پرسیار لە شیعری ئەمڕۆ

Loading

پێشەوا کاکەیی – لە نەمرەڕێ دا

پرسیار لە شیعری ئەمڕۆ*

پێشەوا کاکەیی

 

بیرکردنەوە لە شیعری ئەمڕۆ، ئاڵۆزە. کاتێک ده‌ڵێین شیعری نوێسازیمان هەیە، ئایا سیستەم و کۆمەڵگە نوێسازە؟ یان نوێسازيی وەرگرتووە و ناتوانێت لەناو خۆیدا ئەزموونی بکات، بەڵکوو لاسایيی دەکاتەوە. کاتێک ده‌ڵێین شیعری ئەمڕۆ، پەتییە و چەقی بەستووە، ئەدی ئەو هەموو گۆڕانکارییە لە شیعردا دەيبینین چییە؟ لێرەدا وەک سیستەمی هەڵبژاردن ناتوانین ڕەش و سپیی نەریت و نوێسازی لە شیعری ئەمڕۆدا یەکلایی بکەینەوە، بەڵکوو دەبێت قۆناغەکانی جیا بکەینەوە، (کە پێشتر لێى دواوم.) کۆمەڵێک ئاڵۆزی و گۆڕانکاريی لە خۆ گرتووە کە دەتوانین ڕووبەڕووی جیهانی بکەینەوە. لە ڕواڵەتدا بێت یان له‌ ناوەرۆکدا، دەیخەینە ناو زمانەوە و لەوێشەوە شیعر بەرەو ئاڕاستەی خۆی دەڕوات. ئەو ساردوسڕییەی وەک کوێستان و گەرمێنی لێ هاتووە، پێوەنديی بە زەینگەراییەوە هەیە و کات دەری دەخات. شیعری کۆن و نوێ و نوێترسازی و زۆری تر دەنووسرێت، سەردەمەکە بکەینە یەک سەردەم؟ نەخێر، ئەوەی ئەمڕۆ شاعیران دەینووسن، لە کێڵگەی شیعریدا، سەردەمی پچڕپچڕ و دابڕگەیە.

لێرەدا قسە لەسەر شیعری نەوەی نوێی کوردی نییە بە تەنیا، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی قسە لەسەر شیعری نەوەی نوێیە لە جیهاندا، ئەو نەوەیەی کە لە جیهاندا هەیە و دەیەوێت لە شیعردا جیهانبینيی خۆی و جیهانيێتیی دنیای نوێسازی دەر بخات. بیریشمان نەچێت لە سێ کێڵگەی گەورەی شیعری جیهانیدا دەنووسین، ئەویش: (شیعری خۆرهەڵاتی و شیعری خۆراوا و شیعری ئەمه‌ریکایی و شیعری ئەفریقايییە) کە شیعری خۆرهەڵات، ئەویش خۆرهەڵاتی نزیک و دووری هەیە. شیعری ئەمه‌ریکایيیش مەبەست لە هەردوو کیشوەری ئەمه‌ریکای باشوور و باکوورە. دواجار، شیعر لە هەموو جیهاندا نابێتە یەک جیهانی شیعر، بەڵکوو هەرشیعرێک لە ناوەوەی خۆیدا بە دوای جیهانێکی تردا دەگەڕێت تا لەو قۆناغە شیعرییانە بێتە دەرەوە. کە ئەم قۆناغە شیعرییە و ئەو ڕێبازە شیعرییانە لە ناو کێڵگە شیعرییەکەی خۆرهەڵات و خۆراوا و ئەفریقادا، دێراوێکی شیعریيه‌ و شیعر تێیدا ئەو ئاوەیە کە بە زمان دەیەوێت تێراوی بکات.

 

 

کاتێک قسە لەسەر شیعری کینیایی دەکەین، قسە لەباره‌ى یەکكولتووری، یەکزمانی، یەکزەینييه‌وه‌ ناکەین، بەڵکوو قسە لەباره‌ى فرەکولتووری، فرەزمانی، فرەزەینييه‌وه‌ لە سەردەمێکدا دەکەین، بەڵام بە مێژووی جیاوازەوە لەناو کێڵگەی شیعری ئەفریقايیدا. هەڵبەت کێڵگەی شیعری ئەفریقايی بە جياواز لە کێڵگەی شیعری خۆرهەڵات و خۆراوا و ئەمه‌ریکایی وێنا دەکەم. یانی دەتوانین بۆ ڕیشەکانی نەریتی و نوێسازی لە شیعریاندا بگەڕێین کە سەر بە چ کێڵگەیەکی شیعرین. کاتێک قسە لەباره‌ى شیعری کینیایيه‌وه‌ دەکەین، زەین لەناو زمانی شیعردا لە دایک دەبێت. ئایا شیعری گەلانی (ماسایی، کیسواهیلی، گیکویوویی، وایێمبوویی و…) هەمان کولتوور لەناو زمانی شیعریدا نییە، بەڵام زەینێک هەیە لە دەرەوەی شیعر ئەوانەی شارەزای فرەکولتووريی کینیایی بن، تێدەگەن هێڵێکی گشتی هەیە کە لە کێڵگەی شیعری کینیاییدا هەیە، ئەویش ئەوەیە جگە لە ڕیشە نەریتخوازییەکەی، نوێسازی تێیدا گەشە دەکات. کاتێک قسە له‌باره‌ى شیعری ئەو نەوەیەی باشووره‌وه‌ دەکەین، قسە لەسەر یەک سەردەم ناکەین، بەڵام لە سەردەمێکدا دەپەیڤین! یانی شارێکی وەکوو سلێمانی، لە گەڕەکێکدا ئەگەر دوو شاعیری تێدا بێت، یەکێک شیعری کەتواریمان بۆ بەرهەم دەهێنێت و یەکێکیش هێشتا لە سەردەمی مەحویدا گیرساوەتەوه‌. دەکەوێتە سەر زەینی شاعیر بە کام قۆناغە دەیەوێت شیعرمان پێشکێش بکات.

سەردەمی شیعری ئەمڕۆ لەچاو سەردەمەکانی پێشووتريدا خێرا دەڕوات، خوێنەری هاوچەرخ خۆی درک بەوە دەکات کە لە سەدەیەکدا هیچ گۆڕانکارییەکی شیعری له‌ لا درووست نەبووبێت، بەڵام لەو سەدەیەی کە تێیدایە، فریای ئەو هەموو گۆڕانکارییانە نەکەوێت تا کات بۆی دەر بخات. لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی ناو شیعر تا دەچێتە دەرەوەی زمانی خۆی و لەگەڵ زمانی دەرەوەی شیعردا خۆی دەگونجێنێت، کاتی دەوێت، چونكه‌ کە زمانی ناو شیعر و زمانی دەرەوە یەک بوون، ئاستەنگ لە باری شێوە و ناوەرۆک و واتاوه‌ درووست دەکات، ئەو کاته‌ گەشەی زمانی گەشەیەکە بە گۆڕانی کۆمەڵگە، نەک گەشەیەک بێت کۆمەڵگە ئاڕاستە بکات و بکەوێتە پێش زمانی خەڵکەوە. بە واتایەکی تر، شیعر لەناو زماندا بۆ هێنانەوەی زمان دەجەنگێت، چونکی لە ناوه‌وه‌ى شیعردا تێکچڕژانێکی زۆر ڕووی داوە و دەبێت پاکی بکاتەوە.

ئەگەر سەیری شیعری کۆن بکەین، هەوڵ دەدات بەرگ بە به‌ر زمان و مانادا بکات. لە شیعری نوێدا، زمان سەرقاڵی داتاشین و خەیاڵکردنی زمانە، نایەوێت هەمان زمان بەرهەم بهێنێتەوە، چونکى كارى شیعر لە لایەکی ترەوە، بەرهەمهێنانەوەی زمانە. لێرەدا شاعیر و خوێنەر چۆن لەو پێوەندییە زمانییە دەڕوانن، بۆیە خوێنەری هاوچەرخیش دەبێت پێشوەختە بە خوێندنەوەیەکی سەردەمییانە لە زمانی شیعری نوێ بڕوانێت. ناکرێت بە زمانی شیعری ئەمڕۆ، لە شیعری (نالی، گۆتە، مەولەوی، شێکسپیر و…) بڕوانین و هەمان زمانی ئەمڕۆ بەرجەستە بکەین، تا نەچینە پەراوێزەوە! کاتێک باس لە شیعری نوێ دەکەین، باس لەو شیعرە ڕووتە ناکەین کە تەنیا دیمەن دەگوازێتەوە بێ ئاماژەکانی زمان لەناویدا، بۆیە شیعری ئەمڕۆ هاوکێشەی زۆرە و ناتوانین بە یاساکانی شیعری کۆن خوێندنەوەی بۆ بکەین. لەبەر ئەوە شیعر دنیايه‌کی نوێی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە کە پچڕپچڕ و دابڕان و چوونەوەناو شتەکانی لە ڕێی زمانەوە هەیە. شیعری کۆن توانی ئەو ململانێیەی نییە، بەڵام لە شیعری نوێدا ئەو توانه‌ی دەرخستووە، یان لە شیعری نوێترسازیدا، ململانێ سەختەکەی زمان و ئاماژەکان و هێڵەکانی دەر دەخات. شیعری نوێ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونە لەدەستچووەکان و دیسانەوە لە خۆیاندا نوێى دەکاتەوە.

لەباره‌ى ڕەش و سپییه‌وه‌ داوەری ناکەم، بەرپرسیاری هەر ئەوەیە کە تۆ بزانیت شیعرت لە کوێی جیهاندا نیشتەجێ دەکەیت، چۆن ماڵێک لە زماندا دەسازێنیت کە شیعر ڕاڤەی ئەو زمانە بکات؟ دەبێت کۆمەڵێک شت بخەینە بەر باس، هەر لە شوێنی نیشتەجێبوونی شیعر لە دنیای ئەمڕۆدا کە لە کوێدا پێویستە نیشتەجێ بێتەوە، تا جیهان لە خۆیدا نوێ بکاتەوە. کاتێک شیعر لە جیهانی نوێدا نیشتەجێ دەبێت، دەبێت زمان و شێوە و وێنە و ناوەرۆکیش لە زەینی ئێمەدا نیشتەجێ بکات. ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان بزانێت و چەمکی ئاسۆ بهێنێتە ئامادەییەوە. ململانێی نوێی زانست و فەلسەفە و زمان بهێنێتە کایەوە و جیهان لە شیعردا درک بکات و بیناسێت و بیناسین کە سەر بەو جیهانەیە کە ئەو دەینەخشێنێت.

دەبێت بزانین لەمڕۆدا چیيت بۆ جیهانی نوێ پێیە، نەک چی لەمڕۆدا دەگێڕیتەوە. ئەمڕۆ چۆن‌ لە پەنجەرەی شیعرەوە لە جیهان بڕوانین، ئاسۆکانی ژیان لەناو ماڵی شیعردا چییە. چۆن‌ شیعر لە دنیای نوێدا، هەردوو دیاردەی دەروونناسی و کۆمەڵناسییانەی بۆ بکەین. ماڵسازی و خانووسازی کە چوونەتە دەرەوەی شیعر، چۆن‌ بیهێنینەوە ناو شیعر؟ شیعر لە کوێی زماندا نیشتەجێیە؟ پرسگەلێکی زۆر و چەمکگەلێکی زۆر ڕژاونەتە ناو زمانەوە و چۆن شیعر بیانهێنێتە ناو ماڵی خۆیەوە و شیعر چی فڕێ بداتە ناو ماڵی ئەوانی دیکەوە… جیهان چۆن لە فرەکولتووریدا بەرهەم بهێنینەوە؟ ئاکامناسی و دێرینەناسی لە شیعردا بەر باس بدەین؟ لەگەڵ پێشکەوتندا چۆن‌ بیر لە کێشەکانی دواکەوتن بکەینەوە؟ چۆن‌ بەناو شیعرێکدا شۆڕ بینەوە و ورد بینەوە ناو ئەو کێڵگەیەی کە لە سۆفۆکلیسەوە تا ئێستا دەگێڕینەوە چى بەرهەم دەهێنینەوە و زۆر ڕەهەندی تر…

ئەو هەوڵانەی بۆ جیاکردنەوەی شیعر و ناشیعر دەدرێن، وامان لێ ده‌كه‌ن بگەڕێینەوە بۆ پردەکانی: (نووسەر، دەق، خوێنەر.) ئايا لە چ کەشێکدا ئەنجام دەدرێت، ئامادەیيی زەینی لە کوێدایە و ڕۆح لەگەڵ ئەو زەینەدا چۆن‌ هەڵدەکات؟ بە واتایەکی تر، ئامادەیيی هۆش و هەستەکیمان هەبێت بۆ ناوەوەی دەق. دەق ڕاماوی شاعیرە تا خوێنەر بباتە تێڕامان و تێهزرینەوە یان دەق تێماوی شاعیرە و دەرگیری هەستەکانی بووە و خۆی لە شیعر خزاندووە؟ بۆ دەرکەوتنی شیعر و ناشیعر، پێویستمان بە نهێنییە شارەوەکانی دەق هەیە کە ئایا خودی خوێنەر ئازادییەکی بێسنووری هەیە یان نووسەر تا چەند ئازادانە لەگەڵ فيکردا دەستڕۆیشتوو بووە؟ واتە، لە کەشی ئازادی خوێنەر و نووسەردا، دەق خۆی دەر دەخات. 

هەربیردۆزێک بە پێی ویست و ڕێساکانی خۆی، خوێندنەوە بۆ دەق دەکات و خوێنەر و ڕەخنەگریش پەلکێشی ناو ئەو بیردۆزانە دەکات. شیعر زۆر جار دەچێتە دەرەوەی ئەم یاسایانەی کە بە بازنەی بیردۆزی دەورە دراون و خەفەی ئازادییەکەی دەکەن. یانی شیعر هەندێک جار پێش ئەو بیردۆزانە دەکەوێتەوە و پێشبینيی وەها دەکات کە دوای خۆی بیردۆزێک لە دایک دەبێت. بۆیە بۆ شیعرێک کە لە نوێدا سەر هەڵدەدات و جێی نابێتەوە، یان لە هەرقۆناغێکی شیعریدا سەر هەڵدەدات، بەڵام شیعرەکە لەو قۆناغەدا جێی نابێتەوە، هیچ بیردۆزێک ناتوانێت بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئەو کاته‌ لەگەڵ لەدایکبوونی دەقێکی نوێدا، خوێندنەوەیەکی نوێ لە دایک دەبێت کە دواجار ئەو خوێندنەوەیە وردە وردە شێوەی خۆی وەردەگرێت. ناکرێت هەر بە پێوەرەکانی بیردۆز، شیعر و ناشیعر جودا بکەینەوە، کاتێک شیعرێک لە دایک دەبێت، سەر بە جیهانێکی ترە و جیهانێکی ترى لە خۆیدا هەڵگرتووە، (خوێنەر، ڕەخنەگر) بە هەمان یاسا، خوێندنەوە بەسەر ئەو دەقەدا بسەپێنێت. دەبێت ئازاديی نووسەر و ئازاديی خوێنەر هەمان ئازادی لە بەرچاو بگرن کە خودی دەق بە دوای ئازادییەکی تردا دەگەڕێت.

ئەوەی گرنگە ئەمڕۆ، شیعر لەو دۆخە ئایۆلۆژييه‌ دەر بهێنین کە کەوتووەتە ناویەوە، گیرۆدە بووە بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و ئایینەوە. شیعر بە جۆرێک لە جۆرەکان لەو چەقبەستووییە دەر بهێنین کە سەرمایەداری ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت و خودی شیعریش بە ناڕاستەوخۆ، ناشیعرییەتی تێ کەوتووە. کاتێک قسە لەسەر شیعر دەکەین، هەموو لایەنەکانی دەخەینە ڕوو. کاتێک کە دەگوترێت شیعر جوانە، دەبێت ڕە‌هەندەکانی جوانیناسی بەر باس بدرێت. کاتێک دەگوترێت شیعر ناشیعرییەتی تێ کەوتووە، دەبێت بەر باس بدرێت. کاتێک دەڵێن بۆ بیر لە شیعر نەکەینەوە، ڕاستەوخۆ دەبێت بیر بکەینەوە کە ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و ئایین نەیەنە ناو بیرکردنەوەی شیعرەوە، ئەوسا خودی شیعر لە ناشیعرییەت ڕزگاری دەبێت. دەکرێت ئەمڕۆ خوێندنەوەیەکی پێچەوانەش بۆ شیعر وەربگرین کە شیعرە و بە ناشیعر دەشکێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە یەکێکی وەک (حەسەن نەسروڵلا، ئەبووبەکر بەغدادی، ترەمپ، ئەردۆگان و…) کە گوێ لە شیعر بگرن و بانگهێشتی شاعیرێکی ئازادیخواز بکەن تا شیعرێک بنووسێت بە تەواوی شیعر بێت و دوور بێت لە ناشیعر، ئەوا ئەو شیعرە لای ئەوان بە ناشیعرییەت دەشکێتەوە، چونكه‌ دەزانن خزمەتى بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و ئایین نەكردووه‌.

========

  • لە کتێبی (بیری شیعر و خەیاڵی زمان)ـی پێشەوا کاکەیی

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌