له‌سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا و به‌تایبه‌ت دوانزه‌دا بۆ یه‌كمجار ناوی (گه‌مژه) ده‌چێته فه‌رهه‌نگی فه‌رمانگه‌كانی شای ئینگلته‌را وه، به‌وه‌ی (گه‌مژه) به مینستریل (minstrel) ناو ده‌برا، كه ئه‌وه‌ش مانای (خزمه‌تكاری بچوك) ده‌گه‌یه‌نێت. به‌مشێوه‌یه له سه‌ده‌ی دوانزه‌وه ناوی گه‌مژه یان (قۆشمه – jesters ) كه هه‌ردوو ناوه‌كه له‌م كۆنتێكسته‌دا یه‌ك مانا ده‌گه‌یه‌نن، دێته ناو لیستی مووچه و وه‌زیفه‌كانی حكومه‌ته‌وه. بۆ نموونه؛ پادشا هێنری دووهه‌م سی دۆنمی باش ده‌به‌خشێت به گه‌مژه‌یه‌كی كه ناوی ڕۆلاند لی پیتۆر Roland le Pettour بووه. به‌ڵام مه‌رجێك؛ ده‌بێت ئه‌م دۆقه یان بڵێین ئه‌م ئاغا نوێیه، هه‌موو ساڵێك له‌كاتی جه‌ژنی له‌دایكبوونی مه‌سیحدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌وشه‌ی پادشاهانه و له‌وێ، وه‌ك له دۆكۆمۆمێنتهكهدا هاتووه؛ ههڵقوونه بكات و تڕ لێ بدات.[1]

Zamacois y Zabala, Edouardo (1841-1871) – 1867
The Favorite of the King
له‌سه‌ده‌ی پانزه‌دا و به‌تایبه‌ت له هه‌رێمی (نیده‌ر ساگسن) ی ئه‌ڵمانیا و له‌لایه‌ن میری ناوچه‌كه، ( فردریك) له ساڵی ١٤٠٠ دا ناوی (قۆشمه‌ی حه‌وشه Hoffnarr – ) ی له ناو دۆكۆمۆێنتهكاندا جێگیر كرد، هه‌روه‌ها له‌نێوان ١٤٨٥ – ١٦٧٩ زیاتر له په‌نجا كه‌س له‌ژێر تایتڵی گه‌مژه یان (قۆشمه‌ی حه‌وشه ) له‌و ناوچه‌یه‌دا دامه‌زرابوون. به‌شێكی زۆریان به‌نه‌خۆشی جگه‌ر و به‌هۆی كحولی زۆره‌وه، زیاتر به نه‌خۆشی وڕێنه‌ی له‌رزوتای مه‌شروبه‌وه مردوون. له دۆكۆمێنتێكی دیكه‌دا له شاری (درێسدن) ی ئه‌ڵمانی بڕیاڕی دامه‌زراندنی (فردریك ئۆلاف تاوبمان) ده‌ركراوه به (ڕاوێژكاری مێزی كۆشك )…تاوبمان ئێواران ههڵقوونهی ده‌كرد و تڕی بۆ میره‌كان لێده‌دا و به‌ڕۆژیش پرۆفیسۆر بوو له زانكۆی ڤیتین بورگ[2]
ئه‌م وه‌زیفانه له‌ئه‌ڵمانیای سه‌ده‌ی پانزه‌وه به ڕاوێژكاری سه‌ر مێز (تیش ڕات Tischrat ) ناسرابوون، یاخود به ڕاوێژكاری (سه‌رمێزی كورتخایه‌ن Kurzweiligen Tischrat ) له لیستی دامه‌زراندن و مووچه‌دا پێناسه‌كراون. به‌مانای له زمانی فه‌رمانگه‌ی كۆشكه‌كاندا له سه‌ده‌ی شانزه و حه‌ڤده‌دا له ئه‌ڵمانیادا وه‌زیفه‌یه‌ك به‌ناوی (قۆشمه) له‌جیاتی (ڕاوێژكار) له لیستی مووچه‌دا هاتووه. ئه‌م ڕاوێژكارانه هیچیتر نین جگه لهقۆشمه یان گه‌مژه‌ی كۆشك نه‌بێت، كه به قسهقۆڕهكانیان میرو دۆقه‌كان ده‌خسته پێكه‌نین و ده‌كه‌ونه تڕ لێدان و جیفڕك لێدان و سووكایه‌تی پێیان به‌شێكه له‌كاره‌كانیان.
ئه‌و پاره‌یه‌ی كه ده‌یانبه‌خشی ناوی (پاداشتی ڕاوێژكاری ) بوو و پاره‌یه‌ك بوو ده هێنده‌ی فه‌رمانبه‌رێكی لێهاتووی خوێنده‌وار بوو. له ئه‌ڵمانیای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌مدا زیاتر له حه‌وت سه‌د ڕاوێژكاری تڕلێدهر به ڕه‌سمی دامه‌زرابوون و ناویان لیستی مووچه هه‌بوو، كه دوایش به‌شێكیان نازناوی دۆق و بارۆنیان پێ ده‌به‌خشن و وه‌ك بارۆن و ئۆرستۆكراتی وه‌زیفی خانه‌نشین ده‌بن. ده‌ركه‌وتنی فیگوری قۆشمه‌كان له حه‌وشه‌ی پادشا و خانه‌دان و سوڵتانهكاندا چیرۆكێكه پابه‌نده به پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه، له‌كوێدا ده‌سه‌ڵات هه‌بێت قۆشمه و گه‌مژه و قۆڵبڕه‌كانی ئاماده‌ن.
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بچینه ئه‌م مێژووه ئاڵۆزه (كه ئه‌مه له به‌شێكی تردا به‌ووردی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین)، با سه‌ره‌تا ئاوڕ له ژینگه‌ی ده‌سه‌ڵات بده‌ینه‌وه كه كولتوره. كو‌لتور به‌خۆی و نۆرم و به‌ها و نه‌ریت و ڕیتواڵ و كهشیگهری و پاكێجی ئه‌خلاقی و ئیستاتیكی و دابه‌شبوونی هێزه‌وه. كو‌لتور وه‌ك هه‌ڵگری چه‌نده‌ها دیسكۆرسی جیاواز كه كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان له‌ژێر چه‌تری شوناسێكی یه‌كگرتوودا ده‌پارێزێت. لێره‌وه كولتوره‌كان به‌ناو زه‌مه‌ندا تێده‌په‌ڕن و پارێزگاری له نه‌ریت و به‌ها و ده‌موچاوی خۆیان ده‌كه‌ن. هه‌موو ئه‌و كولتورانهی كه به‌درێژایی سه‌ده‌كان له‌گه‌ڵ شۆڕش و جه‌نگ و داگیركردن و هاتنی به‌های تازه‌دا توانیویانه پارێزگاری له ڕه‌گه‌كانی خۆیان بكه‌ن، خاوه‌نی چه‌نده‌ها ئه‌كته‌ری سه‌یر و فیگوری كولتورین كه خۆیان له قۆشمه و قۆڵبڕ و چاكه‌كار و پاڵه‌واندا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لێكتۆرێكی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (پیته‌ر سلۆته‌ردایك) به‌ناوی (قۆڵبڕ و چاكه‌كار، ده‌رباره‌ی قه‌یرانی دووباره‌بوونه‌وه له مۆدێرنه‌دا)[3] له‌م موحازه‌ره‌یه‌دا كه دوایی كردییه نامیلكه‌یه‌ك، سلۆته‌ردایك نه‌خشه‌یه‌كی نوێ سكێچكێشدهكات كه به‌ڕای من سه‌ره‌قه‌ڵه‌مانه و نه‌خشه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌تی بۆ كتێبی (منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات) كه له‌ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبۆوه.
وه‌ك ئاماژه‌م پێدا له كاتێكی تردا به درێژی دێمه سه‌ر قسه‌كردن له‌مه‌ڕ فیگوری قۆشمه و گه‌مژه له گوتاری ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئێستا ئاوڕی لێبده‌ینه‌وه ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیه گرنگه‌یه كه فیگوری قۆشمه گه‌مه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات و خۆیده‌كات به گه‌مژه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی ده‌یكات و ئه‌و نمایشه‌ی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بخاته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی؛ كه گه‌مژه و قۆشمه به‌شێكه له (ڕاگره‌كانی كو‌لتور) و ژیانێكی خانه‌دانی بۆ خۆی فه‌راهه‌مبكات. هه‌روه‌ها به‌شێكه له‌نه‌ریتی ده‌سه‌ڵاتێك كه نوێنه‌ر و پارێزه‌ره‌كه‌ی پاشا و هێزه (power) له كۆنتێكسته سیاسیه‌كه‌یدا، به‌و سیفه‌ته‌ی، گوتاری ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی پارێزگاریكاریكردنی كولتوری كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه ده‌توانێت قاچه‌كانی خۆی به‌هێز بكات.
به‌دیوێكی تردا؛ بێگانه‌كان، ساختهچیهكان و قۆڵبڕه‌كان و دژه‌باوه‌كان و گه‌مژه‌كان په‌یداده‌بن و ده‌یانه‌وێت بێنه ناو زه‌وی كولتورهوه. له‌م چركه‌ساته‌دا پارێزه‌رانی كو‌لتور؛ سیاسیه‌كان، مه‌لا و قه‌شه و حاخام و مونخهكان…هتد وله مزگه‌وت و كڵێسا و كه‌نیشته و پهرستگاكانیانهوه دێنه ده‌رێ و زۆرانبازییه‌كه ده‌ستپێده‌كات. له (ئهنتیكا) یان باڵێین یۆنانی دێریندا، سوكرات ژه‌هر خواردوو ده‌كرێت، ئه‌فلاتون له دوای مردنی سوكرات ئه‌سینا به‌جێدێلێت، دیۆگینی سنۆپی هه‌میشه وه‌ك شێت و جادوگه‌ر له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت. له سه‌ده تاریكهكهكانی ناوه‌ڕستدا دادگای پشكنینی كریستومی – دیانی (مه‌سیحی) چه‌نده‌ها ژنی سه‌ركێش به‌تۆمه‌تی جادووگه‌ری ده‌سوتێنێت…ئاوه‌ها سووتاندن و پارچه پارچه‌كردنی فه‌یله‌سوفه‌كان و جادووگه‌ره‌كان له‌ناو كولتورهكانهوه درێژده‌بنه‌وه تاوه‌كو ده‌گاته شه‌ڕی نێوان مه‌زهه‌به نوێی و ڕێڕه‌وه نوێیه‌كانی ناو كایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی. ئێڤنگالیزم له سه‌ده‌ی شانزه‌دا له‌دژی كاسیولیزم و حوكمی پاپای ڕۆم دێته ناوه‌وه و چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك میر و پاشا‌كان به‌سه‌ر ئه‌م دووبه‌ره‌یه‌دا دابه‌شده‌بن.

Die vier Hexen oder Die vier nackten Frauen sind der erste datierte Kupferstich Dürers.
1497 (nicht 1491 – dass die hintere 1 eine 7 ist, ergibt der Vergleich mit anderen Ziffern Dürers)
sticht er mit 26 Jahren das Blatt
له ئیسلامدا شه‌ڕی موعته‌زیله و حه‌نابله و شه‌ڕی فه‌قیهه‌كان، به‌هه‌زاران سه‌ری تێدا په‌ڕێندراوه و لاشه‌ی سووتاوی لێ كه‌وتۆته‌وه…ئاوه‌ها ساخته‌چی و قۆڵبڕ و جادوگه‌ر و فه‌یله‌سوفه‌كان دێنه ناو كولتورهكانهوه و كولتوره‌كان بۆ به‌رگری له‌خۆیان تووشی نوێفۆبیا (نیوفۆبیا neophobia ) ده‌بنه‌وه كه ترس و گومانه له‌هه‌موو شتێكی نوێ. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م (نوێفۆبیا) دا فیگورێكی تر دروستده‌بێت كه به (نۆیفیلیا) Neophilia ده‌ناسرێت، ئه‌ویش ئه‌و فیگور و كه‌س و بیركردنهوانهن كه توانای له‌خۆگرتن و لهئامێزنانی نوێیان هه‌یه و باڵێین؛ نوێوهرگرهكانن.
لێره‌وه تێزه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات؛ گه‌ر هاتنی فیگوره نوێیه‌كان (قۆڵبڕه‌كان، جادووگه‌ره‌كان، قۆشمه و گه‌مژه‌كان و فه‌یله‌سوف و ئاڤانگاردهكان) وه‌ك (باستاردی كولتوری – زۆڵی كولتوری) سیفه‌تی (بێگانه نوێیه‌كه) وه‌ربگرن، ئه‌وا نوێفۆبیا ده‌بێته كاردانه‌وه‌ی پارێزه‌رانی كو‌لتور و قۆشمهكانی. هه‌ر له‌ناو جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاته ئاینی و كولتوریهكاندا فیگورێكی دیكه په‌یدا ده‌بێت كه (نیوفیلین) ئه‌مانه‌ش پابه‌ندن به‌و ژینگه نوێیه‌ی كه قۆشمه‌یه‌كی دیكه له‌ته‌نیشت (گه‌مژه‌ی یه‌كه‌م ) و قۆشمه‌ی یه‌كه‌می كولتوری له‌دایكده‌بێت. ئه‌م گه‌مژه‌ی دووهه‌مه له‌سه‌رخۆ خۆی په‌روه‌رده ده‌كات و ئه‌م فیگوره نۆیفیلییه هۆكاره بۆ موتوربه‌كردنی كولتوری (بێگانه نوێیه‌كه) بۆ ناو كولتورت هه‌بووی دێرین. به‌مجۆره له‌دیمه‌نی كولتوریدا (گه‌مژه‌ی دووهه‌م) له‌سه‌رخۆ به‌ها تازه‌كان له‌خۆده‌گرێت و كو‌لتور نوێده‌كاته‌وه. له‌م وهرهقهیهمدا گریمانه‌ی (قۆشمه كولتوری) ده‌كه‌م كه له‌نێوان نۆیفۆبیا و نیوفیلی دا گه‌مه‌ده‌كات، تاوێك پارێزه‌ری كولتوره وه‌ك قۆشمه‌ی یه‌كه‌م له ئاستێكی دیكه‌شدا نۆیفیلیه یان بابڵێن؛ نوێوهرگر(نوێ – وه‌رگر)ه، لێره‌وه ئێمه گریمانه‌كه‌ی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌م دووجۆره لهقۆشمه تێزبهندی ده‌كه‌ین.
له‌دایكبوونی قۆشمه له‌ناو كو‌لتوردا
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر دابه‌شبوونی كولتوره‌كان به‌سه‌ر فیگوری نۆیفۆبیا و نۆیفلی، ده‌بێت به په‌یوه‌ست به‌ئه‌م دوو فیگورهوه، فۆرمێكی دیكه له دایكده‌بێت و فیگورهكانی وه‌ك ئه‌كته‌ر گه‌مه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن كه من له‌م نوسینه‌دا به (قۆشمهكانی كو‌لتور) ناویاندهبهم. قۆشمهكانی كو‌لتور فیگورێكی دیكه‌ن و خۆیان وه‌ك گه‌مژه له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا پێناسه‌ده‌كه‌ن. به‌مانای به ته‌نیشت فیگوری قۆشمهكانهوهن، له‌ته‌نیشت ئه‌و قۆشمانهوهن كه وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك كه ده‌سه‌ڵات وه‌ك (ڕاگری كو‌لتور) پێویستێتی، به‌ڵام له‌ته‌نیشت فیگوری یه‌كه‌می قۆشمه‌وه كاری خۆیان ده‌كه‌ن.
له داهاتوودا ده‌كرێت بێینه سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه بۆته هۆی كوشتنی زۆرێك له قۆشمه‌كان كه لهقۆشمهی كۆشكی گه‌مژه‌وه بازیانههڵداوهته سه‌ر پرسه‌كانی ڕه‌خنه‌گرتن له پاشا، كه بێگومان ته‌نها قۆشمه‌كان بۆیان هه‌بوو له‌پێناو خستنه پێكه‌نینی پاشادا ڕه‌خنه و سوعبه‌ت بكه‌ن له‌گه‌ڵ پاشا و دۆقی ناوچه و پاپاكاندا. به‌ڵام زۆریان ده‌رئه‌نجامی سه‌ركێشیان و تێپه‌ڕاندنی هێڵی سووری ڕه‌خنه و سوعبه‌تیان سه‌ری خۆیان خستۆته به‌ر ته‌وری جه‌لاد. هه‌ندێكیان سیخوڕ و زمانلێدهر بوون و هه‌ندێكیشیان خۆیان خواردۆته‌وه و ههڵقونه و جڕت و به‌زم و ڕهزمیان بۆ حه‌وشه و قهیتولهكانی پاشا‌كان و بارۆنه‌كان سازكردووه، به‌ڵام له‌ناخیاندا غه‌مبار بوون. هه‌ربۆیه به‌شێكی زۆریان په‌نایان بردۆته خواردنه‌وه‌ی كحول، به‌جۆرێك وه‌ك له‌و دۆكۆمێنتانهی ناوچه‌ی (نیده‌ر زاگسنی) ئه‌ڵمانیا هاتووه له نێوان ١٤٨٥ – ١٦٧٩ زیاتر له په‌نجا قۆشمه له‌ژێر تایتڵی (قۆشمه‌ی حه‌وشه) به‌نه‌خۆشی جگه‌ر و به‌هۆی كحولی زۆره‌وه به (وڕێنه‌ی له‌رزوتا) ی مه‌شروبه‌وه مردوون.
كه‌واته (فۆبیای ژیان له‌ناو ده‌سه‌ڵات) و فۆبیای به‌رده‌وام له پاشا و هه‌وڵدان بۆ ڕازیكردن و به‌رده‌وام ههزهلیبوون وه‌هایكردووه كه خۆی وه‌ك مرۆڤ و وه‌ك ناو بوونی نه‌مێێت. بۆ نمونه؛ تابلۆی قۆشمه‌ی به‌ناوبانگ (گۆنێلا) Gonella [4] مان هه‌یه، كه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌م خۆشه‌ویستی دۆقی گه‌وره‌و (نیكۆلایی سێهه‌م)ی دۆقی ناوچه‌ی فێڕێڕا Ferrara ئیتاڵیا بووه، به‌ڵام زۆرێك لهمێژوونوسانی هونه‌ر مێژووی ژیانی ئه‌م دۆقه و نیگاركێشی قۆشمهكهی (گۆنێلا) به‌ته‌واوه‌تی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌م. لێره‌وه كێشه‌كه ده‌سپێده‌كات كه قۆشمه‌كان بۆیان نه‌بوو ناوی خۆیان هه‌ڵگرن، به‌ڵكو وه‌ك (مرۆڤێكی بێ‌ناو) له ژێر ناوێكی تردا ژیاون و ناوی خۆیان له كۆشك و لیستی مووچه و وه‌زیفه‌ی گه‌مژه‌یدا ناوێكی تربووه.

Posted 16th July 2014 by Gandalf
Labels: Jean Fouquet
لێره‌دا ده‌بێت هه‌ڵوێسته بكه‌ین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پۆرترێته، ده‌نا پاره‌به‌خشین بهنیگاركێشێكی فه‌ڕه‌نسی به‌ناوبانگی وه‌ك ( ژان فۆوكی) پۆرترێتی قۆشمهكهی بكات، گاڵته نه‌بووه. تاكه هۆكار كه مێژوو نوسانی هونه‌ر ده‌توانن مێژووی ئه‌م قۆشمه‌یه تا ڕاده‌یه‌ك دیاریبكه‌ن، ئه‌و ماوه‌یه‌یه كه (ژان فۆوكێ) تێدا ژیاوه و له‌و ناوچه‌ی فێڕێڕه بووه. لێره‌دا. ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ین؛ بۆچی گرانه ناسینه‌وه‌ی (گۆنێلا) ؟! به‌ساده‌یی چونكه ئێمه له به‌رامبه‌ر (گۆنێلا) ی قۆشمه ده‌بینه‌وه كه له كۆشكی دۆقی ناوچه‌ی (فێڕێڕه Ferrara) ئیتاڵیادا ژیاوه و له ساڵی ١٣٤٤ وه درێژ ده‌بێته‌وه تاوه‌كو ١٤٧١ كه سه‌د و بیست حه‌وت ساڵ ده‌خایه‌نێت! به‌ڵام له‌ڕاستیدا دوای گه‌ڕان له ئه‌رشیفه‌كاندا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه (سێ قۆشمه) به‌ناوی گۆنێلا یه‌ك له‌دوای یه‌ك دامه‌زراون و له‌یه‌ك كۆشكدا یه‌ك به‌دووی یه‌كدا هاتوون و هه‌مووشیان نازناوی (گۆنێلا) یان هه‌ڵگرتووه. لێره‌وه خانه‌دانه گه‌وره‌كان گهمژهكانیان وه‌ك مرۆڤی ته‌واو سه‌یر نه‌كردووه، كه یه‌كێكیان مردووه یان كوشتوویانه، ئه‌ویتر هه‌مان ناوی ئه‌ویتری هه‌ڵگرتووه. ئه‌و ناوه‌ی ئه‌وان حه‌زیان پێكردووه و خۆی ناوی چییه و سه‌ر به چ خانه‌واده‌یه‌كه ئه‌وه گرنگ نه‌بووه(٢)
ته‌نانه‌ت لهبریتانیادا هه‌ردوو پاشا هێنری دووهه‌م و پاشان هێنری سێهه‌م كه به‌دووی یه‌كتردا دێن، قۆشمه‌ی هه‌ردوو هێنریهكه له هێنری دووهه‌مه‌وه تاوه‌كو سێهه‌م به ڕۆبه‌ڕت Robert بانگیانكردووه. به‌مانای له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵ زیاتر هه‌ر دوو نه‌وه‌كه ویستوویانه یه‌ك قۆشمه‌یان هه‌بێت كه‌ناوی ڕۆبهرته١…لێره‌وه كه قۆشمهیهك مردووه ئه‌ویتر به‌هه‌مان ناوی جڕتلێدهر و ههڵقوونهكهری خۆشه‌ویستی پاشاوه ناونراوه.
ئێمه له‌م چركه‌ساته‌دا (میشێل فوكۆ) مان بیرده‌كه‌وێته‌وه كه باس له (بێ ده‌موچاوی) مرۆڤ ده‌كات له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات و هێز، به‌وه‌ی دم‌وچاوی مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر دیسكۆرسی ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه وه‌هایه له‌سه‌ر لم ده‌ینه‌خشێنین له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م شه‌پۆلدا ونده‌بێت.
به‌دیوێكی تردا فیگوری گه‌مژه و ته‌نانه‌ت (قۆشمه‌ی كولتوری) دابه‌شده‌بن به‌دوو به‌شه‌وه؛ گه‌مژه‌ی فۆبیك و ترسا‌و، یان بڵێین قۆشمه‌ی ساده و تۆقیوو له ده‌سه‌ڵات و له داواكاری نوێی پاشاكه‌ی. قۆشمه‌ی كولتوریمان هه‌یه دیكه كه خۆی پارێزه‌ری كو‌لتور تێده‌گات وه‌ك دوایی له‌نمونه‌ی (دۆن كیخۆته) دا به‌رجه‌سته‌مان كردووه.
قۆشمه‌یه‌كی دیكه‌مان هه‌یه كه وه‌ك ده‌ركه‌وتن (Schein) وه‌ك گه‌مژه‌ی حه‌وشه‌ی دیوه‌خانه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵام وه‌ك بوون (Sein) خۆی له ته‌نیشت قۆشمه‌ییه‌وه هه‌م خۆی پێده‌گه‌یه‌نێت و هه‌م به‌ها نوێیه‌كانیش ده‌خاته نێو كولتورهو و سروستی ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێت.
ئه‌م قۆشمه له‌سه‌رخۆ و نیوفیلیانه خۆیان فێری زمانی بێگانه و هونه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات كردووه و وورده وورده له‌جیاتی ترسی به‌رده‌وام له هێز و ده‌سه‌ڵات، وه‌ك نویفیلیایهك، وه‌ك نوێخواز و نوێوهرگرێك، نۆرمه‌كانی خۆیان و سه‌رده‌می نوێ به سوودی خۆیان له‌گه‌ڵ نۆرم و به‌هاكانی ده‌سه‌ڵاتدا ڕێكخستووه و توانیوویانه ڕۆڵی خۆیان له قۆشمه‌وه بكه‌نه ڕاوێژكار. به‌مه‌رجێك زۆریش له ڕاوێژكاران هه‌بوون كه ته‌نها له قۆشمه‌ی سه‌ر مێز نه‌بێت هیچیتریان بۆ نه‌مابۆوه، به‌ڵام ئێمه لێره‌دا له‌به‌رده‌م (قۆشمه‌ی كولتوریی) داین كه گه‌مژه و بێگانه و فه‌یله‌سوفه، به‌ڵام فۆبیا و ترسی ده‌سه‌ڵات ناهاروژێنێت، به‌ڵكو خۆی فیگورێكه له‌نێوان بیروڕاكانی خۆی و ژیانی و خۆی و ژیانی قۆشمه‌یی نێو ده‌سه‌ڵاتدا خۆی فێری هونه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌كات و سیاسه‌ت دهجوڵێنت. لێره‌وه ئێمه له‌به‌رده‌م ئه‌و قۆشمانهین كه له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕستدا وه‌زیر و ته‌نانه‌ت شاژنهكانیش لێیان ترساون، چونكه كاریگه‌ری قووڵیان هه‌بووه له‌سه‌ر پاشا و بڕیاڕه‌كانی و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان جوڵاندووه. له ده‌رفه‌تێكی تردا بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه چه‌نده‌ها نمونه‌ی نێو ئه‌رشیفی ڕێنیسانس باسدهكهین.
دۆنكیخۆته قۆشمه‌ی كولتوری و نیوفۆبی
له‌م تێزهمانهوه (قۆشمه‌ی كولتوریی) دابه‌شده‌بێت به‌دوو به‌شه‌وه؛ قۆشمه‌ی نیوفۆبیك و نۆیفیلیك، یان بڵێین دژه نوێ و نوێخواز. قۆشمه‌ی سه‌ره‌كیان هه‌یه و ئه‌ویتر لاوه‌كی، قۆشمه‌ی به‌هات و هاوار و قۆشمه‌ی له‌سه‌رخۆ. قۆشمه لهسهرخۆكه وه‌ك فیگور له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدایه و لهتهنیشتیهوهیهتی و له‌هه‌مانكاتیشدا نوێبوونهوهكان و كه‌لێنه‌كانی كو‌لتور و ده‌سه‌ڵات نمایشده‌كه‌ن به‌بێئه‌وه‌ی ئازاریان پێبگات. به‌ڵام قۆشمه‌ی كولتوری له نمونه‌ی دۆنكیخۆتهدا به‌رجه‌سته‌مان كردووه، له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدایه و خهوبنیهره و له كتێبه‌وه دێته ناو ڕیاڵه‌وه و ئه‌م فیگوره به‌گشتی له‌ناو كولتوره‌كاندا گۆڕانكاری گه‌وره دروستده‌كه‌ن و زۆر جاریش سه‌ری خۆیان له‌سه‌ری داده‌نێن. ده‌توانین ئاڤانگارد و دادائیهكان و سوریالیه‌كان و ڕۆشنبیره چالاكه‌كان له‌ناو كولتوره‌كاندا و زۆرانبازییهكان به‌درێژایی مێژوو له‌م چواچێوه‌یه‌دا بخوێنینه‌وه، من ئه‌مه بۆ خوێنه‌ر بهجێدڵێم.
لێره‌وه گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ فیگوری قۆشمهكانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست، ئه‌وا ده‌بینین تاوه‌كو سه‌ده‌ی هه‌ژده نمونه‌یه‌كی ئه‌و قۆشمانهن كه ده‌یانتوانی ڕه‌خنه له پاشا بگرن و باسی دژه كولتوری باو و دژه كه‌نیسه بكه‌ن، به‌ڵام نه‌ده‌بوایه هێڵی سوور ببه‌زێنن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بوایه به ئه‌ركه‌كانی خۆیان هه‌ڵبسن وه‌ك دۆكۆمێنتهكهی دامه‌زراندن و به‌خشینه گه‌وره‌كه‌ی هێنری دووهه‌مدا له سه‌ده‌ی دوانزه‌دا هاتووه؛ به‌و مه‌رجه‌ی ههڵقوونه بكات و تڕ لێبدات… له‌ته‌نیشت ئه‌مانه‌وه هه‌ندێكیشیان سه‌ری خۆیان له‌سه‌ر قۆشمهبوونی كولتوری داناوه و سه‌ریان چۆته ناو سهبهتهكانهوه و لاشه‌یان ده‌رخواردی به‌راز دراوه، یاخود خراونه‌ته قه‌فه‌زی كورتهبنهكانهوه و لهتهویلهكاندا به‌ستوویانه‌ته‌وه.
له‌م نوسینه‌دا ناچمه سه‌ر درێژبوونه‌وه مێژوویهكهیی و ئه‌مه بۆ دهرفهتهكی دیكه هه‌ڵده‌گرم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی ئه‌م وه‌ره‌قه‌یه، ئه‌وه‌یه، كه له‌گه‌ڵ دوالیزمی (ده‌سه‌ڵات – گه‌مژه) یاخود بابڵێین (ده‌سه‌ڵات و قۆشمه) به‌رامبه‌ر ئه‌و سوبێكته، ئه‌و سوژه‌یه، با بڵێین؛ ئه‌و خوده ده‌بینینه‌وه كه نمایشكاره و له‌ڕێگه‌ی نمایشه‌وه له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا گه‌مه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌و گه‌مه‌یه گه‌مه‌ی قۆڵبڕهكانه له‌ناو كو‌لتوردا.
لێره‌وه قۆشمه‌یه‌كی تر دێته به‌رده‌مان كه (قۆشمه‌ی كولتوره) و له‌وانه‌یه جوانترین نمونه‌ش كه بتوانم ئه‌م فیگوره كولتورییه، ئه‌م قۆشمه و گه‌مژه‌یه له‌ناو كو‌لتوردا له خوێنه‌ر نێزیكی بخه‌مه‌وه فیگوری ( سانچۆ پانزا)ی كهرسوار و خزمه‌تكار و گه‌مژه‌ی (دۆن كیخۆته دالا مانجا) یه له ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (سێرڤانتس) كه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده نوسراوه. به‌مانای له سه‌ده‌ی ڕێنیسانسدا نوسراوه كه سه‌ده‌ی هاتنه ناوه‌وه‌ی كولتورێكی دیكه‌یه وه‌ك (بێگانه‌یه‌كی نوێ)…ڕێنیسانس وه‌ك دووباره له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی كولتوره له‌ناو كولتوری سه‌ده‌ی ناواڕستدا، سه‌ده‌یه‌كه كولتوری بێگانه و كولتوری ئه‌ویتر له‌ناو ئه‌وروپادا موتوربه ده‌كرێت و ژینگه‌ی ڕۆشنگه‌ری له‌ناو ئه‌م شه‌پۆله نوێیه‌ی ڕێنیساندا دێته‌ده‌ره‌وه.

Jules David, ‘Don Quixote and Sancho Panza’, 1887
خۆ ئه‌گەر هەڵوێستیەکی بچوک بکەین لەبەردەم ئەم پاڵەوانەمان، دۆنكیخۆته، ئەوا دەبینین دۆنکیخۆتە لەسەفەریدا دەیەوێت سێ شتی هەبێت؛ یەکەمیان سوارچاکی و جوامێری و دووهەمیان ئەشقی خانمێکی خانەدان و سێهەمیان خزمەتکارێکی دڵسۆز بڕوای بەسوارچاکی و جوامێری ئەو هەبێت…ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه، هیچیتر نین كه ڕه‌گه‌ز و وێنه‌ی سه‌ده‌كانی ڕابوردووه و نۆستالژیایه بۆ سه‌ده‌یه‌ك كه به‌سه‌رچووه، سه‌ده‌یه‌ك ته‌نها به‌سه‌ده‌ی سوارچاكی خاچپه‌رستان و خانه‌دان و ئۆرستۆكراته‌كان پێناسهدهكرێت، كهسهدهی ناوه‌ڕاسته. به‌ڵام نابێت خزمەتکارێکی دڵسۆزی وەک ( سانچۆ پانزا) لەبیربکەین کە هاوه‌ڵی گه‌شتی (دۆنكیخۆتهیه) و تاسەر ئێسقان قاچەکانی لەنێو دونیای ڕاستەقینەدایە و ڕیالستیە، بەڵام وەک خزمەتکاریکی دڵسۆز بەسواری گوێدرێژێکەوە دوای پیاوە باشە ڕۆشنبیرە شۆڕشگێڕەکە، قۆشمه كولتورییهكه، دەکەوێت. لێره‌وه فیگوری (نیوفیلی) وه‌بیر خوێنه‌ر دههێنهمهوه و كه فیگورێكی له‌سه‌رخۆیه و به‌هێمنی به‌ته‌نیشت قۆشمه كولتوریی و ده‌سه‌ڵاته‌وه ڕێده‌كات. بێگومان (سانچۆ) دەزانێت کە (دۆنکیخۆتە دالامانشا) کە خانەدانێکی نیمچە دەوڵەمەندی پیری ناوچەی (دالامانشا) یە، لەڕاستیدا ناوی دۆنکیخۆتە نییە، ته‌نانه‌ت (دۆن) نییە و به‌گ نییه و هەرگیز ناتوانێت ببێت بەسوارچاک، چونکە زەمەنی سوارچاکان گوزەشت بووە. ئەم پیاوە لەڕاستیدا ناوی (ئالۆنسۆ خوانیتۆ کیخادا ) یە و تەمەنی پەنجا ساڵ زیاترە، شەو و ڕۆژ لەکتێبخانەکەیدا چیرۆکی سوارچاکی و جوامێری سەدەکانی پێشوو و سەدەی دوانزە وسیانزە دەخوێنێتەوە. لە خەونی جوامێریدا دەژی لەدونیایەکدا جوامێری ونکردووە، ئەشقی ونکردووە، بەڵام ناوی دۆنکیخۆتەی له‌خۆی ناوه و لەکتێبەکاندابەدوویدا دەگەڕێت.
دۆنكیخۆته لەکتێیبەکاندا دەبینیت چۆن سوارچاکەکان بەرەنگاری مەترسیەکان بوونەتەوە بۆ ئەشقەکانیان، چۆن سوارچاك له‌پێناو خەڵکی بێ دەسەڵات و هه‌ژاردا جه‌نگاون، چۆن شمشێر و ڕمەکانیان بەهاكانی نۆبلیەت و خانەدانی پاراستووە، بۆ خوا و عەدالەت و ئەشقی پاک بە گژ هەژدیهای حەوت سەر و دڕندەکاندا چوون و شارەکانیان لەمەترسی دوژمن و پیاوخراپان پاراستووە. هەر لەبەرئەوە، بڕیاردەدا خەونی کتێبەکان بکاتە ڕاستەقینە. لەبەرئەوە ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ( دۆنکیخۆتە دالامانشا\ دالامانجا ) و ئەسپه له‌ڕو بۆزهكهشی به(ڕۆسینانتا) ناوده‌بات. هەرچەندە ئەم ناوە لەماناکانیدا لەزمانی ئیسپانیدا ئاڵۆزە، بەڵام وه‌ك ناو بە(ئەسپی ئیشکەر) دەگووترێت، ئەسپێک کە (دۆنکیخۆتە) چوار ڕۆژی دەوێت بیری لێبکاتەوە بۆئەوەی ناوەکەی شایەنی خاوەنە نوێیەکەی بێت، ئیدی ناوی دەنێت (ڕۆسیناتا).
دۆنکیخۆتە دەگەڕێت بەدووی سەرکێشی و جەنگی تازەدا، لەجیهانێکدا کە چیتر جەنگی ئاوەهای تێدا نەماوە، بەڵام لای ئەم ئەفسانەکانی نێو مێشکی لەسەر زەوی بوونیان هەیە، سوارچاکە خراپەکان هەن بەخۆیان و ئەسپە ڕەشەکانیانەوە، ئەژدیها باڵدارەکان بوونیان ماوە، هەموو شتێک لەدونیای ئەفسانەدا ئامادەیە. ئیدی شەڕ لەگەڵ ئاشەکانی با دا دەکات و وەها دەزانێت ئەژدیها و دێ‌و ودرنجن. پەلاماری کۆمەڵێک کەس دەدات لەخانێکی سەر ڕێگە وەها دەزانێت ئەمە شەڕی سوارچاکەکانە! تەنانەت دەکەوێتە سەرئەژنۆ بۆ خاوەنی خانەکە، بۆئەوەی وەک پادشایەک سوارچاکێتی پیرۆز بکات. ئەمە جگەلەوەی خەون بەدەستڕە سپیەکەی ئەشقەکەیەوە دەبیننێت کە ناوی (لێدی دۆلسێنیا دۆل دۆبۆزۆ) کە لەڕاستیدا هیچیتر نییە جگە لەکارەکەرێک ناوی (ئالدۆنسایە) و لەسەرە ڕێگای نێزیک ماڵەوەیان ئەو ناوەی پێدەبەخشێت، پەیمانی ئەوەی پێدەدات وەک سوارچاکێکی جوامێر کاری وەها بکات کەجێگەی شانازی ئەشقی ئەو بێت. بەڵام دەبێت (لێدی دۆلسێنیا دۆل دۆبۆزۆ) لانیکەم چوار ساڵ چاوەڕێی بکات، لەبەرئەوەی دێ‌و ودرنجەکان و پیاوخراپان و ئەژدیهاکان لەدونیادا تەراتێنیانە و ئەم دەبێت بچێت خەڵکی لەدەست ئەوانە ڕزگار بکات. ئاوەها دەبێتە دۆنكیخۆته ده‌بێته جێگه‌ی گاڵتە و قه‌شمه‌ریاتی ناوچەکە و وه‌ك گه‌مژه و قه‌شمه‌ر ناوبانگ ده‌رده‌كات و لەدواجاردا کە وەئاگا دێتەوە لەژێر شۆکی ئەوەدا نەخۆش دەکەوێت کە چیتر دونیای سوار چاکی و جوامێری و ئەشق بوونیان نەماوە و ده‌مرێت.
(میشێل فوکۆ) سەرسامە بەم پاڵەوانەی شاکارەکەی (سێرڤانتس) لەچەندەها گۆشەوە ڕاڤەی دەکات و لێرەدا چەند پەرەگرافیکی کەم دەخەینە ڕوو؛
* ئەو زمانە بێ زەمەنەی دۆنکیخۆتە نەفیکراوە، لە (نا -پێناسەکراو) دا سەری لێ شێواوە. ئه‌م زمانه دەکرێت لەخۆیدا، هەموو شتێک بسوتێنت، بەڵام هیچ شتێک لەدونیا ناگۆڕێت!
* بۆ ئەو (دۆنکیخۆتە) ناجۆرییەکە لە لێپسراوێتیدا گەر هاتوو پەیمانەکانی بۆ کتێبەکان نەهێنێتە دی، ئەوە کاری ئەوە جارێکی‌تر ئەفسانە دروستبکاتەوە.
* هەموو سەرکێشیەک دەبێت بسەلمێنرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم سەرکێشیانە هەموی وەهمن، دۆرن. ئاهەنگێڕانی ڕاستەقینەی هیچ سەرکەوتنێک نییە، لەڕاستیدا هیچ سەرکەوتنێک گرنگ نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەوڵدانێتی بۆ گۆڕینی دونیای ڕیاڵیە بۆ دونیای سمبولەکان. [5]
دۆنکیخۆتە لەگەڵ خۆیدا یۆتۆبیایەکی هەیە و لەدواجاردا دەگاتە ئەو ڕاستیەی مادامەکی ئەم گەشتەی لەخەیاڵدا کردووە، کەواتە بەهەقەت کردوویەتی، چونکە ڕۆحی خۆی لەلا گرنگە. کەواتە سەفەری کردووە، ئەو سەفەرەی کەخەونی پێوە بیینیووە. لای دۆنکیخۆتە ڕاستە وەک (فوکۆ) دەڵێت؛ سەرکەوتنەکانی وەهمین و لەدونیای ڕیاڵدا بوونیان نییە…بەڵام لەدوا چرکەساتدا هەست بەو ساتە گرنگە دەکات کە لەسهفهرهكهیدا به‌نێو ڕۆحی خۆیدا کردوویەتی. تەنانەت لەیەکێک لەڕمبازیەکانیدا بەهەقەت سوارچاکێک لەسەر ئەسپەکەیەوە هەڵدەداتە خوارێ، کەواتە دەکرێت ڕیالیستیەکان بگۆڕین بۆ ئایدیالەکان و ڕه‌مزه‌كان و لەوێوە لە سمبولەکانەوە جارێکی‌تر دونیای واقیع بگۆڕین.
دۆنکیخۆتە خەونەکەی بەدیهاتووە چونکە شەڕی دۆنکیخۆتە لە مۆڕاڵی خۆیەوەیتی نەک هی ئەوانیتر. هی خۆیەتی و جگە لە( سانچۆ پانزا)ی دڵسۆزی، سوارچاکی دیکەی لەگەڵدا نییە. وەک (فوکۆ) ئاماژەی بۆدەکات؛ پەڕەیەکی ڕاکردووە لەکتێبیکی کراوە، دەیەوێت پەیمانی کتێبەکان بهێنێتە دی (٤)….بەمشێوەیە دۆنکیخۆتە یەکەم سوارچاک خۆیەتی کە لەنێو ئایدیالەکاندا دەژی، شەڕی ئەو بۆ ئایدیالیزکەردنی دونیا هاتووە، بۆ دونیایەک کەچیتر مۆڕاڵ و ئەخلاقی تێدا نەماوە.
له چیرۆكه‌وه، ئێمه له‌به‌رده‌م قۆشمه‌یه‌كی دیكه‌ی كولتوریداین كه یه‌كه‌میان دۆنكیخۆتهیه وه‌ك قۆشمه‌ی سه‌ركێش كه (نوێفۆبی) و ترس له نوێ له‌ناو كو‌لتوردا به‌رپاده‌كات. دۆنكیخۆته له كۆنتێكستی ئه‌م تێزهماندا نوێنه‌ری (نوێفۆبیا) و له تازه‌گه‌رییه‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده ده‌ترسێت، به‌ڵام له ڕێگه‌ی نۆستالژیاوه ئه‌م فیگوره خۆی له‌ناو كو‌لتوردا به‌رجه‌سته ده‌كات. دۆنكیخۆته وه‌ك فیگورێك دیسكۆرسێكی تری سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌ی ڕێنیسانسه كه نوسه‌ره‌كه‌ی (سێرڤانتس) له‌ئه‌زموونی ژیانی خۆیه‌وه ته‌واو له‌دونیای نوێی ڕێنیسانس نێزیكدهبێتهوه له لێواری به‌ها نوێیه‌كان و كۆنه‌كاندا دونیایه‌ك له پێكدادانی بێگانه‌ی كولتوری و خوێن ده‌بینێت. (سێرڤانتس) وه‌ك له‌ساڵی ١٥٧١ وه‌ك سه‌رباز به‌شدار ده‌بێت له‌جه‌نگی دژ به عوسمانلیه‌كان و له شه‌ڕی لێپانتۆ(Lepanto) بریندار ده‌بێت و ده‌ستی چه‌پی سه‌قه‌ت ده‌بێت. دوای ئه‌وه چوار ساڵ وه‌ك ده‌ریاوان ژیان له‌سه‌ر كه‌شتی به‌سه‌ر ده‌بات و دوای ئه‌وه‌ی له هێرشێكی چه‌ته بهڕبهریهكاندا به‌دیل ده‌گیرێت و پێنج ساڵی تر وه‌ك كۆیله له جه‌زائیر به‌سه‌رده‌بات و كه دوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌درید ده‌ستده‌كات به‌نوسینی ڕۆمانی (دۆنكیخۆته) و له ساڵی ١٦١٦ دا ده‌مرێت.

Portrait of Migue
l de Cervantes y Saavedra (1547-1615) 1600 (oil on panel) by Jauregui y Aguilar, Juan de (c.1566-1641); Real Academia de la Historia, Madrid, Spain; Index; Spanish, out of copyright
سێرڤانتس له هه‌ناوی ئه‌م تێكسته‌دا ڕووخانی به‌هاكانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست ده‌بینێت، مردنی فیگوره كولتوریه‌كان ده‌بینێت به‌خۆیان وجادووگه‌ر و ئه‌ژدیها و سوار چاك و دڵداری پاكی ئۆرستۆكراتیهكانیهوه. سێرڤانتس له ڕێگه‌ی فیگورهكهیهوه (ترس له نوێ – نۆیفۆبیا) له‌ڕێگه‌ی نۆستالژیاوه به‌رجه‌سته ده‌كات، چونكه ئه‌و (كولتوری بێگانه) ده‌بینێت به‌خۆی و سوپایه‌كه‌وه هه‌ڕه‌شه له‌ئه‌وروپا ده‌كات…ڕاسته ئه‌وروپیه‌كان دژی عوسمانلیه‌كان جه‌نگان، به‌ڵام ڕێنیسانس به‌تایبه‌ت له‌سه‌ده‌ی شانزه‌دا و له‌و كاته‌دایه كه سێرڤانتس سه‌رباز بوو له‌دژی عوسمانلیه‌كان ده‌جه‌نگا، هاوته‌ریبی ئه‌م جه‌نگانه بوو كه ئاڵوگۆڕی كولتوری هێنایه كایه‌وه. له دوولاوه ئه‌وروپای كۆن په‌لامار درابوو، یه‌كه‌مین په‌لاماری ئه‌وروپای كۆن له‌لایه‌ن ئێفانگیلیزم و ڕێنیسانسخوازهكان له‌سه‌رێكه‌وه، له‌سه‌رێكی تره‌وه له‌لایه‌ن موسوڵمانه‌كانه‌وه. به‌مانای له‌سه‌رێكه‌وه له‌لایه‌ن بێگانه نوێیه‌كان كه له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هاتبوون و له‌سه‌رێكی دیكه‌وه بێگانه كۆنه‌كان كه له ئهنتیكا و گریكه‌وه كولتوری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیان دووباره به ده‌قه فه‌لسه‌فی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بیه‌كانی ئهنتیكای گریكی و ده‌قه ڕۆمانیهكانیان موتوربه ده‌كرده‌وه. بێگانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌خۆیان و فه‌ڕش و زانست و تێكسته‌كانی پزیشكی و فیزیكی و ئاینی هاتبوونه ناو جه‌رگه‌ی دونیای كۆنی شۆڕه‌سوارانی خاجپهرستان و دووباره ده‌خوێنرانه‌وه.
له‌وانه‌یه هیچ تابلۆیه‌ك به‌قه‌د تابلۆكه‌ی (جیۆڤانی بییلینی) گوزارش له هه‌مه‌ڕه‌نگی و ئاڵۆگۆڕی كولتوری ڕێنیسانسی له‌سه‌ده‌ی شانزه نه‌كات، تابلۆكه‌ی جیۆڤانی بیلیلنی Giovanni Bellini له ژێر ناوی (سانت مارك له ئه‌سكه‌نده‌ریه خوتبه ده‌دات ١٥٠٤ – ١٥٠٧) مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شانزه، كه ماوه‌ی زه‌مه‌نی گه‌شانه‌وه‌ی ڕێنیسانه. له ئه‌و تابلۆیه‌دا به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه له ئه‌سكه‌نده‌رییه قه‌شه‌ی پیرۆز مارك خوتبه بۆ چه‌ند موسوڵمانێك ده‌دات و ژنانی موسوڵمانیش گوێی بۆ ڕاده‌دێرن و تابلۆكه ( یه‌كه‌م دیمه‌نی ڕۆحانی قه‌شه‌یه‌كی پیرۆزه كه خوتبه بۆ چه‌ند نا بڕوادارێك ده‌دات. نیگاركێشیهكی دونیای كلاسیكه كه چالاكانه ڕووه و هونه‌رمه‌ندان و بیرمه‌ندانی ڕێینسانس هه‌نگاوده‌نێت) [6]

پارادۆكسه‌كه لێره‌دایه، به‌وه‌ی له‌و كاته‌دا كه دونیای ئه‌وروپا خه‌ریكی ئاڵوگۆڕی كولتورییه، سێرڤانتس سه‌ربازێكه له‌دژی (بێگانه نوێیه‌كه) و سه‌ربازی ئه‌و هێزانه‌یه كه نۆێفۆبیا جوڵاندونی و ترسیان له نوێ و بێگانه‌ی نوێ، به‌ره‌و جه‌نگی بردوون. ترس له‌وه‌ی دونیایه‌كی تر دێت به‌چه‌كه‌وه داگیرت ده‌كات و قه‌واره‌ت تێكوپێكدهشكێنێت، ترس له‌وه‌ی بێگانه له ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌تدا ببێته خاوه‌ن ماڵ.
گه‌ر ئه‌مه ترسه فیزیكیه، جهستییهكه بێت له بێگانه‌ی نوێ، ئه‌وا له‌پشت ئه‌م ترسه‌وه نیگه‌رانیه‌كی قووڵتر بوونی هه‌یه، ئه‌ویش نیگه‌رانی كلاسیك و كولتوری كلاسیكه له ته‌وژمی ڕێنیسانس. ڕێنیسانسێك كه كولتوری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست به گومان و ترسه‌وه لێیان ڕوانیووه. ڕێینیسانسێك كه بێگانه كولتورییه‌كه‌ی هێنایه ناوه‌وه و له‌گه‌ڵیدا دوا و دیالۆگی كولتوری كرد و بردیه حه‌وشه‌ی ماڵی كو‌لتور و كردی به یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی.
لێره‌وه. ڕێنیسانس له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی چوارده وه ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو ده‌گاته سه‌ده‌ی حهڤدههم، وشه‌ی (ڕێنیسانس) له‌خودی خۆیدا مانای (دووباره له‌دایكبوونه‌وه) ده‌گه‌یه‌نێت؛ به‌مانای دووباره له دایكبوونه‌وه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زانست، دووباره خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كانی فه‌یله‌سوفه یۆنانیه‌كانی وه‌ك سوكراتۆس و پلاتۆ و ئه‌رستۆ و زۆریتر. هه‌روه‌ها دووباره خوێنده‌وه‌ی هۆمێرۆس و میتامارفۆسهكانی ئۆڤید و دووباره خوێندنه‌وه‌ی زانستی ئه‌ندازیاری جه‌بر و فیزیكی كۆن و تێكسته ڕۆمانیه‌كان. هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانی تێكسته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوێن بوو له بواری پزیشكایه‌تی و گه‌ردوونناسی و میكانیك. به‌كورتی له كۆتایی سه‌ده‌ی چوارده‌وه مرۆڤێك له ئه‌وروپا له‌دایكده‌بێت كه‌چیتر نایه‌وێت به هۆشمه‌ندیه‌كی هه‌ژارانه‌وه له‌دونیادا بژی. نایه‌وێت سنووری بیركردنه‌وه‌ی سنووری خێڵ و شار و وڵاته‌كه‌ی بێت. نه‌خێر، به‌ڵكو به ده‌سته‌واژه‌ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی سلۆته‌ردایك بدوێین؛ `ده‌یه‌وێت به‌ره‌و جیهان بڕوات` [7]
له‌لایه‌كه‌ی دیكه‌وه. له‌ناو خودی كلاسیك‌دا، ڕێنسانس وه‌ك بێگانه نوێ و (ترۆجانێكی نوێ) هاتۆته ناو سه‌ده تاریكه‌كانی كریستیانیهتهوه. ئه‌م ترسه له بێگانه‌ی نوێ و نۆستالژیا بۆ ڕابوردووی كریستومی و شۆڕه‌سوارانی خاچ، نیگه‌رانی كولتوری له‌پشته‌وه وه‌ستابوو. نیگه‌رانیه‌كی كولتوریی كه (سێرڤانتس) دوای چه‌نده‌ها ساڵ لهفیگورێكی كولتوریدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، له گهمژهیهكدا كه ئاگای له‌دونیا نییه و له خه‌یاڵی ڕابوردوودا ده‌ژی و نۆستالژیستێكی گه‌مژه‌یه. به‌جۆرێك ئه‌سپی له‌ڕی لێ ده‌بێته (ئه‌سپی ئیشكه‌ر) و چالاك و كاره‌كه‌ری لێ ده‌بێته خانمی كۆشك و خۆیشی لێ ده‌بێته (دۆن – خانه‌دان) و په‌یمانیش ده‌دا به خزمه‌تكاره‌كه‌ی (سانچۆ پازا) ی خزمه‌تكاری ته‌وه‌زه‌ل دوای گه‌شته ترسناكهكهیان، دوای پاكردنه‌وه‌ی دونیا له هێزه شه‌ڕانیه‌كان، سانچۆ بكات به‌سه‌رداری ناوچه‌یه‌ك. ئه‌و ده‌یه‌وێت دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌ركه‌وتوویه‌ك له‌شه‌ڕی له‌دژی بێگانه‌كان دێته‌وه و كولتوری شۆڕه‌سواران له فه‌وتاندن ڕزگار ده‌كات و وه‌ك (دۆن كیخۆته دالامانشا ) كولتوری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست (كریستومی، خانه‌دانی، شۆڕه‌سواریی، ڕۆمانسیه‌تی سوارچاكان و ئه‌شقی ئه‌فلاتونی، نه‌ریته باڵاكانی ئۆرستۆكراتیهت…هتد) له بێگانه‌كان پاك بكاته‌وه. دوای ئه‌و گه‌شته‌ی كه سه‌ركه‌وتنی تێدا مسۆگه‌ر كردووه له‌دژی (بێگانه‌كان، جادووگه‌ره‌كان، هه‌ژدیهاكان، كۆیله و جه‌رده‌كان) ، ئه‌وا سانچۆی خزمه‌تكار ده‌كات به بارۆنی ناوچه‌یه‌كی فراوان.
ئاوه‌ها ئه‌م گه‌مژه كولتورییه له‌ناو كتێبه‌كانه‌وه دێته ده‌رێ و وه‌ك قۆشمه‌یه‌كی كولتوریی له ترسی بێگانه نوێیه‌كان ڕمه درێژ و قهڵغانهكهی هه‌ڵده‌گرێت و له‌دژی هه‌ژدیهاكان ده‌جه‌نگێت كه جگه له ئاشی با نه‌بێت هیچیتر نین. سێرڤانتس له‌سه‌ره‌تای ڕۆمانی دۆنكیخۆتهدا باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌م پیاوه به‌شێكی زۆری زه‌ویه‌كانی ده‌فرۆشێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی پێ بكڕێت كه هاوچه‌رخی خۆی نین، به‌ڵكو باس له‌سه‌ده‌ی شۆڕه‌سوارانی خاچپه‌رستان و جه‌نگه‌كانیان ده‌كات. باس له ڕۆمانسیه‌تی شۆڕه‌سواران ده‌كات كه چۆن دژی هه‌ژدیهاكان جه‌نگاون، باس له‌و خانمه به‌ڕێزانه ده‌كات كه خۆیان به پاكیزه‌یی بۆ دڵداره جهنگاوهرهكهیان هێشتۆته‌وه و تاوه‌كو گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌جه‌نگه‌كان دانیان به‌خۆدا گرتووه. هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه كه دۆنكیخۆته كاره‌كه‌رێكی وه‌ك ئالدۆنسای لێ ده‌بێته خانمێكی ناو كۆشك و به (لێدی دۆلسێنیا دۆل دۆبۆزۆ) ناویده‌بات. ته‌نانه‌ت ناوی خۆی له‌بیرده‌چێته‌وه، یا خود وه‌ك قۆشمه‌یه‌كی كولتوری ده‌یه‌وێت وه‌ك پارێزه‌ری كو‌لتور ناوه كۆنه‌كه‌ی (ئالۆنسۆ خوانیتۆ کیخادا) بكات به ناوێكی خانه‌دانی و خۆی به ( دۆن كیخۆته دالامانشا) ناوده‌بات.
ئه‌م قۆشمه كولتورییه و ئه‌م گه‌مژه‌یه، سه‌رسامه به كلاسیك و هه‌ستده‌كات ئه‌م كولتوره به‌ره‌و له‌ناچوون ده‌ڕوات. به‌جیاوازی گه‌مژه‌ی كۆشكه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ئه‌م قۆشمه‌یه، گه‌مژه‌یه‌ك نییه بۆ پاره و ژیان، به‌ڵكو گه‌مژه‌ی ناوكتێبهكانه، گه‌مژه‌ی ده‌ستی ئه‌و نۆستالژیایه‌یه كه نۆیفۆبی هه‌یه به‌رامبه‌ر ته‌وژمه نوێیه‌كانی ڕێنیسانس. له‌و نۆستالژیایه‌ی خۆیه‌وه خۆی له‌ناو كتێبخانه‌كه‌یدا بهنددهكات و هه‌رچی پاره‌ی هه‌یه له‌كڕینی كتێبی قه‌دیمه‌دا خه‌رجده‌كات. ته‌نانه‌ت خۆی لێ ده‌بێته فه‌یله‌سوف و ده‌قی وه‌ها ده‌نوسێت وه‌ك سێرڤانتس وه‌سفی ده‌كات؛ ده‌قی وه‌ها گه‌ر خوا ته‌نها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌ڕستۆ زیندوو بكاته‌وه، ئه‌وا ناتوانێت لێی تێناگات.[8]
سانچۆ وه‌ك نیوفلیایهك
ئێمه ئێستا قۆشمه كولتورییهكه جێده‌هێڵین و له‌به‌رده‌م فیگوری دووهه‌مداین كه زۆر كه‌م هزرمه‌ندان و ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه كاریان له‌سه‌ر كردووه، ئه‌ویش فیگوری (سانچۆ پانزا) یه. سانچۆ ئه‌و خزمه‌تكاره قهڵهوهیه كه خاوه‌نی ژنێكی ده‌مه‌وه‌ری تووڕه و كۆشێك منداڵه و دۆنكیخۆته‌ی په‌یمانی ئه‌وه‌ی ده‌داتێ گه‌ر له‌م گه‌شته سوارچاكییهدا خزمه‌تكار و هاوه‌ڵی بێت، ئه‌وا ده‌یكات به ئه‌میری ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو و ده‌بێته بارۆنێكی خانه‌دان. به‌مشێوه‌یه گه‌شتی دۆنكیخۆته ده‌ستپێده‌كات كه‌ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی گاڵته‌ی پێ بكه‌ن و پێی ڕابوێرن، ده‌رئه‌نجام به‌دڵشكاوی ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه گه‌ڕانه‌وه بۆ كولتوری دێرینی سوارچاكی خاچپه‌رستی له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا بوونی نه‌ماوه، ئه‌و زه‌مه‌نه تێپه‌ڕبووه و ده‌رئه‌نجامی ئه‌م شۆكه كولتورییه كۆچی دوایی ده‌كات.
دۆنكیخۆته ده‌یه‌وێت به‌هاكانی دڵسۆزی و شۆڕه‌سواری و ئازایه‌تی زیندووبكاته‌وه و وه‌ك قۆشمه‌یه‌كی كولتوری و بێگانه‌یه‌كی دیكه لێیده‌ده‌ن، چونكه ترس له‌ناو كولتوری باودا دروستده‌كات و زه‌مه‌نی كولتوری ده‌شێوێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌رنجم ڕاده‌كێشێت فیگری (سانچۆ پانزا)ی خزمه‌تكاره كه ئه‌ویش قۆشمه‌یه و گه‌مژه‌یه‌كه به ته‌نیشت قۆشمه‌ی یه‌كه‌م، ڕابواردن و لێدان و ده‌ركردنی به‌رده‌كه‌وێت، و به‌خشكه‌یی به‌شداری هه‌مان گه‌شته به‌ڵام له‌به‌رگێكدا كه كولتوری باودا. به‌جۆرێك كه ئه‌وانیتر پێیان قبوڵ ده‌كرێت و ده‌توانێت چه‌ند هه‌نگاوێك بچێته پێشێ له‌وه‌ی خزمه‌تكارێكی بچوك و نه‌ناسراو بوو، به‌ڵام له‌ته‌نیشت (دۆنكیخۆته) دا (سانچۆ پانزا ) وه‌ك (پیاوی هه‌موو شتێك ) باسده‌كرێت. پیاوی هه‌موو شتێك ناوبانگی ئه‌و پیاوانه‌یه كه شۆڕه‌سواران ده‌توانن پشتی پێ ببه‌ستن. به‌مشێوه‌یه (سانچۆ پانزا) وه‌ك پیاوێكی دڵسۆز له‌ته‌نیشت ئاغا و قۆشمه سهركێشهكهیهوه وه‌ك دڵسۆزێك ناوبانگ ده‌رده‌كات.
لێره‌دا ئێمه فیگوری دۆنكیخۆتهمان هه‌یه كه پڕه له نیگه‌رانی له‌وه‌ی، بێگانه و شه‌ڕخوازه‌كان دونیای كولتوری شۆڕه‌سواران تێكده‌ده‌ن و له‌هه‌مانكاتیشدا سانچۆمان هه‌یه كه هاوخه‌می شۆڕهسوارهكهیهتی، به‌ڵام به‌هێمنی له‌و خه‌ونه‌ی شۆڕه‌سواره‌كه‌ی ده‌ڕوانێت و خزمه‌تی ئه‌و خه‌ونه ده‌كات بێئه‌وه‌ی بچێته ناو فۆبیا و ترسه‌وه كه دونیای كو‌لتور به‌ره‌و فه‌وتاندن ده‌ڕوات. له‌م خاڵه‌دا له‌و بڕوایه‌دام گه‌ر دۆنكیخۆته نوێنه‌ری (نوێفۆبی) بێت له فۆرمی (ترس لهفهوتاندنی كلاسیك) ئه‌وا شانسۆ نوێنه‌ری (نۆیفیلیا) یه كه به‌هاكانی دۆنكیخۆته له‌سه‌ر خۆ وه‌رده‌گرێت و ده‌سته بژێریان ده‌كات و ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی دۆنكیخۆتهوه له دونیای نۆبڵێتی و خانه‌دانی و كتێبه‌كان و گفتوگۆ فه‌لسه‌فیه‌كان تێبگات. له‌هه‌مانكاتیشدا زیاتر له به‌ها نوێیه‌كانی ڕێنیسانس نێزیكدهبێتهوه. ئه‌و له‌و بێگانه‌یه ناترسێت كه دێته ژیانییه‌وه كه ده‌یه‌وێت ژیانی ئه‌و وه‌ك خزمه‌تكارێك تێكبدات و خۆی لێ ناگۆڕێت و له‌وه‌همدا ناژی و وه‌ك نۆیفۆبیایهك دژایه‌تیشی ناكات. به‌ڵكو له‌سه‌رخۆ، ئه‌وه‌ی له (كولتوری ئه‌ویتر) دا بوونی هه‌یه كۆپی ده‌كات و ده‌یكات به به‌شێك له‌خۆی. خۆ ئه‌گه‌ر دۆنكیخۆته بێگانه و باستارد و قۆشمه چاكه‌كاره‌كه بێت كه كو‌لتور قبوڵی ناكات و لێی ده‌سڵه‌مێته‌وه، ئه‌وا (سانچۆ پانزا) قۆڵبڕ و ساخته‌چی و تهزویرچیهكهیه كه به كو‌لتور قووتدهچێت و كو‌لتور (خۆكرده) و (خۆموتوربه) ده‌كاته‌وه.
لێره‌وه ئێمه له‌به‌رده‌م دوو قۆڵبڕداین؛ یه‌كه‌میان دۆنكیخۆتهیه كه كۆپی ده‌كات و ته‌زویر ده‌كات و ناوی خۆی و كه‌سه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌سپه‌كه‌شی ده‌گۆڕێت به‌ڵام سانچۆ هێمنتره و له‌سه‌رخۆ كولتوری (ئه‌ویتر) وه‌رده‌گرێت و له‌خۆیدا ئاوێته‌ی ده‌كات. دووهه‌میان سانچۆ پانزایه كه نویفیلیایه و ترسی له‌نوێ نییه و له‌سه‌رخۆ نوێ له خۆیدا وه‌رده‌گرێت، به‌جۆرێك كه هاوسه‌نگی تێكنه‌چێت. له‌م خاڵه‌وه نیوفیلیهكان (نوێوهرگرهكان) هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی كولتورن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نیگه‌رانی و داخرانه‌ی نیوفۆبیهكان دههیێننه ئاراوه. خۆ گه‌ر كولتوره‌كان، كولتوری میلله‌تان، جڤاتهكان، بیروڕاو نه‌ریته ئایدۆلۆژیه‌كانی گروپه سیاسیه‌كان و ئاینه‌كان، ده‌زگا ئیداری و سیاسی و ته‌نانه‌ت جڤات و ده‌سته و هێزه ئابووریه‌كان خۆی بداته ده‌ست نۆیفۆبیاكان ئه‌وا به‌ره‌و داخران ده‌ڕۆن و ده‌رئه‌نجام گروپ و جڤاتهكایش بێ هێز و بێ‌مانا و خه‌ڵه‌فاو ده‌بن. له‌كاتێكدا فیگوره نیوفیلیهكان هه‌م پارێزگاری له خه‌سڵه‌ته كلاسیهكانی خۆی ده‌كات و هه‌م به‌ها نوێیه‌كان كۆپیدهكاته ناو خۆی و توانای كۆپیكردنه‌وه و لاسایكردنه‌وه و له‌به‌رگرتنه‌وه و ڕپیلكاسێۆنی په‌ره‌پێده‌دات.
ئاوه‌ها كۆنزهڤاتیزمێك دروستده‌بێت كه ئه‌مڕۆ له فیگوری سانچۆ پانزا دا به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆ خۆی ڕووی خۆی وه‌رده‌گێڕێت و خۆی ناكاته قه‌شمه‌ری كولتوری وه‌ك دۆنكیخۆته. له‌لایه‌ك دۆنكیخۆته زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌یه له‌وه‌ی به‌ها كۆنه‌كان نابێت بفه‌وتێت و به‌هاكان زه‌قده‌كاته‌وه و نیگه‌رانی له نوێ و به‌ها نوێیه‌كان ده‌خاته دڵی كولتورهوه، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه سانچۆ پانزا به‌شی دووهه‌م ته‌واو ده‌كات به‌وه‌ی ده‌بێته زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی دۆنكیخۆته، به‌وه‌ی له وه‌همه‌كه‌ی ئاگاداربێته‌وه. دیاره له‌گه‌ڵ وه‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌قیقه‌تی تاڵ‌دا نۆیفۆبی ده‌مرێت، به‌ڵام فیگوره نۆیفیلیه كولتوریهكه درێژه بهكۆن ده‌دات له‌ناو تازه‌دا. به‌مه‌ش ده‌چینه به‌رده‌م چه‌مكێكی نوێ كه سلۆته‌ردایك به (كۆنزهڤاتیزمی ئیلاستی) پێناسه‌ی ده‌كات و به‌ڕای ئه‌و ئه‌م جۆره كۆنزهرڤاتیڤزمه پلاستیكیه، ئیلاستیه، هۆكاری مانه‌وه‌ی كولتورهكانن چونكه نوێیه‌كان كۆپی ده‌كه‌ن به مه‌كینه‌ی كۆپی خۆیان و تام و بۆنی خۆیانی لێده‌ده‌ن و كۆنیش ده‌پارێزن.
كولتوری عیبری و یابانی و چینی له‌و شارستانیه‌ته گه‌ورانه‌ن كه خۆیان به‌ته‌واوه‌تی فڕێنه‌دایه به‌ها نوێیه‌كانی پۆست مۆدێرنه و به‌هاكا كولتورییه دێرینه‌كانی خۆیان تێك‌شكاند و كۆنزهرهڤاتیفزمانه مانه‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هاتن به‌ها نوێیه‌كانیان له‌به‌رگرته‌وه، وه‌ك چۆن ماركه‌ی كاتژمێرێكی گرانبه‌ها له‌به‌ری ده‌گیرێته‌وه و ده‌بێته (ڕیپلیكا – كۆپی) ئاوا مه‌كینه‌ی كۆپی كولتوره‌كانی باوك به‌ها نوێیه‌كان كۆپی ده‌كاته‌وه و له‌به‌ری ده‌گرێته‌وه، به‌مجۆره‌ش (كۆنه- نوێیه) كه به‌رده‌وامی ده‌دات به‌خۆی.
له‌ڕووی پراكتیكیهتی سیاسیه‌وه له‌م تێزه بڕوانین به‌راووردێكی بچوك ده‌كه‌ین له‌نێوان ڕووسه‌كان كه به‌په‌له له‌ڕێگه‌ی پێرۆسترۆیكا وگلاسنۆستهوه، نه‌ریتی نیو سه‌ده كۆمۆنیزم و سوستێم و ستایلی ژیانی سۆسیالستیان تێك‌شكاند و چوونه فه‌وزای سه‌رمایه‌داری وه‌حشیه‌وه، به‌ڵام ئه‌ویتر كه (بێلا ڕووسیا – ڕووسیای سپی) یه له‌ترسی نوێ له‌ناو كۆمۆنیزمی كۆندا و به‌ها كۆنیكانی سۆسیالیستی‌دا و له‌ترسی به‌ها نوێیه‌كان به‌ره‌و گۆشه‌گیری و دیكتاتۆریه‌ت چووه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی نموزه‌جی یه‌كه‌م و دووهه‌م كۆمنیسته چینیه‌كان سه‌ره‌تا به تانك دژی داواكاریی ته‌وژمی پیرۆسترۆیكا خه‌ڵكی چین بوونه‌وه، به‌ڵام له‌دوایدا (كۆنزهڤاتیزمی ئیلاستی چینی) وورده وورده به‌ها نوێیه‌كانی بازاڕ و كرانه‌وه‌ی له‌خۆدا موتوربه كرد. به‌بێئه‌وه‌ی بهێلێت كو‌لتور و نه‌ریتی له‌ناوبچێت. لێره‌وه چین وه‌ك كۆپیكارێك و لهبهرگرهوهیهك ته‌نها شمه‌ك لهبهرناگرێتهوه، به‌ڵكو كولتورهكانیش ده‌هێنته ناوخۆیه‌وه، هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه كه كڵاشی كوردی چینی و قاتی جلی كوردیش له چین دروستبكرێت و ڕكابه‌ری بازاڕی كوردی بكات.
به‌مجۆره له‌جه‌نگه كولتورییهكاندا پاڵه‌وانه ڕۆمانسیه‌كان و نیوفۆبیهكان ده‌مردن و گه‌مژه نوێیه‌كان و قۆڵبڕه ته‌زویرچی و لهبهرگرهوهكان و قۆشمه نوێیه‌كان به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به كو‌لتور. هه‌ر بۆیه له دونیای ئێستا و ئهوساشدا گه‌مژه‌كان هه‌میشه ئه‌و توێژه گرنگه بوون كه ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ پاراستنی خۆیان پێویستیان پێیان بووه. پێویستیان به‌و ههڵقوونهچی و تڕلێدهرانه هه‌بووه، هوانه‌ی كه كولتوره‌كان به‌ناو سه‌ده‌كاندا درێژده‌كه‌نه‌وه.
ته‌واو
سه‌رچاوه‌كان
[1] www.historyextra.com/period/medieval/what-was-life-like-for-a-court-jester/
[2]Clemens Amelunxen: Zur Rechtsgeschichte der Hofnarren, W de G 1991. page 7- 23.pdf.
[3] Peter Sloterdijk: Der Heilige und der Hochstapler, von der Krise der Wiederholung in der Moderne, SWR2, Manuskript 25.06.2012.
[4] Jean Fouquet،Portrait of the Ferrara Court Jester Gonella, 1442 – https://de.wikipedia.org/wiki/Jean_Fouquet
[5] http://individual.utoronto.ca/bmclean/hermeneutics/foucault_suppl/OT_don_quixote.htm
[6] Jerry Brotton, The Renaissance: A very short introduction, Oxford University press, 2006 Page 21.
[7] . http://cultureproject.org.uk/kurdish/ismail-entzaubern-brexit/
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین؛ برهكست لهجادووخستنی خه‌ونێك، كو‌لتور مه‌زین ئۆنلاین – نۆزده‌ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩
[8] Miguel Cervantes: Don Quixote. Vintage 2005, p20.
-
ئه‌م بابه‌ته له‌گۆڤاری (نما – ژماره 48) بڵاوبۆته‌وه.

ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه.