Reading at a Cafe (ca. 1920). Jane Peterson (1876-1965). Reading at a cafe

قاوەخانەیەکی تر


Loading

دەبێت لەهەموو شارێکدا قاوەخانەیەک هەبێت بۆم..

لەهەموو شارێکدا دەبێت حەشیشەکێشێک بدۆزمەوە، پێکەوە بۆ ئەم هەموو چاوڕاونیە بگرین..

دەبێت لەهەموو شارێکدا سۆزانیه‌كی میهرەبان، بەتەمەن و قەڵەو بدۆزمەوە،بۆ ئەوەی لەنێو پێچەکانیدا خۆم گووم بکەم..

دەبێت لەهەموو شارێکدا شێتێک هەبێت پێکەوە جڕت بۆ هەموو یاسایەک  لێبدەین، کەبیروکرات دایڕشتبێت، پێکەوە  شەق لەهەموو قوتووییەکی بەجێهڵڕاوی لاکۆڵانە تەریکەکان هەڵبدەین، بۆهیچ نا، تەنها بۆئەوەی خانمە لوتبەرزەکانی ئۆرستوکراتیەتی حیز بێزارکەین..

 

دەبێت لەهەموو شارێکدا کۆمەڵێک گەنج بدۆزمەوە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا تاوەکو خۆرئاوا بەسەر جادە و شەقامەکاندا بێهودە بێن و بچن، ئێواران دوور لەهەموو نائومێدیەکانی باوکان، لەنێو باخچەکاندا سێکس بکەن، یاخود وەک ڕەبەنێکی ئەبەدی لەبن درەختەکاندا دەستپەڕ لێدەن…

دەبێت ئەم ڕۆحە تاڕواگەیەی من لەهەموو شارێکدا کۆڵانی پێچاوپێچ و تێرمیناڵی چۆڵی لەبیرکراو  بۆ پیاسەکردن، یاخود بۆ قووڵکردنەوەی تەنیایی خۆی بدۆزێتەوە…

دەبێت لەهەموو شارێکدا مێینیەک هەبێت ئەشقم بێت و مێینیەک هەبێت حەزم لەگۆشتی بێت و مێیینه‌یەکیش هەبێت ڕقی دنیای لێم بێت…

دەبێت لەهەموو  شارێکدا بگەڕێم بەدووی وێستگەی  شەمەندەفەردا، یاخود گەر نەبوو، بگەڕێم بەدووی ئەو تێرمیناڵەی سەدەیەکە لەخەونی چەند کەسێکدا نوستووە، بچمە نێو شوێنی خەیاڵبۆکراوی، و لەبەردەم هێڵی ژمارە سێدا بوەستم و چاوەڕوانی ئازێزێک بکەم کەبەهەڵە بەرەو ئێرە دێت.

دەبێت لێرەو لەوێ، لەشارێکدا ئەو نابووتانە هەبن کەبەپڕاوپڕی ژیان ژیاون و ئێستا لەوە تێگەیشتوون کەدنیا جگە لەتێپەڕبوون نەبێت بەنێو هیچدا هیچی دیکەنییە، دەبێت لەهەموو شارێکدا ئەوانە بدۆزمەوە و  پێکەوە تابەیانی عەرەق لەپیاڵەی بچوکی بەرچاییدا بخۆینەوە…

دەبێت لەهەموو شارێکدا دوکانێکی حەوزی ماسی بدۆزمەوە بۆئەوەی تێر بۆنی ئەو دەریایە بکەم کەنامەوێت لەکەنارەکانیدا بژیم، ئەو دەریایەی بەردەوام لێی ڕادەکەم و  دەمەوێت تەنها لەنێو خەیاڵدا شەپۆل بدات…

دەبێت لەهەموو شارێکدا پەنجەرەیەک بدۆزمەوە لەکاتی بێزاریدا بەبەردەمیدا تێپەڕم و خۆم لەو دویووی شوشەبەندیەکەوە ببینم..

دەبێت لەهەموو شارێکدا لێبوکێک بدۆزمەوە بەئۆکۆردیۆنێکی ڕەنگاڵە، پێکەوە  لەسەر شەقامەکاندا تا ئێوارە سەما بۆ مناڵان بکەین…

دەبێت لەهەموو شارێکدا مناڵێک بدۆزمەوە کەناوێکم لێبنێت هیچ مانایەکی نەبێت، سەرسام بێت بەدەموچاوم  وەک ئەکرۆباتێکی ئەبەدی…

دەبێت لەهەموو شارێکدا ڕووبارێکی بچکۆلە، کارێزێکی لەبیرکراو، یاخود چ نەبێت فوارەیەک هەبێت، تێدا قەوزەی هاوینانی یادەوەریەکانمی  چەکەرەبکات…

دەبێت لەهەموو شارێکدا ناشوێن هەبێت لەشوێنەکاندا، بینراو هەبێت لەنێو نەبینراودا، ونبوون هەبێت لەجیاتی ئەشق و بیرکردنەوە هەبێت لەجیاتی توڕەیی…

دەبێت لەهەموو شارێکدا منی لێبم،  شاعیرێک، چەلۆژەنێک، جازیستێکی شێت هەبێت.

دەبێت لەهەموو شارێکدا تەشکیلیەک هەبێت جگە لەخەت و ڕەنگ  و ئەبستراک نەبێت، چیتر حەزی لەدنیای ڕیاڵ نەبێت.

دەبێت لەهەموو شارێکدامنی لێـبم،  چیرۆکنوسێک هەبێت، بۆئەوەی هەموو ئەمانە بەخوار و خێچی  بگێڕێتەوە،

دەبێت لەهەموو شارێکدا کەمنی لێبم قاوەخانەیەک،  سۆزانیەک، شاعیرێک، وێستگەیەکی شەمەندەفەری بەجێماوی لێبێبێت.

دەبێت لەهەموو شارێکدا کۆڵانێکی لێبێت، جگە لەمن کەسی دیکە بەنێویدا خەون نەبینێت…

دەبێت لەهەموو شارێکدا کەمنی لێبم خەونێک هەبێت، قاقا بەدنیا پێبکەنێت، کلاسیک هەبێت، موزیکی جاز و فلوت لێدەرێکی ئێواران هەبێت، کەمانچەژەنێک هەبێت لەسەر تەپڵەکێکی بچووک تاوه‌كو نیوە شەو ڕستەی موزیکی بێمانا بژەنێت.

دەبێت لەهەموو شارێکدا  منی لێبم، بیرۆکە  لاکەوتووەکانی سەر جادە هەبن ، کەبۆمن جگەلەدۆزینەوەی فۆرم نەبێت هیچی دی نین…

دەبێت لەهەموو شارێکدا منی لێبم ئەو ئەو مێینەیە هەبێت، لەچاوەڕوانیمدا لەسەر جێگای چێژ بەنێو پەردەسپیەکاندا بێت و بچێت…

دەبێت لەهەموو شارێکدا کەمن بۆی دەچم، لەواگۆنی دوای دواوە، لەبەشی نابووت و خەوبینەر و حەشیشەکێش و سۆزانی لەبیرکراو و لێبوک و کەمانچەژەن و شاعیری ڕۆمانسیدا دانیشم…دەبێت لەواگۆنی دوای دواوە دانیشم  تەنها بۆ ئەوەی کەلەوێستگەی خەیاڵی ئەو شارەدا دابەزین، بۆ ئەوەی هەموو پێکەوە لەو قاوەخانەیەدا جێگیر بین کە کورسیەک لەسووچێکیدا چاوەڕوانی منە، سووچێک لەقاوەخانەیەکدا چاوەرێی ئەوەیە چیرۆکی هەموو لێبوک و سۆزانی و حەشیشەکێش و جازیست و خەوبینەر بنوسمەوە..

دەبێت دوای  قاوە خواردنەوە ، لە سووچە تاریکەکاندا  لەگەڵ سۆزانیە بەمیهرەکاندا بگرین، لەگەڵ لێبوکی ئازیزدا سەرەموقلات بدەین و هەڵقونە بکەین، کەهیلاکیش بین لەژێر ڕیتمی نەرمی سێکسیفۆنی جازیستەکەدا گوێ لە شیعری ڕۆمانسی بگرین و بیر لەو پەنجەرەیە بکەینەوە کەڕۆژێک بەبەردەمیدا تێدەپەڕین …

دەبێت لەهەموو شارێکدا، بۆمن  قاوەخانەیەکی ئاوەها هەبێت…

دەبێت قاوەخانه‌یەکی ئاوەها، قاوەخانەیەکی تر هەبێت..

شاری كه‌مپتن – ئه‌ڵمانیا –

ساته‌كانی ته‌نیاییم له‌ سنووری سویسرا ٢٠٠٨

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین