لیندا نۆکلین-Linda Nochlin 1971 لێکۆڵه‌ری فێمینیست له بواری مێژووی هونه‌ر له ئێسا به‌ناوبانگه‌که‌یدا له ژێر ناوی ( بۆچی ژنانی ئارتیستی مه‌زن وجودیان نییه؟-Why are there no great women artists ) باس له‌وه‌ده‌کات که ده‌بێت ئه‌و ڕاستی یه تاڵه قبوڵ بکرێت که ژنانی مه‌زنی ئارتسیت که‌م بوون له سه‌رده‌می کۆندا. هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ته‌واوی ستره‌کتوری کۆمه‌ڵایه‌تی و دام و ده‌زگاکان ڕێگربوون له‌به‌رده‌م به‌شداری ژنان له بواری نیگارکێشیدا. ده‌ست ڕاگه‌یشتن به ڕاهێنان و خوێندنی بواری هونه‌ری بۆ ژنان قه‌ده‌غه‌بوو. له جێگه‌ی ئه‌وه شوێنیان ناو ماڵ و ژیانێکی داخراوی خێزانی بووه.
شاره‌زایانی بواری هونه‌ر، باس له‌وه‌ده‌که‌ن که هه‌ندێک ژن به توانایه‌کی زۆره‌وه کاریان کردوه به‌ڵام هیچ کات تا ئه‌م ساته‌ش له دۆکۆمێنتاری و فیلم و لێکۆڵینه‌وه‌کاندا به‌و گرنگی یه‌ی باس له پیاو ده‌کرێ باس له ژنان ناکرێ. بۆ نمونه کاتێک باس له هونه‌رمه‌ندێکی پیاو ده‌کرێ که ناوبانگی هه‌بێت، پاشگری/سیفه‌تی (مه‌زن) به‌کاردێت له‌گه‌ڵی. تێرمی هونه‌رمه‌ندی مه‌زن-(Great Artist)به ڕۆحێکی پیاوگه‌را و پیاوانه‌وه ده‌درێته پاڵ هونه‌رمه‌ندانی پیاو وباسی کاره‌کانیان ده‌کرێت. کاتیک ته‌نانه‌ت باس له ژنێک بکرێ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رنج بدرێته سه‌ر به‌رهه‌مه هونه‌ری یه‌که‌ی، زیاتر ئاماژه بۆ ژیانی تایبه‌تی ده‌که‌ن. واته لایه‌نی ژیانی سێکسوالی، نائارامی ده‌روونی و ده‌ستدرێژی سێکسی، و کێشه‌کانی ژیانی ده‌بێته جێگای باس و ڕه‌خنه. (ئارتیمیسا، فریدا کالهۆ، لویس بۆرگۆوایس، وکامێل کلاودێل و تره‌یسی ئه‌مین) و چه‌ندانی تر، چه‌ند نمونه‌یه‌کن له‌و ژنه هونه‌رمه‌ندانه‌ی که زۆرترین فۆکۆس خراوه‌ته سه‌ر ژیانی سێکسوال و تایبه‌تیان، تا کاره هونه‌ری یه‌کانیان و هه‌ڵسه‌نگاندیان وه‌کو کاری پیاوه هاوزه‌مه‌نه‌کانی خۆیان.
تا ئێستاش کاتێک باسی هونه‌ر له سه‌رده‌مه جیاکاندا ده‌کرێ، ئه‌وه‌ی زۆر دیاره ناوهێنانی کۆمه‌ڵیک پیاوه. ته‌نانه‌ت تا حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیست، کانون و مێژووی هونه‌ر تایبه‌ت بوو به ناوی کۆمه‌ڵێک پیاو. دوای لێكۆڵینه‌وه و زیندوو کردنه‌وه‌ی ناوی چه‌ندین ژنی ئارتیست له‌لایه‌ن فێمینیسته لێکۆڵه‌ره‌کانی بواری مێژووی هونه‌ر ،توانرا ناویان بۆ کانونی هونه‌ر زیادبکرێ له زانکۆکان‌دا. له‌هه‌مان کاتدا کاره هونه‌ریه‌کانی ژنان له مۆزه‌خانه‌کانی مێترۆپۆله گه‌وره‌کان که سێنته‌ری هونه‌رن، وه‌ک له‌نده‌ن و پاریس و نیویۆرک دابنرێن.
بۆ نمونه کاتێک باس له هونه‌ری سه‌رده‌می رێنیسانس ده‌کرێ، یه‌کسه‌ر ناوی ( لیۆناردۆ داڤینچی-(Leonardo da Vinci-1452 – 1519) و( مایكل ئه‌نجیلۆMichelangelo- -1475 – 1564)دێت و وه‌ک دوو هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی جیهان… که‌سایه‌تی سێهه‌م و به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ئه‌وان گرنگ خانمه نیگارکێش ( ئارتمیسا جینتیلێسکی- 1593 – 1652/1653 Artemisia Gentileschi). ئه‌م خانمه له خانه‌واده‌یه‌کی نیگارکێشه و باوکی له ته‌مه‌نێکی منداڵیه‌وه فێری هونه‌ری نیگار‌کێشانی ده‌کات. به‌ڵام ئه‌م خانمه ده‌که‌وێته به‌ر ده‌ستدرێژی سێکسی له‌لایه‌ن مامۆستاکه‌یه‌وه، دووچاری کێشه و ناوزڕاندنی زۆر ده‌بێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو ئازار‌و کیشه‌کانی ده‌بڕێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر نیگارکێشان. به‌جۆرێک که له‌کاتی خۆیدا وتا ئه‌م ساته‌ش وه‌ک یه‌کێک له ژنه نیگارکێشه گه‌وره‌کانی دونیا مامه‌ڵه‌ده‌کرێ.
یه‌کێک له‌و ژنانه‌ی تر که په‌یکه‌رتاشی فه‌ره‌نسی (کامێل کلۆدێله – Camille Claudel 1864-1943 -) خوێندکاری (ئاگۆست ڕۆدینAuguste Rodin (1840 – 1917) -) په‌یکه‌رتاشی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی بوو. کاتێک (ڕۆدین و کامێل) یه‌کتر ده‌ناسن، ڕۆدین 43 ساڵ ته‌مه‌نی بووه و کامێل ته‌نها 18 ساڵان بووه. لێره‌وه په‌یوه‌ندی ئه‌م دوانه له فێرخواز و مامۆستاوه ده‌گۆڕێت بۆ په‌یوه‌ندی یه‌کی ئاشقانه و ته‌نانه‌ت به‌بێ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌مه نه‌فره‌تێکی زۆری که‌سانی ده‌وروو‌به‌ریان بۆ ده‌هێنێ به‌تایبه‌ت بۆ کامێل. ته‌نانه‌ت دایکی خۆی به ( ژنێکی به‌ندکراو) له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات و پێیوایه له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشێکدا جیاوازی نییه. هه‌ڵبه‌ت زیره‌کی و کاری باڵای په‌یکه‌ر تاشی کامێل بێ وێنه بووه. ئاگۆست ڕۆدین بێ ئه‌ندازه به تواناکانی سه‌رسام بووه، هه‌روه‌ک لێکۆڵه‌ره‌کان باسی لێوه ده‌که‌ن، توانای خوێنده‌واری کامیل زۆر باڵابووه، به جۆرێک که پشتی به ئه‌ده‌بی کلاسیک به‌ستوه و له کاره‌کانیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت مێتامۆرفۆزه‌کانی ئۆڤید. دواتر وه‌ک ده‌رکه‌وتووه ڕۆدین ناچاربووه زۆر زیاتر بخوێنێته‌وه بۆئه‌وه‌ی به‌ئاستی هۆشیاری و زانایی کامیلل بگات له بواری ئه‌ده‌بی کلاسیک‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا کامێل و ڕۆدین په‌یوه‌ندیان زۆر ئاڵۆز ده‌بێت و له‌یه‌ک جیاده‌بنه‌وه.
کامێل خانمه په‌یکه‌ر تاشی به‌توانا له ته‌واوی ژیانیدا کاره‌کانی و تواناکانی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیران. هه‌ربۆیه‌ش ده‌که‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی خه‌ڵك و ژیانێکی ئاڵۆز و هه‌ژار ده‌ژی. خه‌ڵک حوکمێکی مۆڕاڵی نادروستیان به‌سه‌رژیانی تایبه‌تیدا ده‌دا و توانا و کاره نایابه‌کانیان به‌هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گرت. له‌کۆتایدا تامردنی زیاتر له 30 سی ساڵی ته‌مه‌نی له شێتخانه‌دا به‌سه‌ربرد. ئه‌و شێتخانه‌یه‌ی که خۆی پێی ده‌وت (مه‌نفا) کاتێک له‌ساڵی 1951 کۆچی دوایی ده‌کات، هه‌شت ساڵ دوای ئه‌وه کاره‌کانی ده‌که‌ونه به‌ر دیدی خه‌ڵک و تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ناسرێت. له ساڵی 1982 وه ساڵی 1989 که ڕۆمانێک و فیلمێک له‌سه‌ر ئه‌م خانمه ده‌رده‌چێت به ته‌واوی ناو ده‌رده‌کات و کاره‌کانی ده‌بنه سێنته‌ری سه‌رسامی و گرنگی پێدانی شاره‌زایانی بواری هونه‌ری په‌یکه‌رتاشی. ئێستا کاره‌کانی ئه‌م خانمه له مۆزه‌خانه گه‌وره‌کانی فه‌ره‌نسا دانراوه… گه‌ر وه‌ک یه‌ک نمونه سه‌یری ژیانی ئه‌م خانمه بکه‌ین، ده‌کرێ وه‌ک ژنێک که ته‌نها ویستویه‌تی وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک، وه‌ک مرۆڤێکی سه‌ربه‌ست و ئازاد بژی و کاربکات. کرداره‌کانی و شێوه ژیانی ئه‌م خانمه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسا له دژی داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی بوو.هه‌ربۆیه‌ش (کامێل کلۆدێل) ژیانێک نه‌ژیا که خۆی ویستی و ئه‌و ناوبانگه‌ی پێنه‌به‌خشرا وه‌ک ئه‌وه‌ی به په‌یکه‌رتاشی “مه‌زن” ڕۆدین به‌خشرا. هه‌رچه‌ند ئێستا کاره‌کانی ئه‌م خانمه گرنگیه‌کی زۆری هه‌یه ، به‌ڵام ده‌یان ساڵ دوای مه‌رگی له‌شێتخانه‌دا، ئه‌م ژنه وه‌ک په‌یکه‌رتاشێکی گرنگ و مه‌زن هه‌ژمار کرا.
به‌دیوێکی تردا له‌نێو ئێمپرێشنیست ( ئینتیباعیه‌کان) دا هه‌مان فه‌رامۆشکردنی ناوی ژنانی هونه‌رمه‌ند به‌دیده‌کرێت، بۆنمونه یه‌کسه‌ر ناوه‌کانی وه‌ک کلاود مۆنێت و ئاگۆست ڕێنوار دێته باس، به‌ڵام خانمه هونه‌رمه‌نده‌کانی وه‌ک ( ماری کاسات) و (بێرتێ مۆریسۆت ) به‌و ڕاده‌یه له گرنگی باس ناکرێن. له کاتێکدا کاره‌کانی ئه‌وانیش گرنگی تایبه‌تی هه‌بووه و که‌متر نه‌بووه له کاری پیاوانی زه‌مه‌نی خۆیان. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه بڵێین که (ماری کاسات) خانمێک بووه سه‌ر به‌ئۆرستۆکراتیه‌ت یان چینی باڵابووه، به‌ڵام به‌هۆی ژنبوونیه‌وه وه‌کو هونه‌رمه‌نده پیاوه‌کانی زه‌مه‌نی خۆی نه‌یتوانیوه به‌ئازادی له‌شوێنه گشتیه‌کاندا ده‌ربکه‌وێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌له‌ی له‌ده‌ستدابوو وه‌ک مۆنێت و ئه‌وانیتر که‌پیاو بوون ، ژیانی شار نیگارکێشی بکات. لێره‌دا کاسات هه‌ر توانیویه‌تی دیمه‌نی ماڵ نیگارکێشی بکات، که‌ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه به ئه‌و جیاوازیه جێنده‌ریه زۆره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌بووه له نێوان ژن و پیاودا.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و فه‌زا داخراوه‌ی که تایبه‌ت کراوه به‌پیاو له بواری هونه‌ردا، و کردنه‌وه‌ی به‌ڕووی ژناندا به‌رهه‌می خه‌باتی ژنان خۆیان بوو. پرسیاریان خسته سه‌ر تایبه‌ت کردنی هه‌موو بواره‌کان به پیاو، هه‌روه‌ها کێشه‌ی وه‌ک جیاوازی چینایه‌تی، ڕه‌گه‌ز، سێکسوالیتی و جێنده‌ر هێنرانه به‌ر باس، که به‌هۆی ئه‌و جیاوازیانه‌وه، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که سپی و خۆرئاوایی و پیاو نه‌بوون، یاخود سه‌ر به چینی باڵا نه‌بوون که‌متر بواریان بۆ ده‌ڕه‌خسا بۆ کاره‌کانیان.
له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا بزوتنه‌وه‌یه‌ک دروست بوو به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی هونه‌ری فێمینیستی که به‌رده‌وام بوو تا کۆتایی حه‌فتاکان. ئه‌مه هه‌ڵقوڵاوی شه‌پۆلی دووهه‌می فێمینیستی بوو که هه‌وڵیان ده‌دا له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه ئه‌زموون و ژیانی ژنان نمایش بکه‌ن. هه‌روه‌ها لایه‌نێکی تری کاره‌کانیان ئه‌وه‌بوو که ڕۆڵی ژن له مێژووی هونه‌ردا زیندوو بکه‌نه‌وه ودوکۆمێنتی بکه‌ن. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له ئاستێکی جیهانیدا کاری گرنگیان ئه‌نجام دا و که‌سانێکی زۆر پێشه‌نگی و ده‌ستپێشخه‌ریان ده‌کرد به نمایشی تابۆ شکێنانه. بۆ نمونه خاتو (یۆکۆ ئۆنۆ) که هاوڕێ و هاوسه‌ری (جۆن لێنۆن) گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی به‌ریتانی بوو له شه‌سته‌کاندا. نمایشێکی پێرفۆرمانسی له شاری (کیۆتۆ)ی یابان ئه‌نجام دابوو له ساڵی 1964دا که له کاتێکدا له‌سه‌ر سته‌یج وه‌ستاوه به‌شێک له جله‌کانی له‌به‌ریدا پارچه پارچه ده‌که‌ن و ده‌یبرن. ئه‌مه به‌و مانایه‌ی که وه‌ک پرۆتیستێک بێت له دژی توندوتیژی دژی ژنان. ئه‌مه وه‌کو کارێکی هونه‌ری پڕ له شۆک هه‌ژمار کراوه که سه‌رنجی خه‌ڵك به‌لای کێشه‌یه‌کی وه‌هادا ڕاکێشێ له ڕێگای هونه‌ره‌وه. به‌شداربوونی ژنان له بواری هونه‌ری نیگارکێشاندا وه‌ک هه‌موو بواره‌کانی تر بێ کێشه و ڕێگری نه‌بووه. ته‌نها به‌هۆی گرتنه‌به‌ری ستراتیژی کارا و جیاوازه‌وه ژنان خۆیان توانیویانه جێگای خۆیان له‌و فه‌زا پیاوانه‌یه‌دا بکه‌نه‌وه.
– تێبینی ئه‌م وتاره له ڕوانگه‌و ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر ژماره‌ی 230 دا بڵاو بۆته‌وه.
سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
Nochlin, Linda. “Why Have There Been No Great Women Artists?” ARTnews January 1971: 22-39
Old Mistresses Women, Art and Ideology (2013) Rozsika Parker & Griselda Pollock –Publisher: I. B. Tauris
Kathleen Hamel: ( 2014) The Ovidian Metamorphoses of Camille Claudel- New Voices in Classical Reception Studies Issue 9.
Jonathan Jones (11 November 2013). “The 10 most shocking performance artworks ever”. The Guardian. Retrieved 15 November 2014
Ildiko Mohacsy, (2004). Artemisia Gentileschi and Her World. The Journal of the American Academy of Psychoanalysis and Dynamic Psychiatry: Vol. 32, Women and Society.
بۆ كۆی گوتاره‌كان فه‌رموون:
http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/هۆشیاری-فیمینستی/ڕه%E2%80%8Cخنه%E2%80%8Cی-فێمینستی/