆرانیه‌وه توانای داهێنانمان ماوه ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه هێشتا مۆسیقای كوردی له ڕه‌گه كهلتوریهكهی خۆیه‌وه ئاو دهخواته. هه‌ركات ئاوازێكی نامۆ بێته ناومانه‌وه به ئاسانی ده‌توانین جیایی بكه‌ینه‌وه له ئاوازه ڕه‌سه‌نه‌كان. به‌ڵام بۆ هونه‌ری بینراو ئه‌و توانایه‌مان نه‌ماوه . هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه كه هێشتا مۆسیقای سونه‌تی زیندوه و ده‌خوێنرێت له په‌یمانگا هونهریهكاندا، له‌كاتێكدا كه هیچ گرنگیه‌ك نادرێت به هونه‌ری بینراوی سونه‌تی له‌ناو ئه‌و په‌یمانگا هونهریهكاندا.
یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی دروستنه‌بوونی هونه‌رێكی باڵای شێوه‌كاری كوردی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و بێئاگایی وناشارهزانهبونهی كه هونه‌رمه‌نده‌كانی ئێمه هه‌یانه له‌سه‌ر ترادسیۆنی خۆیان. له ئێستادا هونه‌رمه‌ندی ئێمه توانای مانادانهوهیان نه‌ماوه به‌خۆیان ، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌ده‌ره‌وه بۆمانایهك ده‌گه‌ڕێن. هونهرمهندهكانمان ناتوانێت قوڵببێتهوه، چونكه كه قوڵبویهوه ئه‌و به‌شه نه‌ناسراوه‌ی خۆی كهشفدهكات كه‌هیچ شاره‌زاییه‌كی نیه له‌باره‌یه. یان ئه‌گه‌ر شاره‌زاییه‌كی كه‌میشی له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت ئه‌وا به ئه‌نقه‌ست نایه‌وێت خۆی كهشفبكات چونكه وه‌ك كه‌سێكی زهن داگیركراو شه‌رمی هه‌یه له ناسینه‌وه خۆی. خۆشحاڵه به‌و دهمامكهی كه به‌ناوی هونه‌ری مۆدێرنی ڕۆژئاواوه به‌ستویه‌تی.
ئه‌و هونه‌ره‌ی كه له په‌یمانگاكاندا فێركراوه و ده‌یزانێت ته‌نها هونه‌ری لاساییكردنه‌وه‌یه. هونه‌رمه‌ندی ئێمه توانایه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه بۆ لاساییكردنه‌وه. به‌جۆرێك كه هه‌ندێك جار له خودی هونه‌ره هاورده‌كه باشتره كاره‌كه ده‌كات. خۆی لێده‌بێته داهێنه‌ر، فوی تێده‌چێت و ئیگۆیهكی گه‌وره بۆ خۆی دروستده‌كات. به‌ڵام له بنه‌وه‌ڕا بۆشه، ڕاڕایه، وونه. هه‌موویشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه خۆی ناناسێت. هه‌میشه ده‌یه‌وێت ببێته ئه‌وی داگیركه‌ر. دوا ئامانجی ئه‌وه‌یه له گه‌له‌ریه‌كی ڕۆژئاواوه كاره‌كانی پیشانبدات، یان له پایته‌ختی یه‌كێك له وڵاته داگیركه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌وه بانگێشنامهیهكی بۆ بێت.
ئه‌گه‌ر نه‌توانێت ئه‌ویتر ڕازیبكات له‌خۆی، ئه‌وا ڕقی له خۆی و له ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی ده‌بێته‌وه. پێی وایه ئه‌گه‌ر كورد نه‌بوایه فرسه‌تی زیاتری له‌به‌رده‌ستا ده‌بوو. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌و داگیركاریه زهنیهیه كه سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگای گرتوه‌ته‌وه. هه‌موومان ئهودهستهواژه بازاڕیهمان بیستوه كه ده‌ڵێ: (خۆزگه كورد نه‌ئه‌بووم. ) ئه‌م دێڕه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری كه‌سی داگیركراوه ده‌ربكه‌وێت. هونهرێكیش له‌و ناخه داڕزاوهوه هاتبێته ده‌ره‌وه ناتوانێت گوزارشت له حاڵی خۆی بكات.
به گشتی هونه‌رمه‌نده‌كانی ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر له جیهانێكی دابڕاوی ناو سه‌ری خۆیاندا ده‌ژین. جیهانێك كه له‌ڕێگای ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژئاواوه هاتوه‌ته ناومانه‌وه. ناوه‌نده هونه‌ریه‌كان به‌رده‌وام له‌باره‌ی هونه‌ر و قوتابخانه هونه‌ریه ڕۆژئاواییه‌كان فێرمان ده‌كه‌ن به‌ڵام هیچ نازانن ده‌رباره‌ی هونه‌ری ناوچه‌كه‌ی خۆیان. كه‌س نازانێت به‌هزاد ( ١٤٥٠–١٥٣٥) كێیه؟ كه‌س ئاشنا نیه به كاره‌كانی ڕه‌زا عه‌باسی( ١٥٦٥–١٦٣٥) ،كه دوو به‌ناوبانگترین وێنه‌كێشی میناتۆری ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ن. له كاتێكدا هونه‌ری میناتور و پرێنتی سهركاغهزی ئاسیای دوور، له سه‌ده‌ی ١٧ وه هه‌تا سه‌ره‌تاكانی سهدهی٢٠ یش كاریگه‌ریه‌كی زۆری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌نده پێشه‌نگه ڕۆژئاواییه‌كان داناوه. ڕامبرانت ( ١٦٠٦–١٦٦٩) یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه ده‌یان سكێچی هه‌یه كه كۆپی میناتۆری موغالهكانی كردوه‌ته‌وه. هینری ماتیس له ١٩١٠ پێشانگایه‌كی میناتۆری فارسی له میونخ ده‌بینێت ئاوا باس له كاریگه‌ره‌كانی ده‌كات له‌سه‌ری “میناتۆری فارسی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی له‌به‌رده‌م ههستهكانمدا كردوه. ئه‌و شێوازه هونه‌ره، بۆشایه‌كی گه‌وره‌ترت پێده‌دات بۆ ئیشكردن. یارمه‌تیدام كه دوركهومهوه له وێنه‌كێشانی به‌رته‌سك.“ ئه‌وه به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه وێنه‌ی دووڕهههندی میناتۆری فارسی، هاوكاریه‌كی باشی هونه‌رمه‌نده مۆدێرنه‌كان ده‌كات هه‌تا له وێنه كلاسیكیه سێ ڕهههندیهكان خۆیان ده‌ربازبكه‌ن. له هه‌مان كاتدا دانانی قاڵبه ڕه‌نگی تۆخ و دژبه‌یه‌ك له ناو پرێنتی چینی و یابانیهكاندا كاریگه‌ری له‌سه‌ر نیوئهمپرێشنستهكانی وه‌ك گۆگان و ڤانگۆگ داده‌نێت بۆ ئیشكردن و نزیكبونه‌وه له ڕه‌نگ به شێوه‌یه‌كی جیاوازتر.
لە ئێستادا بۆ ده‌ربازبوون له‌و بازنه داخراوه‌ی كه هونه‌ری ئێمه‌ی تیا قه‌تیس بوه و بۆ ئەوەی ھونەرێكی خۆڕسكی کوردی ببینین، سەرەتا دەبێت خۆمان داببڕین لەو فەوزایەی کە بەناوی ھونەرەوە ھەیە. ده‌بێت له بنه‌ڕه‌ته‌وه كه‌سایه‌تی تێكشكاوی خۆمان دروستبكرێته‌وه و به ئاگایبهێنینهوه له خۆی. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته ناوه‌نده هونه‌ریه‌كان وه‌ك چۆن فێرخوازێك ئاشنا ده‌كه‌ن به هونه‌ری ڕۆژئاوایی به‌هه‌مان شێوه بیانناسێننهوه به هونه‌ری ترادسیۆنی ناوچه‌كه‌ی خۆیان و شه‌رم نه‌كه‌ن له‌و میراته گه‌وره‌یه‌ی كه هه‌مانه. چونكه وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا هه‌تا ئێستاش زهنیه‌تی زۆربه‌ی مرۆڤی كورد گرێدراوی هونه‌ری ناوچهكهیهی خۆیه‌تی.
ھەرکات ئه‌و شادبوونه‌وه‌یه ڕوویدا، هه‌ركات هونه‌رمه‌ندی ئێمه توانی شته‌كان ته‌نها به چاویلكه‌ی ڕۆژئاوا نه‌بینێت، ئەوکات ھیوای لەدایکبوونی ھونەرێکی خۆڕسکی كوردی ھەیە. ئەگەر نا ئەوا ھەر دەبێت خەریکی لاساییکردنەوەی ھونەری رۆژئاوابین بە کوالێتیەکی لاواز و بێ ناوەڕۆک، و ھەموو لاسایكردنهوهیهكیش بێبه‌هایه، چونكه ناتوانێت توخمه ڕه‌سه‌نه‌كانی داهێنان له‌گه‌ڵخۆیدا هه‌ڵگرێت.
٢٠٢٢
سه‌رچاوه‌كان
- مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری له كوردستان، فه‌رهاد پیرباڵ، ٢٠٠٦
- موقه‌ده‌س و دنیای مۆدێرن، د.كاوه ئه‌حمه‌د– هیمداد شاهێن، ٢٠١٥
- – The House of Wisdom: How Arabic Science Saved Ancient Knowledge and Gave Us the Renaissance. 2012 .
- Jim Al Khalili،Islamic Art and Spirituality, Seyyed Hossein Nasr. 198- .
- A Foreshadowing of 21st Century Art, Christopher Alexander, 1993. –
- Black skin, white mask, Frantz Fanon, 2008.
- The Will to Power, Friedrich Nietzsche , 2017.
- Art as Therapy, Alain de Botton- John Armstrong, 2017.
- Sacred Art in East & West: Its Principles and Methods, Titus Burckhardt, 2002.