ئەقڵی گاڵتەجاڕی یان سینیزم ئەو پێکهاتە ناوەکیە شاراوە ترسناکەیە، لەپشت ڕۆشنگەریەوە، لەپشت مۆدێرنەوە، لەپشت شۆڕشی فەڕەنسی وشۆڕشەکانی دونیا وهاوارەکانی فەیلەسوفان بۆ ئەقڵانیەت ودواڕۆژی بەختەوەری مرۆڤەوە وەستاوە. ئەم سینیزمە لەپشت (زانستی بەختەوەری) وەستاوە، لەپشت هەموو ئەو گوتارانەی بانگەشەی گەورەی دواڕۆژێکی بەختەوەری بۆ مرۆڤایەتی دەکەن، ولەڕاستیشدا لەسەر زەوی واقیع ژیانێکی دیکە دەگوزەرێنن. بیرمەندێکی وەک (پێتەر سڵۆتێردایک) لەوبڕوایەدایە، کەئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕیە هەڵگری (هۆشمەندیەکی ڕۆشنگەرانەی ساختەیە) لەو بڕوایەدایە کە; ( سینیزم ئەقڵیکی ڕۆشنگەری و هۆشمەندی ڕیاکارانەیە…ل ٣٧ [i])
بڕوانە بەئەلمانی ؛ سڵۆتهردایک؛ ڕەخنەی ئەقڵی گاڵتەجاڕی، دەزگای پەخشی سورکامپ ١٩٨٣
سینزم یان ئەقڵی گاڵتەجاڕی لەدەرەوەی ڕۆشنگەری نییە، بەڵکو لەنێو خودی ڕۆشنگەریەوە دونیا لەگۆشەنیگایەکی پێچەوانەوە شرۆڤە دەکات. بەمانای ئەقڵی گاڵتەجاڕی لەدیوێکدا بانگەشە بۆ شتێک دەکات و بەسەر شتێکی دیکەدا دەکەوێت و شتێکی دیکە دەکات. ئەم ئەقڵە مرۆڤدۆست خۆی نمایشدەکات، بەڵام لەبەرئەوەی لەهەڵەدا یان بەمەفهومی (ئادۆرنۆ) قسەبکەین (بەژیانێکی هەڵەوە پابەندە)، لەبەرئەوە ژیانێکی هەڵە دەگوزەرەێنێت. ئەم ئەقڵە سینزمە وەک سڵۆتێردایک ئاماژەی بۆ دەکات؛ (وانەی ڕۆشنگەری فێربووە بەڵام هەرگیز ڕێنمایەکانی جێبەجێنەکردووە و ناتوانێ بیکات…هـ. س.پ)
بەدیوێکی تردا گەڕان بەدووی ئەم ئەقڵەدا قسەکردنە لەسەر خەوشی مۆدێرنە لەخودی خۆیدا، ئیدی لەسیاسەتەوە بیگرە تاوەکو پۆلیتۆلۆگەکانیان (پسپۆڕە سیاسیەکان) کەلەژێر ناوی پێکەوەژیان وهۆشمەندیەکی نوێدا سنوورەکانی هێزەتاریکیە ئاینیەکان ئایدۆلۆژیزە دەکەن، تادەگاتە ئەو بانگەشانەی کەئیتر دونیای ئێمە ڕۆشنگەر بووە. لێرەوە لەوە تێدەگەین کەئیدی ڕۆشنگەری سیاسەتێکە، کارگەیەکە، ستراتیژی خۆی هەیە و زانستیش بۆ دەسەڵاتە وەک چۆن سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمان لەپێش جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە زانین و حەزی مرۆڤ بۆ زانستیان دەڕوانی. بێگومان کۆی ئەم ڕایانە دوورکەتنەوەیە لەخودی پڕنسیبە بانگەشەبۆکراوەکانی ڕۆشنگەری ولەخودی حەزی مرۆڤ بۆ زانین. ئیدی زەمەنی (بەدەزگاکردنی پڕنسیبەکان) لەسەر ئەرزی واقیع لە سەرکردەیەکی شۆڕسی فەڕەنسیەوە لە(ڕۆپسپێر) وە بەتەواوی بەرجەستە دەبێت، کەبڕوای وەها بوو؛ دەبێت لەپێناوی ڕۆشنگەری وشۆڕشی فەڕەنسیدا لەڕۆژێکدا زیاتر لەسێ سەد سەر بپەڕێنرێت! هەروەها نابێت قۆناغێکی دیکەی دوای (ڕۆپسپێڕمان) بیربچێت کە لە قسەکەی (ناپلیۆن پۆناپارت ) دا خۆی بەرجەستە کردبوو، کە لە مارسی ١٨٠٤ دا گووتی؛ (منم شۆڕشی فەڕەنسی). نابێت لێرەدا قسەکانی لودڤیکی چواردەمان لەبیربچێت ساڵانێک لەوەوبەر بەدەستی شۆڕشگێڕە ڕۆشنگەرەکانی فەڕەنسا سەری پەڕیندرا ، لودڤیکی چواردە هەمیشە دەیگووت : منم دەوڵەت! … ههمان سهرچاوه ل ٤٠
ئاوەها ڕۆشنگەری هەر لەسەرەتاوە ئەو گەمانەی دووبارە دەکردەوە کەلەوەپێش لەکتێبەکاندا دژی دەوستایەوە، لەم خاڵەوە لەبوونی ڕۆشنگەری وزانست بەستراتیژ، مۆدێرنە لەو دووفاقیە ئەخلاقیە گەورەیەی خۆیدا دەژی، تاوەکو ڕۆژانی ئەمڕۆ کە ئیسلامی سیاسی بۆ مۆبیلاریزەکردووین.
لە ئێستادا و لەم هەستکردنە بە (ستراتیژبوونەی ڕۆشنگەری) کە مۆدێرنەی بەرهەمهێناوە، کەم نین دەنگی ئەو ئیسلامناسە ڕۆژئاوایانەیی لەو وەهمەدا دەژین، کە ئیسلام دەکرێت بکرێت بەمۆدێلێکی حوکمڕانی سیکۆلار لەژێر ناوی ( بەعەلمانیکردنی ئیسلام ) لەسەر شێوازی مۆدێلێکی دیموکراسی و پلورالیزم! ئەم خەونە، خەونی ئەقڵی گاڵتەجاڕی ڕۆشنگەریە لەبە (فابریکەکردنی ئیسلامیزم) یاخود بە (کارگەکردنی ئیسلامیزم) و (پیشەسازیکردنی ئیسلامیزم) وەک بەرهەمێکی دیکەی نیو لیبرالیزم و مۆدێرنە پێشکەشدەکرێت. لەسەرێکەوە ڕۆشنبیر وئەکادیمیەکان بەشدارن تێیدا و لەسەرێکی دیکەشەوە ئیسلامی سیاسی میانڕەویش بەشێکن لەگەمەکە، بێگومان لەڕووی بەدیهێنانی ئامانجی ستراتیژی ڕۆژئاوا و مۆدیلی ئەمریکانیزم لەڕۆژهەڵاتدا، سەلەفیزمی جیهادی لەگەڵ ئەم ستراتیژەدا یەکدەگرێتەوە، هەر وەک چۆن لەسەدەی بیستدا (ئەفغان عەرەبەکان) باوکە گەورەکانی قاعیدە و داعش لەکارکردن لەگەڵ سیای ئەمریکیدا لەم کارگەیەد ا هاوبەشبوون.
دیارە کاتێک ئەم خەونە دەبینرێت، بەوەی ئیسلام سیکۆلاریزە بکرێت، كه بێگومان خەونێکی ئیجگار ڕۆمانتیکە، ئەمە لەکاتێکدایە کە باز بەسەر خودی زیاتر لە دووسەدو شەست وپێنج ئایەتی قورئانی دەدرێت، کە سەردەپەڕەێنێت و شەرعیەت دەدات بەجیهاد لەپێناو خەلافەتی ئەبەدی موسوڵمانان لەسەر زەوی. تەنانەت بەڕووخانی ماڵی ئەوانەی کە نایەن بۆ نوێژی جەماعەت! ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕە ئهم (سینیزمه كوردییه) بازهەڵدەدات بەسەر مێژووی هەزارو پێنج سەد ساڵەی ئیسلام، لە پەیدابوونیەوە بیگرە تاوەکو ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی. ئەم (خەونە نیولیبرالیزمە ڕۆژههڵاتناسییه ) ئەوەیە کەلەم کارگەیەدا ناوجەرگ و ڕێخۆڵەی پیسی توندوتیژی ئەم مێژووە فڕێبدرێت وشتێک لە سیکۆلاریزم و شتێک لەدیموکراسی و شتێک لە پلورالیزمی کولتوری پێکەوە گرێبدرێت، دەرئەنجام وەک مۆدێلێک بۆ میللەتانی ڕۆژهەڵات بخرێتە سەر سینی مۆدێلێکی نوێی دیموکراسیەت، بێگومان ئەمە خەونی ڕۆشنبیرە پۆپۆلیستەکانی ئێمەشە!
ئەم ئەقڵە لیبرالیزمە یان نیولیبرالیزمە، زادەی کاپیتالیزمی دڕندە یان پۆست کاپیتالیزمە، کەدەیەوێت تێکەڵەیەک لەسیکۆلار وئیسلامی سیاسی ومۆدیلی دیموکراسیەت دروستبکات، کە لەگەڵ جەوهەری ئاینی ئیسلام وکۆی جەوهەری هیچ ئاینێکدا یەکناگرێتەوە، کەبیەوێت حوکم بکات. فانتازیەکی سینستی و گاڵتەجاڕییە لەدونیای مۆدێرندا. سەیر لەوەدایە ئەمە تەنها بۆئێمەی ڕۆژهەڵاتی دەخەنە بازاڕەوە و لەڕۆژئاوا خۆیدا قەدەغەی دەکەن. بەداخەوە کۆمەڵیک ڕۆشنبیری شێوه نیو لیبرالی کوردی ئەم تێزە گاڵتەجاڕیانە کوێرانە کۆپیدەکەنەوە.
بەدیوێکی تردا ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕیە هەڵگری جۆرێکە لە (خۆپەرستی / ئیگۆسێنتریزمی) فیکری کەدەیەوێت جوداوز بێت وکار لەسەر گوتاری جیاوازی دەکات. بێگومان بەچەمکە فیکریەکەی ئەوە کارە ناکات، هەر چەندە لەژێر ئەو ناونیشانەدا ئەمە دەکات، بەڵکو دەیەوێت جەماوەرخواز وشەعبیەتی هەبێت. بەمانای ئەقڵێکە وەک ئەقڵی سیاسی کوردی (پۆپۆلیزمی) کردۆتە ئامانجی خۆی. بێگومان ئەمە جۆرێکە لەپۆپۆلیزم لەژێر ناونیشانی گۆڕینی سوستێمدا خۆی نمایشدەکات، لەدوا ویستگەیدا لەڕووی پراکتیکیەوە پەلاماری ئەو هێزانە دەدات کەدەیانەوێت کۆمەڵگە لەدۆخی جێگیری ئاینیدا (سەوابتی دینی) بهێڵێتەوە.
ئەم (ئەقڵە گاڵتەجاڕیە) ئەم گەمەیە دەکات لەسەر ئاستی فیکر وبۆتە ئایدۆلۆژیستی ئیسلامەوی بەبێئەوەی ئیسلامی بێت! بۆتە هەڵگری سەوابتەکان، بەبێئەوەی خۆی بەعەمەلی هیچ سەوابتێکی ئاینی پراکتیزەبکات! ئەم ئەقڵە نیو لیبراڵە یان (کۆپی نیو لیبراڵە) لەژێر ناوی تۆلەرانس وڕۆشنگەریدا بەدەست وبەدان نایەوێت ئاین لەدەوڵەت جودابکەنەوە، کایەی ڕۆحی وکەسی، لەکایەی سیاسی لەیەکتری دووربخەنەوە! بەپێچەوانەوە، وەک هەموو ئیسلامیەک وکۆنزەڤاتیڤێکی ئاینی لەژێرناوی لیبرالیەتدا پەرە بە بەها ئاینیەکان دەدەن وتێۆریزەیدەکەن و دەیکەنە سەرچاوەی یەکەمی سیاسەت ودەستور وڕێخۆشکاری تێۆری بۆدەکەن. ئەمانە هەمووی لەژێر ناوی تۆلەرانس وبیری کرانەوەی لیبرالدا خۆیان نمایشدەکەن، بەجۆرێک کە لەکۆمەڵگەی کوردی ئێمەدا، ئۆپۆزیسیۆنبوون جۆرێک بۆیاخی ئاینی وەرگرتبوو، کەبەبێ دەستەواژەی ئاینی دەستنەدەکرا بەئاودا.
ئەم پرۆسیسەی ئەم ساڵانەی دوایی زادەی بیری ئەو ڕۆشنبیرانەن، کەهەڵگری ئەو (سینزمە نێگەتیڤەن) لەڕەخنە لەدەسەڵات وسوستێمەوە، پەڕیونەتەوە بۆنێو ڕەخنە لەخودی سێکۆلاریزم، بەجۆرێک کەدیکتاتۆر وسوستێمە پۆست سێکۆلارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسێکۆلار وەسفدەکەن! بێگومان لەگەڵ هەمان پێناسەدا یەکدەگرنەوە کەئیسلامیەکان بۆ سیکۆلاریزم هەیانە. لێرەوە بەتەعبیری (سڵۆتێردایک) بەر ئەو (هۆشمەندیە ساختە ڕۆشنگەرانە) دەکەوین. دیارە کۆی ئەم نوسینە و نوسینەکانی ترمان، وەستانە لەسەر ئەو وێستگە سەیرانەی ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕە.
ئێستاش کەمۆدێلی ڕۆژئاوای كوردستان له نموونهی و (کۆبانی) دا گەشەی کردووە، هەمان ئەو ئەکتەرە سیاسی وکولتوریانەی ئێمەیان بەهەڵگری فیکری حەماسی ونائەقڵانی وئیسلامۆفۆبیا لەقەڵەمدەدا، خۆیان جارێکیتر سواری شەپۆلەکە دەبن ودوای دەنگی زۆرینە دەکەون وکۆبانی و ڕۆژئاوا وبەنرخگرتنی ئەزمونەکە باسدەکەن! بەمەرجێک لەکاتی خۆیدا گومانیان لەدژی ئەم مۆدێلە دەخستەڕوو، لەکاتێکدا کەچرکەساتی بەرگری بوو. دیارە گەر ئەمانە بەردەوامبوونایە لەو گومانە بەناو ئەقڵانیەتەی خۆیان، ئەوا دەکرا ئێمە تێگەیشتنمان بۆئەم تێزە هەبێت، بەڵام کەئێستا کۆبانی و ڕۆژئاوا لەدۆخی بەرگری ئاژەڵانەی (ژیانی ڕووت) بەمەمەفهومی (جۆرجێۆ ئاگامبێن) یان (ژیانی ورچ) کە بە (زۆیی ZOE) لەفیکری ئاگامبێندا ناسراوە، ئەم چەمکە بەخۆماڵیکراوە بەکوردی، لەپڕێکدا دەبێتە بەرگریکردن لە مۆدێلی مرۆڤدۆستی؟! یاخود لەنمونەیەکی دیکەوە لە(بەجیڤاراکردنی داعشەوە) لەخوێندنەوەی داعش لەچوارچێوەی کۆنتێکستی بزواتە چەپ و شۆڕشگێڕانەکەی دونیایەوە، لەپڕ دەگۆڕێت بۆ پیاهەڵدان بەمۆدیلی ڕۆژئاوا! ئیدی جێگەی پرسیارە؛ تێزی ئەمانە لەکوێدا باسی هەقیقەتی سیاسی وکلتوری دەکات ولەکوێشدا درۆدەکات؟!
دیارە ئەم پشتگیریە نوێیە بۆ مۆدێلی ڕۆژئاوای كوردستان لەڕووی دەرهاویشتەی تێزبەندیەوە، دوای ئەوەدێت کە هەم (مۆدیلی ئۆردوگان) لەشانسی ئەم (ڕۆشنبیرە پۆپۆلیستانە) نەبوو بەمۆدێلی سۆسیال کریست وسۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی، وەک ساڵانێک بوو لەنێو کۆنتێکستی هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی گۆڕان لەگەڵ ئیسلامیەکاندا تیۆریرزەیان دەکرد. هەم ژیانی ناوخۆی ئیسلامی سیاسی جیهادی و داعش ئەو بوارەی نەدانێ، وەک ڕۆژهەڵاناس وئیسلامناسە لیبرالەکانی ڕۆژئاوا ناسنامەی ئیسلامیزم بەسەر ڕۆژهەڵات و زۆرانبازیەکانیدا بسەپێنین!
لەم خاڵەوە ئەم کردەیە، ئەم ئەکسیۆنە، ئەم پڕۆسەیە، ئەو پرسیارمان لەلادروستدەکات ودەگەڕینەوە بۆ بارە (هەلپەرستیەکەی ڕۆشنبیران) کەبیرمەندێکی وەک (ئۆسکار نێگێت) باسی لێوەدەکات، بەوەی گەورەترین نەخۆشی ڕۆشنبیران هەلپەرستیە (ئۆپۆرتۆنیزمە). لەم وێستەگە سەیرانەوە بەر (ئەقڵی گاڵتەجاڕی کوردی) دەکەوین، کەلەژێر ناوی گوتاری ڕۆشنبیران وگوتاری ڕەخنەییدا خۆی نمایشدەکات، کەلەڕاستیدا هیچیتر نییە، جگە لەڕەدووکەوتنی هەواو هەوەسی (مێگەلێکی نەخوێندەواری پڕ حەماسی سیاسی) بێ دووری نەبێت، کەلەژێر ناوی خوێنەر خۆی پیناسەدەکات. هەردوو کردەکە، هەردوو ئەکسیۆنەکە، (بەرهەمهێنانی دەقە) بۆ پەیداکردنی شەعبیەتێک، کەدوورە لەپرسی ڕاستەقینە لەدیاردەکان. تەنها هەڵڕشتنی زانیاریە، خومارکردنی خوێنەرێکە، دوورە لەزمانەکانی دونیا و بێئاگایە لەدیالۆگە ڕەخنەییەکان لەسەر دیاردەکانی ئەم دونیایە.
ئەم جۆرە (پۆپۆلیزمە) تەنها سیاسەتی نەگرتۆتەوە، بەڵکو زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە (ڕۆشنبیری هەلپەرست و پۆپۆلیزمی کوردی) لەهەموو بوارەکاندا مومارەسەری دەکات. هەر لەتێکست دزینەوە لەزمانی بێگانەوە بیگرە تاوەکو پلاگیات و (دزینی چەمک و بیرۆکە) ئەدەبی و فیکری ونمایشکردنی چەمکی فەلسەفی فەیلەسوفانی دیکە لەژێر ناونیشانی خودی نوسەر، لەپێناو فراوانکردنی سنورەکانی خوێنەرێکی دەروێش، کەلەڕەدووکەوتنی مەلای ئاینیەوە بۆ سەرکردەی سیاسی، ولەدواجاردا بۆ ڕۆشنبیری پۆپۆلیست خۆی درێژدەکاتەوە. کۆی ئەم کردانە، کردەی ئەقڵی گاڵتەجاڕی کوردین.
ئیدی هەر لەسەر ئاستی سایکۆلۆژیەتی تاکڕەوانەی کەسەکانەوە بیگرە، تاوەکو دەچێتە بواری یاسادانان و پەیمانی سیاسی و پڕتۆکۆلیەوە. گەڕان بەدووی ئەم ئەقڵە سینیزمە بەتایبەت لەدونیای کوردیدا (گەڕانێکی ئۆدیسۆسانەیە) بەنێو ئەو دوورگە پڕ جادوو وڕەشانەی، کەپڕن لەنیمف وحۆری جوان، بەڵام لەژێر پێستیانەوە دیوێکی ناشرینی ڕموزنبوون بوونی هەیە. کارکردن لەسەر سینیزم مانای هەڵدانەوەی پێستی جوانیە ڕووکارەکانە بۆگەیشتن بەناشرینی، بێگومان ئەمە یەکێکە لەوئەرکانەی گوتاری (ڕەخنەی ئەقڵی گاڵتەجاڕی)، کەبێگومان ئەم ڕەخنەیە تەنها بۆ کوشتنی ڕمووزنەکان نییە لەژیانی خۆماندا، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی دێوەکانە لە ناشرینی خۆیان، کەبەمەزندەی خۆیان جوانیەکە دەبێت نمایشبکرێت.
ئەدەبیاتی ئەم گوتارە:
1. Peter Sloterdijk, Kritik der zynischen Vernuft, SV 1983
2. Oskar Neget, Schluesselerfahrung eines politischen Intellaktuellen, http://inkrit.de/tagungen/documents/280-Negt-imp.pdf
3. Peter Sloterdijk, Die schreckliche Kinder der Neuzeit, SV 2014.
ئهم گوتاره له دێسمبهری ٢٠١٤ له ههفتهنامهی چاودێر بڵاۆبۆتهوه.