دانا ڕەووف

یاداشتەکانی شانۆنامەنووسێک


Loading

 لاش نۆرێن لە ساڵی ٢٠٠٨دا، بەشی یەکەمی یاداشتەکانی خۆی بڵاودەکاتەوە و بە توندی هێرش دەکاتە سەر ناوەندە کلتووری و ڕۆشنبیرییەکەی سوێد، تەنانەت لە هاوڕێ و هاوپیشە و کەسە نزیکەکانی خۆیشی نابوێرێت. لەم ماوەیەیشدا، بەشی دووهەمی ئەم یاداشتانە بڵاودەکاتەوە، ئەم بەشەیان لەوێوە دەست پێ دەکات، کە بەشی یەکەم تەواو دەبێت. ئەم یاداشتانە بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ شیعر و پرۆسە سەرەتاییەکانی نۆرێندا یەک دەگرنەوە؛ (من)ی شیعرە بەراییەکانی لە (من)ی ئەم یاداشتانەدا گەورە دەبن. وێنە شیعرییەکان دەبن بە دیمەنی شانۆیی و کێشەیەکی ئەبەدی “من”ەکان. (من)ی نۆرێن لەم یاداشتانەدا “من”ێکی کلتووری یان هونەریی نییە، بەڵکو زیاتر “من”ێکی بە هێزی خودگەراییە و بە قووڵی لە فەلسەفە خودگەراییەکەی سارتەردا ڕەگی داکوتاوە. نۆرێن دەیەوێت بە شێوەیەکی ساکار لە (من)ی مرۆڤ بدوێت؛ لەگەڵ دڵەڕاوکێ، نائارامی، ڕووت بوونەوەی ڕۆح، توڕەبوون و هەندێک جار ئارامییەکی قووڵدا دەژی. ڕۆژگارەکانی ئەم شانۆنامەنووسە لە گێژاوی ڕووداوەکانی ڕۆژگاردا خۆی دەشارێتەوە، تێکەڵاوی خەڵکی تر دەبێت و (منەکان) لە نێو بازاڕی ژیاندا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، دەستەویەخەی یەکتر دەبن و بەیەکدا هەڵدەشاخێن. ئەم یاداشتانە، وەک ڕۆمانێک وایە و پاڵەوانەکەی باسی ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەکات، ئەم پاڵەوانە کێیە؟ بە چییەوە

دانا ڕەوفی شانۆکار
دانا ڕەوفی شانۆکار

خەریکە؟ ئەو مرۆڤانە کێن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ئەوانەیش لە دەرەوەی بازنەکانی ژیانی ئەمەوەن، دەبن بە بابەتی ئەم ڕۆمانە یاداشتئامێزە. هەر وەک ڕۆمانێک بابەت و کێشە و ناکۆکییەکانی دەخاتەڕوو. کێشەکان ڕووبەرووی کەسی حیکایەتخوانەکە دەبن، چارەسەر دەکرێن، کارەکتەرەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، گرژی دروست دەبێت، لە زۆر ڕووەوە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە، کە نۆرێن خۆیەتی ڕووداوەکان دەگەیەنێتە ئاستی ترۆپک و هەندێک جار دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا. نۆرێن لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا، بە قووڵی فەلسەفەی هایدگەر دەخوێندێتەوە و ئەم فەلسەفەیەیش دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ ئاڕاستەکانی ژیانی فیکری نۆرێن و یاداشتەکانی. نورێن لەم سەفەرەدا زۆرجار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەو بە تەواوی لە ڕووی فەلسەفییەوە لەگەڵ هایدگەر هاوبیرە و هەست دەکات بەشێوەیەک لە شێوەکان ژیان و بوونی ئەو پڕ لە جۆرە فەلسەفەیەک دەکات، کە ئەو دەبات بەرەو هەڵسەنگاندنێکی وردی نووسینەکانی. لە هەمانکاتدا بەرەو نەمانیشیان دەبات. نۆرێن بە بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ سەر هایدگەر، ڕاڤەی بۆ دەکات و ئەوەی دەیخوێنێتەوە قسەیان لەسەر دەکات. ئەم نووسەرە جگە لە هایدگەر دەگەڕێتەوە بۆ سەر بێکێت، تۆماس بێرنهارد و هارۆڵد پینتەر و خۆی بە یەکێک لەم نووسەرانە دەزانێت، نووسینەکانی، لەگەڵ نووسینەکانی ئەواندا بەراورد دەکات و دەیەوێت وەک ئەوان لە پانتاییە قووڵەکانی دەروونی مرۆڤ نزیک ببێتەوە و بچێتە گیان و جەستەی هەموومانەوە. نۆرێن هەست بە پیربوون دەکات و لە خۆئامادەکردندایە بچێتە بەرگی بێکێتێکی پیرەوەو لە مەرگ نزیک دەبێتەوە. هەندێک لەو بابەتانەیشی بە بەردەوامی دەگەڕێتەوە سەریان، مەسەلەی خۆشەویستی، دابڕان و جیابوونەوە لە ژنەکەی، هەستکردن بە بێلانەییە، هەروەها ئەم نووسەرە لەوەیشدا سەرکەوتووە، کە دەتوانێت خوێنەرەکانی لە هونەرێکی تەواو چڕ و داماڵراو و کەسێنیدا بەرەو ناوەوە، دەرەوە، سەرەوە و خوارەوە بەرێت. دەقەکانی ئەم یاداشتانە باسی هەموو شتێک دەکەن، بۆ نموونە چۆن کتێبێک دەکڕێت یان سەفەر دەکات، جلوبەرگ گۆڕین و هەروەها گفتوگۆیەکی قووڵ و بێدەنگیش لە نێوان فەلسەفە، ژیانی ڕۆژانە، ئەدەب و هونەردا. ئەوەی لە دەوروبەری خۆیدا ڕووئەدات، ئەو دونیایەی ئەوی تیا دەژی، وەردەگێڕێتە سەر زمان، زمانی “من”ێکی توڕە و ئەدەبێکی بێ خەوش و ژیانێکی ڕۆژانە. ئەم یاداشتانە کۆکردنەوەی دونیای نۆرێنە لە ئێستا و لێرەدا، هەزارەها ساتەوەخت لە ژیانی بەرجەستە دەکات و فۆرمێکی ئەدەبی و ژیانێکی ئەزەلییان پێ دەبەخشێت، کات دەوەستێت، هەروەک خۆی لە هەندێک شوێندا، یاداشتەکانی بە (وەستانی کات) ناوزەد دەکات. بەشێکی زۆری ئەم یاداشتانە باسی ئەو قۆناخە دەکات، کە نۆرێن بەڕێوبەری هونەری شانۆی گەل بووە، هەر بۆ ئەم شانۆیەیش سێینە گەورەکەی ئێسخیلۆس (ئۆرێستێیا) بەسەرکەوتنێکی گەورەوە پێشکەش دەکات. لەم یاداشتانەدا بە وردی ڕۆژانی پرۆڤە و مامەڵەی ئەکتەر و چارەسەر و گرفت و دیدی ریژی خۆی تۆمار دەکات. ئەم یاداشتانە تۆنێکی پڕ لە خەمیشی تیایە و دڵەڕاوکێ و پیربوون و نەخۆشی، وێنەیەکی تری نۆرێنمان پێشان ئەدات:”ئەوەی ئێستا من دەینووسم، هیچ تورەبوونێک،پەژارەیەک، ڕقێک، تەنانەت هیچ خۆشەویستییەکیشی تیا نییە، تەنها دەنگدانەوەی ئەزموونە دەروونییەکانی خۆمە، هەروەک چاودێرێکی ورد بەسەر تێپەڕینی زەمەنەوە…” نۆرێن بۆیە ئەم یاداشتانە دەنووسێت تا “بەڵگە کۆ [بکاتەوە]، کە [ژیانی] تەنها خەونێک نەبووە.” نورێن بڕوای بە مرۆڤێکی تاک و تەنهایە، لەم یاداشتانەیشدا ئەو کەسە تەنهایە، شاعیرە، شانۆنامەنووسە، ریژیسۆرە، باوک و عاشقە. بەڵام لەسەرو هەموو ئەمانەیشەوە کەسێکی تەنهایە، خەمبارە و چاوەڕوانی مەرگ دەکات: “من ناتوانم ڕاستەوخۆ بڵێم چ ساتێک جیهان منی لە دەست داوە، بەڵام وابزانم هەر لە دەستپێکی ژیانمەوە بووە. ئێوە دەتوانن لە دونیای مندا بژین، بەڵام من ناتوانم لە هی ئێوەدا بژیم. من لە دەرەوەی ئەو جیهانەوەم، لەوێدا کەسی لێ نییە.” ئەم نووسەرە لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانیشدا، هەست بە تەنهایی دەکات، هیچ کەسێک و هیچ شتێک هێندەی هایدگەر جێگای سەرنجی ئەونین، چەندیش ئەم فەیلەسوفە دەخوێنێتەوە، هێندەیش تووشی ڕەشبینی و دڵەڕاوکێ دەبێت. نۆرێن جۆرە شەڕێک لە نێوان ئێستاتیکا و ئێتیک بەرپا دەکات و دەیەوێت دووپاتی ئەوە بکاتەوە، کە ئەوە (زمانە) ئێمە دەپەیڤێنێت و (من) تەنها کاریگەرییەکی ئەو زمانەیە، کە ئاڕاستەم دەکات. ئەم جۆرە شەڕەیش لە نێوان تیۆریی و پراکتیک، ئێستاتیکا و ئێتیک، ئەم یاداشتانە دەکاتە ئەدەبێکی گەورە، کە نووسەرێک خوڵقاندوویەتی لە جوڵەیەکی بەردەوامدایە؛ بۆ سەرەوە، بۆ خوارەوە، بۆ ناوەوە و بۆ دەرەوە، لە هەمانکاتدا ئەو هەستەت لەلا دروست دەکات، کە بە هیچ شێوەیەک لە جێگای خۆی ناجوڵێت و لە وەستانێکی ئەبەدیدا گیری خواردووە. نۆرێن لەم یاداشتانەیدا، هەروەک یاداشتەکانی چەند ساڵێک لەمەوبەری، هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتی کلتووری لە شانۆ و ئەدبی سوێدیدا. هێرش دەکاتە سەر هاوپیشەکانی، ڕۆژنامەنووسەکان، سیاسەتمەدار، نووسەر و هاوڕێکانی و شتە تایبەتمەند و کەسێنییەکانییان ئاشکرا دەکات و پەردە لەسەر هەموو شتێک لادەبات. هەندێک لە ڕەخنەگرەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە نۆرێن هەرچەندە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ستریندبێرگ، بەڵام لاسایی ئەو دەکاتەوە و دەیەوێت دوژمن بۆ خۆی دروست بکات. هەر ئەم ڕەخنەگرانە ئاماژەیش بۆ ئەوە دەکەن، کە ستریندبێرگ لەسەر بنەمایەکی فیکری و لە نێو گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتی قووڵەوە هێرشی دەکردە سەر هەندێک نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەو دوژمنانەی بۆ خۆی دروست دەکرد. بەڵام لای نۆرێن لە سەرکۆنەکردن و هێرشێکی کەسێنی و دەروونێکی نەخۆش، زیاتر هیچیتر نییە.