دەربارەی پەیوەندی نێوان قەیرانی ئابووری و شۆڕش

Loading

کریس هارمەن

وەرگێڕانی لەئینگلیزیەوە: بابان ئەنوەر

“چ پەیوەندییەک لەنێوان قەیران و شۆڕشدا هەیە؟” ئەمە ئەو پرسیارەیە هەمیشە و جار لەدوای جار لەنێو میتینگی سۆسیالیستەکاندا دەخرێتەڕوو. جارێکی دیکە ئەم پرسیارە هاتەوە مەیدانەکە، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو قەیرانەی ڕوویکردە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆڵی هەبوو لە کەوتنی چاوەڕواننەکراوی (سۆهارتۆ)ی سەرۆکی ئیندۆنیسیا. لە ڕابردوودا دوو تێڕوانینی دژبەیەک و هاوکات هەڵە هەبوو دەربارەی ئەم پرسیارە.

تێڕوانینی یەکەم جەختی لەوە دەکردەوە کە قەیران بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سەردەکێشێت بۆ شۆڕش. بۆنمونە ساڵی ١٨٨٦ مارکسیستە سەرەتاییەکانی بەریتانیا، ئەوانەی ئەندامی فیدراسیۆنی سۆشیال دیموکرات بوون،

بابان ئەنوەر
بابان ئەنوەر

لەوباوەڕەدا بوون کە بێکاریی لەڕادەبەدەر -لەو کاتەدا- بە زەرووری دەبێتەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕش لە بەریتانیادا. بەو مانایەی شۆڕش وەک دەرئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی شەقام سەرهەڵدەدات، هاوشێوەی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا لە ساڵانی ١٧٨٩ هەتاوەکو ١٧٩٤. بەهەمانشێوە زۆرێک لە شۆڕشگێڕە بەریتانییەکان پێیانوابوو کە بێکاریی ساڵانی ١٩٢٠-١٩٢١ کۆتای بە سەرمایەداریی خۆرئاوا دەهێنێت کە لە دۆخێکی تابڵێی لەرزۆکدا بوو، ئەوەش بەهۆی ئەو شەپۆلە تێکۆشان و خەباتانەی دوابەدوای شۆڕشی ڕوسیادا سەریانهەڵدا. ئەم تێڕوانینە هەتاوەکو ساڵانی پەنجای سەدەی بیست باڵادەست بوو، کاتێک گوێبیستی هەندێک لە سۆسیالیسەتەکان -بەتایبەت دوای ئەو بوژانەوە ئابوورییەی کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەم بەدوای خۆیدا هێنابووی- دەبووین کە دەیانگوت کرێکاران پێویستیان بە جۆرە دۆخێکی داکشانەوەی ئابووری (رکود الاقتصادي) هەیە هەتاوەکو لە “بێباکی و خەمساردییەکەیان” بەئاگابێنەوە.

بەڵام نەمانبینی شۆڕش وەک دەرئەنجامێکی ئۆتۆماتیکی قەیرانەکانی ساڵانی هەشتای سەدەی نۆزدە و بیستەکانی سەدەی بیست و تەنانەت پاش کۆتایهاتنی بوژانەوەی ماوەدرێژی ساڵانی ١٩٧٣-١٩٧٥، هەڵبگیرسێت. بەڵکو لە واقیعدا دوا دەرئەنجامی قەیرانی کوشندەی سییەکانی سەدەی بیست سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕیی نەبوو، بەڵکو بریتیبوو لە دەرکەوتنی فاشیزم لە ئەوروپادا.

بەڵام تێڕوانینی دووەم لەمیانەی ئەم ئەزمونانەوە گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە قەیرانی ئابووری هەرگیز ناتوانێت هەلەکانی ڕوودانی شۆڕش زیادبکات. بەڵام بەهەمان شێوە ئەزموونی ڕووداوە مێژووییەکان پاڵپشتی ئەم تێڕوانینەش نابن. ڕاستە قەیرانی ساڵی ١٩٢٠-١٩٢١ ڕاستەوخۆ نەبووە هۆی هەڵگیرساندنی شۆڕش، بەڵام لێکەوتەی قەیرانەکە بووەهۆی ناڕەزایی و گرژی کۆمەڵایەتی توند لە ئەڵمانیا و بولگاریا لەساڵی ١٩٢١، هەروەها مانگرتنی گشتیی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٢٦. ڕاستە ساڵانی سیی سەدەی بیست سەرکەوتنی هیتلەری لە ئەڵمانیا بەخۆوەبینی، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ڕابوونێکی شۆڕشگێڕانە لە ئیسپانیا و دەستبەسەرداگرتنی کارگەکانی فەڕەنسا لە هاوینی ١٩٣٦دا ڕویاندا، ئەمە سەرەڕای ئەو مانگرتنانەی بوونەهۆی زیادبوونێکی بەرچاو لە ئەندامێتی سەندیکا کرێکارییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

لەڕاستیدا بەڵێ بێگومان هاوبەندی هەیە لەنێوان قەیرانی ئابووری و شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا -ئەم هاوبەندییەش هەر لە دەرکەوتنی کۆمەڵگەی چینایەتییەوە لە ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە هەمیشە بوونی هەبووە. بەڵام هەرگیز هاوبەندییەکی میکانیکی و ئۆتۆماتیکی نەبووە. بۆ لێکدانەوەی ئەمە پێویستە لە بەڕێوەچونی کاروباری هەر کۆمەڵگەیەکی چینایەتی بروانین لە “کاتە ئاساییەکان”دا. چینی فەرمانڕەوا بە بەکارهێنانی ئاوێتەیەک لە هێز و هەژموونی ئایدۆلۆژی خۆی، درێژە بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات. بەڵام هەریەک لەو دوو شتە ناتوانن تەواو کاریگەربن بەبێ فەراهەمبوونی هۆکارێکی دیکە، کە بریتییە لە هەستی باڵادەستی نێو جەماوەر بەوەی ڕێگەی ئێستای مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکاندا تاکە ڕێگەیە، هەر ئەگەرێکیش بۆ باشبوونی بارودۆخەکەیان دەکرێت لە ڕێگەی بەختەوە بێت.

ئەمە بەو مانایە نا کە بوونی ئەو هەستە وەهای کردووە خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی دڵخۆش و ئاسودەبن. ژیان بۆ زۆرکەس وەک لە ئینجیل‌دا باسکراوە تەنها بریتییە لە “دۆڵێک لە فرمێسک”، تەنانەت ئەوانەش کە دەتوانن بەردەوامی بە ئاستی ئاسایی بژێوییان بدەن، بەزەحمەت زەردەخەنە لەسەر لێویان دەبینرێت. ئەوەش بەو مانایە نایەت کە هیچ خەباتێکی چینایەتی لەئارادا نییە. هەمیشە جۆرێک لە جۆرەکانی بەرهەڵستی بوونی هەبووە، وەک خەباتی کۆیلە دژ بە ئاغا، جوتیار دژ بە دەرەبەگ، کرێکار دژ بە خاوەن کارگە، بەڵام هیچ کات ئەم فۆڕمانە لە بەرهەڵستکاریی بەشێوەیەکی سروشتی لە بزوتنەوەیەکدا کۆنابنەوە هەتاوەکو ئەو هەستە لای جەماوەر دروستبکەن کە دەکرێت بارودۆخێکی جیاوازتر بێتەئاراوە [و ڕێگەی ئێستای بەڕێوەچوونی ڕوداوەکان تاکە ڕێگە نەبن]. بەمجۆرە چینی فەرمانڕەوا بەئاسانی توانای پەرتکردن و داپڵۆسینی ئەو کەسانەی هەیە کە هەوڵی ڕێکخستنی خەباتی بەکۆمەڵی بەرفراوان دەدەن.

قەیرانی ئابووری لە دوو باردا دەتوانێت بارودۆخەکان کتوپڕ بگۆڕێت. قەیرانەکە دەتوانێت لە ساتێکدا گشت شتێک لە جەماوەر وەربگرێتەوە، تەنانەت ئەو شتە بچوکانەش کە ژیانێکی مەمرە و مەژی بۆ دابینکردبوون لە ڕابردوودا، هەربۆیە زۆرینەیان دەگەنە دۆخی بێهیوابوون. دیووی دووەمی بابەتەکەش ئەوەیە کە قەیران لێکجودابوونەوە و ئینشیقاقی قوڵ لەنێو خودی چینی فەرمانڕەوادا دەخوڵقێنێت. کاتێک دەردەکەوێت کە میتۆدە کۆنەکانی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان کەڵکیان نەماوە، ئیدی بەوپەڕی توڕەییەوە دەکەونە دژایەتی یەکتر.

ئەو ئامڕازانەی فەرمانڕەوایان لەپێناو کۆنترۆڵی ئایدۆلۆژییانەی جەماوەردا بەکاریاندەهێنا، وەک پەرستگاکان و کەنیسەکان و مزگەوتەکان لە ڕابردوودا، و ماس میدیا لە ئێستادا، دەبنە ئامڕازی شیڕە و هاوار و بەخشینەوەی تۆمەت بەسەر یەکتردا. هەروەها سیاسییەکان و گەورەپیاوانی کار و فەرماندە سەربازییەکان دەکەونە مانۆڕ دژ بە یەکتر، تەنانەت دۆخێک دێتە پێشەوە پۆلیسی نهێنی و دەزگا هەواڵگرییەکان گومان لە کێیەتی دوژمن دەکەن. لە نمونە دیار و بەرچاوەکان؛ بەشێک لە ئەندامانی چینی فەرمانڕەوا بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی جەماوەر لەپشتەوە هەوڵی مۆبیلیزەکردنی بەشێکیان دەدەن. بەمشێوەیە، جۆرێک لە کارلێکی دیالەکتیکی دێتەئاراوە لەنێوان ململانێکانی چینی فەرمانڕەوا لەسەرەوەی کۆمەڵگە، لەگەڵ جۆرێک لە تاڵایی چەشتن لەلایەن جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگە. ئەم لێکجودابوونەوانەی نێو چینی فەرمانڕەوا، ئەو هەسەتە دەدات بە جەماوەر کە بۆ یەکەمجار دەرچەیەک پەیدابووە بۆ دەربڕینی تاڵاو و توڕەییە زۆروزەبەندەکانیان، بەمجۆرە شڵەژانی چینی فەرمانڕەوا دەربارەی چۆنیەتی بەرەوپێشەوەچوون قوڵتردەبێتەوە.

لینین ؛ڕابەڕی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ڕوسیا
لینین ؛ڕابەڕی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ڕوسیا

ئەمە ڕێک ئەو مۆدێلەیە کە لە ئیندۆنیسیا بینیمان -هەروەک پڕاوپڕ بەدیهاتنیمان بینی لە فەڕەنسای ١٨٤٨، ڕوسیا ١٩١٧، ئەڵمانیا ١٩١٨-١٩١٩ و ١٩٢٣، فەڕەنسا لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیست، هەروەها دواتریش لە ئەوروپای خۆرهەڵات لەساڵانی ١٩٥٦، ١٩٦٨، ١٩٨٠-١٩٨١، ١٩٨٩. لینین ئەم بابەتەی لە دوو مەرجی سەرەکیدا پوختکردۆتەوە لەپێناو بەدیهاتنی شۆڕشدا، بەوپێیەی نە چینی فەرمانڕەوا و نە جەماوەر لەوباوەڕەدا نین کۆمەڵگە بتوانێت لەسەر ڕێگە کۆنەکە ڕێڕەوڕی خۆی تەواوبکات. بەڵام ئەمە کۆتایی پرسەکە نییە. هەر جارێک قەیران باڵدەستدەبێت و ئاستی بژێوی جەماوەر شپرزە دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو توڕەییە بگۆڕدرێت بۆ جۆرێک لە نائومێدی، چونکە چارەسەری کێشەکە تەنها لە خاڵێکدا قەتیس دەبێت کە بریتییە لە مانەوەی خەڵکی لە ژیانێکی کولەمەرگیدا، کە ئەمەش متمانەیان دادەڕمێنێت سەبارەت بە گۆڕینی بارودۆخەکە بەشێوەیەکی دەستەجەمعی. تەنها ڕوودانی ئەوەش بەسە هەتاوەکو گەلێک لە یەکەکانی چینی فەمانڕەوا کە بە شێوازێکی تا ترۆپک بەربەری و دڕندانە مامەڵەیاندەکرد، هەلێکی زێڕینیان بۆ هەڵبکەوێت هەتاوەکو چارەسەرێک بکەن بە بەر قەیرانەکەدا کە جگە لە بەرژەوەندییەکانی چینەکەیان و ئیستغلالکرنی ئەوانی دیکە خزمەت بە کەس ناکات. ئەمە ڕێک ئەوەبوو کە لە کۆتایی ڕووداوەکاندا و لەساڵانی دواهەمینی سییەکانی سەدەی بیستەمدا ڕوویدا. بەڵام ئەوە بەو مانەیە نایەت کە ئەنجامی هەموو قەیرانێکی گەورە بەشێوەیەکی حەتمی بەم چەشنە بێت.

لێرەدا ئەڵتەرناتیڤێک هەیە، کە پەیوەستە بە بونیادنانی هێزێکی بزوێنەری خەبات بەرەو ئەو خاڵەی کە قەیران کۆتایی بە چینی فەرمانڕەوا دەهێنێت و دەبێتە ئەو دەرزییەی توڕەیی جەماوەر دەتەقێنێتەوە. بەڵام هەمیشە و لەم جۆرە ساتانەدا هێزێکی سیاسی قوتدەبێتەوە کە پاڵپشتی لە پەیامێکی کوشندە و پڕ لە دژبەریی دەکات. ئەم سیاسەتکارانە داوای دانبەخۆداگرتن لە جەماوەر دەکەن و پێیان دەڵێن کە بۆ چارەسرکردنی کێشەکانیان پشت بەئەمان [هێزە سیاسییەکان] ببەستن هەتاوەکو لە بەردەوامی تێکۆشانەکەدا هێندەی تر “ئاژاوە” زیادنەکات. بە ناوی “واقیعیبوون” لە بەڕێوەچونی کاروبارەکاندا ئەم کارانە دەکەن و پاساو بە بوونی خۆیان دەدەن. بەڵام ئەوە ئەم ڕێگەیەیە کە سەرئەنجامەکەی تەنها بریتییە لە شکست و ئاژاوە.

ئەم هۆکارە وەهای لە لینین کردبوو سووربێت لەسەر مەرجێکی دیکە بۆ بەدیهێنانی شۆڕشێکی سەرکەوتوو، ئەو مەرجەش بریتییە لە بوونی پارتێکی شۆڕشگێڕی ئامادە بۆ خەبات دژی هەر ئەگەر و مەیلێک سەبارەت بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەکەکانی چینی دوژمن، کە بە ماکیاژێکی ڕەونەقدار گوتاری سیاسیی خۆی داپۆشیوە و ناویناوە “لیبڕالیزم”.

سەرچاوە؛  https://www.marxists.org/archive/harman/1998/07/slumprev.htm

کولتور مەگەزین؛ ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.