نوسینی: ستار قادر
یاده‌وه‌ری
ئه‌و كاته‌ی لهقرچه قرچی گه‌رمای ته‌مموزی ناوه‌ڕاستی سالانی هه‌شتاكاندا بهتهلانه رێی گردی ریعایه شه‌بابدا سه‌رده‌كه‌وتین، كۆمه‌ڵێ گه‌نج بووین، به‌وپه‌ڕی دڵخۆشی و پڕ لهتامهزرۆوه ئه‌و رێگایه‌مان ده‌بڕی تامامۆستای به‌شی شێوه‌كاری ئه‌و ده‌زگایه ببینین، ئه‌گه‌رچی له‌ده‌ره‌وه‌ی دونیای ئێمه ژیانێك ده‌گوزه‌را لێوان‌لێو لهداپڵۆسین و كوشتوبڕو خوێن، به‌لام ئێمه هه‌ستمان نه‌ده‌كرد له‌دونیایه‌كی له‌و جۆره‌دا ده‌یگوزه‌رێنین، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ گه‌یشتنمان به‌دیداری ئه‌و مامۆستایه‌ی ئێمه‌و خوێندكاری دێرینی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد (لاله عه‌بده) كه هونه‌رمه‌ند (خالید ره‌سوڵ) بوو. هه‌ر له‌و دهمانهدابوو له‌ده‌م و گفتی شیرینیه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار ئاشنای هه‌ر یه‌ك له‌هونه‌رمه‌نده وێنه‌كێشه كورده‌كانی ئه‌و ده‌مه ده‌بووین، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه به به‌رده‌وام (خالید ره‌سوڵ)ی مامۆستا ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌ری وێنه‌كێشی به‌توانا (لاله عه‌بده)بوو. هه له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه بوو بۆ یه‌كه‌مجار تابلۆ ئاوییه ناوازه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌مان پێشاندرا له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه.
هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌وبوو یه‌كه‌م وانه‌ی وێنه‌كێشانی ئاوی له‌سه‌ر ده‌ستی خوێندكاره‌كه‌ی لاله عه‌بده‌وه وه‌رمان ده‌گرت. لهههرشتێكی تر زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر هونه‌ری راسته‌قینه و جیاوازیی هونه‌رو ناهونه‌ری بۆ لێكدهداینهوه، به‌و وانه گه‌له‌ی ئه‌و دونیا پڕ له‌دڵسۆزی و ئه‌مه‌كه‌ی ئه‌و بوو خولیاكانمانی گه‌یانده راده‌یه‌كی ئه‌وتۆ كه هه‌ست به‌دونیای جوانی و هه‌سته ئیستاتیكیه‌كان بكه‌ین. بێ گومان كارێكی له‌و چه‌شنه‌و ئه‌ركێكی مێژوویی به‌ئه‌مه‌كی له‌م جۆره لهئێستاشداو دوای سی ساڵ به‌سه‌ر گوزه‌رانیدا، له‌ده‌ست كه‌م كه‌س ده‌وه‌شێته‌وه، لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم ناوی هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه بهێنم كه له‌یادمدا ماون و گه‌واهی ئه‌و رۆژگاره‌ن، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌بوون: (دارا ره‌سوڵ-دارۆ، مه‌ریوان جه‌لال، رزگار ئه‌مین، هیوا كه‌ریم، كامه‌ران، كاروان له‌تیف) كه به‌رده‌وام سه‌ردانی به‌شی شێوه‌كاری ریعایه شه‌بابیان دهكردو به‌رده‌وام له‌ده‌وری هونه‌رمه‌ندو مامۆستا (خالید ره‌سوڵ) بووین، تاكو زیاتر باسی هونه‌ری نیگاركێشان و مێژووی شێوه‌كاری كوردمان بۆ بكات ئیتر له‌مانای نیو شیعره‌كانی نالیه‌وه تاكو عه‌زیز سه‌لیم و خالید سهعیدو چه‌ندانی تر، به‌لام هێند لاله عه‌بده‌ی له‌دڵمان شیرین كردبوو، داوامان لێده‌كرد زیترمان له‌سه‌ر ژیان و خوێندن و كه‌سێتی و جۆری ته‌كنیكی و ئه‌و تابلۆیانه‌ی كه دروستی كردبوون و ئه‌و دیبوونی، بۆ باس بكات. هه‌موو ئه‌و قۆناغه‌و رۆڵی ئه‌و مامۆستایه به‌ش به‌حاڵی خۆم ئه‌وه‌نده‌ی خۆشه‌ویستی و خولیام بۆ وێنه كێشان هه‌یه‌و هه‌مه له‌ئێستادا ده‌یگێڕمه‌وه بۆ ئه‌و ساتانه‌ی كه نزیك بووم له‌و مامۆستایه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ورم. هه‌رچی ئێستاشه زۆرجار هێز له‌و رۆژگارانهوه وه‌رده‌گرم تاكو به‌رده‌وام بم له‌بواره‌كه‌دا، بۆیه هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌واڵی خه‌لاتكردنی وێنه‌كێشی گه‌وره‌ی كورد (لاله عه‌بده)م بیست وه‌ك هێزێكی ئه‌فسوناوی ئه‌و رۆژگارم بێته‌وه به‌ر، هه‌موو ئه‌و چركه ساتانه‌م وه‌ك فیلمێكی سینه‌مایی هاته‌وه به‌رچاوو نه‌متوانی بێده‌نگ ببم و به‌پێویستم زانی ئه‌م چه‌ند وشه‌یه بخه‌مه سه‌ركاغه‌ز. ئومێده‌وارم چه‌ندان خه‌لاتی دیكه‌ی تر ببه‌خشرێته سه‌رجه‌م هونه‌رمه‌نده شێوه‌كاره داهێنه‌ره‌كانی كورد.
لاله عه‌بده:له بنه‌ڕه‌تدا وێنه‌كێشێكی ئه‌كادیمیم و بهتهجریدی له‌دایك نه‌بووم
دیداری: كوێستان قادر 23/9/2010
پاش (34) ساڵ غه‌ریبـی و گه‌ڕانه‌وه‌ی له تاراوگه، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار لاله عه‌بده، به‌شێوازو ستایلێكی جیاواز گه‌ڕایه‌وه كوردستان و له پانتاییه‌كی فراونداو به ره‌نگ و قه‌باره‌ی جیاواز چه‌ند تابلۆیه‌كی گوزارشتكراو له مێژوو و چیرۆكه تراژیدییه‌كانی كه به‌سه‌ر كورددا هاتوون له سالانی 70 تا 2000 له پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌تدا له رۆژی 4/9/2010 له گه‌له‌ری مۆزه‌خانه نمایشكرد.
هونه‌رمه‌ند ساڵی 1975 بۆ خوێندن و گه‌شه‌دان به هونه‌ره‌كه‌ی چووه‌ته ئیتاڵیا‌و له ئه‌كادیمیای فلۆره‌نسا خوێندوویه‌تی و چه‌ند پێشانگه‌یه‌كی كردۆته‌وه، دواتر‌و له ساڵی 1983دا چووته فه‌ڕه‌نساو له‌وێ نیشته‌جێبووه‌و چه‌ندین پێشانگه‌ی تایبه‌تی و هاوبه‌شی كردۆته‌وه‌و چه‌ند رێباز‌و ستایلی هونه‌ریی تاقیكردووهتهوهو توانیویه‌تی گۆڕانكاری له شێوازی كاره‌كانیدا بكات و چێژیان لێوه‌ربگرێت.
لاله عه‌بده له‌و پێشانگه تایبهتهیداو له تابلۆكانیدا تاڕاده‌یه‌ك به ته‌جریدی ته‌عبیری كاریكردووه‌و به‌شێوه‌یه‌ك كه زیاتر له شێوازی كاركردنه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هونه‌رێكی فیگۆرهتیڤ له‌ناو هونه‌رێكی تهجریددا، له‌هه‌مان كاتدا به بۆیه‌ی ئاوی و ئه‌كریلیك و چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی دیكه كاری له تابلۆكانیدا كردبوو. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان و كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین پێشانگه‌ی تایبه‌تی له سلێمانی، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به پێویستی زانی ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا سازبدات…
*له هه‌ندێك تابلۆتدا سیستمی كۆمپۆزشن بهدیدهكراو هاوسه‌نگییه‌ك له ره‌نگدا هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك له ره‌نگی تێر‌و گه‌رمه‌وه به‌ره‌و ره‌نگی كاڵ و سارد ده‌ڕۆیشتیت، ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
-له هونه‌ری شێوهكاریداو له‌لای من پالێت زۆر گرنگه، چونكه هه‌ستی ره‌نگی و قولایی و كۆمپۆزشن گرنگه كه هونه‌رمه‌ند بتوانێ له هه‌ستی ده‌روونی خۆیداو ئه‌و ریتم و ئاوازانه‌ی له رهنگهكانیدا به‌كاریهێناون به بینه‌ری رابگه‌یه‌نێت تا بتوانێ به‌وپه‌ڕی تواناوه ئه‌و ئاره‌زووه رهنگییانه به‌رجه‌سته‌بكات، بۆیه زۆر گرنگیم داوه به مه‌سه‌له‌ی پله‌به‌ندیی ره‌نگی، كه نه‌غمه‌یه‌كی وردكردنه‌وه‌ی ره‌نگی له تاریكییه‌وه بۆ رووناكی نرخێكی تایبه‌تی هه‌یه له‌لام، ئه‌گه‌رچی بڕۆم به‌ره‌و ته‌جرید یان فیگۆرهتیڤ یاخود تێكه‌لاوكردنی كۆمه‌ڵێك شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی تایبه‌تی شێوه‌كاری، بۆیه هه‌میشه وای ره‌چاو ده‌كه‌م كه تابلۆیه‌ك له كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی زیندووی سه‌ره‌تای بناغه‌یی پێكدێت، كه ئه‌ویش دانانی ره‌نگ و هێڵ و قه‌واره‌و دابه‌شكردنی كۆمپۆزشنه، له بنه‌ڕه‌تدا وێنه‌كێشێكی ئه‌كادیمیم و بهتهجریدی له‌دایك نه‌بووم، بۆیه هه‌میشه به‌دیده‌كرێت ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له سه‌ره‌تاوه به ئه‌كادیمی دێنه ناو تهجریدو ئه‌بستراكته‌وه، ده‌بینین ئه‌و پێگه ئه‌كادیمییه هه‌مووكات له هونه‌ره تهجریدییهكهیدا دووباره ده‌بێته‌وه.
*ئه‌گه‌ر ره‌نگی ئاوی نه‌بوایه له تابلۆكانتدا، مامه‌ڵه‌كردنت چۆن ده‌بوو؟ پێتوایه به‌رهه‌مه‌كه‌ت به‌جۆرێكی تر ده‌كه‌وته‌وه بۆ به‌دیهێنان؟
-مه‌سه‌له‌ی بوونی مادده‌یه‌ك یاخود بۆیه‌ی ئاوی زۆر گرنگه كه چ جۆره بۆیه‌یه‌كی ئاوییه‌و چۆن دروستكراوه؟ له شه‌سته‌كاندا خۆم بۆیه‌ی ئاویم به پاوده‌رێكی ره‌نگدار كه بۆ فه‌رش و خوومخانه به‌كارده‌هات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ زانیاریم بۆیه‌ی ئاویم دروستكرد، تا ئه‌وكاته‌ی چوومه په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غداو له‌وێوه فێری دروستكردنی بۆیه بووم و توانیم بۆیه‌ی ئاویی تایبه‌ت دروست بكه‌م، پێموایه ئه‌گه‌ر بۆیه‌یه‌كی باشت نه‌بێت، ناتوانی ته‌كنیكێكی باشیشت هه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ره‌نگی زه‌یتی ئه‌وه‌ی له كوردستاندا زانیومه به‌و شێوه‌یه نه‌بووه كه له ده‌ره‌وه‌ی ولات و له ئه‌كادیمییه‌كانی ئه‌وێ فێری بووم، ئه‌ویش به‌و هۆیه‌ی له ده‌ره‌وه شاره‌زاییه‌كی زۆر زیاتر و جیاوازتر هه‌یه، هه‌ر بۆیه له‌وێش زیاتر فێری ته‌كنیك بووم له‌ڕووی به‌كارهێنانی مادده‌و كه‌ره‌سته‌كانه‌وه.
*ئایا هه‌موو تابلۆ نمایشكراوهكانت گوزارشتن له گێڕانه‌وه‌ی یه‌ك چیرۆك و ته‌واوكه‌ری یه‌كترن؟
-مه‌سه‌له‌ی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و نیشتمانی و خاك زۆر گرنگ بوون و كارم له‌سه‌ركردوون، پێموایه ئه‌وه‌ش له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وروپیی له‌م بوارانه‌دا به‌تایبه‌تی مێژوویی زۆر كاریان كردووه، هه‌ر له سۆتین و كۆكۆشكاو ڤانكوخ و گۆگان و رۆدان-ه‌وه ده‌بینین بابه‌ته‌كانیان هیچی كه‌متر نییه له توانا‌و ره‌نج و ئازاره كۆمه‌لایه‌تییه‌كان، منیش یه‌كێكم له‌و ئازارانه، بۆیه به شێوه‌یه‌كی ته‌جریدی و تا سه‌رده‌مێكی دیار باس له‌و چیرۆكانه ده‌كه‌م.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ژێده‌رانه‌ی به‌كارت هێناون سیمایه‌كی مێژوویی و كۆمهلایهتیان پێوه دیاره، ئه‌و ژێده‌رانه لای تۆ چین؟
-من كه‌سێكم نه‌متوانیوه به‌بێ كۆمه‌ڵگه‌و سروشت و نیشتمان و شوێنێكی جوگرافی بژیم، كه‌سێكیش نیم زۆر چووبێتمه ناو قولایی دهروونهوهو گۆشه‌گیر بووبم، بۆیه به‌رده‌وام پالێتهكهم كۆمه‌ڵێك ده‌نگ و هه‌ست و په‌یوه‌ندییه له نێوان تاكه‌كان و سروشتداو ئه‌و رووداوه مێژوویی و كۆمه‌لایه‌تییانه‌ی تێیدا ژیاوین.
هه‌ر له منداڵیمه‌وه هه‌ستم به په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان چاوه‌كان و جه‌سته‌كان و هه‌سته‌كاندا كردووه، ژن و منداڵ پێگه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه‌و له كاره‌كانمدا بوونیان هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر دهروونیشسم هه‌یه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌كانی ئاده‌میزاددا، زۆرجاریش كۆمه‌ڵه‌كه‌م جیانه‌كردۆته‌وه، هه‌روه‌ك له تابلۆی ده‌ره‌به‌گ و دیده‌نیدا هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌ر له سه‌ره‌تای بهرههمهكانمهوهو له قوتابخانه‌ی ناوهندیمهوه كه كارم كردووه ئه‌و بابه‌تانه بوونیان هه‌بووه، هه‌روه‌ك له ساڵی 1978 له ئیتالیا یه‌كێ له پێشانگهكانم ده‌رباره‌ی نه‌بوونی و به‌دبه‌ختی بوو له ئه‌فریقا، وه‌ك هه‌ستكردنێك به ژیانی له‌ناوچوون و مردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌وره له مرۆڤایه‌تی به‌هۆی نه‌بوونی ئابوورییه‌كی باشه‌وه.
*رێبازی ئه‌بستراكت و ئێكسپرێشنیزم پێتوایه چ كارامه‌ییه‌كی به هونه‌ره‌كه‌ت به‌خشیوه؟
-ده‌ربازبوونی هونه‌رمه‌ندێك له قۆناغێكی واقیعییه‌وه بۆ ته‌عبیری و دواتر بۆ ئه‌بستراكت، كارێكی زۆر گه‌وره‌یه‌و ئازادییه‌ك له‌خۆتدا دروست ده‌كه‌یت ته‌نیا خۆت به رێبازێكه‌وه نابهستیتهوهو كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری رۆشنبیری و فكری هه‌یه، كه هونه‌رمه‌ند ده‌جوڵێنێ رێگه به‌خۆی بدات له‌و كۆمه‌ڵه به‌ها ئه‌كادیمییه‌وه ده‌ربازبێت به‌ره‌و ئه‌و ئازادییه‌ی گوزارشت له ناخی خۆی بكات.
*دوا تابلۆت ناوی (گلگامێش)ه، بۆچی له رووداوه مێژووییه‌كانه‌وه به‌ره‌و داستانێكی ئه‌فسانه‌یی بهڕێكهوتووی؟
-هه‌ركاتێ چاوم گیـَڕاوه به هه‌ر تابلۆیه‌كی هونه‌رمه‌ندیی ئه‌وروپیدا به‌تایبه‌ت ئیتاڵی و فه‌ڕه‌نسی و ئیسپانی له مۆزه‌خانه‌كاندا به‌دی ده‌كرێت كه زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان چه‌ند واقیعی و ئه‌كادیمی بووبن له زنجیره‌یه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانیدا زۆر به‌دوای ئه‌فسانه‌دا گه‌ڕاون، كه مه‌رج نییه به‌شێوه‌یه‌كی واقیعی یان ئه‌كادیمی ئه‌فسانه بگێڕدرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌توانرێ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تی و به كۆمه‌ڵێك رێبازه هونه‌رییه‌كانه‌وه ئه‌فسانه‌یه‌ك بگێڕێته‌وه، ده‌شێت خه‌ج و سیامه‌ند به شێوه‌یه‌كی زۆر ته‌جریدی به‌رجه‌سته بكه‌ی، هه‌روه‌ك چۆن له موزیكدا باس له سروشت ده‌كه‌یت، وه‌ك دیڤاڵدی كه موزیكه‌كانی بریتییه له كۆمه‌ڵێ كاری ته‌جریدی و كۆمه‌ڵێ ده‌نگ دروستده‌كات، به‌لام خۆی ناوی لێناوه چوار وه‌رزی ساڵ.
*دوای 34 ساڵ گه‌ڕانه‌وه‌ت، هونه‌ری شێوه‌كاریی كوردستانت چۆن بینییه‌وه؟
-یه‌كێك له ئاواته‌كانم ئه‌وه بوو دوای دابڕانێكی زۆر هه‌موو تابلۆكانم به‌شێوه‌یه‌كی باش له پێشانگه‌یه‌كدا پیشان بده‌م، هه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه دابڕانه‌یه كه ویستومه تابلۆكانم پیشان بده‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر په‌یوه‌ندیدار بكه‌م به گۆڕانكارییه هونهرییهكهمهوه، به‌تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه گۆڕانكارییهكانم چۆن هاتوون و روویانداوه، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆم ئاگاداری ئه‌وه نه‌بوون چۆن گۆڕانكاریم كردووه، هه‌ستم كرد تابلۆكانم له‌ماوه‌ی ئه‌م 34 ساڵه‌مدا گۆڕانكارییه‌كی زۆری تێدابووه و زۆركه‌س هه‌بوون وا هه‌ستیان كردووه كه به‌شێوه‌یه‌كی واقیعی و وه‌ك سالانی 70 كارده‌كه‌م، كه ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش ده‌رگایه‌كن بۆ هونه‌رمه‌ند كه بتوانێ بگات به‌وه‌ی به ئازادانه له رێبازه‌كانی هونه‌ری ده‌ربازی ببـێ و سه‌ربه‌ستیی ئه‌وه‌ی هه‌بێ زمانی جیاواز جیاواز له ناوه‌ڕۆكی هونه‌ریدا سه‌رمایه‌ی بێت.
*كردنه‌وه‌ی مۆزهحانهیهكی نیشتمانی له كوردستاندا به كارێكی پێویست ده‌زانیت؟
-بێگومان پێویستییه‌كی گرنگه، چونكه له هه‌موو شاره‌كانی ولاتانی دیكه مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به هونه‌ری شێوه‌كاری هه‌یه. پێموایه ناگونجێ له شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك مۆزه‌خانه نه‌بێت، كه زۆر گرنگه ئه‌و مۆزه‌خانانه دروست بكرێن له شار‌و شارۆچكه‌كاندا. له سالانی پێشوودا كه كارمان ده‌ركرد بیرمان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه گهلهرییهكمان هه‌بێت و به‌رده‌وامیش كاری خۆمانمان ده‌كرد، چونكه كاتێ هونه‌رمه‌ند دێته دنیای هونه‌ره‌وه، بۆ ئاره‌زوو و هه‌سته‌كانی خۆی كارده‌كات، نه‌ك بۆ مۆزه‌خانه‌و گه‌له‌ری و پێشانگهكردنهوه، كه له راستیدا ئه‌وه بووه‌ته نه‌خۆشییه‌ك له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی كوردستاندا، كه وا ده‌زانن ده‌ستیان به وێنه‌كێشان كرد یان له ئه‌كادیمیایه‌ك خوێندیان ده‌بێت زوو پێشانگه بكه‌نه‌وه‌و بچنه ناو مۆزهخانهكانهوهو داوای هاوكاریی ماددی له حكومه‌ت بكه‌ن، نه‌بوونی مۆزه‌خانه‌ی زۆر تایبه‌ت و پێشكه‌وتوو له كوردستاندا نابێته هۆی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌می خۆی نه‌بێت و كارنه‌كات و ته‌نیا چاوه‌ڕێی یارمه‌تیدانی حكومه‌ت و لایه‌نی به‌رپرس بێت.
Lala Abda Rahim Galleries, is entering its 35th year of presenting outstanding museum quality exhibitions and assisting its clients with a complete range of art . Lala has curated and presented close to exhibitions.
Born 1947, Sulaimania, Iraqi Kurdistan
Graduate of Fine Arts Institute, Baghdad, 1970
Diplome de l’Academie des Beaus Arts, Florence, Italy, 1978
- Né le 1 julliet 1947 á Sulamania (Kurdistan Irakien)
- FORMATION
1970 Diplômé de l’Ecole de Beaux Arts de Bagdad
1978 Diplômé avec mention de l’Ecole des Beaux Arts de Florence (Italie) - EXPOSITIONS PERSONNELLES
1970 Galerie de l’Ecole de Beaux Arts de Bagdad
1973 Sulaimania – Irak
1976 Sulaimania – Irak
1979 Galerie “ARTE CONTEMPORANEA” (La Perla) – Florence
1980 Palais Communale de CARMIGNANO (Italie)
1981 Maison de la Culture de Fiesole – Florence
1988 Galerie du Petit Pont – Strasbourg
1988 Galerie A.G.F. – Strasbourg
1989 Conseil de l’Europe – Strasbourg
1990 Galerie Bultel – Strasbourg
1996 Band de la France – Selestat
1997 Galerie Coup de Cadre – Strasbourg - EXPOSITIONS COLLECTIVES
1970 Galerie de l’Association des Artistes Irakiens – Bagdad
1972 Associatioon des Artistes Kurdes – Sulaimania – Irak
1973 Festival de Berlin Est – Allemagne
1978 Maison de la Culrure – Florence
1978 “Today’s figurative art” – Londres
1979 Galerie Guigni, FESTIVAL DE NAWROZ – Florence
1982 En collaboraion avec l; Institut Kurde de Paris – Dortmund (Allemagne)
1987 Galerie Universitaire “L’Art Kurde ” – Londres
1988 Instiut Kurde de Paris - PRIX
1974 PRIX NATIONAL DU FESTIVAL DE L’ART – Bagdad
1988 CAMPIONE DI ITALIA – Médaille dór des Académies Italiennes - ACTIVITES PEDAGGIQUES
Depuis 1988 Dours collectifs et particuliers, initiation aux diverses techniques de la peinture