شێركۆ بێكەس شاعیری هەرە بێكەسترین گەلی دونیا

Loading

ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر كۆچی شێركۆ بێكەس دا تێئەپەڕێ‌. دوو ساڵی پڕ لە هەواڵی ناخۆش، لە ڕوداوی دڵتەزێن، لە نەبوونیی، لە نائومێدیی و بێ‌ متمانەیی، لە سەروو ئەوانەشەوە دوو ساڵی شەڵاڵ لە نەهاتەساڵیی داهێنان و لە گڕەی وشكەساڵیی ڕووناكبیری . باوەڕ ناكەم لە ماوەی پەنجا ساڵی پێشووی مێژووی ئێمەدا، كە ئەو شاعیرە شیعری تێدا نووسیوە، كەم كسپە و كارەسات و جەرگسووتانی نەتەوەیی كورد هەبووبێ، هێندەی كسپە و كارەسات و جەرگسووتانە نەتەوەییەكانی ئەم دوو ساڵەی پێشووی، ئاوها تەنیا و غەریب و بێكەس كەوتبنەوە و ئەوەندە تاك و تەرا دەستی میهرەبانی شیعر بە سەریاندا هێنرابێ و هێندە دەگمەن قامكی وشەی جوان فرمێسكی سڕی بن.
دوو ساڵ تێئەپەڕێ‌ و لەگەڵ كۆچ و دیارنەمانی ئەو شاعیرەدا، وەك بڵێی خۆری قۆناغێك ئاوا بووبێ و سەرەتای هاتنی قۆناغێكی دی بووبێت، وەك بڵێی هەر لە ساتەوەختی مردنەكەی و رێوڕەسمی ناشایستەی هێنانەوەی تەرمەكەیەوە لە سوید و مارشە سەربازییە نەشاز و ڕێپێوان و پێشوازییە ساردوسڕەكەیەوە، ئیدی ئێمە بەر لەعنەتی ناشرینیی كەوتبین، لەو ساتەوە وردە وردە شیعری جوان دەداتە كزیی، كەفوكوڵی چالاكیی ئەدەبی دادەمركێتەوە، بستێك تۆز لەسەر جوانیی ئەنیشێ، كتێبفرۆشییەكان بە رواڵەت چەندێك قەرەباڵغ بنوێنن، هێشتا هەر چۆڵوهۆڵ دیارن، كۆڕ و فێستیڤاڵە ئەدەبییەكان ئەو رەونەقەیان نامێنێ‌ و پڕ دەبن لە ستایش و وتی وتیی زیاتر و لە قەرەباڵغیی زۆرتر و لە پاروو گلانی چەورتر.
ئەمڕۆش یادی دووەمین ساڵەی كۆچی ئەو شاعیرە لە ساتەوەختێكدایە كە جوانیی و داهێنان لەم شار و هەرێمەدا لە نزمترین بەها و پێگەیدایە، كەس مۆسیقا و شانۆ و كەڤاڵ و شیعری جوان بە پوولێكی قەڵب ناكڕێ، شەقام پڕ دەبێ لە مۆڵ و لە ئاپارتمانی بەرز و ناقۆڵا و گۆڕەپانەكان پڕ دەبن لە هووها کێشان و ناشرینیی، ناوەندە ئەدەبیی و رووناكبیرییەكان یەك لە دوای یەك بە لادا دێن و دادەخرێن و كەسیش مێش میوانی نییە، تەنانەت ئەو دەزگایەی كە شێركۆ بێكەس خۆی بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری بوو، لەبەر نەداریی و پەراوێزخستن و بڕینی بەشە بودجە و موچەی، توانای یادكردنەوەیەكی شایستەی ئەو شاعیرە و ڕایی كردنی رێوڕسمی خەڵاتە ئەدەبییەكەشی نابێ و ئەو پەلەقاژەیەشی كە لە ئێستادا بۆ بەردەوام بوونی دەزگاكە و چاپی كتێب دەیكا، وا پێدەچێ ئەوپەڕیی پێداگریی و دوایین بڕستی بەرگریی و دواهەمین هەناسەبڕكێی مانەوەی بێ، كە خۆی لە راستیدا ئەگەر شێركۆ بێكەس شاعیری وڵاتێكی خەمخۆر و كۆمەڵگەیەكی زیندوو و داوودەزگای بەرپرسیار و چالاك بوایە، ئەوا یاد و یادەوەریی و بەخششی ئەو شاعیرەی دەكردە تەزاهورەیەكی ئەدەبیی و شاری بە ڕاچڵەكینێكی گەورەی ڕووناكبیریی پێ دەتەنی.
بنوو كاك شێركۆ….بنوو وەك شاعیرێكی گەڕیدەی گەلێكی ئاوارە … بنوو وەك فەرزەندی گەلێكی بێكەس و كوڕی كۆمەڵگەیەك كە ڕوخساری جەللاد و قوربانی، دز و دەسپاك، تێكۆشەر و خایینی تێدا تێكەڵاو بووە و هەر هەمووی بووەتە یەك ڕوخسار… كاتێ لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكاندا، یانەی پێنی سویدی خەڵاتی توخولسكی – یان پێبەخشیت، دەیانزانی ئەگەر سبەینێ‌ وڵاتەكەشت ئازاد ببێ‌ و تەنانەت ئەگەر تیاشیدا ببیتە وەزیر, نە لە خۆت دەگۆڕێیت و نە لە خۆیشت دەگەڕێیت، دواجار هەر دەبیتەوە بە شاعیرە گەڕیدەكەی جاران و دەبیتەوە بە باڵیۆزە غەمگینەكەی شیعری هەرە بێكەسترین گەلی دونیا .

 

* لەئاوێنەی   04.08.2015  بڵاوبۆتەوە