پیر ئەبم و
هێندەی پشیلەیەکی لاوازم ئەمێنێتەوە ،
لە شەقامێکی شلۆقا ،گۆچانەکەم لێئەکەوێ ،
تۆ دێی، بە میهرێکی غەمگینەوە….
بۆم هەڵئەگریتەوە، کەسەکەم
***
پیر ئەبیت و
هێندەی مامزێکت ئەمێنێتەوە
بە تەنیشتما گوزەرئەکەی،….
بە بۆنی “میسک”دا ئەتناسمەوە، کەسەکەم
***
پیر ئەبم و
چاویلکەکەم تەڵخ و ڕەش.. ڕەش؛
ڕوون و سپی،…..
سپی..سپی تۆ ئەبینمەوە ،کەسەکەم
***
پیر ئەبیت و
چاویلکەکەت ڕەنگی ئاوی لێئەچۆڕێ
لەبەر دەم ماڵی خۆتانا کۆتەرەدارێک ئەبینی،….
منم، دەرگاتان ئەکووتم ، کەسەکەم
***
پیر و سەرگەردان ئەبم و
غەوارە بە ناوەکەی خۆم،
بەڵام کە ئاونگی دەنگت…..
ئەبارێتە سەر پەلکەگیای لارەملی نائومێدییم
گڕوگاڵی سەر بێشکەشم بیر دێتەوە، کەسەکەم
***
پیر ئەبیت و
هەرچی پەپوولەی ڕەنگ هەیە دەئاڵێنە کراسەکەت
پاییزانیش پێ بنێیتە هەر باخێکەوە….
درەخت ، تەعزێی کۆستکەوتەیی خۆی ئەشکێنێ، کەسەکەم
***
پیر ئەبم و
پێڵاوەکانم تاکەوتاک ئەکەمە پێم
شیعر بە تێکەڵوپێکەڵی ئەخوێنمەوە،
تاکە شتێ لێم تێکنەچێ…..
کۆڵانە تەنگەبەرەکانی فرمێسکە، کەسەکەم
***
پیر ئەبیت و
بە سەلیقەوە، چنینی گوڵێک سەرقاڵت ئەکا
گوڵێک، واق وڕماو بە تەماشاکردنی پەنجەکانت، کەسەکەم
***
پیر ئەبم و
نەخۆشیی وەک مێروولە سەرم تێئەکا،
دووکەڵی وڕێنە بنمیچی ژوورم سواغ ئەدا،…..
چاوی پەنجەرەکەم ئەکزێنێتەوە ، کەسەکەم
***
پیر ئەبیت و
ژوورەکەت مێرگوزار،
پێخەفت ڕەشەڕێحانە،
پەنجەرەت کریستاڵ، کەسەکەم
***
پیر ئەبین و
من ، سەرم کەڕوو ئەگرێ ، تۆ پەشمەک،
من چاوم تەم ئەگرێ، تۆ تریفە ،
دڵیشمان،
ئای دڵمان، چۆڕە چۆڕ هەنگوینی لێئەتکێ ، کەسەکەم
تشرینی دووەمی 2015
ئەڵمانیا/ کۆلن