کۆڕی شانۆی با، مارا-ساد نمایش ده‌کات


Loading

14793715_10207657879870699_68483119_nکۆڕی شانۆی با بەھاوکاری بەڕێوەبەرێتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی– بەشی ھونەری شانۆ  و بەشی شانۆی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی، ماوەی ١٠ مانگە سەرقاڵی پرۆڤەی نمایشی شانۆیی (مارا – ساد)ن. لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ نمایش، ٢٠ ئەکتەر رۆڵی تێدا دەبینن و بڕیارە ئێوارەی رۆژی ٦ / ١١ / ٢٠١٦ کاتژمێر (٥،٣٠) لە ھۆڵی رۆشنبیری سلێمانی یەکەم رۆژی نمایش دەست پێبکەن.

دەقی شانۆیی (مارا-ساد) لە نووسینی نووسەری ئەڵمانی (پیتەر ڤایس) و وەرگێڕانی (شێرزاد حەسەن) و دەرھێنانی (ھیوا فایەق)ە ( جەعفەر موعەلە) کاری دراماتۆلۆگی تێدا دەکات و ھونەرمەند (شیروان خان) کاری سینۆگرافیای نمایشەکەی لەئەستۆ گرتووە. دەقی ئەم نمایشە بەشێوازی (شانۆ لەنێو شانۆ)دا نووسراوە و باس لەوەدەکات، کە لەیەکێک لەنەخۆشخانە دەروونیەکاندا کۆمەلێک نەخۆش ھەڵدەسن بە پێشکەشکردنی نمایشێکی شانۆیی دەربارەی ھەندێک لە ڕوداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا، بەتایبەت ساڵی ١٧٩٣ کە یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕش( ژان پۆڵ مارا)ی  تێدا دەکوژرێت، پیتەر ڤایس لەدەقەکەیدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش و جەدەلیانە دونیای بیرکردنەوە و تێڕوانینی دوو کەسایەتی ناسراوی مێژووی مرۆڤایەتی پێکەوە کۆکردۆتەوە، (مارکیز دی ساد) و(ژان پۆڵ مارا)ی سەرکردەی شۆڕشی فەڕەنسی..(مارکیز دی ساد) کارەکتەری نووسەر و دەرھێنەری شانۆیی نێو دەقە سەرەکیەکەیە، خۆی و چەند نەخۆشێکی تر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.

لەشانۆییەکەدا نەخۆشەکان مێژووی شۆڕشی فەڕەنسا دەگێڕنەوە، گفتۆگۆیەکی چڕ و قوڵیش ھەیە لەنێوان (ژان پۆڵ مارا)ی شۆڕشگێڕ کەباوەڕ و ویستی ئەوەی ھەیە واقیع لەڕێی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خوێناویەوە بگۆڕێت، لەبەرامبەریشدا (مارکیز دی ساد)ی نووسەر و بیرمەند، کە باوەڕی بە دونیای خەیاڵ و گۆڕانکاری ناوەکی و تێڕوانینی مرۆڤ  هەیە و پێویستە لەناو خۆیدا گۆڕانکاری گەورە دروست بکات، شانۆیی مارا – ساد بەھۆی ئاست و قوڵی بیرکردنەوەکەی و ئەو گەمە سەرنجڕاکێشەی تێیدایە نمایشێکی زۆر نزیکە لە رۆحی سەردەم و ژینگەی ئێمە. ئەکرێت نمایشێکیش بێت بۆ ھەموو شوێن و سەردەمەکان.


maxresdefault
دیمه‌نێک له ئه‌رشیفی کۆڕی شانۆی با، په‌یامێک بۆ ڕۆژی جیهانی شانۆ ٢٠١٥، دەرهێنانی/ هۆرێن غەریب لە ڕۆژانی ۲٥ـ۳۱ /٥ نمایش کرا.