ئاپۆچیه‌ت كۆپیه‌كی پاتریاركیه‌ت له‌باكوور
پێش هه‌موو شتێك ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین كه (ئاپۆچیه‌ت) له‌م قۆناغه‌ی ئه‌زموونی باكوور و ڕۆژئاوا دا كه له ئێستادا له قۆناغی شۆڕشدایه و قۆناغی به‌رگرییه، ڕۆڵێكی پۆزه‌تیڤانه ده‌بینێت بۆ به‌رگریكردن له قه‌واره‌ی كوردیی له‌دژی شۆڤێنزمی توركی، كه له‌سه‌ر بنه‌مای توانه‌وه‌ی كورد، سیاسه‌ت و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی خۆی دامه‌زراندووه. به‌هه‌مان شێوه‌ش له قۆناغی ئیسلامی سیاسی توركیدا كه ( ڕه‌جه‌ب ته‌یه‌ب ئۆ‌ردۆگان) هاتۆته سه‌ر هه‌مان ئیداره‌ی حكومه‌تی توركی، ئه‌میش به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ی شۆڤێنزمی توركی ده‌یه‌وێت په‌لبهاوێت بۆ ڕۆژئاوا‌و و باشووری كوردستان. له‌م خاڵه‌وه ( ئاپۆچیه‌ت) دیووه گه‌ش و به‌رگرییه‌كه‌یه له دژی ڕاسیزم و فاشیزمی ئیسلامه‌وی خه‌باتی خۆیده‌كات و كوردی له‌توانه‌وه پاراستووه. ئه‌زموونی ڕۆژئاواش له‌ژێر هه‌ژموونی ئاپۆچیه‌ت، یه‌كێكه له‌و مۆدێله گرنگانه‌ی كه ده‌بێت هه‌م به‌شرۆڤه و هه‌م به‌سه‌رسامی و هه‌م به‌ڕه‌خنه‌ی فیكریی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.
لێره‌وه ئه‌و ئاپۆچیه‌ته‌ی له‌م نوسینه‌دا ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرم، مه‌ترسی و زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌یه به‌وه‌ی؛(ئاپۆچیه‌تی به‌رگری) له‌زه‌مه‌نی شۆڕشدا به‌ره‌و ئاپۆ په‌رستنی دوای شۆڕش هه‌نگاو نه‌نێت، وه‌ك چۆن له‌باشووردا بینیمان. كه‌واته لێره‌وه گرفته‌كه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری پرۆسه‌ی ئاشتی و حوكمكردنی كوردیدا له‌ناو شاره‌كان و له‌ناو ده‌زگای حكومه‌تیدا ئاپۆچیه‌ت به‌مانه‌وه‌ی له‌م فۆرمه‌ی ئێستادا، له وزه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤه‌وه به‌ره‌و پاسیڤیزم هه‌نگاو ده‌نێت. ئیدی ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه دووباره ئاپۆچیه‌ت ببێته چه‌كێك بۆ چه‌سپاندنی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی و ڕێگرێك له‌به‌رده‌م پێگه‌یشتی نه‌وه‌ی نوه‌یی كوردی له‌پڕۆسه‌ی سیاسی و كولتوریدا.
سه‌ره‌تا با بێین بزانین وشه‌ی (ئاپۆ) مانای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ وشه‌ی (ئاپۆ) مانای (مامه) و (مامی گه‌وره) دێت، و له‌كۆنتێكسه سۆسیۆلۆژیه‌كه‌یدا به‌مانای (مامه‌ی هه‌مووان) دێت. لێره‌دا یه‌كسه‌ر به‌رامبه‌ر فۆرمی ناوه‌كانی پاتریارك ده‌بینه‌وه، به‌مانای (مامه، مامه) یه‌كی دیكه‌ی كوردی ئاماده‌گی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مجاره له‌باكووردا خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه. به‌مجۆره ئێمه له دوكانی كۆپیه‌كداین كه‌مه‌ترسی وێنه‌ی (مامه‌كانه) لێره‌و له‌وێ. له فۆتۆ شۆپێكداین كه له‌ناو قووڵایی نه‌ستی كۆمه‌كی كوریدا نوستووه، له‌ناو قووڵایی (كولتوری هه‌بوو) دا خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه‌و خۆی كۆپیده‌كات. دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م مۆدێله‌یه، به‌ڵام له‌سه‌ر شێوازه (ماوییی و لینینی و هۆشی منه) یه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو له‌ناو فۆرمێكی خێڵه‌كیدایه.
دوكانی كۆپی نه‌وه‌كان
له‌نێو پارتی كرێكاران و ته‌نانه‌ت ڕۆژئاوای كوردستاندا، (ئاپۆچیه‌ت) مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته (دوكانێكی كۆپی) دیكه‌ی نه‌وه‌كان، بێگومان مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه نه‌وه له دوای نه‌وه له باگراوندی كولتوریی باكووریی و ڕۆژئاواییدا گه‌مه‌ی خۆبكات و ڕێگربێت له‌په‌ره‌سه‌ندنی سروشتی سیاسی و كولتوریی سیاسی له‌نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ ئه‌ویتر. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو ده‌بێته دووباره گۆڕینه‌وه‌ی كۆپیه‌كی دیكه‌ی ئۆجه‌لان له‌ئۆرگیناله‌وه بۆ كۆپیه‌كی دیكه. به‌مشێوه‌یه زنجیره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كولتوریی پارێزگاری له‌خۆیده‌كات، به‌وه‌ی له كۆپیه‌كی ئاپۆچیه‌ت بۆ كۆپیه‌كه‌ی دیكه له‌شێوازی خۆی كۆپبكاته‌وه، وه‌ك چۆن ئه‌م هیراكییه پاتریاركیزم و مه‌كینه‌ی كۆپیه‌یه له باشووری كوردستاندا تاوه‌كو ئێستا خۆی دووباره ده‌كاته‌وه و پشته وێنه‌ی سیاسه‌ته له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا.
به‌دیوێكی تردا من (ئاپۆچیه‌ت) به‌مه‌ترسیه‌كی گه‌وره تێده‌گه‌م له‌سه‌ر بیر و هزری (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان- ئاپۆ ) خۆی وه‌ك سیاسیه‌ك و بیرمه‌ندێكی سیاسی. ئاپۆچیه‌ت وه‌ك ( مه‌كینه‌یه‌كی كۆپی) به‌ره‌و جۆرێك پارتریاركیه‌ت و ماسكولینزم ده‌برێت، هه‌رچه‌نده له‌ڕووی ئایدیای بانگه‌شه‌بۆكراوه‌وه هه‌ڵگری چه‌مكی ژنه‌لۆژیشه، به‌ڵام ژنه‌لۆژی به‌م وه‌رگێڕانه حزبیه، ته‌نها ڕووه حزبی و میلیتاریستیت و هێرۆیزمه‌كه‌ی (پاڵه‌وانبازیه‌كه‌ی) له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕه. گه‌ر به‌مجۆره په‌ره‌بسه‌نێنێت، ئه‌وا خۆی له‌خۆیدا ڕێگره له‌به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی چه‌مكی (ژن‌بوون ) كه وه‌ك چه‌مكێكی ئێكسیستێنتاڵی تاقانه، كه فێمێنزم له‌جیهاندا هه‌وڵی قووڵكردنه‌وه و شوناسپێدانی ده‌كات له‌ناو كولتوره‌كاندا. گه‌ر ژنان ته‌نها (ژنه‌لۆژیستی ئاپۆچی) بن ئه‌وا به‌ره‌و ماسكولینیه‌تێكی كۆپیكاری پاتریاركیزم هه‌نگاو ده‌نێن. ئاوه‌ها ئه‌م (گوتاره ماسكولینزمه) جارێیكتر له‌ناو هه‌ژموونی كاریزمایه‌كی پیاوانه‌وه، په‌لاماری ئه‌و ئه‌گه‌ره ده‌دات كه ژنان بتوانن له‌ناو فۆرمی فێمێنزمی خۆیاندا گه‌شه بكه‌ن.
ئه‌م ڕایانه‌مان له‌سه‌ر گوتاری (ژنه‌لۆژی و ماسكولینیزم) به‌و بروسكه‌ییه ئاماژه‌پێدا، بۆئه‌وه‌ی له كۆی ئه‌م مه‌كینه‌ی كۆپیه تێبگه‌ین كه حزبی سیاسی هه‌وڵده‌دا وێنه‌كانی سه‌رۆك و ئایدیاكانی له‌هه‌موو شوێنێكدا كۆپیبكاته‌وه. لێره‌وه ئاپۆچیه‌ت ده‌چێته هه‌موو كایه‌كانه‌وه و ڕۆڵی ئه‌و میتۆده ترسناكه ده‌بینێت بۆ وه‌رگێڕان و ڕێڕه‌وكردنی هزری سیاسی ئازاد به‌ره‌و دروستكردنی وێنه‌ی یه‌كه‌م، كه له‌باشووردا (وێنه‌ی سه‌رۆكی ئه‌به‌دیی) و بنه‌ماڵه و منداڵه‌كانێتی، له باكوور و ڕۆژئاوا ئێگه‌ری هه‌مان وێنه زیندووكردنه‌وه له ئاپۆچیه‌تدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات . دیاره له ئه‌گه‌ری ده‌سه‌ڵات له باكوور و ڕۆژئاوادا ده‌بێته میتۆدێك بۆ دروستكردنی (منداڵه هاوشێوه‌كانی ئاپۆ) لێره‌و له‌وێ و ته‌نانه‌ت له‌ناو بزواتی ژنانیشدا ئه‌م مه‌كینه و ئاپۆچیه‌ته ئه‌و( وێنه پاتریا‌ركیه) یه كه‌ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ بازنه‌ی یه‌كه‌می وێنه‌ی باوكسالاری و نێر سالاری و پاتریاركیزم.
ئاپۆچیه‌ت مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه له داهاتوودا له‌سه‌ر پارتی كرێكاران به‌گشتی و خودی هزری عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كورد دروستده‌كات، به‌تایبه‌تی ڕێگره له‌وه‌ی ئۆجه‌لان وه‌ك سیاسیه‌كی گرنگی یونیڤێرسالی و داهێنه‌ری چه‌مكی (ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین) ڕۆڵی خۆی ببینێت. مه‌ترسیه‌كه دووباره كۆپیكردنه‌وه‌ی هه‌مان وێنه‌ی (كولتوری پاتریاركیه‌ته) كه له‌ناو نه‌ستی كۆمه‌كی باكوور و ڕۆژئاوایدا نوستووه و ئاماده‌گی هه‌یه بۆ كردنی (هزری ئۆجه‌لان) به (ته‌وته‌م) و (بت ) و (باوكی ئه‌به‌دیی) و سه‌رۆك خێڵی سیاسی. به‌مه‌ش هزری سیاسی دیسانه‌وه ده‌چێته ناو كۆپی شۆپێكه‌وه، كه ئه‌مجاره له‌هه‌ناوی (نه‌ستی مێگه‌لی) كوردییه‌وه سه‌رچاوه هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌م كۆپی شۆپه‌كه له‌خواره‌وه به‌ره‌و سه‌ره‌وه ئاڕاسته‌یه و جه‌ماوه‌ر دروستده‌كات، به‌مانای جه‌ماوه‌ر وێنه‌ی (سه‌رۆكی ئه‌به‌دی ) دروستده‌كات، نه‌ك سه‌رۆك له‌م قۆناغه‌دا بیه‌وێت جه‌ماوه‌ر بۆ (كۆپی شۆپه) ئه‌به‌دییه ماسكولینزمه‌كه‌ی دروستبكات و مێگه‌ل و مۆب تاوبدات بۆ كۆپیكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی، كه له وێنه‌ی یه‌كه‌میدا هه‌وڵی ئه‌وه‌یده‌دا و له بڕگه‌كانی خواره‌وه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌یه ده‌دوێین.
ئه‌م مه‌ترسیه (مامچێتی – ئاپۆچێتی) ئاماده‌یه له‌ناو هه‌ناوی (پارتی كرێكاران) و (په‌یه‌ده‌ش) دا، ئه‌م مه‌ترسییه ئێستا ده‌موچاوی دیاری نییه، چونكه هێشتا له‌شه‌ڕدایه‌له‌دژی داگیركه‌رانی كوردستان، به‌ڵام گه‌ر له‌ئێستاوه به‌ر به‌م ته‌وژمه (ئاپۆچیه‌ته) نه‌گیرێت و له‌ناوخۆی په‌كه‌كه‌دا جڵه‌وگیری نه‌كرێت، ئه‌وا له‌دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌كه‌وه بێت، پڕۆسه‌ی كۆپیكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی سه‌ركرده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه. به‌مانای (كۆپی شۆپێكی دیكه‌ی له‌باكوور) داده‌مه‌زرێت و دوای تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن ، ئه‌م (دوكانی كۆپیه) هاوشێوه‌كانی خۆی به‌رهه‌مدێنێت. دواقۆناغیش حزب وه‌ك یه‌كێتی و پارتی ده‌بنه‌چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاپۆچی و دڵسۆزی ئاپۆچیه‌ت! و چیرۆكه‌كه‌خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه و گه‌نده‌ڵی یه‌كه‌مین وێستگه‌ی ده‌بێت.
دیاره كه‌ده‌ڵێم به‌مه‌ترسی تێده‌گه‌م له‌سه‌ر خه‌باتی پارتی كرێكاران، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه له‌وێشدا ته‌نها تاوانی (ئاپۆ) نییه، چونكه‌ئه‌مه‌دوو ئاپۆمان هه‌یه؛ ئه‌وه‌ی (سه‌هلی بیقاع) و ئه‌وه‌ی زیندانی (ئیمرالی). دوو وێنه‌مان هه‌یه، كه بۆته هۆی دروستبوونی ئه‌م شه‌به‌نگه پیرۆزییه به‌ده‌وری ئاپۆدا.
یه‌كه‌مین وێنه، ئاپۆی سه‌هلی بیقاع
وێنه‌ی ئۆجه‌لانی گه‌نج، ئۆجه‌لانی سه‌هلی بیقاع كه (ئاپۆچێتی) به‌رهه‌مێناوه، به‌جۆره‌ك بوو كه له‌و زه‌مه‌نه‌دا ئۆجه‌لان ده‌یویست له‌پێستی خۆی بێته‌ده‌ره‌وه و به‌ره‌و (ئاپۆ)، به‌مانای به‌ره‌و (مامه) هه‌نگاو بنێت. له‌تێزه‌كۆنه‌كانیدا تۆنێكی تیژی بارانۆیی و خۆ له‌سه‌روو كۆی مرۆڤی كوردی، به‌ئاشكرا ته‌عبیری له‌خۆیده‌كرد. به‌جۆرێك، له‌زۆر كۆبوونه‌وه ڤیدیۆییه‌كانیدا پێشمه‌رگه‌كانی مات وه‌ك بت گوێیان لێده‌گرت و له‌پشته‌وه وێنه‌ی خۆی به‌قه‌باره‌ی زۆر گه‌وره هه‌ڵده‌واسرا. به‌ئاشكرا ده‌یگووت؛ من كه‌سایه‌تی ئێوه‌م دروستكردووه و له‌منه‌وه كه‌سایه‌تی كوردیی ده‌ستپێده‌كات، كه‌سایه‌تی شێواوی كوردی له‌منه‌وه‌ڕاستده‌كرێته‌وه! به‌مانای كۆی په‌كه‌كه مانای ئاپۆ بوو ، ئاپۆش یه‌كسان بوو به‌په‌كه‌كه. وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆی په‌كه‌كه‌ته‌نها یه‌ك كه‌س بێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو خۆی كه‌له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست و به‌یارمه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران و یه‌كێتی و ڕێخۆشكردنی (حافز ئه‌سه‌د) ی سه‌رۆكی سوریا ئه‌وسا دروستبوو بوو. ئه‌و خه‌باتی كۆی پارته سیاسیه‌كانی كوردستانی ڕه‌تده‌كرده‌وه و ده‌یگووت؛ خه‌باتی به‌رگریی كوردیی له‌من و په‌كه‌كه‌وه ده‌ستپێكردووه، به‌مه‌رجێك هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه‌ئه‌م مێژووه بۆ ده‌ستپێكردنی به‌رگری كوردیی له‌قه‌واره‌ی خۆی مێژوویه‌كی دوورودرێژتری هه‌یه له‌وه‌ی به هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه بیبه‌ستینه‌وه!
دیاره ئه‌مه له‌گوتاره‌ڤیدیۆییه‌كانیدا زۆر ئاشكرا ته‌عبیری له‌خۆی ده‌كرد. به‌مه‌ش سێبه‌ره سایكۆلۆژیه‌كانی كتێبه‌كانی دەربارەی کەسيتی کوردی له‌هه‌ڵسوكه‌وتیدا ده‌رده‌كه‌وت. به‌ڵام کە موخابه‌راتی سوریا له‌سێپتمبه‌ری ١٩٩٨ دەریکرد له‌بیقاع، ئاماده‌نه‌بوو بچێت بۆ قه‌ندیل بۆ نێو پێشمه‌رگه‌كانی! ئه‌ویش (وه‌ك نه‌وشیروان و مام جه‌لال) و سه‌كرده كورده‌كانی دیكه زوو زوو له‌شاخیش ده‌ڕۆیشتنه‌وه بۆ ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌ی سنووری كوردستان و له‌ژێر هه‌ر پۆزشێكدا بێت، پێشمه‌رگه‌كانیان جێده‌هێشت بۆ چاره‌نوسی خۆیان. به‌داخه‌وه هه‌مان چیرۆك له‌فۆرمێكی دیكه‌دا له‌ناو په‌كه‌كه‌دا دووباره‌بۆوه. هه‌مووشیان به (ئاپۆشه‌وه ) به‌و پۆزشه ده‌چوون بۆ ئه‌وروپا و شاخیان جێده‌هێشت، گوایه ده‌یانه‌وێت ده‌نگی كورد بگه‌یه‌نن! ئاپۆش ده‌یویست به‌رده‌وامی بدات به‌خه‌باتی خۆی به‌ڵام له‌ئه‌وروپا و پێشمه‌رگه‌شی بۆ چاره‌نوسی خۆی جێهشت.
له‌م قۆناغه‌دا ئاپۆ له‌گه‌ڵ ئاپۆچیه‌تدا گونجاو بوو، به‌مشێوه‌یه ڕێگه‌ی ئه‌وروپای هه‌ڵبژارد، له‌ئیتاڵیا ماوه‌یه‌ك مایه‌وه‌و دوایش هه‌ڵخه‌تێنرا بچێت بۆ( نایروبی- كینیا )، به‌ڵام له‌نایروبی له‌فێبرواری ١٩٩٩ به‌هاوبه‌شی سیای CIA ئه‌مریكایی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی یۆنان فڕێندرا و قۆڵبه‌ستكرا به‌ره‌و توركیا. لێره‌وه به‌بڕوای من هه‌ژانێكی گه‌وره‌له‌ئاپۆدا دروستده‌بێت، كه‌ساڵانی دوایی كاریگه‌ری ئه‌م هه‌ژانه پۆزه‌تیڤانه ئاپۆیه‌كی دیكه له‌هه‌ناوی ئاپۆچیه‌تی خودی ئاپۆدا دروستده‌كات، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌ی فیگوری (ئاپۆ) یه‌بۆ (ئۆجه‌لانی سیاسی) كه پۆزه‌تیڤانه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ خۆی له‌كتێبه‌كانیدا درێژده‌كاته‌وه.
(پاتریاركیه‌تی ئاپۆ) له زه‌مه‌نی (سه‌هلی بیقاع) دا دیار بوو، به‌تایبه‌ت كه له‌ئیتاڵیا نیشته‌وه‌و دوایی توركیا داوای دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ئۆجه‌لانی كرد و ڕه‌تكرایه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئیتاڵی، چونكه له‌دژی مافی په‌ناهه‌نده‌یی و ده‌ستوری هه‌ر كه‌سێك بوو، كه داوای په‌ناهه‌نده‌یی بكات. ته‌نانه‌ت له‌ئه‌ڵمانیا كه‌ئۆجه‌لانی به(تیرۆر) و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی تۆمه‌تباركردبوو، حكومه‌تی ئه‌وسای ئه‌ڵمانیا كه له (بۆن) بوونی هه‌بوو، ئه‌و سكاڵانا‌مه‌یه‌ی به‌ڕه‌سمی كشانده‌وه. به‌مه‌ش ئۆجه‌لان زیاتر كه‌ڕو خومار و سه‌رسام بوو به(ئاپۆ)كه‌ی ناو‌خۆی و هێشتا وه‌های ده‌زانی ئاپۆی سه‌هلی بیقاعه.
ئۆجه‌لان له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌رسام بوو به‌ئاپۆیه‌كه‌ی ناوی، به (پاتریا‌ركیه به‌هێزه‌كه‌ی) نێو خودی خۆی، به‌تایبه‌ت كۆی میدیای ئه‌وروپایی سه‌رقاڵبوون پێوه‌ی، ئه‌مه‌ش زیاتر خوماریكردبوو. خومارییه‌ك به‌جۆرێك كه‌گوێی له هیچ له‌و بانگه‌وازانه‌ی كورده دڵسۆزه‌كانی هاوسۆز و هاوخه‌باتی خۆی نه‌ده‌گرت كه له‌ئه‌ڵمانیا و له‌وێ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌بدات، چونكه گه‌ر توركیا بیه‌وێت بێته دادگاوه له‌دژی، ئه‌وا له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌ڵمانیا كه ده‌وڵه‌تی یاسا‌و ده‌ستوره، باله‌وێ تاوانه‌كانی ئه‌م تیرۆریسته پێشكه‌شبكات. به‌سه‌ده‌ها پارێزه‌ری گه‌وره‌ی شاره‌زای چه‌پ و ئازاد له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ئاماده‌بوون خۆبه‌خش بێنه دادگایكردنه‌كه‌وه بۆ به‌رگری له‌ئۆجه‌لان و مه‌سه‌له‌ی كورد.
من له‌و زه‌مه‌نه‌دا له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژیام ئاگاداری ئه‌و هه‌و‌ڵانه‌بووم و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ئه‌ندامی باڵای پارتی كرێكاران گفتوگۆی ئه‌وه‌مان كرد، من ڕام وه‌هابوو؛ كه دادگایی گه‌وره‌ی وه‌های ئاپۆ له‌ئه‌ڵمانیا به تۆمه‌تی تیرۆر، مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌كاته مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانی، كۆی ده‌ستوری ئه‌ڵمانی ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه. له‌هه‌مانكاتیشدا ئۆجه‌لان وه‌ك هه‌موو په‌ناهه‌نده‌یه‌ك مافی خۆی ده‌بێت و دادگاییه‌كه‌شی له‌وانه‌یه چه‌نده‌ها ساڵ بخایه‌نێت، به‌مه‌ش ئۆجه‌لان ده‌توانێت وه‌ك (سه‌ركردیه‌كی ڕۆحی) كۆی ماڵی كورد له‌ژێر ڕاوێژ‌و كاریزمای خۆیدا كۆبكاته‌وه. سه‌پۆرتی ئه‌ورپاییه‌كان، ته‌نانه‌ت لیبرال چه‌پ و سه‌وزه‌كان ڕۆژ به‌ڕۆژ بۆ ئۆجه‌لان زیادیده‌كرد. له وه‌ڵامی مندا هه‌میشه ئه‌ندامانی په‌كه‌كه به‌منیان ده‌یاگووت؛ هه‌ڤاڵ، سه‌رۆك خۆی ده‌زانێت چیده‌كات!
له‌ئه‌ڵمانیدا چیرۆكی هاتنی ئۆجه‌لان له‌ناو دیاسپۆرای كوردیدا بابه‌تێكی گه‌رم بوو، من له‌نێزیكه‌وه ئاگادارم زۆر له‌نوسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داری كوردی دڵسۆز هه‌وڵیاندا ڕاوێژ به ئاپۆ بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بێت بۆ ئه‌ڵمانیا وه‌ك (داواكاری په‌ناهه‌نده) خۆی به‌ده‌سته‌وه‌بدات، بێگومان ده‌یتوانی به‌ئاسانی بێت و ڕێگری نه‌بوو، په‌كه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌به‌هێز بوو له‌ڕووی ڕێكخراوییه‌وه له‌ئه‌ورپا و ڕوسیا و هه‌موو وڵاتانی دونیا، كه‌ده‌یانتوانی فیل بكه‌ن به‌ودیوو سنووره‌كاندا، چجای سه‌رۆك ئاپۆ! به‌ڵام ئۆجه‌لان ته‌نها گوێی له‌ئاپۆكه‌ی ناو خۆی ده‌گرت تاوه‌كو خۆی نه‌یزانی چیبكات و كه‌وته‌به‌رده‌ست میتی توركی.
كه‌واته كێشه‌ی ئۆجه‌لان بۆ هاتن بۆ ئه‌ڵمانیا لۆجستی نه‌بوو، به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌ی فه‌ردانیه‌تی خۆی بوو، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ووروبه‌ره‌كه‌ی، وه‌ك هه‌موو سه‌ركرده‌یه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی، پاتریارك ته‌نها ئاوێنه‌بوونی خۆی ده‌بینیه‌وه له‌هه‌موو شتێك‌دا. (ئاپۆی گه‌نج) سه‌رسام بوو به‌وێنه‌ی خۆی، وه‌های ده‌زانی له (سه‌هلی بیقاعه) كۆی دونیا ئه‌وانه‌ی خوار خۆیه‌تی. ته‌نانه‌ت بڕوابوونی به یۆنانیه‌كان زیاتر به‌كورد جێگه‌ی پێكه‌نین بوو. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی یۆنانیه‌كان لای ئه‌و له‌لای ئه‌و كاربكه‌ن، ئیدی به‌ره‌و (كینیا) فڕی، به‌داخه‌وه له‌دوایدا هه‌ر یۆنانیه‌كان و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی یۆنان ته‌سلیمی میتی توركیان كرد. دیاره (ئاپۆی گه‌نج) وه‌ك هه‌موو پاتریاركێك وه‌هایده‌زانی كه دونیا بۆ ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌كه ده‌توانێت له‌هه‌ر كاتێكدا بیه‌وێت بیكاته‌وه‌و دایبخات. به‌داخه‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌هه‌ده‌رچوون و خۆی له گوێنه‌گرتنی له‌كه‌سانی دڵسۆزی ده‌ووروبه‌ری نه‌گرت، به‌ڵكو تاوه‌كو تووشی گرتن بوو به‌ده‌ستی میتی توركی، گوێی له(مامه – مامه) كانی ده‌ووروبه‌ری گرت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو و زیاتر نێزیكمانده‌خاته‌وه له‌تێزه‌كه‌مان له‌مه‌ڕ (پاتریاركیه‌تی ئۆجه‌لان) بانگه‌شه‌ی كۆتایهاتنی شۆڕشی چه‌كداری بوو له‌باكوور، هه‌ر خۆی یه‌كلایه‌نه بڕیاریدا، به‌وه‌ی له لێدوانێكی ئۆجه‌لاندا، وه‌ك چۆن مه‌لاموسته‌فا شۆرشی كۆتایی پێهێنا، ئه‌ویش بانگه‌شه‌ی كۆتایهاتنی شۆرشی چه‌كداریی ڕاگه‌یاند، به‌بێئه‌وه‌ی حكومه‌تی توركی هیچ پێشنیازێكی له‌و جۆره‌ی خستبێته ڕوو. ئه‌مه كاتێك بوو كاتێك بوو كه به فڕۆكه‌ی تایبه‌تیه‌كه‌ی به‌دونیادا ده‌گه‌ڕا و له‌ئیتاڵیا گووتی؛
ئێمه وازمان له‌تیرۆریزم هێناوه‌و ئاماده‌ین بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی …
بڕوانه؛ ڕۆژنامه‌ی به‌رلین 17.02.1999
http://www.berliner-zeitung.de/abdullah-oecalan-war-zuletzt-wochenlang-mit-einem-flugzeug-auf-der-flucht—das-ende-einer-karriere-als-berufsrevolutionaer-das-phantom-fliegt-nicht-mehr-16049144
ته‌نانه‌ت ئۆجه‌لان له‌ئیتاڵیا داوای له‌پاپی ڕۆم كرد هاریكاری پڕۆسه‌ی ئاشتی بێت. خاڵی وه‌رچه‌رخان لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات، كاتێك دونیا به‌رامبه‌ر (ئه‌قڵی پاتریاركی كوردیدا) وه‌رده‌رچه‌رخێت، ئیدی وه‌ها هه‌ستده‌كات كه كۆی بزوتنه‌وه‌كه‌ی وه‌ها وه‌ك خۆی بیرده كه‌نه‌وه.
باستارده‌كان له‌دژی ئاپۆچیزم
لێره‌دا من نسكۆی ساڵی ١٩٧٥ بیردێته‌وه، كه (مه‌لا موسته‌فا بارزانی) كۆتایی به‌شۆڕش هێنا، بارزانی نه‌ك پرسی به‌كه‌س نه‌كرد، به‌ڵكو ئه‌وانه‌شی به‌نیازبوون به‌رده‌وامبن له‌خه‌بات له‌دژی به‌عس، به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه‌كانی مه‌لا موسته‌فا بارزانی كه‌وتن. هه‌رچه‌نده ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه له‌زۆر ڕووی مێژوویی و ئایدۆلۆژییه‌وه جێگه‌ی پێوانه‌كاری نین، ئه‌وه كاری ئه‌م نوسینه نییه و كاری مێژووه ئه‌وه‌بكات، به‌ڵام له (میكانزمی بیركردنه‌وه‌دا) كه خاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌مانه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر میكانزمی بیركردنه‌وه‌ی پاتریاركی ئۆرگینال، كه‌نایه‌وێت گوێ له‌وانیتر بگرێت كه به‌ڕای خۆی كۆپی ئه‌ون. له‌كاتێك پاتریاریارك ده‌ڵێت؛ دونیای جه‌نگ نه‌ما ئیدی ده‌بێت كۆی دونیا له‌ئاشتیدا شین و سوور بكاته‌وه، كاتێكیش توڕه‌ده‌بێت ئیدی ده‌بێت كۆی دونیا ڕه‌نگی سوور و خوێناوی بێت…
لێره‌وه سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه له‌شاخ، كه ئۆجه‌لان چیتر ده‌ستی پێنده‌گه‌یشتن زۆر ژیرانه وه‌ڵامی ئه‌م لێدوانه‌یان دایه‌وه، به‌وه‌ی كه‌خه‌باتی ئه‌وان (تیرۆر) نییه، و ئاماده‌ن بۆ چه‌كدانان، به‌ڵام كاتێك پرۆسه‌یه‌كی سیاسی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ئارادا بێت. ئه‌م هه‌ژانه ده‌نگێكی باستاردانه بوو كه ده‌یوست خۆی له‌منه‌ته‌كانی باوك قوتار بكات، ئه‌م ده‌نگه ده‌نگی باستاردی سیاسی بوو كه به‌ڕای من ئاپۆی ڕاگرت و وه‌هایكرد بیربكاته‌وه. به‌ڵام له (گه‌شته ئۆدیسۆسیه‌كه‌یدا) كه‌له‌سێپتمبه‌ری ١٩٩٨ درێژ بووه تاوه‌كو دیپۆتركردنه‌وه‌ی له فێبرواری ١٩٩٩ بۆ توركیا، ئه‌م كاریگه‌رانه ده‌رنه‌كه‌وت…به‌گشتی، ئه‌م لێدوانه‌ی كه خه‌باتی خۆیانی به‌تیرۆریزم له‌قه‌ڵه‌مدا ده‌ربڕی (ئاپۆچیه‌تێك) بوو كه‌پارتی كرێكاران زۆر ژیرانه‌قبوڵیان نه‌كرد. ئه‌م خاڵی به‌ریه‌كه‌وتنی (ئاپۆچیه‌ت) و (په‌كه‌كه) به‌قازانجی په‌ره‌سه‌ندنی پارتی كرێكاراندا شكایه‌وه. لێره‌وه له‌ناو په‌كه‌كه‌دا پۆتێنشاڵ و مۆتیڤی (باستاردبوون) بوونی هه‌یه و له‌یه‌كه‌مین پراكتیزه‌كردنیدا ڕێگه‌گرتن بوو له وێنه‌ی پاتریاركی زیاتر خۆی فراوانبكات له‌ئاپۆچیتیزمدا، به‌وه‌ی، نه‌هێڵێت ئاپۆچیه‌ت ببێته پاتریاركیزمێكی سیاسی و كۆی جوڵانه‌وه‌كه به‌ره‌و چاره‌نوسێكی نادیار به‌رێت.
به‌ڵام دوای چه‌نده‌ها ساڵ له‌وه‌ك چۆن مارێك كاژی كۆنی فڕێده‌دات، ئاوه‌ها دوای چه‌نده‌ها ساڵ له‌جیاتی ئاپۆ كۆنه‌كه، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی سیاسی له‌دایك ده‌بێت، به‌ڵام به‌دیدی دیكه، ته‌واو جیاواز له‌نوسینه‌كانی پێشووتری، فراوانتر و هه‌مه‌لایه‌نه‌تر دێته‌گۆڕه‌پانی سیاسیه‌وه. به‌داخه‌وه، مه‌ترسیه‌كه له‌وه‌دایه كه پارتی كرێكارانی ئێستا، دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، خۆی هه‌وڵده‌دات عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌جوغزی ئاپۆچیه‌تدا به‌رته‌سك بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش لێدانی ئه‌و ته‌وژمه مه‌ده‌نییه جوانه‌یه كه له باكوور په‌ره‌یسه‌ندووه. هه‌روه‌ها بۆ سه‌قامكردنی ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕانی شاخه به‌سه‌ر (یه‌ده‌په) كه‌به‌ره‌و ڕێڕه‌وێكی دیكه‌ی جیاوازی مه‌ده‌نی هه‌نگاو ده‌نێت، و ڕۆژ به‌ڕۆژ ئۆتۆنۆمیانه له په‌كه‌كه كارده‌كات و خۆی له‌قه‌ند‌یل دوورده‌خاته‌وه. لێره‌وه‌كۆپی شۆپه‌كه ده‌بێت بخرێته‌وه كار، بۆ هیچ نا، ته‌نها له‌پێناوی ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی كۆنزه‌ڤاتیڤزم و پاترریاركیزم به‌سه‌ر جه‌مسه‌ر و كایه‌كانی دیكه‌دا زاڵ بكه‌ن.
ده‌بێت ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه (ئۆجه‌لانی پیر) و (سیاسی) و (ئۆجه‌لانی ئیمرالی) زۆر جیاوازه له‌و (ئاپۆچیه‌ته)ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت. كێ ئێستا كۆی ئه‌و كتێبانه‌ی خوێنێته‌وه كه ئه‌م سه‌ركرده‌یه نوسیوویه‌تی یان یارمه‌تیدراوه له‌نوسینی و له‌گه‌ڵیدا نوسراوه، له‌وه‌تێده‌گات؛ كه گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌بیری ئه‌م مرۆڤه‌دا ڕوویداوه، چیتر نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ بازنه‌ی یه‌كه‌م و (خاڵی سفر).
خاڵت سفر وه‌ك (سلۆته‌ردایك) ئاماژه‌ی بۆده‌كات، خاڵی سفرێكه، له‌كۆپیكردنه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا ڕووده‌دات، كاتێك (باستارد) و (زۆڵی سیاسی) له دایكده‌بێت و ده‌یه‌وێت ئه‌و زنجیره په‌رسه‌ندنه‌جیناتیه بگۆڕێت و به‌ڕێڕه‌وه‌ێكی دیكه‌یدا ببات. لێره‌وه (هێزی كۆپیخواز) خێرا له چه‌كمه‌جه كۆنه‌كانیان (وێنه‌ی پاتریارك) ده‌رده‌هێنن و ده‌كه‌ونه كۆپیكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی سه‌رۆك. چونكه ده‌زانن باستارد و زۆڵی سیاسی هاتووه‌و دونیایه‌ك نوێده‌كاته‌وه‌و زۆر ئایكۆنی كۆن ده‌شكێنێت.
ئۆجه‌لان به‌ڕای من باستارده‌كه‌یه‌كه، زۆڵه سیاسیه‌كه‌یه، كه ده‌یه‌وێت له (كۆپی شۆپی ئاپۆچیه‌ت ) ده‌ربچێت. ده‌یه‌وێت پڕۆسه‌ی كۆپیكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی كۆنی خۆی له (سه‌هلی بیقاع) بوه‌ستێنێت به‌ره‌و (دروستكردنی كایه‌كان) هه‌ر له (كایه‌ی ژنۆلۆژی) وه بیگره تاوه‌كو ده‌گاته كایه‌ی (ڕۆژهه‌ڵاتی ناوێنی گه‌وره) و تاوه‌كو لێدانی (ناسیونالستی كولتوری) و خه‌باتی مه‌ده‌نی فراوان و زۆریت…ئۆجه‌لان نایه‌وێت له چوارچێوه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی كوردیدا قه‌تیسبكرێت، به‌ڵكو وه‌ك بیرمه‌ندێكی سیاسی له‌ناو تیۆره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا پێناسه‌بكرێته‌وه، وه‌ك كوردێك له‌ناو جیهاندا پێناسه بكرێت، وه‌ك تێۆریزه‌كارێك كه ڕۆژهه‌ڵاتێكی گه‌وره به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوا دابمه‌زرێنێت. ئه‌مه خه‌ونێكی گه‌وره‌یه و تێۆره‌یه‌كی مومكینه بۆ بیناكردنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ڕۆژهه‌ڵات ناوێنی (بان – ناسیونالی) و (ژنه‌لۆزی) له‌ناوچه‌كه‌دا كه (كوردبوون) وزه‌ده‌ر و پێشڕه‌ویه‌تی. هه‌موو ئه‌مانه خه‌ونی ئاپۆی (پۆست – سه‌هلی بیقاعه).
به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌مجاره مێگه‌له‌كه په‌لاماری (كۆپی شۆپه) كۆنینه‌كه ده‌دات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م تێزانه بۆ ئاپۆچیه‌تێك و گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی سفری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه. ئه‌م مێگه‌له سیاسیه دێت ئه‌م تێزانه ده‌كاته ئایدۆلۆژی بێ ڕۆح و ئاكادیمای ئاپۆچێیتی له‌سه‌ر شێوازی ئه‌كادیمیای سۆڤێتی كۆن له‌ڕۆژئاوای كوردستاندا ڕووكه‌شانه قووتیده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها له‌ناو كۆپی شۆپه‌كه‌ی ئاپۆچیه‌تدا فۆرمێكی میلیتاریستی و سۆڤیه‌تی به تێزه‌كانی ئاپۆ ده‌به‌خشێت. به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و ڕۆحه فراوان و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی هزری ئاپۆیان به‌ئایدیۆلۆژیی و دۆگما كردووه.
خاڵی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی لێره‌دایه، به‌وه‌ی خودی (ئۆجه‌لانی ئیمرالی) زۆر ده‌مێكه (كاژی ئاپۆچێتی) فڕێداوه، به‌ڵام ئه‌مجاره مێگه‌لی سیاسی له هه‌ناوی كولتوری خۆیه‌وه له‌ناو په‌كه‌كه دا به‌ده‌ست و به‌ددان وێنه‌كه‌ی نێو نه‌ستی خۆی كۆپیده‌كاته‌وه، بێگومان به‌بێگوێدان به‌و گۆڕانكاریانه‌ی به‌سه‌ر بیری خاوه‌نی وێنه‌كه‌دا هاتووه.
بێگومان ئه‌م چیرۆكه‌ش به‌سه‌ر كۆچكردوو (نه‌وشیروان موسته‌فا) دا هات، به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م پیاوه ڕقی لێی بوو پیرۆزكردن و ستایشكردنی خودی خۆی بوو، كه‌چی ڕۆشنبیره‌كانی ناو (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان)هاتن و گۆڕی ئه‌م پیاوه‌یان له سوبێكێتی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه گۆڕی بۆ شه‌خسه په‌ڕۆینه‌یه‌ك و وه‌ك مه‌زاری شه‌خسێكی په‌ڕۆیه‌كی پیرۆز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كرد. دیاره ئه‌م هێزانه ئه‌وه‌نده به‌په‌رۆش نین بۆ وێنه‌ی ئاپۆ و ئاپۆچیه‌ت و وێنه‌ی نه‌وشیروان وه‌ك سوبێكتێكی سیاسی له‌ناو مێژوودا، به‌ڵكو مێگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌رۆشی پارێزگاریكردنی ئۆرگیناله‌كه‌ی ناو خۆیه‌تی له‌دژی باستاردی نوێ، بێگومان بۆ به‌رده‌وامیدانی پڕۆسه‌ی كۆپیكردنه‌وه و مانه‌وه له‌ناو كۆپی شۆپی پاتریاركدا، هه‌ر بۆیه پاتریاریاركیش نه‌بێت، بۆ تێركردنی وێنه‌كه‌ی ناو خۆیان، ئه‌وا دوای مردنی ده‌یكه‌ن به پاتریارك.
هه‌رچه‌نده‌ئۆجه‌لان به‌پێی په‌ره‌سه‌ندنه سیاسیه‌كه‌ی نێو كتێبه‌كانی و نه‌رمی نواندنی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی سیاسه‌تدا، هه‌وڵده‌دات كۆی بزواته‌كه بكاته بزواتێكی دوور له‌كۆپیكردنه‌وه‌ی كوێرانه، به‌ڵام ماشینی میدیایی و نوخبه‌ی سیاسی نێو په‌كه‌كه، به‌تایبه‌ت شۆڕشگێڕه‌كانی شاخ، به‌رده‌وامن له‌كۆپیكردنه‌وه‌ی ڕۆحی ئاپۆچیه‌ت له‌ناو هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌كه‌كه‌دا. به‌مه‌ش كۆی بیروڕا سیاسیه‌كانی (ئۆجه‌لانی بیرمه‌ند) له‌به‌رامبه‌ر(ئاپۆچیه‌ت) دا پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.
وێنه‌ی دووهه‌م، ئۆجه‌لانی ئیمرالی
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دادگایكردنی ئاپۆ له توركیا، ئاپۆیه‌كی تر وورده وورده له‌دایكده‌بوو، ئاپۆیه‌ك خه‌باتی گه‌لی كوردی له شاخه‌وه فڕێدایه ناو كایه‌كی سیاسی جیهانییه‌وه. ئه‌م ئه‌زموونی داداگایكردنه‌ی له‌دوایدا ده‌بێته چه‌ند كتێبێكی گرنگ كه جێگه‌ی تێڕامان و گفتوگۆی فیكرین ؛ كتێبه‌كانی وه‌ك (مورافه‌عه‌ی ئورفا) و (مورافه‌عه‌ی ئه‌سینا) و (گه‌شتی ڕۆما) ئه‌و سه‌ره‌تا گرنگانه‌ن كه ئیدی ئۆجه‌لان نایه‌وێت وه‌ك (ئاپۆی سه‌هلی بیقاع) ته‌ماشا بكرێت، به‌ڵكو به‌ڕای من وه‌ك (باستاردێكی سیاسی) سه‌یربكرێت، كه ده‌یه‌وێت له وێنه‌كانی باوك بدات. له‌دوای ئه‌م قۆناغه كتێبه‌كانی دیكه ده‌رباره‌ی نه‌خشه ڕێگای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و شارستانیه‌كانی ناوچه‌كه و زۆریتر، ده‌بنه كایه‌كی فیكری سیاسی كه به‌ئاسانی ناكرێت به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.
بۆ كتێبه‌كانی به زمانی كوردی و ئه‌ڵمانی و ئینگلیازی و ڕووسی فه‌رموون؛
http://netewademokrat.info/so/
لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه ئاماژه‌ی پێبده‌ین ئه‌وه‌یه كه (ئاپۆی ئیمرالی) له‌دژی (ئاپۆی سه‌هلی بیقاع ) له‌شه‌ڕدایه. ئاپۆی ئیمرالی، ئاپۆیه‌كی یونیڤێرسالییه و ئاپۆی بیقاع وێنه‌یه‌كی مێژوویی گرنگه، به‌ڵام قۆناغێكه ده‌بێت تێپه‌ڕ بكرێت و ئاپۆچیه‌ت تێپه‌ڕنێت بۆ كاركردن له چه‌مكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوێن‌دا. ئاپۆچیه‌ت ئه‌و چقڵه‌یه كه ئه‌و ده‌نگه یونیڤێرسالییه بریندار ده‌كات، به چقڵه‌كانی پاتریاركیزم و ڕێگره له له‌دایكبوونی زۆڵ و باستارده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، كه ده‌كرێت ته‌نها كورد نه‌بن، به‌ڵكو عه‌ره‌ب و تورك و كلدانی و میسری و هه‌موو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوێن بن. ئه‌م خه‌ونه (ئاپۆچیزمی ساده و ساكار) و په‌رستنی ته‌وته‌م و دروستكردنی وێنه‌ی سه‌ركرده‌ی ئه‌به‌دی ده‌باته‌وه بازنه‌ی یه‌كه‌م، كه‌بازنه‌ی لۆكالیزه‌بوون و ئه‌قڵی مێگه‌لی خێڵه‌كی سیاسی و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ فۆتۆشۆپی پاتریاركه دێرینه‌كه، ئه‌مه جه‌وهه‌ری ئاپۆچیه‌ته كه دژی یونڤێرسالیكردنی هزری ئاپۆ خۆیه‌تی.
بۆ زیاتر جه‌ختكردنه‌وه له‌م دژایه‌ریه‌ی ئاپۆی ئیمرالی بۆ وێنه‌ی دێرینی خۆی كه ئاپۆی گه‌نجی سه‌هلی بیقاعه، ئاپۆ خۆی له زۆر له چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی قه‌ندیل قسه‌یكردووه؛ كه قه‌ندیل به‌سه‌رێك ده‌یه‌وێت ئه‌زموونی ڕۆژئاوا جڵه‌وگیربكات له‌ژێر هه‌ژموونی خۆی و به‌سه‌رێكیش ده‌یه‌وێت ئه‌زموونی مه‌ده‌نیانه‌ی (هه‌ده‌په) بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ بازنه‌ی (ئاپۆچێتی سه‌هلی بیقاع) . به‌دیوێكی تردا، په‌كه‌كه‌ی قه‌ندیل ته‌واو جیاوازه له په‌كه‌كه‌ی ئه‌وروپا، ئه‌م زۆرانبازیه‌مان له ماوه سه‌ره‌تایه‌كانی زیندانیكردنی ئاپۆدا بینی له كه له دوای فێبراواری ١٩٩٩ وه درێژ بۆوه، تاوه‌كو نێزیكه‌ی پێنج ساڵی خایاند و له‌گه‌ڵ پشتگیری په‌كه‌كه بۆ (ئاكاپه) له‌یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردندا، ئه‌م زۆرانبازییه بووه هۆی په‌یدابوونی ته‌وژمی مه‌ده‌نی و خه‌باتی مه‌ده‌نی له توركیادا كه (هه‌ده‌په) ی تێدا له‌دایكبوو.
ئیدی ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئه‌م باسه كه‌بۆ یه‌كمجاره له‌هه‌ناوی ئه‌قڵی سیاسی كوردیدا، گروپه‌كان دروستده‌بن، كه‌نایه‌نه‌وێت سه‌ر به‌یه‌ك (دوكانی كۆپی سه‌ركرده‌یه‌ك) بن و خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی (باستاردی تاك و ته‌نها) بن ، له‌وه‌دا ئێمه نموزه‌جی چه‌نده‌ها باستاردمان هه‌یه كه‌ژنن وه‌ك (سه‌باح تونجه‌ل ) (گوڵتان كه‌شه‌ناك) و (ساڵح موسلیم) و ئه‌ویتر ( سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش) و چه‌ندانی تر وه‌ك باستارد، لێره‌و له‌وێ له‌دایكبوون و ناهێڵن ته‌نها وێنه‌یه‌ك، وێنه‌ی پیاوانه و ماسكولینزمی زاڵ بێت. هه‌موویان ده‌یانه‌وێت له چوغزی ئاپۆچیه‌تی ده‌ربچن و سه‌ربه‌خۆ وه‌ك باستاردێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م فۆتۆكۆپیه كاری خۆیان بكه‌ن. به‌گشتی ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م باسه گرنگه ئه‌و مۆتیڤ و پاڵپێوه‌نه‌ره گه‌ورانه‌ن له باكووردا له‌دژی بوونی (ئۆجه‌لان) به پاتریارك و له‌هه‌مانكاتیشدا بوونی ئه‌و مۆتیڤ و پاڵپێوه‌نه‌ره گه‌ورانه‌ی كه دژی بوونی (ئۆجه‌لانی بیرمه‌ندی سیاسیه) به (ئاپۆچیه‌ت) …ئا لێره‌دا له‌هه‌ناوی هۆشمه‌ندی كۆمه‌كی و جه‌ماوه‌ریدا ئه‌م زۆرانبازییه به‌رده‌وامه.
ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئه‌مڕۆ چاودێری ده‌كه‌ین، له‌چاوپێكه‌وتن و جوڵه‌ی ئاپۆ و بانگه‌شه‌كانیدا ئه‌وه‌یه، ئاپۆ هه‌وڵده‌دات ببێته‌و‌ە به‌ئوجه‌لانی نوسه‌ری سیاسی و به‌كۆی بیروڕاكانیدا ده‌چێته‌وه و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی تێزه‌وه قسه‌بكات، نه‌ك له‌ڕێگه‌ی هیرۆزمی سیاسیه‌وه. بێگومان ئۆجه‌لانی پیر فیگوری حه‌كیمێكه كه چیتر ئاوڕ له‌ئاپۆچیه‌تی ڕابوردووی ناداته‌وه، به‌ڵكو به قۆناغێكی تێپه‌ڕبووی تێده‌گات له‌ژیانی خۆیدا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه له‌به‌رده‌م ئه‌م (سوبێكته بیركه‌ره‌وه‌یه) مێگه‌له جه‌ما‌وه‌رییه‌كه‌ی خۆیه‌تی، چونكه (ئه‌قڵیه‌تی كۆپیكردنه‌وه) به‌بێ (ئۆرگینال) ناژی كه خۆی له‌سه‌ر كۆپیبكاته‌وه، ئه‌مجاره‌ده‌یه‌وێت (مۆدێلی سه‌رۆك) بكات به‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كه‌ده‌یه‌وێت. به‌مانای فشارێكی ناوه‌كی هه‌یه له‌ناو هه‌ناوی كولتوری جه‌ماوه‌ری په‌كه‌كه و په‌یه‌ده، به‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان ده‌خه‌نه به‌رده‌م فشاری خۆیان ، لێره‌وه ئه‌گه‌ری فشار له‌به‌رده‌م له‌دایكبوونی باستاردی كوردی دوولایه‌نه‌یه؛ له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ خودی خۆتدا وه‌ك مۆدێل و دووهه‌میان له‌گه‌ڵ نه‌ستی كۆمه‌كه‌ی و فشاری كولتوری هه‌بوودا.
ئێستاش له‌میدیای په‌كه‌كه و تیڤی و گۆڤاره ئه‌لكترۆنی و گوتاریاندا، مێگه‌لێكی ئاپۆچی دۆگما بوونی هه‌یه و به‌رده‌وام قسه‌ده‌كات و دروشم ده‌ڵێته‌وه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵكو كه‌وتوونه‌ته قسه‌كردن له‌سه‌ر (پۆزه‌تیڤیزم) و (فێمنیزم) و چه‌مكی ( شارستانیه‌كانی میزۆپۆتامیا) به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده و ساكار. كوێرانه ئه‌وه‌ی ئۆجه‌لان ڕه‌خنه‌ی فیكری ده‌كات، ئه‌وانیش كوێرانه دژایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌بێئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌ن كه ئه‌م چه‌مكانه وه‌ك فێمێنزم یان پۆزه‌تیڤیزم …هتد نه‌ئه‌وه‌نده ساده‌ن و نه‌ئه‌وه‌نده‌ش ئاسانن مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ دونیای واقیعدا و نه ئۆجه‌لانیش ئه‌وه‌نده به‌ساده ڕه‌تیكردوونه‌ته‌وه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئۆجه‌لان ڕه‌خنه له (پۆزه‌تیڤیزم) ده‌گرێت . هه‌مووان ئه‌م ڕستانه وه‌ك تووتی دووباره‌ده‌كه‌نه‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی بزانن پۆزه‌تیڤیزم چییه؟! به‌ڵام ئه‌مه تووشی سه‌رسوڕمانمان ناكات، چونكه هه‌مان چیرۆكی ڕه‌خنه‌بوو له هه‌شتاكاندا كه له‌مه‌ڕ فه‌یله‌سوفێكی گرنگی وه‌ك (هێگڵ) له‌ناو كوردی باشووردا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرا، ئه‌ویش له‌شێوازی نامیله‌كه بچوكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌راندا بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد و دژایه‌تی هیگلیزم و برۆدۆنیزم و فێۆرباخ ساده كرابۆوه! به‌مه‌رجێك كه به‌سه‌ر كتێبه‌كانی هێگڵدا كه‌وتین و برۆدۆنمان ناسی، بۆمانده‌رده‌كه‌وێت كه ( كاڕڵ ماركس) خۆی به (هێگڵیه‌كی نوێ) وه‌سفده‌كرد! ئه‌و جورئه‌ته‌ی له‌و نامیلكانه‌دا هه‌بوو بۆ ناشرینیكردنی هێگڵ و فیۆرباخ و جۆزێف برۆدۆن، ماركس له‌سه‌رده‌می خۆیدا ئه‌و جورئه‌ته‌ی نه‌بوو!
گرفته‌كه له ئایدیاكاندا نییه، به‌ڵكو گرفته‌كه له حزبی سیاسی و مێگه‌له‌كه‌یه‌تی، كه له‌دوكانی كۆپیه‌كه‌یدا ڕسته سیاسیه‌كانی سه‌رۆكه‌كانیان ده‌كه‌نه قورئان و كتێبی پیرۆز و به‌ده‌سته‌واژه‌كانی ئه‌وان وه‌ڵامتده‌ده‌نه‌وه. له‌كوێدا قسه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی (په‌كه‌كه) بكه‌یت، كوێرانه به‌ڕسته‌كانی ئاپۆ وه‌ڵامتده‌داته‌وه، كه‌وه‌ك تووتی ده‌یڵێنه‌وه. لێره‌دا باس له‌ڕه‌وایه‌تی خه‌بات و ناڕه‌وایه‌تی ناكه‌ین، به‌ڵكو باس له‌و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی (پاتریارك په‌رستیه) ده‌كه‌ین كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر كولتوری ئازاد به‌گشتی.
ئاوه‌ها (ئاپۆی ئیمرالی – بیركه‌ره‌وه) له‌ژێر فشاری كولتوری پاتریاركیزمدایه، له‌به‌رده‌م مه‌ترسی میدیای مێگه‌له گوێڕایه‌ڵه‌كه‌یدایه، به‌وه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی (ئاپۆچیه‌ت) دا بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ (ئیگۆ كۆنه‌كه‌ی) بۆ (ئاپۆی سه‌هلی بیقاع)…به‌مه‌ش ئاپۆچیه‌ت ترسناكترین میتۆده، به‌وه‌ی جارێكی‌تر كۆی گوتاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی (ئاپۆی ئیمرالی) بباته‌وه نێو كۆپی شۆپه كۆنه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی كۆپی شۆپه‌كه‌ی باشوور. كۆپی شوپێك، كه ماسكولینزم و پاتریاركیزمێكی ناشرین، له فۆرمی سه‌رۆكی ئه‌به‌دیه مردووه‌كاندا خۆیان به‌رجه‌سته كردووه و له‌باشووردا ڕێگره له له‌دایكبوونی باستاردی سیاسی و مرۆڤی ئازاد….(ماویه‌تی)
بۆ دوابه‌ش – به‌شی هه‌شته‌م فه‌رموون
بۆ كۆی به‌شه‌كان