مەرگی ئـایلان مەرگی کوێی ژیانە ؟

Loading

مەرگە جیاوازەکان، مەرگی ئـایلان مەرگی کوێی ژیانە ؟

 

 

 

     1  
بۆچی مەرگێک لە مەرگێکی دیکە جیاوازە، مەرگی مناڵێک لە مەرگی گەنجێک، مەرگی گەنجێک لە مەرگی بەتەمەن و بەساڵاچوویەک، مەرگی مناڵێک لە گەڵ مەرگێ پیرێکدا، مەرگی مێینەیەک لە گەڵ مەرگی نێرینەیەکدا، مەرگی شۆڕشگێڕێگ لە گەڵ مەرگی سیاسییەکی موحافیزکاردا، مەرگی دایکێک لە گەڵ مەرگی باوکێکدا، مەرگی مناڵێکی خۆت لە گەڵ مناڵێکی ئـەوانی دیکەدا، مەرگی برایەک لە گەڵ مەرگی خوشکێکدا، مەرگی ھاوڕێیەک لە گەڵ مەرگی کەسێکی دورەدەستی نەناسراودا.

فۆتۆ؛ ئایلان کوردی ئەو مندالەی خۆی و برابچوکەکەی و دایکی لەڕۆژی چوارشەمەی ڕێکەوتی 2 سێپتمبەری 2015 لەدەریای ئیجەدا  خنکان.
فۆتۆ؛ ئایلان کوردی ئەو مندالەی خۆی و برابچوکەکەی و دایکی لەڕۆژی چوارشەمەی ڕێکەوتی 2 سێپتمبەری 2015 لەدەریای ئیجەدا خنکان

 

2

مەرگ لە ئـاستێکی گەورەیدا لە ناو پەیوەندییەکاندا مانایەک دەدات. مەرگێک بۆ خۆی چ واتایەکی بۆ ئـێمە نییە، لە پەیوەندی مەرگ و کەسەکە بە ئـێمەوە دەلالەت و ھێماو نیشانەی ھەیە. واتە لە ناو پەیوەندییەکدا مانا وەردەگرێت کە ئـاست و ڕەھەندێکی سۆسیۆلۆژی ھەیە. مەرگی ھەر فیگورو ئـەکتەرێک بە دورونزیکی لە ئـێمەوە وەک مناڵ و باوک و دایک و ھاوڕێی و ھاونیشتمانی و ھاونەتەوەیی ھاو مەزھەبی و ھاوشاری و ھاو پیشەیی…مانا وەردەگرێت، بەمشێوەیە مەرگی ئـەویدیکە دانەبڕاوە لە پەیوەندییەکی سۆسیۆلۆژی بە ئـێمەوە. واتە بارگاوییە بەو ماناو خواست و ویست و خەیاڵەی ئـێمە پێمان بەخشیوەو دوwرونزیک سەروکاری لە گەڵ ژێستە ناوەکی و دەرەکییەکانی ئـێمەدا ھەیە.

ئایلان لەلایەن پۆلیسی کەناری تورکی دەدۆزرێتەوە
ئایلان لەلایەن پۆلیسی کەناری تورکی دەدۆزرێتەوە

3
مەرگی ئـایلان لەم ئـاست و دەلالەت و ھێما و نیشانە لۆکاڵییە دەرچووە، واتە مەرگێکە لە پەیوەندییەکی نا سۆسیۆلۆژی و نا مێژووییدا لەمس دەکرێت. مەرگی ئـالین دەرگیرە لە گەڵ دۆخێکی ئـۆنتۆلۆژیی و کەینونەیی کە ھێشتا بەشەریەت و پەیوەندی ئـینسانیمان لە ھەرکوێیەک بێت بە ” منداڵی و مناڵبوونەوە”ەوە زۆر ئـۆنتۆلۆژیترو کەینونەیترە. مناڵێک زیاد لە ھەر زەمەن و دەمێکی دیکەی تەمەنی ئـینسانیمان گەردونیترو یونیڤێرساڵیترە.

خەیاڵی مناڵی و مناڵان جیاواز لە خەیاڵی کامڵبوو و پێگەیشتووی گەنجێک سنوربڕو بێسنوورو سنور تێپەڕێنەرە.مناڵێک لە ھەرکوێی جوگرافیاو زەمەندا بێت دەژی و ھەڵدەکات و دەگونجێت.بە جیاواز لە گەنج و ڵیرێک کە لە ناو نەگۆڕەکانی خەیاڵ و وێناکردن و نەگۆڕە کولتوریی و زمانەوانییەکانیدا بە شێوەیەک فۆرمولەبووە کەجەوھەرێکە زیاتر جێگیرو دامەزراوە، ھەڵکردن و خۆگونجانی لەسەر ڕووکارێکی نیفاق و خۆگۆڕین بەندە. مناڵ وێناکراو نییە، مناڵ و منداڵێتی ھێڵێکی بەردەوام گۆڕدراوە لەناو سەیرورەدا کە بە کەمترین ئـاست و شێوە بەر ھێڵە ڕەقەکان دەکەوێت و لەناو ھێڵەکانی ھەڵھاتنیشدا پۆتۆنسیال و ئـەگەرو شیمانەو ئـیمکانی بوون ب فاشیستی تێدا کاڵ و ونە.

ھیچ مناڵ و مناڵییەک نابینین فاشیست بێت و ببێت بە باشی.دۆخ و سەیرورەی مناڵی و مناڵبوون ئـەو دۆخ و نا شوێنە نەگیراو خزو سرکەیە کە زیاتر لە ھەر دەمێکی دیکەی تەمەن و عومر لە شوناسبەندی و شوناسگیری دەرچووە. دەم و دۆخێک کە زۆر گەردوونیتەو زیاتر لە ھەر ئـاستێکی دیکەی زەمەنی دۆخێکی ڕەسەنی ئـۆنتۆلۆژی و ئـۆنتۆلۆژی ڕەسەنە.ئـەم دۆخەش زۆر بە خێراییەکی بێنێوەند گەردونی و یونیڤێرساڵییە.

٤
مناڵ و منداڵێتی جگە دۆخێکی ڕۆحی و کەینوونەیی لە ناو شوناسێکی دیکەدا نییە. مناڵەکان کەمترین ناسنامەو شوناسییان ھەیە، زمانی مناڵی سەر بە زمانێکی پراماتیگی و گەمەکردن و فێڵ و ستراتیژێتی ھەیمەنەو یاسا و ڕێسای بردنەوە دۆڕان نییە. تەنانەت ئـەو شوناس و ناسنامانەی لە دەرەوەی مناڵێک بەسەریدا فەرز دەکرێت لە ناونان و ناولێنان و جلوبەرگ و …ئـەو ماسک و پۆشین و بەرگانەی کە بەسەریدا دەدەین، دۆخێکی وەرگیراو و ڕەسەنی ئـۆنتۆلۆژی ناوەکی و ھەناوی نییە، بەڵکو گوتارێکە دەیسەپێنین و لەدەرەوە بۆ بەردەوامیدان و درێژکردنەوەو ئـیدامەدانی ئـەکتەرو بکەرە دەرەکیتەکان دەگەڕێتەوە. ئـەگینا مناڵی و مناڵ سەرپە ناسنامەو دەرگیربوون و بەرکەوتننە گوتاری و ئـیدۆلۆژی و ناسنامەیی و نوێنەرایەتیکردنەکان نین.مناڵی و منداڵ ھەڵگری سەیرورەیەکن کە زیاتر لە ھەر دەم و زەمەنێک لەو دیو دوالیزمەکانی شوێن/ناشوێن، نێر/مێ، زمان/ نا زمان، چاکە/ خراپەوەن. ئـەمەش ئـەو ڕووتەخت و نەخشەیە کە ھەموومان لە دۆخێکی ئـۆنتۆلۆژی و کەینوونەیدا ھاوبەشین بە کەمتری یاخود ئـاستێکی گەورەی ونبوون و کاڵبوونەوەی مێژوو شوێن و ناسنامەوە.

5
منداڵی و مناڵبوون سەر بە مێژوو نییە، مێژوو ھەم وەک شوناس و ھەمیش وەک جەبرو ناچاری. مناڵبوون و مناڵیی و مندال سەربە ئـاستێکی جوگرافیایش نییە، مێژوو جوگرافیاو ئـەو جەبرو ناچارییانەن کە شوناس و جیاوازبوون و جیاکاریی و دورکەوتنەوە دروستدەکەن. مێژوو جوگرافیاو زمان ئـەو ماڵەن کە ھۆگرو ناچارمان دەھەن بە شوناس و ناسنامەو ئـینتیماو ھۆگری بە شوێن و سیماو ئـاستە تەختییەکانی شوێن و مێژووەوە، منالی و مناLبوون ئـەو بەرزی و نخمی و تۆبۆگرافیایەیە کە وەک گردی لمین و لماوی دەردەکەون و وون دەبن.

6
مناڵ و مناڵیبوون و بونەوەرێکی زمانی و زمانەوانی نییە. بوwنێکە سەر بە زمانێکی لۆژیکیی و لۆژیکی زمان نین. مناڵ لەدەرەوەی گوتارێکی زمانی و زمانەوانی ھەڵگری پۆتێنسیال و ئـەکسیۆنی گەمەکردنن بەزمان و زمانی گەمە پێکراو. شپرزەیی و نالۆژیکی و نا ھارمۆنییەتی زمانی مناڵی و مناڵیی ناو زمان ئـەو دۆخەیە گەر ئـێمەی گەورە جەبرو ناچارییە سۆسیۆسەکان لێمان گەڕێن خوازیارو ئـارەزوومەندین بچینەوە ناوی. زمانی مناڵ و مناڵ لە زماندا لە ھەر ئـاستێکی قسەکردن و گۆکردن و ئـاخاوتنەکانیشدا بێت ئـاسایی و وەرگیراوە لە دەرەوەی ڕیزبەندی و نەزمی زمان و مۆراڵیش. ئـەمەش ئـەو دۆخە ئـۆنتۆلۆژییەیە کە پێش ئـەوەی لای مناڵ و مناڵی بێت، دۆخێکی شاراوەیە لای ھەموومان و لە سەدان ئـاستدا دەچینەوە سەری.

ئایلان و خوشکەکەی!
ئایلان و براکەی  بەتەنیا، بەتەنیا و دوورلەیەکتری لەنێو شەپۆلەکاندا خنکان !

7
مناڵیی ژیان و ژیان لە منداڵ و مناڵیدا ئـەو بەڵێکردنە ئـیسپاتیی و ڵێداگیریی و ژیانکردن و ژیانوەرگرتنەیە کە ھێشتاکە بەرنەکەوتووە لە گەڵ نەخۆشی و ناساغی و نا تەندروستی و نزیکیمان لە مەرگەوە. مناڵیی و مناڵ دوورترین ئـاستی ژیان و ژیانکردنە لە مەرگەوە. ھەر بۆیە مەرگی مناڵێک و مەرگی مناڵی زیاد لە ھەر دەمێکی دیکەی تەمەن ناخۆش و جێگەی شۆک و غەمگینی و خەمھێنەرە.

مناڵیی ئـەو ھێڵەی ژیانکردنە کە ئـارەزوو و ئـارەزوەی ژیانکردن و قوڵپدانی ژیان و قوڵپدان و فیچقەکردنەکانمان لەناو ژیان و ژیانکردندا بە بەراورد بە ھەر ئـاستێکی دیکەی زەمەن ھەڵگری پێداگیریی و بەڵێکردن و ئـەرێکردن و ئـەزموونکردنەکانە. چاوەڕوانی ژیان لە مناڵ چاوەڕوانیتەکی ناچاری و ئـۆنتۆلۆژییە کە دەیەوێت بە ھەر نرخێک ھەبێت بوونی ھەبێت و بەردەوام بێت. ژیان لە مناڵ و منداڵیدا ماکینەیەکی گەورەی بەرھەمھێنان و ئـارەزووکردنیکی بەرھەمھێنە. بە جیاوازو و بەپێچەوانەی پیری و بەساڵاچوون کە زیاتر بە بارق باری ناچاری دەچێت بەسەر ژیانەوە.

ژیان مناڵێکەو مناڵ و مناڵیش ژیان و ژیانکردن و ئـەزموونکردنی ژیانە لەو پەڕو لە ئـەوجی مانێڤستبوونی ژیاندا وەک ژیان.مناڵێک کە تیا دەچێت ئـەوە ژیانە کە چرکەو دۆخێکی ئـەکتیڤی خۆی لەناو دەبات.

8
سەرباری ئـەو دۆخە کەینوونەیی و ئـەنتۆلۆژییەی کە ژیان بەئـاستێکی ئـەرێنیی و ئـەفێرماتیڤ و بەڵێکردن و زیندوێتی و پڕ ژیانی داوای دەکات لە مناڵ و مداڵیی و بە ھەر نرخێک بێت نایەوێت بمرێت و لە کیسی بچێت، مەرگێکی کەساس وغەمگینی مناڵ و منداڵی بۆ ژیان نا ئـاساییەو تەحەموولی ناکات. واتە مەرگێک کارەساتاوییی تراژیدیای مناڵیی و مناڵیک تەریقبوونەوەی ژیانە لە ئـاست مانێڤستبوونە پڕ ئـەرێنییەکانیدا. ژیان نایەوێت وێنەی بئاڵێنین و شەپۆلەکان فڕێی بدەن و کەناری بخەن. واتە فڕێدراوێک بێت کە مەرگی ژیان چەندین قات تراژیدیتر دەکاتەوە.

 

9
پەیوەندی ئـیمە بە مناڵیی و مناڵییەوە، پەیوەندیمانە بەدۆخێکی کەینوونەیی و ڕۆحیی و ئـۆنتۆلۆژییەوە کە ئـێمەی گەورە لە ھەناوماندا وەک پۆتئـنسیالێک ھەڵمانگرتووەو لە ناوماندایەو لە باویداین. ھیچ دۆخێکی ناو ژیانکردنمان ھێندەی مناڵیی لێمانەوە نزیک و ئـارەزووکراو نییە، کە بەرانبەر مەرگی منالیی و منداڵێک توشی شۆک دەبین، ترسی لە دەستدانی مناڵی و مناڵەکانی ناو خۆمان و مناڵەکانی خۆمان و مناڵەکانی نزیک و خزم و دۆستەکانی خۆمانین. شۆکبوون بەرانبەر مەرگی مناڵێک، سڵکردنەوەو ترس و لەرزمانە بەرانبەر لە دەستچوون و لە کیسچوونی ئـەو مناڵەی لە ڕۆح و کەینوونەو بوون و وجودی خۆماندایە.

 

10
مەرگی ئـایلاند بە پەیوەند بە کوردبوونمانەوە، بەرکەوتنمانە لە گەڵ ئـەو دۆخە پڕ تراژیدی و یادەوەریی و بیرەوەری و ژیانگردنە پڕ تراژیدیا و غەمگینەی کە ژیاندوومانە.   واتە بۆ ئـێمە بەرکەوتنمانە بوە شوێنە پڕ برین و زامدارەی کە ئـێمە زیاد لە کات و سات و چرکەی شادوومانی و بەختەوەری بەریدەکەوین و تێیدا ژیاوین و تێیدا دەژین. ڕۆحی کەنارکەوتووی بئاڵێنین.
ڕۆحی کەنارکەوتوو فڕێدراوی کوردبوونە کە لە دەرەوەی ئـیرادەی خۆی دراوەتە دەست شەپۆل و با. کوردەکان کێن جگە لەو کەنار نشینانەی کە شەپۆلەکان فڕێداونەتە دەست کەنارێکی تەریک و گۆشەگیرو نامۆ لە دەرەوەی دەریای ژیانکردن و ڕیسک و موغامەرەکردن لە ناو ژیاندا.

ئـەم شین و واوەیلا و شەپڕو سروتە پڕ پرسەو تراژیدیایە، ئـەو دۆخەی ئـێمەیە کە زیاد لە ھەر دۆخێکی دیکە بەر خۆمان و ئـاستێکی تراژیدیانەی خۆمان و ژیان دەکەوین. “ئـایلان، ئـای لاند، I Land”، بۆ ئـای و ئـۆف و ئـاخ ھەڵکێشانی ئـێمە نەبێت بەرانبەر بە ( دوورگەو زەمینێک) کە نیمانە و چاوەڕوانیشین کەنەمانبێت.

 

تەواو

 

کولتور مەگەزین:

لەڕۆژی چوارشەمەی ڕێکەوتی 02.09.2015  ئایلان کوردی منداڵ و برا پێنچ ساڵەکەی و ڕەیحانەی دایکی  لە دەریای ئیجەدا دەخنکێن. فۆتۆی ئایلان دونیا دەهەژێنیت.  ڕووداوەکە بەو جۆرەیە؛ خێزانەکە لەکوبانیەوە لەدەست تیرۆر و جەنگی دژە داعش هەڵهاتبوون.  لەتورکیا قاچاخچی بەپارەیەکی زۆر  بەبەلەمی چووپی هەرزان سەفەریان پێدەکەن بەرەو یۆنان. سەفەری ئەوان  سەفەری مەرگە، هەرچەندە چەند کاژێرێک خۆیان بە بەلەمەکەوە گرێداوە، بەڵام هەریەک لە ئیلان و شنۆ کوردی، تەمەن سێ ساڵان، غالب شنۆ کوردی پێنج ساڵان و ڕێحانە کوردی دایکیان، نەیاتوانیوە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگەی شەپۆڵەکان بگرن و گیانیان لە دەستداوە، لەدوای چەندین کاژێر لەگەڵ ژیان و مردن، پاسەوانی کەنارەکان (عەبدوڵڵا شنۆ کوردی)یان ڕزگار کردووە، بەڵام پاش چی! دوای ئەوەی هەموو خێزانەکەی لەدەستدا ، دوو رۆژ دوای ئەوە  تەرمی ئەم خێزانە دەچێتەوە بۆ کۆبانی و لەوێ دەنێژرێن، شنۆ کوردی دەیەوێت لەکۆبانی بمێنیتەوە سەرەڕای ئووەی کەنەدا مافی پەنابەری  و کارتی سەوزی پیدەبەخشێت، دەیەوێت نێزیک گۆری خێزانەکەی و ئیلان گیاندا ژیان بەسەر بەرێت.

بۆ زیاتر  فەرموون؛

ڕاپۆڕتی گاردیان

ڕاپۆڕتی ئیندیپێندێنت

دێر شپیگلی ئەڵمانی

تێبینی: ڕێنوس و تێرمەکان تایبەتە بەنوسەر خۆی.