Eduardo Galeano
Eduardo Galeano

چیرۆکی ئەو پیاوەی عاشقی ئەستێرەیەک بوو، کە بەجێیهێشت


Loading

چیرۆکی ئەو پیاوەی عاشقی ئەستێرەیەک بوو، کە بەجێیهێشت

ئێدواردۆ گالیانۆ

لە عەرەبییەوە: حەسەن حوسێن

حەسەن حوسێن
حەسەن حوسێن

چەند حاڵەتێکی دزیکردن ڕوویاندا، بەڵام هیچ دزێک لە دۆڵی کوزکۆدا نەبوو. دزییەکان شەوانە لەو مەزرایانەدا دەکران، کە باشترین پەتاتەیان هەبوون. خاوەن کێڵگەکە تەواوی شەو بە چاوی کراوەوە چاودێری دەکرد، کەچی تەنیا بۆ ساتێک چاوەکانی لێکنان و لە چاوتروکانێکدا پەتاتەکان نەمان، تەنها ڕیزێک چاڵی تەڕیان لە دوای خۆیان جێهێشت.
شەوێکیان پیاوەکە خۆی شاردەوە. لە ناوەڕاستی مەزراکەدا بە دەمدا ڕاکشا و دەستی کرد بە پرخەپرخ، لە کاتێکدا یەکێک لە چاوەکانی کراوە بوو. کاتەکان تێپەڕین. نزیکی بەرەبەیان، بروسکەیەکی بەهێز وای لێکرد ڕابچڵەکێ و باز بدات.
ڕووناکییە درەوشاوەکە چاوی کوێر کردبوو، بەڵام توانی یەکێک لە دزەکان بە دەستەکانی بگرێت. ئەوانی تر بە تەقینەوەیەکی گڕاوی بەرەو ئاسمان هەڵاتن و لەوێ مانەوە، تا ئەوەی لە شەو مابوو ڕووناکی بکەنەوە.
ئەستێرە زیندانیکراوەکە بەڵێنی دا هەموو پەتاتە دزراوەکان بگەڕێنێتەوە و پاڕایەوە: «وام لێ مەکە لەسەر زەوی بژیمبەڵام پیاوەکە نەیهێشت بڕوات. ڕووتییە ڕۆشناییەکەی بە بەرگی خوری داپۆشی و لە ماڵەکەیدا بەندی کرد.
ڕۆژێکیان، لە کاتی ئاوابوونی خۆردا، کاتێک پیاوەکە سەیری نەدەکرد، ئەستێرەکە بەرەو ئاسمان هەڵات. پیاوەکەش بە یارمەتیی داڵە کەرخۆرە (کۆندۆر)، بە دوایدا فڕی.

لە کاتی گەشتە درێژەکەدا، پیاوەکە و داڵە کەرخۆرەکە (کۆندۆر) پیر بوون و تەمەنیان زیادی کرد، تا وای لێهات تەمەنیان بوو بە چەندین سەدە. بەڵام هەر کە گەیشتن، خۆیان هەڵدایە ناو دەریاچەی کاتەوە و مەلەیان کرد و وەک دوو گەنج هاتنەوە دەرەوە.
پیاوەکە بە ناو تەمومژی درەوشاوەی ڕێگای کاکێشاندا بەڕێکەوت. لەو گەشتەدا ئەستێرەکەی خۆی ناسییەوە و لێی پاڕایەوە ڕێگەی بدات لەلای بمێنێتەوە. پێکەوە لە گۆشەیەکی شاراوەی ئاسماندا ژیان.
لەگەڵ هەموو ئاوابوونێکی خۆردا، ئەستێرەکە لەگەڵ خوشکەکانیدا دەڕۆیشتن بۆ ڕووناککردنەوەی شەوی گەردوون. لەگەڵ هەموو بەرەبەیانێکیشدا دەگەڕایەوە و خواردنی زەوی لەگەڵ خۆی دەهێنا، کە دوای خلیسکان بۆ ناو کۆگاکانی خۆر و مانگ دەستی دەکەوت. ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا گەیشتە شوێنێک، کە ئیتر بەردەوامبوونی ئەستەم بوو.
بەیانییەکیان ئەستێرەکە نەگەڕایەوە، پیاوەکە بەناو تەمومژی ساردی ئاسماندا دەگەڕا، بە برسییەتی و تەنیاییەوە بانگی دەکرد. داڵە کەرخۆرەکە پیاوەکەی گەڕاندەوە سەر زەوی، لەوێ بەو قەهرەوە سەری نایەوە.
ئەو نەیدەتوانی چیرۆکەکە بگێڕێتەوە. یەک وشە لەو لێوانەیەوە، کە تەنانەت بۆ نانخواردنیش نەکرانەوە، دەرنەچوو. ڕەنگە لەبەر ئەوە بوو بێت ئەستێرەکە شۆکی کردبوو، یان ڕەنگە لەبەر ئەوەی دەیزانی لێرە لەسەر زەوی چیرۆکەکەی بە درۆیەکی ئاشکرا یان خەیاڵاتی بوونەوەرێکی داماو دادەنێن، کە وا دەزانێت ئەو خوایەکە و لەسەر تەختی پاشایەتیی شەو دانیشتووە.

سەبارەت بەویش (ئەستێرەکە)، ئەستێرەناسان لەسەری ڕێکنەکەوتن. هەندێک دەڵێن بەهۆی خۆشەویستییەوە کەوتە خوارەوە، هەندێکی تریش دەڵێن هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەکارهێنانی ناوی(خۆشەویستی) بۆ شتێک، کە تەنها بەزەیی یان حەزێکی تێپەڕ بوو.
هەندێک پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن ئەستێرەکە پیاوەکەی وەلا نا، چونکە نەیویست مردنی ببینێت. بەپێی وتەی ئەو شارەزایانە، ئەستێرەکان تێناگەن لە خووی ئێمە کە بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دەژین، هەروەها لەو ئارەزووە شێتانەیەی ئێمەش بۆ سەرکەوتن بەرەو ئاسمان تێناگەن: ئەوان هیچ دەربارەی مردنی مرۆڤ نازانن، بەڵام دەزانن لە سەرووی هەورەکانەوە مرۆڤگەلێک هەن ناتوانن دووبارە لەو منداڵانە لەدایک ببنەوە کە دەیانخەنەوە، یان لەو پەتاتەیەی دەیچێنن، یان لەو خۆشەویستییەی لە دوای خۆیان جێی دەهێڵن.

کەسانی تریش پێیان وایە ئەمە ماڵئاواییەکی ناچاری بووە. خۆر و مانگ ئاگاداری ئەستێرەکەیان کردەوە، کە باشتر وایە گەلەئەستێرەیەکی تر بدۆزێتەوە تا لەگەڵ ئەو مرۆڤە خۆهەرڵقورتێنەرەدا بژی. بەم جۆرە، ناتوانێت بەردەوام بێت: لە هەرکێشەیەکی نێوانیاندا، تەمەنی پیاوەکە سەد ساڵ زیادی دەکرد، و ئەستێرەکەش لە تاریکییەکی تەواودا جێهێڵدرا. ڕاستە دواتر، کاتێک لەسەر ئەو ڕقە گەمژانەیان لە یەکتر، یەکتریان بووری. ئەو سەدەیەی لە دەستی دابوو، بۆی گەڕایەوە و جوانی و درەوشانەوەی ئەستێرەکەش زیادی کرد. بەڵام هێمنی و بێدەنگی بۆشایی ئاسمان بەرگەی کارەساتی لەو شێوەیە ناگرێت. ئەو کاتە، وەک دیارە، گەورە و فەرمانڕەوا ئاسمانییەکان بڕیاریاندا دەستبەرداری ئەو پەتاتەیە ببن. کە زۆریان خۆش دەویست و ڕێگای سەر زەوی بۆ هەتاهەتایە سڕایەوە.
ئەستێرەکە پەشیمان بووەوە لەوەی فەرمانی سەپاندنی سزای گۆشەگیری، جێبەجێ بکات. ئەمە قسەی وێنەگرێکە، کە تەواوی ژیانی لە وێنەگرتنی نەیزەکەکاندا بەسەر بردووە. ئەو دڵنیایە و دەڵێت بەڵگەی هەیە: هەموو نەیزەکەکان لە یەک دەچن چونکە هەموویان تەنیا و گۆشەگیرن. ئەو ڕووناکییە تەنیا، گەڕۆک و تەڕە، هی ئەو ئەستێرەیەیە جارێک تامی مەترسی و چێژی باوەشی مرۆڤایەتی چەشت، ئەوەی ترسا، هەڵهات، ڕاو نرا و دۆزرایەوە. لەو کاتەوە، جەستە بێدەنگەکەی، کە جارێک گۆرانی بۆ پیاوەکە گوت، دەزانێت بۆ ئەوە لەدایک بووە ببێتە دوو یان هیچ کەس. ئێستا ئەو شێتانە بە ناو شەودا دەفڕێت و دەگەڕێت، بە دوی ئەو ڕێگە ونبووەی بۆ ئەم جیهانەی دەباتەوە.

 

سەرچاوە:

إدواردو غالیانو: کلمات متجولة، ترجمة اسامة اسبر لاپەڕە ١٣٣ – ١٣٥. دار الطلیعة الجدیدة، سوریا دمشق.

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.