خەونێک لە نیوەڕۆدا
قەسیدە
نەژاد عزیز سورمێ
ئەو بەرھەڵە ھەبێ و نەبێ چییە ؟
ئاوازی جادووگەرانی تاریکی
بەئێمە لێ نەدرا…
بەفر ،
لە دەرەوەی بازنەی وەرزەکان
چرۆی دەرکردبوو ..
ڕووبار ،
پیرییەتی یۆتۆبیای لە کۆڵ نابوو
بە نەزمی کولانەوەی برینەکانمان
دۆڵا و دۆڵ دەھات …
بەھارێکی پۆشتە بوو ..
درەخت گەڵایان ھەڵوەراند .
ئەستێرە لە ھەوران نقوم بوون .
بەڵام ئاخ ..
کلیلی عومریان شکاندین
چەخماخەی نەوایان بە زریان سپارد ..
بەم جۆرە
(مەرگ)یش جیاوازی تێکەوت!!
بڕوانە!
لێومان بە لێوی بورکانەوە ناوە
قاسیدی ھەتاویش لە قامیشەڵانی سۆزدا ،
ئاوازی جادووگەرانی تاریکی دەچڕێ ..
بەختەوەر بوون ئەوانەی ڕۆیشتن ..
بەختەوەر بوون ئەوانەی
نوێژیان بۆ ئایندەی بەفر دەکرد ..
بەختەوەر بوون
ئەوانەی (با) یان لە چاو کرد و
دڵیان لە باران پڕ کرد بوو
بەسەر پردی (نۆ ھەشت شەش)دا پەڕینەوە
بەختەوەر بوون …
(پرۆفاید کۆمفۆرت) ، بادەی نەشئەبەخش ..
شازادەی کسپەدار
لەبەر ڕەشماڵی لەعنەتیی شیعر ،
کینەوەر ،
لە شەقامی گریان
لە جوغرافیای داخراو ..
لە دڵی سەر تیشە
سەمفۆنیای ئاگری
کەنار و کەنار
بنار و بنار
ئاسمان و ئاسمان
ھەڵدەفڕاند …
بەدنمەکی
تەنی لەرزۆکی
بۆ برووسکە ناکاتەوە
ئیتر بەسەرچوون
ساتەکانی نمایشی پاکیزەیی بەسەرچوون …
ئەستێرە پۆل پۆل ڕایان کرد
تێیاندا بوو
لە لەزەتی جەستەی شەڵاڵدا دەتوانەوە ،
تاک تاکیش
بەسەر ڕەخشی ئومێدەوە مابوونەوە
دەڕژانە گیرفانە زلەکانی ئایدیۆلۆژیا ..
ئەو بەرھەڵە ھەبێ ونەبێ چییە ؟
ئەبەدییەت …
کوێرایی مێژوو …
تەکنیکی داتەپین …
گۆزەیەکی خەت خەتی سۆمەر و
شەقامێكی بە ژاوەژاوی
مەیخانەکانی (ئور) دەرچوو …
لێم دیارە… با بڕوات
گەردوونێکی سۆزانی ،
لە سوێند و شادی و
خەم و درۆدا ھەڵکێشراو
با بڕوات
مۆمێکی ھەڵایساو
بەسەر پەنجەکانییەوە دزە دەکا ،
تەلیسمی کازیوەیە …
شەفەقی ڕسکان …
دەنگەکان پچڕپچڕ
باران پچڕپچڕ
زیندانەکانی ناخ دەکوتێ …
ئەی خودای تاک و تەنیا
تەنیا
تەنیا
ئێمە سوختەی ئەو ھەڵەتەین
لە خاکی لەعنەتیی شیعر ،
نە سیپارەیەکمان پێیە
نە تێشوویەک ..
ڕۆژگار ،
بە تراکسوتێکی بریقەدارەوە
لە باخچە ئەفسانەییەکانی شەودا
دەخوولێتەوە
لەگەڵ ئەوەشدا
خەنجەرێک نەپشکوی ،
چرۆیەک دانەوەشێنرا ..
ئەی ڕووباری سەرشێت !
ڕووباری پیرییەتی یۆتۆبیا
ترسی نزیک !
کوێرایی با
لە دوورگەی شەختەڕا
دەتکەم بە کۆلارەیەک
دوور دوور
بەرز بەرز ھەڵتئەدەم
تا لە چاوی ھەمووانت ون دەکەم .
نیسانی 2001