كاری گه‌یلان عه‌بدوڵا

پڕۆژەی جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو ٤


Loading

گەیلان عەبداڵلە ناوی (نەفرەت)ی لە کارەکەی ناوە و پێکهاتووە لە ڤیدیۆ پێرفۆرمانس. ساڵی 2013 لە پاریس ئەم کارەی دروستکردووە و بۆ یەکەم جار لەم پێشانگایەدا نیشانیداوە، تیایدا وێنەی دوو مرۆڤی بەکارهێناوە کە بەردەوام تف لەیەکدی دەکەن. هەردوو مرۆڤەکە هونەرمەند خۆیەتی، لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا بە ڕەنگی ئەکریلی ڕەش دەموچاوی خۆی داپۆشیوە و لەوەکەی دیکەیاندا بە ئەکریلی سپی.

ناوەرۆکی کارەکە حاڵەتێکی دژوارە، نیشاندانی جۆرێکە لە توڕەیی و ڕق و ڕەفزکردنی دوو مرۆڤ بۆ یەکدی، (وەک ڤیدیۆکان نیشانی ئەدەن) وێنەی مرۆڤەکان لە دوو ڕەگەزی جیا و دوو ڕەنگی جیا پێکهاتوون. هونەرمەند ئەم حاڵەتەی بە وێنەی تفکردن لەیەک و تەکنیکی ڤیدیۆی ئەنستلەیشن نیشانداوە.

(نەفرەت) ـ کاری گەیلان عبدللە

تفکردن لە یەک لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگای ئیسلامیدا جۆرێکە لە دەربرینی رق، لە چرکەساتی دەروونێکی رووخاوەوە دێت، نە عەقل و نە روح و نە هەست لەو چرکەساتە دا حزوری تەندروستیان نییە، لە کەسێکەوە دێت کە ئەیەوێت کەرامەتی ئەوەکەی تر بشکێنێت کە خۆیشی لەو جرکەساتەدا نرخ بۆ کەرامەتی خۆی دانانێت، گەیلان عبداللە ئەم حاڵەتە ناشرینەی گوێزاوەتەوە بۆ هونەر، واتا گوێزانەوەی حاڵەتێکی ناشرین بۆ ناو کۆنتێکستی جوانی، دروستکردنی شێوەیەکی شارستانێتی بۆ ناوەرۆکێکی ئاژەڵی.

ئەو شێوە و تەکنیک و مەتریاڵەی کە هونەرمەند بۆ کارەکەی هەڵیبژاردوە ئەوانەن کە ئەم کارە ئەکەن بە هونەر و رۆلێکی گەوەرە ئەبینن بۆ گۆڕانی ئەو ناوەرۆکە سایکۆلۆژیە دژوارە بۆ بابەتێکی هونەری، بۆ مەتریاڵێک کە شایستەی بینین بێت وببێت بە بەشێک لە کولتور، بۆ ئەمەش گەیلان عبداللە کامیرایەک و باغەیەکی ئاوی باکارهێناوە، باغەکەی لەنێوانی کامیراکە و دەموچاوی خۆی داناوە بۆ ئەوەی لەکاتی تفکردنەکە تفەکان بەر کامیراکە نەکەون، پاشان کارەکەی بە دوو ڤیدیۆ نیشانداوە و بەرانبەر یەک لە قەد دوو دیواری کۆریدۆری ژێرزەمینەکە و لە ئاستی چاوی بینەر دایناوە بە جۆرێک کە کارەکە بەرچاوی گشت بینەرانی پیشانگاکە بکەوێت، لەبەر ئەوەی گشت بینەرەکان دەبوایە لەنێوانی هەردوو ڤیدیوکەوە تێپەرن بۆ بینینی کارەکان، بەواتایێکی دی گشت بینەرەکان بەناو فەزای کارەکەی گەیلان دا تێدەپەرین.
هەرچەندە هونەرمەند دوو ڤیدیۆی بەکار هێناوە و لە قەد دوو دیوار بەرانبەر بە یەك دایانی ناوە بەڵام کارە کە یەک یەکەیە ودەبێت وەک یەک کاری هونەری تاماشا بکرێت و ئەو فەزایەی نێوان هەردوو ڤیدیۆکە کە بینەرەکان تیایدا تێدەپەرن بۆشایی نییە بەڵکوو فەزایەکە، بەشێک لە کارە هونەرییەکە پێکدێنێت، بەمانایەکی دی بینەرەکان بەناو کارە هونەرییەکاندا تێدەپەرن، بەمەیش هونەرمەند هیچ فورسەتێکی بۆ بینەر نەهێشتووەتەوە کە لە بینین و درککردن بەتفکردنەکە رابکەن، ئیدی ئەکەوێتە سەر بینەرەکە خۆی کە چۆن ئەیبینێت و چۆن درکی پێدەکات و ماوەی چەند دەقە یان چرکە سات دەتوانێت بەرانبەر کارەکە خۆی راگرێت.

هێنانە ناوەوەی بینەر بۆ ناو فەزای کارە هونەرییەکە دیاردەیەکی هونەری هاوچەرخە پەیوەندی بە خودی کارە هونەرییەکەوە هەیە وەکوو کارێکی ئەنستلەیشن کە بە ئەڵمانی پێی دەگوترێت ئەنتەندیرتن بتراختەر Intendierten Betrachter واتا هێنانە ناوەوەی بینەر بۆ ناو کارە هونەرییەکە، کە جگە لە لای گەیلان عبداللە لەم پێشانگایەدا لە کارەکانی (ئاڤان سدیق و رەنج حیکمەت)یشدا دەبینرێت.

بینینیش حاڵەتێکە پەیوەندی بە تاکە کەسەوە هەیە، واتا هەرکەس بەچاوی خۆی دەبینێت بەڵام کارەکەی گەیلان عبداللە سیفەتێکی (استفزازی) لەخۆ دەگرێت و ئەشێت بینەر پێی تورەبێت یان مچورکە بە لەشیدا بێت و توشی حاڵەتێکی قێزەونی بکات هەر وەکوو هونەرمەند خؤی ئەم کارەی بە قێزەوند وەسف دەکات و دەڵێت: هێندە تفمکرد تاکو خۆم ئیڵەنجم هاتەوە.

ئیدی هەندێک لە بینەرەکان جورئەتیان هەیە بەرانبەر کارەکە بوەستن، بەواتایەکی دی لەناو کارە هونەرییەکەدا بمێننەوە و سەیری بکەن، هەستی پێبکەن بێ ئەوەی پێی تێکبچن کە ئەمە حاڵەتێکی ئاسان نییە و هەندێ لەبینەریش بەپەلە لەبەینی ڤیدیۆکانەوە تێدەپەرن و تەحەمولی بینینی ناکەن ولەوانەیشە پێی تێکچن. بەڵام لە گشت حاڵەتەکاندا لای هونەرمەند گرنگە ئەم کارەی وەکوو هونەر ببینرێت و ئەڵێت: ئەوەی وەکوو هونەر سەیری نەکات بانەیبینێت. لێرەدا ئەوە ڕووندەبێتەوە کە ئەو تف لە بینەر ناکات.

(نەفرەت) ـ کاری گەیلان عبدللە
(نەفرەت) ـ کاری گەیلان عبدللە
(نەفرەت) ـ کاری گەیلان عبدللە

پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری پێشانگا: ئاڤان سدیق.
هونەرمەندەکان : ئە حمەد نەبەز. ئاڤان سدیق. بەهجەت عومەر. گەیلان عەبدوللە .
رەنج حیکمەت. زاموئا داراغا.
جێگای پێشانگا : ژێرزەمینی ئەمنە سوورەکە/سلیمانی.
کاتەکەی: لە 19وە تاکوو 25ی مانگی 11ی 2016.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.