کراسی خوێناوی، نێوانی من و براکانم بوو

Loading

 

نیل لە بۆشایدا مایەوە
بەھانەی قاتوقڕی بارێکی تری وەرگرت
شارێک لە ژێر باوەڕی خۆی ھاتەدەرێ
نەتەوەی دێرینی سەر زەوی ئایینی خۆی گۆڕی
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو

 

پایزی نوستوو پێشوەخت سیمای لە شانی کێوەکاندا
چارەی ئەم خرۆشانە شادی لە خۆیدا ھەڵنەگرت
ڕازی پێشوو نەریتی ئەم خاکە وشکەی لەخۆیدا نەدی
ڕاستی ئەوەی لە گەڵمانبوو ھاتە پێش
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
ناوی گەنم پێشھاتێکی دووری ھێنا
بێ ئۆقرەیی زەمینی بۆ دەرەوەی خۆی برد
وەرزی بێ پایان ئارەزووی بۆ ژیانێکی نوێ بوو
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو

 

بۆنی گەنمی گرتبوو ھەوا
لەگیانمەوە پەیدا ئەبوو ئەم نانە
ئازاری وەچنگخستن درێژەی نەبوو
قاتوقڕی ئەم ساڵانە تەنگەبەری نەدەویست بۆم
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
سایلۆکان شێوەیەک بوون بۆ تەفرەدانی خەڵکی

گونتەر گراس؛  مۆزایکە نوسراوەکان _Scherbengericht
گونتەر گراس / کاری گرافیک ؛ مۆزایکە نوسراوەکان _Scherbengericht

وشکەساڵی بیانویەکی ھیچ بوو
براکانم لە ژێرناوی گەنمدا بۆ دیدەنی من لێَرەبوون
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو

 

کراسی خوێناوی، نێوانی من و براکانم بوو
چیرۆکی گورگان ڕێبەریم بوون بەرەو دونیایەکی تر
ئاشنایم بەخاکێکی سارددا تێپەڕی
زەمینی نوێ لە مانەوەم ڕێگری نەکرد
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
ویستی خاک ڕۆژانی بێ پەیوەندیم بوو
مانەوەم لەبنی بیرێکدا ئارامی دەویست
تۆقین لە مانەوە لە ژیانی کۆیلەیم بەرزتربوو
باسێک لەبێزەڕی باران نەھاتەپێش
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
بێفەڕی و قاتوقڕی ئەو ساڵانە دووریم بوو
شادی و پێکەوەیی بەشداری خەڵکی نەدەویست
ڕۆزیی ھەموان بەربوونەوەی لە ئاسمانەوە بوو
گیای سەر ئەم بەردانە ئاودێری نەدەویست
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
ھەواڵی دووریم لە کەنعان باوکمی خستە سەر ڕێگا
تێکدانی باری ھەوا ڕێگای بەکاروانچیان گۆڕی
با ئەم چینە تۆزاوییانەی لەسەرم ھەڵگرت
ھەوری دلۆڤان لە مانەوەم لەپاڵ کۆیلان تێنەگەیشت
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو

 

مانەوەم بەسەربەستی لە ژێر دادو بێھەستیدا بوو
ئەم ئازارانە بەزەیی و مروەت بوون
بێدەنگی کێوەکان نقومبووی ڕۆژانێکی دوور بوون
نیانی باران بۆ ئارامی ئەم دەشتانە تێَدابوو
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
سۆزی ژنان ناردیانمە زیندان

سکلپتور؛ دەم و چاوی بەردین / بەهادین
سکلپتور؛ دەم و چاوی بەردین /  کاری هونەرمەند (بەهادین)

شوێنم ناو بیرکردنەوەی خەڵکی بوو
فەرەحی ئەو ڕۆژانە من بووم، کات لە بەری ئارامیمی دەخوارد
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
ھاوین و زستانم لەگەڵ بەندکراواندا بوو
خەمی کۆیلان درەوشانەوەی سەر ئەم دیوارانەی نیشان ئەدا
ئاسمان بەر دەبۆوە ناو دیمەنی خۆی
ڕازی دۆزراوە لەگەڵ ئەم تاریکییەدا نەدەچووە پێش
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
ناڵەی ئەم بەردانە بەسەرماندا دەڕۆیشتن و دەکەوتن
سامی ئەم دیوارانە بەربەستێکی ڕوون بوون و دەلەرزین
ژیانی ئۆقرەگرتوو لە تارمایی خۆی ھەڵدەھات
گیانی بیرکردنەوە ڕزگاری بۆ نەبوو
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو
ڕۆژانی تەنگ و دەربەستی تێنەپەڕین
چاوانی ئاسمان بۆ تەرمی ھەزار ساڵەی ئەشکی نەبوو
خاک فریوی بارانی خوارد
شارێک خەونەکانی لە ھاتنەدەرەوەی حەوت گای لەڕ لە ڕووبارەکەیدا بەھەڵەدا چوو